"an independent online kurdish website

jamil_ahmedikkk لە جەرگەی خەباتی بێپسانەوەی نەتەوەی کورد لە بۆ رزگاری نەتەوەیی و ئازادی، کەم نین مرۆڤگەلێکی هەڵکەوتوو و دیار کە لە شوێن و ىڕگە جیاوازەکاندا جڵەوی ئەم کاروانەیان لە دەستدا بووە و هەرکام بە تایبەتمەندیگەلی خۆیان بەرخۆدانیان لە رێگەی راستدا رێنوێن کردووە.

 هەروەک لە خوێندنەوەی مێژووماندا دەردەکەوێ، ئەم کەڵە پیاو و شۆڕە ژنگەلە لە جێی خۆیاندا داستانگەلێکن لە فیداکاری و لێهاتوویی، بەڵام ئاسایی دەبێ کە هەر بەڕێزێکیان بە پێی توانا و لێهاتوویی شەخسی و لەبار بوونی بارۆدۆخی دەورو پشتییان ئاستێکی تایبەت لە شوێندانەرییان تۆمار کردبێ. ئەم  ئاستە جیاواز و فرەچەشنە لە تەنیشتی هەمووی سەرکەوتن و ناکامیەکانمان خەرمانێکن لە تەجرێبە کە خوێندنەوە و پێداچوونەوەیان بۆهەر تاکێکی رێبوار و درێژەپێدەری رێگەی ئازادی و رزگاری کوردستان زەرەوورەتێکی بەرچاو و حاشاهەڵنەگرە.

دوکتۆر ئەوڕەحمان قاسملوو یەکێ لەو رێبەرە مەزنانەی نەتەوەکەمانە کە حافزەی هاوچەرخمانی تەژی کردووە لە بیرکردنەوە و تامەزرۆیی. بیرکردنەوەیەک کە ئاوێتەیە لەگەڵ قووڵبوونەوە لە کەسیەتی خودی خۆی وەک رێبەرێکی هەڵکەوتوو و لە هەمان کاتدا وانەیەک بۆ دۆزینەوەی رێگاگەلی پێشەوەچوون لە خەبات و گەیشتن بە ئامانج.

وەک ئاماژە درا، کردەوەگەلی ڕیبەرانمان هەرکام لە جێ خۆیاندا وانەگەلێکی مەزنن بۆ فێربوون. ئەمە لە کاتێکدایە قوولبوونەوە  و خوێندنەوەیەکی ئاوەها کە لایەقی باڵای رێبەرێکی مەزن بێ، موتاڵایەکی ورد و چەند رەهەندییە کە هەر رەهەندێکی پێویستی بە کات، لێهاتوویی و کەرەستەی تایبەتە، ئەمەش بە بێگۆمان لە چوارچێوەی وتارێکی کورت و سەرپێیدا نەدەگونجێ. نەگونجاوییەک کە نووسەری ئەم دێڕانە دەیزانێ و باوەڕی پێیە و بە بێ هیچ ئیدەعایەک لە مەبەستی هەنووکەیی ئەم نووسراوەیشدا بە دووەەیدا ناچێ. بۆیە ئەم نووسراوە تەنیا بە مەبەستی ورووژاندنی بابەتێکی گرینگ و بەبیرهێنانەوەیەک دەبێ لە سەری ڕێز و وەفا بۆ تەمەنێک لە زانست و خەباتی ئەم رێبەرە شۆرشگێرە.

یەکێ لەو رەهەندگەلە کە لە خوێندنەوەی کەسیەتی سیاسی شەهیدی هەرگیز نەمر د. قاسملوودا بەرچا و گرینگە، چەمکی رێبەرییە. رێبەر بە واتا زانستییەکەی و بە شێوەیەکی گشتی بریتیە لە شەخسییەتێکی هەقیقی یان یاسایی کە کارتێکەر دەبێ لەسەر لایەنگران و هۆگرانی و بە هرووژاندنیان لە کەش و هەوایەکی خۆویستانە و ئاگایانەدا دەرفەتگەلێکی لەبار دەرەخسێنێ بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەت. هەروەک لەم پێناسەدا دیارە ئەرکەکانی رێبەر سنوورەکانی پێناسەی کەسی رێکخەر کە بە کورتی بریتیە لە پێوەندیەکی فەرمی و ئۆرگانی لە نێوان رێکخەر و ئەنداماندا تێدەپەرێنێ. بەڵام ئەمەش ناوێ لە بیر بکەین کە رێکخەر دەتوانێ هاوکات لە کاراکتێری رێبەریشدا خۆ بنوێنێ.

بەم پێناسە کورتە وەک دەروازەیەک بۆ چوونە ناو باسەکەمان لە درێژەدا تێدەکۆشین تایبەتماندیگەلی هەڵس و کەوتی کاک د. قاسملوو وەک رێبەرێکی بلیمەت بێرینە بەر باس و شرۆڤە.

رێبەر دا‌‌هێنەر و خاوەن بیرۆکەیە، مەند نامێنەتەوە و بەدوای گۆران و نوێ بوونەوەی بەردەوامدایە. هەر ئەم تایبەتمەندییەی وای لێدەکا رەخنەگر و رەخنەوەرگر بێ. لە پاش پێشەوای نەمر قازی، وەک دامەزرێنەری حیزبی دیمۆکرات، دوکتۆر قاسملوو بە رێبەرێک دەناسرێ کە گیانێکی تازەی داوەتە حیزب. لە راستیدا ئەو ناوبانگە مودێڕنەی حیزبی دیمۆکرات، زیاتر لە هەر کاتێک لە سەردەمی هاتنەوە و بەدەستەوە گردتنی سوکانی ئەم حیزبە لە لایەن د. قاسملوو را بەرجەستە دەبێتەوە. ناوبانگێک کە زیاتر لە هەر شتێ بە داڕشتنی پێرەو و پرۆگرامێکی سەردەمیانە و تیۆریزە کردنی کاکڵیی ئەم پرۆگرامە لە چوارچێوەی سۆسیالزمی دیمۆکراتیکدا بەستراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەش بەردەوامی لە پراکتیکی خەباتی کوردایەتی و پاراستنی سەربەخۆیی برێاردان قورساییەکی پتری پێ دەدا. بێگومان هەمووی ئەم خاڵانەی کە باسی کرا، بە بێ لە بەرچاوگرتنی نەقشی بنەمایی قاسملوو وەکوو رێبەرێکی لێهاتوو و داهێنەر نەدەکرا. بۆیە لە ژێر کارتێکەری ویدا بزووتنەوەی کوردستانی هاوکات لەگەڵ دەوڵەمەندتر بوونی لە باری تیۆریدا، بووبوو خاوەن روشنبیرییەکی خۆماڵیتر و بەهێزتر و بە ئەو تایبەتمەندیگەلەی بەدەستی هێنابوو زۆر زیاتر لە جاران لە پانتایی جیهانیدا ناسێنرا.

بە خوێندەنەوەی رەوتی پێشەوەچوونی هزر و ئەندیشەی نەمر قاسملوو، ڵێکۆڵەر بە سانایی تێدەگا ئەم رەوتە هەڵکشانێکی بەردەوام و ئاوێتەی گۆڕان بووە. هزری قاسملوو بە خێرایی سنوورکانی ئایدیۆلۆژیای زاڵی سەردەم تێدەپەڕێنی و مۆرکێکی شەخسی، رەخنەگرانە و خۆپەرێز لە بەستراوەیی دەگرێتە خۆی و لە روومەتدا ئارستەیەکی کوردانەتر پەیدا دەکا. وەک لە مێژووی حیزبیشدا دیارە ئەم تایبەتمەندیەش بەزوویی و بەزۆری لەژێر کارتێکەری راستەوخۆی ئەودا لە بەرنامە و پراکتیکی سیاسیی حیزبدا بەرجەستە دەبێتەوە و وەک یەکێ لە سەرەکیترین بایەخگەلی سیاسی جێگیر دەبێ.

وەک نایێر بیرمەندی رێکخروەکان دەڵێ: “تا کاتێ هێز (مەبەست لایەنی هێز یان قودرەتی نێو رێکخراوەییە) بیری زاڵی رێبەر بێ، پێیگەیشتن بە ئاستێکی بەرزتر لە ستاندارگەلی رێبەری نامۆمکینە. رێبەر دەبێ خزمەت کردن بە بنەما بگرێ. ئەگەرچی هێز لەگەڵ رێبەریدا دێ، بەڵام تەنیا کەڵکی رێگەپێدراوی ئەم هێزە، خزمەت کردنە.”(راسیل و ستۆن،٢٠٠٢، ل١٤٥) سێ فاکتەری توانای ئاکادیمی، شۆرشگێڕی و هەڵسووڕی عەمەلی و هەبوونی لێهاتوویی ئەخلاقیی رێبەری لە کەسیەتی قاسملوودا، پاڵنەری بوون تاکوو لێهاتوویی پتری هاوڕێانی خۆی بە یارمەتیدەری خەبات بزانێ. کەسێ بوو نە تەنیا ترسی لە پێگەیشتنی ئەویتر نەبوو، بەڵکوو سەنگەر بە سەنگەر بە دوی شۆرشگێڕانی شیاوی بە ئاکادیمی بووندا دەگەرا و دەستی یارمەتی و پاڵپشتی بۆ درێژ دەکردن. قاسملوو تەنیا ریبەرێکی خزمەتڤان نەبوو، ئەو هاوکات لەگەڵ خزمەتڤانیدا رێبەرێکی گۆڕانخواز بوو. ویستی شەخسی خۆی فیدای بەرژەوەندیی گشتی دەکرد. دەیزانی کە لە رەوتی خەباتی درێژخایەن و توندوتێژدا مومکینە گەلێک کەسایەتی لێهاتوو قوربانی ببن، بۆیە زیاتر لە هەر کەرەستەیەکی دیکە بایەخی بە ئەندامانی رێکخراوەکەی و کۆمەڵگای کوردەواری دەدا. هەر لەم رێگەیەشدا هەوڵی بێوچانی پەروەردەکردنی تاک بە تاکی ئەندامان بوو. باوەڕی راستەقینەی وابوو کە ئەو ئەندامانە بڕبڕەی پشتی ریكخراوەکەین. لە ئاست کۆمەڵگا و نەپچڕاندنی پێوەندیی حێزب وخەڵکدا، وەک لە جێگایەدا بیستراوە دەڵێ: ئێمە|حیزب| وەکوو ماسین و خەڵکی کوردستانیش گۆمی ئاون، هەروەک دیارە ماسی بە بێ ئاوا ناژیت. ئەم بایەخدانانەی ناوبراو دەرئەنجامی وەڵام دانەوەی ئەرێنی کەسانی دەورو پشتی لێ دەکەوتەوە، بۆیە هەستی نزیکایەتی و کارتێکەری قاسملوو لە کاراکتێری رێبەریدا چەند ئەوەندە بەرزتر دەکردەوە و لە ئاکامدا کردەوەو ئاخاڤتنی قاسملوو کارتێکەرییەکی قوولتری لە سەر ئەندامانی حیزبی و کۆمەڵانی خەڵک دادەنا و تا ئیستایشی لەگەڵدا بێ بیرو هزری قاسملوو جەزەبە و ورووژێنەری تایبەت بە خۆی لە دەست نەداوە.

بەرێوەبەری؛ پێوەندییەکی هەرەمییە لە نێوان رێکخەر و ئەندامگەلی رێکخراودا، بەڵام رێبەری؛ نێوانگەرمییەکی دەروونی و ورووژێنەرە. قاسملوو رێبەریکی رێکخەر بوو. بۆیە پێوەندی نێوان ئەو و هاورێیانی لە حیزبدا، پێوەندییەکی تێکلاو بوو لە چەشنی هەردووک مێتۆدی ئاماژە پێکراو، ئەگەرچی لایەنی پێوەندی دەروونی لە کەسیەتی قاسملوودا قورسایی زۆرتری هەبوو. ئەو پتر لەوەیکە فرمان بدا، بەرامبەری بە قەناعەت دە‌هێنا. لەکاتی دەربڕینی بیرو ڕادا و دەرک بە گرینگی گۆرانکارییەک، دەستی نەدەدایە بە زۆر قبوولاندنی بۆچوونەکەی، بەڵکوو تێدەکۆشا گرینگیەکانی ئەو بۆچوونە بۆ بەرامبەری روون بکاتەوە. لە کاتێکدا ویستی سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک ببێتە ئامانجی دوارۆژی حیزب، بە نووسینەوەی “کورتە باسێك لە سەر سۆسیالیزمی دیمۆکراتیک” بۆچوونەکانی خۆ شیکردەوە و بە نرخی چەند کۆنگرە چاوەڕوانی ملکەچی ئیرادەی ئەندامانی حیزبی بوو.

رێبەر بە پێ تایبەتمەندیگەلی تاکەکەسی؛ وەکوو تایبەتمەندیگەلی رەفتاری و توانا زانستییەکانی، کاراکتەرێکی کردەوەگەرای هەیە، واتە کردەوە خولقێنە و لە پرۆسەی پێشەوەچووندا دەستەوەستان نامێنێ و لە زۆربەی حالەتەکاندا پێشی رەوتی رووداوەکان دەکەوێ و ئاڵترناتیوگەلی تایبەتی هەر قۆناخێک لە پێش چاو دەگرێ.

د. قاسملوو، بە شەهادەتی نێزیک بە تەواوی هاوڕێیانی، شۆرشڤانێکی خولقێنەر بوو. لە پرۆسەی خەباتی سیاسیدا دوگم نەبوو و هەموو ئامرازگەلی خەباتی لەبەرچاو دەگرت و لە کاتی خۆیدا بەگەڕی دەخست. پێداگرییەکی تایبەتی لە سەر بەردەوامی خەبات و تووش نەکردنی  بە نەجووڵان و “ئاشبەتاڵی” دەکرد. “…ئێمە، رێبەرایەتی حیزبی ئێمە، هەر لە سەرەتاوە  زۆر بە سەراحەت رایگەیاند کە لە مێژووی حیزبی ئێمەدا ئاشبەتاڵ جێگای نیە و نابێ تکرار بکرێ. … کە دەڵێین ئاشبەتاڵ نابێ، حەتتا ئەگەر ئەو دەوڵەتانە |ئێران وئێراق| رێک کەوتن، ئێمە دەبێ خەباتی خۆمان درێژە پێبدەین.” (تاڤگەی هەقیقەت بەرگی یەکەم) هەروەک لە کتێبی مێژووی حیزبی دێمۆکراتیشدا هاتووە، د. قاسملوو لە بەرەبەرەی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧دا، بە لێکدانەوەیەکی درۆست و بەجێ، پێشبینی رووخانی رێژیمی پاشایەتی دەکا و داوا لە هاورێیانی سەرکردایەتی حیزبی دێموکرات دەکا کە بگەرێنەوە نێوخوی وڵات. لە هەقیقەتدا بڕیاردانی دروست واتە بڕیارێکی پشتبەستوو بە لێکدانەوەیەکی زانستی ، ئەویش لە کاتێکدا چارەنووسی کەسانێکی دیکە لە دەستتدا بێ، کارێکی هێندە سانا نیە. ئەمە یەکێ لەو تایبەتمەندییە هەر گرینگانەیە کە پێناسەی رێبەری  پێدەکرێ و رەنگە زۆرێشمان نەوتبێ ئەگەر بڵێین فاکتەرێکە رێبەرێک دەخولقێنێ.

قاسملوو لە ئێش و ئازەر و ناتەواویەکانی نەتەوەکەی تێگەیشتبوو، هەربۆیە لە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچاندا بوو بۆ بنبڕ کردن یان لانیکەم کەمکردنەوەی ئەم گرفتانە. ئەگەرچی چارەسەری یەکجاری لە نەهێشتنی دەسەڵاتی بێگانەدا و زاڵ بوونی گەل بە سەر چارەنووسی خۆیدا دەزانی، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش لە پێداویستیگەلی هەنووکەیی و نێوخۆیی بۆ چاکسازی بێ ئاگا نەدەمایەوە. لە گەرمەی شۆرشی ساڵی ٥٧ دا و ساڵانی پاشتری لەکاتێکدا هەموو کەرەستەکانی بە کاریزما بوونی قاسملوو لەبەردەستدا بوو، پرنسیپەکانی وەلا نەنا و بە هەموو توانایەوە دژایەتی تاک پەرەستی کردە ئامانجی خۆی. کاتێک لە کۆبوونەوەی بەرینی شاری مەهاباددا خەڵک لە دەوری گردبوونەوە و درۆشمی بژی قاسملوویان خستە گەروو، زۆر بە روونی پەیامی خۆی ئاشکرا کرد و دژی وەدووکەوتنی تاک وەستایەوە و دۆست و دژمنی ئاگادار کردەوە کە قاسملوو بۆ گەیشتن بە دیمۆکراسی مەیدانداری خەبات دەکا و لەو پێناوەشدا یەکەم قوربانی بەرژەوەندیە شەخسییەکانی خۆیەتی. “خوشک و برایانی خۆشەویست! لە بیرتان نەچێ، دیارە مانگێکە چاومان بە یەکتر نەکەوتووە، بازە شتێکتان لە بیر چووە، یەکێک لەوانە ئەوەیە شوعاری ئێمە هەر “درود بەر دێموکرات”ە، فەردپەرەستی لە حیزبی دێموکراتدا نابێ ببێ. فەردپەرەستی بە زەرەرمان تەواو دەبێ.” (تاڤگەی هەقیقەت بەرگی یەکەم)

– ئەگەرچی بە کاریزما و ئوستوورە بوونی قاسملوو بە تایببەتی پاش شەهید بوونی بابەتێکیترە کە لێکدانەوەی لە دەرفەتی ئەم نووسراوەدا نەدەگونجێ.-

هەروەک لە پێشەکیدا ئاماژە کرا، وردبوونە لە شێواز و تایبەتمەندیگەلی خەباتی نەتەوەکامان بە تایبەت فێربوون لە ئاوێنەی کرداری رێبەرانی سوورخەڵاتی گەلەکەمان یەکێ لە بەنرخترین سەرمایەکانمانە کە دەتوانێ رێگا چارەی زۆرێک لە گرفتگەلمان پێ نیشان بدا. هونەری قاسملوو لە شۆرشڤانی، دیپلۆماسی و رێبەری و هتد. سەرەڕای کەم بوونی سەرچاوەی نووسراو، بە پێی دوور نەبوونی سەردەمی ژیانی پربایەخی، دەرفەتی لێکۆلێنەوە و تگەیشتن لە واقیعێکی هەستپێکراو و جێگای متمانەتری ماوە. بە باوەڕی نووسەر کاک د. قاسملووی شەهید، رێبەرێکی مۆدێرنە کە خۆێندنەوەی کرداری سیاسیی و تەنانەت داستانی ژیانی شەخسی سەرمەشقێکی چەند رەهەندی دەخاتە پێش چاوی نەوەی کۆن و نوێمان. بۆیە سەرەڕای بە فێرۆ چوونی دەرفەتە پربایەخەکان، بە پێ پێداویستی هەنووکەیمان، بە تایبەت لە ئێستای قەیرانباری بزووتنەوەماندا و بە حۆکمی لوژیک، با لە ساڵیادی شەهید بوونی رێبەرانماندا دوور بکەوینەوە لە “مەرسیە خوانی” و بە کەرستەی مۆدێرن یاد و رێگایان بەرز و پیرۆز راگرین.

jamil.ahmady@gmail.com


{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی