"an independent online kurdish website

ـ ئەرکێکی تری شەورای مامۆستایان هاوکاریکردنی بەشی پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، بۆ دانانی خولی تەندروستی بۆ بەشێک لە خەڵکی ئۆردووگاFaramarz.Almassy2

و بەشێک لەو مامۆستایانەی ئامادە بوون لەم بوارەدا یارمەتیی باشتربوونی دۆخی تەندروستیی دانیشتوانی ئۆردووگا بدەن. لە کۆتایی ئەو خولە تەندرووستیانەدا بەشداران لە تاقیکارییەکدا بەشداراییان دەکرد و بڕوانامەیان پێ دەدرا. سەیری هاوپێچەی ژمارە ١٥ و ١٦ بکە!

rumadi-xuli-tendrusti-2

ـ ١٥ ـ

هەڵبەت جیا لەم هەوڵە، ئەوان خولی فێرکردنی یارمەتییە سەرەتاییەکانی تەندرووستییان بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایان و کەسانی تریش کردەوە کە ئەوان بۆ خۆیان کومیتەیەکیان بە ناوی کومیتەی پزیشکی (تەندرووستی) پێکهێنا و خزمەتی بەرچاویان بە دانیشتوانی ئۆردووگا کرد.

  

٥ـ ساڵی ١٩٩٢ ئێوە وەک پەنابەر دێنە وڵاتی نورویژ و دوای ٣ ساڵ خولی پێویست بۆ فێربوونی زمان و خۆ ئامادەکردن، تۆ دەست دەکەی بە کاری مامۆستایەتی لە قوتابخانەکانی ئوسڵۆ. دواتر هاوکات لەگەڵ کارکردن هەر لە ئوسڵۆ زانکۆی مامۆستایان تەواو دەکەی و تا ئێستەش لە کارەکەتدا وەک مامۆستا بەردەوامی. بێگومان هەم بە کارکردن و هەم بە خوێندنی زانکۆ، تەجرەبەی باشت لەم بوارەدا کۆ کردووەتەوە. چ جیاوازییەک لە نێوان سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی وڵاتی ئێران لەگەڵ وڵاتی نورویژ دەبینی؟

لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری بێنەرانی ئەم پرۆگرامە لە کوردستان و لە ئێران دەژین یان ژیاون و تا ڕادەیەک سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی ئەوێ دەناسن، من وای بەباش دەزانم زیاتر باسی تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی وڵاتی نورویژ بکەم. بینەران خۆیان دەتوانن ئەم دوو سیستەمە پێکەوە بەراورد بکەن و جیاوازییەکانیان دەستنیشان بکەن.

ـ سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی وڵاتانی ئورووپایی زۆر لێک دەچن. ئەم سیستەمە ڕێزێکی زۆری بۆ بیروڕای قوتابی و دایکوباوکان هەیە و، تا ڕادەیەکی بەرچاو دەرفەت بە دەخاڵەت کردنی ئەوان لە سێستەمی پەروەردە و فێرکردندا دەدا. لەم سیستەمەدا مرۆڤ وەک تاکی کۆمەڵگە جێگەیەکی بەرزی هەیە و خاوەنی زۆر هیز و تواناییە و دەتوانێ پێشکەوتنی زۆر گەورە بە دەست بێنێ، وەک تا ئێستە بە دەستی هێناوە. ئەوەی کە قوتابی و دایکوباوکی هەڵگری چ بیروباوەڕێکی ئایینی هەن یان نە، جێگەی ڕێزە و هیچ بیروباوەڕێک بەسەر کەسدا ناسەپێنرێ. کەس لە بەر بیروباوەڕ و کولتووری جیاواز ناکەوێتە بەر لێپرسینەوە و گرتن و بێڕێزی. ئەمە جیاوازییەکی زۆر زەق و گرنگە بەتایبەت بە نیسبەت قوتابیانی کوردەوە کە لە ئێراندا نەک بچووکترین ڕێزیان لەم بارەوە لێ ناگیرێ، بەڵکوو بە ئاشکراو و شاراوە گەورەترین بێڕیزی و سووکایەتییان پێ دەکرێ.

ـ لێرە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن هەوڵ دەدا ڕێز لە قوتابی بگرێ بۆ ئەوەی بتوانێ بەو ڕێزگرتنە سەرنج و مەیلی قوتابی بۆ فێربوون ڕاکێشێ و دڵگەرمی بکا بە خوێندن و سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و، بەگشتی بە ژیان لە ناو کۆمەڵگەدا. بەڵام لە ئێراندا قوتابی کورد سەرەڕای سووکایەتی و بێڕێزی پێ کران، ناچارە بچێتە قوتابخانە و بۆ وەدەستهێنانی کار و بژێوی بابەتە داسەپاوەکان بە زۆر بتەپێنێتە ناو مێشک و زینی خۆیەوە. 

ـ لێرە قوتابیان داوایان لێ دەکرێ کە ئاڵای وڵاتی خۆیان لە پۆلەکانیاندا هەڵواسن و ئاڵای هەموو وڵاتێک وەک یەک ڕێزی لێ دەگیرێت. هەروەها قوتابیان جلوبەرگ و خواردنی تایبەتی خۆیان لە بۆنەکانی قوتابخانەکەیاندا بە قوتابییانی تر و دایکوباوکەکانیان بناسێنن و شانازییان پێوە بکەن.

ـ ڕێزی بەرانبەر لە جلوبەرگ و زمان و کولتووری هەموو نەتەوەیەک دەگیرێ، بۆ ئەوەی هەموو قوتابییەک هەست بەوە بکا کە پشتگوێ نەخراوە و ڕێزی لێ گیراوە. قوتابییان بە شێوەیەک باردەهێنرێن کە جیاوازی لە نێوان ڕەنگی پێست و موو و زمان و کولتووری یەکتردا ناکەن و هیچ قوتابییەک خۆی لەسەرووی قوتابییەکی ترەوە نابینێ. 

ـ لێرە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن هەوڵ دەدا هەستی یارمەتیدان، یەکیەتیی و مرۆڤدۆستی، ڕێزی بەرانبەر و دژایەتی لەگەڵ هەڵاواردن و لە هەموو گرنگتر ڕێز لە بنەماکانی دیموکراسی لە قوتابییاندا بە هێز بکا بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەکەیان ببنە خاوەن ئەم تایبەتمەندییە باشانە. لەبەر ئەوەی ڕێزگرتن لە دیموکراسی لێرەدا بەشێکە لە پەروەردەی منداڵ و ئەوان هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی ڕادەهێنرێن، دابینکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک زۆر ئاسانتر دەبێتەوە. کەوایە لە لای تاکی ئێرە ڕێزگرتن لە دیموکراسی کارێکی ئاسایی و ئاسانە، بەڵام لای ئێمە کە دەمانەوێ لە تەمەنی گەورەساڵیدا دیموکراسی کۆپی بکەین، کۆپییەکە ناتەواو و سەقەت دەردەچێ و تووشی گرفت دەبین. نەگونجان لەگەڵ دیموکراسی لە کۆمەڵگەی کوردیدا و هەروەها یەکتر قەبوول نەکردن، زۆر گرفتی لە ناو ڕێکخراوە سیاسی و تەنانەت مەدەنییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لێکەوتووەتەوە کە کۆمەڵگەی کوردی بە دەستیەوە دەناڵێنێ و گرووپ و لایەنەکان بەردەوام گلەیی لە یەکتر دەکەن.

ـ ڕێزگرتن لە زمانی دایکی و سەلماندنی ئەوەی کە بەهێزبوونی زمانی دایکی کاریگەریی زۆر ئەرێنی لەسەر فێربوونی زمانی دووەم و سێهەم هەیە. خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی و فێربوون بە زمانی دایکی بنەمایە بۆ فێربوونی زمانی دووەم واتە زمانی فەرمیی وڵاتی نورویژ و، لەلایەن پسپۆڕانی ئەم بوارەوە پشتیوانیی لێ دەکرێ و پارەیەکی زۆری بۆ خەرج دەکرێ. سەرەڕای گرنگی پێدان و ڕێزلێگرتن، وتنەوەی وانە بە زمانی دایکی لە وڵاتی نورویژ بە چەند قۆناخدا تێپەڕیوە، بەڵام بەداخەوە ئیستا لەبەر گیروگرفتی جۆراوجۆر لە هەموو شار و ناوچەکاندا وەک یەک نییە و بە شێوەی دڵخوازی پسپۆڕان ناچێتە پێشەوە.

لە بەرانبەر ئەو هەموو لایەنە باشانەی بۆ قوتابییەکی کورد لە نورویژدا هەیە، قوتابییەکی کورد لە ئێراندا لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە زمانی دایکی لێ قەدەغە دەکرێ و داب و نەریت و تایبەتمەندییەکانی وەک کوردێک بە شێوەی جۆراوجۆر دەکەونە بەر هێرش و بێڕێزی پێکردن. ئەم بێڕێزییە تا ڕادەیەکە کە قوتابی کورد لە ڕووی ناچارییەوە بە خۆی بسەلمێنێ کە زمان و کولتوور و تایبەتمەندییەکانی نەک جێگەی شانازی نین، بەڵکوو نێشانەی دواکەوتوویین و دەبێ بشاردرێنەوە. ئەو منداڵانە هەر لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەوە فێری خۆسانسۆرکردن و درۆکردن و وەڵامدانەوە بە دڵی بەرپرسان دەبن کە ئەمە ئاکامەکەی لە کۆمەڵگەی ئێراندا زۆر زەق و بەرچاوە. پەرەگرتنی درۆ و دووڕوویی و ئاخاوتن بە مەیلی کەس و لایەنی بەرانبەر و خۆسانسۆرکردن، تەنانەت لە هەموو ئێراندا دیاردەیەکی بەرچاو و گشتگرە و فاکتەر و هۆکاری زۆر زیاتر لەمەیان هەیە. لەم بارەوە بەڕێز “حسن نراقی” کتێبێکی بە ناوبانگی هەیە بە ناوی “جامعە شناسی خودمانی ـ چرا درماندەایم”، کە ساڵی ١٣٨٠ تا ١٣٨٧ی کۆچی ـ هەتاوی لە ئێراندا ٢٠ جار لە چاپ دراوەتەوە. خەڵک عەلاقەی زۆریان بەو کتێبە نیشان داوە چونکە گرفتەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی بەباشی دەستنیشان کردووە. بەڵام گرفتێکی تر ئەوەیە کە هەموو کەس پێی وایە ئەو بۆخۆی دەکەوێتە دەرەوەی ئەو ڕەخنانەوە و ئەوە کەسانی ترن کە گرفت بۆ کۆمەڵگە دەخوڵقێنن. پەندێکی نورویژی لەم بارەوە دەڵێ: ئەگەر بەدوای هەڵە و ناتەواویدا دەگەڕێی سەیری دووربین مەکە، بڕۆ بەرانبەر ئاوێنە و لەوێدا بەدوایدا بگەڕێ.

”Ser du etter mangel og feil, ikke se i kikkert men i speil”

ـ زمان هەم ئامرازی دەربڕینە و هەم ئامرازی بیرکردنەوەیە. ئەو منداڵەی زمانی دایکیی لێ قەدەغە دەکرێ، نەک لە باری دەربڕینەوە تووشی گرفت و گرێی دەروونی دەبێ، بەڵکوو لە شێوەی بیرکردنەوە و پلاندانانیش بۆ هەموو کارەکانی و شێوەی جێبەجێ کردنیان تووشی گرفت دەبێ. چونکە قوتابی دەبێ وەڵامی هەر پرسیارێک یان هەر بیر و پلانێک لە مێشکی خۆیدا بە وشەکانی زمانی دایکی داڕێژێ و بیانخاتە سەریەک و دوای ئەوە دەریان بڕێ. لە دەربڕینیشدا دەبێت وەریان بگێڕیتەوە سەر زمانی ڕێگە پێدراو، کە ئەم پرۆسە دڕێژە داسەپێنراوەش بەشێکی زۆر لە کات و تواناییەکانی قوتابی کەم دەکاتەوە. کەم کردنەوەی تواناییەکانیش بەم شێوەیە هەستی خۆ بە کەم زانین و بڕوا بە خۆ نەبوون لای قوتابی درووست دەکات. لە هەموو گرنگتر زمانی هاوبەشی ئەو منداڵانە لەگەڵ دایکوباوکیان گەشە ناکا و زمان وەک ئامرازی دەربڕین ئەوەندە کز دەبێ کە ئەوان بۆ دەربڕینی هەستەکانیان و هەروەها تێگەیشتن لە دایکوباوکیان دادەمێنن و تووشی گرفتی دەروونی دەبن. ئەمە لەلای پسپۆڕانی بواری زمان و دەروونناسیدا بە کارەسات ناو دەبرێ و گەورەترین گرفت بۆ منداڵ و بنەماڵە و دوایی بۆ کۆمەڵگەش دەخوڵقێنێ. بەڵام ئایا دەسەڵاتدارانی ئێران گرفتی تاک و کۆمەڵگەی کورد بە هی خۆیان دەزانن تا خەمی بخۆن؟ جێبەجێ نەکردنی مادەی ١٥ی یاسای بنەڕەتی لە ماوەی ٣٦ ساڵدا کە مافی خوێندن بە زمانی دایکی بە کورد لە ئێران دەدادت وەڵامدەری ئەم پرسیارەیە.

ـ لێرە سیاسەتی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن گرفتەکانی تاک بە هی کۆمەڵگە دەزانێ و گرفتەکانی کۆمەڵگە بە گرفتی هاوبەشی هەموو تاکەکان دەزانێ. هەربۆیە هەوڵ دەدا جیاوازی و هەڵاواردن لە نێوان کەمدەست و دەستڕۆیشتوو کەم بێتەوە و هەژاری و کەمدەستی کەمڕەنگ بێتەوە. بەڵام لە وڵاتی ئێراندا زۆر جار بەرپرس و دەسەڵاتدار لە هەوڵی پڕکردنی گیرفانی خۆیدایە و خەمی خەڵک بە گرفتی خۆی نازانێ. بگرە شانازیش دەکا بەوەی چینی هەژار لە کۆمەڵگەکەیدا درووست بووە و ئەو جاروبارە وەک خاوەن بەزەیی یارمەتی هەژارێک دەدا و خۆی پێوە هەڵدەکێشێ. ئەمە وەک نەریتێکی ناشیرین لە کۆمەڵگەدا جێگیر بووە.

ـ لێرە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن هەوڵ دەدا دەرفەتی وەک یەک بە قوتابییان بدا و ڕێزی وەک یەکیان بۆ دابنێ و تا ڕادەیەک دادپەروەری دابین بکا. لە ئێراندا بوونی جیاوازییەکان بە خواستی خوداوە دەبەسترێنەوە و سەرچاوەی ئایینییان وەک بەڵگە بۆ دەهێنرێتەوە و حاشا لەوە دەکرێ کە مرۆڤەکان و سیستەمی بەڕێوەبەری وڵات بۆ بەرژەوەندیی تاقمێک ئەو نادادپەروەرییانەیان خوڵقاندبێت. هەڵبەت ئەمە تایبەتی ئێران نییە و زۆر وڵاتی تریش دەگرێتەوە.

ـ لێرە پەرەگرتن و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و پەرەگرتنی سیستەمی پەروەردە و فێربوون، گرێدراوی یەکترن و پێکەوە بەستراونەتەوە. کۆمەڵگەیەک کە بیەوێ پێش بکەوێ دەبێ لە بنەڕەتەوە و لە نزمترین پلەی پەروەردەوە، واتە لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێ بکا. من پێم وایە لەم بارەوە کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران و کۆمەڵگەی نورویژ جیاوازیی زۆریان هەیە.

 ـ لێرە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن هەوڵ دەدا زانیارییە بنەڕەتی و پێویستەکان بدا بە قوتابییان بۆ ئەوەی ئامادەیان بکا و کەرەستەی پێویستیان بۆ خۆبەڕێوەبردن لە کۆمەڵگەدا پێ بدا. گرفتەکانی تاک وەک هی کۆمەڵگە سەیر دەکرێن چونکە ئەگەر تاکێک خۆی پێ بەخێو نەکرێت، ئەرکی بەخێوکردنی دەکەوێتە سەر کۆمەڵگە و لەوێوە دەکەوێتە سەر تاکەکانی تر.

ـ لێرە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن ڕێزی وەک یەک بۆ پەیرەوانی هەموو ئایینەکان لە کۆمەڵگە دادەنێ و هیچ ئایینێک بەسەر ئەوانی تردا زاڵ ناکا. تەنانەت ئەو مامۆستایەش کە وانەی ئایینی دەڵیتەوە دەبێ بێلایەن بێ و ڕای شەخسیی خۆی تێکەڵ بە وانەکان و بۆچوونی پسپۆڕان نەکا. منداڵ ناکەوێتە ژێر فشار بۆ ئەوەی ئایینێک وەرگرێ یان وازی لێ بێنێ.

ـ لێرە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن ڕێزێکی زۆر دەگرێ لە مافی مرۆڤ و پرینسیپە بنەڕەتییەکانی دیموکراسی و هەوڵ دەدا قوتابییان هەر لە منداڵییەوە بەم تایبەتمەندییانە گۆش بکرێن و خوویان پێوە بگرن. هەربۆیە کە گەورە دەبن ڕاهێنانی پێویستیان کردووە و ڕێزی بەرانبەر بووە بە  بەشێک لە خوو و نەریتیان، ئەم بەشە لە ئێراندا ئەگەریش هەبێ تێکەڵ بە تەقییە واتە درۆی سپی و درۆ بۆ بەرژەوەندی دەکرێ.

ـ لێرەدا کاتێک کەسێک خوێندنی زانکۆ تەواو دەکا و دەبێ بە کارمەندی ئیدارەیەک، بە بێ لووتبەرزی لە نزمترتن پلەی بوارەکەی خۆیدا دەست بە کار دەبێ و بە هیچ شێوەیەک خۆی بەسەر دەوروبەرەکەیدا هەڵناکێشێ. لە ئێراندا سیستەمەکە جۆرێکە کە کاتێک کەسێک زانکۆ تەواو دەکا، لە بیری خۆیدا خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکا کە هەر کات بوو بە کارمەند تا بۆی دەکرێ لەسەر کورسییەک دانیشێ و ئەمر بە دەوروبەری بکا. لەبەر ئەوەی ئەمری بەسەردا کراوە و شکاندوویانەتەوە، پێچەوانەی مەیلی خۆیشی بێت، هەستی تۆڵەسەندنەوەی لە دەرووندا درووست بووە. لەبەر ئەوەی هەر لە منداڵەییەوە ئەمریان پێکردووە، ئەویش هەم لاسایی سیستەم دەکاتەوە و  هەم تۆڵە دەکاتەوە و ئەمر بە دەوروبەرەکەی دەکا. ئەوەش خەتای ئەو نییە و سیستەمەکە وای بار هێناوە و زۆربەی تاکی کۆمەڵگەکە وایە و  لەوانەیە ئەگەر ئەویش وەها نەبێ کاری ئەستم بۆ بێچێتە پێش. لەمەشدا تاک زۆر خەتابار نییە و پەروەردەی دەستی سیستەمە. ئەو کەسەش لەم دۆخە نالەبارە تێبگا و لە دەسەڵاتدارانی سیستەمەکە تێگەیشتووتر بێ و بیەوێ ئەمە ڕەچاو نەکا یان بیگۆڕێ، دەبێ پێچەوانەی خوڕ و شەپۆلی ڕووبار مەلەم بکا. دیارە جووڵانەوە پێچەوانەی خواستی ئەوانیش ئاکامی نالەباری لێ دەکەوێتەوە کە هەموو مرۆڤێکی تێگەیشتوو ئامادە نییە خۆی بخاتە ئەو دۆخە. لێکۆڵینەوە لەم پرسە، کاری لێزانی ئەم بوارەیە و ئەگەر من لێرە شتێکی بەکورتی لەسەر بنووسم زۆر ناتەواو و کاڵ دەبێ.

ـ دیارە پەروەردەبوون لە دوو کولتووری جیاوازدا، گیروگرفتی بەرچاویشی هەیە کە لەبەر کەمی دەرفەت لێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوو سێ نموونە دەکەم. لە ئاکامی پەروەردەبوون لە دوو کولتووری جیاوازدا، زۆربەی منداڵانی کورد دوو جۆر کەسایەتی لە خۆیان نیشان دەدن، لە ماڵەوە بەو شێوەیەی دایکوباوک و لە دەرەوەش بەو شێوەیەی دامودەزگاکانی کۆمەڵگەکە باری هێناون هەڵسوکەوت دەکەن. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆر دایکوباوکی کورد کولتووری ئەم وڵاتانە ناناسن و چاوەڕوانیی هەڵە یان زیادییان لە منداڵەکانیان هەیە. کاتێکیش منداڵ نەیتوانی ڕێگەچارە ببینێتەوە و خۆی لەژێر فشار و پاڵەپەستۆدا دیت، تووشی درۆکردن و دوو شێوە هەڵسوکەوتی جیاواز دەبێ.

ئەگەر شتێک لە قوتابییەکی نورویژی بپرسی ئەو ڕاست ڕای خۆیت پێ دەڵێ، جا تۆ پێت خۆش بێ یان ناخۆش بێ ئەو بە گرفتی نازانێ، چونکە وەها بارهێنراوە. کەچی قوتابییەکی کورد هەوڵ دەدا وەڵامێک بداتەوە کە تۆ پێت خۆش بێت. ئەمەش بەرهەمی کولتوورەکەمانە کە بەداخەوە ئێستەش لە بنەماڵەدا ڕەچاو دەکرێ و منداڵی ئێمەش لە ئێمەوە فێری دەبێ. بە پێچەوانەی ئێران، لە وڵاتی نورویژدا بۆ فیرکردن و بارهێنانی قوتابی دایکوباوک ئەرکی زۆریان لەسەرشانە و دەبێ بەردەوام لە بوارە جیاجیاکاندا یارمەتیدەری منداڵەکانیان بن. لەبەر ئەوەی دایکوباوکانی کورد ناتوانن بە خێرایی سیستەمی کاروبار و کۆمەڵگەی نورویژ فیر ببن، لە یارمەتیدانی منداڵەکانیان زۆر کەم دێنن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵانی کورد توانایی پێویستیان بۆ درێژەدانی خوێندن نەبێ و لە ئاکامدا بە کار و پیشە پلە نزمەکانی کۆمەڵگە ڕازی ببن. ئاکامێکی تری زۆر ناخۆشی سەرنەکەوتن لە قوتابخانە ئەوە بووە کە بڕێک لە گەنجانی کورد، ئەگەرچی ژمارەشیان زۆر کەم بێ، وەک ناڕازی لە کۆمەڵگەی ئورووپایی دوای پڕوپاگەندەی دەستە و گرووپە ئیسلامییە توندئاژۆکان کەوتوون و لە ئەفغانستان و سووریە و عێراق سەریان دەرهێناوە. سرووشتییە کە گەنجان بەپێی تەمەنەکەیان ئاوات و ئارەزوویان زۆرە و بەشێکیان ئەگەر بۆیان دەست نەدا و نەگەنە ئارەزووەکانیان، ڕێگەی زۆر نەگونجاو و سەختی وەها دەگرنە بەر کە ئاکامەکەی دەتوانێ تیاچوونی خۆیان بێت.

 

چاوەڕوانی بەشی ٥ و ٦ بن!

2015-04-23


 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی