لە ڕاپەڕینی نوێی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆریی ئاخوندی، ناوی دوو ناوچەی ئێران، بەلووچستان و کوردستان و ناوی دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ درەوشانەوەیەکی تایبەتیان هەیە.
خەڵکی کوردستان و بەلووچستان نەک هەر لە ڕووی نەتەوەیی- مێژوویییەوە چارەنووسێکی وەک یەک یا لێک نزیکیان هەیە، لە مێژووی تازەی ئێرانیشدا دەتوانین بڵێین هاوچارەنووس بوون. کوردستان و بەلووچستان بە هۆی داواکردنی مافە نەتەوەییەکانیان و پێداگرییان لە سەر کۆتاییهاتن بە ستەم و هەڵاواردن و بێبەشی و، سەردانەنواندن بۆ ڕێژیمی ئاخوندی زۆر زوو کەوتنە بەر ڕق و لەشکرکێشیی ئەو ڕێژیمە.
دیارە بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە و حیزب و ڕێکخراوی سیاسی لە کوردستان پێشینەیەکی درێژ و، ئەزموونێکی دەوڵەمەند و، پێگە و خۆشەویستییەکی جەماوەریی تایبەتیان هەبوو. ئەمەش وای کرد خەبات و خۆڕاگری لە کوردستان دژ بە ڕێژیمی ئاخوندی ئاستێکی بەرزتر و نێوەرۆکێکی قووڵتری هەبێت و کوردستان ببێت بە سەنگەرێکی لە گیران نەهاتووی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. بەڵام بەلووچستانیش سەرەڕای زۆر لە جیاوازییەکانی لە گەڵ کوردستان، لە درێژایی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا زۆربەی جاران، گۆڕەپانی بەرهەڵست و خەباتی خەڵکە بێبەش و زۆرلێکراوەکەی بەرامبەر ئەو ڕێژیمە بووە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی کۆمەڵێک لە خەباتکارانی بەلووچ کە سەر بە ڕێکخراوی چریکە فیداییەکان بوون و تا ئەو کات لە پارێزگەی هورموزگان و لە بەندەرعەباس تێکۆشانی سیاسی و چەکدارییان هەبوو، هاتنە کوردستان و لە ناوچە ئازادەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە گیرسانەوە. ئەوان لە گوندەکانی سەرچنار، خەڵیفان و دایماو کە دەکەونە سێ ناوچەی جیاوازی مەهاباد، بنکەیان کردەوە.” بە هۆی کێشەی نێوخۆییەکانی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکان، هاوینی ١٣٦١ ئەو تێکۆشەرانەی لە بەندەرعەباسەوە هاتبوون پێوەندیی خۆیان لە گەڵ چریکەکان هەڵبڕی و لە ژێر ناوی “گرووپی هۆرموزگان” بوونی خۆیان راگەیاند. ژمارەیەک لەو گرووپە ویستبوویان بگەڕێنەوە بۆ زاهیدان، کرمان و بەندەرعەباس، بەڵام ئەو بەشە لە چریکە فیداییەکان کە بە شاخەی “اقلیت” ناسرابوون، حیزبی دیموکراتیان وا لەم ڕووداوە تێگەیاندبوو کە ئەوانەش(وەک چریکەکانی ئەکسەرییەت) دەیانەوێ بە چەکەوە بچنەوە پاڵ ڕێژیم. (*)لەم پێوەندییەدا پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی شاروێرانی سەروو، بنکەی ئەو چریکانەیان لە دایماو گەمارۆدا. بەڵام بە خۆشییەوە دەفتەری سیاسیی حیزب کە هەستی بەم خراپ تێگەیشتنە کردبوو، زوو هاتە نێو ڕووداوەکە و نەک هەر نەیهێشت تێکهەڵچوون و زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە، بەڵکوو بناغەی پێوەندی و هاوکاری لە گەڵ دامەزراندن.
چریکەکانی هۆرموزگان کە من لە ساڵی ١٣٦١ەوە لە ناوچەی نەغەدە ناسیمن، بە جیا و هێندێک جاریش شانبەشانی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات پارێزگارییان لە ناوچەی ئازادی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دەکرد و بەرەنگاری هێرشەکانی ڕێژیم دەبوونەوە. بۆ خۆم شایەت بووم بە هۆی هەڵسوکەوتی جوانیان لە گەڵ خەڵک، لە ناوچەی شاروێرانی سەروو خۆشەویست و جێگەی ڕێز بوون و خەڵك بە باشی هاوکاریی دەکردن. دوای داگیرکرانەوەی شاروێرانی سەروو لە لایەن هێزەکانی ڕێژیم، لە ناوچەی سەرشاخان بە تایبەتی لە گوندی “ئەحمەد غەریب” بنکەیان کردەوە. پاییزی ١٣٦٢ وێڕای پێشمەرگەکانی دووهێزی سمکۆ و ئاوارە، لە عەمەلیاتی گەورەی چوون بۆ نێو شاری شنۆ بەشدار بوون و ئەوەندەی لە بیرم ماوە، لانیکەم یەکێک لە پێشمەرگەکانیان لە کاتی پاشەکشە و لە نزیک گوندی میرابات، شەهید بوو. دیارە چەند پێشمەرگەیەکی دیکەشیان لە کات و شوێنی جیاوازدا لە کوردستان شەهید بوون.
پاش هێرشە گەورەکەی هاوینی ١٣٦٣ی هێزە چەکدارەکانی سەر بە “قەرارگای هەمزە”ی ڕێژیم بۆ سەر ناوچە ئازادەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە( ناوچەکانی پیرانشار، نەغەدە، مەهاباد، ڕەبەت و هتد) چریکەکانی هورموزگان وێڕای هێزەکانی سمکۆ و ئەفشین و ئاوارە پەڕیوەی دیوی گەرمێن بوون.وەها لە گەڵ پێشمەرگەکانی حیزب تێکەڵاو ببوون، لە ڕاستیدا نە ئەوان خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە جیا دەزانی و نە ئۆرگانەکان و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات بە چاوی نامۆ و لایەنێکی جیاواز سەیریان دەکردن.
ساڵی ١٣٦٤ لە سەر پێشنیاری دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکرات، چریکەکانی هورموزگان کە ٧ -٨ کەسێکیان لێ مابۆوە و بەرپرسەکەیان “کاک عارف” بوو، لە بنکەی دەفتەری سیاسی لە گەورەدێ نیشتەجێ کران. مەبەست لەو نیشتەجێکردنەیان لە بنکەی دەفتەری سیاسی، ڕێزلێگرتن وپاراستنیان بوو. کەسەکانی دیکەی ئەم گرووپە کە ناوەکانیانم لە بیرن بریتی بوون لە: ١- سرووش، ٢-حەسەن،٣-ئیرەج، ٤-موسلیم،٥- غولام. دیارە ئەم ناوانە هەموویان ناوی نهێنی یا خوازراو بوون. ئەو هاوڕێیانە بەوە ڕازی نەبوون کە وەک میوانێکی بەڕێز هەر لە بنکەکەیان دابنیشن و هیچ نەکەن. بۆیە بەرە بەرە لە ئۆرگانەکانی حیزب کاریان وەرگرت. کاک ئیرەج(کە ئێستا لە وڵاتی ئوسترالیا دەژی)، بەهاران و هاوینان وێڕای پێشمەرگەکانی حیزب و وەک پێشمەرگە دەگەڕایەوە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پاییزان و زستانانیش لە بەشی خەدەماتی حیزب کاری شۆفیریی دەکرد. کاک حەسەن کە خوێندەواری و توانایەکی فکریی باشی هەبوو، لە بەشی چاپەمەنیی حیزب، کاری وەرگرت. (ناوبراو ئێستا لە وڵاتی کانادا دەژی) کاک موسلیم (ئێستا لە دانمارک دەژی)و کاک غولام (ئێستا لە وڵاتی نۆروێژ دەژی)لە بەشی بێ سیم (مخابرات)شانیان دایە بەر کار و ئەرکی ڕۆژانە. لە ڕاستیشدا هەموویان نموونەی ڕێکوپێکی و دڵسۆزی بوون و ببوون بە خۆشەویستی ڕێبەری و تێكرای تێکۆشەرانی حیزب. پێویستە بڵێم کاک عارف بەرپرسی ئەو گرووپە لە کۆتاییەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی کە لە ئەفغانستان هێشتا حکوومەتی نەجیب لە سەر کار بوو، سەفەری ئەوێی کرد. دەگوترا ناوبراو بۆ خۆی لە ئەسلدا تاجیکە و ئەحمەد شا مەسعوودیشی خۆش دەویست و بیستبووم ناسیاوییشی لە گەڵیدا هەیە. بە داخەوە دوای ئەو سەفەرەی، هیچ کات هیچ چەشنە هەواڵێکم لە بارەی کاک عارف نەبیست. لە سەرەتای دەیەی ٩٠ی زایینی “ئیرەج”لە کاتی چوون بۆ تورکیە، بەرەوڕووی پیلانێکی دەستوپێوەندەکانی ڕێژیم بۆوە وبە قۆڵبەستکراوی بردیانەوە بۆ ئێران، پاش ساڵانێک گیران و دەستبەسەری و گێرە و کێشە سەرئەنجام ئێرانی بە جێ هێشت و ئێستا لە وڵاتی ئوسترالیا گیرساوەتەوە. هاوڕێیانی دیکە لە نێوەراستەکانی دەیەی ٩٠ی زایینی بە هاوکاریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک پەنابەر لە کانادا و دانمارک و نۆروێژ وەرگیران. پێویستە ئەمەش بڵێم کە بە داخەوە “سرووش” لەم ساڵانەی دوایی لە کانادا کوژرا. دەزانم کوژرانەکەی بە ئەنقەست بوو، بەڵام لە هۆیەکەی و وردەکاریی ڕووداوەکە نازانم.
ئەم نووسینە تەنیا ئاوڕدانەوەیەکی تێکەڵ بە وەفا و پێزانین لە بارەی ئەو پۆلە لە تێکۆشەرانی بەلووچ بوو کە هاتبوونە کوردستان و هاوخەباتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بە تایبەتی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات بوون. وێڕای بە ئاواتخواستنی تەمەندرێژی بۆ ئەوانەیان کە لە ژیاندان، داوایان لێ دەکەم بیرەوەرییەکانی خۆیان لە بارەی ساڵانی تێکۆشانیان لە کوردستان بنووسن با ئەم لاپەڕە جوان و بە نرخەی هاوخەباتییان لە گەڵ ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، لەمێژووی پێوەندیی دوو نەتەوەی کورد و بەلووچدا بە خەتێکی زێڕین تۆمار بکرێ. بێگومان ئەم نووسینەی من کەم و کووڕیی زۆری تێدایە. داوا و تکام ئەوەیە هاوڕێیانی ئاگادار، بە زانیاریی خۆیان، ئەگەر هەڵە و ناتەواوییەک لە گێرانەوەکەمدا هەیە، ڕاستی بکەنەوە.
(*) هێندێک لەو زانیارییانەم لە نووسینێک لە ژێر ناوی” جستاری در چریک های فدایی خلق” نووسینی محمدامین محمدپور لەم لینکەی خوارەوە وەرگرتووە: