"an independent online kurdish website

نەتەوەی کورد هەر وەک زۆربەی نەتەوەکانی دیکە لە چەندها بەش، هۆز و تایفە پێکهاتوون کە بە زاراوە و ژێرزاراوەی جیاواز دەپەیڤن (قسە ئەکەن)، سەر بە چەندها ئایین و مەزهەبی جیاوازن، بەڵام هیچ کام لە ئەو جیاوازییانە لە یەک نەتەوە بوونیان و لە هاوچارەنووسییان ناتوانێت کەم بکاتەوە.ali_qenberi1

زاراوەی لەکی

بە قسەی مێژووناسان و زمانناسان، لەکەکان بەشێکی  گرنگ و دانەبڕاو لە نەتەوەی کوردن کە بە زاراە، یان ژێرزاراوەی لەکی دەپەیڤن. زاراوەی لەکی نزیکایەتییەکی زۆری هەیە لە گەڵ زاراوەکانی وەک لوڕی، کەڵهوڕی و هەورامی (لە ڕاستیدا هەورامی دەچێتە سەر زاراوەی گۆرانی).

بۆ نموونە، دانشنامەی بریتانیکا زاراوەی لەکی بە زاراوەیەکی زمانی کوردی ناو دەبات. هەر وەها لە کتێبی دائرەالمعارفی ئیسلامی (دائرەالمعارف اسلامی) هاتووە: در لرستان قدیم برخی اقوام کرد (قبایل لک در شمال و همچنین در بین فیلی ها، ایل محکی) زندگی می کنند. واتە لە لوڕستانی کۆن بەشێک لە نەتەوەی کورد (هۆزەکانی لەک لە باکوور و هەر وەها لە نێوان فەیلییەکان، هۆزی مەحکی) دەژین.

عەلی ئەکبەری دهخدا لە سەر لەکەکان و زاراوەی لەکی دەنووسێ: کوردە لەکەکان کە لە لوڕستان نیشتەجێن، زۆر بە هەیبەت (خۆش تیپ) و هەڵکەوتوون(تنومندند). ڕەنگی ڕوخساریان گەنم وێنە وموی سەریان ڕەش یان بە وێنەی خورماییە. زاراوەی لەکی، زاراوەیەکە لە زمانی کوردی کە خەڵکی شاری هەرسین و دەور و بەری قسەی پێ دەکەن. هەر وەها دایرە المعارفی ئیسلامیش زاراوەی لەکی بە بەشێک لە زمانی کوردی دەزانێت.

زمان ناسی کانادایی، ئانونبی دەنووسێ کە بۆچوونی فەتاحی (نووسەر نازانێ مەبەست کام فەتاحە؟) قەبووڵ کردووە کە زاراوەی لەکی لە ڕیزی زاراوەکانی زمانی کوردیدا داناوە. لە زاراوەی لەکیدا هەر وەک سۆرانی و کرمانجی تایبەتمەندی ئەرگاتیڤی (پێموابێ مەبەست هاوشێوەیی ڕێزمانییە، واتە گراماتیکی) تێدا بە دی دەکرێت، کە وابوو لە ئەساسدا زاراوەی لەکی هاوشێوەی باقی زاراوەکانی کوردییە و لە لوڕی جیاوازە. ئەگەر چی بە پێێ  هندێک لە هەمان ئەو سەرچاوانە، زاراوەی لوڕیش بە یەكی لە زاراوەکانی زمانی کوردی دەژمێردرێت.

سەرە ڕای ئەوەی کە مێژووناسان و زمانناسانی وەک حەمدوڵا مستەفی، عەلی ئەکبەر دەهخودا، پەرویزی ناتل خانلەری، شەرفەدین خان بەدلیسی و زۆر سەرچاوەی تر کە لە سەر کوردی بوونی زاراوەی لەکی پێداگری ئەکەن، بەڵام هەندێک بۆچوون و کەس هەن کە پێیان وایە زاراوەی لەکی، ژێرزاراوەیەکی زاراوەی لوڕییە. یان بە وتەی ئەوان لەکی زاراوەیەکە لە زمانی لوڕی.

لە نێو ئەم کەسانەدا دەتوانین نێوی زەین العابدینی شیروانی، سەدەی ١٩، داهێنەری سەفەرنامە ( بستان السیاحە) و ح. ئیزەدپەناه (ایزدپناه) بهێنین. بەڵام ئەوەی کە حاشاهەڵنەگرە کە  لەکەکان خۆیان بە کورد دەزانن.

(باشترین بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە ئەوە بوو کە ساڵی ٢٠١١ زایینی لە فستیواڵی (همایش) ساڵانەی لەکەکان لە شاری کرماشان نزیک بە ٥٠٠ کەس لە نووسەران، شاعیران، ئەدیبان، هونەرمەندان و کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی سەر بە ئەم پێکهاتەیە تێدا بەشدار بوون و لە سەر کورد بوونی خۆیان پێداگرییان دەکردەوە.

 بەڵام ئەوە ڕاستە کە لە ئەو جێگانەی کە لەکەکان زۆرتر لە گەڵ لوڕەکان تێکەڵن یان لەوان نزیکن کەوتوونەتە ژێر کاریگەری زاراوەی لوڕی. هەر بە هەمان شێوە لە ئەو جێگایەش کە لە کوردە کەڵهوڕەکان نزیکن (بە تاببەت لە کرماشان و دەورووبەری) کەوتوونەتە ژێر کاریگەری زاراوەی کوردی کرماشانی کە بە کوردی کەڵهوڕی یان کوردی خوارین دەناسرێت، و یان لە ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان هۆزە لەکەکانی وەک کاکاوەن و هەمەوەن و هۆزە گورانەکانی وەک زەنگنە و باجڵان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری زاراوەی سۆرانییەوە. یان زاراوەی لوڕەکان بۆ خۆیشیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری زمانی فارسییەوە.

شوێنی نیشتەجێ بوونی لەکەکان

١-لە پاریزگای کرماشان

ناوەندی لەک شاری هەرسین لە ڕۆژهەڵاتی پاڕێزگای کرماشانە. زۆرێنەی نزیک بە تەواوی خەڵکی شارستانی هەرسین بە زاراوەی لەکی دەپەیڤن و بە زۆری سەر بە مەزهەبی شیعەن. دانیشتوانی شارستانی هەرسین لە ئیستەدا لە سەرەوەی ١٠٠ هەزار کەس دەبن. هەرسین لە دوو ناوەندی ئیداری (بخش) پێکهاتووە کە بریتین لە بەخشی ناوەند کە شاری هەرسین ناوەندەکەیەتی و بەخشی بێستوون کە شارۆچکەی بێستوون ناوەندیەتی. خەڵکی ناوچەی هەرسین لە چەند هۆز و تایفە پێکهاتوون کە گرنگترینیان کاکەوەنەکان و هەرسینییەکانن. هۆزی کاکەوەن کە یەکێ لە هۆزە گەورە و بە ناوبانگەکانی لەکە، بێجگە لە هەرسین لە ناوچەکانی تری کرماشان و دلفان لە لوڕستان، لە کەرکوک و خانەقین لە باشوور و لە زۆر جێگای دیکەش دەژین کە بە زۆری سەر بە ئایینی یارین. خەڵکانی ئەم هۆزە لە باشووری کوردستاندا بە کاکەیی ناسراون.

بێجگە لە شارستانی هەرسین لەکەکان لە شارستانەکانی سەحەنە و کەنگاوەر لە ڕۆژهەڵات و باكووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای کرماشان پێکهاتەیەکی گەورە و بەرچاو پێکدێنن. لەکەکانی ئەم دوو شارەستانەش سەر بە مەزهەبی شیعە و ئایینی یارین.

بێجگە لە ئەو سێ شارستانەی سەرەوە لە پارێزگای کرماشان کە بە زۆری لەک نشینن، لەکەکان لە ناو شاری کرماشان و دەور و بەریشی پێکهاتەیەکی گەورە و بەرچاون. بۆ نموونە لە نێو شاری کرماشان چەند گەڕەکێک (منطقە، محلە) هەیە وەک جافر ئاوا (جعفرآباد)، فەیزئاوا (فیض آباد) ولە کۆندا کۆڵانی لەکەکان کە بە ناوچەی لەک نشین ناسراون هەروەها چەند بەخشی لەک نشینی سەر بە شارستانی کرماشان هەن کە خەڵکەکەی بە زاراوەی لەکی دەپەیڤن، وەک بەخشی (ناوەندی ئیداری) فیروزئاوا (فیروزآباد) کە ناوەندەکەی شارۆچکەی هەلشییە (هلشی) و لە کۆمەڵە گوندەکانی (دهستان) سەرفیروزآباد، عۆسمانوەن، جەلالوەن.
هەر وەها لە بەشی زۆری ئەم کۆمەڵە گوندانە (دهستان) کە لە سەر بەخشی ناوەندن بە ناوەندی شاری کرماشان، وەک  دیهستانەکانی بان دەروەن، ناودەروەن، پشت دەروەن، دروود فرامان، قەرەسوو و ڕازاوەر دانیشتوانەکەی بە زۆری لەکن و بە زاراوەی لەکی دەپەیڤن. خەڵکی ئەو دەفەرانە بە زۆری سەر بە هۆزەکانی جەلالوەن و عۆسمانوەنن و سەر بە مەزهەبی شیعە و ئایینی یارین. هەر وەها تایفەی جەلیلوەن لە دینەوەر، جەلالوەن لە باشووری کرماشان لە هاوسنووری هۆزەکانی عۆسمانوەن دەژین. هۆزی هەمەوەن لە ناوچەی دروود فرامان لە ڕۆژهەڵاتی کرماشان، باڵوەن لە هلیلان، زەردەلان و ماهیدەشت، نامی وەن لە ماهیدەشتدا دەژین.
بەگشتی لەکەکانی کرماشان بە ژمارەیەکی نزیک لە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار کەسی مزەندە دەکرێن کە لە ئەو شوێنانە دەژین کە لە سەرەوە ناویان هاتووە.

 

لە پاڕیزگای لوڕستان

لە شارستانی خۆڕەم ئاوا (خرم آباد) لەکەکان بە زۆری لە بەخشی بیڕەوەن (بیراوەند) دەژین کە ناوەندەکەی شارۆچکەی بیرانشارە (بیرانشهر) و لە دوو کۆمەڵە گوند (دهستان) پێکهاتووە کە بریتین لە بیڕەوەنی خوار و بیڕەوەنی سەر. دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بە زۆری سەر بە تایفەی بیڕەوەنن (بڕەوەن). بە وتەی وب سایتی سەرژمێری ئێران ئەم بەخشە تا پێش لە ساڵی ١٣٩٠ هەتاوی ناوی چەقەڵوەن بووە. ژمارەی دانیشتوانی ئەم بەخشە ساڵی ١٣٨٥ هەتاوی ١١٤٦٥ کەس بووە. بێجگە لە ئەم بەخشە کە پێ دەچێ دانیشتوانەکەی یارسانی بن، لەک لە شاری خوڕە ئاواشدا لە دوای لوڕەکان پێکهاتەیەکی بەرچاون.

لە شارستانی کۆهدەشت کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ئیستە دەبێ لە سەرەوەی ٢٣٠ هەزار کەس بن خەڵکەکەی بە گشتی لەک زمانن و سەر بە مەزهەبی شیعە و ئایینی یارین. ئەم شارستانە لە ئەم شار و شارۆچکانە پێکهاتووە: ١-کۆهدەشت ٢-چقایل ٣-گەڕاو (گراب) ٤-کۆنانی ٥- دەرە گومە (درب گنبد). ئەم ناوی ئاخرە بە هۆی بوونی گۆڕی  ئیمامزادە مەحمەدە کە لە ئەو ناوچەیەدایە.
خەڵکی کۆهدەشت کە بە گشتی لەکن، سەر بە مەزهەبی شیعە و ئایینی یارین.

لە شارستانی کۆهدەشت و ڕۆژئاوای پاڕێزگای لوڕستان ئەم هۆز و تایفە لەکانە دەژین: ئازادبەخت، ئەتیوەن، ئەولادقووباد، گەڕاوەن،شاهیوەن، و لە بەشی باشووری کۆهدەشت تایفەکانی ئەمرایی و پادرون.

لە شارستانی دلفان (بە ناوەندی شاری نورئاباد) کە لەکی تێدا دەژی، ئیستە دەبێ ژمارەی دانیشتوانی نزیک بە ١٥٠ هەزار کەس بن کە بە زاراوەی لەکی دەپەیڤن و سەر بە مەزهەبی شیعە و ئایینی یارین. زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی دلفان هەر وەک دانیشتوانی شارستانی سلسلە (بە ناوەندی ئالشتر) سەر بە هۆز و تایفەکانی حەسەنوەنن وەک یۆسفوەن، قولیوەن، قەیاسوەن و…..هتد

لە شارستانی سلسلەش کە شاری ئالشتر ناوەندەکەیە، خەڵکی لەک دەژین و ژمارەیان دەبێ ئیستە نزیکی ٨٠ هەزار کەس بێت. زۆرینەی خەڵکی ئەم شارستانە لەک نشینە سەر بە مەزهەبی شیعەن.

سلسلە گوایە ناوی ئەو هۆزەیە کە دەڵێن کە لە ئەساسدا لە کوردستانی سوریەوە هاتوونەتە  ناوچەکە. بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە دەڵێ لەکەکانی ئالشتەر لە ئەساسدا لە کوردەکانی شارەزوورن و لە ئەشرافەکانی حەسنەوەنن کە نزیکی هەزار ساڵ پێش لە کرماشان، ئالشتر، هەرسین، نەهاوەند و بەشێکی کوردستانی باشوور حکوومەتیان کردووە و دوای ڕووخاندنی دەسڵاتەکەیان، پاشماوەکانیان لە ئاڵشتەر و دەور و بەری جێگیر و نیشتەجێ بوون.

هەر وەها لە بەشێکی گرنگی شارستانەکانی وەک  پولی دوختەر، خوڕەم ئاوا و بروجرد لەکەکان نیشتەجێن.

بە گشتی لە پارێزگای لوڕستان لەکەکان نزیک بە  ٦٠٠هەزار کەس مزەندە دەکرێن. بەداخەوە ڕیژەی لەکەکان لە ناو شاری خوڕەم ئاوادا زۆر بە ڕوونی دیاری نەکراوە و هیچ سەرچاوەیەکیش ئاماژەی بە ئەو ڕێژەیە نەکردووە، بەڵام لە بەر ئەوەی ئەم شارە هەڵکەوتووە لە نێوان ناوچە لەک نشینەکان لە لای باکوور و باکووری ڕۆژئاوا و ناوچە لوڕ نشینەکان لە لای باشوور و باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوا، هەر بۆیە مزەندە دەکرێت لەکەکانیش لە شاری خوڕەم ئاوادا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکی ٥٠٠هەزار کەس دەبێت، پێکهاتەیەکی بەرچاو بن.

لە پارێزگای ئیلام

لەکەکان لە پارێزگای ئیلام، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەم شارستانانەدا دەژین. لە شارستانی ئابدانان کە ژمارەی دانیشتوانی لە سەرەوەی ٥٠هەزار کەس و لە شارستانی دەڕەشار (دەرەشهر) کە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ٦٠ هەزارکەسە دژین. هەر وەها لە لای باشووری شارستانی شیروان چەرداول لەکەکان نیشتەجێن. لە بەشێکی شارستانی دێلوڕان (دهلران) لەکەکان بوونیان هەیە.

ئایینی لەکەکانی پارێزگای ئیلام بە زۆری یان بە گشتی ئیسلامی شیعەیە. هۆزە لەکەکانی ئەم پارێزگایە بریتین لە.قیاسوەن، جایەروەن، دیناروەن،ڕیزەوەن، سیمینەوەن،باڵاوەن زەردەڵان و…..هتد
دیاری کردنی ژمارەی لەکەکان لە پارێزگای ئیلام کارێکی ئاسان نییە، لە بەر ئەوەی هیچ سەرچاوەیەک  بە ڕوونی ئاماژەی بە ئەو ڕێژەیە نەکردووە، بەڵام دەکرێت ژمارەی ئەم پێکهاتە کوردییە لە ئەم پارێزگایەدا بە نزیکی ١٥٠هەزار کەس مزەندە بکەین. یانی، نزیکی لە سەدا بیست و پێنجی دانیشتوانی پارێزگای ئیلام. پاڕێزگای ئیلام یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە کە زۆرینەی بە کوردی خوارین دەپەیڤن.

لە پارێزگای هەمەدان

پاڕیزگای هەمەدان کە ٢٧١٢ ساڵ پێش ئیستە یەکەمین حکوومەتی مێدیای (ماد) تێدا دامەزار، ئیستە نزیک بە یەک میلیون و حەوسەد هەزار دانیشتووی هەیە. لە بەشی باکووری تورکی ئازەری، لە بەشی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا کورد (سەر بە زاراوەی کوردی کرماشانی) و لە بەشی باشووری لوڕ و لەک دەژین. بە پێی سەرچاوە پێوەندیدارەکانی پارێزگاکە لە ئەم پاڕیزگایەدا ٥٦٢ گوندی تورک و١٥٩ گوندی کورد و ٢٥٥ گوندی لوڕ و لەک زمان بوونیان هەیە. ئەو سەرچاوانە  بە هەر هۆکارێکەوە  لەک و لوڕیان بە جیا لە کورد ئەژماردە کردووە. بە گشتی لەک و لوڕ لە شارستانەکانی مەلایەر، تویسرکان و نەهاوەند دەژین کە هەڵکەوتووە لە باشووری پارێزگای هەمەدان و نزیکی ٦٠٠ هەزار کەس دانیشتوویان هەیە. لەکەکان (چەرداوڵییەکان) لە گەڵ کورد و تورکدا لە شارستانی ئەسەدئابادیش دەژین.

لە هۆزە کوردکان لە پاریزگای هەمەدان دەتوانین بە هۆزەکانی زەند (لەک) چرداوڵی (لەک) و زەنگنە (کوردی گۆران)، جموور (کورد)، تورکاشەوەن (دەڵێن ئەم هۆزە بە ئەسڵ لەکە کە لە نەهاوەن دەژین بۆ هۆی تێکەڵی لە گەڵ تورکدا ئیستە بە زۆری بە تورکی دەپەیڤن). ئەم هۆزە بە زۆری کویستان و گەرمیان ئەکەن.

کەریم خانی زەند و لوتف عەلی خانی زەند کە لە تایفەی زەند بوون، لە نێوان ساڵەکانی ١٧٥٠ بۆ ١٧٩٥  بۆ ماوەی ٤٦ ساڵ بە سەر هەموو ئێراندا حکوومەتیان کردووە. تایفەی زەند لە ئەسڵدا لەکن و کەریم خان لە گوندێکی نزیک لە شاری مەلایەر لە دایک بووە. ئەساسی زەندەکان بە پێی سەرچاوە مێژووئیەکان لە شارەزوورەوە هاتوون.

بۆ دیاری کردنی ژمارەی لەکەکان لە پارێزگای هەمەدان بەداخەوە هەر وەک شوێنەکانی تر هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە، بەڵام ژمارەیان دەکرێت بە ٣٠٠ تا ٤٠٠ هەزار کەس مزەندە بکرێت. زۆربەی هەرە زۆری لەکەکانی پارێزگای هەمەدان سەر بە مەزهەبی شیعەن.

ئەو سەرچاوانەی کە بۆ پارێزگای هەمەدان کەڵکیان لێ گیراوە:

١-نشریە نتایج سرشماری مرکز آمار ایران

٢-پایگاە اطلاع رسانی وزارت کشور

٣-نژاد، دین، زبان، استانداری همدان، بازبینی شدە ٢٠١٢ میلادی

لە پارێزگای کوردستان

لە شارستانی قوروە، ناوەندێک هەیە بە ناوی بەخشی چواردۆڵی (چهاردولی) کە لە پتر لە ٣٠ گوند پێکهاتووە و دانیشتوانەکەی هەر هەموو لەکن. هەروەها لە بەخشی سریش ئاواش، هەر لە ناوچەی قوروە، دێهستانێک هەیە بە ناوی لەک کە ئەویش لە چەندها گوندی لەک پێکهاتوون. لەکەکانی ئەم دەڤەرە شیعەمەزهەبن و لە ئەسڵدا لە ناوچەی شیروان چەرداوڵەوە، هەڵکەوتوو لە پارێزگای ئیلام هاتوونەتە ئەم ناوچەیە. هۆکاری هاتنی ئەم هۆزە (کە بە هەڵەی زمانییەوە لە جیاتی چرداوڵی، لە ڕێگای زمانی فارسییەوە  بوە بە چهاردۆڵی ) بۆ قروە، سایین قڵا (شاهیندژ) و سەڵماس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، یارمەتیدانی ئەم هۆزە بووە بە دەسڵاتی سەفەویەکان لە شەڕ لە دژی عوسمانییەکان.

بە وتەی ماڵپەڕی ئینتەرنەتی ناوەندی سەرژمێری ئیران (پایگاه انترنتی مرکز آمار ایران، ١٣٨٥ هەتاوی) تەنیا لە بەخشی چواردۆڵی کە شارۆچکەی دزج ناوەندەکەیەتی، ١٨٩٦٠ کەس لەک دەژین. ئەم ژمارەیە ئیستە دەبێ لە سەرەوەی ٢٠هەزار کەس بن و لە گەڵ دیهستانی لەک لە بەخشی سرش ئاوا دەبێ لەکەکانی ناوچەی قوروە نزیکی ٣٠هەزار کەس بن.

لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا

لەکەکانی چەرداولی (یان بە قەوڵی فارسییەکەی چهار دۆڵی) کە بۆ یارمەتی دانی هێزەکانی شاە ئیسمائیلی سەفەوەی لە شەڕ لە دژی عۆسمانییەکان لە سەدەی ١٦دا لە ناوچەی شیروان چەرداوڵی ئیلامەوە هاتوونەتە ناوچەکە و بەشێکی زۆریان تا ئێستەش لە قوروە، سەلماس، سائین قڵا و ئەسەدئابادی هەمەدان ماونەتەوە و لە ئەو دەڤەرانەدا جێگیر بوون.

لە بەخشی ناوەندی شارستانی سەڵماس، هەڵکەوتوو لە باکووری شارستانی ورمێ، دێهستانێک هەیە بە ناوی لەکستان کە لە ١٥ گوند پێکهاتووە و هەموو دانیشتوانەکەی لەکن و لە ئەساسدا چەرداوڵین. هەر وەها لە شارستانی سائین قڵا (شاهیندژ) دیهستانێک هەیە بە ناوی چهاردۆڵی کە لە ٥١ گوند پێکهاتووە و هەموو دانیشتوانەکەی لەکن و لە ئەسڵدا لە ناوچەی شیروان چرداوڵەوە هاتوون. تەنانەت باس لە بوونی چەند گوندێکی لەک دەکرێت لە شارستانی ورمێ. هەمووی لەکەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سەر بە مەزهەبی شیعەن.

بە پێی ئەوەی کە نزیکی ٧٠ گوندی (ئاوایی) لەک لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا هەیە، کە وەک باسکرا لە شارستانەکانی سەڵماس، سائین قڵا و تەنانەت ورمێ دەژین، دەبێ ژمارەی لەکەکان لە ئەم پارێزگایەشدا نزیک بە ٢٠ تا ٢٥ هەزار کەس بن.

چەند سەرچاویەک لە سەر لەکی چەرداۆڵی (چهاردولی) ئاوەها دەنووسن:
مەردوخ کوردستانی لە فارسنامە و شەرەفەدین بدلیسی لە شەرەفنامە دەنووسین کە چەرداوڵییەکان لە تایفە شیعەکانی لەکن کە لە گەڵ هۆزەکانی شاملو و هۆزی ئیستانلو و چەند هۆزی تر بۆ شەڕ لە دژی عۆسمانی چوبوون بە هانای شاه ئیسمائیلی سەفەوییەوە. شاملووەکان و ئیستانلووەکان لە سەر نەتەوەی ئازەری حیساب دەکرێن.

 لەکەکان لە کوردستانی باشوور

لەکەکان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی عێراق بۆ نموونە لە شارەکانی حی البدرە و کووت، عەلی غەربی و عەلی شەرقی (بەداخەوە ئیستە ئەو ناوچانە بە کوردستان ناناسرێن و کوردەکانیشی تەعریب کراون) ولە باشووری کوردستان لە ناوچەکانی خانەقین و کەرکووک دەژین. بۆ نموونە هۆزەکانی کاکەوەن و هەمەوەن کە  لەئەساسدا لە هۆزەکانی لەکن و لەگەڵ هۆزی زەنگنە لە ناوچەکانی سەر بە کەرکووک و خانەقین دەژین. یان هۆزی زەند لە شارەزوور و سلێمانی بوونیان هەیە.

هۆزی زەنگنە زۆرتر لە سەر بەشی گۆران (کە بە زاراوەی گۆرانی دەپەیڤن حیساب دەکرێت). هەروەها تایفەی باجەڵان کە بە زۆری لە ناوچەی خانەقین نیشتەجێن. بێجگە لە کاکەئیەکان نەبێت کە لە سەر ئایینی یاری ماونەتەوە، زۆربەی هۆزە لەکەکان لە ناوچەی گەرمیان، بە تایبەت هۆزی هەمەوەن لە دەور و بەری کەرکووک و زەند و زەنگنە لە کەرکووک، سلێمانی و شارەزوور لە سەر مەزهەبی سونین.

لە فەهەنگ نامەی دەهخودا، هاتووە کە لەکەکانی دانیشتوو لە وڵاتی عێراق لە چاو لەکەکانی وڵاتی ئێران بە ژمارە زیاترن. بەلام بە هۆی کاریگەری زمانی عەرەبی لە سەر ئەو بەشە لە ئەم پێكهاتەیە لە لایەک و تێکەڵ بوونی بەشێکی تریان لە گەڵ کوردی کەڵهووڕ و فەیلی و سۆرانی لە لایەکی ترەوە، ئیستە زۆر زەحمەتە کە ئەو بۆچوونەی دەهخودا بە هەند وەربگیرێت.  بە تایبەت کاتێک باس لە ئەو بەشە بکرێت کە بە ئەو زاراوە بپەیڤن، واتە ئەو خەڵکەی کە هێشتا بە زاراوەی لەکی قسە بکەن.

لەک لە شوێنەکانی دیکەی ئێران

 بەشێکی بەر چاو لە هۆز و تایفە لەکەکان هەر لە دەورەی سەفەویەکانەوە تا قاجارەکان و تا دواتر هەر وەک زۆربەی هۆز و تایفەکانی تری کورد لە زێدی باو باپیرانی خۆیان دەربە دەر و تەبعید کراون. بۆ نموونە:

هۆزی قەیاسوەن  لە گەڵ چەند تایفەی تری لەک لە باکووری پاریزگای قەزوین لە تارم (طارم) و روودبارالموت تا دەگاتە روودبار و مەنجیل و سیاهکەل لە پاریزگای گیلان دەژین. هەروەها چەند تایفەیەکی لەک لە گەڵ کوردی کرمانج لە شارۆچکەی کلاردەشت لە نزیک شاری چالوس، لە پارێزگای مازندەران دەژین.

بەشێکی بەرچاوی کوردەکانی هەر دوو پارێزگای خوراسانی باکوور و خوراسانی ڕەزەوی کە بە دوو میلیون کەس دێنە حیساب کردن لە هۆز و تایفە لەکەکانن.

تایفەی سەهرایوەن لە دەور و بەری شاری سیرجان لە پارێزگای کرمان دەژین. بەشێک لە لەکەکان، هەر وەک هۆزەکانی زەنگنە، زەند و کەڵهوڕ لە کاتی دەسڵاتداری کەریم خانی زەند بۆ پشتگیری لە ئەو دەسڵاتە دەچنە شیراز (١٧٥٠ – ١٧٩٥زانیینی). پاش نەمانی دەسڵاتداریەتی زەندەکان، لە ترسی تۆڵە کردنەوە لە ئەم هۆزانە لە لایەن ئاغا موحەمەد خانی قاجار، بەشێکیان دەچنە ناو هۆزی تورک زمانی قەشقایی و ناسنامەی خۆیان دەگۆڕن.

ئیستەش چەندها تیرە و تایفەی بە تورک بوو لە لەک و زەنگنە و زەند لە ئەو دەڤەرە هەن. هەر وەها لە شارستانەکانی کازەرون، لارستان، فسا، ڕۆستەم، شیراز و مەمەسەنی لە پارێزگای فارس لەکەکان، کەڵهورەکان، زەنگەنەکان و زەندەکان بوونیان هەیە، بەڵام زمان و زاراوەکانیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری زمان و زاراوەکانی زۆرینەی خەڵکەکەوە کە فارسی ، تورکی قەشقایی و لوڕییە.

بە گشتی لەک لە ناوچەی بەختیاری، دزفول و ئەندیمشک (لە پارێزگای خوزستان) و لە زۆر چیگای دیکەی ئێران هەر وەک باقی هاو نەتەوەکانیان پرژ و بڵاو بوون. بە درێژایی مێژوو ئەوەی بە سەر هەموو نەتەوەی کورد دا هاتووە، لەکەکانیش بەشێک لە ئەو مێژووە پڕ لە ئازار و دەر بە دەرییانەیان و بەر کەوتووە.

بە هەرحاڵ ژمارەیەکی درووست، دوور لە هەڵە و بێ کەم و زیادی لە سەر لەکەکان کارێکی زۆر ئاسان نییە، بەڵام بە ئەو حاڵەشەوە دەکرێت ژمارەی ئەم پێکهاتە کوردییە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە هەموو ئێراندا نزیک بە دوو میلیون کەس مزەندە بکەین.

لە ئاخردا ماوە ئەوە بڵێم کە دەکرێت زۆرتر و چڕ و پڕتر لە سەر مێژوو، زاراوە، ئایین، هونەر، ئابووری، کەڵتوور، مۆسیقا، شیعر و…..هتدی لەکەکان بنووسرێت، بەڵام من تەنیا ئەوەندە ویستم بە کەڵک وەرگرتن لە چەند سەرچاوەیەک لە ئاستێکی سەرەتائیش بووبێت لەکەکان و جێگای ژیانیان بە ئێوەی بەڕێز بناسێنم.

 دڵنیام کە نووسینەکەم بێ کەم و کورتی نییە، بەڵام بە ئەو حاڵەشەوە هیوادارم کە توانیبێتم خزمەتێکی بچوکم بە ئێوەی خوێنەر کردبێت.

 

دوورخستنەوە بۆ وڵاتی تورکیە

هەر وەک پێشتر باسکرا لەکەکان زۆر جار لە لایەن داگیرکەرانەوە لە جێگەی خۆیان دوورخراونەتەوە. بەشێکی دیکەی لەکەکان لە کاتی شەڕی دوو ئیمراتووری عوسمانی و سەفەوی، لە لایەن عوسمانییەکانەوە بۆ وڵاتی تورکیە دوور خراونەتەوە و لە نزیکی شاری ئانکارا لە جێگایەک بە ناوی هایمانا یا هیمنە نیشتەجێ کراون. ئەم لەکانە بە لەکی شێخ بزێنی یان کوردی هیمنەیی دەناسرێن و تا ئیستەش کەم و زۆر کەلتووری خۆیان پاراستووە.

کوردستانی بوونی ناوچە لەک نشینەکان لە زمانی مێژووەوە

حەمدوڵا مستەوفی (١٣٥١ زایینی، ٧٤٠ کۆچی مانگی) لە کتێبی (تاریخ گزیدە)  وەک یەکەم کەسی مێژووناسی ئێرانی باس لە وڵاتی کوردستان و ١٦ میرنشینەکەی (ایالت) ئەکات. لە ئەم باسە مێژووئیەدا مستەوفی سنووری کوردستان ئاوەها باس ئەکات: سنووری کوردستان هەر لە میرنشینی عەرەب و خۆزستان، عیراقی عەجەم، ئازەربایجان تا ئەو پەڕی دیاربەکر بووە.

 ئەمانەش ئەو ١٦ میرنشینەیە کە ناوبراو باسیان لێ ئەکات:

١-ئالانی ٢- ئالشتەر ٣- بەهار ٤- خەفتیان ٥- دەربەند ٦- تاج خاتوون ٧- دەربەند ڕەنگی ٨- دزبیل    

٩- دینەوەر ١٠-سوڵتان ئاباد ١١- چەمچەماڵ ١٢- شارەزوور ١٣- کرماشان (قرمەسین)،١٤- هەرسین ١٥-کەرکووک و ١٦- وەستام.

هەر وەک دەبینن کە لە ئەو ١٦ میر نشینانە بە لانی کەمەوە  ئەم میرنشینانە لە زێر دەسڵاتداری لەکەکاندا بوونە: ئالشتەر، هەرسین، دەربەن و دینەوەر.

لە بەڵگە مێژووئیەکانی سەدەی ١٦ی زایینیدا، هۆز و تایفە لەکەکان بە بەشێک لە نەتەوەتی کورد هاتوونەتە ئەژماردن.  بۆ نموونە لە شەرەفنامەی شەرەفەدین خان بەدلیسی کە بە زمانی فارسی نووسراوە

.

سەرچاوەکان

بۆ نووسینی ئەم وتارەم هەر وەک لە زۆر جێگاش ئیشارەم پێ کردوون لە زۆر سەرچاوە سوودم وەرگرتووە کە بەرچاوترینیان ئەمانەن: لە بەر ئەوەی سەرچاوەکان فارسین، هەر بە فارسی دەیان نووسم.

١- پایگاه اطلاع ڕسانی مرکز آمار ایران ١٣٨٣ شمسی.

٢-تاریخ گزیدە حمدوڵاه مستوفی

٣-فرهنگ نامە دهخدا، از علی اکبر دهخدا، (١٢٥٧- ١٣٣٤)

٤- مردوخ کردستانی، فارسنامە

٥-آیت محمدی، سیری در تاریخ سیاسی کرد

٦- ح. ایزدپناه. فرهنگ لکی، موسسە فرهنگی جهانگیری،

٧- عبدوللا شهبازی، مقدمەای بر شناخت ایلات و عشایر ایران

٨- دایرەالمعارف بزرگ اسلامی، جلد دهم

٩- اطلس گیتی شناسی استانهای ایران، تهران ١٣٨٣ خورشیدی

١٠-ویکیپیدیا، دانشنامە آزاد

١١- شەرفنامە، شەرەفەدین خان بدلیسی

ع.ق ١٨-٨-٢٠١٢ زایینی{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی