ئاماده‌کردن: ئه‌فراسیاب گرامی
سه‌لاحه‌دین عه‌باسی: ئه‌وه‌ی روناکبیری کورد ته‌نیا به کاری بزاوته‌ی و بزاوته‌ی سیاسی هه‌ستاوه و دوربۆته‌وه له کاری کۆمه‌لایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ره‌خنه‌یه‌کی گه‌وره‌یه
به‌شی دووهه‌م و کۆتایی:
ئاماژه: یه‌کێک له که‌ڵکه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ره‌وتی رووناکبیرییه که له نێوان شپرزه‌یی و به‌رهه‌مهێنانی گوتاردا قه‌یس ماوه‌ته‌وه، گوتارێک که به‌ناو په‌رۆشییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، له نیوان چه‌پ بوون، ئیسلامی و … هتدا، نه‌یتوانیوه رۆڵێکی ئه‌وتۆ بگێڕێ و خاوه‌ن گوتاری راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌بێت. له‌م وتوێژه دا تیشک ده‌خرێه سه‌ر لایه‌نه‌کانی ئه‌م پرسه کۆمه‌ڵایه‌تییه له نێوان دوێنێ و ئه‌مڕۆدا. به‌شی یه‌که‌می “رووناکبیری له نێوان پێناسه و کاری رووناکبیریدا” و به‌شی دووهه‌م “خه‌سارناسی و کاری رووناکبیری کورد” ته‌رخان کراوه:
پ: ئیدوارد سه‌عید، روناکبیری به ناوبانگی رۆژهه‌لاتی، له کتێبی “رۆلی روناکبیران”دا، روناکبیر نوێنه‌ری ئاگایی خه‌لکه، به‌لام ئه‌م رۆله بۆ روناکبیرانی کورد له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا تێکه‌ل به ئایدۆلۆژی چه‌پ و دینی ده‌بێ، ئایا کارکردی روناکبیری کورد له به‌ستێنه‌کانی ئایدۆلۆژیدا ده‌توانێ خۆی پێناسه بکات؟
به بڕوای من روناکبیرانی کوردستانی ئێران دوای روخانی کۆمار نوێنه‌ری ئاگایی ئه‌م گه‌له نه‌بون. دوای روخانی کۆمار هه‌تا سه‌رکه‌وتنی شۆرشی گه‌لانی ئێران، له سالی 1357هه‌تاوی، ته‌نیا کێشه‌ی کورد نه‌ته‌وایه‌تی و میلی بوه. ئه‌ندامانی ژ.ک به پێی ئامۆژگارێکانی مرۆڤه گه‌وره‌کانی رابوردو چه‌شنی خانی و حاجی قادر و روناکبیری هاوده‌م مه‌لا ئه‌حمه‌دی فوزی، له ناوچه‌ی موکریان خه‌لکیان تێگه‌یاندبو که: “کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک هیچ مافێکی نیه و ته‌نانه‌ت ناتوانێ به زمانی زکمانگی بخوێنێ و بخوێنێته‌وه”. هێنانه سه‌ر ڕای گشتی ئه‌م بیر‌و بۆچونه، راکێشانی سرنجی خه‌لکی بۆ ئه‌و که‌مایه‌سیه بنه‌ره‌تیه، هاروژانی ویژدان و ئیحساس و باوه‌ری جڤات کارێکی ئێجگار گرینگ بوو که ئه‌م روناکبیرانه کردیان. دوای روخانی کۆمار و ماوه‌یه‌ک بێده‌نگی، وه‌ک ئاماژه‌م پێ‌کرد، له ده‌یه‌ی چله‌کانه‌وه تا تێک چوونی کۆماری سۆڤیه‌ت، بیری مارکسی گوتاری روناکبیری نه‌ته‌وایه‌تی له ئینحساری خۆی گرت. کورد و کوردایه‌تی له‌به‌ر نیسێی ئه‌ستێره‌ی سوور و سوسیالیسم و وێنه‌کانی مائۆ و ئیستالین خه‌وی لێکه‌وت و جاروبار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نیسێکهرانی وه‌خه‌به‌ریان دێنا. ده‌نگی کورد له قۆرگی کرێکار و جوتیاری کورد بڵاو ده‌بۆوه نه گه‌لی کورد. رۆشنبیری مارکسی داخوازه نه‌ته‌وییه‌کانی، نه له به‌رژه‌وه‌ندی کورد، به‌لکو له به‌رژه‌وه‌ندی ئامانجه‌کانی خۆی به‌کار ده‌هێنا. به‌داخه‌وه روناکبیرانی کورد فریوێکی گه‌وره‌یان خوارد. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندێکانی روناکبیریش به‌رده‌وام نه‌بون له سه‌ر فریوخواردن و ههڵهکاریه، هه‌ر بۆیه من پێم وایه له‌و ماوه‌یه‌دا کورد روناکبیری به مانای واقیعی نه‌بوه. ئه‌وه‌ی که به روناکبیریش نێو ده‌بردرێن، روناکبیری لاساکهرهوه یان ته‌قلیدین. بۆیه هه‌ر کات و ساتێک دژایه‌تی و ” تضاد ” که‌وتۆته نێوان قازانجه‌کانی نه‌ته‌وایه‌تی و ئیدئۆلۆژیکی، قازانجه میلیه‌کان له پێناو قازانجه ئیدئۆلۆژێکان قوربانی کراون. ڕای گشتی ئاگا و وشیاری کورد تاقمێک له‌و روناکبیرانه‌ی به ئاژاوه‌چی ناوزه‌د کردوه.
من پێموایه روناکبیری کورد نابێ خۆی له به‌ستێنه‌کانی ئایدهئۆلۆژی قه‌تیس بهێلێته‌وه. روناکبیری کورد ده‌بێ ته‌نیا بۆ کورد بێت و به‌س. ته‌نیا غه‌می کورد بخوا. هیچ به‌رژه‌وه‌ندێک له‌به‌ر چاو نه‌گرێ غه‌یری به‌رژه‌وه‌ندی کورد. ئیشتیاکانی تاکی، بنه‌ماله‌یی، ئیده‌ئۆلۆژیکی و هه‌رچی هه‌یه له لایه‌کی دانێ و ته‌نیا قازانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌به‌ر چاو بێ.
پ: بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی کورد ئه‌رکی روناکبیری کوردی دو قات کردوه، له‌م پێوه‌ندیه‌دا پێوه‌ندی نێوان بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد و رۆلی روناکبیرانی کورد له چ ئاستێک‌دا ده‌بینن؟
روناکبیری کورد زۆرتر سیاسی بوه تا ئیدئولۆژیکی، یان فیکری و فه‌رهه‌نگی. ته‌نانه‌ت جاری وابوه هه‌ستاوه به‌کاری نیزامی و چه‌کداری. گه‌لی کورد تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌تی خۆی هه‌یه که ئه‌و گه‌له‌ی نه‌ک له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست به‌لکو له جیهان تاق و زه‌ق کردۆته‌وه. هه‌لبه‌ت نه بۆ هه‌موکه‌س به‌لکو بۆ ئه‌وانه‌ی له کاری سیاسی و ژئو پولیتیکی دا هه‌لسوران و ئاگاداریان هه‌یه. نیزیک 40 میلیۆنه،5 پارچه‌یه، درێژخایه‌نترین هه‌لسورانی مافخوازی هه‌یه. له روخانی عوسمانێکان تا ئه‌و رۆ به‌رده‌وام خه‌یانه‌ت و درۆی له‌گه‌ل کراوه. له په‌یمانه‌کانی سایکس بیکۆ و لۆزان و سێور چه‌مکێکی گرینگی باسه‌کان بوه. له باری کانگا و سروشت، به تایبه‌ت ئاو و نه‌وت، ئێجگار ده‌وله‌مه‌نده. له باری جوغرافێوه دڵی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راسته. رابوردوی مێژویی تایبه‌ته به بوونی پیاوانی گه‌وره و میژو ساز له زانست و شه‌ره شارستانێکان و…و…ئه‌وانه بۆته هۆی ئه‌مه که زۆر جار روناکبیره‌کانی هه‌ستن به کاری سیاسی و حیزبایه‌تی و ته‌نانه‌ت چه‌کداری. که به بروای من روناکبیر ئه‌گه‌ر هاته چوار چێوه‌ی حیزبایه‌تی و سیاسی به ته‌نیا، ده‌بێته روناکبیرێکی گوماناوی و تا زه‌مان تێده‌په‌رێ له تاریفی روناکبیری دور ده‌که‌وێته‌وه و ده‌بێته کادرێکی حیزبی یان سیاسه‌تمه‌دارێکی ئاگا و زانا.
ئه‌و بارودۆخه‌ی گه‌لی کورد وای کردۆ که روناکبیرانی که‌متر بپڕژێنه سه‌ر کار‌و باری کۆمه‌لایه‌تی و فه‌رهه‌نگی. که‌چی روناکبیر به‌ر له هه‌مو کارێک ده‌بێ کاری فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌لایه‌تی بکا و له دڵی ئه‌م کاره فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌لایه‌تیانه با که‌سانێک ههلقولێن و ده‌س بده‌نه کاری حیزبایه‌تی و و سیاسی. له سه‌ر ئه‌م بنچینه پته‌وه‌ی که روناکبیران له ماوه‌ی سالانی دورو درێژدا دایانرشتۆ هه‌ڵسورانی حیزبی و رێکخراوه‌یی گه‌شه ده‌ستێنێ. به‌هاری عه‌ره‌ب ته‌جروبه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ده‌رخست. له ماوه‌ی ده‌یان سال ده‌سه‌لاتی دیکتاتۆره‌کان، روناکبیرانی ئیسلامی کاری کۆمه‌لایه‌تی و فه‌رهه‌نگیان ده‌کرد. دوای رووخانی دیکتاتۆره‌کان له هه‌ر شوێنێک حیزبی خۆیان پێک هێنا. له کاتی هه‌لبژاردنه‌کان به‌شداریان کرد. به پشتیوانی ئه‌و کاره کۆمه‌لایه‌تی و فه‌رهه‌نگیه و خۆناساندنه ده‌یان ساڵه به سه‌رکه‌وتنی وا گه‌یشتن که رۆژئاوایه‌کان سه‌ریان سور ماوه و له لێکدانه‌وه‌ی “بۆچێتی؟” ئاکامی هه‌لبژاردنه‌کان داماون. سه‌ریان سور ماوه که عاره‌به په‌نابه‌ره‌کانی دانیشتوی ئوروپا بۆ سه‌تا نه‌وه‌دیان ده‌نگیان دا به ئیسلامێکان.
ئێستاش من پێموایه روناکبیرانی کورد رۆلی گه‌وره‌یان له بزوتنه‌وه سیاسێکان هه‌بۆ و هه‌یه. ئه‌وه‌ش به خالی پۆزێتیڤ نازانم. ئه‌وه‌ی روناکبیری کورد ته‌نیا به کاری بزاوته‌ی و بزاوته‌ی سیاسی هه‌ستاوه و دوربۆته‌وه له کاری کۆمه‌لایه‌تی و فه‌رهه‌نگی ره‌خنه‌یه‌کی گه‌وره‌یه.
پ: به‌ختیارعه‌لی تێگه‌یشتنێکی دو پاره‌ی له رۆشه‌نبیر هه‌یه و ده‌لێ: و زۆر که‌س پێیان وایه که له ده‌لاقه‌ی روناکبیری مه‌زهه‌بی و دینێوه ناتوانین بگه‌ین به مه‌فهومه‌کانی ” سیکۆلاریزم، ئازادی و دیمۆکراسی” هه‌ر له‌و پێوه‌ندیه‌دا به‌رێزتان له وتارێکدا ئاماژه به زه‌روره‌تی روناکبیری دینی ده‌که‌ن، لێکدانه‌وه‌ی ئێوه بۆ پێوه‌ندی نێوان دین، روناکبیری و جیهانی مۆدێرن که ده‌ی هه‌وێ دین و دینداری تێ په‌رێ و کارکردی دین ده‌خاته په‌راوێزه‌وه و تایبه‌تی ده‌کاته‌وه به خودی مرۆڤه‌کان نه‌ک کۆمه‌لگا(خصوصی کردنی دین)، چۆن لێک ده‌ده‌نه‌وه؟
ئه‌م پرسیاره هه‌ویرێکه ئاوێ زۆر ده‌با. ئه‌م فه‌رموده‌ی مامۆستا به‌ختیار عه‌لی هه‌له‌یه‌کی گه‌وره‌ی مێژوییه که به داخه‌وه داوێنی هیندێ روناکبیری گرتۆته‌وه. بۆچونێکی تازه‌ش نیه، تاقمێکی به‌رچاوی روناکبیرانی خۆرئاوا له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن. وه‌رگێرانی ده‌قاوده‌قی ئه‌م تئوریه بۆ بازنه‌ی شارستانیه‌تی ئیسلامی چه‌نێک گونجاو دروسته جێگه‌ی وتووێژه. ئه‌م بازنه‌یه له ته‌ک بازنه‌ی شارستانی مه‌سیحێکان جیاوازێکی ئیجگار زۆری هه‌یه. ئاکامی ئه‌و بۆچونه له کۆمه‌لگای کورده‌واری، شتێک نه‌بۆه، غه‌یری به هێزتر بونی خێلایه‌تی و خورافه‌ی ئایینی له لایه‌ک و داڕمانی ئه‌خلاق و فهرهنگ و به‌ها کۆمه‌لایه‌تێکان له لایه‌کیتر. پێویست ناکا بۆ دوان له سه‌ر ئه‌م فه‌رموده‌یه باسی فه‌لسه‌فی بکه‌ین. با چاو له‌و به‌شه‌ی کۆمه‌لگای کاک به‌ختیار بکه‌ین، که باوه‌ری به‌و تئوریه هێناوه، تا بزانین باوی دیمۆکراسی و ئازادی و دینداری و خێلایه‌تی و به‌دی هێنانی (ته‌ولید) مادی و مه‌عنه‌وی له چ پله‌یه‌ک دایه. ئوروپا ئه‌م تئوریهی له کۆمه‌لگای خۆی دابه‌زاند، له بارودۆخی نکبهتباری سه‌ده‌کانی ناوه‌راست رزگاری بو. به‌م پله به‌رزه له دیمۆکراسی و تیکنۆلۆژیه گه‌یشت. روناکبیرانی ئوروپی دوای مودارسه و موتالای زۆر و به‌رده‌وام و قولی کۆمه‌لگای خۆیان به‌م مه‌عریفه گه‌یشتن و که‌لکی باشیان لێ وه‌رگرت. که‌چی روناکبیرانی یابانی و هیندی و یه‌هودی و… ته‌قلیدی روناکبیرانی ئوروپیان نه‌کرد. به که‌ڵک وه‌رگرتن له ته‌جروبه‌ی ئه‌وان ده‌ستیان کرد به خۆیندنه‌وه‌ی قول و به‌رینی کۆمه‌لگای خۆیان و به داڕشتنی تئۆری تایبه‌ت به کۆمه‌لگای ژاپۆن و هیند و جو و… که‌لکی باشیان وه‌رگرت و به پله‌یه‌کیان گه‌یاندن که شان له شانی ئوروپێکان ده‌ده‌ن.
من رێز و خۆشه‌ویستی تایبه‌تم بۆ مامۆستا به‌ختیار عه‌لی هه‌یه و جه‌نابیان و مه‌ریوان وریا قانیع و فاروق ره‌فیق و ئه‌بوبه‌کر عه‌لی به نوخبه‌کانی روناکبیرانی کوردی عێراق ده‌ناسم و پێموایه هه‌رچواریان عه‌قلی مه‌زنی هاوچه‌رخ له کوردستانن، تا ڕاده‌یه‌ک که کتێبه گرینگه‌که‌ی فاروق ره‌فیق، «مالێكي لێك ترازاو و ويژدانێكی بێمار – لێكولينه‌وه ده‌رباره‌ی كورد ـ بوون ـ له جيهاندا»، هێناوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی. به به‌هانه‌ی ره‌خنه له‌و وتاره‌ی به‌رێزیان، ره‌خنه له چه‌مکی روناکبیری ته‌قلیدی له سه‌راسه‌ری بازنه‌ی شارستانییه‌تی ئیسلامی، که کوردستانیش به‌شێکی گرینگی ناو ئه‌م بازنه‌یه، ده‌گرم. گوتاری روناکبیری ته‌قلیدی نه‌ک به‌ته‌نیا له کوردستان، له ته‌واوی بازنه‌ی شارستانیه‌تی ئیسلامی، نه‌ته‌نیا گه‌شه‌ی به کۆمه‌لگاکان نه‌داوه به‌لکو بۆته هۆی دورکه‌وتنه‌وه‌ی گه‌ل له گوتاره روناکبیرێکان له‌لایه‌ک و کهوتنهداوێنی پاشکهوتوان و بونیادگه‌راکان له‌لایه‌کیتر. ئه‌م جۆره روناکبیرانه به راوه‌ستان له به‌رامبه‌ر مه‌زهه‌ب، له کۆمه‌لگای ئیسلامی‌دا، خه‌لکیان له روناکبیر ترساند و له باتی رون بونه‌وه‌ی خه‌لک ئه‌وان ههلاتونه لای لایه‌نه پاشکه‌وتو و کۆنه په‌ره‌ست و لارێیهکانی که به رواله‌ت پشتیوانی مه‌زهه‌ب و بروای خه‌لکن. به‌م شێوه پێوه‌ندی نێوان خه‌لک و روناکبیر پچراوه. روناکبیر ناتوانێ قسه له ته‌ک جه‌ماوه‌ر بکا و زمانی ئه‌و دو لایه‌نه له یه‌کتر نامۆیه. له لایه‌کی تریشه‌وه بۆته هۆی ئه‌مه که رۆژهه‌لات ببێته گۆره‌پانی هه لسوران و قازانج و تالان و پاوانخوازی ئابوری رۆژ ئاوا. ئه‌م رۆشنبیرانه له‌ده‌ره‌وه‌ی جڤات ده‌ژین. ده‌یانه‌وێت ئه‌زمونی رۆژئاوا له ماڵی کوردی‌دا به وردودرشتێهوه دووپات که‌نه‌وه. په‌یوه‌ست به جڤاتی کوردیه‌وه نین و مه‌فتونی هه‌موشتێکی ده‌ره‌وه‌ی جڤاتی کوردین. له فه‌زای گشتی کوردان دوره په‌رێزن. به پێچه‌وانه‌ی روناکبیرانی خۆرئاوا، هیچ لیکۆلینهوهیهکیان له‌سه‌ر ئیسلام نه‌کردۆ. چوار کتێبی ئیسلامیان نه‌خۆێندۆته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر مۆد یان خۆشی یان ته‌قلید دژ به ئیسلامن. من تا ئێستاش رهخنێکی زانستیم لێیان نه‌دیتۆ.
بۆ وێنه ئاماژه به فایلی ئازادی ژنان و مافی ژن ده‌که‌م. ئه‌م گوتاره له یه‌ک سه‌ده‌ی رابوردو چ که‌لکێکی بۆ کۆمه‌لگا و ژنانی ئه‌م بازنه‌یه هه‌بۆ؟ غه‌یری ئه‌مه‌ی بازارێکی گه‌وره‌ی چه‌ن سه‌ت میلیۆن که‌سی ساز کردۆ بۆ که‌ره‌سه‌ی جوان کاری کارخانه‌کانی رۆژئاوا. له‌حاله‌تێکدا له ماوه‌ی ئه‌م یه‌ک سه‌ت ساله‌دا له ناو ئه‌م سه‌تها میلیون خاتونه سه‌ت خانمی پسپۆر ههلنهکهوتوه. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌زاران گۆرانیبێژ و سه‌ماکه‌ر خولقاوه. له زۆربه‌ی به‌شه‌کاندا ده‌کرێ لێکدانه‌وه و توێژینه‌وه بکرێ تا به‌و ئاکامه بگه‌ین که ته‌قلید و لاساکردنه‌وه‌ی روناکبیرانی ئوروپی له لایه‌ن روناکبیرانی جه‌غزی شارستانی ئیسلامی ده‌سکه‌وتێکی ئه‌وتۆی نه‌بوه که جێگه‌ی شانازی پێکردن بێ. سه‌یر ئه‌مه‌یه روناکبیرێکی وه‌ک جان ئستوارت میل خاوه‌نی کتێبه‌کانی “له باره‌ی ئازادی” و “ده‌سه‌لاتی نوێنه‌رایه‌تی” ده‌لێ برواکانی ناکرێ له شوێنێکی وه‌ک هیند جێگه بگرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شارستانییه‌ت و نه‌ژادی ئه‌وان له پله‌ی خوارتری ئوروپادایه. هه‌لبه‌ت مه‌به‌ستی ئستوارت میل نزم و به‌رزی نه‌ژاده‌کانه.
پێویست به ئاماژه ناکا بلێم که من له سه‌ر ئه‌م بروایه نیم که روناکبیری کورد نابێ له سه‌ر مافی مرۆڤ، توند‌و تیژی دژی ژنان، بیروبۆچونه‌کانی ئێتنیکی و ئایینی و…و… بدوێ و هه‌لسوکه‌وتی ببی. نا به پێچه‌وانه، روناکبیر ئه‌گه‌ر له‌م چه‌مکانه نه‌دوێ و له‌سه‌ر مافی مروڤ و ژنان و مندالان و نه‌ته‌وه‌کان و… نه‌خوێنێته‌وه و نه‌دوێ و نه‌نوسێ روناکبیر نیه. به‌لام پێموایه روناکبیر زاده‌ی نێو کۆمه‌لگای خۆیه‌تی و به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌کانی ده‌ره‌کی نیه هه‌ر بۆیه به پێی بارودۆخی کورده‌واری و له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌رهه‌نگ و کولتور و مێژو و قازانجه نه‌ته‌وه‌یه‌کانی ئه‌م کۆمه‌لگایه ده‌بێ هه‌لسوراو بێت.
کاردانه‌وه‌یه‌کی نگاتیڤی روناکبیری ته‌قلیدی له نێو لاوه‌کاندا بێزار بونیان له رابۆردویانه. زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری لاوی کۆمه‌لگای کوردستانی ئێران یان ئاگای له گوتاری روناکبیری نیه یان نه‌ته‌نیا هیچ له رابوردوی نازانێ و نالی و خانی و وه‌فایی و سارم به‌گ و سه‌لاحه‌دین و…و… ناناسێ قیزیشی له‌وان و رابوردوی دێته‌وه و بێزی هه‌ڵده‌ستێ. من ئه‌م شتانه‌م دیتوه و رۆژانه ده‌ی بینم و له زۆربونیش دایه. که‌ش و هه‌وای خوێندکاری کوردستانی ئێران به‌ره‌و “خۆ له‌بیر بردنه‌وه” ” بێ ته‌فاوه‌تی” ” خۆ به لێپرساو نه‌ناسی” و “قه‌یران” ده‌روا. له به‌ر ئه‌وه‌یه ئێمه‌ی کورد له ئێران به‌ر له هه‌مو شت پێویستیمان به روناکبیری غه‌یره ته‌قلیدیه. روناکبیرێک که هه‌لقولاوی دڵ و مێژو و راستیه‌کانی کۆمه‌لگای کوردستانی ئێران بێت. من نه‌ته‌نیا ئه‌و نوسخه‌یه‌ی که روناکبیری ئوروپی بۆ کۆمه‌لگای خۆی نوسێوێتی بو خۆمان ره‌وا نابینم، پێموایه گوتاری روناکبیری کوردستانی ئێران و عێراقیش جیاوازه. چ بگا به وه‌ی نوسخه‌ی روناکبیرانی سوید و نوروێژ بۆخۆمان بپێچین.
هه‌ر بۆیه له سالی 1385هه‌تاویدا ” زه‌روره‌تی روناکبیری دینی”م هێنایه گۆرێ. له‌م وتاره‌دا دوای ئاماژه به بارودۆخی کۆمه‌لگای کورده‌واری و هه‌لسه‌نگاندنی له ته‌ک کۆمه‌لگا دراوسێکانی فارس و تورک و عه‌ره‌ب گله‌ییم له نوخبه‌کانی روناکبیران و سوننهتێکان کرد که یان به خۆیانه‌وه خه‌ریکن یان له دژی یه‌کتر. ئاگایان له کۆمه‌لگا نیه. ئاره‌زوم کردوه له ناو کوردستانی ئێران رۆشنبیران وا وه‌به‌رچاو بێن که نیگه‌رانی هوییه‌تی کوردانن و سه‌ر به‌خۆ بیر ده‌که‌نه‌وه و هێما رۆژئاوایه‌کان به موتله‌ق نابینن و وه‌ک ته‌جروبه‌یه‌کی به‌شه‌ری چاویان لێده‌که‌ن. له حه‌وزه‌ی بیر و ئه‌ندیشه لاساکهرهوه و مه‌سره‌فی نین به‌لکو خولقێنه‌ر و داهێنه‌رن. ئایین به یه‌کێک له بنه ماکانی پێناسه و هوییه‌تی کوردان ده‌زانن و نایزرێنن. له گه‌ل ئه‌مه‌شدا له ره‌خنه‌گرتنی بێ ره‌حمانه‌ی دینداری فقاههتی و باوه‌ردارانی سوننه‌تی غافل نین. له نێوان روناکبیرانی ته‌قلیدی و بیرمه‌ندانی سوننه‌تی رێگای سێهه‌م ده‌خه‌نه پێش چاوی کۆمه‌لگای کوردستانی ئێران. داواشم له‌م دو لایه‌نه کردوه له باتی تیرۆری که‌سایه‌تی ئه‌م روناکبیرانه ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌یان خۆش ده‌وێ و له‌م خۆشهویستێدا راستگۆن و که‌مترین دلسۆزیان بۆ کوردستان هه‌یه پێویسته به پێشوازی هاتنه ئارای ئه‌م روناکبیرانه‌ی رێگای سێهه‌م برۆن. هه‌روا نوسیموه: ره‌نگه بتوانن کاتی هاتنی ئه‌م لایه‌نه وه‌دوا بخه‌ن یان ره‌وره‌وه‌یان شل که‌نه‌وه به‌لام ناتوانن پێشی بگرن چونکو نیازێکی نه‌ته‌وایه‌تیه. پێنج سال دوای هێنانه ئارای ئه‌م وتاره هه‌ر له سه‌ر بروای خۆم ماوم و پێم وایه بوونی ئه‌م به‌شه روناکبیرانه ئێستاکه حاشا هه‌لنه‌گره. هیوادارم “تضاد” و ڕقه‌به‌رایه‌تی نێوان تیپه جۆراجۆره‌کانی روناکبیرانی کورد ئێمه زیاتر به‌ره‌و دمۆکراسی و پێکه‌وه‌ژیانی شارستانیانه ببات.
پ: له مێژودا که‌سانێک توانیویانه ببنه هێما بۆ روناکبیر، به چه‌شنێک له به‌رامبه‌ر مێژودا سه‌ر بلیند بن، که‌سانێک وه‌ک سوقرات،مه‌نسوری حه‌لاج، گالیله و دریفوس و…، ئایا روناکبیری ئێمه‌ی کورد، له به‌ستێنه‌کانی فه‌رهه‌نگ، سیاسه‌ت، کۆمه‌لگادا ده‌توانێ رۆلێکی وه‌ها بگێرێ؟ به گشتی کاری روناکبیری کورد له به‌ستێنی سیاسه‌ت، فه‌رهه‌نگ و کۆمه‌لگادا چیه؟
به‌داخه‌وه تاکوئێستا روناکبیری ئاوامان نه‌بوه که ببێته هێمای خوێندکارانی گه‌له‌که‌ی چ بگا هێما بوون بۆ گهلانیتر. بۆ وێنه ئێستا له ئێران سروشمان هه‌یه که نێوی له نێوان 100 روناکبیری هه‌لبژێردراوی جیهاندایه. عه‌ره‌به‌کانیش چه‌ن که‌سایه‌تیان له‌م لیسته دایه. ئاگام له تورکه‌کان نیه. تاکو ئێستا کورد نه‌یتوانیوه له‌م به‌ستێنه‌دا خۆی بنوێنێ و قامکی بۆ رادێردرێ. هۆی چیه؟
یه‌کێک له گرینگ‌ترین هۆیه‌کانی نه‌بونی ده‌وله‌تی کوردیه. بونی ده‌وله‌ت له‌م ئیشانه‌دا کاردانه‌وه‌ی زۆره. ئه‌گه‌ر سروش کوردبا یه‌کێک ده‌بو وه‌ک مه‌ریوان وریا و ئه‌بوبه‌کر عه‌لی، نێوی نه‌ده‌چوه نێو لیسته نێو نه‌ته‌وه‌یه‌کان. هۆیه‌کی دیکه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ کۆمه‌لگای کورده‌واری. ئێمه‌ی کورد کۆمهلناس و کۆمهلناسیمان تێدا لاوازه، فه‌یله‌سوفمان هه‌ر نیه، حه‌وسه‌له‌ی فه‌لسه‌فه‌مان نیه، سه‌بور و گهرۆلی زانین نیین، ریسک ناکه‌ین و خولیای دۆزینه‌وه و وردبونه‌وه نین. نه‌ک هه‌ر له بازنه‌ی بیر و ئه‌ندێشه‌دا، له کاروباری رۆژانه‌دا، له وه‌رزێری و کشت و کاڵ و سه‌نعه‌تکاری و…شدا ئه‌م ره‌خنه‌مان له‌سه‌ره. عاشقه ئه‌سپ و ئه‌سپ سوارین، خاوه‌نی باشترین نه‌ژادی ئه‌سپین، به‌لام شوێنێکی په‌روه‌رده‌کردن و چاکسازی ئه‌سپمان بۆ داناندرێ، نه‌ژادی ئه‌سپی کوردی خه‌ریکه له‌به‌ین ده‌چی ئه‌گه‌ر له‌به‌ین نه‌چووبێ. کانگای بهیتو باو و حه‌یران و لاوکین چوار به‌یتمان بۆ کۆناکرێته‌وه، خوا ئوسکارمانی ئالمانی عه‌فو کا که نه‌ی هێشت بهیتهکانمان وه‌ک حه‌یران و لاوکه‌کانمان له ناو بچن. چه‌کدارێکی که فیشه‌کدانی راست و چه‌پ به‌ستوه، گۆرانی بێژێکی که هه‌رچی ده‌یلێ نایلێته‌وه، شاعیرێکی که به ده‌ست و پێ و ئیحساس و شیعر هه‌ستمان ده‌بزوێنێ( له گه‌ل رێز و حورمه‌تی زۆرم بۆو خۆشه‌ویستانه) لای ئێمه به‌رچاوتره، به حورمه‌ت تره له روناکبیرێک. سه‌یر ئه‌ویه ئه‌گه‌ر کۆر و کۆبونه‌وه‌یه‌کی روناکبیریش ده‌گیرێ له به‌ر نیسێی مۆسیقا و گۆرانیدا به‌ڕێوه ده‌چێ. حازرین رۆژانه چه‌ن کاته‌ژمێر هه‌لپه‌رین، گوێ له موسیقا راگرین، چاو له شاشه‌کان ببرین، به فیرۆ کات رابوێرین به‌لام چرکه ساتێک ناتوانین گوێ رایه‌لی وتارێکی روناکبیری بین یا کتێبێک بخوێنینه‌وه. مچورکێکمان پێدا نایا ئه‌گه‌ر ته‌واوی ژیانمان هه‌ر مه‌سره‌ف بکه‌ین، له خواردن و خواردنه‌وه، له سه‌یاره و کاره‌با، له بیر و بیرکردنه‌وه، و رۆژێک بۆلای به‌دیهێنان و ته‌ولید نهروێن. هه‌ر کۆمه‌لگایه‌ک زه‌وێکه که شیاوی شین بونی گول و به‌رهه‌مێکی تایبه‌ته. شوره‌کات هه‌ر شۆره‌ی لێ شین ده‌بێ.
ئایا کۆمه‌لگای کوردی شورهکاته؟ زه‌وێکی خانی و حاجی و نالی و ئیبنو خه‌له‌کان و بێتوشی و ئیبنولحاج و قزلجی و دینه‌وه‌ری و به‌تلیسی و ئامێدی و سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر و هه‌زاران به‌رهه‌می به‌نرخی پێشکه‌شی کۆمه‌لگای به‌شه‌ری کردبێ چۆنه بۆته شۆره‌کات. ئیمام موحه‌مه‌دی غه‌زالی یه‌ک له ده نوسه‌ری گه‌وره‌ی شارستانیه‌تی ئیسلامیه، وته‌یه‌کی به ده‌نگ و ناوی هه‌یه: ئایینی ئیسلام له سه‌ر سێ کۆڵه‌که وێستاوه، دینه‌وه‌ری – ئامێدی – شاره‌زوری. هه‌ر سێ کۆڵه‌که کوردن. نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌ر سێ کۆڵه‌که‌ی شارستانییه‌تێک له سه‌ر خاکی ڕوابێ، چۆن بۆته شۆره‌کات؟ چۆن کردیانه شۆره‌کات و کێ کردیه شۆره‌کات؟ بۆ کرا به شۆره‌کات؟ چۆن ئه‌م زه‌ویه پر پیت و به‌ره‌که‌ته، بۆ بازنه‌ی شارستانیه‌ک له حه‌وت شارستانی گه‌وره‌ی جیهان، کرا به جاڕ؟ بۆ وایان کرد نه‌وه‌کانی ئه‌م که‌سایه‌تیه نێونه‌ته‌وه‌یانه، باب و باپیری خۆیان نه‌ناسن، ته‌نانه‌ت قیزیشیان لێیان هه‌ستێ؟ لێره‌دا جوابی ئه‌م به‌شه‌ی پرسیاره‌که دێته گۆڕێ که: به گشتی کاری روناکبیری کورد له به‌ستێنی سیاسه‌ت، فه‌رهه‌نگ و کۆمه‌لگادا چیه؟
به‌ر له هه‌مو شت به پێوه‌ستی ده‌زانم دوپاتی که‌مه‌وه روناکبیر جیاوازه له ته‌ک نوسه‌ر و شاعیر و مامۆستا و سیاسه‌توان و… .هه‌ر کۆمه‌لگایه‌ک چه‌شنی مهخروتێکه. خواره‌وی به‌ده‌نه‌ی کۆمه‌لگایه، لای سه‌ره‌وه‌ی که‌سایه‌تێکانی تایبه‌تن چه‌شنی نوسه‌ر و مامۆستای زانستگاکان و شاعیران و رۆژنامه نوسان و مامۆستایانی ئایینی ههلکهوتو و وه‌رگێران و… ، نوکی مهخروتهکه رۆشنبیرانن که تاقمێکی به شومار زۆر که‌من. مه‌خروتی کۆمه‌لناسی کوردستانی ئێران تاکو ئێستا نه‌کێشراوه‌ته‌وه.
روناکبیری کورد، له‌م به‌شه‌ی کوردستان، پێویسته له خوێندنه‌وه‌ی دوباره و چه‌ند باره‌ی کۆمه‌لگای خۆی ده‌س پێ بکا، خۆی بناسێ، یانی مه‌عریفه‌ی نیسبه‌ت به جیهان و مێژو و جڤات هه‌بێ، خۆی له ته‌قلید و لاساکردنه‌وه بپارێزێ، له گه‌ل که‌لک وه‌رگرتن له ته‌جروبه‌ی روناکبیرانی رۆژئاوا خۆی له هه‌یمه‌نه‌ی به هێزی ئه‌وان رزگار بکا، به تایبه‌ت له هه‌یمه‌نه‌ی چه‌پی مارکسی. خۆی له تێکه‌لاوی کاری سیاسی و حیزبایه‌تی و ده‌سه‌لات بپارێزێ، به چاوی ره‌خنه گرانه بروانێته گشت لایه‌کی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌لایه‌تی و ئایینی و…، ره‌خنه گرێکی بێ به‌زه‌ییانه. بخوێنێته‌وه، هه‌ر بخوێنێته‌وه. خۆی له مهر مێژو و کۆمه‌لگای کوردی به به‌رپرس دانێ، عاشق و خولیای خوێندنه‌وه و پرسیار و توێژین و لێکۆلین و ریسک کردن بێ، ترسه‌نۆک نه‌بێ و هاوکات به‌رده‌وام خۆفێکی له دل دابێ،نازانم بلێم خۆف له چی له هه‌له؟ له خه‌یانه‌ت؟ له ههلخلیسکان؟ له قه‌زاوه‌تی مێژو؟ له خودا؟؟؟
نازانم له مه‌ڕ چ کردنی روناکبیری کورد چی دیکه بنوسم. زۆر شت شک ده‌به‌م. به‌لام خۆ ناکرێ و ئه‌و توانایه‌شم نیه هه‌مو شته‌کان بێنمه سه‌ر کاغه‌ز….
پ: وه‌ک ده‌زانن ئه‌م ته‌وه‌ره زۆر باس هه‌لده‌گرێ، به‌لام له کۆتایی پرسیاره‌کانمدا ده‌مه‌وێ بپرسم، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له چه‌ن خالدا خه‌ساره‌کانی بزوتنه‌وه‌ی روناکبیری کورد ده‌سنیشان بکه‌ین، جه‌نابتان چۆن پێناسه‌ی ده‌که‌ن؟
هه‌ر وه‌ک جه‌نابت فه‌رموت ته‌وه‌ره‌ی روناکبیری و روناکبیران باسێکی قول و دورو درێژه. پێم وایه به یه‌ک جار و دو جار و نوسینی چه‌ن لاپه‌ره و بلاو کردنه‌وه‌ی وتارێک کۆتایی نایا. روناکبیری گرینگ‌ترین باسی ئه‌ورۆی کوردستان به تایبه‌ت کوردستانی ئێرانه. له به‌ر ئه‌وه‌ی کرانه‌وه‌ی ئه‌م باسه کرانه‌وه‌ی ده‌رگای راستێکانه. باسێکی خه‌ته‌رناکیشه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر باسه‌که به‌لارێدا بروا یان له رێگادا ون بێ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی کێشه‌کانی دیکه‌ی کورد ده‌بێ و ئه‌وانیش له رێگادا گوم ده‌کا یان به لاڕێیان ده‌با. ئه‌گه‌ر هه‌تاکو ئێستاش زۆربه‌ی کێشه‌کانی کورد ماونه‌ته‌وه یه‌کێ له هۆیه‌کانی بارودۆخی رۆشنبیری کوردی بوه. به‌ڵام له‌و هه‌له که‌ڵک وه‌رده‌گرم و ئاماژه‌یه‌کی به په‌له به بیروڕای خۆم ده‌که‌م. خه‌سارناسی به مانای پاتۆلۆژی بزوتنه‌وه‌ی روناکبیری ده‌بێ له سێ ره‌هه‌نددا باس بکرێ. یه‌که‌م خه‌سارناسی روناکبیران، دوهه‌م خه‌سارناسی بزوتنه‌وه‌ی روناکبیری، سێهه‌م خه‌سارناسی گوێدێران و گوێ رایهڵانی روناکبیران. دیاره ئه‌م باسه دوروو درێژه و له به‌ر گرینگی وتاره‌که پێویسته به تایبه‌تی وتووێژ و موجاده‌له‌ی له‌سه‌ر بکرێ. به‌ڵام ئاماژه به چه‌ن ره‌خنه له رۆشنبیر و رۆشنبیری ده‌که‌م که نیشانه‌یه‌کی خه‌سارناسی پێوه دیاره:
1- روناکبیری کورد خۆی به بزوتنه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ ناناسێ. چه‌شنی دیارده‌یه‌کی سه‌ر به‌خۆ موعامه‌له له ته‌ک خۆی ناکا. خۆی له قالبی شتانێکی دیکه ده‌رده‌خا. بۆ وێنه له شیعر، له هه‌لسورانی حیزبی، یان رۆژنامه‌نوسی خۆی پێناسه ده‌کا. له کوردستانی ئێران که‌سێکمان نیه که وه‌ک سروش یان ئه‌رکون یان ئیدوارد سه‌عید یان چامسکی شۆناسی روناکبیری ببێت. بۆیه‌ش جاری وایه به شاعیرێک ده‌کوتری روناکبیر که‌چی له دیوانهکهیدا شیعری وا ده‌بینی که تاریکی لێ هه‌لده‌قولێ. یان هه‌لسوراوی ته‌شکیلاتێک که به روناکبیر ناسراوه و ناوی دهرکردۆ که‌چی ههلسو که‌وتی رامیاری و ته‌شکیلاتی وا ده‌گرێ سه‌رسورماو ده‌بین. هیوادارم له داهاتویه‌کی نیزیکدا له ناو خوێندکاران و حوجره‌کاندا تاقمی روناکبیری سه‌ربه‌خۆ و حیرفه‌ی ههلقولێ.
2- روناکبیری کورد روناکبیری ده‌ر هاته له وهرگێردراوهکانه. له کوردستان زانستهکانی ئینسانی و کۆمه‌لناسی و فه‌لسفی ئێجگارتر له ئێجگار لاوازه، یان هه‌ر نین. بۆیه‌ش روناکبیر په‌نا ده‌باته سه‌رچاوه وه‌رگێراوه‌کان(تهرجومهکان)، نه‌ک وه‌ک یاریده و ته‌جروبه، به‌لکه وه‌ک ته‌نیا سه‌رچاوه و زانستی فێربون. ئه‌م سه‌رچاوانه‌ش هه‌لقولاوی مێشکی کۆمهلناس یان فه‌یله‌سوفێکه که کۆمه‌لگاکه‌ی و ئینسانه‌کانی له ته‌ک کۆمه‌لگا و ئینسانی کورد جیاوازیان زۆره. کۆمه‌لگایه‌کی که تێره له سه‌ربه‌خۆیی و ئیش و ئازادی و مافی مروڤ و قه‌یرانه‌کان ته‌نگه‌یان پێ ههلنهچنیوه چۆن ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی کومهلگایهکی که به وته‌ی روناکبیرێکی نه‌ناسراوی کورد (به فارسی نامه‌ی عاشقانه ده‌نوسێ، به عه‌ره‌بی له‌به‌ر خوای ده‌پارێته‌وه، به تورکی موعامهلاتی ده‌کا) . نازانم چۆن نوسخه‌یه‌کی که روناکبیری فارس یان ئالمانی بۆ جنسی مێینه‌ی ده‌نوسێ بۆ ژنی کورد کارایی ده‌بێ. ده‌ره‌کی بونی سه‌رچاوه‌کانی فێربونی روناکبیری هه‌ر گه‌لێک خه‌سارێکی گه‌وره‌یه. ئه‌م دهرهکێش فه‌رق ناکا رۆژئاوایی بێ یان بۆچونی روناکبیره‌کانی فارس و تورک و عه‌ره‌ب. چۆن ده‌کرێ ئه‌زمونی خۆرئاوا له ماڵی کوردی‌دا، به ورد و درشتێهوه، دوپات بکرێته‌وه. روناکبیر کار له‌سه‌ر ئینسان و کۆمه‌لگا ده‌کا، ئینسان خۆ وزه و ئاسن و داروبه‌رد نیه.
3- روناکبیر له کوردستانی ئێران له‌سه‌ره‌تای له‌دایک بون تا مردنی ده‌لێی ته‌نیا یه‌ک باژێری هه‌یه که ده‌بێ پێیدا بروا. له خوێندنه‌وه‌ی چه‌ن کتێبی تایبه‌ت ده‌س پێده‌کا، هه‌وه‌ل فه‌له‌که و مه‌یدان که ده‌ی گاتێ دژایه‌تی له‌گه‌ل ئیسلامه. له حاله‌تێکدا 100% کوردی ئێران موسولمانن. له وێرا ده‌گاته باژێرێکی ئیدئولۆژیک و حیزبایه‌تی. به‌ر له روخانی دیواری به‌رلین ئیدهئۆلیژی مارکسی بو. باسی سوسیالیسم، ماتریالیسم، کرێکار، مافی گه‌لان، سۆڤیه‌ت، چین، ئیستالین، مائۆ و…دا‌غ بو. دوای روخانی دیواری به‌رلین باسی دمۆکراسی، مۆدرنیته، پۆست مۆدیرنیسم، هیرمنۆتیک، مافی مرۆڤ، مافی ژنان، فۆکۆ، هانتینگتۆن و… دا‌غ بۆه، هه‌ر چه‌ن له لای تاقمێک ئێستاش سۆسیالیسم و کرێکار گه‌رمایی هه‌ر ماوه. که فه‌له‌که‌ی پیری تێپه‌راند ده‌گاته باژێری باسی چڕ و پڕی کوردایه‌تی و بیره‌وه‌ری نوسین. دوای مه‌رگیش ئه‌گه‌ر له گه‌ل رێکخراوه‌که‌ی مابێت و دۆستانی وه‌فاداری ببێت و بارودۆخ ئیزن بدات سه‌ره‌خۆشی گهرمو گور و پڕ له وتار و شیعر و حه‌ماسه له مزگه‌وتێک بۆی داده‌ندرێ. ده‌نا به بێ ده‌نگی کۆتایی پێ دێت. ئه‌مه له باری ژیانی رۆژانه‌یه‌تی، له باری بیر و هزریش یه‌ک ره‌هه‌نده. له حالێک‌دا یه‌که‌م هێمای روناکبیری فره ره‌هه‌ندیه.
4- تاکه و یه‌کتر ته‌حه‌ممول ناکه‌ن. من پێموایه روناکبیری کورد ئه‌گه‌ر تێکه‌لاوی رێکخراوهیهکیش ده‌بێ هه‌ر تاکه(ره‌نگه یه‌کێک له ڕیشه‌کانی نه‌بونه یه‌کی رێکخراوه‌کان و هه‌ڵایسانی شه‌ڕه‌کانی براکوژی ئه‌مه بێ). بۆیه له ماوه‌ی نیزیک 30 سال که کاری حیزبی بڤه بۆت روناکبیران له کوردستانی ئێران به تاکی ماونه‌وه. هاتوو چۆی یه‌کتر ناکه‌ن، یه‌کتر ناناسن، بیروڕا ناگۆرنه‌وه، به یه‌کتری رازی نین. به ده‌گمه‌ن پێکه‌وه کۆ ده‌بنه‌وه. زوو توڕه ده‌بن و ده‌تۆرێن. دو کاته‌ژمێر ناتوانن پێکه‌وه موجاده‌له بکه‌ن. له کاتێکدا له به‌رامبه‌ر رۆژئاوا دوچاری خۆ به که‌م زانینێکی ترسناک بوونه‌ته‌وه و مه‌فتوونی هه‌موو شتێکی ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌لگایه، له به‌رامبه‌ر یه‌کتر و کۆمه‌لانی خه‌لک هه‌ست به به‌رزی خۆیان ده‌که‌ن.
5- سیاسه‌ت زه‌ده‌ن. وای لێ هاتوه روناکبیر ئه‌گه‌ر سیاسی نه‌بێ به روناکبیر ناناسرێ. به‌م هۆیه‌شه‌وه‌یه که وتاره‌کانی کۆمه‌لناسی و فه‌لسه‌فی و … نامۆن. کۆبونه‌وه‌کانی سیاسی به ساکاری پێک دێن له هه‌مان کاتدا کۆبونه‌وه له مهر مێژوناسی و باسی ئینسان و… هه‌ر پێک نایا. ئه‌گه‌ر باسی مافی ژنان یان مافی مرۆڤ ده‌کری باسه‌کان زۆرتر سیاسین تا ئیستراکچری. هه‌ر ئه‌م بۆشاییه‌ش بۆته هۆی ئه‌مه که روناکبیری کورد به هاسانی بۆ لای حیزبایه‌تی رابکێشرێ.
6- روناکبیری کورد ره‌خنه‌گر نیه. ره‌خنه‌گری هێمایه‌کی گرینگ و به‌رچاوی بزاڤی روناکبیریه. به بێ روحیه‌ی ره‌خنه‌گری تاک نابێته روناکبیر. پسپۆرێکه، شاعیرێکه، مامۆستایه‌کی زانستگا یان حوجره‌یه. ئه‌گه‌ر جاروباریش ره‌خنه ده‌گرێ، به تایبه‌ت له ئیسلام، ره‌خنه نیه زۆرتر هێرشه.
7- رۆشنبیری کوردستانی ئێران له فه‌زای گشتی دوره، نوسین به ئه‌رک نازانیه، خولقێنه‌ری بیر و هزر نیه، توانایی خویندنه‌وه‌ی واقیعی نیه، نیگه‌ران نیه، توانای ره‌خنه وه‌رگرتنی نیه، عه‌وداڵی زانین و گه‌ڕان و دۆزینه‌وه نیه(به تایبه‌ت له ڕابوردو و مێژوی خۆی) و…………..
8- و 9 و 10 و….
{jcomments off}