"an independent online kurdish website

لە ڕێکەوتی ٢٤ی ئاگوستی ٢٠٢٢، بابەتێک به ناوی “لە شـێرەژنـانی کورد ـ فـاتە رەش (١٨٨٨ـ ١٩٥٥)” نووسینی کاک رەزا شـوان، لە سایتی پێشمەرگەکاندا بڵاو بۆتەوە،

 نووسەری بەرێز لەوێدا ئاماژەی به وتارێکی من به ناوی” فاتمه ڕەش، شێرە ژن” کردوە کە کاتی خۆی لە ساڵی ٢٠١٨  ماڵپەری “ئەمڕۆ” بڵاوی کردبووەوە.

نووسەر وێرای زەحمەتێکی زۆر کە بۆ نووسینی ئەم بابەتە کێشاویەتی، بە داخەوە لە پێوەندی لەگەڵ پێشەکی من بۆ وەرگێڕانی بابەتێک سەبارەت به  فاته ڕەش تووشی هەڵە بووە. بەرێزیان و من لە ڕاستی‌دا باسی دوو فاته ڕەشی جیاواز دەکەین کە پێوەندییان پێکەوە نییه. بابەتەکەی من باس لە فاته ڕەشێک دەکات کە زۆر پێش لە دایکبوونی ئەو فاته ڕەشەی کاک شوان لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە، لەدایکبووە و لە نێوان ساڵانی ١٨٥٣ و ١٨٥٦ لە شەڕی کریمە‌ [قرم] دا له بەرەی سپای فەرەنسه، بریتانیا، ساردنیا و عوسمانی بەشداریی شەڕی دژ بە ڕووسیا‌ی تزاری کردووە. کاک شوان لە بابەتەکەیدا نووسیویەتی:

  • “دکتۆر کامەران ئەمین ئـاوە، لە کورتە نووسینێکـدا، کە لە ویکـیپیدیای تـورکـییەوە بە ناوی (فـاتمەڕەش شێرەژن) وەریگـرتـووە، لە رێـکەوتی (٧/ ٧/٢٠١٨) دا، لە سایتی (ئەمـڕۆ) دا، بڵاویکردۆتەوە، نووسیوێتی:”فـاتێ رەش نازناوی (ئایشـە خانـم)ە، کچی (حاجی عـوسمان بـەگ) ە، خـەڵکی (ئانـدرین)ە” سـەر بە پارێـزگایی مەرعـەش.
  • وا باس دەکرێت کە هاوسەرەکەی فاتە رەش (دەروێش بەگ) زیندانی کـرابـوو، گـوایە فـاتە رەش لە پێناوی ئازادکـردنی هـاوسەرەکەی لە بەنـدیخـانە، چەکی هەڵگـرتـووە و شەڕی کردووە. تـوانی ئازادی بکات. بەڵام لە هـیچ لەو نووسینانەی مـن خـوێنـدمەوە، باس لە زینـدانیکـردنی هـاوسەرەکەی فـاتە رەش ناکـەن. تەنیـا دکتۆر کامەران ئەمـین[ئاوە] باسی ئەم زینـدانیکـردنەی هـاوسەرەکـەی فـاتە رەش کـردووە.”

 لێرەدا بێ ئەوەی مەبەستم کەم کردنەوەی بایەخی کاری نووسەری ئازیز بێ، به کورتی ئاماژە به چەند خالێک دەکەم:

١.‌ سەرچاوەی بەشی پێشەکییەکەی من بۆ ” فـاتمەڕەش شێرەژن”، کتێب و بابەتی ڕووسی و ئینگیزی بووە، نەک ویکیپیدیای تورکیا. بە داخەوە شارەزاییم لە زمانی تورکی ئەستەمبۆلی نییه هەتا بتوانم لە سەرچاوەکانیان کەڵک وەربگرم.

٢.‌ من بابەتی” فاتمە‌ڕەش، شێرە ژن” م لە ڕووی بابەتێکی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی که ڕێکەوتی ٨ی نوامبری ١٨٨٧ به‌ناوی KARA FATMA, THE AMAZON لە ڕۆژنامەی “نیوویۆرک تایمز” وەرگێراو لە ڕۆژنامەی”پال مال” چاپی لەندەندا بڵاو بۆتەوە. لەم بابەتە‌دا باسی بوونی قەرە فاتمه ژنە شەرڤانیکی به شەوکەتی خەڵكی کوردستان لە ئەستەمبۆل کراوە که لەگەڵ دەستەیەکی نیزیک به ٣٠٠ پیاوی ئەسپ سواردا بەشداری شەڕی کریمە دژ به ڕووسیا بووە.

٣.‌ بەو پێیه، ئەو فاتە ڕەشەی من باسم کردوە ناتوانێ نزیکەی ٣٥ ساڵ پێش لەدایکبوونی، یەکێک له بەشدارانی شەڕی کریمە لە نێوان ساڵانی ١٨٥٣ و ١٨٥٦ بووبێ. ئەو فاتە ڕەشەی کاک ڕەزا شوان باسی دەکات لەدایکبووی ساڵی ١٨٨٨ زایینیه.

٤.‌ مەسەلەی ناو و شوێنی ژیانی فاته ڕەش، هەروەها زیندانێکرانی هاوسەرەکەی پێوەندیی به ژیانی ئەو فاته ڕەشەوە نییه کە بەرێز ڕەزا شوان توێژینەوەی لەسەر کردووە. له کتێبی “وشیاربوونەوەی کورد، نەتەوەسازی لە وڵاتێکی پارچه پارچه کراو”و، لە بابەتێک به ناوی “لە عادله خانمەوە هەتا لەیلا زانا: ژن وەک ڕێبەرێکی سیاسی لە مێژووی کورددا” به زمانی ئینگلیزی، هەروەها لە کتێبی “کورد ئەفسانەی ڕۆژ‌هەڵات” به زمانی ڕووسی، باسی گیرانی هاوسەری فاته ڕەش کراوە.[ ١]

به پێی ئەم سەرچاوانه لە ٢٢ی ئاوریلی ساڵی ١٨٥٤ لە “هەواڵه وێنەدارەکانی لەندەن” ( The IIIustrated London News 1854) دا،  لە بابەتێک به ناوی”شێری مێی کوردستان” (Lioness of Kurdistan) باسی چالاکییەکانی فاته ڕەش و تەمەنی  نزیک به٦٠ ساڵی ئەو لە کاتی سەردانی ئەستەمبۆل کراوە. لە سەرچاوەگەلێکی دیکەشدا باس لەوە کراوە ناوی ڕاستیی فاته ڕەش – ئاسیه خانم بووە[٢] نەک ئایشه.

٥.‌ بۆ ئاگاداری خوێنەرانی بەرێز دەقی نووسینەکەی من کە پێشتر لە سایتی ئەمڕۆ بڵاو کراوەتەوە لە ژێرەوە دانراوە:

ئاڵمان، ٢٦ی ئاگوستی ٢٠٢٢

سەرچاوەکان:

]1[

  • Kurdish Awakening: Nation Building in a Fragmented Homeland, Edited by Ofra Bengio, University of Texas Press, Printed in the United States of America, First Edition 2014
  • Martin van Bruinessen, ‘From Adela Khanum to Leyla Zana: Women as Political Leaders in Kurdish History, published in: Shahrzad Mojab (ed.), Women of a Non-State Nation: The Kurds, Costa Mesa, CA: Mazda Publishers, Inc., 2001, pp. 95-112. [An earlier version of this article was published as ‘Matriarchy in Kurdistan? Women rulers in Kurdish history’, in The International Journal of Kurdish Studies (Brooklyn NY) vol. 6 no. 1-2 (1993), 25-39.]
  • Курды.  Легенда Востока, Popova,Зайцев,Светлана Васильева,С. Иванов,Колесников А.,А. Маринин,В. Магомедханов,В. Наумкин,З. Юсупова,И. Базиленко,К. Вертяев,К. Раш,Л. Раванди-Фадаи,Н. Плотников,О. Воднева, Книга создана поинициативе компании «Газпром нефть» April 16, 2021

]2[ Kara Fatima Khanum, https://en.m.wikipedia.org/wiki/Kara_Fatima_Khanum

 …..

فاتمەڕەش، شێرەژن،  د. کامەران ئەمین ئاوە

پێشەکیی وەرگێر. فاتێ ڕەش، نازناوی “ئایشە خانم” کچی “حاجی عوسمان بەگ” خەڵکی “ئاندیرین”‌ سەر بە پارێزگای قارەمان مەرعەش و سەرۆکی یەکێک لە گەورە عەشیرەکانی ڕۆژهەڵاتی ئانۆتۆڵی‌‌یە کە پاش گیران و زیندانی‌کرانی هاوسەر و سەرۆک عەشیرەکەی لە لایەن دەوڵەتی عوسمانی‌یەوە، بۆتە سەرۆک عەشیرە و بۆ دەربڕینی ئەمەگداری بەرامبەر سوڵتانی عوسمانی و بە هیوای ئازادکردنی هاوسەرەکەی، لەگەڵ نزیکەی ٣٠٠ کوردی شەرڤان بەشداریی شەڕی کریمەی کردوە و ئازایەتییەکی‌ بێ‌وێنەی لەم شەڕدا نواندوە. سەرەڕای ئەوەی لە بەشێک لە کتێب و گۆڤارەکاندا بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی لە “پال مال گەزت” بڵاو بۆتەوە بە کورتی باس لە “فاتێ ڕەش” کراوە، بەڵام بە تەواوی بیۆگرافی وبەسەرهاتی ئەم خاتوونە دلێرە ڕوون نەکراوەتەوە. تورکەکان و تورکەمەنەکان حاشا لە کوردبوونی فاتێ ڕەش دەکەن و لە نیو کوردیش‌دا بە هۆی نەبوونی دەوڵەت و کیانی کورد لە لایەکەوە، و نەبوونی فەرهەنگی نووسینەوەیبیۆگرافیی کەسایەتی‌یە مێژوویی‌یەکان لە لایەکی دیکەوە، لێکۆڵینەوەیەکی جیددی لەم پێوەندییە‌دا نەکراوە.

بەشداریی ئەم ژنە شەرڤانە لە شەڕی کریمە لە پێناوی ئازادکردنی هاوسەرەکەیدا پیشاندەری کارەساتی مێژوویی گەلێکە، کە بێ ویست و ڕزامەندیی خۆی کراوە بە بەشدار و قوربانیی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان.

دابەشکرانی نیشتمانی کوردان لە نێوان ئێران و عوسمانی [ڕێکەوتی ٢٢ی ئاگۆستی ١٥١٤ی زایینی]، هەروەها دوژمنایەتیی بەردەوام و شەڕەکانی ئەم دوو ئیمپراتۆرییە لە گەڵ یەکتر هەتا دەستپێکی شەڕی یەکەمی جیهانی، هۆی نەهامەتی و کارەساتی بێ‌ بڕانەوە بۆ گەڵی کورد، خاپوور و وێران بوونی خاکی کوردستان و کوژرانی بە هەزاران کەس لە خەڵکی بێ‌تاوان بووە.

ئەم دەوڵەتانە هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی رزگاریخوانەی کورد، هەوڵیان داوە لە هێزی چەکداری کورد دژ بەیەکتر یان دەوڵەتە دراوسییەکان کەڵکوەربگرن. لە شەڕەکانی ئێران و عوسمانی لەگەڵ ڕووسیەی تێزاری، ڕووسەکان کەڵکیان لە هەستی نەتەوایەتی کورد دژ بە عوسمانی و ئێران وەرگرتوە، و ئێرانی و تورکە عوسمانی‌یەکانیش بە ورووژاندنی هەستی ئایینی کوردەکان دژ بە ڕووسیە “مەسیحی و کافرەکان” ویستوویانە سەرۆک عەشیرە و ئەمیرەکانی کورد بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسەکان هان بدەن.

کوردەکان بۆ هەوەڵ کەرەت لە کاتی شەڕی ئێران و ڕووس [١٨٠٤-١٨١٣ زایینی] روبەرووی رووسەکان بوونەتەوە. لە ئاکامی ئەم شەڕەدا قەرەباغ شوێنی ژیانی کوردان کەوتۆتە ژێر دەستەڵات و کۆنترۆڵی ئێمپراتۆریی رووسیە. لە شەڕی ڕووسیەی تێزاری لەگەڵ فەرانسە، بریتانیا، پاشایەتیی ساردنی و عوسمانی[١٨٥٣ هەتا ١٨٥٦ ز] کە لە مێژوودا وەکو “شەڕی کریمە” پێناسە کراوە، لایەنەکانی شەڕ هەوڵێکی زۆریان داوە عەشیرەکانی کورد بەرەو خۆیان رابکێشن. لەم شەڕەدا تورکەکان سەرەڕای بەشداری بەشێک لە کوردەکان، نەیانتوانیبوو پشتیوانی هیچ کام لە ڕێبەرە ناسراوەکانی کورد وەدەست بێنن. لەم بێنەدا بەشێک لە عەشیرەکانی نزیک بە سنووری ڕووسیە وەکو زیلان، حەیدەران و هتد پشتیوانیان لە تورکەکان کردبوو و رووسەکانیش توانیبوویان دوو لەشکەر لە کوردەکانی باشووری قەفقازی بۆ شەڕ پێک بێنن. بە پێی لاواز بوون و پاشەکشەی تورکەکان لە شەڕ، عەشیرە ناوبراوەکان پەیتا پەیتا لە پشتیوانیکردنی خۆیان لە تورکەکان پاشگەزبوونەوە و پێوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ ڕووسەکان پێکهێنابوو. پاش سەرکەوتنی ڕووسەکان و شکستی تورکەکان لە ناوچەی بایزید[ ژوئیەی ١٨٥٤ز]، کوردەکان ڕیزی سپای تورکیان لە تەواوی ئاستەکاندا بە جی هێشت. دابەزینی شوێن و پێگەی سیاسی – نیزامیی عوسمانی ڕێخۆشکەری گەشە و پەرەسەندنی ڕاپەرینی کوردەکانی باکوور بە سەرۆکایەتی یەزدانشێر برازای بەدرخان بووە. لەماوەیەکی کورتدا ئەم ڕاپەرینە بەشێکی بەرچاوی لە خاکی کوردستانی لەخۆگرتۆتەوە و شاری بتلیس، سیرت، مووسڵ و ناوچەکانی باشوری گۆمی وان و هتد کەوتونەتە ژێر دەستەڵات و کۆنترۆڵی ‌هێزی ڕاپەرین. ئەم ڕاپەرینە پاش گیرانی یەزدانشێر لە کاتی وتووێژ لەگەڵ تورکەکاندا، بەرەو کوژانەوە چووە.

کورتە لێکدانەوەیەکی ئەم ڕووداوانە پیشاندەری ئەم راستییەن، هەتا کورد دەوڵەت و کیانی خۆی نەبێ، خەڵکەکەی بە هۆی جۆراوجۆر قوربانی شەڕ و ململانێ دەوڵەتە داگیرکەرەکان دەبێ، نەتەوەی باڵادەستیش بۆ سەقامگیریی دەستەڵاتی خۆی هەوڵدەدات بە چەشنی جۆراوجۆر کورد و نەتەوەکانی دیکە بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆی یان بێ‌بەزەییانە سەرکوتیان بکات.

***

بابەتی “قەرە فاتمە” ڕێکەوتی ٨ی نوامبری ١٨٨٧ لە ڕۆژنامەی “پال مال” لە لەندەن چاپ و بڵاو بۆتەوە، بە داخەوە ناوی نووسەرەکەی نادیارە.

***

ئێستا بوونی قەرەفاتمە لە ئەستەموڵ سەرنجی خەڵکیی بەرەو خۆی ڕاکێشاوە، ژنە شەرڤانێکی بە شەوکەت لە کوردستانەوە کە بۆ سەردانێکی کورتخایەن هاتۆتە پایتەختی تورک [ی عوسمانی]. مێژووی ئازایەتی ئەو دەگەرێتەوە بۆ کاتی دەستپێکی شەڕێ کریمە، کە ئەو ڕێبەری ژمارەیەکی گەورە لە خۆبەخشەکانی کورد بوو، کەسێک کە بە ئازایەتی‌یەکی بێ‌وێنە شەڕی بۆ تورکیا کرد. دەوڵەتی عوسمانی بە لەبەر چاوگرتنی خزمەتەکانی، مانگانە ٥٠٠٠ قروشی وەک پارەی خانەنشینی بۆ بڕیەوە، بڕی پارەیەکی کەم کە ئیجازە دەدات بە ئاسوودەیی پێی‌ بژی. ئەو کەسێکی باڵابەرز، باریکەڵە، دەم و چاو ڕەشتاڵەی هەڵۆ ئاسایە، کۆڵمەکانی لە ڕەنگی پێستەیە و شوێنی برینی بەسەرەوەدیارە. بە جل‌و بەرگی نەتەوایەتی خۆیەوە کە هی ڕەگەزی سەخت [پیاوان]ە، نەک ژن، بەڵکوو وەک پیاوێکی٤٠ ساڵە دەنوێنێت کە هەرگیز تەمەنی ٧٥ ساڵان بەخۆیەوە نابینێت. بە شێوەی قازاقەکان شمشیرێکی درێژ بە دەسکی سەنگدارەوە، بە شانیەوەیەتی؛میداڵیاکانی سەر سینگی دەدرۆشێنەوە و بریقەیان دێ، و زێواری سەر‌قۆڵەکانی وا پیشان دەدەن کە دەبێ کاپیتانێکی سپای عوسمانی بێ. چاودێری ئەم کەسایەتییە سەرنجراکێشە کە بە شەقامەکانی ئەستەمولدا تێدەپەرێ، وەبیرهێنەری یەکێک لە دیمەنەکانی هێرشی سپایی ‘جەنەڕال لێسپیناس’ە لە دۆبرودیا کەمێک پێش گەیشتنی سپای هاوپەیمان بۆ کریمەیە. ڕۆژێک جەنەڕال کاتی جگەرەکێشان و قسەکردن لەگەڵ چەند کەس لە برادەرە ئەفسەرەکانیدا لە ناو خێوەتەکەی،‌ دەنگی مۆسیقایەکی نامۆ، هەمەڕەنگی تێکەڵاو لە دەهۆڵ و کەڕەنای و تەپڵۆکە و زریکەی قیژاندنی مرۆڤی لە دوورەوە ژنەفت. ئەم بەزمگێریە سەیر وسەمەرەیە لە کوێوە دێ؟ تەواوی پیاوەکانی نێو خێوەتەکە کاتێک ئاوڕیان دایەوە بۆ ئەوەی گوێ بدەنێ و سەرچاوەی دەنگی ئەو مووزیکە دیاریی بکەن، دەستەیەکی نزیک بە ٣٠٠ پیاوی ئەسپ‌سواریان دی کە بە تەقڵەکوت لە گردێکەوە دێنە خوارێ و لەوان نزیک دەبنەوە. لە پێشیانەوە ژنێکی دەم‌و چاو ڕەشتاڵەی ئەندام توندوتۆڵ بوو، کە بریقە لە چاوانی دەهات. ئەمە دیمەنی شێرەژنێکی بە تەواوی مانا بوو. ئەو پاش دابەزینی لە زینی ئەسپەکەی، بە شان‌و شکۆوە سڵاوی سەربازیی لە جەنەڕال لێسپیناس کرد و بە یاریدەی وەرگێڕەکەی پێی ڕاگەیاند کە بۆ شەر لەگەڵ رووسەکان هاتووە و خۆی و کوردە دڵێرەکانی سەرجەم لە خزمەتی ئەو دان. ئەو شەوە، لە نێو دەستەی سپایی سوارە فەرەنسییەکان جێگەو ڕێگە بە پیاوەکانی درا، بەڵام ئەوان لەوەی بەوشێوازە حاوێنراونەتەوە نارازی بوون. ئەوان خوازیاری سەربەخۆیی خۆیان بوون، کە تەنانەت بەرێوەبەر و ڕێبەرەکەشیان نەیدەتوانی لێ‌یانی زەوت بکات. کەڕەی بەیانی هەموو چوونە سەرپشتی ئەسپەکانیان و بەسەر گردەکەدا سەرکەوتنەوە هەتا بەو موزیکە سەیرو و تیژ و ناسازە کە ئاگاکەرەوەی نزیکبوونەوەیان بوو، بەرەو پیری گزینگی بەر بەیان بچن.

بابەتی کاک رەزا شوان لەم بارەوە

لە شـێرەژنـانی کورد ـ فـاتە رەش (١٨٨٨ـ ١٩٥٥) .. رەزا شـوان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی