((مێژووی ستراتیژییه‌کی شکست خواردوو )) له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان حه‌ولدان بۆ لێک نزیکبوونه‌وه و هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی،خاوه‌ن مێژوویه‌کی له‌مێژینه‌یه. ده‌توانین بڵێین له کوردستانی بنده‌ستی ئێران ته‌مه‌نی ئه‌م سیاسه‌ته، خۆی له زیاتر لە 50 ساڵ دەدا.
له دوای رووخانی کۆماری کوردستان، واته له نێوه‌ڕاستی چله‌کانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه، دۆزی رزگاریخوازانی کورد له‌ژێرکارتێکردنی گه‌رده‌لوولی ئیدئۆلۆژی مارکسیزم- لینینیزم، له‌دروشم و ئامانجه سیاسییه‌کانیدا تووشی وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره هات. به‌ڵام ئه‌و وه‌رچه‌رخانه هه‌نگاو نان بۆ وه‌گه‌ڕخستنی پڕۆژه‌یه‌کی ناسیۆنالیستی نه‌بوو که کو‌لتوور ویه‌کێتییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له نێو نه‌ته‌وه‌یه‌کی دابه‌شکراو دا به‌رهه‌م بێنێ. وه‌رچه‌رخانێک نه‌بوو لە پێناو کۆتایی هێنان به لێک‌دابڕان وداگیرکراویی کوردستان و ژێردەستەیی کورد؛ به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وە، ئه‌و وه‌رچه‌رخانه له هه‌موو کاتێ زیاتر ره‌سمییه‌تی به هۆویەتی لێکدابڕاویی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا. دۆزی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ژێر ته‌وژمی فکریی و سیاسیی حیزبه سه‌رانسه‌رییه چه‌په‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستدا، له جێگای ئه‌وه‌ی ببێته نوێنه‌ری کولتوورێکی سیاسیی رزگاریده‌ر، که‌وته حه‌ولی خۆڕێکخستن له‌گه‌ڵ کولتووری سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی باڵا ده‌ست.
به درێژایی هه‌موو ئەو ساڵانه، جۆری کار و ئیدئۆلۆژی و ناسیۆنالیزمی به‌رزه فڕانه‌ی رووناکبیران و نوخبه‌ی فارس هه‌ڵگری یه‌ک سرووشت و یه‌ک گه‌وهه‌ر بووه. له یه‌ک پرۆسه‌شدا کاریان بۆ تێکشکاندنی که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد و هێشتنه‌وه‌ی کورد به کۆیله‌تی کردوە. ئیتر لێره‌وه مه‌سه‌له‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کرا به مه‌سه‌له‌ی نیشتمانیی ئێران و ستراتیژی بزووتنه‌وه‌ی کورد بۆ خودموختاری بۆ کوردستان و دیمۆکراسی بۆ ئێران دابه‌زێنرا.
یان ره‌نگه راستتر بێ بڵێین: ئه‌و رێبازه‌ی به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد دا سه‌پێنرا، کۆتایی به‌و خەباتە مێژووییه دوور ودرێژه هێنا که بۆ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کرا بوو. تا ئه‌و کاته‌ی بزووتنه‌وه‌کانی کورد له لایه‌ن سه‌رکرده” کلاسیک “ەکانی کورده‌وه رێبه‌ڕایه‌تی ده‌کران، هه‌موو راپه‌ڕینه‌کانی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و خۆ جیاکردنه‌وه له دەوڵەتی داگیرکه‌ری تاران بوو. شێخ عوبه‌یدولڵای نه‌هری،سمکۆی شکاک و پێشه‌وا قازی محەمەد له ریزی ئه‌و سه‌رکرده کلاسیکانه، دێنه ئه‌ژمار.
جیا له بیری سه‌ربه‌خۆیی خوازی و بە دەوڵەتکردنی کورد، تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکەی سه‌رکردایەتی ناسیۆنالیستی کورد ئه‌وه بوو،خۆی به هیچ جۆره ئیدئۆلۆژییه‌ک نه‌ده‌به‌سته‌وه. پێشه‌وا قازی محەمەد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ به ده‌وڵه‌تبوونی کورد، پشتیوانی سۆڤیه‌تی به فاکتەرێکی گرینگ دەزانی، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا سنوورێکی دیاریکراوی له گه‌ڵ ئیدئۆلۆژی مارکسیزم- لینینیزم کێشا بوو. واته جۆری تێڕوانین و پێوه‌ندییه‌که‌ی، پێوه‌ندییه‌کی سیاسی بوو تا فکری و ئیدئۆلۆژی و زاناتر لەوە بوو بیری مارکسیی بکاته ماڵ به سه‌ر خۆی و نەتەوەکەیەوە.
به ئاوا بوونی سێبه‌ری رێبه‌رانی” کلاسیک”ی کورد بە سەر بزووتنه‌وه‌ی کوردەوە، که‌لێن و بۆشاییه‌کی گه‌وره هاته ئاراوه. له لایه‌ک پڕکردنه‌وه‌ی جێگای ئه‌وکه‌سانه هه‌روا کارێکی ئاسان نه‌بوو، له لایه‌کی دیکەشەوە، په‌ره‌گرتنی شارنشینی وکرانه‌وه و روو له زیادبوونی ناوه‌نده‌کانی خوێندن، له هەناوی خۆیدا دۆخێکی نوێی هێنایه ئاراوه. ئه‌م دۆخه نوێیه سه‌ر هه‌ڵدان و له دایکبوونی توێژی ورده بورژوازی کورد بوو.
یه‌که‌م کارتێکه‌ریی بیری چه‌پی سه‌رانسه‌ری له رۆژهەڵاتی کوردستان به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م توێژه‌وه هاته‌ئاراوه. هه‌رله‌و کاتانه دابوو به هۆی ناوه‌نده‌کانی خوێندنه‌وه، جۆره رۆشنبیرییه‌کی تایبه‌تی له نێو توێژی ورده بورژوازی کورد ده‌ستی به گه‌شه کردن کرد کە به ئاشکرا شه‌قڵ و مۆرکی بیری حیزبی توده‌ی ئێرانی پێوه دیار بوو.
له کوردستان ئه‌م رۆشنبیرییه زۆر زوو توانی گه‌را بخا. قایل نه‌بوون به سه‌رکرده‌یه‌کی ” کلاسیک ” ی کوردی وخۆدیتنه‌وه له رێبازی سیاسی و فیکری حیزبی توده‌ی ئێران، له زمره‌ی جۆر و چه‌شنی ئه‌م رۆشنبیرییه بوو.
له‌و کاته‌وه تا ئێستا ئەم کولتورە سیاسیە، لە قالبی تیۆری و گوتاری سیاسی خۆیدا، چاره‌نووسی کوردی له ناو چوارچێوه‌ی ئێران دا به گریمانه‌ی دیموکراتیزه کردنی ئێرانه‌وه بەستووەتەوە و بەمجۆرە دۆزی کورد به ئامانجی لاوه‌کی، له رێباز و ئامانجه مێژووییه‌که‌ی خۆی بە لاڕێدا براوە.
ده‌شێ ئه‌م ره‌وته له به‌ر هه‌ر هۆکارێکی نێوخۆیی یا ده‌ره‌کی بووبێ به سه‌ره‌تای ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی فیکری وسیاسی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دابنرێ.
مامۆستا هێمن له چه‌ند دێڕێک‌دا باری فیکری وسیاسی مرۆڤی کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌ستنیشان ده‌کا: ” له‌و ساڵانه دا حیزبی دیموکراتی کوردستان له ژێر ته‌ئسیری حیزبی توده‌ی ئێران دا بوو وئه‌وه‌نده‌ی به‌ره‌و خه‌باتی چینایه‌تی ده‌ڕۆیشت له خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیدا که‌مته‌رخه‌می ده‌نواند و ئه‌وه‌نده بۆ رووخاندنی کۆنه په‌ره‌ستی ودامه‌زراندنی دیموکراسی له ئێران‌دا تێدەکۆشا، ئه‌ستاندنی مافه ره‌واکانی گه‌لی کوردی له پله‌ی دووه‌مدا دا ده‌نا. (بڕوانه پێشه‌کی دیوانی هێمن موکریانی. چاپی یه‌که‌م . کوردستانی ئازاد ٢٠١٢)
تراژیدیای هه‌ره گه‌وره‌ی کورد لێره‌دا ئه‌وه بوو وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی حاشا لێکراو و ژێرده‌سته ئه‌و وه‌همه‌ی لا دروست بوو بوو کە به‌رنامه و ئامانجی ستراتیژی بۆ نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست دیاری بکا و هاوکات له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نازناوی” برایان ” به رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ببه‌خشێ.
ئه‌م که‌شو هه‌وایه وه‌ک بیر و روانینێکی سیاسی تا کۆنگره‌ی سێهه‌می حیزبی دیموکراتی کوردستان درێژه‌ی هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌م رێبازه فکری و سیاسییه ئه‌گه‌ر تا ئێره به‌شیوه‌یه‌کی نه‌نووسراو و گه‌ڵاڵه نه‌کراو باڵی به‌سه‌ر بیری زۆربه‌ی ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا کێشابوو، به پێکهێنانی کۆنگره‌ی سێهه‌می ئه‌و حیزبه ده‌رفه‌تی به یاسایی کردن و تئۆریزه کردنیشی بۆ ره‌خسا.
هه‌موو ئەو که‌ره‌سه و ماتڕیاڵانەی که له‌و کۆنگرەیە دا بۆ ساخکردنه‌وه‌ی حیزبی دیموکرات به کارهێنرا ، هاورده‌یەک بوون کە لە دەزگای فکریی و سیاسیی حیزبی توودەی ئێران بەرهەم هاتبوون. لێره‌وه ئیتر ئه‌رکی سه‌یرو سه‌مه‌ره خرایه ئه‌ستۆی بزووتنه‌وه‌ی کورد.
به گویره‌ی ئه‌و رێبازه سیاسییه، دەبوایە بزووتنه‌وه‌ی کورد له به‌ردا حه‌ول بۆ له ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ونیزامی و فه‌رهه‌نگیی ئیمپریالیستی جیهانی به گشتی و ئیمپریالیزمی ئامریکا له ئێران بدا. هاوته‌ریب له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به هۆی پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی دژی ئیمپریالیستی له‌گه‌ڵ هێزه ئێرانییه‌کان بۆ رووخانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له تاران و هێنانه سه‌رکاری رژیمێکی دیموکراتیک تێ‌بکۆشێ. ئینجا له‌دوای هه‌مووئه‌وانه جارێکی تر بۆ وه‌رگرتنی خودموختاری له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌ڵاته تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووه بکه‌وێته وتووێژ و دانوستانه‌وه که داخوا دان به مافه‌کانی کورد داده‌نێ یان نا؟
لەو کاتەوە لە رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، سەرکردە و رێبوارانی ئەم رێبازە، بۆ رێکلامی سیاسی، نازناوی سیاسەتی واقیعبینانه‌یان بەم ستراتیژییە به‌خشیوە‌و ئەم هێڵە سیاسییە به نیشانه‌ی واقعبینی له سیاسه‌تدا له قه‌ڵه‌م دەدەن. به‌ڵام لە راستی و عالەمی واقعدا، “واقعبینی” ئه‌م ستراتیژییه ته‌نیا له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه و بڵاوکراوه حیزبییەکاندا بووه و به‌س! ئەمرۆ په‌نجا ساڵ دوای ئه‌و ستراتیژییه دوو حیزبی جیددیی ئێرانی له‌و وڵاته‌دا په‌یدا ناکه‌ی که دان به مافی کورد دابنێ. که‌چێ سه‌یر ئه‌وه‌یه به به‌رده‌وامی له نێو بیر وڕای گشتیی کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا ته‌بلیغ بۆ واقعبینانه‌بوونی ستراتیژیی به‌ئێرانی کردنی دۆزی کورد ده‌کر.
به‌ڵام ستراتیژیی به‌ئێرانی کردنی دۆزی کورد و حه‌ولدان بۆ دیموکراتیزه‌کردنی ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کان له ئێران هه‌ر به‌وه‌نده کۆتایی پێنه‌هات. پێ به‌پێی سه‌پاندنی ئه‌م ستراتیژییه، ده‌سکه‌وتی هه‌ره‌گه‌وره‌ی مێژووی هاوچه‌رخی کوردیش تووشی ده‌سکاری، ده‌ستێوه‌ردان، شێواندن و لێڵ کردن هات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا تواندرا نکۆڵیی له سه‌ربه‌خۆبوونی کۆماری کوردستان کرا و “ژێ کاف”به ناسیۆنالیسمی به‌رچاوته‌نگ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درا و ته‌نانه‌ت به ناڕه‌وا بۆ هه‌ره‌سی کۆماریش ده‌سته‌واژه‌ی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ئاش به‌تاڵ بۆ که‌سایه‌تیی پێشه‌وا به کارهێنرا.
به‌ڵام دانی خه‌سڵه‌تی دژی ئیمپریالیستی و خه‌بات بۆ هێنانه سه‌رکاری رێژیمێکی دیموکراتیک له تاران، به ناسنامه‌ی فکری و سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان تا سه‌رنه‌یتوانی هه‌روا بێ ماڵیات بمێنێته‌وە. ده‌بوو له قۆناخێک له قۆناخه‌کانی ژیانی سیاسیی ئه‌و حیزبه‌دا، لکاندنی ئه‌و هه‌موو زڕه‌پیناسه‌یه به هه‌ویه‌ی سیاسی و فیکرییه‌وه، چه‌ت بخاته سه‌ر رێگای کاریەوە.
رووخانی رژیمی پاشایه‌تی له ئێران و به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سته‌ڵات له لایه‌ن ئاخونده‌کانه‌وه له تاران، ده‌م وکاتی گه‌یشتنی ئه‌و دۆخە بوو. له کاتێکدا ماڵی کورد له هه‌موو کاتێ زیاتر پێویستی به ته‌بایی ویه‌کده‌نگی هه‌بوو، به‌شێکی به‌رچاو له ئه‌ندامانی رێبه‌ڕیی ئه‌و حیزبه به پشتبه‌ستن به په‌سندکراوه‌کانی کۆنگره ی چواره‌م له ژێرناوی ئه‌وه‌ی ده‌بێ ” خه‌باتی کورد له کاناڵی خه‌باتی دژی ئیمپریالیستییه‌وه بچێته پێش” ریزی خۆیان له ریزەکانی ئه‌و حیزبه جیا کرده‌وه.
ئه‌و درزه یه‌که‌م نیشانه‌ی ناکارا بوونی ئه‌و ناسنامه‌یه بوو که بە به‌ری حیزبێکی میللی دوورابوو. “خاشەبڕکردنی نفوزی فه‌رهه‌نگی و سیاسی و ئابووری و نیزامی ئیمپریالیزم لە ئێران” چی دابوو به کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته‌ی وه‌ک کورد؟ کورد بۆ ده‌بوو له پێناو گۆڕینی رێژیمێک له تاران قوربانی بدا و تووشی ماڵوێرانی بێ، بۆ ئه‌وه‌ی گرووپ و لایه‌نێکی تری ئێرانی به ده‌سته‌ڵات بگەن؟ خه‌باتی کورد بۆ کرابووه به‌شێک له خه‌باتی دژی ئیمپریالیستی و مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌ک دۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێردەسته، چ پێوه‌ندییه‌کی به چه‌مکی دیموکراسییه‌وه هه‌بوو؟
لانه کردنه‌وه له هه‌ر کام له‌و پرسیارانه، به مانای درێژه‌پێدان به‌و ستراتیژه بوو که له کرده‌وه دا خه‌ساره‌کانی داوێنی حیزبه‌که‌شی گرتبووەوە. هه‌ربۆیه له دوای لێکدابڕانی پەیڕەوانی کۆنگره‌ی چواره‌م و حیزبی دیموکراتیش له یه‌کتر، حه‌ول و بیری هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ هێزه ئێرانییه‌کان بە هەمان ستراتیژییەوە، هه‌روا درێژه‌ی پێده‌درا. هه‌ڵبه‌ت هه‌رکام به ڕوو لێنان لە جه‌مسه‌رێکی جیاوازی ئێرانیی!
په‌یڕه‌وانی کۆنگره‌ی چواره‌م روویان له جه‌مسه‌ری حیزبی تووده و سازمانی فیدائیانی ئه‌کسه‌رییه‌ت کرد و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش رووی لە رێکخراوی موجاهیدین کرد و بوو به ئه‌ندامی شووڕای به‌رگری میللی موجاهیدینی خه‌ڵک. هێنده‌ی نه‌خایاند په‌یڕه‌وانی کۆنگره‌ی چواره‌م بۆ هه‌میشه له لایه‌ن حیزبی دایک ( حیزبی توودە) ه‌وه ، قووت دران و کۆتایی به ژیانی سیاسی‌یان هات.
له‌ولاشه‌وه حیزبی دیموکرات پێی رێکخراوی موجاهیدینی له کوردستان کرده‌وه و بوو به هاوپه‌یمانی هێزێکی سه‌رانسه‌ری که نه ته‌نیاهیچ بارێکی له سه‌ر کورد و حیزبی دیموکرات سووک نه‌کرد، به‌ڵکوو موجاهیدین هه‌تا توانییان که‌ڵکی ئامرازییان له بزووتنه‌وه‌ی کورد و ناوچه رزگارکراوه‌کانی کوردستان وه‌رگرت.
چه‌ند ساڵێکی نه‌خایاند هاوپه‌یمانانی سوێندخۆری دوێنێ ، بوون به دوژمنی قه‌سته‌سه‌ری یەک. به‌ڵام له دوای شکستی ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ش سیاسه‌تی گه‌ڕان به دوای هاوپه‌یمانییه‌تی له‌گه‌ڵ هێزه ئێرانییه‌کان له لایه‌ن حیزبی دیموکراته‌وه هه‌روا درێژه‌ی پێدرا.
له‌و قۆناخه‌دا حیزبی دیموکرات حه‌ول و تەقەلایەکی زۆری دا شکستی هاوپه‌یمانییه‌تی له گه‌ڵ موجاهیدین به دۆزینه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌کی دیکە له که‌سایه‌تی و هێزه ئێرانییەکانی دیکە قه‌ره‌بوو بکاته‌وه. که‌سانی وه‌ک ” حه‌سه‌ن نەزیه” و گرووپی وەک شورای موتەحیدی چه‌پی مه‌هدی خانبابا تارانی ” که نازناوی ” نیروهای میانی “یان له سه‌ر خۆ دانابوو له‌و کەس و گرووپانە بوون. به‌ڵام ئه‌و حەولانەش جگه له به‌فیڕۆ دانی کات و هێزی ماددی و مرڤی ئه‌و حیزبه نه‌یتوانی ئاکامیکی دیکەی لێ بکه‌وێته‌وه.
نه‌مانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و هه‌ره‌سهێنانی بیری سوسیالیزمی رووسی له نێو چه‌پی ئێرانی، حه‌وله‌کانی ئه‌و حیزبه‌ی بۆ پێکهێنانی جۆره یه‌کێتییه‌ک له گەڵ هێزه ئێرانییه‌کان، توشی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی پتر کرد. هه‌ره‌سی له ناکاوی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و لێک‌بڵاو بوونی چاوه‌ڕوان نه‌کراوی وڵاتانی بلوکی شه‌رق وا بە خێرایی، گه‌وره‌ترین رووداوی دوا ساڵه‌کانی ئاخر و ئۆخری سه‌ده‌ی بیسته‌م دێته ئه‌ژمار. هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و به‌ره‌یه ته‌نیا به مانای کۆتایی هاتن به ته‌مه‌نی چه‌ند ده‌وڵه‌تێک نه‌بوو، به‌ڵکوو له دڵی ئه‌و هه‌ره‌سه‌دا گه‌وره‌ترین گۆڕانکاری هاتنه چێ بوون. له لایه‌ک کۆتایی به جیهانی دوو جه‌مسه‌ری هات و له لایه‌کی دیکەوە مۆدیلی سوسیالیزمی رووسی قه‌له‌ش و درزی تێکه‌وت. هاوکات به ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره و پچووک له سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه قوتاریان بوو و توانیان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پێک بێنن. له که‌ش و هه‌وایه‌کی ئه‌و تۆدا ،هه‌موو هێزه سیاسییه‌کان به گشتی و چه‌پی ئێرانی به تایبه‌تی نه‌یان ده‌توانی له پڕیشکی ئه‌و گۆڕانکارییانە خۆ به دوور بگڕن.
مۆدێلی حیزبی لێنینی و فه‌لسه‌فه‌ی سوسیالیزمی رووسی فه‌شه‌لی هێنابوو. چه‌پی ئێرانییش ناچار بوو له هه‌مبه‌ر ئه‌و ناکامییەدا، دره‌نگ یا زوو بێته گۆ. له ئاکامی ئه‌م دۆخه‌دا زۆربەی هه‌ره زۆری چه‌پی ئێرانی ناچار بوو مالئاوایی له به‌شێکی هه‌ره گرنگی ئه‌و پره‌نسیپ و بنه‌ما فیکرییانه‌ی خۆی بکا که تا دوێنێ به‌شێکی هه‌ره گرنگی ناسنامه‌ی فیکریی و سیاسییانی پێک ده‌هێنا. ره‌تکردنه‌وه‌ی دیکتاتۆری پرۆلتاریا، مالئاوایی له باوه‌ڕ به سیسته‌می تاک حیزبی، گرنگیدان به دێموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ، کۆمه‌ڵێک له‌و گۆڕانکارییانه بوون له ده‌زگای بیری چه‌پی ئێرانی‌دا هاتنه گۆڕێ. تاپێش ئه‌و ئاڵوگۆڕانه، هه‌ر کام له‌و چەمک و بابەتانە له بیری چه‌پی ئێرانی‌دا خرا بوونه په‌راوێزه‌وه.
بۆ وێنه مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، به بیانووی خه‌باتی چینایه‌تی و دژی ئیمپریالیستی به ده‌گمه‌ن لای لێ ده‌کرایه‌وه. به‌ڵام له‌چه‌رخ و خولێکی له ناکاو دا دیموکراسی‌خوازی و مافی مرۆڤ بووە بەشێک له ناسنامه‌ی فیکریی و سیاسی‌یان. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وانه دۆزی خه‌باتی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی دانیشتووی ئێرانیش له ده‌زگای بیری چه‌پی ئێرانی دا چاوخشاندنه‌وه‌ی به خۆیه‌وه بینی. ئه‌گه‌ر له روانینی رابردووی ئه‌واندا، مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وایه‌تی به “جوزئێک ” له پلانی خه‌باتی چینایه‌تی چینی کرێکاری ئێران ده‌ژمێردرا، به هاتنه گۆڕی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه پشت له‌و رابردووه‌ش کرا.
لێره به‌دواوه نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه‌خوازیی نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کان به دیارده‌یه‌کی ناهاوچه‌رخ و کۆنه په‌رستانه له قه‌ڵه‌م درا و له جێگای داننان به فره‌نه‌ته‌وه‌یی بوونی ئێران، ئه‌فسانه‌ی ” میلله‌تی ئێران”یان له جێگه دانا.
به‌مجۆره ئه‌گه‌ر تا دوێنێ چه‌پی ئێرانی له ژێر ده‌مامکی ئیدئۆلۆژی مارکسیزم_لینینیزم دا به شێوه‌یه‌کی شاراوه دیفاعی له سه‌رده‌ست مانه‌وه‌ی ئیتنیسیته‌ی فارس له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌کرد، دوا به دوای رووخانی دیواری به‌رلین، گوتاری چه‌پی ئێرانی به پان فارسیسمێکی تۆخ و ئاشکرا مه‌توربه کرا.
ئیترلێره‌به‌دواوه، چه‌پ و راست ، میللی و سێکۆلار، پان ئیرانیست و پاشاخواز، بۆ دژایه‌تی له ته‌ک دۆزی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان خۆیان له هاوپه‌یمانییه‌کی رانه‌گه‌یێندراو دا دیته‌وه.
تیرۆری زینده یاد” دوکتوور شه‌ڕه‌فکه‌ندی ” له بێرلینی ئاڵمان، راست له ده‌م و که‌شو هه‌وایه‌کی وادا بوو. ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌و که‌سانه‌ی که بۆ ئه‌و دانیشتنه بانگهێشت کرابوون، بریتی بوون لەوانەی که ته‌نیا ماوه‌یه‌ک له‌وەوبەر له‌گه‌ڵ ” نادر صدیقی” نێردراوی ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژیی رێژیم ،چاوپێکه‌وتنیان ئه‌نجام دابوو.
به گوێره‌ی ئەوەی ” حمزە فراهتی ” له بیره‌وه‌رییه‌کانیدا لێی ده‌دوێ، مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی وتووێژ له‌گه‌ڵ “صدیقی” مه‌سه‌له‌ی ” گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران” بوو.
له دوای ئه‌و کاره‌ساته، به هه‌موو حیساب و پێوانه‌یه‌ک پێویست بوو رێبه‌ڕایه‌تی ئه‌و حیزبه هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له سه‌ر رێبازە ستراتیژییه‌کەی خۆی بکا و خه‌سارناسیی ئه‌م رێبازه بخاته ده‌ستووری کاری خۆیه‌وه. چوونکە کاره‌ساتی بێڕلین ته‌نیا کوشتنی چه‌ند تێکۆشه‌ری کورد نه‌بوو، به‌ڵکوو له‌هه‌مان کاتدا شکستی رێبازی ستراتیژیکی ئه‌و حیزبه‌ش بوو.
لەم سەردەمە تازەیەدا جیهانبینی و زمانی سیاسیی حیزبی ئێرانی هاتبووه گۆڕان. قەیرانی ئیدئۆلۆژیکی حیزبی ئێرانی، به وه‌رگرتنی ناسنامه‌ی پان فارسیسم قه‌ره‌بوو کرابووەوە. ئه‌گه‌ر له‌مه‌و به‌ر ده‌وڵه‌ته‌کان بوونی کورد و بزووتنه‌وه‌ی کوردیان به مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری وڵات و یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران پێناسه ده‌کرد، له دوای نه‌مانی جیهانی دووجه‌مسه‌ری و درز تێکه‌وتنی چه‌مکی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تان، ئۆپۆزیسیۆنی سه‌رانسه‌ریش له هه‌مان گۆشه نیگاوه له دۆزی کوردیان روانی و وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌یان حیسابیان بۆ کرد.
له که‌شو هه‌وایه‌کی وا دا حیزبی کوردییش پێویستی به پێناسه‌کردنه‌وه‌ی سه‌رله نوێی خۆی هه‌بوو. رێبازی فیکری و ئیستراتیژی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد، چیتر نه‌یده‌توانی زمانی حاڵی نه‌ته‌وه‌خوازیی کورد و ئه‌و دۆخه بێ، به‌ڵام رێبه‌رایه‌تی چاخی نوێ نه ته‌نیا هه‌وڵی چاوپێداخشاندنی به‌و ئیستراتیژییه نه‌دا، به‌ڵکوو به ته‌واوی بوو به حیزبێکی دووره‌په‌رێز.
به درێژایی چه‌ندین ساڵ بێده‌نگییه‌کی سه‌ر سووڕهێنه‌ر باڵی به سه‌ر وزه‌ی روووناکبیریی ئه‌و حیزبه دا کێشا. له‌و ساڵانه‌دا جۆری هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و حیزبه له حاند ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، ترس له ململانێ و پێش‌گرتن له بارگرژی بوو. به‌ڵام به چ نرخێک و به چ حیسابێک، ئه‌وه زۆر گرینگ نه‌بوو، گرینگ ئه‌وه بوو ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه به‌وه دڵخۆش بکرێن که توندوتۆڵترین پێوه‌ندییان له گه‌ڵ حیزبی ئێرانی هه‌یه.
ره‌نگه له قۆناخی شه‌ڕی سارد دا ئه‌و جۆره هه‌ڵسوکه‌وته له گه‌ڵ هێزه ئێرانییه‌کان جۆرێک له ژیر بێژی هاتبایه ئه‌ژمار، به‌ڵام دۆخی دنیای دوای شه‌ڕی سارد، جێگایه‌کی بۆ ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته نه‌هێشبووەوە. له بارودۆخێکی وا دا پێویست بوو کوردیش به ڕاشکاوی له دۆزی خۆی بدوێ و مل بۆ ئه‌و چه‌مکانه دانه‌نەوێنی که له ده‌زگای بیری هێزه ئێرانییه‌کاندا له حاڵی به‌رهه‌مهێنان دابوون.
ئیستراتیژیی خه‌بات به دژی سه‌ره‌ڕۆیی له تاران و به‌ده‌سهێنانی ئۆتۆنۆمییەکی لۆکالی بۆ کورد، به‌رهه‌می شه‌ڕی سارد و له‌ژیر کارتێکه‌ریی بیری حیزبی سه‌رانسه‌ری به‌رهه‌م هاتبوو. به بڕانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه، کوردیش پێویست بوو ماڵئاوایی له‌و میراته بکا و خۆ له دیسکۆرسی زاڵی رابردوو ده‌رباز بکا و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ستراتیژییه‌کی نوێی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی ئاوا بکا.
ترۆپکی بێ خه‌به‌ریی ئه‌و حیزبه له که‌شوهه‌وای سیاسی و فیکری، دانی به‌یاننامه‌ی هاوبه‌ش له‌ته‌ک ” پانئێرانیسته‌کان ” بوو. له لایه‌که‌وه له کۆنگره‌ی سێزده‌هه‌می ئه‌م حیزبه ئۆتۆنۆمی خوازی جێگای خۆی به فیدڕالیزمی نه‌ته‌وه‌یی دابوو، که‌چی سه‌یرئه‌وه بوو له هه‌مان کاتدا رێبه‌رایه‌تی ئه‌و حیزبه به‌یاننامه‌یه‌کی له له‌گه‌ڵ پان ئیرانیسته‌کان واژۆ کرد بوو که له‌و دا کورد وه‌ک” قه‌وم ” پێناسه کراو نووسرابوو: ” اعتراف به حقوق اقوام و تامین آزادیهای مصرح دراعلامیه‌ی جهانی حقوق بشر، متعهد به مبارزه‌ی مشترک تا دست‌یابی به آن ها” . له‌وه‌ش که‌شخه‌تر له به‌یاننامه‌که‌دا باس له ” اتحاد پاینده و یگانگی ملت ایران ” کرابوو. ئه‌وه‌ش به ئاشکرا به مانای ره‌تکردنه‌وه‌ی بوونی فره چه‌شنی نه‌ته‌وه‌یی له ئێران و ناته‌با له‌گه‌ڵ مافی سیاسی کورد ده‌هاته ئه‌ژمار.
له راستییدا حیزبی دێموکڕات له‌و کاته دا به‌یاننامه‌یه‌کی واژو کرد که هه‌م دژ به مافی نه‌ته‌وه‌یی کورد بوو، هه‌م ته‌نانه‌ت دژ به به‌رنامه‌ی سیاسی خۆی.
کاتێک باس له ” قوم” بوونی کورد ده‌کرێ، ده‌س به جێ نکۆڵی کردن له مافی سه‌روه‌ری بۆ کورد دێته ئاراوه و دۆزه‌که‌ی بۆ ئاستی پڕۆژه‌ی خوێندن و نووسین به زمانی زگماکی دا ده‌به‌زێندرێ و ئه‌وه‌ش مه‌به‌ستی حیزبی پان ئیرانیست و هه‌موو هێزێکی ره‌گه‌ز په‌ره‌ستی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره.
کوردستان چوارچێوه‌یه‌کی جوغرافی – نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه. سنووری مێژوویی خۆی دیاره. به زۆر داگیر کردنی ئه‌و نیشتمانه، به مانای ئه‌وه نییه بۆ هه‌تا هه‌تایه حه‌قی سه‌روه‌ری بۆ داگیرکه‌ر مسۆگه‌ر بوو بێت. که‌چی سه‌یر ئه‌وه بوو به هه‌مان ئه‌ندازه سیاسه‌تی گه‌ڕان به دوای هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هێزه ئێرانییە‌کان له‌گه‌ڵ شکست و ناکامی روو به‌روو ده‌بوو، هه‌ر به هه‌مان راده و بگره زیاتریش مه‌یلی تامه‌زرۆیی بۆ درێژه پێدانی ئه‌و ستراتیژه رووی له زیاد بوون ده‌کرد.
به دامه‌زرانی تلویزیۆنی تیشک حەولەکانی ئه‌و حیزبه بۆ خۆ نزیک کردنه‌وه له ره‌وت و ته‌یاره جۆراو جۆره‌کانی سه‌ر به ماڵباتی بیری پان ئێرانیستی خۆی له پانتایی و به‌ریناییه‌کی گه‌وره‌تر دا بینییه‌وه. ئه‌و ده‌زگایه‌ی که ده‌بوو گیانێکی نوێ به به‌ر نه‌ته‌وه خوازی کوردا بکا و به زمانێکی راشکاو له‌گه‌ڵ به‌رانبه‌ره‌کانی بدوێ، به کرده‌وه بوو به مینبه‌رێک بۆ ته‌بلیغاتی پان ئێرانیستی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی بۆیان لوا، هه‌ڕه‌شه‌ی سێڵاو بۆ سه‌ر مه‌قبه‌ره‌ی کوورشی که‌بیریان به دوور و نزیک گه‌یاند. به ده‌یان به‌رنامه بۆ باس له سه‌ر ئێرانی باستان ته‌رخان کرا. له‌و به‌رنامانه دا ئه‌وه‌نده‌ی کرا چیرۆکی شکۆ و عه‌زه‌مه‌تی ئێرانی باستانیان به نه‌قڵی جۆراوجۆر گێڕیه‌وه. له‌و مه‌یدانه دا ته‌نانه‌ت تا ئه‌و جێگایه لینگیان دا، بڕیاری له سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محەمەد به بڕیاری ئامریکا له قه‌ڵه‌م بده‌ن، نه‌ک حه‌مه ره‌زا شای پەهلەوی.
به کورتی بڵێین بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ، گیان و رووحی ئێرانچێتی، هه‌ڵبه‌ت له چه‌شنی پان ئێرانیستییه‌که‌ی، دیفاع کردن له ته‌واوییه‌تی ئه‌رزی و به پیرۆز له قه‌ڵه‌مدانی و خۆ که‌مبینییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له حاند نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا له تایبه‌تمەندییەکانی به‌شی فارسی ئه‌و میدیایه بوو.
هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و هێڵە دا، هه‌ر له‌و قۆناخه دا بیر له داهێنانێکی نوێ کراویەوە. ئه‌ویش که‌شفی ئه‌سلی دیالۆگ بوو. به که‌شفی ئه‌و ئه‌سله به‌رپرسانی ئه‌و حیزبه رێگا ده‌ستیان بۆ کرایه‌وه دانووسان له‌گه‌ڵ گشت لایه‌ک بکه‌ن و له همان کاتیش‌دا هیچ لۆمه‌ش نه‌کرێن.
ئه‌گه‌ر تائێره ته‌نیا له‌گه‌ڵ سه‌ریکی حیزبی پان ئێرانیست ده‌س به دەرکردنی به‌یاننامەی هاوبه‌ش کرابوو، به‌ڵام هێشتا لووتکه و جه‌مسه‌ری دیکەش بۆ ده‌س پێ ڕاگه‌یشتن مابوون.
واتای پان ئێرانیسم هه‌ر وه‌ک له بیچم و ناوه‌ڕۆکه‌که‌یه‌وه ده‌ر ده‌که‌وێ، خولیایه‌کی فره خواز و فره چەشنه. مه‌رج نییه ئه‌و به‌رگه ته‌نیا به به‌ریی ” محسن پزشک پور” له تاران دوورابێ. له خه‌رمانی بیری پان ئێرانیستی دا کام حیزبی سه‌رانسه‌ری هه‌بووه شه‌ن و که‌وی نه‌کرد بێ و خه‌رمان لوغه‌ی وه‌رنه‌گرتبێ. له راستیدا تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م “پان”ە هه‌ر له‌وه دایه سه‌ری به هه‌موو ماڵێکی سیاسی نه‌ته‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وا دا کردووه. له‌و نێوه‌شدا و له میانی هه‌وڵه‌کانی ئه‌و حیزبه دا سه‌رێکی ئه‌م ” پان” ە هێشتا نه‌هاتبووه دواندن. ئه‌ویش کوڕی شا بوو که خۆی به میر‌اتگری تاج و ته‌ختی له‌کیس چووی باو و باپیری ده‌زانێ. به‌م جۆره له ژێر دمامکێکی چه‌واشه کارانه‌ی به رواڵه‌ت مۆدێڕن دا که ئه‌سلی دیالۆگ بێ، ئه‌و هێڵه سوورەش به‌زێندرا و میراتگرانی بکو‌ژانی سمکۆ و قازی محه‌ممه‌دیش به‌سه‌ر کرانه‌وه!
له ته‌نیشت هه‌موو ئه‌مانه به درێژایی ئه‌و ساڵانه به هه‌زاران دۆلار له سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و حیزبه بۆ به‌شداری له‌گه‌ڵ کۆڕ وکۆمه‌ڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به فیڕۆ دراوه. به سه‌دان وتار، به‌تایبه‌ت له‌مه‌ڕ پێویستی یه‌کریزی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هاتووه‌ته نووسین. له‌وانه‌ش گرینگتر ده‌یان ساڵه له‌و وڵاته مێشکی ئینسانی کورد به واده‌ی دان پێداهێنانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی به مافه‌کانی کورد، ده‌خاپێنده‌ری و تووشی ” وه‌هم ” ده‌کرێ. گه‌لۆ پرسیار ئه‌وه‌یه دوای پتر له 50 ساڵ کار و تێکۆشان، ئاکامی ئه‌و ئیستراتژییه چ بووه؟ سه‌رکه‌وتنی ئه‌و ستراتیژه له کوێدابووه؟ ئیستراتیژییه‌ک نه‌یتوانیبێ دوای پتر له 50 ساڵ به قەدرایی تاقه تۆزقاڵێک سه‌رکه‌وتوو بووبێ، داخوا ده‌بێ حیکمه‌تی درێژه پێدانی له چ دابێ؟
له هه‌ر گۆشه نیگایه‌که‌وه بۆ هێرشی به‌کۆمه‌ڵی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بڕوانیین، ئه‌وه نابێ به مانای هه‌قانییه‌تێک بۆ ئیستراتیژی شکست‌خواردووی حدکا و کۆمه‌ڵەی شۆڕشگێڕ بژمێردرێ. ئه‌گه‌ر کورد لە لایان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە له‌و وڵاته حیسابی کۆیله‌یه‌کی بۆ ده‌کرێ کە ده‌بێ هه‌تا هه‌تایه به‌شخوراو و بندەست بمێنێتەوە، ده‌بێ به‌شێکی هه‌ره زۆری ئه‌م ڕوانینە بۆ چارەنووسی، به حیسابی ئه‌و ئیستراتیژییه بنووسرێ.
ئه‌گه‌ر تا ئێستا بۆ ناکارا بوونی ئیستراتیژی به ئێرانی کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد و حه‌ولدان بۆ دیموکڕاتیزه کردنی ئه‌و وڵاته به هاوکاریی له ته‌ک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، مرۆڤ پێویستی به باسێکی سه‌لمێنه‌رانه‌ی نه‌زه‌ریی هه‌بوو بێ، ئیتر لێره به‌دواوه ره‌نگه حه‌وجێ به کارێکی ئه‌وتۆ نه‌بێ. ئه‌وڕۆ هه‌موو که‌س ده‌توانێ له کرده‌وه‌دا شکستی ئه‌و ئیستراتیژییه و ئاکامی سیاسه‌تی ” تقیه‌ی” ئه‌و دوو حیزبه له هه‌مبه‌ر ئۆپزیسیۆنی ئێرانی به چاوی خۆی ببینێ.
به‌شی زۆری پێنووسی ئه‌و کوردانەی له‌م رۆژه‌دا بۆ بەرپەرچدانەوەی رۆشنبیر و سیاسی کاری فارس که‌وتوونه گه‌ڕ، ته‌نیا دیوێکی تراژیدیای کورد بوون له ئێران، ده‌گێڕنه‌وه. گوتنی ئه‌وه‌یکه حیزبه ئێرانییه‌کان له روانگه‌یه‌کی ره‌گه‌ز په‌رستانه‌وه له دۆزی کورد ده‌روانن، ته‌نیا دیوێکی حه‌قیقه‌ته‌که‌مان پێده‌ڵێ و چ داهێنانێکی تازه نییه.
دۆخی ژێر ده‌سته‌یی کورد و داگیر کراوی کوردستان له‌و وڵاته له چه‌شنێکی تایبه‌ته. لێره کوردی کۆیله ته‌نیا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا له تاران له کێشه دا نییه، به‌ڵکوو له لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته‌شه‌وه حاشا له ماف و بوونی ده‌کرێ
کاتێ ئه‌لجه‌زایر له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فه‌ره‌نسه‌وه داگیر کرابوو، ئه‌لجزاییرییەکان به پێچه‌وانه‌ی کورده‌کان له حاند ئه‌و داگیرکارییه به ته‌نیا نه‌بوون. له فه‌رنسه له نیۆ ماڵی خودی داگیرکه‌ردا، ده‌نگی ده‌یان ناوه‌ند و زانکۆ و حیزب و که‌سایه‌تی لێ به‌رز بووبووەوە. که‌چی له ئێران ئه‌مه به‌پێچه‌وانه‌یه. هه‌ڵه‌یه هه‌ر که‌س وا بیر بکاته‌وه بنه‌ماکانی ده‌وڵه‌تی تاک نەتەوە لە لایان ره‌زاشاوە تیۆریزە کراوە. زۆر پێش لە هاتنە سەر کاری رەزاشا، بیری به فارس کردنی نه‌ته‌وه غەیره فارسەکان له لایه‌ن نوخبەی خوێنده‌وار و رووناک‌بیر و سیاسه‌توانی ئه‌و وڵاته‌وه فۆرمۆڵه کرا بوو.
به‌رهه‌مهێنانی هزری ره‌گه‌ز په‌رستانه له ئێران، کاری به‌رده‌وامی پتر له 100 ساڵی رۆشنبیر و حیزب و سیاسه‌توانی فارسی ئه‌و وڵاته‌یه.
ره‌گه‌ز په‌ر‌ستیی فارس له‌و وڵاته بووەته جۆرێک له که‌لتوور و جیهانبینی و هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیی. کاتێ بێشه‌رمی سیاسیی حیزب و رووناکبیری ئه‌و وڵاته به‌و راده‌یه ده‌گا کە نکۆڵی له سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و لە هەبوونی نه‌ته‌وه‌ی حاکم و مه‌حکوم بکا، ئیتر چ پردێکی هاوبه‌ش و چ زمانێکی هاوبه‌ش ده‌توانێ له ئارا دا بێ؟
گرفتی سه‌ره‌کی ئه‌و دوو حیزبه‌ش ئه‌وه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه دەبینن، به‌ڵام نه حازرن بڕۆکه‌یه‌ک زمانی راشکاوی سیاسی ” بێ تەقیه ” له‌مه‌ڕ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ حیزبه ئێرانییه‌کان به‌کار بێنن و نه قایل به‌وه ده‌بن چاوێک به رێبازی تا ئێستایاندا بخشێننه‌وه.
له‌گه‌ڵ هاتنی ئه‌و ستراتیژییه بۆ ناو بزووتنەوەی سیاسیی کورد، سه‌خڵه‌تییه‌کانی کورد پتر کرا. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه خوازیی له هه‌ر وڵاتێک پشت ئه‌ستوور به گوتار و شێوه فکرێکی تایبه‌ته و به بوونی سیما‌و ره‌نگ و رێبازێکی دیاریکراوی رزگاریخوازانه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، له کوردستانی بنده‌ستی ئێران، وێنه و روخساری ئه‌و نه‌ته‌وه خوازییه له که‌س دیار نییه. یا خۆ ره‌نگه باشتربێ بڵێین جۆری ئه‌و نه‌ته‌وه خوازییه، بیرێکی گه‌ڵاڵه نه‌کراو و نه‌نووسراوه، نه له دۆست دیارە و نه له دوژمن ئاشکرا. دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه، ئێستاشی له گه‌ڵ دابێ لای ئەو جۆرە نەتەوەخوازییە روون نه‌کراوه‌ته‌وه کە مه‌به‌ستی له کورد بوون چییه؟ کورد به کێ ده‌ڵێن؟ کوردستان کوێیه؟ سنووروی ئه‌و وڵاته له کوێوه ده‌س پێده‌کا و له کوێ کۆتایی پێدێ؟ ئێمه کێین؟ تایبه‌تمەندییە نەتەوەییەکانمان چییه؟ له کوێوه هاتووین؟ چیمان ده‌وێ ؟ ئایا کورد نه‌ته‌وه‌یه یاخۆ قه‌ومه؟
هەڵبەت گرفت و ته‌نگ وچه‌ڵه‌مه‌کانی ئه‌و ناسیۆنالیزمه هه‌ر روو به ناوه‌وه نییە، به‌ڵکوو روو به ده‌ره‌وه‌ی خۆشی هێشتا نه‌یتوانیوه هێڵی جیاکه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ دژه شوناسه‌کانی تیۆریزه بکا. واته ئه‌گه‌ر به دیوی ناوه‌وه نه‌یتوانیوه خۆی له قه‌ره‌ی هه‌موو ئه‌و پرسانه بدا که هه‌موو بزاوتێکی ناسیۆنالیستی پێویستییه‌تی، روو به ده‌ره‌وه‌ش، هه‌ر به هه‌مان شێوه له جۆری نه‌ته‌وه‌خوازییەکی بێ‌شوناس وشه‌رمێونه.
ناسیۆنالیزم، ته‌نیا کارکردن له سه‌ر بردنه سه‌رێی راده‌ی هەست و سۆزی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه نییه. له هه‌موو بزاوتێکی رزگاریخوازانه دا ناسیۆنالیزم ئه‌و کاته توانیویه‌تی سه‌رده‌می کاڵ و کرچی و ساوایی خۆی جێ بهێڵێ که هه‌موو خه‌م و سه‌رقاڵییه‌کانی پێوه‌ندی به مه‌سه‌له ستراتیژییه‌کانه‌وه بووبێ. سه‌رکه‌وتنی هه‌موو بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی به‌ر له هه‌رشتێک گرێدراوی ئه‌و تێڕوانینه نێوخۆییه‌یە که نه‌ته‌وه‌یه‌ک له رێگای ئه‌وه‌وه ته‌عبیری له بوون و چاره‌نووسی خۆی کرده‌وه.
له‌و نێوه‌شدا کۆمه‌ڵێک پرسیاری گرینگ و چاره‌نووس ساز هه‌روا بێ وه‌ڵام ماونه‌ته‌وه. وه‌ک ئه‌وه‌یکه: مه‌به‌ست له ئێرانی بوونی کورد چییه؟ پێناسه‌ی ئێرانی بوون له چی دایه؟ شه‌رت و مه‌رجی کورد بۆ ئه‌و ئێرانی بوونه به چییه‌وه گرێ ده‌درێ؟ ئه‌گه‌رکورد ئێرانییه بۆ به تاوانی کورد بوون راوده‌نرێ، قه‌ڵاچۆ ده‌کرێ و هێرشی بێ به‌زه‌ییانه‌ی ده‌کرێته سه‌ر؟ ئایا مه‌سه‌له‌ی کورد پێوه‌ندییه‌کی جه‌وهه‌ریی به مه‌سه‌له‌ی دیموکراتیزه‌کردنی ئێرانه‌وه هه‌یه؟ دیموکراسی چییه؟مافه یاخۆ زەرفە؟
دۆزی کورد لە کۆنسێپتی دێموکراتیزە کردنی ئێران‌دا له‌کوێدا خۆی ده‌بینێته‌وه؟ داخوا له‌و حاڵه‌ته دا وه‌ک نه‌ته‌وه باس له بوون ومافه‌کانی کورد ده‌کرێ یاخۆ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێرانییه‌کان دەڵێن وه‌ک که‌مه نه‌ته‌وه و قه‌وم؟ له‌وانه‌ش بترازێ داخوا ئێران که‌ی دیموکراتیزه ده‌بێ؟ زیاتر له سه‌د ساڵە نوخبه و حیزبی ئێرانی به مه‌سه‌له‌ی دیموکراتیزه‌کردنی وڵاته‌که‌یانه‌وه سه‌رقاڵن، که‌چی هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته ده‌سپێکیش. گه‌لۆ پرسیار ئه‌وه‌یه کورد ده‌بێ چه‌ندی تر بە تەمای ئەم” مدینە فاضلە” یە رابوەستێ؟
زیاتر له 50 ساڵه له‌و وڵاته‌ی ئێمه به هۆی کار تێکردنی ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئەو حیزبه، خه‌ونی دێموکراتیزه کردنی ئێران لای ئینسانی کورد کراوه‌ته نوشته‌یه‌کی سێحراویی که هه‌ر که بگاته لای ئیتر کۆتایی به هه‌موو ئازاره‌کانی دێنێ، خافڵ له‌وه‌یکه ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌و وڵاته به ده‌مامکی دێموکراتی ده‌رازێته‌وه، راست هه‌ر ئه‌و کاته بۆ هه‌میشه به کۆیله مانه‌وه‌ی کورد به یاسایی ده‌کرێ.
ئه‌ورۆ که هیچ باسێک له دێموکرات بوونی ئه‌و وڵاته له ئارا دا نییه،حیزبی ئێرانی دوورە وڵاتی بێدەسەڵات به‌وجۆره‌ی دیتمان هێرشی هێنایه سه‌ر مافه‌کانی کورد، تۆ بڵێی ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ جۆره هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد له‌و وڵاته بکرێ و کوردیش پێداگری له‌سه‌ر مافه‌کانی بکا، داخوا ده‌بێ چ هەرەوەزێکی خوێناویی بە دژی رێکبخرێ.
که‌چی له که‌یسی ئه‌و جۆره نه‌ته‌وه‌خوازییه دا، ئه‌و هه‌موو به‌رزی و نزمی و هه‌ڵکشان و داکشانه، به‌جۆرێک له زۆر زانیی و” فێڵزانیی سیاسیی” دێته ئه‌ژمار!.
به گوێره‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه له‌سیاسه‌ت، ره‌نگ گۆڕینی به‌رده‌وام، نه‌وعێک ” واقعبینی” و هونه‌ری سیاسییه. قسه نه‌کردنی راشکاوانه له دۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌سته، ژیربێژیی و ره‌چاوکردنی مه‌سله‌حه‌ت و هێشتنه‌وه بۆ کاتی له‌باره! ئه‌و ” کات ” و” دۆخ”ەی که که‌س نازانێ که‌ی دێ و نیشانه‌کانی چیین و مرۆڤ چۆن ده‌توانێ هاتن و گه‌یشتنی” کات ” و” ده‌رفه‌ت” ی له‌بار هه‌ست پێبکا و هه‌وڵی قۆزتنه‌وه‌ی بۆ بدا.
زیاتر له په‌نجا ساڵه هەڵگرانی ئه‌م ئیستراتیژییه پێمان ده‌ڵێن: حیزبی ئێرانی هاوچارەنووس و هاوخه‌باتی گه‌لی کورده و ده‌بێ له نێوان ئۆپۆزیسیۆنی فارس و ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا فه‌رق و جیاوازی دابندرێ، به‌ڵام له‌چاو ترووکانێکدا ده‌رده‌که‌وێ بنه‌ما فکرییه‌کانی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه‌ش له سه‌ر شکاندنی نرخی ژیانی کورد و به کۆیله هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و کورده وه‌ستاوه.
هەڵگرانی ئەم ستراتیژییە به‌درێژایی هه‌موو ئه‌و ساڵانه جارێک بۆ هه‌میشه حەولیان نه‌داوه روونی بکەنەوە مه‌به‌ستییان له “رزگاری”و “کوردبوون”و” نه‌ته‌وه‌یی بوون” چییه؟ له لایه‌ک له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی دا له واتای ” ئیستعمار”و داگیرکه‌ر که‌ڵک وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا له هه‌ڵگرتنی دروشمی رزگاریی له دەوڵەتی داگیرکەر خۆ ده‌دزنەوە. که‌چی سه‌یر ئه‌وه‌یه هه‌ر بۆ هه‌مان داگیرکەر، خۆی به هاوچاره‌نووس و هاو خه‌بات ده‌ناسێنێ. له لایه‌ک باس له شوناسی کورد بوون ده‌کا، به‌ڵام هه‌ر راست له هه‌مان کاتدا دژه شوناسی ئێرانی بوون له سه‌ر کورد ده‌کا به‌ماڵ و خۆی له هه‌موو ئێرانییەک به ئێرانی‌تر ده‌زانێ. خۆی به‌حیزبی نه‌ته‌وەی کورد پێناسه ده‌کا، به‌ڵام له چه‌رخ وخولێکدا له به‌یانییه‌ی هاوبه‌ش له ته‌ک حیزبی پان ئیرانیست دا نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کا به “قه‌وم” وله‌و رێگایه‌وه گه‌وره‌ترین قه‌یرانی شوناس بۆ نه‌ته‌وه بوونی کورد چێ ده‌کا. باس له مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ کورد دێنێته گۆڕێ، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بێته هه‌ڵگری درووشمی خاپێنه‌ری برایه‌تیی درۆزنانه‌ی کورد و فارس و له‌مه‌ش سه‌یرتر سوێند به یه‌کپارچه‌یی خاکی وڵاتێک ده‌خوا که ئه‌گه‌ر نه‌بوایه ئه‌و کورده نه تووشی هه‌ره‌سی کۆمار ده‌بوو، نە جیهادی لە دژ رادەگەیندرا، نه قاڕنا و قه‌ڵاتانی له ناو خوێندا ده‌گه‌وزاو نه نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌ر وا ژێرچه‌پۆکه و به‌ش مه‌ینه‌ت ده‌مایه‌وه.
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ ماوه‌یه‌کی ئاوا دوور و درێژ نه‌یتوانیبێ بڕۆکەیەک له ئامانجه‌کانی نزیک ببێته‌وه،بیانووی راسته‌قینه‌ی نامێنی بۆ گه‌یشتنی. گرفت و ململانێی نێوان کورد و حیزبی ئێرانی به هه‌موو ره‌وتە جۆرا و جۆره‌کانیه‌وه، مه‌سه‌له‌ی که‌مهێنانی دیالۆگ و دانوستان و نه‌بوونی متمانه و خه‌راپ تێگه‌یشتن له کۆمه‌ڵێک چه‌مک و زاراوه‌ی تیئۆریکی وه‌ک، قه‌وم و نه‌ته‌وە و شتی له‌م بابه‌ته نییە. قسه کردن له ململانێی نێوان ئه‌م دوانه قسه کردنه له‌سه‌ر دوو دۆخی جیاواز و دوو پرۆسه‌ی مێژوویی جیاواز له نێوان ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه دا.
ئه‌گه‌ر گرفتی حیزب و رووناکبیری ئێرانی،گرفتی نه‌بوونی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و نه‌بوونی ئازادیی به‌یان و بڵاوکراوە و شتی له‌م بابه‌ته بن، گرفتی کورد گرفتی نه‌ته‌وه‌ییە، پرسی خاک و سنووری نیشتمانە، گرفتی زمان و ناسنامەیە، دووڕیانی نێوان بوون و نه‌بوونه. هەموو ئه‌م گرفتانەش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و نه‌ته‌وه‌خوازیی فارسه. بۆیه ئه‌وه‌ی بۆ حیزب و رۆشنبیر و سیاسەتمەداری ئێرانیی چاره نووسساز دێته ئه‌ژمار، مه‌رج نییه بۆ نه‌ته‌وه‌ی کوردیش به هه‌مان مانا بێ. له‌م رووەوه ئەوەی کە کورد و فارس وه‌ک دوو دژبه‌ری له ئاشتی نه‌هاتوو، ناتوانن به لێک تێگه‌یشتنێکی هاوبه‌ش بگه‌ن، به هۆی هێندێک رووداوی لابه‌لا و رووداو و رێکه‌وتی خه‌راپەوە لێک نادرێتەوە.
ململانێ و کێشه‌ی نێوان کورد و حیزبی ئێرانی، ململانێی نێون دوو جۆر له نه‌ته‌وه خوازییه. یه‌کیان نه‌ته‌وه خوازییه‌کی دوور خراو له دەسەڵات و سەروەریی سیاسییە، کە حه‌ز و خولیای چێ کردنی مالیکی سیاسییه، ئه‌وی دیکەیان نه‌ته‌وه خوازییه‌کی ده‌وڵه‌تییه و هه‌تا بووه بۆ مل پێ که‌چ کردن و توانه‌وه‌ی ئه‌ویتر حەولی داوه. واته به مانای راسته‌قینه‌ی وشه هه‌ڵگری سرووشتێکی داپڵۆسێنه‌رانه و داگیرکه‌رانه بووه. ئه‌م نه‌ته‌وه خوازییه تا دڵ ده‌خوازێ له به کۆیله کردن و ژێر چه‌پۆکه کردنی ئه‌ویتر چێژ وەرده‌گرێ و ئه‌و کاته هه‌ست به سووکنایی و بوونی خۆی ده‌کا، که ئازار و ژان و برکی ئه‌وانیتر ببینێ. ره‌نگه لێره‌دا راستترە بڵێین نه‌ته‌وه‌خوازیی فارس، تا سه‌ر ئێسقان له چه‌شنی نه‌ته‌وه‌خوازییەکی نه‌خۆشه.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی به‌شێکی زۆری حیزبه کوردییه‌کاندا ده‌گوترێ، جۆری پێوه‌ندیی ئه‌و نه‌ته‌وه‌خوازییه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکە هیچکات له‌سه‌ر بنەمایەکی ئینسانی و برایانه نه‌بووه. هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و نه‌ته‌وه‌خوازییه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دانیشتووی ئێران له‌وه‌تا بووه له جۆری پێوه‌ندیی نێوان حاکم و مه‌حکوم بووه.
له‌و ولاته بۆ کۆتایی هێنان به‌م دۆخه نابه‌رابه‌ره گۆڕانی پارسه‌نگی هێز به قازانجی کورد به ته‌نیا، به‌س نییه. ئه‌وه راسته له جیهانی سیاسه‌ت دا به تایبه‌تی له دۆخی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دابه‌شکراوی وه‌ک کورد دا، خۆ رزگار کردن پێویستی به توانا و هێزی پڕاکتیزه کردنە. به‌ڵام له زۆر بڕگه‌ی مێژوویی دا له ژیانی نه‌ته‌وەیەکی بێدەوڵەت دا ” ویست ” یش ده‌بێته خوڵقێنه‌ری هێزو ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت. زۆر جار دیتراوه نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌لی زۆر به ده‌گمه‌نیشی بۆ هه‌ڵکه‌وتووه، که‌چی له نه‌بوونی ” ویست” دا نه‌یتوانیوه که‌ڵکی ته‌واو له هێز و ئەو بارودۆخە وەربگرێ کە بۆی ره‌خساوە. باشووری کوردستان له ده‌م و کاتی رووخانی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، وێنه‌یه‌کی هه‌ره به‌رچاوی ئه‌و راستییه‌یه. هه‌ل و ده‌رفه‌تیکی له‌و چه‌شنه‌ی له عێراق بۆ کورد هاته ئاراوه، ره‌نگه هه‌ر چه‌ند سه‌ده جارێک له ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک دا بڕه‌خسێ. به‌ڵام چونکه گوتاری حیزبی سیاسی کورد به زه‌قی هه‌ڵگری مۆرک و شه‌قڵی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد بوو، ئه‌و هه‌له زێڕینه له کیس درا.
که‌مووکوڕی و گرفتی هه‌ره گه‌وره‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له پله‌ی یه‌که‌م دا مه‌سه‌له‌ی هێز نییه. به‌ڵکو ئه‌و ستراتیژییه‌یە که ماوه‌ی پتر له 50 ساڵه له ناو هه‌ناوی خۆیدا شکست له دوای شکست بۆ مرۆڤی کورد، به‌رهه‌م دێنێ.
پتر له 50 ساڵه دۆزی کورد له‌و وڵاته مه‌حکومی مه‌رجه ئابووری و سیاسی و که‌لتوورییه‌کانی وڵاتی داگیرکه‌ر، کراوه و نه‌یتوانیوه خه‌بات بۆ ئامانجی راستەقینەی خۆی بکا. قه‌تیس کردنی دۆزی کورد به مه‌سه‌له‌ی دێموکراتیزه کردنی ئێرانه‌وه، ده‌سپێک و سه‌ره‌تای ئه‌م لادانه مێژووییه بوو که به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد دا سه‌پێندرا.
ئه‌زموونی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی زۆر نه‌ته‌وه تا ئێستا نیشانی داوه کە دێموکراسی که‌ره‌سه‌یه‌ک نییه بۆ به ده‌وڵه‌ت گه‌یاندنی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دوورەوە خراو له سەروەری و ده‌سه‌ڵات. دێموکراسی ئامانج نییه، بەڵکووزه‌رفه. شێوه‌یه‌کی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته. ئه‌م چه‌مکه هیچ شتێکی کۆنکرێتمان سه‌باره‌ت به باری راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات پێ‌ناڵێ. له هه‌موو شوێنێکی ئه‌م دونیایه دێموکراسی له حاند ده‌ربڕینی جیاوازیی ئه‌تنیکی و چینایه‌تی .. هتد چه‌مکێکی بێ هه‌سته و ده‌سته‌به‌ر کردنیشی به مانای یه‌کسانی نیوان نه‌ته‌وه‌کان نییه. مه‌سه‌له‌ی کورد، مه‌سه‌له‌ی کورد و کوردستانه. کورد و کوردستان دوو واتان که پێکه‌وه و به‌یه‌که‌وه به‌ستراون. کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه و کوردستان خاکیەتی. مه‌سه‌له‌ی کوردستان رزگار کردنی وڵاته و دۆزی کوردیش سه‌ربه‌خۆیی نەتەوایەتییە.
بیری دێموکراتیزه کردنی ئێران، بیرێکی خورافییه. دژ کرده‌وه‌ی هێزه ئێرانییه‌کان له حاند به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی حدکا و کۆمەڵەی شۆرشگێر، تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره بوو بۆ ئه‌و ئیستراتیژییه. ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه نیشانی دا جێگیر کردنی نیزامێکی فیدڕاڵی هه‌ر به دانی شیعار نابێ. تاکه‌ی ده‌کرێ ئه‌و دو حیزبه هه‌ر پێکه‌وه دانیشن و لای خۆیانه‌وه له په‌سنی فیدڕالیزم بدوێن و بڵێن چه‌ند باشه، به‌ڵام هیچکات بیرێکی ورد له دژبه‌ره‌کانی و له میکانیزمی گه‌یشتن پێی نه‌کرابێته‌وه
هەڵوێستی حیزب و لایه‌نه ئێرانییه‌کان بۆ ئه‌و دوو حیزبه وڵامێکی سه‌ر راست و یه‌کلا که‌ره‌وه بوو. ئه‌وان نە له‌گه‌ڵ فیدڕاڵیزمی نه‌ته‌وه‌یین و نە له‌گه‌ڵ باسی یه‌کسانی نه‌ته‌وه‌کان له ده‌سه‌ڵات. هه‌موو ئه‌وانه به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گرن بۆ ئەوەی ستراتیژی به ئێرانی کردنی دۆزی کورد، ستراتیژییەکی شکست خواردوو و بێ‌ئاکام و سه‌ره‌نجامه. ئه‌م ستراتیژییه هه‌م کوردی خستووه‌ته به‌رده‌م چاوپۆشی کردن لەو هه‌موو ماڵوێرانی و کاره‌ساته‌ی به سه‌ری هاتووه، هه‌م دیلیی و کۆیلەتیەکەی له‌و وڵاته ته‌مه‌ن درێژتر دەکا.
ئاڵمان
٢٨/ ١٠/ ٢٠١٢
{jcomments off}