دەسەڵاتدارانی ئێران کە هیچ مافێک بۆ نەتەوەکانی غەیرە فارس بە ڕەوا نازانن و بۆ ئەم نەتەوانە سیاسەتی سەرکوت و ئێعدامیان گرتووەتە پێش، بەڵام لەلایەکی ترەوە لە بزووتنەوە جیاخوازەکانی یەمەنی باشور پشتیوانی مادی و مەئنەوی دەکەن…
ناوەندگەرا (Centraliserade) و بێ ناوەندگەرا(decentraliserade) لە جیهانی عەرەب دا
نووسینی: یوسف عزیزی بنی طرف
وەرگێڕانی: حەمید تەیموری
خەبات بۆ فیدرالیزم لە لیبی
بەشی دووهەمی ئەم نووسینە لە توونسەوە دەست پێی دەکەم. لە بەراورد لەگەڵ هەفت ملیۆن خەڵکی بەربەر لە مغرب و هەروەها بەو رادەیەش لە الجەزایر، رادەی بەربەرەکان لە توونس بەرچاو نیە. ڕادەی بەربەرەکان لەم وڵاتە نزیکەی سەد هەزار کەس مزەنە دەکرێ. بەڵام پرسی میللی لە توونس زۆر گەرمو گوڕنیە.
ڕادەی بەربەرەکان لە لیبی زۆرترە تاکو وڵاتی توونس و نزیکەی ١٠%لە سەدی دانیشتووانی شەش ملیۆنی لیبی پێک دێنن. زۆربەی ئەمانە لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتی لیبی دادەنیشن و زۆرینەی ئەمانە لە ناوچەکانی وەک “جبل نفوسە” و “زلیتین” نیشتەجێن. سەرهەنگ معمر قذافی، زمانی بەربەرەکان کە “ئامازیغی”یە قەدەغە کرد و لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسی پەراوێزی خستن. بەربەرەکان بە پێچەوانەی مەراکش و الجەزایر تاکو پێش بەهاری عەرەبی لەگەڵ سەرکوتی رژیمی دیکتاتۆری قەزافی ڕووبەڕوو بوون. بەڵام دوای تێکڕۆخانی رژیمی قەزافی، لە چەندین کۆبوونەوەو خۆپێشاندان لەوانە لە تەرابلس بەشداریان کرد و داوای لەنێوبردنی ستەمی نەتەوایەتی لە سەر گەلی خۆیان کرد. نەتەوەی بەربەر خوازیاری دانانی نیزامێکی ناناوەندگرایان لە لیبی دەکرد. جگە لە بزووتنەوەی بەربەرەکان یان ئامازیغ لە لیبی، دەبێ ئاماژە بە بزووتنەوەی فیدرالیستەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبی بکەم کە یەکەم بزووتنەوەو گرنگتر و بەهێزتر بوو. ئەمانە عەرەبن و لە هەرێمی “برقە” لە ڕۆژهەڵاتی لیبی دەژین. ناوەندی ئەم هەرێمە، شاری “بنغازی”یە کە بینیمان چۆن یەکەم جار شۆڕشی لیبی دژی سەرهەنگ قەزافی لەو شارە سەری هەڵدا.
هەرێمی “برقە” لە ساڵی ١٩٥١ تاکو ساڵی ١٩٦٣ لەگەڵ هەرێمی “فزان” لە باشور و هەرێمی “تەرابلس” لە ڕۆژئاوا نیزامی پاشایەتی فیدراڵی لیبی پێک دەهێنا. لەراستیدا لیبی لە یاسای بنەڕەتی ساڵی ١٩٥١ وەکو وڵاتێکی فیدراڵ ڕاگەیەندرا. هەرێمی “برقە” لە سنوری میسر تاکو کۆتایەکانی ڕۆژهەڵات و تاکو شاری “سرت” لە ڕۆژئاوا درێژەی دەبێتەوە. لە سەردەمی قەزافی، زۆرینەی گەڵاڵەی ئاوەدانی و “سەرمایەگوزاری” گەورە لە پێتەخت واتە شاری تەرابلس و ئەو شارانەی کە خۆشەویستی سەرەک کۆمار بوون واتە شاری “سرت” جێگای لە دایک بوونی موعەمەر قەزافی ئەنجام دەدرا، لە کاتێکدا شاری بنغازی و شارەکانی تری هەرێمی “برقە” و شاری” سبها” و دەوروبەری و لە هەرێمی “فزان” لە باشوری لیبی و هەروەها ئەو ناوچانەی کە بەربەری لێ دادەنیشێ بە هۆی سیاسەتی ناوەندگرای نیزامی پێشوی لیبی، بە دواکەوتوویی هێشویانەتەوە. ئەمەش دەتوانرێ بەراورد بکرێ لەگەڵ نیزامی بە ناو فیدراڵی “ئەیاڵەتە داگیرکراوەکانی ئێران” کە لە سەردەمی قاجار تاکو دەسەڵاتداریەتی “رضا شاە” بەردەوام بوو. ئەم سیستمەش دوایی بە “کشور شاهنشاهی ایران” گۆڕا کە بووە دەسەڵاتداریەتیەکی پۆڵاین و ناوەندگرایەکی دیکتاتور لە تاران. لە ئێران، بە هۆی سیاسەتەکانی شاکانی “پهلوی” و هەروەها دەسەڵاتدارانی بەناو کۆماری ئیسلامی، شایەتی ناوندێکی دیکتاتۆری بێ ئەملاوئەولای سیاسی، ئابوری و فەرهەنگی تارانین کە چەند شاری خۆشەویستی خۆیان لە هەموو بوارێکدا خزمەتیان کردوون و دەکەن. ئەم کردەوەی جیاوازیدانانەی رژیم هەروەک لیبی، زەرەری بە ناوچەکانی ئێران و بەتایبەتی ناوچەکانی نەتەوەکانی غەیرە فارس گەیاندووە.
لە ڕێکەوتی ٦ مارسی ٢٠١٢ نزیکەی پێنج هەزار کەس لە چالاکان و ڕێبەرانی ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسیەکان و گەورەی هۆز و عەشیرەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبی لە شاری بنغازی کۆبوونەوە و دامەزراندنی هەرێمی خودموختاری “برقە” یان ڕاگەیاند. ئەمانە شۆرای “انتقالی” و پارلەمانی تایبەتی خۆیانیان پێکهێناو (احمد زبیر السنوسی)یان وەک بەرپرسی ئەو پارلەمانە هەڵبژارد. دژکردەوەی پێتەخت، دژکردەوەیەکی نامتمدنانە و هەڕەشەئاسا بوو. شتێکی وەکو دژکردەوەی خومەینی لە بەرانبەر کوردەکان و نەتەوەکانی تری لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بوو. مستەفا عەبدولجەلیل ڕیبەری شۆرای میللی کاتی لیبی، خەڵکی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی لیبی کە خوازیاری دانانی نیزامی فیدراڵی لەو وڵاتە بوون بە جیاوازخوازی دانان و هەڕەشەی لێی کردن کە لە بەرانبەر خواستەکانیان هێز بەکار دێنێ.
فیدراڵی خوازەکان، دەڵێن کە جیاخواز نیەن و خوازیاری یەکپارچەیی لیبین و لە شۆڕشدا دژی قەزافی بەشداریان کردووە و شارستانی بنغازی پێشڕەوی ئەو شۆڕشە بووە. ئەوان دەڵێن کە خوازیاری بەشداری لە دەسەڵات و داهاتی وڵاتدان و جیاوازی خوازی (وەک نەتەوەیەکی پلە دووهەم) لە وڵاتدا قەبووڵ ناکەن. بزووتنەوەی فیدراڵیستەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبی، هەڵبژاردنی کۆنگرەی میللی لیبی بەناڕەوا دەزانن لەبەر ئەوەی ناوەندگەرا و پێتەخت نشینەکانی تەرابلس گوێیان نەداوەتە خواستەکانیان و پشت گوێیان خستووە. ئەم هەڵبژاردنە بڕیارە ڕۆژی شەممە هەفتی ژوویە پێک بێی. لە بنەڕەتدا ئێستبداد و یەکپارچەخوازی (توتالیتاریسم) هاوجووتی ناوەندگەرای پۆڵاینی دەسەڵات و داهاتی وڵات لە دەستی نەتەوەیەکدایە و دێموکراسی ڕاستی چ لە لیبی و چ لە ئێران و یان هەر جێگایەک لەو جیهانە بە بێ دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتی وڵات و یەکسانی (میللی) نەتەوەیی مەحاڵە.
میسر و کێشەی کەمە نەتەوە مەزهەبیەکان
“قبتیەکان” گەورەترین کەمە نەتەوەی مەسیحین لە وڵاتانی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی ناوین. زۆرینەی ئەوان لە میسر دادەنیشن. کێشەی قبتیەکان لە راستیدا کێشەیەکی دینییە و ئێتنیکی نیە، لەبەر ئەوەی میسریەکان چ موسڵمان و چ مەسیحی لە یەک ئێتنیک یان نەتەوەیەک پێکهاتوون. ڕادەی قبتیەکانی میسر نزیکەی هەشت ملیۆن کەس یان ١٠% لە سەدی دانیشتووانی میسر پێک دێنن. جگە لە قبتیەکان کەمینەیەکی تری میسریەکان بەهایی و شیعە مەزهەبن. کەمە نەتەوە دینیەکان لە کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک مافی یەکسانیان لەگەڵ زۆرینەدا هەیە و لە ڕاستیدا بە مافی بەرابەری، یەکسانی لە کۆمەڵگایەکی دێموکراتیک، ئیتر ناونانی کەمینە بەوان ناپەسەندە و ئەم وتەیەش تایبەتی کۆمەڵگایەکی نادێموکراتیک و ئێستبدادە. هەروەها مەبەستی مافی نەتەوەکان و کەمینە ئێتنیکیەکان و یان کەمینە دینی و مەزهەبیەکان جیاوازی هەیە. مافی چارەنووس پێکهاتووە لە مافی نەتەوەکان و کەمینە نەتەوە ئێتنیکە میللیەکان. بەڵام کەمینە نەتەوە دینی و مەزهەنیەکان ناگرێتەوە.
یەمەنی باشوری و مافی چارەنووس
یەمەنی باشوری تاکو ساڵی ١٩٩٠ وڵاتێکی سەربەخۆ، کە ناوی کۆماری دێموکراتیکی یەمەن بوو. لەو کاتەوە بە ڕازی بوونی ڕێبەرانی هەر دوو یەمەنی باشوری (علی ناصر محمد) و یەمەنی باکوری (علی عبداللە صالح) ئەم دوو وڵاتە یەکیان گرتەوە و کۆماری یەکگرتووی یەمەنیان پێک هێنا. علی عبداللە صالح کەسێکە کە دوای سی و چوار ساڵ دەسەڵاتداریەتی و تەک ڕەویی، چەند مانگ لەمەوپێش لە لایەن بزووتنەوەی شۆڕشی خەڵک لە دەسەڵات وەڵایان نا. ناوبراو لە ساڵی ١٩٩٤ سوپای بردە سەر یەمەنی باشوری و تێکۆشا بەهێزی سپا خەڵکی ناڕازی باشوری سەرکوت کرد. لەو کاتە بەدواوە جیاوازی دانان(تبعیض) لە نێوان باکور و باشور دەستی پێکرد. لە ناڕەزایەتی دژی ئەم کردەوە، ئێستا شاهیدی دوو بزووتنەوەی سیاسی لە یەمەنی باشورین کە ڕێبەرانی پێشوی کۆماری دێموکراتیکی یەمەن ڕێبەری ئەو بزووتنەوانە دەکەن، بزووتنەوەی فیدراڵی خوازان و بزووتنەوەی جیاوازیخوازان.
علی سالم البیض سەرۆک کۆماری پێشوی یەمەن خوازیاری دابەش بوونی یەمەنی باشوری و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە، بەڵام علی ناصر محمد سەرۆک کۆماری پێشو و بابکر العطاس سەرەک وەزیرانی پێشوی کۆماری دێموکراتیکی یەمەن جەخت لەسەر مافی چارەنووسی خەڵکی یەمەنی باشوری دەکەنەوە. ناوبراوان خوازیاری دانانی نیزامێکی فیدراڵ بۆ ماوەی پێنچ ساڵ لە کۆماری یەمەنن و پێشەوەچوونی ئەم کردارە جەخت لەسەر خەباتی ئاشتیخوازانە دەکەنەوە و دژی هێزو خەباتی تووندووتیژین. شایانی باسە بە پێی ئەم گەڵاڵەیە، هەموو گرووپەکان هەر لە سەربەخۆ خوازەکان، فیدراڵیستەکان یان یەکپارچە خوازەکان لە ماوەی ئەم پێنچ ساڵەدا بانگەشە بۆ بەرنامەی خۆیان بکەن و لە کۆتایی ئەم ماوەیەدا، خەڵکی یەمەنی باشوری لە رێفراندۆمێکی گشتی، چارەنووسی سیاسی خۆیان دیاری بکەن.
بزووتنەوەی خەڵکی یەمەنی باشوری بە “الحراک الجنوبی” یان بزووتنەوەی باشوری ناو دەبەن کە سێ ساڵ لەمەوبەر و پێش بەهاری عەرەبی سەری هەڵداو لە ماوەی ئەم یەک و دوو ساڵەدا، لە تەنیشتی دروشمی ڕۆخانی نیزامی فاسد و دیکتاتۆری علی عبداللە صالح، دروشمی تایبەتی خۆیانیان دووپات کردووەتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران کە نەتەوەکانی غەیرە فارسی لە هەر جۆرە مافێک بێبەش کردووە، سیاسەتی سەرکوت و ئێعدامی لە بەرانبەر ئەم نەتەوەانەدا گرتووەتە پێش، بەڵام پشتیوانی مادی و “معنوی” لە بزووتنەوەی جیاوازیخوازەکانی یەمەنی باشوری دەکا. ماوەیەک لەمەوپێش دەوڵەتی ئێران بە یارمەتی “حیزبوڵای لوبنان” و “حوتی” یەکانی یەمەن یارمەتی بزووتنەوەی یەمەنی باشوری کرد تاکو کونفرانسێک لە بەیروت لەوبوارەدا پێک بێنن.
سەرچاوە:
(اخبار روز: www.akhbar-rooz.com)
هەینی، ٦ی ژوویەی ٢٠١٢
{jcomments off}