"an independent online kurdish website

پێشەکی لە ناخی دڵمەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کار هاوسەنگەرانی ئەم دوو شەهیدەی دواییمان دەکەم و  زۆر ئینسان ناراحەت و غەمبار دەبێ،

وێنە: روداو

کە رۆڵەی کورد شەهید دەبێ و جەنازەکەشی دەکەوێتە دەست دوژمنانی کورد. لێرەدا سڵاو دەنێرم بۆ روحی پاکی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی‌ کە لە تێکهەڵچوونەکەی ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خەرمانان لە ناوچەی سەردەشت لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا چوونە کاروانی نەمرانەوە .  هەوەها سڵاو دەنێرم بۆ روحی پاکی سەرجەم شەهیدانی گەلی کورد.

من دوای قسەکانی کاک خالید دوو پرسیارم بۆ هاتە پێش و بە ئیمایل ناردم بۆ کاک خالید بەڵام تا نووسینی ئەم چەند دێرە وڵامەکەم بۆ نەهاتۆتەوە و بە دووریشی دەبینم، کاک خالید وڵامەکەم بۆ بنێرێتەوە،  وڵام نەدانەوەی ئیمایل لە لای زۆربەی بەرپرسانی حیزبەکانی کوردستان شتێکی عادیە و زۆر خۆیان بۆ وڵام دانەوەی پرسیارێک کە بە دڵیان نەبوو، ماندوو ناکەن.

من داوای رونکردنەوەم لێ کرد سەبارەت بە خەباتی مەدەنی و وتم ئەوە چۆنە پێشمەرگەتان ناردەوە ، دواتر باسی پرۆژە دەکەن بۆ کۆماری ئیسلامی پرۆژەکەتان چیە؟

هێندە لە مێژ نیە کە کاک خالید وتی بە خەباتی چەکداری یەک گوندیشمان پێ رزگار ناکرێ و لە جێگەیەکی تریش ئەم جۆرە وڵامی روداو دەداتەوە لە سەر خەباتی چەکداری و ئەوە چۆن بوو کاک خالید لە نەکاو بریاڕی گۆڕی.

رووداو: لەو بەربڵاوییە تۆ بەتەنیای، ئەوانی دیكە بڕوایان بە خەباتی چەكداری هەیە؟

خالید عەزیزی: ئێمە 37 ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر خەبات دەكەین، خۆ دەبێت لە شوێنێك ئەنجامێكی هەبێ‌. خۆ ئێمە لە حیزبی دیموكراتی كوردستان خەباتی چەكداریمان وەلانەناوە. كێشەكە لەوەدایە ئەرێ‌ ئەو خەباتە ئێمە بەرەو كوێ دەبات؟ ئایا بەو خەباتە كۆماری ئیسلامی دەڕووخێ‌؟ ئایا بە خەباتی چەكداری ئێمە ئەوەندە سەرئێشە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دروست دەكەین كە ناچار بن وەڵاممان بدەنەوە؟ من دەڵێم ئەوە بە جێگەی خۆی، بەڵام خەباتی مەدەنی لەنێوخۆی وڵات كە كۆماری ئیسلامی زۆر پێی عاجزە، رەنگە ئا لێرەدا وەڵاممان بداتەوە.

کاک خالید لە پرسەی ئەم دوو شەهیدە دا دەڵێ:

هەتا کۆماری ئیسلامیی ئێران بمێنێ و ئەو سیاسەتانەی لە کوردستان بباتە پێش و ئێمەی کورد لە مافەکانمان بێبەش بکا و بیهەوێ لە پەراوێزمان بخا، خەباتی ئێمە و حزووری پێشمەرگاکان و تێکۆشانی مەدەنیمان دەمێنن و هەموو ئەوانەش لە سەر کۆماری ئیسلامی دەبن بە ماڵ.

کاک خالید گوتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە دووی ئەوەدا دەگەڕێ کە ئەو کێشانەی لەسەر نەمێنێ، تەنیا رێگای ئەوەیە گوێ بداتە داخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو پێوەندییەدا پڕۆژەکانی حیزبی دێموکرات ببینێ.

لە سەرودا باسی پرۆژە دەکا و من تا ئێستا پرۆژەی وام نەدیوە و دواتر کاک خالید دەڵێ: هەموو ئەوانەش لە سەر کۆماری ئیسلامی دەبن بە ماڵ، مەبەستی کاک خالید چیە؟   ئەم جینایەتانە دەبنە ماڵ لە سەر کۆماری ئیسلامی؟  ئەی خۆ کاری ئەرکی کۆماری ئیسلامی هەر جینایەت و تێرۆرە  و هەر ئەوش دەبێ.

من لە قسەکانی کاک خالید دا هەڕەشە بەدی ناکەم، بەڵکوو نەوعێک پاڕانەوە دەبینم .

هیوادارم ئەگەر کەسێک پرۆژەکەی لایە بۆم بنێرێ با بزانین پرۆژەکە چیە؟ .

کاک خالید هەمیشە باس لەوەش دەکا، دەبێ یەک گرتوو بین، دێمۆکراتەکان دەبێ یەک بگرنەوە بەڵام دوای ئەوەی بۆ جاری سێهەم بووە سکرتێر ، هیچ هەوڵی یەکگرتنەوەی نەداوە و تەنیا لە قسە تێ نەپەڕێوە، دەلیلەکەشی بۆ ئەم  کارەی زۆر لاوازە، بۆ نموونە لە تازەترین دیمانەی دا  لە گەڵ ماڵپەڕی ئاوێنەدا دەڵێ:

ئاوێنە: ئایا ئۆمیدێك هه‌یه‌ به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ر دوو حزبی‌ دیموكرات؟

عەزیزی: پڕۆسەی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دوو قۆناخی تێپەڕاند. قۆناخی یەکەم عادی بونەوەی هاتوچۆ و پێوەندییەکان وئاڵ و گۆڕی بیر و ڕا و تا ڕادەیەک پێس وەچونیشی بە خۆیەوە بینی، بەڵام لە گەرمەی ئەو پرۆسەیەدا لایەنی سکرتێری حدکا، بە بڵاو کردنەوەی کتێبێک و باس کردنەوەی دووبارەی کێشەکانی پێشوو، بە داخەوە ئەو پڕۆسەیان لەبار برد. سەرەڕای ئەوە سەروبەندی کۆنگرەی ئێمە بە ئاڵ و گۆڕ کردنی پەیام بۆ یەکتر، ئۆمیدی ئەوە دەکرا کە پڕۆسەکە دەست پێ بکاتەوە. بەڵام بەداخەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا دیسان لایەنی حدکا بە دانی بەیانیە و قسەکردن لە دژی ئێمە بۆ جاری دووهەم بە کردەوە ئەو پڕۆسەیان بە شکست گەیاند. بەڵام من ئێستاش لەو باوەڕدام نابێ کۆڵ بدەین و دەبێ وتووێژەکان دەست پێ بکەینەوە.

 

 

دەقی قسەکانی کاک خالید لە یادی ئەم دوو شەهیدە نەمرەدا ، وەرگیراو لە کوردستان و کورد

خالید عەزیزی: پێشمەرگە نێو خەڵکی دەوێ و خەڵکیش بەبێ پێشمەرگە ناژی

08/09/2016

کاک خالید عەزیزی لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی‌دا ڕایگەیاند ڕێگای شەهیدانمان درێژەی هەیە.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی شەهیدبوونی ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی کە لە تێکهەڵچوونەکەی ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی خەرمانان لە ناوچەی سەردەشت لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا چوونە کاروانی نەمرانەوە، ڕێوڕەسمێکی پێکهێنا.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی خەرمانان بە بەشداریی زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو، لە نیزیکەوە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدانی تازەی حیزب هاوخەمی کرا و یاد و بیرەوەریی ئەو شەهیدانە بەرز ڕاگیرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە خوێندنەوەی سروودی ” ئەی شەهیدان” دەستی پێکرد، کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وتارێکی پێشکێش کرد و لە سەرەتای قسەکانیدا بە ئاماژە بە مێژووی قوربانیدانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و کاروانی دوور و درێژی شەهیدانی حیزب گوتی: هەر وەک ڕێبەرانی شەهید و لەسەروو هەموویانەوە پێشەوا قازی محەممەد هیوای دەخواست کە ئێمە بە شێوەیەکی دیموکڕاتیک و بێ خوێنڕشتن و خوێنڕژان بە مافەکانمان بگەین، ئێستاش من ئارەزوو دەکەم هەرگیز شەهیدمان نەبێ، بەڵام کاروانی خەبات و تێکۆشانی ئێمە بۆ جێخستنی مافەکانمان و شەڕ و کێشەمان لەگەڵ رێژیمێکی دڕندەی وەک کۆماری ئیسلامییە و بەداخەوە ڕەنگبێ لە داهاتووشدا ئەو کاروانە درێژەی هەبێ.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ڕێگای شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی درێژەی دەبێ، بەڵام رێبوارانی ڕێگای ئەو دوو شەهیدە تازەیەمان هەر هاوسەنگەرانیان لە نێو حیزبی دێموکڕات نین کە جموجۆڵی نیزامییان دەبێ یان لە نێوخۆی وڵاتدا حزووریان دەبێ و شەهید دەبن، ڕێبوارانی ئەو شەهیدانە لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دان، هەموو ئەوانەی ڕۆژانە لە نێو خۆی وڵات خەبات و چالاکیی مەدەنی دەکەن و مل بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دانانەوێنن، لە زیندانەکاندا لە بەرامبەر فشار و ئەشکەنجەدا خۆڕاگرن و سەربەرزانە بەرگری لە حیزبەکەی پێشوا و ماف و داوای نەتەوەکەیان دەکەن، هەموو ئەو تێکۆشەرانەی وڵات کە هەوڵ دەدەن لە دەرفەتەکان کەلک وەربگرن و لە کۆماری ئیسلامیی قەبووڵ نەکەن؛ هەموو ئەوانە ڕێبوارانی ڕێگای ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی و شەهیدانی دیکەی کوردستانن.

کاک خالید عەزیزی گوتی خەباتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان فرە چەشن و فرە ڕەهەندە، ئێمە دەتوانین پێکەوە بە چالاکیی پێشمەرگانەمان تێکەڵ بە چالاکیی مەدەنی و ڕێکخراوەیی لە نێوخۆی وڵات لەگەڵ ئەو تێکۆشەرانەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبنە دەنگی خەڵکی ڕژهەڵاتی کوردستان؛ بە هەموومان کاروانی خەباتمان بەهێزتر بکەین و بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵێین هەتا زوڵم لە دژی ئێمە مابێ خەباتی ئێمەش بەردەوامە.

بەڕێزیان گوتی دەتوانین بە هاوکاری و هاوپێوەندیی هەموومان زیانەکانی ئەو تێچووە کەم بکەینەوە و هەموو ئەوانە بکەین بە ورەیەکی لە بن نەهاتوو لە خەباتێکی جەماوەرێی بەهێز لە نێوخۆی وڵات، بۆ ئەوەی لە نێوخۆی وڵاتدا کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا بێنین.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەڕژایە سەر چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو ناو و ناتۆرانەی لە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکڕاتی دەدەن. کاک خالید عەزیزی گوتی دەمێک ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێ خەڵک و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە یەک داببرێ، بەڵام کاتێ دەبینێ خەڵکی کوردستان هەموو کاتێ پێشمەرگەیان دەوێ و پێشمەرگەش بەبێ خەڵکەکەی ناژی، هەوڵی داوە خەباتی کورد و حیزبی دێموکڕات چەواشە بکا.

کاک خالید عەزیزی گوتی ڕێژیم لە زوودا حیزبی دێموکراتی سەر بە ئەمریکا و سەر بە ڕۆژاوا دەناساند، ئێستاش کە پێشمەرگەکانی دێموکڕات بە حزووری خۆیان لە نێو خەڵکدا کۆماری ئیسلامییان نیگەران کردوە و هیوا و هۆمێدیان لە دڵی خەڵک هاویشتۆتەوە، تۆمەتی بەسراوەیی بە عەڕەبستان و ئێرە و ئەوێمان لێدەدا.

بەڕێزیان لە درێژەدا گوتی هۆی سەرەکیی خەبات و حزووری پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات ڕاست کۆماری ئیسلامییە، نەک عەڕەبستان و ئەمریکا و ئیسڕائیل. ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە بارودۆخێک پێکدێنێ کە خەڵک خەبات و تێکۆشانیان هەبێ و تێچووی قورسی چالاکییەکانیان بە دژی ئەو رێژیمە بدەن، نەک دەوڵەتانی دەرەوە. خەباتی کورد لە ئێران بۆ مافەکانی و تێکۆشانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان مێژوویەکی ٧١ ساڵەی هەیە و ئەو ڕۆژەی کە حیزبی دێموکرات دامەزرا هەندێ لەو وڵاتانەی ناوچە هەر بوونیشیان نەبوو، بۆیە مێژووی حیزبی دێموکڕات، نفووزی ئەو حیزبە و جێگە و پێگەی لە کۆمەلگای جیهانیدا هەمیشە بۆ کۆماری ئیسلامی جێی نیگەرانی بووە.

کاک خالید عەزیزی هەر لەو بەشە لە قسەکانیدا پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە هەتا کۆماری ئیسلامیی ئێران بمێنێ و ئەو سیاسەتانەی لە کوردستان بباتە پێش و ئێمەی کورد لە مافەکانمان بێبەش بکا و بیهەوێ لە پەراوێزمان بخا، خەباتی ئێمە و حزووری پێشمەرگانەکان و تێکۆشانی مەدەنیمان دەمێنن و هەموو ئەوانەش لە سەر کۆماری ئیسلامی دەبن بە ماڵ.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی ئێمە بەپێی سیاسەتەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە لە نێو ئێمەدا بوونەتە بنەما، بایەخ و باوەڕ؛ بە نیسبەتی هەرێمی کوردستان هەست بە بەرپرسایەتیی نەتەوەیی دەکەین، سەرکەوتنی خەبات لێرە و گەیشتنی هەرێی کوردستان بە لوتکەی جێخستنی مافەکانیان بەشێکە لە پڕۆژە و بەرنامەی حیزبی دێموکڕات و پێی توانای خۆی کاری بۆ کردوە و کاری بۆ دەکا، بۆیە بۆ جارێکی دیکەش پێداگری دەکەینەوە کە هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشەکان لە نێوخۆی وڵات و لە سنوورەکان کۆماری ئیسلامییە نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و نە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

کاک خالید گوتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە دووی ئەوەدا دەگەڕێ کە ئەو کێشانەی لەسەر نەمێنێ، تەنیا رێگای ئەوەیە گوێ بداتە داخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو پێوەندییەدا پڕۆژەکانی حیزبی دێموکرات ببینێ.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سەرکەوتنی دوژمنانی ئێمە، سەرکەوتنی پڕۆژەکانی ئەوان لە دژی کورد لە نەبوونی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و هەروەها نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردە. بۆیە دڵنیام ئێمە حیزبە سیاسییەکان ئەگەر هەماهەنگی و هاودەنگی و هاوخەباتیمان لەگەڵ یەکتر هەبێ، دەتوانین ئادرەسێکی بەهێز لە پرسی کورد لە ئێراندا دروست بکەین.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کاک حەسەن خۆشکەلام ژیاننامەی شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانیی خوێندەوە و کاک ئەحمەد قادری، پێشمەرگەی شاعیر لە وەسفی پێشمەرگەدا شێعرێکی پێشکێشی بەشداربووان کرد.

وتووێژی پێشووتری کاک خالید لە روداو ، وک خۆی

خالید عەزیزی: نابێت بە هەڕەشەی وڵاتان بۆ سەر ئێران دڵخۆش بین

لەلایەن هیوا جه‌مال 11/6/2016

رووداو – هەولێر

خالید عەزیزی یەكێكە لە سەركردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، رایەكی جیاوازی هەیە لەبارەی رووخاندنی كۆماری ئیسلامی و خەباتی چەكداری لە دژی رژێمی دەسەڵاتدار لەو وڵاتە. بیروڕاكانی ئەو گفتوگۆیەكی گەرمی لەنێو حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و خودی حیزبەكەشیدا دروستكردووە. سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) لەم هەڤپەیڤینەدا كە شەوی هەینیی داهاتوو لە تەلەڤزیۆنی (رووداو) بڵاودەبێتەوە، روونی دەكاتەوە چۆن خەباتی سیاسی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكرێت، بۆچی بڕوای بەوە نییە كە نابێت كورد هەوڵی رووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران بدات؟

رووداو: ئێوە دروشمی رووخاندنی كۆماری ئیسلامیتان وەلاناوە، پێتانوایە كە دەبێت راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاری سیاسی لەگەڵ ئەو حكومەتە بكرێ‌؟

خالید عەزیزی: پێموایە ئەو دروشمە دروشمی كورد نییە لە ئێران. لەبەر چەند هۆیەك، یەكەم: لایەنێك كە دەیەوێ‌ دەوڵەتی ناوەندی بڕووخێنێ‌، دەبێت بۆ خۆی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات بێت، بەڵام كورد ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات نین. دووەم: خەبات و تێكۆشان و جوڵانەوەی ئێمە بۆ مافەكانی خۆمانە، هەر لەو پەیوەندییەدا هەر كەسێك لە تاران جیاواز لە ماهیەت و نێوەڕۆك و سیاسەت و بە چ ئایدۆلۆژییەك و بە چ پرۆژەیەكی سیاسی پێناسە دەكرێ‌، ئامادەیی نیشان بدات بۆ چارەسەری كێشەكانی ئێمە، دەبێ‌ ئەو وەك لایەنی بەرامبەر یان موخاتەبی خۆمان دابنێین. سێیەم: بیرۆكەی فیكری سیاسی رووخاندنی دەسەڵاتی ناوەندی لە كەناڵی حیزبە ئێرانییەكانەوە هاتووەتە نێو جوڵانەوەی كوردی ئێران.

رووداو: بەڵام لەنێو حیزبەكەی خۆشتدا بیروڕای جیاواز هەیە، سەركردەتان هەیە پێیوایە دەبێت ئەو دەسەڵاتە بڕووخێت. ئەگینا ئەو حكومەتە ناتوانێ‌ مافی كورد بدات؟

خالید عەزیزی: ئەوە بابەتی كورد نییە بەدوای رووخاندنی حكومەتدا بڕوات. ئێمە باشترین سیناریۆ ئەوە دادەنێین كە كۆماری ئیسلامی ئێران یان نەمێنێ‌ یان ئەوەندە لاواز بێت، یان ئاڵوگۆڕێكی بەسەردا بێت، بوار بۆ سەركەوتنی دۆزی كورد دروست ببێ‌، بەڵام ئەوە بە یەك سیناریۆ پێناسە ناكرێ‌. هەموو ئەو حاڵەتانە تەنیا ئەگەرن، بۆچی؟ چونكە سەرەڕای تێكۆشانمان ئەو وەزنە قورسەمان نییە كە نەخشەڕێی سیاسی داهاتووی ئێران دیاری بكەین. بەو دەلیلەیە كە من زۆرتر دووپات لەسەر دروستكردنی زەمینە بۆ تەرحكردنی داخوازییەكانمان دەكەمەوە.

رووداو: ئەو داخوازیانەی تۆ تا چەند وەڵامی هەبووە لەلایەن حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە؟

خالید عەزیزی: وەزیفەی ئێمە ئەوە نییە قەناعەت بە تاران بهێنین، وەزیفەی ئێمە ئەوەیە كە ناچاربن مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە بێ‌. ئێمە حكومەتێكی پاشایەتیمان تاقیكردووەتەوە، حكومەتێكی ئیسلامیمان تاقیكردووەتەوە، هیچ گرەنتییەك نییە حكومەتی دوای كۆماری ئیسلامی ئێرانیش، سیاسەتەكانی بگۆڕێ.

رووداو: بەڵام هەر ئەو رژێمەی ئێران قاسملۆ و شەرەفكەندی لە كاتی گفتوگۆدا تیرۆر كردووە، چ باوەڕێكت بەو حكومەتە هەیە لەگەڵی بچیتە سەر مێزی گفتوگۆ؟

خالید عەزیزی: ئەم حكومەتە هیچ زەمینە و ئامادەسازییەكی نییە بۆ گفتوگۆ، بەڵام ئەوەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین ئەوەیە كە هەموو هێلەكەكانمان نەخەینە نێو سەبەتەیەك. وەزیفەی ئێمە ئەوەیە كە لەو شوێنانەی ئەو حكومەتە زۆرتر دەتوانێ‌ زەرەر ببینێ‌ یان خۆی ناچار ببینێ‌ و گۆڕانكارییەك لە سیاسەتی خۆیدا بكات، با ئێمە لەو شوێنانە زۆرتر كار بكەین. لە ماوەی 37 ساڵی رابردوودا هەر حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بووە مەیدانی شەڕی بۆ ئێمە دیاری كردووە.

میتۆدەكان و شێوازی بەربەرەكانێی ئەو لەگەڵ ئێمە، وای كردووە ئێمە هەر وەڵامی بدەینەوە. هەمیشە ویستوویەتی ئێمە لە ناوچەیەك كە كوردستانە و ئەو بە جوگرافیایەكی ئەمنیەتی پێناسەی كردووە، وەڵامی بدەینەوە. زۆرتر بەدوای دروشمدا بڕۆین لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران. ستراتیژی ئەو ئەوە بووە كە ئێمە لە كۆمەڵانی خەڵك دووربخاتەوە و بڵێ‌ كێشەی كوردی ئێران كێشەی حیزبە سیاسییەكانە دەنا خەڵك كێشەیەكی نییە. من دەڵێم با كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر مەیدانی شەڕمان بۆ هەڵنەبژێرێ‌، منیش بۆ خۆم بێمە ئەو گۆڕەپانە، لە ئەنجامدا ناچار بەوە ببێ‌ كە چۆن هەڵسوكەوت بكات.

رووداو: بەڵام هاوڕێكانی خۆشت بڕوایان بەو پێشنیازەی تۆ نییە، بۆچی؟

خالید عەزیزی: لە رابردووشدا لە نێو حیزبی دیموكرات تەنەوعاتێك لەسەر ئەو بۆچوونە هەبووە. دەمەوێ‌ ئاماژە بە دوو سێ‌ شتی قاسملوو بكەم. لەشەڕی سنەدا دكتۆر قاسملوو دەیگوت ئەگەر رۆژێك شەڕ درەنگ بكەوێ‌، كورد دەیان رۆژی قازانج كردووە. دوای ئەوەی گەڵاڵەی یەكەمی گفتوگۆ لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران سەری نەگرت و ئێمە وەك دەستەی نوێنەرایەتی خەڵكی كورد بە تایبەت شەخسی دكتۆر قاسملوو رێگەچارەی دیكەی دەدۆزییەوە، دروشمیان لە دژی دەگوتەوە و بە سازشكاریان مەحكوم دەكرد. بەدوای ئەوەدا هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر درا كە دیسان شەڕ دەستپێنەكاتەوە دكتۆر قاسملوو دەچێت لە ڤیەننا گفتوگۆ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی دەكات. زۆر لایەن تەنیا لایەنی ئەمنیەتی ئەو بابەتە دەبینن و دەڵێن دكتۆر قاسملوو كەمتەرخەم بووە، بەڵام لەوە ناپرسن بۆ دكتۆر قاسملوو گفتوگۆی لەگەڵ ئێران دەكرد. بەبڕوای من دكتۆر قاسملووش بە لێكدانەوەی خۆی گەیشتبووە ئەو باوەڕەی كە كۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا مەیدانی شەڕی بۆ ئێمە هێشتووەتەوە و هێزی ئێمەش لەبەرامبەر ئەوان نابەرامبەرە.

رووداو: تاوەكو ئێستا توانیوتە مەیدانێكی ئاشتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دروست بكەی؟

خالید عەزیزی: ئێمە دەبێ‌ مەیدان دروست بكەین، مەیدانەكەش ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی ئێران رووبەڕووی ملیۆنەها كورد بكەینەوە، با ئێران تەنیا خۆی رووبەڕووی حیزبی دیموكرات و چەند سەت پێشمەرگەیەك نەكاتەوە. دەبێ‌ گۆڕانكارییەك دروست بێ‌. یەكێك لە گۆڕانكارییەكان ئەوەیە واز لەو بۆچوونە بهێنین كە هەر كەسێك پێشمەرگە بێت، یان لە ریزی حیزبەكانی خۆماندا بێت، شۆڕشگێڕە، كوردێكی نیشتیمانپەروەرە و حەتمەن دەبێ‌ دروشمی رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بدات. با ئەوە قبووڵ بكەین، خەڵكێكی زۆر لە ئێران خەباتی مەدەنی دەكەن، چالاكی یاسایی دەكەن، لە نێو پەرلەمانی ئێراندا بەدوای دەرفەتەكاندا دەگەڕێن. سوود لە بۆنەكانی وەكو نەورۆز دەبینن. چالاكی ژینگەیی دەكەن. ئەم جۆرە چالاكیانە كە ئەگەر ناو و ناتۆرەیان بۆ دروست نەكرێ‌، ئێمە مەیدانەكەمان بە جۆرێك گۆڕیوە كۆماری ئیسلامی رووبەڕووی خەڵكەكە ببێتەوە. بەداخەوە ئەو جۆرە میتۆدانە لە نێو حیزبەكاندا بەهێز نەبوون.

رووداو: تۆ هەشت ساڵ لەمەوبەر لە رۆژنامەی (رووداو) ئەم تەرحانەت كردووە و گەنگەشەی زۆری دروستكردووە، دوای ئەوەش چەند جارێك نوێنەرانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانت بینیوە، لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆتان كردووە؟

خالید عەزیزی: ئێمە لەدوایین دانیشتنمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی بەدوای ئەوانەدا چووین. هۆیەكەشی ئەوەیە مادام دەسەڵاتی ئێران كۆماری ئیسلامییە، بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە ئەگەر زەمینەیەك و ئامادەسازییەكی هەبێ‌، خەڵكانێك لە نێو ئەواندا بن دەبێت ئێمە بیانكەین بە موخاتەب، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەنجامی نەبووە.

رووداو: چۆن باسی ئەو بابەتەتان كرد؟

خالید عەزیزی: قسەكانمان ئەوە بوو كە ئێمە لە ماوەی 37 ساڵی خەباتمان نەمانتوانیوە ئێوە بڕووخێنین، ئێوەش نەتانتوانیوە ئێمە لە مەیدانەكە دەربكەن. ئەگەر وایە كۆماری ئیسلامی و دۆزی كورد لە ئێران هەردووكیان ئەمری واقیعن. قبوڵی ئەمری واقیع هەردوولا دێنێتە سەر ئەو قەناعەتە كە دەبێت بەدوای رێگەچارەیەكدا بڕۆین. ئێمە پێشنیازی رێگەچارەكەشمان كردووە.

رووداو: پێشنیازەكە چییە؟

خالید عەزیزی: گوتوومانە دۆزی كورد لە عێراق بەدوای چارەسەریدا دەڕوات، لە سووریا چارەنووسێكی لەو شێوەیەی هەیە، لە توركیا پرۆسەی چارەسەری هەیە. لە حاڵێكدا ئێوەی ئێرانی دەڵێن كورد و ئێرانی زۆر لەیەك نزیكن، بۆ بەدوای چارەسەریدا ناڕۆن.

رووداو: واتا دانیشتنەكە زۆر دوور نییە؟

خالید عەزیزی: دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر بوو، هەر ئەو دانیشتەش بوو.

رووداو: لە هەولێر بوو؟

خالید عەزیزی: بەڵێ‌ لە هەولێر بوو.

رووداو: ئەوانەی ئێوە لەگەڵیان دانیشتن هەر ئەوانەی هەولێر بوون، یان لە ئێرانەوە هاتبوون؟

خالید عەزیزی: لە ئێرانەوە هاتبوون. راستییەكەی دانیشتنەكە بۆ ئەوە بوو كە چۆن بە قەناعەتێك بگەن. مەسەلەی كورد لە ئێران ناكرێ نادیدە بگیرێ‌. تەنیا رێگا رێگەی چارەسەرییە، رێگەی چارەسەریش گفتوگۆیە.

رووداو: هیچ وەڵامیان هەبوو بۆ ئەو دانیشتنە؟

خالید عەزیزی: تا ئێستا وەڵامێكمان نەبیستووەتەوە.

رووداو: ئەگەر وەڵامێكی ئەرێنیتان بدەنەوە، ئامادەن بچن لە چوارچێوەی كۆماری ئیسلامی ئێران كاری سیاسی بكەن؟

خالید عەزیزی: ئەگەر كۆماری ئیسلامی مۆڵەت بە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بدات لە نێوخۆی ئێراندا چالاكی سیاسی بكەن،  هیچ پاساوێك نابینم كە هیچ حیزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دەرەوەی ئێران بێت. هۆیەكەشی ئەوەیە ئێمە لەوێ‌ دەستمان بە ملیۆنان خەڵكی خۆمان رادەگات سیاسەتیان لەگەڵ بكەین.

رووداو: ئەگەر بە تەنیا رێگە بە حدك بدات و ئێوە وەكو نوێنەری كورد حیساب بكات و بڵێن وەرن كار بكەن و بتانكەن بە حیزبێكی فەرمی لەنێو ئێران، ئێوە ئامادەن بە تەنیا بچنەوە؟

خالید عەزیزی: دەبێت زەمینەیەك لە كوردستانی ئێران دروست ببێ‌ كە چالاكیی سیاسی تێدا بكەین،  دەنا ئەو چالاكییە كە چەندین حیزب هەیە، زۆر زوو ناو و ناتۆرەی بۆ هەڵدەبەستن. ئەو حیزبە دەكەوێتە بەر هێرشی لایەنەكانی دیكە، بەداخەوە فەرهەنگ و كۆمەڵگەی كوردیش بۆ ئەو شتانە ئامادەگی زۆرە كە لەنێوخۆیدا كێشەیەكی وا دروست ببێت و لەو مامەڵەیەدا هەم ئێمە و هەم لایەنەكانی دیكە زەرەر بكەین. تەسەور ناكەم شتێكی وا عەمەلی بێت.

رووداو: دوای ئەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئێران دانیشتن و وەڵامتان وەرنەگرتەوە، لەسەر بۆچوونی خۆتان بەردەوامن كە مەیدانی گفتوگۆی ئاشتیانە دروست بكەن؟

خالید عەزیزی: من پێموایە مەیدانی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەت هەمیشە لە جێگەی خۆیدا بێت. هۆیەكەی چییە؟ ژمارەی دانیشتووانی كورد لە ئێران 10 ملیۆن كەسە، ئێران وڵاتێكی 70 ملیۆنییە. ئەو 10 ملیۆن كەسە خۆی لەنێو كۆمەڵگەیەكی 80 ملیۆنی چۆن دەبینێ‌؟ جوگرافیای كوردستان لە نێو جوگرافیای ئێران خۆی چۆن دەبینێ‌؟ ئەگەر ئێمە بە تەنیا توانای ئەوەمان نییە كە ئێران پێویستە بەو جۆرە گۆڕانكاری بەسەردا بێت،  ئۆپۆزیسۆنی ئێرانیش تاوەكو ئێستا نەبووە بە ئەڵتەرناتیڤی ئەو دەسەڵاتە، هەتا بەرامبەر ئێمەش بۆچوونی باش نییە، ئەی ئێمە بۆچی شێوەكان و میتۆدەكانی دیكەش لە چۆنیەتی هەڵسوكەوت لەگەڵ دەوڵەت تاقی نەكەینەوە.

رووداو: ئێرانێك كە ئەوكات ئەمریكا و ئەوروپا دۆستی نەبوون، وەڵامی ئێوەی نەداوەتەوە، ئێستا كە رێكەوتن هەیە، كرانەوە هەیە، بڕوات وایە وەڵامتان بداتەوە؟

خالید عەزیزی: بەبڕوای من ئەگەر ئێران بچێتە نێو گەمەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و كۆنترۆڵ و چاودێریی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی لەسەر بێت، لە نێوخۆی وڵات جموجۆڵ هەبێت، ئێران لەوێ‌ پاشەكشە دەكات. هەتا ئێران تێكەڵاوی لەگەڵ دونیای دەرەوە پەیدا بكات و هاتوچۆ هەبێت، وردە وردە لە روانگەی نێودەوڵەتی كرانەوەیەك بەرامبەر كورد پەیدا دەبێت و رەنگە بپرسن ئێوە چین؟ چ كۆمەڵگەیەكن؟ بەدوای چیدا دەگەڕێن؟ ئەندامتان لە پەرلەمان هەیە؟ بە زمانی خۆتان دەخوێنن؟ مەبەستی من ئەوەیە كە ئێمە دەبێ‌ كێشەكە ببەینەوە نێوماڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

رووداو: سەرەڕای ئەوەی حكومەت وەكو خۆتان دەڵێن هەوڵ دەدات سیاسەتەكانی خۆی دژی كورد دابڕێژێتەوە هێشتا باوەڕتان بەوە هەیە مەیدانی ئاشتی و دیالۆگ هەبێ‌؟

خالید عەزیزی: 37 ساڵە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لە شەڕ و شۆڕشداین. ئێمە دەبێ‌ ئاوڕ لە خەباتی 37 ساڵەمان بدەینەوە لە كوێ‌ چاكمان كردووە، لە كوێ‌ هەڵەمان كردووە، دەبێ‌ لێكۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر رابردووی خۆت بكەی، بۆ ئەوەی بەرنامەڕێژی بۆ داهاتوو بكەی.

رووداو: ئەوەی بەڕێزت باسی دەكەی، هەستكردنە بە ماندووبوون؟

خالید عەزیزی: ئەمە ماندوو بوون نییە، بەدواداچوونە بۆ ئەوەی چ شتێكی تازە بێنی، تاوەكو ئەو خەڵكە لە مەیدانەكە رابگری. ماندوو بوون ئەوەیە كە بە تاك رەهەند سەیری كۆماری ئیسلامی بكەی و دروشم لە دژی بدەی.

رووداو: هیچ سەركردەیەك بەدەر نییە لە هەست و سۆز، ئەوەی ئێوە بەشێك نییە لەوەی كە بیری زێدی خۆتان دەكەن؟

خالید عەزیزی: با. ئێمە مرۆڤین، ئەگەر سیاسەتیش دەكەین و ناچار بە بڕیاری توند دەبین، بەڵام دواجار مرۆڤین. من زۆرجار گوتوومە سەرەڕای رێزم بۆ باشووری كوردستان و ئەمەكناسیی خەڵكەكەی بەرامبەر بە حیزبی دیموكرات، بەڵام جێگەی ئێمە باشووری كوردستان نییە. ئەو پرۆژەی حیزبی دیموكرات هەیەتی دەبێ‌ لە نێوخۆدا جێبەجێ‌ بكرێ‌، لە كوردستانی عێراق جێبەجێ‌ ناكرێ‌. ئێمە بەناچاری هاتووینەتە ئێرە.

رووداو: ئەگەر هەموو حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بێنە سەربۆچوونی تۆ، پێتوایە كۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامتان بداتەوە؟ یان دەبێ‌ بە زمانی چەك ناچاری بكەی بیهێنیتە مەیدان؟

خالید عەزیزی: لە هەنگاوی یەكەمدا من ئارەزووم دەكرد حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەموومان یەك دەنگ و یەك رەنگ و یەك گوتار بووینایە بۆ ئەوەی ئەدرەسێكی بەهێز بەرامبەر كۆماری ئیسلامی دروست بكەین. لە هەنگاوی دووەمدا رەنگە بەدوای ئەوەدا نەگەڕابوونایە كە ئەو گوتارە تەنیا گوتاری ئێمە بێ. كێشە لەوەدایە كە ئەو بەربڵاوییە وایكردووە تۆ ئەدرەسێكی بەهێزت بەرامبەر كۆماری ئیسلامی نەبێ.

رووداو: لەو بەربڵاوییە تۆ بەتەنیای، ئەوانی دیكە بڕوایان بە خەباتی چەكداری هەیە

خالید عەزیزی: ئێمە 37 ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر خەبات دەكەین، خۆ دەبێت لە شوێنێك ئەنجامێكی هەبێ‌. خۆ ئێمە لە حیزبی دیموكراتی كوردستان خەباتی چەكداریمان وەلانەناوە. كێشەكە لەوەدایە ئەرێ‌ ئەو خەباتە ئێمە بەرەو كوێ دەبات؟ ئایا بەو خەباتە كۆماری ئیسلامی دەڕووخێ‌؟ ئایا بە خەباتی چەكداری ئێمە ئەوەندە سەرئێشە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران دروست دەكەین كە ناچار بن وەڵاممان بدەنەوە؟ من دەڵێم ئەوە بە جێگەی خۆی، بەڵام خەباتی مەدەنی لەنێوخۆی وڵات كە كۆماری ئیسلامی زۆر پێی عاجزە، رەنگە ئا لێرەدا وەڵاممان بداتەوە.

رووداو: ئەو بۆچوونەی بەڕێزت تا چەند بێ هیوابوونە لە ئەمریكا و خۆرئاوا؟

خالید عەزیزی: ئێمە بەردەوام گوێمان لە هەڕەشەی ئەمریكایە بۆ سەر ئێران، هەڕەشەی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودی بۆ سەر ئێران، من بەردەوام گوتوومە نابێت بە هەڕەشەی ئەوان بۆ سەر ئێران دڵخۆش بین. ئێستاش كە پەیوەندی ئێران لەگەڵ دونیای دەرەوە بەرەوپێش دەچێت و دەیانەوێ‌ رەفتاری ئێران بگۆڕدرێ‌، ئێمە دەبێ‌ بیرێكی باشتر لە حاڵی خۆمان بكەینەوە.

رووداو: ئەگەر كاربەدەستانی ئێران لەو شاشەیە گوێیان لە تۆ بێت دەتانەوێ‌ چییان پێبڵێی؟

خالید عەزیزی: دەمەوێ‌ پێیانبڵێم دۆزی كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قۆناغێكدایە نكۆڵی لێناكرێ‌. كۆماری ئیسلامی هیچ رێگەچارەیەكی نییە جگە لە ئیعترافكردن بە مافەكانی كورد لە ئێران.

رووداو: ئامادەن بە تەنیا گفتوگۆیان لەگەڵ بكەنەوە؟

خالید عەزیزی: تەماشا دەكەین بە چ مەبەستێك هاتوون، لە گفتوگۆ لەگەڵ خۆشیان پێمان گوتن چارەسەری كێشەی كورد لە كوردستان لانیكەم هەردوولای دیموكراتی پێویستە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی