"an independent online kurdish website

پێشبار:  ئەم چیرۆکە، رووداوگەلێکی راستەقینەیە کە رووی داوە. چوار ساڵ لەمەوبەر، بینینی راپۆرتەهەواڵێک، بوو بە هەوێنی ئەم چیرۆکە. ناوەکان هەموو خوازراون و ناوی راستەقینە نین.qadr_eliassi

ئەگەر کەسێک خۆی لە رۆڵی شەریف دا دەبینێتەوە، با بۆ ئەو بێ. ئەوانەش خۆیان لە ریزی قوربانییەکاندا دەبیننەوە، ئەوانیش سەربەستن. بە کورتی ئەم چیرۆکە هی ئەو کەسانەیە کە بە جۆرێک لە ژیانی ئەوان دەدوێ. مەبەستی منیش لەم گێڕانەوەیەدا، جگە لە وتنی راستییەکان بە شێوەی چیرۆک، دەمهەوێ بە خوێنەر بڵێم: بۆ ئەوەی لە شتێک یان رووداوێک تێبگەی، مەرج نییە بۆ دوور بڕوانی. تەنیا سەیری بەر پێی خۆت بکە، ئەوەتا خۆی لە بەردەمتا مەڵاس داوە.

قادرئەلیاسی ـ ئۆسلۆ،٣٠/٥/٢٠١٢

کێ قومری خستە ئەو زەلکاوە؟

کاتێک گواستنەوەی یەکەم دانیشتنی ئەو کۆبوونەوە بەرینەم لە رێگای دەنگ و رەنگەکەی خۆمانەوە چاو پێ کەوت، یەکەمجار باوەڕم نەکرد ئەوەی بە چاوی خۆم، دەیبینم، ئەو بێ!؟ کەم کەم چاوم بە دیمەنی کۆبوونەوەکەدا راهات و جارێکیتر گەڕامەوە سەر، سەرو سەکوتی ئەو کابرا نالەبارە. بە خوا خۆیەتی! لە هەموو دەم و چاوێک باشتر ئەیناسم. ئەی چۆن؟ ئەمە هەر ئەو کابرا نییە کە ساڵانێکی دوور و درێژ، لە ئۆردووگادا خەڵکی دەچەوساندەوە؟
کۆبوونەوە بە چ باسێکەوە خەریک بوو و لە سەر چی دەدوا، نازانم. تازە هەموو هزر و بیر و مێشکم بەو کابرایەوە خەریک بوو کە لە ریزی پێشەوەی کۆبوونەوەکە دانیشت بوو.
خەیاڵ بردمییەوە بۆ ساڵەکانی١٩٨٨ ی زایینی کە تازە کارەساتی هەڵەبجە رووی دابوو و منیش تازە گەڕابوومەوە ئۆردووگا. ئەو ئۆردووگایە نزیکەی ٤٠٠٠٠ تا ٥٠٠٠٠ کەس حەشیمەتی پێکهاتوو لە کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پڕانییان خەڵکی پارێزگای کرماشانی لە خۆ گرتبوو. دیارە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی سەر بە پارێزگای سنە و ئازەربایجانی رۆژاوا(موکریان) و تاک و تەرایەکیش ئیلامی تێدا دەژیا. بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد، زۆربەی حەشیمەتی ئەو ئۆردووگایە لە هۆزە سنوورنشینەکانی پارێزگای کرماشان، لە دەشتی زەهاو بگرە تا سەرقەڵا و سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ، بگاتەوە هەورامان و مەریوانی لە خۆیدا جێکردبۆوە. ئەم خەڵکە چۆن گەیشتبوونە ئەوێ، بەسەرهاتێکی دوور و درێژی هەیە کە رەنگە لەم نووسراوەیەدا باس کردنی نە پێویست بێ و نە گونجاو.
کابرا ئەوەندە خەیاڵمی بە فیلمی کردارە نەشیاوەکانی خۆیەوە خەریک کردبوو، نەمزانی کۆبوونەوەکە کەی تەواو بوو و نەشمزانی چۆن بوو، دوای بینینی ئەو فەساڵە فرە تاڵە، خۆم لە نێو قاوەخانەیەکی قەرەباڵغی نێو شاردا دیتەوە. دوای ئەوەی لە سەر کورسییەک جێم خۆش کرد، داوای پیاڵەیەک چام کرد. لەو کاتەدا چایچی چایەکەی بۆ دەهێنام، گوێم لێ بوو یەکێک لەو کەسانەی کە لە گۆشەیەکی قاوەخانەکەدا دانیشتبوو، ئەیوت: ئەرێ ئەوەی من لە سەر ئەو دەنگ و رەنگە دیتم، خۆی نەبوو؟
خاڵۆ حەمەغەریب کە تەمەنی نزیکەی ٦٠ ساڵ دەبوو، بە دەم چاخ کردنی سەبیلەکەییەوە رووی کردە مامە هەردی و وەڵامی دایەوە: “بەرێ وەڵڵا خۆی بوو. ئەگەر باوەڕیش ناکەی، ئەوە ئاوی سارد و ئەوەش دەرگای ئاوەڵای قاوەخانەکە!”
کوڕێکی بۆیاخچی کە لە بەر دەم چایخانەکەدا دانیشتبوو و چاوەڕێی موشتەری دەکرد، وتی: “ئەو کابرایە هەرایەکی وای لە نێوان ماڵی ئێمە و ماڵی مامۆما نایەوە کە ئێستاش دووکەڵ ئەکا”. خاڵۆ حەمەغەریب قسەکەی لە دەمی بۆیاخچی سەندەوە و وتی: “رۆڵەگیان ئەو تەنیا ئاگری دووبەرەکی لە نێوان دوو بنەماڵەدا خۆش نەدەکرد، بەڵکوو لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٨٢ تا ٢٠٠٣ لەو ئۆردووگایەدا بەردەوام لە پیلانگێڕان و ئاژاوەسازکردن و خەڵک رووتاندنەوەدا بووە و؛ دەیان کردەوەی دزێوی ئەنجام داوە کە پیاو لە رووی نایە، باسی بکا. نازانم ئەم دەنگ و رەنگە چۆن ئاوا بەو ئاشکراییە خەریکە خۆڵ ئەکاتە چاوی خەڵک”؟
دوای لووش کردنی پیاڵە چایەکە، قاوەخانەکەم بەجێهێشت و بە بێ ئەوەی بڕیار بەرەو شوێنێک بدەم، خۆم لە نێو گۆڕەپانی سەوزی فرۆشەکانی شاردا دیتەوە. لەوێش نە باسی توور بوو، نە باسی تەڕەپیاز و نە تەماتە و خەیار و شتی لەو بابەتە. باس هەر باسی کابرا بوو. خدری مام عەوڵڵا بە دەم جوێ کردنەوەی دەسکە کەوەرەکانەوە خۆی خەریک کردبوو و جار نەجارێ بۆڵەیەکی تێکەڵ بە پێکەنینی دەهاتێ و لە پڕ بێدەنگ دەبوو. خوشکە سنەوبەر لەو ژنانە بوو کە هەموو پێش نێوەڕوانێک، دوای چێشتەنگاوان خۆی دەگەیاندە سەوزی فرۆشەکان و لە تەماتە و بامیە و کوولەکەوە بگرە تا کەوەر و تەڕەتیزە و توور و تەڕەپیازی دەماشییەوە و زووکار دەگەڕایەوە ماڵ، تا فریای هەرمانەکانی دیکەی بکەوێ.
ئەو دەمەو نیوەڕۆیە ئەویشم دی کە لە قەراغ دووکانچەکەی حەمەلاوی خاڵە ئەحە وەستا بوو و گوێی دەدایە گوڵچینی مام رەحمان.
گوڵچینیش خەریک بوو باسی کابرای بۆ سنەوبەر دەکرد. حەمەلاو ئەو رۆژە بە پێچەوانەی رۆژانیتر کە بەردەوام هاواری ئەکرد و خەڵکی بۆ کڕینی سەوزی و میوە و تەڕەبارەکانی هان دەدا، زۆر بە بێدەنگی و واق وڕماوی، گوێی بۆ ئاخاوتنی ئەو دوو ژنە شل کردبوو.
گوڵچین ئەیوت: ” لە بیرمە ئەم کابرا ناموبارەکە، ژنێکی دەم و چاو جوانی ئۆردووگای تووشی داوێن پیسی کرد. ژنەکە، ژنی پیاوێک بوو کە نە عەشیرە و هۆزێکی بوو، بیپارێزێ و نە خزمێکی نزیکیشی هەبوو، لە سەری وە جواب بێ. ئەم کابرا خۆفرۆشەش، رۆژانە بە ئۆردووگادا دەگەڕا و خەریکی نێچیر دۆزینەوە بۆ پیاوەکانی رێژیم بوو. من نازانم، دەینی وە ملی ئەوانەی وتیان کە گوایە بڕێ دیناری دەسکردی خستۆتە ماڵەکەی ئەو ژنە و دواتر پیاوەکانی بەعسی لە سەیتەرەکە هێناوە و دوای پشکنین، دینارەکانیان دۆزیوەتەوە و مێردی ژنەشیان بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی دیناری قەڵب راپێچی گرتووخانەی ئەبووغرێب کردووە.
دواتر ژنی بێکەسیش بۆ رزگاری مێردەکەی، پەنای بردۆتە بەر ئەو دڕندەیە و؛ ئەویش بەڵێنی پێداوە کە کارێکی بۆ بکا. بەڵام بە ژنە دەڵێ: ئێستا رۆژە و خەڵک ئەزانن و بۆ تۆ و بۆ منیش باش نییە. ئێوارە خۆم دێم بە دووتا و پێکەوە دەچین بۆ لای ئەبووخەمیس و لێی ئەپاڕێینەوە، تا بەشکوو رێگەیەکمان پێ نیشان بدا.
ئێوارە ژنە دەبا بۆ ئیدارەی ئەمن و لە گەڵ ئەبووخەمیس و ئەبووجاسم و ئەبووعەلی پێکەوە کۆ دەبنەوە. ژووری کۆبوونەوەکە زۆر دوورەپەرێز و بێدەنگ دەکەوێتە بەرچاو. خواردن و خواردنەوە دانرابوو و وادیار بوو، هەموو چاوەڕوانی ژنەکە بوون. ژنی هەژار، زمانی عەرەبی نازانێ. بۆیە شەریف وەک دیلمانج دەست دەکا بە ئاڵ و گۆڕی قسەکانی نێوان قومری و ئەبووخەمیس. دوای قسە و باسێکی زۆری نێوان ئەبووخەمیس و شەریف کە هەموو بە عەرەبی دەبێ و قومری هیچی لێ تێناگا، شەریف روو ئەکاتە قومری و دەڵێ: من نازانم تۆ بەم مامەڵە رازی ئەبی یان نە؟ ئەمان داوای شتێک ئەکەن کە لای تۆیە. تۆش ئەگەر مل بۆ داواکەیان بدەی، مەحموود بەر ئەدەن. ئەگەریش بە قسەیان نەکەی و داوخوازییەکەیان بەجێ نەهێنی، سزای مەحموودی شووت یان مەرگە یان بیست ساڵ زیندانی لە ئەبووغرێب دەبێ.
ئەبووخەمیس و هاوپیاڵەکانی دەکەونە خواردن و خواردنەوە و چاوەڕێی ئاکامی گفتوگۆی قومری و شەریف دەمێننەوە.
ژنی بێکەس و بێدەرەتانیش لەو بیاوانەی عەرەبستاندا تەنیا خولەی مێردی شک ئەبا. بۆیە ئەکەوێتە بیرکردنەوە و خۆی لە دوو رێیانێکدا دەبینێتەوە. یان مل دان بۆ داخوازیی ئەو پیاوانە و یان خۆ سپاردن بە دەستی چارەنووسێکی نادیاری دیکەوە. لە کۆتاییدا، روو ئەکاتە شەریف و ئەپرسێ: داواکەیان چییە؟ شەریفیش ئەمە یەکەم جاری نییە کە ئەم داوە بنێتەوە، بۆیە زۆر بە سووک و هاسانی قومری تێدەگەیەنێ. قومری، نە گریان دادی ئەدا و نە پاڕانەوە. لەو ساتە وەختەدا حەزی ئەکرد، بمرێ و ئەو دیمەنە نەبینێ. لە ترساناچاوەکانی لێک دەنێ و بێهۆش دەکەوێ. بە ئاماژەی شەریف، ئەبووخەمیس بە چاوی پڕ لە شەهوەتەوە پەلاماری قومری دەدا و بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی دژکردەوەی ژن بێ، بە زۆرەملی لە گەڵی جووت ئەبێ. پاش ئەو، ئەوانیتر بە نۆرە، لە گەڵ ژنە جووت ئەبن. لەو کاتەدا کە ئەو دڕندانە خەریکی داوێن پیسین، شەریفی ناشەریفیش بۆ دەستەمۆکردنی زیاتری قومری، چەند وێنەیەکیان لێ ئەگرێ.
لە کۆتاییدا ئەبووخەمیس بانگی شەریف ئەکا و پەنجا دینار گەوادانەی ئەداتێ و قومری لە گەڵ ئەنێرێتەوە. ئیتر دوای ئەو رووداوە، قومری وەک هەمین و جەمین و ئەوانیتر بوو بە دەستەمۆی ئەو جانەوەرە دڕندانە.”
سنەوبەر بە سووچی لەچەکەکەی چاوی ئەسڕێ و بە گوڵچین ئەڵێ: ” ئەی ئەو وەختە خوا و پێغەمەر لە کوێ بوون کە داماوی ئەو ژنە چارەڕەشە دەربکەن؟
گوڵچینیش هەناسەیەکی ناهومێدی هەڵئەکێشێ و ئەڵێ: “ئاخر بۆیە سنەوبەر گیان، لەو کاتەوە ئەو شەریفە بێنامووسەم دوای ئەو هەموو هەرمانە قیزەونانەی لەو کۆبوونەوەیەدا دیووە، لە خۆر و مانگ و هەسارەش کەوتوومەتە شک و گومانەوە. خوەیشکم نازانم باسی چیتری ئەو بێنامووسەت بۆ بکەم؟”.
کۆڕی گوڵچین و سنەوبەرم بە جێ هێشت و دیسان رووم کردە شوێنێکیتری شار. مەیدانی حەیوانان بوو. بزگیر و قەساوەکان لە دەوری چەند سەر مەڕ و بزن کۆمڵتەیان بەستبوو و بە پێچەوانەی مەجلیسی قاوەخانە و سەوزی فرۆشەکان، لێرە بازاڕی کەسابەت گەرم بوو. هەر کڕیارە و بە کەیفی خۆی نرخێکی لە سەر حەیوانەکان دادەنا. ئەنجام قالەقەساو سەودای خۆی کرد و دوو سەر لە مەڕەکانی بردەوە تا بۆ سبەی رۆژی دوایی سەریان ببڕێ و بە کیلۆ بیانفرۆشێ. مەزاتی کەسابەت خەریک بوو، تەواو دەبوو کە سمە سمێڵ، باسی شەریف و کۆبوونەوەکەی هێنایە بەر باس. مینەی پوورەحەلاو، لە کاتێکدا دەم و چاوی گرژ و مۆن هەڵگەڕابوو، بە دەنگێکی بەرز وتی: ” کەس ناتوانێ رووداوە راستەقینەکان بگۆڕێ. ئەوەی ئەو کابرا بێویژدانە لەو ئۆردووگایەدا کردی، لە بیری کەس ناچێتەوە. خۆ گشتتان لە بیرتانە، وەختی بێ ئاوییەکە چی بە سەر ئەو مەخلووقە هێنا. بەعس بەو دڕندەییە بەزەیی بە ئێمەدا هات و بە تانکر ئاوی بۆ ئەهێناین، کەچی ئەم بوو بە دەڵاڵ و بە بۆشکە(بەرمیل) پێی ئەفرۆشتین. یەکەمجار بەرمیلێک بە ١ دینار بوو، دوایی کردی بە ٥ و پاشان بە ٢٥ دینار. دەبوو لە فرۆشی ئاوی هەر تانکرێک بەشی ئەمن، ئیستیخبارات، موخابرات و شورتە و هەموو وەکیل و گزیرێکی دابایە. لەوەش خراپتر ئاژاوەسازکردنەکانی لە نێوان هۆزەکانی ئۆردووگادا خۆ یەک و دوو نەبوون. جارێک بە ناوی قەڵخانی و سونی کەتنی ئەنایەوە. کەڕەتێک بە ناوی تۆڵەسەندنەوەی کەسێکی کوژراوی دەیان ساڵ لەمەوبەر، هەرایەکی وای لە نێوان هۆزەکانی تەرخانی و خەرپانی دا سازکرد کە بە کەس هێور نەدەکرایەوە. کوڕە! دەیان سەر شکا، دەیان ماڵ سووتا، ئیتر باسی دەیان بێحورمەتی و تێهەڵدان مەکە کە بەرامبەر بە ژنان و بەساڵداچووان کرا. هەموو جارێکیش لە کۆتایی شەڕەکەدا چەند کەسێکیان لە هەر دوو لا راپێچی گرتووخانەی شورتەی لای سەیتەرەکە ئەکرد و تانێکی خاسیان ئەکوتان”.
خەفووری حەمەگەڵ لار، خۆی پێڕانەگیرا و چووە نێو قسەکانی مینە و وتی: ” ئەی باشە بۆ باسی ئەوەش ناکەن، دوای ئاژاوەکان ئەو چی دەست ئەکەوت؟ لە بیرمە بە نهێنی ئەچووە لای ریش چەرمووەکانی هەر دوو هۆزی دژ بە یەک و ئەیوت کە بۆ ئەوەی ریشتان نەدرێ وە گووەوە، پارەم بدەنێ تا گیراوەکان ئازاد بکەم. ئیتر لەم لا چەندسەد دینار و لەولاش هەر ئاوا، کۆی ئەکردەوە و ئەیبرد بۆ بەرپرسی شورتە و دەس و دایەرەکەی. ئەوانیش دەمی ئەمیان لێ چەور ئەکرد و گێرەی شەڕکەرانیان بەر دەدا. کوڕە برا، ئەم حۆلەمەرەسەیە ساڵی دەیان جار دووپات ئەکرایەوە”.
چیدی توانای گوێگرتن و ژاراونۆشینم نەما. گەڕامەوە ماڵ و خۆم لە سووچێکی تەریکی ژوورەکەدا گرمۆڵە کرد. وەک ئەوەی بترسم کە نەکا، دوای ئەو کۆبوونەوەیە شەریفم لێ راسپێرن بە تاوانی لە ژێر پێ نانی ئوسوولی تەشکیلاتی، سزام بدا!!!!

{jcomments off}

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی