"an independent online kurdish website

کاک حەمەرەشی سیاقۆڵی(حەمەدی کاک برایمی کاک پیرۆتی کاکەمەری  … کادەروێشی(ahmad-kakememi

کۆچی دوایی ٢٢ -١٢-  ١٣٧٤
ڕێزداری بەڕێزم:
٢٠ ساڵە ئەستێرەی تەمەنت کوژاوەتەوە و تەونی هیوا و ئاواتە بەرزەکانت هەڵوەشاوەتەوە.
– ٢٠ ساڵە دیار و دیوەخانەت بێ تۆ شێواوە و خوان و سفرەت ڕەنگ و بۆی گۆڕاوە.
– ٢٠ بەهار و هاوین و پایز و زستانە ماڵی خۆت لە ژیان کردوە و ماڵاوایی لە ژیاننامەی تەژی لە سەربەرزیی و شانازی و پڕ هیممەتی، ماڵاوایی و زیز لە ژیانی پڕ نەهامەتی و سەراو لە بەش میحنەتی… بەڵام بزانە هەموو بەهاران هەموو ساڵان هەتا هەتایە گوڵە خاشخاشەکانی (خڕێ گوڵان،  مامخ،  خڕێ بناوان،  کانی مام سەیدە…) و گۆڵەمێلاقە و شلێرەکانی (زینداندەرێ، گوڵبەهارە، خڕێ گاجووتان…) شوێنی حاشارگەی خەباتکارانی دێمۆکرات( شەهیدان دوکتور قاسملوو، عەزیز یۆسفی، سولەیمان موعینی، ئەسعەدی خودایار، سەدیقی ئەنجیری، یۆسف ریزوانی…) بە یادتان دەپشکوون و هەر دەپشکوون. زێلەمۆی ئاگردانی تەزی پاییزی حاشارگەکان دەبنەوە پشکۆ و دەگەشێنەوە. هەموو شەوانی هاوینان ئەستێرەی گەلاوێژ لە (خانەقا) لە سەر گڵکۆت هەڵدێ و لە دووندی (دووبەردووک)ی ماڵاوایی لە دیوەخانت دەکا بەرەو زیارەتی گۆڕستانی پێرلاشێز دەخزێ. هەموو پاییزان  چنارەکانی سەرچۆمی بۆ شیوەنی تۆ و بە یادی تۆ و ساڵانی سییەکان(١٣٤٠- ١٣٣٢) سەر و پرچی خۆیان دەڕننەوە و گەڵاڕێزان دەکەن، لەجێی ئەو چنارانەی کە (لیمۆنادی) بە دەهۆ بڕینی، خەڵفی تازە ڕواونەوە و دەڕوێنەوە. تاقە دار بەڕوەکەی سەرچاکیش کە بیرەوەی هەزارساڵەی نەتەوەییمانی لە سینگ دایە و سێبەری شوێنی کایەی مناڵیی من و تۆ و حەسانەوەی سەدان ساڵەی باب و باپیران بوو، هەر وا  لە جێیە و لەسەر پێیە. هەر وا لە جووتە مەمکەکانی ئەسرینی ڕەشی حەسڕەت  بۆ بێ بەختی گەلەکەمان دەڕێژێ. بێ تۆ سایەی مێرەبانی دەخاتە سەر گڵکۆی باپیرم و برا شەهیدەکەم. زریشەکانی سەرچاکیش هەر وا زریشکی شیرین دەگرن و سریشکی خوێنین دەڕێژن. هەموو زستانان هەورەکان لە ئاسۆی “کونەچالوو” و دوندی”ئیساکوێر” دێنە سڵاوی دیارت و چەندین نوا بەفری سپی دەخەنە سەر بان و بەر هەیوانی مەکۆی ژیانت و بێڵماڵ دەکرێن…  کاکە گیان هەر وەک جاری جاران ژیان و بێدادی بە قەوامن و بەردەوامن…
داد چەندە چەپڕەوە چەرخی ئەم گەردوونە خێل و خوارە، خەڵکی سەربازێکی گومناوە، هی کورد سەردارە، ئەویش نە یەک و دوان بە سەدان و بە هەزارە.
کاکی گەورە و شیرینم! خۆ منیش هەر چەند لە سەر پەیمان  و بڵێن سوورم، بەڵام هەر وا دوورم لە  مەزرا و هەواری دیارم، لە دیداری ئازیزان و گوند و هۆبە و شارم…  من هەرگیز ناخوازم لە وان زیز بم، تۆ بڵێی ئەوانیش لێم زیز نەبن؟ پێت وایە هەستانەوەیەک، گەڕانەوەیەک، یەکگرتنەوەیەک، زێد دیتنەوەیەک…؟ مزگێنیم  لێتان دەوێ، هەتا لە”پێرلاشێز”ەوە مزگێنی سەرکەوتن و سەربەرزی گەل و وڵاتت بۆ بێنم و پڕ بە دڵ بتدوێنم… سوور دەزانم ڕوحی پاکت هەموو ڕۆژێ دەگەڵ سروەی بەیانی، گرمەی شەماڵ و سۆزی زریان و هاوسەفەر دەگەڵ هاتنەوە پەڕەسلێرکەکان دێتەوە سەردانی یار و دیار…. تۆ هەمیشە بۆم دیاری، هەر دیاری…
کاکی خۆم هەموو شەوان دەگەڵ خەونەکانم تێکەڵی، بەڵام خەونەکانم گەلێک تێکەڵ پێکەڵن، بەند پساوی بێ تەقەڵن، ئاڵۆزن،  بزۆزن، ناخۆش و بەسۆزن…  داخەکەم ڕێگا و بانەکان پڕ تەپ و تۆزن…
کاک برایمی کاک پیرۆتی یەکێک لە گەورە پیاوانی ناوچەی مەهاباد و لە نزیکان و ناسیاوانی گەورەپیاوانی شاری مەهاباد، بە تایبەتی جەنابی پێشەوا بووە. بەر لە پێکهاتنی دێمۆکراتیش کە پێشەوا سەرۆک مەحکەمە و فەرهەنگ(پەروەردە)ی شاری مەهاباد بووە. پێوەندی گەرمی دەگەڵ کاک برایم بووە. بۆ مەسەلەی ئەمنییەتی و مەسڵەت و موشکیلاتی شار و دێ پرسی پێکراوە و پرسدار بووە.
کاک برایم بە دوای چەک کردنی شارەبانی مەهاباد(١٣٢٤) یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە غەیابی پێشەوا(پێشەوا لە تاران بوو)دا  ئەمنییەتی  شار بە دەستەوە دەگرێت و دەبێتە پارێزەری ماڵ و نامووسی خەڵکی شاری مەهاباد.
بۆ نموونە: مانگەکانی سەرەتای دامەزرانی کۆماری کوردستان کەسێک بە ناوی(محەمەد- ف) کە دەکەوێتە بەر راوەدوونان پەنا بۆ ماڵی کاک برایم دەبات. چونکە دەزانێت کاک برایم لە لای پێشەوای کوردان چ ڕێزیکی گەورەی هەیە. لە لایەن کاربەدەستانی نیزامی کۆمارەوە دوو پێشمەرگە یادیان بەخێر(حەمەدی وسوەکوتکەی و حەمەدی مەلا مەولودی… ئەوەش چیرۆکێکی شیرینی هەیە. هەر دووکم دەناسین و لە کەسانی ناسراوی شاری مەهاباد بوون) دێنە سیاقۆڵ و داوای دەکەنەوە. کاک برایم لە جیاتی کابرا دەگەڵیان دەچێتە خزمەت پێشەوا. من خۆم لەبیرمە. کاک برایم گەلێک جار لە مەجلیسان دەیگێڕاوە.
– جەنابی پێشەوا ئەم کابرایە هەژارە. ئەرخەیانم  خزمەتکارە و نەیار نیە. ئەگەر بڕیار دەدەی کەسانی ناسراوی دژی کورد و کۆمار کە چەندێکیان کەسانی سەرۆک عاشیرەت و دەستڕۆیشتووی شارن و جەنابت و منیش دەزانین کێن سەزا بدرێن، فەرموو با دەست پێ بکەین و من خۆم پێشمەرگەی پێش سەنگەرێ دەبم و هەر ئێستا چەک هەڵدەگرم. بەڵام لام وایە لەم هەلە ناسکە دا بەخشینە کە  خزمەت بە سەقامگیری کۆمار دەکات.
– پێشەوا دەفەرموێ: بڕێارمان هەر بەخشینە. دامەزرانی کۆمار ئاشتەوای نەتەوەییە و بناخەی دامەزرانی ئیرادە و غیرەتی کەسایەتیی هەر کوردێکە. لەمڕۆ بە دواوە خەزمەت و خوای نەخواستە هەڵە و ناپاکی هەر کەس بە وردی لە بەر چاو دەگیرێت.
کابرا دواتر ماڵی چۆ تاران و هەتا مرد (ساڵەکانی٥٠ی کۆچی خۆری) خۆی ببوە چاوساخ و ماڵەکەی ببووە ماڵی خەڵکی هەژار و فەقیر کە بۆ کاری دوکتور و نەخۆشخانە و مولاقاتی کەس و کاری زیندانی کراویان… دەچوونە تاران. براکەیشی(ح) ناردە ئاڵمان و بوو بە یەکێک لە دوکتۆرە شارەزاکانی ئاڵمان. ئەوان تەنیا دووبرا و خوشکێک بوون. من خۆم ئەم پیاوەم دیتبوو، دواتر چەند جارێک هاتەوە سیاقۆڵ.
کاک برایم لە زۆربەی ئەم چاوپێکەتن و بەرپرسایەتی و هاتو چۆی  شار و سەفەرانەدا حەمەڕەشی لاوی دەگەڵ خۆی بردوە و لە لای بووە. کاکەحەمەد بە دەیان بیرەوەری لەم بارەوە بۆ گێراومەوە.
ئاکامی ئەم هاوسەفەرییە و دیدار و بیستنی باس و خواسەکانی مەجلیسان “حەمەڕەش“ێک ساز دەکات کە دەبێتە کوڕی ڕەشی ڕۆژە ڕەشیی ڕۆژگاری خۆی…
ئەمڕۆکە هەموو ئەو خەباتکارە ڕاستەقینانەی بەحەق و چ ئەو ناڕەسەن و لاپرەسەنانەی بوونەتە مێراتگر و میراتخۆری ڕێبەرانی دامەزڕێنەر و دامەزرێنەرەوەی دێمۆکرات، ژێرباری قەرزداری لە خۆبووردووی و فیداکاری گیانیی  و ماڵیی و خزمەتەکانی (حەمەڕەش)ن.
بە دوای ئاوابوونی خۆری کۆماری کوردستان و میعراجی ڕوحی پێشەوای کوردان بۆ عەرشی مەلەکووتی و هەر مانی ئەبەدی… بە ماوەی چەند ساڵێک کڵپەی ئاگری خەبات دادەمرکێ و تەمی خەم ئاسۆی هیوای کورد دەگرێ. زۆر ناکێشێت چەند لاوی خەباتکاری ئازا و بەکار و بێدار لە گوند و شار… ژیلەمۆی ئاگردانی خەبات دەگەشێنەوە و خەڵفی داری هیوای گەل دەڕوێننەوە و ئالای کۆمار دەشەکێننەوە.
لاوانی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو… ئەوەندەی من لە بیرمن  و دواییش لە گەڵ زۆربەیان ئاشنا بوومەوە: شاری سنە(ڕەحمەتوڵا شەریعەتی، ئەسعەد خودایاری…)، مەهاباد(عەزیز یۆسفی و سولەیمان موعینی، حەمەرەسوی میکائیلی، دوکتور عەلی مەولەوی، یۆسف ریزوانی، غەنی بلووریان، سەدیقەسووری خاتەمی…)، ورمێ(عەبدولڕەحمانی قاسملوو، عەبدوڵا عیزەت پوور…)، سەردەشت(حەمەی حاجی سەعیدی… ساڵێک پێش لە شاری ستۆکهۆڵم کۆچی دوای کرد. ئەم کاکە حەمە گەلێک بیرەوەری ئەو کاتی بۆ دەگێڕامەوە. یادی بەخێر و روحی شاد بێت)… ئەم نەمرانە بەشێک یا سەردارانی شاسواران و پێشرەوانی ڕیکخستنەوەی ڕیکخراوەکانی حیزبی و سەرهەڵدانەوەن، هەتا مان لە سەر ڕێبازی پڕ لە شانازی کوردایەتی و دێمۆکراتی مانەوە و هەر لەم پێناو و ئەم ڕێبازەش دا سەریان نایەوە و شەهید کران. جگە لە مامە “غەنی بلووریان” کە بە “توودە”ی لە زیندان بەر بوو و هەر بە توودەییش ماڵاوایی کرد. ئێستا “حیزبی توودە” ی ئێران لەسەر مەسەلەی کورد ڕا و بۆچوون و کردەوەی چ بووە و چیە با مێژوو دادوەری بکات و لەم یادە بەدەرە. لەم تێکۆشەرانە تەنیا کاک “عەبدوڵا عیزەت پوور” ماوە و ئێستا لە ئاڵمان دەژیت. ڕەنگە لەم بارەوە کەسی شارەزای ئەو سەردەمە و ئەو مەڵبەندە  تەنیا ڕیزدار کاک “جەلیل گادانی”بێ. هیوادارم ئەم کورتە نووسراوەیە بخوێنێتەوە و گۆتەکانم پشت ڕاست کاتەوە و ئەگەر شتێکم لە بیر کردوە، یارمەتی من و خوێنەران بدات.
بنکەی خەبات و پەناگا و حەشارگەی ئەم ڕۆڵە خەباتکارانەش لە شاری مەهاباد ماڵی پێشەوا و لە  دەرەوە، گوندی “سیاقۆڵ“ی  نەمر حەمەڕەش و “کەڵەکۆکە و سەیداوا“ی شەهید سەید رەسوڵی بابی گەورە بوون.
لە ڕۆژگارێکی ئەنگوستەچاوی پڕ تەنگەتاوی حوکمی ژاندارمی دڵ و دین کوێری بێگانەی پڕ بەهانە، کە کەڵ بە موو بەند و فیل لە ترسان بێ دەنگ بوو، دێوەخان و ژوور و ئاغەڵ و بن بەرد و دۆڵی… “سیاقۆڵی حەمەڕەش” و خانەقا و بەر دەرگا و خەڵوەت و ئەشکەوتی کەڵەکۆکە و سەیداوای سەید رەسوڵی بابی گەورە ببوونە مەکۆی حەسانەوە و کۆشک و قەڵای پاراستن و سەنگەری بەرگری…. ئەم خەباتکارانە.
دابینی کردنی هەموو پێداویستیەکانی ژیان و پاراستنی  ئەم خەباتکارانە ببۆ ئەرکی ویژدانی  و نێشتمانی و نەتەوەیی “کاکە حەمەڕەش و کاک سەید ڕەسو “.  وەک ئێستام لەبیرە کاکە حەمەڕەش دوو کەسی(سمایل و برایمی عەوڵای هەباسی) دانابوو کە بە مانگ و ساڵان هەتا ئەم تێکۆشەرانە هاتبانە سیاقۆڵ لە کازیوەی گزینگی ئاڵی ڕەشگۆڕی بەیانی هەتا نەدیوی ئاڵوبۆڵی ئەنگۆرێ بە نۆرە لە تەپکی پشت ماڵان کێشکی ڕێگاو پەناگاکانیان بکێشن(ئەو زەمان ژاندارم بە شەو نەدەگەڕان و شەوکوێری ڕۆژ بوێر بوون).
یادی بەخێر برایم بە دوای کاک سولەیمانی موعینی دا چۆ گەرمێن و هەر نەگەڕاوە. پشتوانی ماڵی و  دڵسۆزی حەمەڕش هەر دۆستە گیانی گیانەییەکی کاک برایم (حاجی سمایلی کاکەمەمی)  یانی باپیری من بوو. وەک تاکە مەڕدار و جووتبەندە و دەستڕۆیشتوترین دانیشتووی ئاوایی گوندی سیاقۆڵ. (حاجی سمایڵ و حاجی برایمی کاکەمەمی“دانیشتووی گوندی برایمە کە لە چاو خەڵکی ئەو زەمان دوو بنەماڵەی هەرە دەوڵەمەندی ناوچە بوون. هەر ئەوەندەش یارمەتی ماڵیی ماڵی (بابی گەورە)یان دەدا و دۆست و ناسیاویكی بە بەقای (بابی گەورە باپیر و کاک سەید حەسەنی بابی کاک سەید ڕەسوو)یان دەدا. 
لە کۆرێکدا باسم کرد کە لە کۆ بوونەوەیەکی مەیدان بەڵەک(نزیک سیداوا و کەڵەکۆکە) کە دوایی ناوی نراوە کۆنگەری ٢ ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، لەم کوێستانە کاک سەید رەسوو شەکێک لە مێگەلی ماڵی حاجی برایمی بۆ کوشتوونەوە(کاک سەید رەسوو خۆی بۆی گێڕامەتەوە)، هێندێک لاپرەسەنی دەبەنگ هاتنە دەنگ و کەوتنە جەنگ و جەفەنگ!!!
 جار دەبوو گوندێکی دە دوازدەی ماڵی نەدار و هەژاری سیاقۆڵ دەبۆ خانەخوێ دەیان خەباتکار و پەڕیوەی نەدیار. بە شەوانە بە سەر ماڵاندا دابەش دەکران. پێخۆر و پێخەفیشیان
هەر بە هۆی حەمەڕەش لە ماڵی کاک برایمی باوکی حەمەڕەش و ماڵی حاجی سمایل دابین دەکرا.
لە ڕاستیدا سیاقۆڵ مەکۆی مەجلیسی میللی کوردستان(من ناوم ناوە) و دیوەخانی کاک برایم ژووری کۆبوونەوەی ئەم مەجلیسە بوو. ئای یادیان بە خێڕ!  ئەو مەجلیسانە چەندە بە شکۆ و بە ڕایەڵ و پۆ و بە ڕێسا و یاسا بوون. ئەو کات بۆ من ڕوواڵەت و سیما و قەڵافەت و کاکۆڵی ڕەشی شانەکراو، بۆنی خۆش، جل و بەرگی شیاو و جیا لە هی گوندی… تەنانەت قسەکردن و گوێ گرتن لە یەکتر و پێکەنییەکانیشیان لە هی گوندی جیا بوون،  پڕبوون لە هەرەکە و سەکەنە و شتی نەناس و جوان. کەسێکی بە بین  و بە دین مێژوو حیزبی دێمۆکرات بداتە بەر چاو و باس و لێ توێژینەوە بکات، بۆی دەردەکەوێت ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە لە یەکەم ڕۆژی دامەزرانییەوە هەر بەرەو نشست و نوقسان دابەزیوە. لە پێشەوا و کابینەی وەزیرانەوە دێتە مەجلیسی میللی سیاقۆڵ( من ناوم ناوە)، بە لای منەوە لە باری زانایی و هەست و بیر و بڕوا و تەبایی و ئاگاهی سیاسیی،  پێشەوای لێ دەرچێت ئەم مەجلیسە چی لە کابینەی وەزیرانی کۆمار کەمتر نەبوو. زۆربەیان لە ڕێگای خەباتی ڕزگاریخوازی و ڕێبازی پێشەوادا هەتا سەر چوون و گیانیان فیدا کرد و خوێنیان دا. بەڵام ئەم پەیمان و بەڵێنە تەنانەت لە کابینەشدا هەتا سەرنەبوو. بۆ وێنە وەزیری ڕاوێژکاری پێشەوا(ڕەحمان ئاغای موهتەدی) لە زانکۆی تاران وەک خەڵات، کورسیی نوێنەرایەتی بەشی مەزهەبی سووننەی ئێڕانی پێدرا. ئەوە لە کاتێکدایە نەک بە سەدان بە هەزاران مەلا و مەولەوی زاناتر و ئاگاتر لە ناوبراو لە  ئێڕاندا هەبوون. بۆ وێنە هەر لە مەهاباد و کابینەی وەزیرانی کۆماردا جەنابی مامۆستا مەلا”حوسێن مەجدی” وەزیری دادی کۆماری کوردستان. جەنابی حاجی”بابەشێخ” سەرۆک وەزیرانی کۆماری کوردستان زۆر لەم جەنابە زاناتر و پڕ کەسایەتی تر بوون…
 بە دوای بڵاوەی”مەجلیسی میللی سیاقۆڵ”دا هەرگیزاو هەرگیز ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکرات ئەوەندە تەبایی و یەکگرتوویی و هاومەڕامی و کەسایەتی زانا و شیاو و لێهاتووی بە خۆیەوە نەبینی و کەوتە سەرەلێژی دابڕان و ئینشعاب و تەنانەت هەڵدێران.
گوندی “سیاقۆڵ“ی دە دوازدە ماڵی کوێرە دێیەک لە دوورترین سنوری ئێران و هەزار و چەند سەت کیلۆمیتر دوورتر لە تاران ئەوەندە سیاسی و گرینگ بوو کە دەزگای ئەمنییەتی ڕژیمی شاهەنشاهی ڕاستەوخۆ لە تارانەوە چاوەدێر و چاوساخی نەهێنیکاری جێی متمانەی خۆی(لیمۆنادی) بنێرێتە ئەم گوندە. ئەم گوند هەر ئێستاش وەک گوندێکی سیاسی حەساوی بۆ دەکرێت. لە چاو زۆربەی گوندەکانی دەور و بەر بنکەی بەسیجی(چەکداری ڕژێم)ی لێ دامەزراوە و دە دوازدە نێرەزەڵام(بە قەرا ژمارەی بنەمالەکانی گوند)ی بێکار دەخۆن و دەخەون. سەیر ئەوەیە ساڵ (٢٠١٢)هەر لەم گوندە ڕەنگە هەر ئەوانەش ئاغەڵی حاجی عەوڵای کاکەمەمی(باوکم) بڕیبێ کە نیوە مەڕ و مالاتی باری ماشین دەکەن و بە تاڵانی دەبەن… هەزار هاوار بە پوڵێکی…
کابرایەک تارانی بە ناوی ئاغای”لیمۆنادی” پێاوێکی وێچوو و ڕەنگ پیاوانە و بە فەرهەنگ و بە روواڵەت ڕیزدار… بە بیانووی دارکڕینەوە دەنێرێتە سیاقۆڵ. وەک ئێستا بەرگ و قەڵافەتیم لەبیرە. بۆ یەکەم جار بەرگی ئەفەندی(عەجەم)ی دەهاتە گوند، هەم بۆم سەیر بوو و هەم جوان… لە سەر چۆمی “سیاقۆڵ”  بیست تا سی دارە چنار و پەڵکی لێبوو. “لیمۆنادی” هاتبوو چەند دانە لەم دارە چنارانەی کڕیبوو. دوو پیاویشی(سمایلی عەوڵای هەباسی و ڕەسوو شاڵی) بە کرێ گرتبوون. شەقە مشاری درێژی بۆ بڕینەوە هینابوون(ئێمە منداڵان دەچووین بڕرەی دارەکانمان بۆ جوانی دەهێناوە).  نزیک بە چەند مانگ هاتۆچۆی دەکرد و بە هەفتە لە ماڵی کاکەحەمەد دەماوە. ئەم دوو کرێکارە دەبوایە تەنیا ڕۆژێ هەشت نۆ کاتژمێر زیادتر کار نەکەن. ئەم چنارانە بە ئەندازەی باری گوێدرێژ شەقە و موورە موورە بکەن. جا بە پشتی گوێدرێژ ببرانە سەر جادەی مەهاباد سەردەشت(سیاقۆڵ جادەی ماشێنی نەبوو). لە وێرا بە ماشینی(ئارام)  ببرانە مەهاباد، لە مەهابادەوە بەڕێ کرابانە تەورێز. لە کارگەی شەمچە(شخارتە، کبریت)سازی تەوەکولی تەورێز بکرابانە شەمچە…  هاتبانەوە سیاقۆڵ!!!
لیمونادی هەموو جارێش بوخچەیەکی شەمچە دەگەڵ خۆی دەهێنا. ئەو دەم لە گوند شەمچە کەم بوو. لە بیرمە بەیانانە زۆر لە ژنانی گوند دەهاتن لە ماڵی ئێمە ئاگر(پۆلو)یان دەبرد.  (ئارام) کابرایەکی بە ڕەگەز ئەرمەنی بوو. ماشێنێکی باریی گازی رووسی هەبوو، لە نێوان مەهاباد و سەردەشت بە ڕوواڵەت باری کێشی دەکرد. بەڵام قەت لە ٢٠ تا ٣٠ کیلۆمیتر لە کاتژمێردا توندتری لێ نەدەخوڕی. خواردن و پێخەف  و کەتری و چادانی خۆی پێ بوو. هەر شەوە لە گوندێکی سەر جادە دەماوە و قەت گوندێکی پاشقول نەدەدا. لای خەڵکی خۆشەویست بوو، بە زمانێکی شیرینی کوردی و ئەرمەنی و فارسی تێکەڵ قسەی دەکرد. چوون  و هاتنەوە لانی کەمی ١٠ ڕۆژی دەگرت. ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەویش کاری چاوساخی میری کردبێت.
لەبیرمە گەلێک جار باپیرم(حاجی سمایل) بە حەمەڕەشی دەگوت: حەمەد گیان بابی بابم ئەو کابرایە هەرمەنییە(لیمۆنادی) چاوی خایەنن، ڕای مەگەرە. کاکەحەمەد دەێکوت: مەترسێ مام حاجی دەزانم چ کارەیە. نازانم بۆ باپیرم پێێ دەگوت هەرمەنی!
هەر ئێستا کوڕی ئەم ئاغای “لیمۆنادی” بە نای (عەلی لیمۆنادی) لە ئەمریکایە و تەلەفیزیۆنی(ئێرانیان تی ڤی) بە ڕێوە دەبات. بۆ ماڵی بابی خوا کەیفی خۆیەتی، بەڵام خوا ماڵی خۆی ئاوەدان بکا. لە پاریس  هەر لە دەفتەری حیزبی دێمۆکرات وتوێژێکی پڕ بەها و مێژوویی دەگەڵ دوکتور قاسملو کردوە و لە تەلەفیزیۆنەکان بڵاو کراوەتەوە. ڕەنگە خوێنەری بەڕێز تۆش بینیبێت.
…..
شوێنی تایبەتی شەهیدان دوکتور قاسملو، کاک عەزیز یۆسفی و کاک سولەیمان ماڵی حاجی سمایل بوو. ببۆ وێردی سەر زاری ئەم خەباتکارانە و دەگۆترا: ئەتۆ ئاشەوان، گاوان، گاجووت، ئەسپ و کەری کێی؟ ئەمەش لەوەڕا داکەوتبوو کە شەوێک کاک عەزیزی یۆسفی لە ماڵی حاجی سمایل نیگەران و خەفەتبار و خەموش دەبێ.  حاجی بەو پەڕی دڵپاکی و دڵسۆزییەوە دڵخۆشی دەداتەوە و پێی دەڵێت: کاکە میرزا گیان قەت خاییلەت بە دڵی دا نێیە و غەریبی نەکەی، ئێرە هەتا ئەتۆ پێن ڕازی بێ، هەمیشە ماڵی خۆتە، کاولاشی خۆتە، هۆڵ و تەوێلەی خۆتە… کاک عەزیزیش دەڵێ: مام حاجی گیان ئەمیش کوڕی تۆم، ئاشەوانی تۆم، گاجووتی تۆم،  کەر و بارگینی… تۆم. باشم لە بیرە کاک عەزیز کەوا و پاتۆڵێکی ڕێ ڕێی دەبەردا بوو و هەمیشە دەستەنوێنێکی گەورەیان بۆ دادەنا و پاڵی وێدەدا. چاو گەورە و سەر و سمـیڵێکی ڕەش و جوان. کەم قسە و بە ئەدەب.
یەکێک لە حاشارگەکانی شەوانەی کاک دوکتور قاسملو و کاک عەزیز یۆسفی تەویلەیەک بوو کە لە تەویلەی ماڵی حاجی ڕا بۆ دیوی تەویڵەی ماڵی (ڕەسوو بلوێر) کون کرا بوو. بۆ دەربازبوونیش لە پشتەوەڕا بودڕێکی بۆ لێدرابوو. بلوێر لێدانی ئەو ڕەسوو بلوێرە سەتی وەک بلوێر لێدانی “قالەمەڕەی” دەمزگێنی دا دەچوو. من  هەر دووکم دیبوون.
ڕەسوو بلوێر خزم و نێوەکاری حاجی بوو، هەژار و نەدار و خاوەنی چوار کوڕ و کچێک و تاقە مانگایەک. کوڕە چکۆلەکەی(مەلا مارف) لە ڕاپەڕینی ٥٧ دا لە پیرانشار شەهید کرا. شەوێک لە شەوان کە ئەم دوو تێکۆشەرە لەم تەویلە دەخەون مانگای ڕەسوو بلوێر مل بە پەتەوە مندار دەبێتەوە. لە بیرمە(ئەو سەردەمە من تەمەنم ٨، ٩، ١٠ ساڵانە دەبوو) تولحی یەیانی “پوور ئایش” خێزانی ڕەسوو بلوێر خۆشکی كاک ئەحمەدی چووکەڵی کەهەر خزمی نزیکی حاجی بوو، لە ماڵێ  وەژوور کەوت و دەستی کرد بە گریان: مامە حاجی گیان قوڕی کوێم وەسەری دەکەی، تاقە مانگالەکەن مندار بۆتەوە! حاجی دڵخۆشی داوە و گوتی: ڕۆڵە ئایش مەگری ئەوە (نێنگونەکی بەرکەڵ)م دایەی. دوایی نێنگونە خێری بۆیان داوە و بوو بە دایکی هەشت نۆ دە گوێلکان.  
جارێکی دیکەش کە کاک دوکتۆر و کاک عەزیز لە مەزرای حاجی(ئێمە) لە سەر کانی “خڕی بناوان” خۆیان حاشاردابوو. حاجی و کاردارەکانی لەخوارتر خەرێکی خەرمان بە با کردن بوون و من و پوورە(حەلیم)م نانمان بۆ بردبوون و هەر لەو کاتەشدا  هەر لەم مەزرایە لە تەنیشت شاخەسووران کە کچی گوندی”حاجی مامیان”  هاتبوونە گەسکان، سەید قادری سەید ئەحمەدی ئاشق و شەیدای سەوداسەر کە هەر خەڵکی سیاقۆڵ بوو، هەلەکە دەقۆزێتەوە و دەچێ داوا لە سەیزادەی دڵداری دەکا(خوشکی سەیدمستەفا) ڕەگەڵی کەوێ و ئەویش جوابی ناداتەوە و سەیدی ئەوینداری بێ قەرار بەزۆر پیلی دەگرێ و  ڕایدەکێشێ. هەر ئەوەندەمان زانی  بوو هاوار هاواری کچان، باپیرم ڕای کرد و کچەی لە دەست سەیدقادر دەرهێنا. کاک دوکتۆر و کاک عەزیزیش بە دەنگی زاق و زوقی ئەو کیژانەوە هاتن خوار. وەک ئێستا ئەم دەستەواژانەی خوارەوەم لەبیرە: ئەوە نا ئینسانیە، لە ژێر پێ نانی حقوقی بەشەڕە، وەحشیگەرییە، بەربەرییەتە… سەید وەک شێری برسی  نێچیری لە دەست دەرهاتوو خۆی لە دەست باپیرم دەرباز کرد و ڕوو بەم دوو تێکۆشەرە: سەگبابی سەرڕووتینە ئەنگۆ دەلێن چێ، هەر ئێستا دەچم حەجەمی پۆستی (گوێچکەدەرێ)تان دێنمەسەر. حەزی لێدەکەم، خۆشم دەوێ، خزمی خۆمە…
ئەو کات لە گوند بەم تێکۆشەرانە دەگۆترا(سەرڕووت) بە مانای کۆمۆنیست. بنکەی ژاندارمری ئەم ناوچەیە لە گوندی(گوێچکەدەرێ) بوو. هەتا شا ڕوخا هەر لە وێ بوو، ئێستا نازانم. ئەم سەید قادرە بە ڕێزە نموونەی مرۆڤێکی پاک و سادە و ساکار و زەحمەتکێشی تەواو عەیار بوو. ئێستا سێ برازای خۆشناوی لە وڵاتی سوێد دەژین(هـ… خ… ئە…)، یەکیان ئەم ڕۆژانە لە شاری ستۆکهۆڵم کەوتە بەر هێرشی تورکان.
_ مام حاجی تکایە ئەو شێتە ڕازی کە. ئەوان بەرەوە سەر کانی تێ هەڵبوونەوە. باپیریشم کچەکانی ناردنەوە و پێنج تمەنیشی دەگیرفانی سەیدی ڕاکرد و بەڕێی کردەوە. کارەکە گەورە بوو و هەر باپیرم مەسڵەتی بۆ کرد.
با بەشێک لەو زڕە دێمۆکراتە پێداکەوتووانەی مێراتگری بەربینگگری دێمۆکرات باش بزانن و گەلەکەشمان ئاگادار بێت کە دامەزڕینەرانی دێمۆکرات چۆن  و لە چ هەل و مەرجێک و بە چ بەهایەکی ئەم حیزبەیان بونیات ناوەتەوە. شۆڕەلاوانی شۆڕەسواری مەیدانی خەباتی کوردایەتی بە دوور لە ماڵ و ژیان و کەس و کار و خۆشی شار، لە دەربەدەری و قوندەرکان بە نانەزگی، ڕۆژ لە ژێر ئەشکەوت و بن بەرد و پەسیوان و شەوان لە هۆڵ و تەوێلەی پڕ لە دووپشک و گەنە و قڕنوو…   ژیانیان بردۆتەسەر بۆ ئەوە بتوانن لە ناوچەدا بگەڕێن و ڕێکخراو دروست کەن و حیزبی دێمۆکرات بخەنە سەر ڕاستەڕێی کوردایەتی… و  لە ئەنجامیشدا خوێنی خۆیان پێشکێش کرد…
 لە ئەساس دا پێشەوا قازی دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتی ڕاگەیاندوە و دوکتور قاسملوو… لەسەر ئەساسێکی مۆدێرنی سەردەمیانە سازماندەهی کرد و ڕێکخراوی بۆ دامەزراند، وەک حیزبێکی سەربەخۆ لە بەند و بەستی “حیزبی تودەی ئێران”ی جیاکردەوە و بە جیهانی ناساند و خوێنی بۆ دا. دیارە مێژوو بیژوو و دەستکردە، قەت مێژوو ئەوە نیە کە نووسراوە، بەڵکو ئەویە کە بووە و لە بیر چۆتەوە. دەنا بەحەق و بە جێ پشتیوانی دامەزرێنەرانی دێمۆکرات دوای کۆمار کاکە “حەمەڕەش”ی سیاقۆڵ و کاک”سەید رەسوڵی بابی گەورە” بوون. ئەمیان بە گومناوی ماوتەوە و ئەویان بە نا حەق شەهیدکرا. تەنانەت هیچ بیرەوەری نووسێکی چاپلووسی، سەرخوسی دەم لوسی سفەت مالۆسیش باسیان ناکات.
با ئەو میراتگرانە بزانن جگە لە سەدان خزمەتی ماڵی و پاراستن… نێنگونێک و پێنج تمەن بە باپیرم قەرزدارن… 
حەمەڕەش خەباتکارێکی دیار و بەکار و بە دەماری نەتەوەی خۆی بوو. ئەو بە سەر و ماڵ و گیان و خوشک و برا هەتا بۆی کرا لەم ڕێبازەدا خزمەتی کرد و نزمەتی نەکرد، مایەی دانا و هانی نەدا و لە ڕێباز بازی  نەدا.  بە قەولێ هێمن: کەوتە بەر تیر و تانەی ناتەمیزان… لالووتی ئازیزان و زیندانی  و ئەشکەنجەدان… حەمەڕەش یەکەم جار ساڵی ١٣٣٨- ١٣٣٩ دەکەوێتە زیندانی شای ئێران  و لە “قزڵەقەڵا”ی تاران ئەشکەنجە دەدرێ. وەک یەکێک لە قارەمانترین و ئازاترین خۆڕاگرانی ژێر ئەشکەنجە ناو دەردەکات. جەستەی زامار و ڕەش و شین دەکرێت و خوێنی جەستەی بەر دەدرێت، بێ خەو و خواردن و ئازاری ڕوحی دەکرێت… بەڵام هەرگیزا و هەرگیز نەهێنیەک نادرکێنێت و بەڵێنێک ناشکێنێت…
ئەم خۆڕاگریی حەمەڕەش بە گوێی سپەهبود”تەیمووری بەختیار” سەرۆک و دامەزرێنەری ئەو کاتی ساواکی ئێران (١٣٣٩– ١٣٣٣ ک، خ) دەگات و بە بیانووی لێکۆڵینەوەی زیاتر داوای حەمەڕەش دەکات.
– من ئازایەتی و خۆڕاگریی و وەفاداریت سەبارەت بە و هاوفکرانت تەحسینت دەکەم، کاش سەرانی حیزبی تودەش وەک تۆ خۆڕاگر و وەفادار بان!  تۆ جێی باوەڕ و موتمانەی منیشی، ڕەنگە ڕۆژێک بێمە کوردستان و ببینە هاوڕەزم، دەبێ بەڵێنی هاوکاریم پێ بدەی…
کاکەحەمەد کوتی پێم کوت: بەڵێنی نهێنیکاری ئێستات پێ دەدەم، بەڵام ئێستا کە ملم لە ژێر داری ئیعدامەوە و بەندی مان  و نەمانم بە موویەکەوە بەندە، ناتوانم بەڵێنی سبەشت پێ بدەم. بەڵام کە چوومەوە کوردستان و جەنابیشت هاتی بەڵێنیەکە قایمتر دەکەم.
ئەو ساڵانەی(کۆتایی چلەکانی  کۆچی خۆری) کە تەیموور بەختیار هەڵاتە عێراق و دەیەویست لە دژی نیزامی حەمەڕەزا شا ڕاپەڕێ. بە هۆی(عەبدولڕەحمانی زەبیحی) کە پێوەندی نزیکی دەگەڵ(بەختیار) هەبوو، نامەیک بۆ حەمەڕەش دەنێرێت کە بچێتە عێراق و هاوکاری بکات. کاک حەمەد نامەکەی پێشان دام کە بە هۆی نەمر کاک سەید ڕەسوولی ورچان کە بۆ دابین کردنی ژیانی بنەماڵەی هاتۆچۆی گەرمێنی دەکرد هاتبوو.  حەمەڕەش بۆی گێڕامەوە: چونکە بڕوام بە هەموو کەس نیە هەر بە قسە وەڵامم داوتەوە: من تەجرەبە و ئەزمونی خەباتم لە دژی دەستەڵاتی ئێران لە وڵاتی عێراق تاقی کردۆتەوە و بڕوام بە خەباتی دەرەوەی وڵات نیە، بەڵام هەر کاتێک هاتیەوە کوردستانی ئێران و دە تفەنگت دەگەڵ بوون، بەڵێن بێت منیش ١٠٠ تفەنگ بەدەستی ئازمودەت ڕەگەڵ خەم. تەیمووری بەختیار   بە هۆی جاسووسانی حکومەتی ئیران لە ١٦ مانگی گەلاوێژی ١٣٤٩ لە سنوورەکانی ئێران عێراق تێرۆرکرا.  ئەم تێرۆڕانەش پیشەی بە ڕیشەی هەمیشەی حاکمانی ئێران بوون  و هەن و دەبن.
حەمەڕەش لە دوای ئازاد بوون لە زیندان، ماڵاوایی لە کەس و کاری کرد و بڕیاری دا دەگەڵ خەباتکارانی دەرەوە کە پەڕیوەی گەرمێن و لە ناوچەی شارباژێر دەژیان تێکەڵ بێت. ئەم فەزای ناکۆکی و دڕدۆنگیی یاران، دەگەڵ سروشتی پاک و بێگەرد و خەباتکارانەی حەمەڕەش ناتەبا و بێگانە و نەگونجە… بە دوای تێرۆری شەهیدی نەمر کاک (سەدیقی ئەنجیری، گوڵانی ١٩٦٦)دا، حەمەڕەش بە هۆی چەند پێوەندیەکی گرینگی(ئەحمەد تۆفیق) دەگەڵ….  مولاقاتەکانی سەرچۆمی قاوەخانەی “حاجی مامیان” و “کەندالەی سووری سڵۆک” لە گیان و مانی وەنیگەرانی دەکەوێت و ئاگادار دەکرێت کە ڕەنگە ئەوجار نۆرە بگاتێ. دەگەڕێتەوە کوردستانی ئێران.  ڕەنگە لەم بارەوە لە داهاتوودا ڕوون کردنەوە و ئاگاداری زیادتر بڵاو کەمەوە. حەمەڕەش چەندین جاری دیکەش بە ماوەی کورت و درێژ خایەن زیندانی دەکراێتەوە. دیارە ئەو کاتانەی کە لە دەرەوەی زێندانیش بوو، ژیانی هەر زیندان بوو و هەر دەم لە ژێر چاوەدێری دابوو. بە کات و سات و وەخت و بێ وەخت ڕاکێشی دەزگا ئەمنییەیەتەکان دەکرا…  
ئامریکاییەکان هەتا ئێستا سێ جار تیری خەلاسیان لە خەبات و جوولانەوەی کورد داوە:
١ – کۆماری کوردستان بە دەخالەتی ڕاستەوخۆی ئامریکا وەک هەڕەشە لە بوونی سۆڤیەت لە ئێران و پشتیوانی ڕاستەخۆ لە نیزامی پاشایەتی ئێران… دەڕوخێت…
٢ – لە دەورانێکی لەبار و زێڕین و گونجاو بۆ  خەباتی چەکداری باو و پەسەندی دونیای ئەو سەردەمی جیهانی سێهەم،  لە کوردستانی ئێرانیش بە هۆی مانی تین و گوڕی کۆمار لە نیهاد و ویژدانی مرۆڤی کورد… کوردستان بریندارە و کۆمار ڕوخاوە، پێشەوا لە دار دراوە. لە سەرانسەری ئێرانیش ئەو هەل  و مەرجە زێڕینە هەیە. کودەتای شا بە سەر (دوکتور موسەدیق)دا زاڵ بووە، لە سەرانسەری ئێران خەڵک بۆ ڕوخانی نیزامی شاهەنشاهی ئامادەی خەباتن. حیزبی توودەی ئێران وەک بە نفوزترین حیزبی سەرانسەی ئێران و بە هێزترین حیزبی چەپی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵوەشاوە ڕاگەیەنراوە و سەرانی زیندانی کراون. سۆڤیەت بە هۆی دۆڕانی مەعادەلە سیاسی و ئابوورییەکانی لە ئێران لە شا تووڕەیە. شای لاو و کەم تەجرەبە… سەقام نەگرتوویی دەزگای سەربازی و جاسووسی نیزامی شاهەنشاهی…. فەزای لەباری ناوچە. ڕووخانی نیزامی مەلیکی لە عێراق و هاتنە سەرکاری  عەبدولکەریم قاسم  و دامەزرانی نیزامی کۆماری…
لە هەڵ و مەرجێکی ئاوا لەبار بۆ خەباتی چەکداری و ڕاپەڕینی سەرانسەری… ئامریکا نایهەوێ لەم وەزعەدا کوردستان بشێوێت و تەشەنای سەرانسەری ئێران بکات… ناکۆکی دەخاتە نێو ڕیزەکانی ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکرات و بە تەوتەئە دوکتور قاسملو وەک کەسێکی چەپ و خەباتکارێکی بە کردەوە و دژ بە نیزامی شاهەنشاهی و غەرب وەلا دەنرێت…  تەواوییەتی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکرات لە چوارچێوەی دوو ژووری سێ لە چواردا بە ناوی کۆمۆن لە سلێمانی قەتیس دەمێنێتەوە.
٣ – سێهەم پشتیوانی لە شای ئێران  و لە پەیمانی شوومی (ئەلجەزایر) کە شۆڕشی کوردستان بوو بە قوربانی…
*- ئێستاش حکومەتی ئامریکا پشتیوانێکی بە بڕوا و ڕاستەقینەی نەتەوەی کورد نیە و دڵی هەر بۆ نیزامی حاکمیەتی ئێران و سەردەستەییی تورک و عارەبان لێ دەدات… کوردەش خەوە کەروێشکە و خەونووچکە دەیباتەوە و تەنانەت ئەزموونی دوێنێشی لە بیر دەباتەوە…
…..


حەمەڕەش ئینسانێکی مێرەبان و  ئینساندۆستە
 
حەمەڕەش بۆ من لە ڕیز  عیسا پێغەمبەردا بوو. لە گوندی سیاقۆڵ حەوڵا شێتێک هەبوو کوڕی کویخا عەلی بێ دایک و باب. هەم کەم ئەندامی جیسمی بوو، هەم کەم ئەندامی فیکری. توانای پێڵاو دەپێ کردن و پاتۆڵ هەڵکێشان و پێچ بەستتنی نەبوو. تەنیا کڵاوێکی بە سەریەبوو و کراسێکی درێژ دەبەر. زمانی نەبوو. چڵکن و لێکاوی و میزی بەخۆیدا دەکرد. هەمیشە پەنجەکانی لاقی بریندار بوون. خەڵک بێزیان لێ دەکرد. حەمەڕەش فریشتەی نەجاتی بوو، هەتا چوو با شار کراسی تازەی بۆ دەکڕی. جا ئاویان بۆ گەرم دەکرد و بە دەستی خۆی جوان و پاک و خاوێن دەیشۆرد و سەر و بەر و ڕیش و سمێلی دەتاشین. هەتا کاکە حەمەد لە ماڵ با، حەولا لە گۆشەی وەتاغی حەمەڕەش تێر و حەساوە بوو.  وەک کاکە حەمەد خواردنی بۆ دەهات. حەوڵا  جگە لە واژەی: نان، ئاو، دێشێ، وامەکە، ئننا، بڤەیە. واژەی”حەمە چاومە” شی دەزانی، دەستی بۆ لە سەر چاو و لە سەر سەر دادەنا. کە حەمەڕەش لە ماڵ نەبا، ڕۆژی ڕەشیی حەوڵا و بن دیوار نشین و بەرەڵا و برسی بوو.   دەک یادت بەخێر مرۆڤی پاکزادی پاکسرشتی بەهەشتی… لە سەرەتای پەنجاکاندا ماڵی کاک خدری برای حەوڵا باری کردە “سیاقۆڵی سەرێ”. بۆیان گێڕامەوە حەوڵا خۆی دەخۆڵ وەرداوە و  گریاوە و نەویستوە”حەمەچاومە” بە جێ بێڵێ.
 
حەمەڕەش ماف خواز و ماف دەر و سوونەت شکێنە.
 
لە نیهادی سروشتی زاتی حەمەڕەش دا مافی  ژن و پیاو بە تەراوزوی میزانی مەلەکوتی پێوانە دەکرا و پێوانەی میزانی لە میزانی مانگ و ڕۆژ میزانتر بوو.
١- لە داب و کولتوری عاشیرەتی هۆزی حەمەڕەش دا نە کچ بە بێگانە دەدرا و نە کچی بێگانە دەهێنرا. وەک باسکرا لە ساڵانی دوای ١٣٣٢ دا کە خەباتکاران کەوتنە بەر هێرشی ڕاوەدوونان، ماڵ و دێوان و هەر ماڵێک و کادێن و هۆڵێکی گوندی سیاقۆڵێ حەمەڕەش ببوە شوێن پەناگا و حاشارگەی خەباتکارانی وەفادار بە کۆماری کوردستان و ڕێبازی پێشەوا قازی موحەمەد.  لەم هاتوچۆ و مانەوەدا شەهید “سولەیمان موعینی و یای مریەم“ی خوشکی حەمەڕەش دڵیان یەک دەگرێ و شکۆفەی ئەوینی پاکی یەزدانیان دەپشکوێ. سەرەڕای ناڕازی بوونی  بنەماڵە و هەموو تایفە… کاکە حەمەڕەش دەستی ئەم دوو لاوە پاک و نازدار و نازەنینە دەخاتە ناو دەستی یەک و بە ئاواتی دڵیان دەگەیەنێت و لە هەموو بارێکەوە دەبێتە پشت و پەنایان. هەر چەند ئەم هاوسەرگیرییە لە لایەک بوو بە هۆی گەورەترین شانازی، لە لایەکی دیکەوە بنەمـاڵەی حەمەڕەش بە تایبەتی کاحەمەد و کاک قادری برا چوکەی کەوتەنە ژیر چاودێری و بەر بەهانەی ساواک و ژاندارمی شاهەنشاهی و قەت لە چەنگیان نەحەسانەوە.  
٢ –  کاکە حەمەد ساڵی  ١٩٥١   دەگەڵ یای “حەلیم” ناسکە کێژی پاک و خاوێن و سەلیم  کە هەر خزمی نزیکی خۆیەتی هاوسەرگیری دەکات. بە داخەوە یای “حەلیم” منداڵی نەدەبوو. سەرەڕای ئەوە لەم هۆزەدا دوو و سێ… ژنەیی باو و نیشانەی پیاوەتی و ئازایەتی و هەشت نۆ دە منداڵیی شانازی و دەوڵەمەندی بوو، بەڵام کاکە حەمەد ئەم کێوە نەبوو  بەم لاتاوانە سەری تەم بگرێ و گوێ بداتە ئەوان تەوس  و توانجانە… ئەو بە وەفا، بە بەقا، خۆڕاگر، مافناس و مافپارێزە و ئەوپەڕی حورمەت و ڕێزی پۆ پەیمانبەستنی هاوژیانی خۆی هەبوو… کاکە حەمەد و یای حەلیم نموونەی دوو هاوسەری تەبا و ڕەوا و شیاو و شاوی ناوچە و هۆز بوون. ئەوەش سەرەڕای ئەوەیە کە بە هۆی خەباتی سیاسی و پەڕیوە بوون و زیندانی کرانی کاکە حەمەد، قەت یای “حەلیم” خۆشیی دڵخوازی خۆی لە ژیان نەبینی. یای “حەلیم”  بە ئاوات  و عیشقی منداڵبوونەوە چەندین منداڵی دیکەی بە خێو کردن(بایزی کا عەلی، شەهید بێژەنی کاک قادری…). هەرگیز لە حەمەڕەشم نەبیست باسی ژن هێنان بکات، تەنانەت لە لای خواش خۆسکەی زارۆکدار بوون بخوازێ. بەڵام یای حەلیم جار و بار بە حەسرەتەوە پێی دەکوتم: میرزا ئەحمەد بۆ ژنێکی بۆ حەمەدی ناهێنی.
ئەم سەبرە پاکتر و پیرۆزتر لە سەبری ئەیوب، نزیک بە ٣٠… ساڵی کێشا. ڕۆژێک سێ کەسی دانیشتبووین کە یای حەلیم بە حەسرەت  و تاسە و ئاواتەوە  داوای لە کاکە حەمەد کرد ژنێ بێنێ و لە منی خواست ژنی بۆ ببینمەوە. کاکە حەمەد کوتی: حەلیم ئەبەدەن شتی وا نابێ و قەتیش نە ژن هێنانم بە خەیاڵدا هاتوە و نە بیرم لێ کردۆتەوە و نە بیری لێ دەکەمەوە.
یادت بە خێر یای “حەلیم”  گەورە شێرەژن، گریا و کوتی: حەمەد هەمێشە بە ئاوات بووم منداڵی خۆمان لە باوەش گرم و بە سینگمەوە بیکوشم و بۆنی تۆی لێ بێت. تەنیا ئاواتی ژیانم ئەوەیە کە منداڵەکی ڕاستەقینەی تۆ لە باوەش گرم و گەورەی بکەم. ئەگەر منت خۆش دەوێ و دەتەوێ  خۆسکە و بریای دڵم وەدی بێن، دەبێ قسەم نەشکێنی و ژنێ بێنی.  هەم من بە ئاوات دەگەم و هەم  تۆش وەجاخ کوێر نەبێت. هەر لەم ڕۆژەدا بڕیار درا کە کاکە حەمەد ژن بێنێت. سەرەڕای برایان و چەندین برازا و دەیان و سەدان ئامۆزا و بنامۆزا و خوارزا و خاڵۆزا… هەر منیش وەک یەکەم خوازبێنی لە گەڵ دۆستی گیانی گیانیم کاک “مەحمود چاوشین” یادی بەخێر کە چاپەزی کاکە حەمەد بوو، چووم بۆ گۆندی “گلۆڵانی خوارێ” لە ناوچەی گەورکایەتی بۆکان و خوازبێنی “نوسرەت خانم”ی خانم . ئەو جاریش  هاوسەرگیریەکی پاک  و پیرۆز و بەرهەمدار و خاوەنی کوڕ  و کچی لێهاتوو، کە دەگۆترێت ڕاست شیاوی میراتگری حەمەڕەشن. بە داخەوە من لە دیداریان بێ بەشم.
من وێڕای ئەوە نە لە هۆزی کاکە “حەمەد”م و نە خزم، بە جیاوزی تەمەنمان زیادتر لە ١٥ ساڵ بوو، بەڵام نزیکایەتی من لە کاکە حەمەد لە هەموو کەس و کاریان نزیکتر بوو. لە ڕاستی دا من خۆم بە قوتابی  و پەروەردەی مەکتەبی کاکە حەمەد دەزانم.
 
حەمەڕەش نوێخواز و زانستدۆستە.
 
 حەمەڕەش نوێخوازە و دژی فەرهەنگی کۆنەپەرستییە و خۆشی لە خوتبە و عوجرە نەدەهات. خوێندن بە تاقە ڕێگای ڕزگاری لەم دواکەوتووییە دەزانێت.
بە هەوڵ و هیممەتی  حەمەڕەش بە تەزمین و بەرعۆدەبوونی دابین کردنی هەموو ئیمکاناتی ژیان  و شوێنی مامۆستا و مەدرەسە… سیاقۆڵی دە دوازدە خانەواری ڕەش و ڕووت یەکێک لەم سێ چوار گوندانەی ناوچەیە کە مەدرەسەی میری لێ دەکرێتەوە.  خۆم یەکەم قوتابی ئەم مەدرەسە و بەرهەمی ئەم خەباتەی کاکە حەمەدم.  یادی بەخێر یەکەم مامۆستا لاوێکی باڵابەرزی خوێن شێرینی کورددۆستی نیشتمانخۆشەویستی مەهابادی بە ناوی”عەبدوڵای حیسامی” بوو. مەدرەسەکەش لا هۆڵێکی ماڵی حاجی سمایل بوو و بە دیواری چیغی پەرژین کرابوو. مامۆستا لە دیوەخانی کاک برایم هەمیشە لە سەرویی کاکە حەمەد دادەنێشت و بەر لە کاکە حەمەد مەجوعمەی لە پێش دادەنرا و جێی بۆ ڕادەخرا… هەر یادیان بە خێر، هەر یادیان بەخێر. ..
حەمەڕەش خۆڕاگرە!
لە دوای زیندانیش هەر چەند بە نهێنی مەحرووم لە هەموو یارمەتییەکی میری وەک قەرزی بانکی و ئیعتباری بازرگانی و کشت و کاڵی کرا بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوە دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکومەت گەلێکیان حەول دەدا لە خۆشەویستی و ڕێزی حەمەڕەش کەم کەنەوە و دەکار و باری ناڕەسمی میری وەردەن. باشم لە بیرە کە کەسێک بە ناوی ئاغای”والی” معاونی فەرمانداری مەهاباد چەند جار داوای لە کاکە حەمەد کرد کە لە سەر ئیزن و پێخۆشبوونی دەزگا ئەمنیەتییەکانی ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی شار، یا شارەداری مەهاباد. کاکە حەمەد قبوڵی نەکرد. جارێک پێکەوە بووین بە ئاغای’والی” کوت: تۆ خۆت باش دەزانێ من دژی ئەم نیزامەم و نامهەوێ نانی دەستی ئەم نیزامە بخۆم. “والی” کوتی منیش باش ئەوە دەزانم بەڵام مەئمورم و مەعزور. ئاغای “والی” فارس زمان و وا بزانم خەڵکی تاران بوو. دەگەل کیژێکی هەژاری بێ باوکی ناسکۆلەی  چاوشینی نەشمیلانەی(هاجەر) مەهابادی هاوسەرگیری کردبوو و جیا ببوونەوە و کەمیک تەعسوبی کوردایەتی هەبوو،  بۆ وە دەشا پیاوێکی وەک کاکە حەمەد نەهێنی دڵی خۆی لا بدرکێنێت.
شۆڕای شۆرشی شاری مەهاباد.
کاکە حەمەد  و من هەر دووکمان وەک ئەندامی کارا و بە وەج و ئیعتبار و باوەڕپێکراوی بۆ شۆرای دووهەمی شاری مەهاباد(شۆرای ئیقلابی ئیسلامی شارستانی مەهاباد) هەڵبژێراین. ئەم شۆرایە گەلێک کاری سەرکەوتوانەی ئەنجام دان. بە گرتنەوەی شاری مەهاباد و هاتنی جەللاد خاڵخاڵی شۆرا بڵاوەی کرد و بەشی زۆریان شاریان بە جێ هێشت و بوون بە ئەندامی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران. شۆرای یەکەم بە سەرپەرستی مامۆستا شێخ عیزەدین کە بێ هەڵبژاردن و کتوپڕ پێکهاتبوو و بە هۆی حەیف و مەیلی چەک و چۆڵ و ئەموالی پادگان، هەنگی ژاندارمەری، گرووهانی ژاندامێری… مەهاباد لە لایەن خەڵکی شارەوە بێ ئیعتبار ڕاگەیندرا. خەڵکێکی زۆری شار لە مزگەوتی بازار کۆبوونەوە و شۆرای دووهەمیان هەڵبژارد. شەهید و خەباتکاری ئیماندار مامۆستا مەلا ڕەحیم عەباسی وەک بەرپرسی شۆڕا و تێکۆشەر کاک “برایمی شیرزاد” وەک معاون، کار  و ئەرکی شۆرایان بە ڕێوەدەبرد. کاکە حەمەد و من وەک بەرپرسی کۆمەڵایەتی شار  و گوند ئەرکدار بووین. کەسی دیکەی ئەندامی ئەم شۆڕایە کە هەر لەم وڵاتی سوێدە دەژی  خوشکە(سەکین جەوانمەرد) بوو کە وەک نوێنەری کارمەند و کارگێڕانی نەخۆشخانەکانی مەهاباد هەڵبژێرابوو. ئەگەر کاتم دەست کەوت و نەکەوتم بە کاتی خۆی کورتەیەک لەسەر ئەم شۆڕایە دەنووسم.
حەمەڕەش مەزنەپیاوی موکوریان خۆشەویست و جێی ڕیزی خەڵکی شاری مەهاباد و بۆکان و پیرانشار و هۆزەکانی ناوچەی گەورک، مەنگور، مامەش، دێبۆکری، پیران، فەیزوڵابەگی… بوو. چ مەسڵەت و گیر و گرفتێکی کۆمەڵایەتی گران و دژوار بوون لە سەر دەستی حەمەڕەش جێ بەجێ دەکران و کۆتاییان پێ دەهات و ئاشت بوونە دەکرا.
جارێکی دیکەش لە ناخی دڵمەوە لە ٢٠ مین ساڵوەگەرێ کۆچی دوایی کاکە حەمەڕەش و کاکە بێژەنی جوانەمەرگ وەک بڕاگەورە و کۆرەگەورەی کاک قادری بەڕێز، سەرەخۆشی خۆم پێشکێش بە کاک قادر و کۆڕانی کاکە حەمەڕەش دەکەمەوە.
کاکە حەمەد قەت لە بیر ناچیتەوە و هەر یادت بە خێرە و ڕوحت شاد بێت.
بە ئەرکی دەزانم بیرەوەرییەکیش لە نەمر کاک(حەمەی حاجی سەعیدی ئیبراهیمی)ی سەردەشتی بگێرمەوە.
– لە سیاقۆڵ بووین لاوێک بە ناوی(عەزیز فەللاحی) هاتە سیاقۆڵ. جووتەکەوشیکی شارەیی دەپێ دابوو. ئەوکات کەوشی خەڵکی لادێ لاستیکێکی سادە بوو و سەری بە قایش بزمارکوت دەکرا. ڕەحمان(دوکتور قاسملوو) لێی توڕە بوو و پێی کوت: ژاندارم شوێنت هەڵدەگرن و دەبێ هەر ئێستا بگەڕێیەوە و یا ئەوە کەوشیکی گوندییانە دەپێ کەی، یا دەبێ هەر بە قەراغ ڕێیاندا بڕۆی و شوێنت دیار نەبێ… هەر ئەو ڕۆژەش ناردیەوە شار.
یادیان هەر بە خێڕ بێت و ڕوحیان شاد.


ئەحمەد کاکەمەمی
2016/04/13 
 
 بابەتی پەیوەندی دار

بۆ یادی ٢٠ ساڵەی کۆچی دوایی حەمەڕەش، خەڵوز


 
 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی