"an independent online kurdish website

ڕۆژی ١٩ مانگی ئاپریل ساڵی ٢٠١١ کاک برایم لە وڵاتی سوێد ماڵاوایی لە ژیان کرد.

لە یادی ساڵوەگەڕی ئەم کۆچە ناوەختەدا  بە ڕێزەوە یادی دەکەمەوە و وەک کەسێکی هەر نزیک لە کاک برایم لەم وڵاتە سڵاو بۆ ڕوحی پاکی دەنێرم، بە خۆ دەنازم کە هاوڕێی کەسێک وەک کاک برایم بووم. یادی هەموو خزمەتەکانی دەکەمەوە و ئەوپەڕی ڕێزیان بۆ دادەنێم و هەرگیز لە بیریان ناکەم و لە دڵ و مێشکم دا ئەسپاردەم کردون.

هاوڕیم!

هەمێشە لە یادمی و یادت دەکەم و بۆ کۆچی تۆ و تەنیایی خۆم  هەر دەم خەم دەخۆم. لانی کەم  شەو و ڕۆژ جارێک و چەند جار بە بیرم دا دێتەوە. ئاخر دڵم نەهاتوە ناو و ژمارەی تەلەیفۆنەکەت( ٠٨٧٧٨١٠٦) لە دەفتەری تەلەیفۆنم بسڕمەوە. هەتا دەفتەری تەلەیفۆن بکەمەوە، یەکەم ناو و یەکەم ژمارە کە دێتە بەچاوم، ناوت تۆ و ژمارەی تەلەیفۆنی تۆیە. گەلێک شەوان زەنگت بۆ لێدەدم. جوابت نیە و دەڵێن ئەم ژمارە نەماوە و دەکار نایە. هەر ئەمشەویش زەنگم دا.

کاکی خۆم! تەمەن درێژی بۆ مەمانان دەردێکی گەورە و زامێکی بێ دەرمانە. ئاخر جگە لە ناکامی و خەبەری مەرگی  ڕێبەران، هاڕێیان، خۆشەویستان و ناکامی گەلەکەمان چیمان  باربوویە؟ هەموو ژیانمان هەر پەکوپەکویە.  خۆسکە بە خۆت سەر بەرزانە  ڕۆیشتی،  داخ بە دڵم بە بێ کسی چووی و لە من بێ کەستر. تۆ منت هەبوو، من کەس. هەر یادت بە خێر، هەر یادت بەخێر!

کاک برایم جۆرابچی لە دەرەوەی وڵات یەکێک لە کادرە دیپلۆماتکارەکانی هەرە دیار و سەرکەوتووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو. ئەو مرۆڤێکی بە فەرهەنگ و تەواو ئاشنا بە فەرهەنگی ئوروپایی، نەک هەر هەموو هەڵس و کەوتی  شیاوی کەسێکی دیپڵوماتیک بوو، بەڵکو ڕوواڵەت و سیمای نمایانگەری ئەم لێهاتووییە بوو، هەر دەتکوت خوا بۆ دیپڵۆماتی ئافراندوە. کاک برایم ئەوەندە بە سەر زمانەکانی سوێدی و نۆرویژیدا  زاڵ بوو، هەر وە بزانە زمانی زکماکی بوون. لە بەکار هێنانی واژەی پڕ مانا و بەجێی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە کات و ساتی خۆی لێزان و شارەزا و مەجلیس ناس بوو.. ئەدای واژە و نیگا و هەرەکەی کەسایەتی کاک برایم بۆ کەس و کەسانی بەرانبەری جێگای سەرنج و ئافەرین بوو، تەنانەت تۆنی دەنگی لە بیستن گەلێک خۆش دەهات.

برایم جۆرابچی، پێشمەرگەکان

کاک برایم ئاشنایی و نزیکایەتی لە گەڵ کار بەدەستانی دەوڵەتی سوێد و سەرانی حیزبەکان، بە تایبەتی حیزبی سوسیال دێمۆکراتەکانی سوێد لەو پەڕی خۆیدا بوو. وا بزانم هەر ئەویش یەکەم کەس بوو کە (بەرنامە و پڕۆگرامی ئەم حیزب)ە هێنایە سەر زمانی فارسی و کوردی. کاک برایم نەک هەر لە نێو کۆمەڵی کوردانی پەنابەر لە سوێد بەڵکۆ دەکرێ بڵێین یەکێک لە کەسە باوەڕ پێکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو.

ئەمەش لە لایەک توانایی و ئیسعداد سیاسی و کەسایەتی خۆی بوو و لە لایەک دیکە وەک نوێنەر و باوەر پێکراوی دوکتور قاسملووی نەمر دەناسرا. هەر ئەوەش بوو لە چاو هەموو نوێنەرایەتی حیزبەکانی کوردستانی و ئێرانی و دەولەتانی ناوچە. ئەو لە دەورانێکی تەنگی سەختگیری پەنابەر پەزیریی، توانی جگە لە دەیان پێشمەرگەی تاک و جووت، چەندین گروپی پێنج ، هەفت ، پازدە… کەسی پێشمەرگەی بڕینداری مەیدانەکانی خەباتی ڕزگاری بە سواری تەیارە لە فرۆکەخانەی ئارلاندا(ستۆکهۆڵم) دابەزێن و لە کورتترین ماوەش دا مافی پەنابەرییان بۆ وەرگرێت و دایان مەزرێنێت. بە کار و باری نەخۆشخانە وپزیشکیان ڕابگا. وەک باوک  و برا ڕێ وشوێنی ژیانیان پێشان دا. بە کار  وئەرکی ڕۆژانەی ژیان و مەکتەب و دەرس خوێندن و فێربوونی زمانیان ڕابگات.

لە بیرمە و لە بیریانە گەلێک جار لە وەخت و بێ وەخت لە ماڵیان وەژوور دەکەوت و پاک و خاوێنی خۆیان و ژووری ژیان و تەنانەت یەخچاکەکانیشیانی بەسەر دەرکردنەوە. بۆ ئەوە بزانی کەم  وکوڕی و پێداویستیان چییە.

کاک برایم لە ژیانی شەخسیدا کەسێک بە تەوازع، میوانگر و میوان دۆست و بە دڵ و دەرون بوو. لە خزمەت بە گەڵ و نێشتمتان و حیزبەکەی چی لە توانا دا با، پێشکێشی دەکرد و دریغی نەبوو. موخلیس و خزمەتگوزارێکی بە ئیمان، کادڕیکی بە ناو و نیشان.

سلاو لە ڕۆحی پاک و گەورەی کاک برایم و هەموو شەهیدانی و ڕێبوارانی ڕێگاری بەختیاری گەلەکەمان.

 

ئەحمەد کاکەمەمی

2016-04-19

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی