کاک ڕەحیم محەممەدی یەکێک لە چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤی کوردە کە لە وڵاتی سویس ژیان بەسەر دەبا و چ ئەو کاتەی وەک ئاوارە لە کەمپی ئەلتاش ژیاوە و چ دواتر کە لە سویس گیرساوەتەوە ، بە دایم کار و تێکۆشانی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، کولتووری و مافەکانی مرۆڤی هەبووە و هەیە.
ئێمەش وەک ماڵپەڕی پێشمەرگەکان، بە باشمان زانی بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر ئەو بوارانەی تێکۆشانی ئەو تێکۆشەرە کوردە ، هیندێک کاک ڕەحیم بێنینە قسە و لە زمان خودی خۆیەوە باس لە کۆمەڵێک کار و چالاکی بکەین کە بەڕێزیان تێیدا بەشدار و بگرە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە .
– بۆ چوونە نێو باسەکان ، سەرەتا دەپرسین، کاک ڕەحیم محمەدی کێ یە؟
ناوم رەحیم موحەمەدی لە ١٣٤٤ی هەتاوی لە گوندی گوڵەم کەوەی خواروو لە ناوچەی زەهاو سەربە پارێزگای کرماشان لە دایک بوومە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە زەهاو تەواوکردووە و، لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بەهۆی جەنگی عێراق- ئێران ئاوارەی عیراق بوومە. ژیانی هاوبەشم پێک هێناوە و سێ منداڵم هەیە.
– زۆر جار لە هاوڕێیانت دەبستین کە پێت دەڵێن: مامۆستا ڕەحیم ، ئەو پێشگری مامۆستا لە کوێوە هاتووە؟
سەبارەت بە پێشگری ناوی مامۆستا، بۆ خۆشم بەتەواوی نازانم، بەڕای من باشترین بیروڕا لەسەر ئەم پێشگرە، نەزەر و بۆچوونی ئەو خۆشەویستانە خۆیانە. دیارە لە ئوردوگای رومادیدا مامۆستای قوتابخانە بوومە، بەڵام ئەمە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ رێز و خۆشەویستی ئەو هاوڕێیانە کە منی پێ شەرمەزار دەکەن. لە لایەکی دیکەوە لە ناو توێژی لاوان ئەم پێشگرە زیاتر باوە و، لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە زۆربەی بوارەکانی تێکۆشانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی وەرزشی لەگەڵیاندا بوومە و لەگەڵ خۆشی و ناخۆشییەکانیاندا ژیاوم. زۆر سوپاسیان دەکەم.
– ئێوە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ڕوودەکەنە باشووری کوردستان و دواتریش لە کەمپی “التاش” ی عێراق دەگیرسێنەوە ، لەو کەمپە تا بزانین کۆمەڵێک کار و چالاکیی سیاسیی ، کۆمەڵایەتی ، فەرهەنگی و … هتد، هەبووە و ناوی بەڕێزیشتان لە نێو ئەو چالاکیانەدا بەرچاو دەکەوێ ، دەتوانن هیندێک باسی ئەو کار و تێکۆشانەتان بکەن؟
کار و تێکۆشان لە ئوردوگای ئەلتاش چیرۆکێکی دوور و درێژ و ئەزموونێکی تاڵ و بەرهەمێکی شیرینە، لەم دەرفەتە کورتەدا ناتوانم باسی شێوەی ژیان و کار و تێکۆشانەکان هەمووی بکەم. بە کورتی بۆتان دەگێڕمەوە. من کە سروشتێکی بزۆز و یاخی لە داب و نەریتی ئەو دەم و پرسیارکەرم هەبوو، سەرەتا بە شێوەی تاک بە شوێن رووداوەکاندا دەگەڕام، دواتر لەگەڵ هاوڕێ و هاوبۆچوونەکاندا ئاشنا بووم، لەوێشەوە پێوەندیم لەگەڵ لایەنگرانی حیزبدا گرت کە ئەودەم زۆر کەم بوون و، تێکۆشانێکی ئەوتۆیان نەبوو.
بە تێپەڕبوونی کات و چڕتر بوونی پێوەندییەکان لەگەڵ حیزبدا هەنگاوەکان بەرەو خەباتی نەتەوایەتی خێراتر دەبوون و، مەیدانی تێکۆشانەکانیش بەربڵاوتر دەبوونەوە، تا لە ئاکامی خەباتی بێوچانی لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران توانرا زۆر لە کێشە و کەم و کۆڕییەکانی ئوردوگا چارەسەر بکرێ، وەڵامی لانی کەم داخوازی و پێداویستییەکانی خەڵک بدرێتەوە.
سەبارەت بە کار و تێکۆشانەکانی من لەو ئوردوگایەدا کە زیاتر لە پەنجا هەزار کەسی تێدا بووە، پێوەندی بە پێداویستیی توێژەکانی کۆمەڵگاوە بە تایبەت لە بواری سیاسی و فەرهەنگی و داخوازییەکانی خەڵک و لاوانەوە هەبوو. بوارەکان زۆر بەربڵاو بوون، زۆربەی کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆڵیان لەو پێشخستنەدا هەبووە کە یەکێ لەوان من بوومە. لە دامەزراندنی چەندین ئورگاندا بەشدار بوومە. سەرەتا وەکوو مامۆستا دەستم پێکرد. دواتر لە تەشکیلاتی ناوچەیی کۆمیتەی شاری حیزبی دێموکراتدا بەرپرسی کۆمیتە ناوچە و تەشکیلات و، دواتر لە کۆمیتەکانی حیزبیدا بەشدار بوومە و تا ساڵی ٢٠١٠ی زایینی لە وڵاتی سویس لە چەندین دەورەدا ئەندامی کۆمیتە بوومە.
لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئوردوگادا، لە زۆربەیاندا بەشدار یا دامەزرێنەر بوومە. لەوانە شۆرای مامۆستایان رۆڵم تێیدا هەبووە و دەورەیەکیش ئەندامی کۆمیتەی مامۆستایان بوومە، کۆمیتەی ژمارە١ کە کۆمیتەیەکی پەنابەری بوو، لەگەڵ زۆر هاوڕێی دیکەدا بەشداری دامەزراندنی بوومە و دەورەیەکیش ئەندامی کۆمیتەکە بوومە. لە دامەرزراندنی یەکیەتی لاوانی دێموکرات و، یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستاندا رۆڵم هەبووە و، تا ساڵی ١٩٩٥ی زایینی هاوکار و پشتیوانیان بوومە. لە دامەزراندنی کۆڕی هونەری لە ساڵی ١٩٨٩ی زایینیدا بەشدار بوومە و تا ساڵی ١٩٩٥ی زایینی لە بەشی شانۆدا کارم کردووە. یەکێ لە دامەزرێنەرانی گۆڤارە دیوارییەکان و هەروەها گۆڤاری بانگەواز بوومە کە پێنج ژمارەی لێ دەرچووە. لە رێکخستنی تیمە وەرزشییەکان و دەرهێنانیان لە چوارچێوەی عەشیرەدا رۆڵم هەبووە و، هانم داون تا کۆمیتەی تایبەت بە خۆیان دامەزرێنن.
ئەگەرچی ئەندامی شۆرای گشتی ئوردوگا نەبوومە بەڵام، یەکێ لە هەڵسووڕاوان و هاندەرانی بوومە کە راستەوخۆ بەشداری دامەزراندیی شۆرای یەکەم و دووەم بوومە.
هەروەها لەگەڵ هاوڕێیانی حیزبیدابەشداری چارەسەری زۆربەی هەرە زۆری کێشە کۆمەڵایەتییەکانی نیوەی یەکەمی دەیەی نەوەدی زایینی سەدەی پێشووم کردووە، بەگوێرەی رەچاوکردنی سیاسەتی دروستی حیزبی لە بواری کۆمەڵایەتیدا لە زۆربەیاندا ئاکامی باشمان هەبووە.
– لایەنێک، یان ڕێکخراوێکی سیاسی لە پشت ئەو چالاکیانە بوو؟ چۆن پشتگیریی ئێوەی دەکرد؟
بەڵێ لە زۆربەی ئەو هەنگاوانەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران راستەوخۆ لە پشتمان بوو، بۆ یەکیەتی لاوان و یەکیەتی ژنان، راستەوخۆ پشگیریی دەکردین، لەوانی دیکە وەکوو سیاسەتی حیزب لە بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا پشتگیری دەکرد و، تەنیا کادرەکانی خۆی رادەسپارد تا ئەو ئورگانانە پێک بێنن، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵک و ئەو توێژەی بکا کە پێوەندی بە ئورگانەکەوە هەبوو. لە ئورگانەکانی شۆرای مامۆستایان، کۆمیتە پەنابەرییەکان، شۆرای گشتی و… هتد، راستەوخۆ دەست تێوەردانی نەدەکرد، نفووزی لەو ئورگانانەدا زیاتر هاوکاری و راوێژکاری بوو.
– ساڵی چەند هاتیە دەرەوەی وڵات و لەوێ چ کار و تێکۆشانێکتان هەبووە؟
لە پایزی ساڵی ١٩٩٥ی زایینی ئوردوگام بەجێ هێشت و، وەکوو پەنابەر لە وڵاتی سویسدا نیشتەجێ بوومە. کاتێ گەیشتمە سویس، پێوەندیم بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرت و، لە ساڵی ١٩٩٦ ی زایینیدا بوومە ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە سویس و هەروەکوو لە سەرەوە باسم کرد، تا ٢٠١٠ی زایینی چەند دەورە لە کۆمیتەدا بوومە. لە پاڵ کاری حیزبیدا هێندێک تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیم هەبووە. لەوانە دامەزراندنی کۆمەڵەیەکی کولتوری لە شاری لۆزان، دامەرزاندنی گۆڤاری زەهاو کە ١٠ ژمارەی لێ بڵاو بووەوە، پاشان لە ٢٠٠٣ی زایینیەوە وەکوو سایت بەڕیوەم بردووە و، تا ٢٠١١ی زایینی بەردەوام بووە و، پاشان بەهۆی ماندوویی و ناساغی دام خست.
بەشداری زۆر هەوڵی دیکەم کردووە بۆ پێکهێنانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، یەک لەوان کۆمەڵەی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٢٠٠٦ و دواتر کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ کە تا ئێستاش بەردەوامە و کار دەکا. لە بواری فەرهەنگیدا لەگەڵ تەلەفزیونێکی ناوچەیی شارەکەماندا چەند ساڵی هاوکاریم کردووە و شەش، حەوت کورتە فیلمم لەسەر فەرهەنگ و هونەری کوردی دروست کردووە. هەروەها بەشداریم لە سێ شانۆ بە زمانی فەرانسەیی کردووە.
– بیستوومانە کە بەڕێزتان خەریکی نووسینی کتێبێکن ، ئەو کتێبە لەسەر چی دەنووسنەوە ، ناوەڕۆکی چییە و کەی بڵاو دەبێتەوە؟
نووسینم زۆرن، نازانم باسی کام کتێب دەکەن، تا ئێستا زیاتر ٣٠ کتێبی چیرۆک و شێعر و مێژوو و کۆمەڵە وتارم هەیە، ئێستا خەریکی پێداچوونەوەیانم و نزیک ٢٠دانەیەکم تەواو کردووە، نووسینەکانم زیاتر چیرۆک و شێعر بۆ مناڵانن. سەبارەت بە چاپی کتێب زۆر کەمتەرخەمم، ئەوەی لەسەر ئوردوگای رومادی چاوەڕوان دەکەم تەواوتری بکەم. کتێبێکم لەژێر چاپدایە، ناوی کتێبەکە ” بیرەوەرییەکانی یەشار خانم”ە. یەشار خانم خێزانی ئیحسان نووری پاشا، رێبەری بزووتنەوەی ئاگرییە. ئەم کتێبە بە زمانی فارسی و کوردی ئامادەم کردووە. کەی لەژێر چاپ دێتەدەر نازانم. هەروەها زیاتر ٥٠٠ چیرۆکی فولکلۆری کوردیم کۆکردووەتەوە و بەشێکی زۆری لە زمانەکانی فارسی و فەرانسەیی وەرم گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
– وابزانین لەم ساڵانەی دوایی دا ڕێکخراوێکتان لە ژنێڤ پێک هێناوە بە ناوی ” ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنیڤ” تکایە دەتوانن هیندێک باسی بیرۆکەی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوە و چۆنیەتی پێکهاتن و کار و ئەرکەکانیمان بۆ بکەن ، چۆن دەستتان پێکرد و ئێستا چۆن بەردەوام دەبێ؟
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ بە هەوڵی کۆمەڵێک لە لایەنگرانی حیزب بەڵام سەربەخۆ لە تەشکیلات لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیيش لەژێر ناوی کۆمەڵەی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی کورد پێک هات و، دواتر ناوەکەمان بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ گۆڕی و، لە ساڵی ٢٠٠٨ی زایینییەوە، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی کۆمیسیونی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و، فورمی کەمایەتییەکانی ئەو رێکخروایە دەکەین و، ساڵانە چوار کۆبوونەوەی جانبی لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا رێک دەخەین و، سیاسەتوان و پسپووڕانی بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ بانگهێشتن دەکەین.
ئەم رێکخرواە سایتێکی هەیە کە بە زمانەکانی ئینگلیزی، فەرانسەیی، کوردی و هێندێک جاریش بە فارسی بەڵگەکانی بڵاو دەکاتەوە. شایانی باسە کە بەشداری زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەی دیکە وەکوو رێکخراوی دژی ئێعدام دەکەین و، لەگەڵ پارتی سوسیالیستی سویس و، کۆمەڵەی پارلمانتارانی دۆستی کورد لە پارلمانی سویس هاوکاری نزیکمان هەیە و، تا ئێستا چەند کۆبوونەیەکمان لە پارلمانی سویس لەسەر دۆزی کورد رێکخستووە. بەگوێرەی توانا و پێویستیی یارمەتی پەنابەرانیش دەدەین.
ئەگەرچی سەرەتا زۆر دژایەتیمان دەکرا، بە خۆشییەوە ئێستا دۆست و لایەنگرمان زۆرە و، رێبەرایەتی لایەنە سیاسییەکانیش هاوکاریمان دەکەن. لێرەدا گلەییەک لە تیشک و میدیاکانی دیکەش دەکەم کە گرینگی بە کارەکانمان لە بواری ماڤی مرۆڤدا نادەن، زۆریان بە چاوی سیاسییەوە سەیرمان دەکەن و، بە ئاسانی هەواڵەکانمان بۆ بڵاو ناکەنەوە و، تا ئێستا جگە لە جارێک ئەویش لە کوردستانەوە هیچ چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵمان نەکردووە، لە کاتێکدا لایەنی دیکە زۆر ئاوەڵاترن.
– با ئەوەش بپرسین کە ئێوە یەکێک بوون لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوێک بە ناوی” دیالۆگ لە کرمانشان” تکایە ناوی دەقیقی ئەو ڕێکخراوە چیە ، ئامانجتان لە دیالۆگ لە کرمانشان چیە؟ دیالۆگ لەگەل کێ دەکەن و بۆچی دیالۆگ لە کرمانشان؟
هاوڕێیان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، لەبەر ئەوەی من وتەبێژی ناوەندی دیالۆگی کرماشان نیم، بۆچوونی تاکە کەسی خۆم باس دەکەم. لێرەدا دەمەوێ رێزی چوارچێوەی رێکخراوەیی بگرم. رەنگە لە هاوکارەکانم کەسێکیان بەشێك لە بۆچوونەکانیان بە دڵ نەبێ بۆیە تەنیا بۆچوونی تاکە کەسی منە و، منیش وتەبێژی ناوەند نیم.
بەڕێزان، ئەو رێکخراوە هەتاکوو ئێستا پێک نەهاتووە، کارەکان لە پرۆسەیەکی ئەزموونیدایە و، هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ ئامادەکردنی زەمینەیەکە کە بتوانێ ئەرک و ئامانجەکانی خۆی بەجێ بگەیێنێ. رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا پێک بێت و ناوە پێشنیارییەکەی” ناوەندی دیالۆگی کرماشانە”.
ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە ئامادەکردنی زەمینەیەکە بۆ دیالۆگ لە نێوان چین و توێژە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگادا، بەمەبەستی لێک تێگەیشتن و، قەبووڵ کردنی جیاوازییە فیکرییەکان و هاوکاری و پێکەوە ژیانی بە ئاشتییانە لەناو کۆمەڵگادا. بەرزکردنەوەی ئاستی بیری نەتەوەیی سیاسی لە پارێزگای کرماشان و، خزمەت کردنی زمان و ئەدەبیاتی ئەو پارێزگایە و، پێوەندی دانی بە پارێزگا و ناوچەکانی دیکەی کوردستانەوە
بۆچی دیالۆگ بۆ کرماشان؛ بە شێوەیەکی سادە لەبەر ئەوەی رێژیمە یەک لە دوای یەکەکانی ناوەندگەرا هەوڵیان داوە کەسایەتی نەتەوەیی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە تێک بشێوێنن و، هەستی خۆ بەکەم زانین لە رۆحیاندا بچێنێ. هێرشێکی قورس لەسەر زمانی کوردی لەو ناوچەیەدا هەیە، کرماشان کە لە موزائیکی ئایینی و زاراوەیی پێکهاتووە، رێژیم هەوڵ دەدا پشتیوانی لە لایەنێک دژ بە لایەنێکی دیکە بکا و، لە لاوازیدا رایانگرێ. لەو رێگایەوە هەوڵ دەدا لە سیاسەتی دوبەرەکی بێنرەوە و حکومەت بکە، کەڵک وەربگرێ و لایەنێک سەرکوت و لایەنێک بەرەو ناوەندگەرایی رابکێشی.
لە کۆتاییدا ئێمە کە خەڵکی ناوچەی کرماشانین، باشتر کێشەکانی ناوچەکە دەزانین و، زیاتر دەتوانین خزمەتی پێشکەوتنی ناوچەکە بکەین. ئەمە بەو مانایە نییە کە کرماشان لە کوردستان جیا بکرێتەوە، بەڵکوو ئەمە هەوڵێکە بۆ قەناعەت پێکهێنان لەناو دانیشتوانیدا بۆ دروست کردنی ئەو پردی پێوەندیی دۆستایەتییە لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا. بۆیە دیالۆگ بۆ کرماشان لەبەر ئەوەی زیاتر لە ناوچەکانی دیکە لەبەر هێرش و مەترسی ناوەندگەراییە. دیالۆگ لە کرماشانەوە دەست پێدەکەین بەرەو هەموو کوردستان پەل دەهاوێژین کە هەر لە ئێستاوە دەستمان پێکردووە و دەستی هاوکاریمان بۆ لای هەموو کەس و لایەنێک درێژکردووە و بە گەرمی دەستی هاوکاری هەموو لایەک دەگوشین.
– ئەو ڕیکخراوە لەداهاتوو دا دەگۆڕن بە حیزبێکی سیاسی؟ یان ئێوە سەر بە حیزبێکی سیاسین؟
نە قەت بیرمان لە بابەتی وا نەکردووەتەوە. ئەو رێکخراوەیە، هەر بە رێکخراوەیەکی کۆمەڵگای مەدەنی دەمێنێتەوە. حیزبی سیاسی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کەم نین. ئێمە هەوڵ دەدەین هاوکارییەکی جیدی و چڕوپڕ لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا دروست بکەین. رێزی کار و تێکۆشانیان دەگرین، پشتیوانی لە سیاسەتی دروستیان دەکەین و رەخنە سازێنەریش لە کەم و کۆڕییەکان دەگرین. ئێمە هەوڵ دەدەین چاودێر بەسەر ئەحزابی سیاسییەوە بین تا ئەرکەکانی لە کۆمەڵگادا بە باشی راپەڕێنێ، نە ئەوەی دژایەتی بکەین. ئەرکی حیزبی سیاسی ئەگەرچی گەیشتن بە دەسەڵات و، بەڕیوەبردنی وڵاتە، ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنی چارەسەری گرفتە کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی ئابووری… یەکانی کۆمەڵگایە، بە هاوکاری و رەخنەگرتن لە دەسەڵاتدارانی وڵات.
ناوەندی دیالۆگ سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نییە و، دەرگای بۆ هەموو رۆشنبیران ئاوەڵایە و پشتگیری لە سیستەمێکی دێموکراتیک و سکوولار دەکا.{jcomments off}
– ئەگەر شتێک ماوە و نەمان پرسیوە ، ئێوە دەتوانن باسی بکەن .
زۆر سوپاسی بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان و بە تایبەت هاوڕێی خۆشەویست کاک کاوس دەکەم بۆ رەخساندنی ئەم هەلە. هیوادارم کە وەڵامی پرسیارەکانم بەگوێرەی پێویست دابێتەوە. بۆ خۆتان دەزانن پرسیارەکان چەندین قۆناخ لە ژیان من دەگرێتەوە و، ئاسان نییە لەم دەرفەتە کورتەدا زانیاری تەواو بە خوێنەران بدەم. لە کەم و کۆڕییەکانم ببورن. سەرکەوتوو بن.
– لە کۆتایی دا سوپاست دەکەین و هیوامان سەرکەوتنتانە لە ژیان و لە تێکۆشان دا