"an independent online kurdish website

بەشی چوارەم، پێوەندی کردن بە کۆمەڵەوەali_qenberi1

پێشەکی

لە بەشی یەکەمدا کورتەیەک لە سەر ژیانی سیاسیم لە حیزبی دیموکراتدا باس کرد. لە بەشی دووهەمدا باسی ئەو هۆکارانەم کرد کە منیان بۆ لای سیاسەتی کۆمەڵە ڕاکێشا. لە بەشی سێهەمدا پێناسەیەکی کورتم لە سەر ئۆردووگای ڕومادی (کەمپی ئەلتاش) خستە بەر چاوی خوێنەری بەڕێز و لە ئەم بەشەدا دەچمە سەر دەست پێکردنی کاری سیاسیم لە ڕیزی لایەنگرانی کۆمەڵەدا لە ئەو ئۆردووگایە.

پێوەندی گرتن لە گەڵ کۆمەڵە

هەر وەک پێشتر لە بەشی دووهەمدا باسم کرد لە بەر ڕوشنایی ئەو هۆکارانەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر خۆمم لە گەڵ ڕێبازی کۆمەڵەدا نزیک و نزیکتر دەبینییەوە. پاش نزیک بە ساڵێک ژیانی پڕ لە ئازارمان لە ئۆردووگای ڕومادی، ڕێکخراوە سیاسییەکان دەستیان کرد بە پێوەندی گرتن لە گەڵ ئەو خەڵکەدا. خەڵک کەم کەم خەریک بوو بە ئەو ژیانە نامۆیە ڕائەهات. خێوەتەکان (چادرەکان) هەر بەری یەکەم ساڵیان گرت و دواتر خەڵک بە هاوکاری یەکتر خانووی قوڕینیان وەک سەرپەناه بۆ خۆیان و منداڵەکانیان درووست کرد. ئەم مێژووە دەگەڕێتەوە بۆ هاوین و پائیزی ساڵی ١٩٨٣ زایینی کە من بە نووسینی نامەیەک بۆ کۆمیتەی شارستانی کرماشان پێوەندیم بە کۆمەڵەوە گرت.

هاتنی گوردانی داڵاهۆ بۆ ناوچەکەمان

 هەر لە ئەو کاتەدا بوو کە لە سەر بڕیاری سەرکردایەتی کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران گوردانی داڵاهۆ ڕێکخرا و ناردرا بۆ ئەو دیوی سەرتەکی بەمۆ، لە نزیک ئەو شوێنەی کە دوو، سێ ساڵ پێشترەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەو جێگەیە مەقەڕ و بارەگای لێ دامەزراند بوو و ماوەیەکیش پێش لە هاتنی گوردانی داڵاهۆ و کۆمیتەی شارستانی کرماشانی کۆمەڵە، ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵکیش هەر لە ئەو دەڤەرە هێز و مەقەڕیان دانابوو. بێجگە لە ئەو سێ هێزە (دیموکرات، موجاهید و کۆمەڵە) ڕێکخراوی کوردە یارسانییەکانیش لە ژێر ناوی جونبش (بزووتنەوە) ئەهلی هەق هەر لە ئەو نزیکانە مەقەڕیان دانابوو کە پێم وایە ئەوانیش هەر پێش لە هاتنی کۆمەڵە لە ئەوێ دامەزرا  بوون. جێگەی باسە کە جونبشی ئەهلی هەق دوای یەک، دوو ساڵ لە مەوجوودیەت و بوونیان (وەک ئەوەی خۆیان دواتر باسیان لێکرد بوو) بە هۆی نەبوونی ئیمکاناتی پشتی جبهە و ئاستەنگی لە لایەن دەسڵاتی عێراقەوە هەڵدەوەشێتەوە. دواتر کەسەکانی ناو جونبشی ئەهلی هەق یان دانیشتن و هاتن بۆ ڕومادی و دەورە، و یان چوونە ناو کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات و پێموایە چەند کەسێکیشیان گەرانەوە بۆ ئێران. 
لە بەشی دووهەمدا باسی ئەوەم کرد کە یەکەم پێوەندیم لە ڕێگای خ. پ. بوو کە تازە لە نێو ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتەوە سەنگەری بۆ نێو ڕێزەکانی کۆمەڵە گواستبووە و بۆ سەردان لە ماڵی باوکی هاتبووە بۆ ڕۆمادی. پێموایە ئاخری پائیز یان ئەوەڵی زستانی ١٩٨٣ بوو کە من لە ڕیگای ئەو کەسەوە یەکەم نامەم بۆ کۆمیتەی شارستانی کرماشان و هێزی داڵاهۆ لە بەمۆ نووسی و بە ئەو شێوەیە پێوەندیم بە کۆمەڵەوە کرد.
دوای ئەوەی کە نامەکەم لە ڕێگای کاک خ. پ. وە گەیشتبووە دەست کۆمیتەی شارستانی کرماشان، ماوەیکی زۆری پێ نەچوو کە لە ڕێگای کاک بەشیری ئەمیرخانییەوە کە ئەویش پێموایە لە جونبشی ئەهلی هەقەوە یان لە حیزبی دیموکراتەوە سەنگەری بۆ ناو کۆمەڵە گواستبووە، نامەیەکم لە کۆمیتەی شارستانی کرماشانی کۆمەڵەوە پێ گەیشت.

 ئەوەندەی کە لە ناوەڕۆکی ئەو نامەیە، پاش زیاتر لە ٢٩ ساڵ لە بیرم مابێت، دوای خۆشحاڵی دەربڕین، بە وردی ڕێنوێنییان کردبووم کە چۆن دەست بە کار و چالاکی بکەم. کە وا بوو لە دوای ئەو نامە ئاڵووگۆڕ کردنانە هەستم بە بەرپرسایەتییەکی گەورە کرد و بە پێێ ئیمکانات و تواناکانی خۆم دەستم کرد بە کار و تێکۆشان لە ڕیزی کۆمەڵەدا. هەر وەها ماوەیەک دواتر لە ڕێگای هاوڕێ میرزامورادی مورادییەوە کە چوو بوو بۆ پێشمەرگایەتی و بۆ سەردان هاتبووە بۆ ئۆردووگاه، نامەیەکی دیکەم بە دەست گەیشت.

خۆم دامنا بوو بە نهینی کار بۆ کۆمەڵە بکەم، بڵام ئاشکرا بووم

 یەک شت کە لە ئێرەدا جێگای باس کردنە،  ئەوەیە کە من لە سەرەتاوە نەمدەویست بە ئاشکرا کار و تێکۆشان بکەم بۆ کۆمەڵە. لە بەر ئەوەی ئەزموونی (تجربەی) ڕابردووم هەبوو. کاتێک بۆ یەکەم جار هاتینە عێراق و لە ئەو ٥،. ٦ مانگ مانەوەم لە عێراق، بە هۆی کار کردنی سیااسیم لە نێو ئەو خەڵکەدا بۆ حیزبی دیموکرات، لانی کەم دوو جار لە لایەن ئەمن و موخابراتی عێراقەوە بانگهێشت کرا بووم و هەر جار ٣ بۆ ٤ ڕۆژ زیندانی کرام. زۆر جاریش ڕوو بە ڕووی هەڕەشە و گوشار ئەبوومەوە.
 هەر لە بەر ڕۆشنایی ئەو ئەزموونە ترسم لە ئەوە بوو کە نەکات ڕۆژێک بە تێکچوونی پێوەندییە دیپلوماسییەکانی کۆمەڵە لە گەڵ عێراقدا ئێمە لە ڕومادی تووشی گرفت ببینەوە. بەڵام ئەو هۆکارەی کە منی وەک کەسی کۆمەڵە لە نێو ئۆردووگای ڕومادی ئاشکرا کرد، ئەو چەند نامە و بەڵگەی من بوون لە لای کۆمیتەی شارستانی کرماشانی کۆمەڵە کە کەوتبوونە دەستی حیزبی دیموکرات.  لە ڕاستیدا زۆرتر هاوڕێیانی پێشووترم لە حیزبی دیموکراتدا بوون کە کۆمەڵە بوونی منیان لە ئۆردووگای ڕومادی، لە ئەو کاتەدا (پاییز و زستانی ١٩٨٤) ئاشکرا کرد!

گوایە لە سەر و بەری دەست پێکردنی شەڕی ناوخۆیی (شەڕی دیموکرات و کۆمەڵە، ١٣٦٣ بۆ ١٣٦٧ هەتاوی) کە لە هەورامانەوە (زۆر بە داخەوە) دەستی پێکرد، پێشمەرگەکانی گوردانی داڵاهۆ و کۆمیتەی شارستانی کرماشانی کۆمەڵە  بەمۆ بە جێ دەهێڵن و لە کاتی ڕۆیشتنیاندا کیفێکی دەستی کە چەند بەڵگە و دیکومەنتی تریشی تێدا بووە لە لای ئەو کەسە کە بەر پرسی بووە بە جێ دەمێنێ. جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە لە نێو نامەکانی مندا پارچە شیعرێکیش بوو کە بۆ گیانبەختکردوانی گوردانی داڵاهۆ کە لە دۆڵی دەرێی ناوچەی سەلاسی باوەجانی گیانیان بەخت کرد، نووسیبووم.  

تێبینی:
کاک خ. پ. دوای چەند مانگێکی تر مانەوە لە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە، لە ژێر زەختی بنەماڵەکەیدا وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و هاتەوە بۆ ڕومادی و تا ئەوەندی من بزانم  پیوەندی بە کۆمەڵەوە نەما.  
کاک بەشیری ئەمیر خانیش دوای ماوەیەک وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و گەڕابووە ناو خانەوادەی کە لە ئۆردووگای  دەورە، لە نزیک کەلار بوون. هەر وەها هاوڕێ موحەمەد عەلیمورادیش (ئەنوەر) هەر لە ئەو کەسە سەرەتاییانە بوو کە چووبووە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.هەر لە ئەو سەردەمەدا هاوڕێیان سیامەک حاتەمی، میرزا مورد مورادی، حەیدەر ڕەزایی، ڕەزا موحەمەدی و چەند کەسێکی تر کە چووبوونە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە، دواتر لە ڕومادی، هەموومان (بێجگە لە سیامەک کە هەر لە پێشمەرگایەتیدا مایەوە) یەکترمان گرتەوە و کەم کەم (ئەگەر باش لە بیرم بێت ساڵی ١٩٨٦ یان ١٩٨٧) ئەنجومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەمان دامەزراند.  ئێمە لایەنگرانی کۆمەڵە لە نێو تایفەی وەڵەوەیی، ئەو کەسانەی کە لە ناو مەردمی گۆران و قەڵخانییەوە کە لە کوردستانەوە چووبوونە ناو کۆمەڵە و هاتبوونەوە بۆ ڕومادی و ئەو پێشمەرگە دانیشتوانە و لایەنگرانی کۆمەڵە کە لە ئێرانەوە لە ساڵی ١٩٨٤ بە دواوە وەک پەنابەر دەهاتن بۆ رومادی لە ژێر ڕێنوێنی کۆمەڵەدا یەکمان گرت و ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەمان پێکهێنا و دەستمان کرد بە چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی کە دواتر بە وردی باسی ئەکەم. هەر لە ئەو دەورانە و دواتریش کەسانێکی زۆرترمان لە نێو تیرە و تایفەکانی دیکەی ئۆردووگاه  پێ زیاد بوو کە لە بەشەکانی داهاتوودا لە سەر ئیزنی خۆیان باسیان ئەکەم!

 بێجگە لە ئەم بەشە، لە نێوان سالەکانی ١٩٨٣ بۆ ١٩٨٤ کۆمەڵێک لە ئەو کەسانە کە لە ئۆردووگای دەورە (لە نزیک شاری کەلار) ما بوونەوە و بە سەدان بنەماڵە ئەبوون پێوەندییان بە کۆمەڵەوە گرت کە دواتر ( لە ساڵی ١٩٨٨ بە دواوە) کە هاتن بۆ ڕومادی پیووەندییان کرد بە ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵەوە.

کاریگەری نێگەتیڤی شەڕی نێوخۆیی (شەڕی کۆمەڵە و دیموکرات) لە سەر کار و چالاکی سیاسیمان  

ئەوەی کە دیسان جێگای ئاماژە پێ کردنە، ئەوەیە کە ئێمە لە کاتێکدا بە ئاشکرا دەستمان کرد بە چالاکی سیاسی لە ڕیزی لایەنگرانی کۆمەڵەدا لە ئەو ژینگەیە کە شەڕی نێوخۆیی (شەڕی کۆمەڵە و دیموکرات) لە کوردستان دەستی پێ کرد بوو. شەڕێک کە بێجگە لە خەسارەت و بە کوشتدانی سەدان ڕۆڵەی فەقیر و هەژاری خەڵکی کوردستان نەبێت، هیچ دەسکەوتێکی بۆ هیچ کام لە ئەو دوو لایەنە تێدا نەبوو! شەڕێک کە بەها مرۆئیەکانی تێدا پێشێل کرا! دەنگی ئازاد و بیری ئازادی تێدا کپ کرا! شەڕێک کە بێجگە لە کۆماری ئیسلامی نەبێت کەسیتری تێدا براوە نەبوو! شەڕیک نە کەسی کرد بە برا گەورە و نە کەسی تری کردە  برا بچووک، بەڵام دڵی سەدان و هەزاران کەسی لە شۆڕش سارد کردەوە و بە هەزارانی تری بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ کردە دوژمنی یەکتر!
پرشی ئەو شەڕە نادیموکراتیک و نامەسئولانەش گەیشتە ئۆردووگای ڕومادی و لە ئەوێش کاریگەری خراپی خۆی دانا. لە ئەو سەردەمەدا لە ئۆردووگای ڕومادی، کۆمەڵە بوون و بە ئاشکرا دیفاع کردن لە سیاسەتەکانی کۆمەڵە دڵی شێر و سەبری ئەیوبی ئەویست! لە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو شەڕەدا لە ئۆردووگای ڕۆمادیش بێجگە لە کۆنەپەرەستان و دوژمنانی ئازادی نەبێت، پێموایە نییە کەس قازانجی تێدا کرد بێت!

لە ئۆردووگای ڕومادی لە لایەن زۆر کەسی ناحاڵی و تێنەگەیشتووە زۆر بێ ڕێزی دەرهەق بە زۆر کەس و بەتایبەت بە ئێمە، لایەنگرانی کۆمەڵە کرا! 
ئیستەش پێموایە ئەگەر ئەو شەڕە نێوخۆییە نەبوایە وئێمە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵە و دیموکرات لە ڕومادی لە جیاتی دژایەتی کردنی یەکتر، پێکەوە هاوکاریمان بوایە، دەمانتوانی زۆر خزمەتی زیاتری دانیشتوانی ئەو کەمپەمان بکردایەت! زۆرتر و زیاتر پاشەکشەمان بە عەشیرەگەرایی و دواکەوتوویی بکردایەت و ئاستی ڕۆشنبیری ئەو خەڵکەمان زۆر زیاتر بەرز و بەرزتر بکردایەت! ئەگەر کێشە سیاسییەکان نەبوایە و لە جیاتی ئەوە، کاری هاوبەشمان بکردایەت دڵنیام بیری توندڕەوەی دینی و ئیسلامی سیاسی لە جۆری سەلەفی و وەهابی نەیدەتوانی بە ئەو ئاسانییە لە نێو گەنجەکانمان بڵاو بوایتەوە کە دەیان گەنجی ئەو ئۆردووگایە لە ئاکامدا ڕوو لە گرووپە تووندڕەوەکان بکەن و لە ئەو پێناوەدا ببنە قوربانی بیری تووندڕەوی!

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو شتە ناخۆشانە و بە هەست بە بەرپرسایەتی کردن، بە تایبەت لە لایەن لایەنگرانی کۆمەڵەوە، بە خۆشییەوە هیچ کات ئەو ململانێ و کێشانە لە ئۆردووگای ڕومادی نەگەیشتنە ئەو ئاستە کە کوشتن و بڕین و کارەساتی لێ بکەوێتەوە و لە ئەو ژینگە دوور لە وڵاتەدا شەرمەساری مێژوو ببین!

ئێمە وەک کۆمەڵەییەکان زۆر ئازارمان کێشا، جنێومان پێدرا، ناحەزترین درووشمیان دژ بە حیزبمان ودژ بە بیر و باوەڕمان وتەوە، شەریان پێ فرۆشتین، هەڕەشەیان لێ کردین و تەنانەت فتوای جیهادیشیان لە سەرمان درکرد، بەڵام هەڵوێستەیەکی ئاوەهامان نیشان نەدا کە ببێتە هۆکاری خولقاندنی ڕووداوی نەخوازراو! دەرویشەکانیان بە خنجەر و قەمەوە نارد بۆ کوشتنی تێکۆشەرانمان!

 لە مەراسمەکانمان ئاژاوەگێریان درووست کرد، بەڵام ئێمە  سەبر و حەوسەڵەمان نیشاندا و وڵاممان نەدانەوە! ڕەحمان سینگ شێرەکانیان لە لایەنگرانمان هاندا، منداڵەکانیان لە منداڵمان هاندا و لە دەرو دەشت و لە مەدرەسە هەڕەشەیان لێ ئەکردن، هەزاران جار بێ حورمەتییان بە خۆمان و بنەماڵەکانمان کرد، بەڵام تەحەمووڵمان کرد! بۆ هەڵخڕاندنی هەستی خەڵکی مەزهەبی لە دژمان دەیان و سەدان پیلانیان بۆ ناینەوە! وتیان کۆمەڵە ژن ئەکات بە پێشمەرگە و ئەمە دژی ئایین و کولتووری کوردەوارییە! وتیان ئەمانە کافرن و مزگەوت و قورعان لە نێو ئەبەن و بە گشتی هەر چییان لە دەست هات دژ بە ئێمە کردیان، بەڵام ئێمە بە ژیری خۆمان و بە یەکیەتی ودڵسۆزی خۆمان کۆڵمان نەدا و  تێکۆشاین!
 لە پێناوی کۆمەڵە بوونماندا زۆر ئازارمان کێشا، بەڵام  بۆ ئەوەی کرێکارێک، هەژارێک، زەحمەتکێشێک و مرۆڤێکی چەساوە، ژنێکی ستەملێکراو، منداڵێکی ڕووت و برسی و بێ بەش لە خوێندن،  لە ژێر دەستی و ئاوارە بوون و هەژاری تێ بگەیەنین و سیاسەتی کۆمەڵەی بۆ ڕوون بکەینەوە، ئەو ئازارانەمان بە لاوە زۆر گرنگ نەبوو!                   دەمانزانی کە ڕۆژێک دێت کە خەڵک لە ڕاستییەکان تێبگەن و چاک و خراپ، هەق و ناهەق لە یەک جیا بکەنەوە!

ئاواتەخوازم کە ئەو مێژووە تاڵانە لە داهاتوودا قەد دووپات نەبنەوە و ڕادەی تێگەیشتنمان بگاتە ئەو ئاستەی کە یەکتر قەبووڵ و تەحەمووڵ بکەین! ئێمە بە بێ یەکتر قەبووڵ کردن و بە بێ ڕێز لە یەکتر گرتن ناتوانین بە هیچ جێگایەک بگەین. کورد نەتەوەیەکی بێ کەس و خاک داگیرکراوە و نابێت بە خاتری فڵان بیری سیاسی و ئیدئولوژیک، یان مەزن خوازی بۆ گەیشتن بە دەسڵاتی ئەم یان ئەو کەس و لایەن، لە بیری لە نێو بردن و کوشتنی یەکتردا بین!                  ئیستە بۆ من کە وەک کەسێکی سەربەخۆ و دوور لە کاری ڕێکخراوەیی ئەم بیرەوەرییانە دەنووسم و ئیشارە بە ئەم مێژووە ئەکەم، کۆمەڵە (بە هەموو لق و پۆکانییەوە) و حیزبی دیموکرات (بە هەر دوو بەشەکەیەوە) بە باڵی چەپ و ڕاستی جەستەی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ئەزانم. ئەم دوو هێزە لە ئاستی کوردستان و ناوچەکە و هەموو جیهانیش و لە ئاستی مەترسییەکانی سەر ڕێگای ڕزگاربوونمان پێویستیان بە یەکتر هەیە و بە یەکەوە بە هێزن! نە تەنیا ئەم دوو هێزە دێرینە، بەڵکوو ڕێکخراو و لایەنەکانی دیکەش کە بۆ ڕزگاری خەڵکی کورد لە بندەستی و گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری هاتوونەتە مەیدانی خەباتەوە دەبێ ڕێز لە ئیرادە و بیر و باوەڕێان بگیرێ و بە بەشێک لە بزووتنەوەکە بێنە حیساب کردن و لە ماف و ئازادییەکانیان ڕیز بگیرێت و لە تواناکانیشیان کەڵک وەربگیرێت!

بە هیوای یەکڕیزی و یەکتر قەبووڵ کردن وبەرەو پێش چوون بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن!                                                                   
 لە ئەم بەشەدا هەر ئەوەندە بەسە بڵێم ئەگەر هەموو ئەو کێشە و گرفت و ئازارانەی کە لە لایەن دوژمنانی ئازادی و خەڵکی نەزانەوە دەرهەق بە ئێمە کۆمەڵەییەکانی ئۆردووگای ڕومادی (لە نیوان ساڵەکانی ١٩٨٤ – ١٩٩٠ و تەنانەت دواتریش) کرا بە وردی باس بکرێن و هەرکامەیان وەک خۆی چۆن بووە باسی بکەین، خۆی لە خۆیدا کتێبێکی زۆر ئەستووری لێ دەر ئەچێت کە لە حەوەسەڵەی ئەم نووسینەدا نییە!

لە بەشی پێنجەمدا ئەم باسە درێژە پێ ئەدەین. چاوەڕوان بن!
عەلی قەنبەری ٢٧ – ١-٢٠١٣ زایینی {jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی