پ ـ تکایه خۆت بناسێنه به خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان:
و ـ ئه‌من ئه‌فراسیاب گرامی، له دایکبووی ساڵی 1360ی هه‌تاوی، خه‌ڵکی مه‌ریوانم، ماوه‌ی سالانێک پێشمه‌رگه‌ی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووم و ده‌توانم بڵێم گرینگ‌ترین ماوه‌ی ژیانم بووه که ئه‌زموونم کردوه و توانیوه کاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ژیان و که‌سایه‌تی من هه‌بێت.
پاش ده‌وره‌ی پیشمه‌رگایه‌تی سه‌ره‌تا له ناوه‌ندی وه‌رگرتنی پیشمه‌رگه و پاشان له ئۆرگانی چاپه‌مه‌نی ئه‌رکی پێشمه‌رگایه‌تیم به‌جێ هێناوه، وه‌ک ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی لاوان و به‌ڕێوه‌به‌ریی لاوان، ماوه‌یه‌ک سه‌رنووسه‌ر و به‌ریوه‌به‌ری نووسینی گۆڤاری لاوان چالاکیم هه‌بوه. قه‌ڵه‌مێکی لانه‌وازم هه‌یه که ئاوێته‌یه به زامی نه‌وه‌یه‌کی دڵته‌نگ به شه‌قامی سه‌ده‌یه‌کی پڕ له ئاڵۆز و مێژوویه‌کی تراژیک، ئاوێته‌یه به خه‌ون و ئاواته‌کانی هاونه‌وه‌کانی خۆمه‌وه، له بواری ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تدا چالاکیم هه‌بووه و ئێستاش به‌هۆی بارودۆخی تایبه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی نیشتمان گیرساومه‌ته‌وه. بێگومان ژیانی منێکی گه‌نج ره‌نگه له چه‌ند دێڕدا کۆتایی پێ بێت، چون زۆر پێشمه‌رگه‌ی دێرین هه‌ن که قسه‌ی تازه‌تریان له‌سه‌ر ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌یه‌و، ساڵانێکی کورت ناتوانێ بیره‌وه‌رییه‌کی زۆر بدات به‌ده‌سته‌وه و شتی تازه‌ی هه‌بێ، به‌ڵام ئیفتخار ده‌که‌م و سه‌ربڵیندم که پیشمه‌رگه‌بووم.
پ ـ بیره‌وه‌ر‌یه‌کی ژیانی حیزبی یان پێشمه‌رگایه‌تی خۆتمان بۆ باس بکه؟
و ـ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی پڕه له بیره‌وه‌ریی، تاڵ یان شیرین فه‌رق ناکات هه‌مووی بیره‌وه‌رییه، له‌و ساته‌وه‌خته‌وه که هاتمه ریزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه تا ئه‌و رۆژه‌ی که ماڵئاواییم له هاورێیانم کردوه و ژیانی تاراوگه نشینم هه‌ڵبژاردوه هه‌مووی پڕن له رووداوی خۆش و ناخۆش. سه‌ره‌تای پێشمه‌رگایه‌تیم پیاوێکی به ساڵاچوو هات به پیریمه‌وه و پێشوازی لێ کردم، رۆژان و شه‌وان له ده‌وره‌ی پێشمه‌رگایه‌تی، له مقه‌ڕه‌کان و په‌لی پێشمه‌رگایه‌تی و تا ده‌گاته ئۆرگانی چاپه‌مه‌نی حزب و دواتر یه‌کیه‌تیی لاوان‌دا گه‌لێک بیره‌وه‌ریی جوانم هه‌یه که هه‌میشه له ناخی مندا ده‌زرنگێته‌وه. ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی ساده و ساکار و له خۆبردووییه، شین شین نیگایان مێهربانی و خۆشه‌ویستییه بۆ نیشتمانه‌که‌یان و هه‌رکام له پێشمه‌رگه‌کان سه‌ربورده‌ی ژیانیان به ئیفتخاره‌وه باس ده‌که‌ن. یه‌کێک له‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی که هه‌میشه له لام ده‌مێنێته‌وه نامه‌ی ئه‌حمه‌دی برام بوو و کوێستانی خوشکم بوو له‌گه‌ڵ کاتژمێرێکی کۆن، له‌و کاتژمێرانه‌ی که ده‌کرێ به یه‌خه‌ی کراسدا و کۆک ده‌کرا، باوکم ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ناردبووم، که نامه‌که‌م خوێنده‌وه، دڵم پڕ بوو، ره‌نگه ئه‌و ساته بۆ زۆرێک له تاک به تاکی پێشمه‌رگه‌کان هاتبێته پێش، دڵته‌نگی، بێتاقه‌تی و هیوا به‌وه‌ی که رۆژێک له رۆژان به‌سه‌ربه‌رزی ده‌گه‌ڕێنه‌وه باوه‌شی نه‌ته‌وه‌که‌یان و مه‌دالیای ئیفتخاریان بۆ ده‌کرێ. باوکان و دایکان و خوشکانی چاوه‌ڕێ هه‌مێشه به ئاواتی سه‌رکه‌وتنی رۆڵه‌کانیان و ئه‌وانیش به هیواو رۆژێ به ئازادیبگه‌ڕێنه‌وه. له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی حزبدا، زۆر بوون له‌و پێشمه‌رگانه‌ی که نه‌گه‌رانه‌وه و بنه‌ماڵه‌کانیان چاوه‌رێیان بوون، یان شه‌هیدبوون یان به‌و بارودۆخه‌ی نیشتمانه‌که‌مانی تێدایه، ئیزنی گه‌رانه‌وه‌یان نیه و به‌رده‌وامن له پیشمه‌رگایه‌تی و به‌شێکی زۆریش په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران بوون. ده‌توانم بڵێم، خۆشترین بیره‌وه‌رییه‌کانم له ئۆرگانی چاپه‌مه‌نی له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی ئینتشاراته. به‌ڵام ناخۆشترین رووداوم که دیتبێ و هه‌میشه له بیرمدا بمێنێته‌وه، شه‌هیدبوونی هاوڕێم کاک یوسف فه‌قیهی بوو که داچڵه‌کام به شه‌هید بوونی و ئێستاش دوور که‌وتنه‌وه له هاوڕێیانم.
پ ـ ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان (26 ی سه‌رماوه‌ز) لای تۆ چ مانایه‌کی هه‌یه و چۆنی تاریف ده‌که‌ی ؟
وـ 26ی سه‌رماوه‌ز ئه‌و رۆژه‌یه که لایه‌ن حیزبی دێموکراته‌وه وه‌ک رۆژی ریزگرتن له خه‌بات و تێکۆشانی رۆڵه‌کانی میلله‌ته‌که‌مان، له هه‌وڵ و ماندووبوون و کرداری شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌وان، ریزگرتن له سات به ساتی خه‌بات و به‌رخۆدانی پێشمه‌رگه‌یه، رۆژێکه که بۆ من ته‌نیا بیر له سه‌ربورده‌ی ژیانی سه‌ربه‌رزانه‌ی ئه‌وان ده‌که‌مه‌وه، ئه‌وان بوون مێژوویان تۆمار کردوه، به گژ بێدادی و سته‌مدا چوونه‌ته‌وه، ئه‌وان هیزی رزگاریبه‌خشی نه‌ته‌وه‌که‌مان له ژێر پوستاڵی سته‌مدا بوون، ئه‌وان بوون فێریان کردین که به‌دوای ئازادی دا بگه‌ڕێین و له هه‌ر شوێنێک بین به‌رگری له خاک و نیشتمان و ئازادییه‌کانمان بکه‌ین. بۆیه لای من پیشمه‌رگه هێمای هه‌رمانی و نه‌مری نیشتمان و ئازادیی نیشتمانمان ئه‌دات. بۆیه پێشمه‌رگه له مانای وشه‌که‌یشیدا، پێشه‌نگی خه‌بات و به‌نرخترین ساته‌کانی ژیانی، جوانترین خه‌ونه‌کانی، به‌گشتی هه‌موو ژیانی بۆ ئازادی و به‌رگری له نه‌ته‌وه‌که‌ی ته‌رخان ده‌کا و بێ هیچ دڕدۆنگییه‌ک، پێشمه‌رگه لای من به‌خشه‌نده‌ترین مرۆڤه. له ناو هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا وه‌ها هێزێک وه‌ک سێمبوول ماوه‌ته‌وه، بۆ نموونه له ناو فه‌رانسه‌وییه‌کان به “شوالیه”، له ناو سورپێسته‌کان به “ئاپاچی”، له ناو چینییه‌کان به “سامۆرایی” و …. ناوبانگیان هه‌بوه، له ناو کوردیش‌دا به “پێشمه‌رگه” ناوازه‌یه و تا پله‌ی ئه‌فسانه و پیرۆزیی گه‌یشتوه.
پ ـ که‌سانێک په‌یدا ده‌بن که پێیان وایه ئه‌رکی پێشمه‌رگایه‌تی ته‌واو بووه ، تۆ نه‌زه‌رت له‌و باره‌وه چیه ؟
و ـ له‌راستیدا بۆ وه‌لامی ئه‌م پرسیاره ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ بارودۆخی کوردستان که پێم وایه دوو هۆکاری سه‌ره‌کی هه‌یه:
یه‌که‌م، بارودۆخی باشوری کوردستان و جێگیرنه‌بوونی ده‌سه‌لاتی کوردی له‌و پارچه‌یه، که رۆڵ و ئه‌رکی پێشمه‌رگه‌ی وه‌ک رابردوو له‌ده‌ست داوه و بوونی باره‌گای حزبی له باشووردا و تێکه‌ڵبوونی ئه‌رکی پێشمه‌رگه به مه‌سه‌لی ئه‌منییه‌تی ناوخۆیی وڵات و ده‌ستێوه‌ردان له ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکدا، ئه‌و ئه‌رکه نیشتمانپه‌روه‌رانه و رزگاریبه‌خشه‌ی له کوردستاندا خستۆته ژێر پرسیاره‌وه و له‌م چه‌ند ساڵه‌دا بێ ریزی کردن به خه‌ڵک له لایه‌ن هیزی پێشمه‌رگه‌وه و ناره‌زایه‌تییه‌کانی خه‌لکی باشوور بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌رکی پێشمه‌رگه بگۆڕێ بۆ شێوازێکی دیکه و ئه‌و روانگه پیرۆزه‌ی که به پێشمه‌رگه ده‌درا کاڵ بێته‌وه. ئه‌مه‌ش سروشتییه که هێزی پیشمه‌رگه هێزێکی موقه‌ده‌س و پیرۆز نیه، هێزیکی ئینسانییه و تێکه‌ڵه به هه‌ست و سۆزی ئینسانی، به‌ڵام ئه‌رکه‌که‌ی پاراستنی نیشتمان و ئازادییه‌کانی نیشتمانه، نه‌ک ده‌ستێوه‌ردان له ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک، که ئه‌وه ئه‌رکی ئاسایش و پۆلیسی ناو شاره‌کانه.
دووهه‌م، مه‌سه‌له‌ی به جۆرێک له جۆره‌کان خه‌باتی ئه‌حزابی کوردی به‌ره‌و ئۆردووگانشینی و نه‌مانی شه‌ری چه‌کدارییه. له‌م قۆناغه‌دا زۆرتر رۆڵ و ئه‌رکی پێشمه‌رگه ته‌بلیغاتی سیاسه‌تی حزبه‌که‌یه‌تی که هه‌رچه‌نده له رابردوودا هه‌بوه. تێکه‌ڵبوونی ئه‌رکی پێشمه‌رگه به خه‌باتی ناوخۆیی حزبه‌کان و رۆڵگێرانی وه‌ک هێزی رێکخراوه‌یی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی رێبه‌ریی یان ده‌سته‌یه‌کدا. بۆیه دووپات بوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه له لایه‌که‌وه بیرگه و حافزه‌ی تاریخی ئێمه‌ی کورد بۆ پێشمه‌رگه له‌گه‌ل ژیانی ئه‌وڕۆی پێشمه‌رگه‌دا جیاوازه‌و تووشی جۆرێک پێکدادان ده‌بێ که زۆر که‌س له نێوان پیشمه‌رگه‌بوون و ئینسانی سیاسی‌دا جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ دانه‌نێت. پێشمه‌رگه ئینسانێکی ئاسایی‌یه و ناتوانێ پیرۆزه بێت، به‌ڵام ئه‌وه رۆڵ و ئه‌رکی پێشمه‌رگه‌یه وه‌ک هێزێک بۆ پاریزگاریی له نیشتمان و له ئازادییه‌کانی نیشتمان. له لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌رکی پێشمه‌رگه ده‌گۆڕێت بۆ چالاکیی سیاسی رۆژانه‌ی رێکخراوه‌کان.
پ ـ باشترین وشه که پێشکه‌ش به پێشمه‌رگه بکه‌ی چیه ؟
وـ جوانترین و رازه‌وه‌ترین وشه که بتوانم پیشکه‌شی هاوڕێیانی پێشمه‌رگه‌م بکه‌م چ ئێستا و چ له رابردوودا، چ ئه‌وانه‌ی شه‌هید بوون و چ ئه‌وانه‌ی که‌م ئه‌ندامن و له هه‌رشوێنێک له جیهاندان، له ناوخۆیی وڵاتن و وه‌ک ته‌شکیلات کار ده‌که‌ن، “باوه‌شێک گوڵ”یان پێشکه‌ش ده‌که‌م، داوام ئه‌وه‌یه، ئه‌رکی پێشمه‌رگه وه‌ک خۆی پێناسه بکه‌ینه‌وه. چ له شاخ بین یان له شار، ئه‌رکی هه‌ر پیشمه‌رگه‌یه‌ک ئه‌وه‌یه پاریزگاریی “نیشتمان و ئازادی” بکات و تا هیچ که‌سێک ناتوانێ گومان بکات که رۆڵی پێشمه‌رگه ته‌واو بوه، چونکه ئه‌رکی پێشمه‌رگه شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازییه‌و بۆ هه‌موو نه‌وه‌کان و هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان وه‌ک خۆیه‌تی.
پ ـ له کۆتایی دا ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان 9 ساڵی ته‌واو کرد، چیت هه‌یه بۆ ساڵ ڕۆژی ماڵپه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کان ؟
وــ بۆ ماڵپه‌ری پیشمه‌رگان، ته‌نیا ئاواتم سه‌رکه‌وتن و به‌رده‌وامی تێکۆشانتانه، به‌ڵام که‌مێ له باره‌ی دیزانه‌وه به‌رۆژی بکه‌ن. پاشان بۆ رۆژی پیشمه‌رگه، کورته شێعرێکم هه‌یه پێشکه‌شی مالپه‌ره‌که‌تانی ده‌که‌م:
پێشمه‌رگه / بۆ شه‌هید مه‌لاحسێنی “نێ”
له رێگای دووری سه‌ربه‌ستی
چه‌ند په‌نجه‌ره‌ی ئازادی له شان
باوه‌شی چه‌ند کۆرپه‌یه‌کی گوڵه هێرۆ
داربه‌ڕوویه‌کی ده‌م به‌خه‌نده‌ی “میراجی” بوو
له‌گه‌ڵ ده‌سته ته‌زیوه‌کانی”دۆڵاش” ئاشنا
سه‌رشانی شاخی په‌نا بوو بۆ “پێشمه‌رگه”
په‌نای که‌پرێکی خۆزگه‌بوو نزیک تا تاسه‌ی “زرێبار”
جامانه‌ی “به‌رده‌بووک” و
ریشی ماش و برینجی ئومێدێک بوو تا دوور ده‌که‌وته‌وه
هه‌رکاتێ به به‌رئاوایی تێ ده‌په‌ڕێ
“با”ی له‌گه‌ڵ بوو
شنه‌ی له “گۆلبه‌ن”ی بوو بۆ حه‌سانه‌وه‌ی ئازادیی…
خه‌یمه‌ی دلێری هه‌ڵده‌دا
بێستانێک بوو له وه‌نه‌وشه
شه‌وان دڕدان به تاریکی و
رۆژان لادانی پرچی سته‌م
هه‌میشه که‌پره‌که‌ی ئه‌گه‌ڕێ
…. هه‌میشه شین شین ئه‌بارێ!
ــــــــــــــــــــ
ـ شه‌هید مه‌لاحسێن، پیشمه‌رگه‌ی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، خه‌ڵکی ئاوایی نێ سه‌ر به شاری مه‌ریوان، که له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا شه‌هید بوو.