"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان: کاک ناسر لەم بەشەی بەرنامەکەی دا، زۆر شت دەڵێ کە دڵی بینەران و هەروەها هەوادارانی خۆی دەڕەنجێنێ و حیزبەکانی رۆژهەڵات بە نان خۆری یەکیەتی و پارتی دەزانێ و تاریفی موفتی زادە دەکات و نەمر قاسملوو بە کۆچکردوو و لە گەڵ کاک عەبدوڵا بە ئیدامەی شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکڕات تاوانبار دەکا.naser-rezazi-rudaw

 

لەم بارەوەش بۆچوونی 2 کەسمان لە فەیسبووک وەرگرتووە

بۆ کاک ناسری ڕەزازی

لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)ی ڕووداو کە لە ڕێکەوتی (02/12/2014)دا بڵاوکرایەوە، سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا باسی ئەوەتان کرد: “ئێمە کۆمەڵێک کوردی ڕۆژهەڵاتین بە حزب و بە کەسایەتییە تاکەکانیشەوە نانخۆری پارتی و یەکێتین.” تکایە، بەو ڕستەیەدا بچۆوە و ڕاستی بکەوە!

قوربان! “نانخۆر” و “کار” دیواری چینیان بەین. کار بریتییە لەوە کە کۆمەڵە کەسێک “هێزی ماسووڵکە” یان “توانای فکری”ی خۆیان بە خاوەن کار دەفرۆشن و لە بەرانبەردا (مووچە) وەردەگرن. واتایەکی “نانخۆر”یش بریتییە لەوە، کە کۆمەڵێک تەوەزەل لە ماڵەوە لێی پاڵدەدەنەوە و هیچ کارێک ناکەن، بەڵام لە شوێنێکی گەرمەوە “بژێوی”ی ژیانیان بۆ دابین دەکرێت.

بە دەیان و سەدان کوردی ڕۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان مامۆستای زانکۆ، خوێندکار، نووسەر، وەرگێڕ، ڕۆژنامەوان، فرۆشیار و کرێکارن. ئەوان بە گیان و دڵەوە لەو بەشەی وڵاتەکەیاندا کار دەکەن و مووچە وەردەگرن، هەروەها لە پێشکەوتنی وڵاتدا دەوریان هەیە و جێ پەنجەشیان دیارە، لەبەر ئەوە ئەوانە “نانخۆر” واتە (مفتەخۆر) نین! ئەمانە خەڵکێکی بە توانا و لێهاتوون، کە تەنیا بە زەبری (کار) و (ماندووبوون)ی خۆیانەوە سەربەرزانە دەژین و چاویان لە دەستی کەس نییە!

نانخۆر” ئەو ژمارە ڕۆژهەڵاتیانەن، کە بە سامانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە، خانوویان بۆ دابین کراوە، پاسەوانیان هەیە، ماشێنیان پێ داون، شەوانەش خوانێکی ڕەنگینیان بۆ دەڕازێننەوە، مانگانەش دراوێکی باشیان دەدەنێ و ساڵانەش سەردانی ئەوڕووپای بۆ دەکەن. ئەم “نانخۆر”انە لە هەندێک لە شوێنە تایبەتەکان لە هەولێر، دووکان و دەوروبەری سلێمانیدا لێی تخێڵ بوونە. هەر ئەم “نانخۆر”انەن (ئەو تەوەزەلانەی کە بە ڕابردووە دەژین و منەت لەسەر سەری ئەم خەڵکە دەکەن) کە بەشێک لە سامانی هەرێمی کوردستان هەڵدەلووشن و، هەر ئەوانیش بەشێکن لەو گەندەڵییە کە بەربینگی بە هەرێمی کوردستان گرتووە.

(تۆش وەکو هەر تاکێکی کۆمەڵگە، (ماف)ی خۆتە (نە زیاتر و نە کەمتر) ڕای خۆت دەرببڕی و ڕەخنەش بگریت. منیش بەرگری لە (ماف)ی تۆ و ئەوانی تریش دەکەم. سەرەکیترین بنەمای دیموکراسی، ئازادیی ڕادەربڕینە. هەر حزب، گرووپ یان تەنانەت تاکێکیش ئەوە نەزانێت، هیچ شتێک لە دیموکراسی و کۆمەڵگەیەک کە شایانی مرۆڤ بێت، نازانێت.)

قه ره نی قادری

 

 

هەڵە زەقەکانی کاک ناسر :

١- بەر لە شۆڕشی گەلانی ئێرانیش دوای کۆماری کوردستان، کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵەکانی 46 و 47 شۆڕشی کردوە و ئەو شۆڕشە بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات بوو و بە سەدان شۆڕشگێڕیشی کردە قوربانی و دەیان کادری رێبەریشیان لە نێودا بوو، حاشا کردن لەم قۆناغەی مێژوو ، دەبەی کاک ناسر وڵامدەر بێ.

٢- بە قارەمان ناساندنی موفتی زادە، لەراستی دا نە تەنیا قارەمان نەبوو، بەڵکوو بە نوێژی نیوەڕۆیە خۆی تەسلیمی خومەینی کرد و هەوڵی دامرکانەوەی شۆڕشی دا و بە خەڵکی دەوت کە بەرگی خودموختاری لە نیو گیرفانی ناوبراو دایە ، جاشی دروست کرد و ناوی نا هێزی پێشمەرگەی موسلمان و تا ئێستاش ئەو هێزە خزمەت بە کۆماری ئیسلامی دەکات و دەستیان بە خوێنی هەزاران رۆڵەی کرد سوورە .

٣-شەڕی کۆمەڵە و دێموکرات چەندی پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەبوو، چەند قاتی ئەوە ئیدئۆلۆژیک بوو، کۆمەڵە بە ناوی چینی کرێکار و کمونیستەوە لە دژی ناسیۆنالیزمی کورد کاری دەکرد و بە کۆنەپەرست و دواکەوتوو و بۆرژوا ناوی لێ دەبرد و بووە باعیسی شەرێکی ماڵوێرانکەر کە لە ئاکامدا هەر خۆی هاتەوە سەر هەمان رێباز و ئێستاش داوای کوردایەتی دەکات .

 

ڕەشید زەرواوی

….

 

ڤیدیۆ

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی