ڕه‌نگه زۆرمان ئه‌و چوارینه به‌ناوبانگه‌ی هێمن موكریانیمان بیستبێ كه ده‌ڵێ:
”ده‌مگرێ ئه‌مما له گرتووخانه ڕق ئه‌ستوورترم
لێم ده‌دا ئه‌مما له‌سه‌ر داوا ڕهواكهم سوورترم
ده‌مكوژێ ئه‌مما به گژ جهللادهكهمدا دێمه‌وه
كوردم و ناتوێمه‌وه، ناتوێمه‌وه، ناتوێمه‌وه.”
من هه‌میشه ڕه‌گه‌زێكی نائهقڵانیم له‌و ده‌ربڕینه‌ی هێمندا بینیوه: چۆن ده‌كرێ تۆ ئه‌وه‌نده قیرسیچمه و گیانسه‌خت بی، ته‌نانه‌ت به كوژراویش نهتوێیتهوه؟! به‌ڵام، ئایا ده‌كرێ به‌بێ بوونی ئه‌م ئیرادهگهرییه تاقه‌تپڕووكێن و ئهقڵبهزێنه، له نهێنیی مانه‌وه‌ی میلله‌تێك بگه‌یت كه وه‌ك ”سوورپێسته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست”ی پێكراوه، كه‌چی نه‌ك هه‌ر له‌ناو نه‌چووه، به‌ڵكو بووە بە مۆته‌كه‌یه‌كی ئه‌به‌دی بۆ گیانی ئه‌وانه‌ی خه‌ونیان به له‌ناوبردنییه‌وه بینیوه. له‌ڕاستیدا درێژه‌كێشانی بێ بڕانه‌وه‌ی تراژێدیهكانی ئێمه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه نه ئێمه مل بۆ توانه‌وه ده‌ده‌ین، نه دوژمنه‌كانیشمان له هه‌وڵی تواندنه‌وه‌مان نا‌ئومێد ده‌بن.
ئه‌وه‌ی له مێژووی ئێمه‌دا هه‌زارباره بووه‌ته‌وه و چیتر سه‌یر نییه، داستانی درێژی كۆست و كارهساتهكانمانه. ئه‌وه‌ی سه‌یره، كانگای ئه‌فسووناویی ئه‌و وزه‌یه‌یه كه هه‌موو جارێ تینی هه‌ستانه‌وه به‌ر كورد ده‌نێ، تا هه‌روه‌ك قه‌قنه‌س له‌ناو ئاگری سووتانی خۆیه‌وه ڕابێته‌وه. له‌دوای كوشتاری ئه‌و كهربهلایهی ده‌شتی كۆیه‌ش، كه ڕۆژی هه‌شتی ئه‌م مانگه نوێنه‌رانی داعشی شیعی له ئێرانه‌وه بۆ تێكۆشه‌رانی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتیان به‌رپا كرد، ئه‌وه‌ی دیسان سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو، ئه‌وه بوو كه دێمۆكراته‌كان، له كاتێكدا هێشتا ته‌رمی هه‌موو شه‌هیده‌كانیان له ژێر داروپهردووهكاندا بۆ ده‌رنه‌هاتبوو، كه‌چی به لاچاوی بریندار و جه‌سته‌ی زاماره‌وه، به‌ڵێنی درێژه‌دانی ڕێی خه‌باتیان به یه‌كتری ده‌دا. ئه‌وه‌ی دۆست و دوژمن پێی حه‌یرانه، ڕێك ئه‌م ڕۆحی كۆڵنه‌دانه بێ وچانهیه.
له‌دوای ئه‌و كهربهلایهی ده‌شتی كۆیه‌وه، كه به‌جارێك قه‌تماغه‌ی تێرۆری ڕێبه‌رانی حیزبی دێمۆكرات و تێرۆری پتر له سێسه‌د تێكۆشه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی له‌سه‌ر خاكی ئازادی باشووری كوردستان هه‌ڵكه‌نده‌وه، ئه‌و پرسیاره زه‌ق ده‌بێته‌وه كه ئاخۆ چ ئه‌زموونێك له‌م كاره‌ساته مه‌زنه وه‌ربگرین؟
له‌ناو تێكۆشه‌رانی خوێنگه‌رمی ڕۆژهه‌ڵاتدا، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌هه‌ركات زیاتر باسی ده‌كرێ بیری ”تۆڵه”یه. دیاره به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سروشتی، ئاساییه كه مرۆڤه شۆڕشگێڕه‌كان له كاردانه‌وه به‌رامبه‌ر غه‌درێكی گه‌وره‌دا بیر له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه بكه‌نەوە. ئه‌گه‌ر بۆ چركه‌ساتێك، له‌گه‌ڵ بیری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه هاودڵی بكه‌ین، ئه‌و پرسیاره دێته پێش كه ئاخۆ چۆن ده‌كرێ تۆڵه له ده‌وڵه‌تێكی زۆرداری وه‌ك كۆماری ئیسلامی بكرێته‌وه؟
كۆماری ئیسلامی كه گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان به‌ره‌و بهچۆكداهاتنی ڕۆژله‌دوای ڕۆژ زیاتری ده‌به‌ن، كه‌وتۆته زه‌لكاوی قه‌یرانێكی ههمهلایهنەوە. له‌ڕاستیدا ڕووداوی ستراتیژیكی ئه‌م چه‌ند رۆژه، نه‌ك په‌لاماری تێكۆشه‌رانی دێمۆكرات له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی، به‌ڵكو په‌لاماردانی كونسوڵگه‌ریی ئێران بوو له‌لایه‌ن خه‌ڵكی به‌سڕه‌وه. چیتر كۆماری ئیسلامی ناتوانێ وه‌ك پێشوو، گه‌مه به كارته‌كانی بكا. له‌ڕاستیدا تاكه چه‌كێك كه كۆماری ئیسلامی به‌ده‌ستیه‌وه ماوه و، هه‌ر ئه‌و چهكهشه كه ساڵانێكه ئیش بۆ په‌ره‌پێدانی ده‌كا، چه‌كی توندوتیژییه. ئه‌مه ئه‌و تاكه گۆڕهپانەیە كه كۆماری ئیسلامی شاره‌زای زمانه‌كه‌یه‌تی.. بۆ ئه‌وه‌ی له‌م گۆڕه‌پانه‌شدا كارته‌كه‌ی نه‌سووتێ، خه‌ریكی ڕاكردنه بۆ پێشه‌وه. خه‌ریكی ده‌ستوه‌شاندنی ده‌سپێشخه‌رانه‌یه. هیچ زیره‌كی و وریاییهك له به‌ده‌مه‌وه‌چوونی كۆماری ئیسلامی له‌م بواره‌دا نییه!
جارێ، ئه‌وه ڕوونه كه كۆماری ئیسلامی به كورد ناڕووخێ؛ به‌هێزی چه‌كداری پۆشته‌وپه‌رداخی هه‌شتاكان نه‌ڕووخا، به جه‌وله و ده‌ستوه‌شاندنی تیمه بچووكه چه‌كداره‌كانیش ناڕووخێ. كه‌واته ژیریی تیا نییه بچیته شه‌ڕێكه‌وه كه چه‌كه بههێزترهكهی لای دوژمنهكهته. من لێره‌دا نامه‌وێ بچمه سه‌ر وه‌ردانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی چالاكییه چه‌كدارییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات. نامه‌وێ له‌و باسه‌ش بدوێم كه ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ سیگناڵێكی ئه‌منیه‌تی به كۆماری ئیسلامی بدرێ (واته به‌جۆرێك له جۆره‌كان چاوترسێن بكرێت)، ده‌بێ ئه‌و سیگناڵه‌ی له ناوه‌ندی ئێران، له تاران پێ بدرێ نه‌ك له شاخ و دۆڵه چۆڵه‌كانی خۆمان.
باس له كاره‌ساته‌كه‌ی ده‌شتی كۆیه و ورووژاندنی بیرۆكه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه. ئایا تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه كارسازه؟ زه‌قكردنه‌وه‌ی گوتاری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌كه‌وه كاردانه‌وه‌یه‌كی عاتفی و ئیحساسی بێ به‌رامبه‌ر به تاوانێكی ناجوامێرانه، به‌ڵام هاوكات ده‌شێ ڕێكارێكی خۆدزینه‌وه‌ش بێ له به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌ركه ڕاسته‌قینه‌كان. له جێ‌دا تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه كارێكی بێهووده‌یه، چونكه پشت به‌و پرێنسیپه ده‌به‌ستێ كه پێی ده‌ڵێن ”داش به داش”، واته به‌قه‌ده‌ر ئه‌و زه‌بره‌ی وێتكهوتووه، زه‌بر له دوژمنه‌كه‌ت بوهشێنیتهوه. به‌ڵام ئایا ئه‌مه هێنانه‌خواری ئاستی شه‌وكه‌تی شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ئازادی بۆ ئاستی جه‌للاده دیكتاتۆره‌كان نییه؟! ئایا كاتێك به كوشتنه‌وه‌ی چه‌ند جاش و پاسدارێک دڵی شۆڕشگێڕه‌كان سوكنایی بێت، ئه‌مه مانای هه‌رزانفرۆشكردنی خوێنی شه‌هیده‌كان نییه؟!
به بڕوای من، به‌زه‌برترین تۆڵه، تۆڵه‌ی جه‌سته‌یی نییه، به‌ڵكو تۆڵهسهندنهوهیهكه كه ته‌رازی ئه‌خلاقیی گه‌لێكی ئازادیخواز و به‌های مه‌عنه‌ویی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌مان بباته سه‌ره‌وه. ئه‌مه‌ش به ”هێزی هێمایی” ده‌كرێ نه‌ك هێزی چه‌كداری.
ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی ئێستای شۆڕشگێڕانی ڕۆژهه‌ڵات، قۆڵ هه‌ڵماڵین و دهستوبردە له‌و ئه‌ركانه‌ی كه ده‌یان ساڵه پشتگوێ خراون و هه‌رجاره‌ی به بیانوویه‌ك خۆیان لێ ده‌دزرێته‌وه. ئه‌ركی ڕاسته‌قینه دڵنیاكردنه‌وه‌ی به كرده‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه كه ئه‌م حیزبانه‌ی ئێمه‌ش – سه‌رباقی هه‌موو خوێندان و گیانبازییه‌ك-، له ئه‌گه‌ری ڕووخانی كۆماری ئیسلامی‌دا، ئه‌زموونی ده‌رده‌داری پارته شۆڕشگێره‌كانی باشووری كوردستان دووپات ناكه‌نه‌وه. ئه‌ركی ڕاسته‌قینه سه‌لماندنی به‌كرده‌وه‌ی ئه‌و پرێنسیپه ساده به‌ڵام چاره‌نووسسازه‌یه كه شۆڕشگێڕانی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی سبه‌ینێیان بۆ خه‌ڵك ده‌وێ نه‌ك بۆ خۆیان. هه‌موو ئه‌مانه‌ش شتێكن كه ده‌شێ هه‌ر ئێستا و ئه‌مڕۆ نیشان بدرێن و ڕاستی و دروستی‌یان بسه‌لمێنرێ. ئه‌گه‌ر ڕژانی خوێنی شه‌هیدان بۆ ئه‌وه بێ مه‌شروعیه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی پێ زاخاو بدرێته‌وه، ئه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌یه هیچ نه‌كرابێ.
باس له سهریهكخستنهوهی ئه‌م حیزب و ئه‌و حیزب و، پرسی یه‌كگرتنه‌وه نییه. باس له ”یه‌كگرتن بۆ به‌یاننامه‌ی هاوبه‌ش ده‌ركردن”یش نییه. لیستی ئه‌و كارانه‌ی كه ده‌بوو بكرێن و نه‌كراون، درێژه. به‌ڵام خاڵی بنچینه‌یی شتێكی ساده و ستراتیژییه: تێپه‌ڕین له قۆناغی درێژمه‌ودای ”پێشمهرگهداریی حیزبی”. ”پێشمه‌رگه‌ی حیزبی” خراپترین و ماڵوێرانكهرترین داهێنانی حیزبه‌كانی كوردستانی نیو سه‌ده‌ی ڕابردوو بووه. به‌بێ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی جێگره‌وه كه گه‌ل بكاته خاوه‌ن یه‌ك هێزی چه‌كداری یه‌كگرتوو؛ به‌بێ داڕشتنی مێكانیزمێك كه كۆی هێزه چه‌كداره‌كان بكاته تابعێك له ئیراده‌ی ناوه‌ندێكی بڕیارده‌ری هاوبه‌ش، هیچ ڕێفۆرمێكی جددی له حیزبی سیاسی- چه‌كداریی كوردیدا مه‌یسه‌ر نابێ. ئه‌مه‌ش شتێك نییه حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات هه‌ڵیگرن بۆ داهاتوو. ئه‌گه‌ر ئێستا زه‌حمه‌ت بێ، له داهاتوودا ده‌بێ به موسته‌حیل!
گرینگ ئه‌وه نییه ”هێزی پێشمه‌رگه” چه‌نده كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوكێشه‌كان ده‌بێ، گرینگ ئه‌وه‌یه كه میلله‌ت هه‌ست بكا حیزبه‌كانی خاوه‌ن ئیراده‌ی هاوبه‌شن. ”پێشمه‌رگه” كانگای مه‌شروعیه‌ته. ئه‌و هێزه كه ئه‌م مه‌شروعیه‌ته پێكی ده‌هێنێ، ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌ل، بۆ ناوه‌ندێكی بڕیارده‌ری هاوبه‌ش كه ئیفاده‌ی ئیراده‌ی گه‌ل بكا، نه‌ك هی هیچ حیزبێكی تایبه‌ت. تا هێزی پێشمه‌رگه یه‌ك نه‌خرێ، حیزبی شۆڕشگێڕی كوردی بۆ دڵپێخۆشكردن نابێ!
به‌بڕوای من پاڕادایمی یهكگرتنخوازی له ڕۆژهه‌ڵات، ده‌بێ ئاوه‌ژوو بكرێته‌وه: یه‌كیه‌تیی ڕاسته‌قینه ده‌بێ له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه چێ بكرێ؛ له پێشمه‌رگه‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تی، نه‌ك به پێچه‌وانه‌كه‌ی! هۆیه‌كه‌شی ساده‌یه: پێشمه‌رگه، كه‌مترین گرێدراویی به پله‌وپایه و كورسییه‌وه هه‌یه، بۆیه ئاسانتریش له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌ڵده‌كا. ئه‌گه‌ر كورسیپهرهسته ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان لێ بگه‌ڕێن!
ئه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵات پێویستیه‌تی، نیشاندانی ئه‌وه‌یه كه شۆڕشگێڕه‌كانی له نوچكهی ئه‌خلاقیی پێچه‌وانه‌ی زۆردارانی حاكمی ئێستادا ڕاوه‌ستاون، ئه‌مه‌ش به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌كی سه‌راسه‌ریی ڕادیكاڵی پێده‌وێ، له‌سه‌ربنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی. ئه‌گه‌ر شۆرشگێره‌كان ئه‌مه‌یان كرد، ئه‌وه نه‌ك هه‌ر تۆڵه‌یه‌كی مێژووییان كردووەته‌وه، به‌ڵكو جگه له شادكردنی گیانی شه‌هیدانیان، به‌رچاوی میللهتێكیشی پێ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه، تا هیچ نه‌بێ به ئاواتی سبهینانێكی ڕۆشنترهوه، ئه‌م ڕۆژگاره تاریكه‌ی ئێستای به‌ڕێ بكات.
سەرچاوە: روداو