"an independent online kurdish website

پێشەکی ،  لە بەشی یەکەمدا باسی بەشدار بوونم کرد لە حیزبی دیموکراتدا لە نێوان خاکە لیوە – بانەمەڕی ١٣٥٨ بۆ گەلاوێژ – خەرمانانی ١٣٦١هەتاویدا.ali_qenberi1

لە بەشی دووەمدا باسی ئەو هۆکارانەم کرد کە منیان بۆ لای سیاسەتی کۆمەڵە ڕاکێشا. لە بەشی سێیەمدا پێناسەیەکی کورتم کرد لە سەر ئۆردووگای ڕومادی و لە بەشی چوارەمدا باسی پێوەندی گرتنی خۆمم کرد لە گەڵ کۆمەڵە و هەر وەها باسی ئەو کێشە و گرفتانەم کرد کە لە بەردەم کار و تێکۆشانی لایەنگرانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادیدا بوونیان هەبوو. هەر لە ئێرەشدا سوپاسی هاوڕێی خۆشەویست کاک دوکتور نەبی  ئەکەم کە سەردێڕی وتارەکەی بۆ ڕاست کردمەوە و لە ئەم بەشە بە دواوە لە جیاتی ” بەشداربوون لە سێ مێژووی سیاسی و مەدەنی ناوچەکەماندا”، وشەی” سێ” کە لائەبەم و تەنیا دەنووسم “بەشداری لە مێژووی سیاسی و مەدەنی ناوچەکەماندا”.

جارێکی تر وە بیری خوێنەری دەێنمەوە کە ئیستە وەک کەسێکی سەربەخۆ و بە دوور لە گرێدراوی حیزبی ئەم مێژووە دەنووسم.  خۆم بە کەسێکی چەپی کوردستانی ئەزانم و بە دڵ و بە گیان بۆ ڕزگاری کوردستان لە ستەمی نەتەوایەتی و لە داگیرکاری و بۆ گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ ساتێکیش واز لە خەبات و هەوڵدان ناهێنم.
هەر وەها ئازار و خۆشی و ناخۆشی هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش بە ئازار و خۆشی و ناخۆشی خۆم ئەزانم.
 ئاخرین شت کە پێش لە دەست پێکردنی ئەم بەشە کە پێویستە باسی بکەم ئەوەیە، کە من چی لە بەشەکانی ڕابردوودا و چی لە بەشەکانی داهاتووشدا ئەگەر هاتوو باسی کەس و یا لایەنێکم بە جۆرێک کرد بێت و یان باسی بکەم، بە مانای ئەوە نییە کە بە ڕق و قینەوە باسیان ئەکەم. ئەو بیرەوەرییانە ڕوودای مێژوون و هیوادارم کە ئەزموونیان لێ وەر بگرین و لایەنە خراپ و نێگەتیڤەکانی دووپات نەکەینەوە. ئەگینە هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە بۆ ڕزگاری کوردستان، ئازادی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی خەبات ئەکەن لە سەر سەر و چاوی من جێگایان هەیە، با لە هندێک بواریشدا جیاواز بیر بکەینەوە.
 لە ئەم بەشەدا کە بەشی پێنجەمە لە ئەم زەنجیرە وتارە، باسی خۆ ڕێکخستنمان بۆ کار و چالاکی ئەکەم.

چۆن خۆمان  بۆ تێکۆشان  ئامادە کرد؟

لە ئەو سەردەمەدا من و کاک قادری قەنبەری (پوورزام) و کاک مەجیدی قەنبەری (ئامۆزازام)، هەر سێ کەسمان بە یەکەوە کاسبیمان ئەکرد. لە سەرەتاوە لە سەر عارەبانەوە (چەرخی دەستی) شتمان دەفرۆشت و لە ئەو ڕێگایەوە بژێوی ژیانمان دەر ئەهێنا. حکوومەتی عێراق سێ مانگ پێش لە چوونمان بۆ ڕومادی و ٥، ٦ مانگ دواتریشی هەموو کۆمەک و یارمەتییەکی ماڵی لێ بڕی بووین. خەڵک زۆر نەهامەتییان کێشا. برسیەتی و هەژاری بە ڕوخساری زۆر کەسەوە دیار بوو. لە ڕاستیدا لە نێوان ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٣ بۆ ماوەی نزیک بە ٨، ٩ مانگێک کە  هەموو کۆمەکێکی ماڵی  لە ئەو خەڵکە داماوە بچڕا بوو، تاڵترین مێژووی ئەو ئاوارە بوونە بووە!

هەر بۆیە ئێمەش لە بەر ئەوەی کە لە برسان نەمرین دەستمان کرد بە کاسبی کردن و بەو شێوەیە ژیانی مەمر و بژی خۆمان دابین ئەکرد. من و ئەو دوو خزمەم هەر بە تەنیا هاو کاسب نەبووین، بەڵکوو هەم خزم و هەم هاوڕێی کۆنی دەورانی منداڵی یەکتریش بووین، بە تایبەت من و قادری میمکەزام (پوورزام) کە هەر لە دوو، سێ ساڵانەوە پێکەوە گەورە ببووین.
من تا ئەو کاتە هیچ ڕۆژنامەیەک، یان کتێبێک، یان بەرنامە و ئەساسنامەیەکم لە کۆمەڵەوە پێ نەگەیشتبوو. تەنیا سەرچاوەیەک کە هەبوو ڕادیو دەنگی شۆڕشی ئێران، ڕادیوی کۆمەڵە و دواتر ڕادیو دەنگی حیزبی کومونیستی ئێران بوون.

 ئێمە ئەو سێ کەسە و ئەکبەر قەنبەری (پوورزام و برای کاک قادر) کە لە ئێمە کەم تەمەن تر بوو لە ڕیگای گوێ گرتن لە ئەو ڕادیووە ڕوژ لە دوای ڕۆژ زیاتر خۆمان لە کۆمەڵە نزیکتر ئەبینییەوە. دیارە من کەمێک لە ئەوان زووتر هەنگاوم هەڵگرتبوو و دوای کەمتر لە ساڵێک هەستم دەکرد کە ئەوانیش زۆر نزیکایەتی ئەکەن و بە تامەزرۆییەوە گوێ لە بەرنامەکانی ڕادیو کۆمەڵە دەگرن.
بێجگە لە ئێمە ئەو چوار کەسە، کاک ڕەحمان (ئامۆزازام) کە لە چەکداریدا لە بەمۆ چاوی بە هاوڕێیانی کۆمەڵە کەوتبوو و دیار بوو کە لە ئەو دیدارەدا کەوتبووە ژێر کاریگەری سیاسەتی کۆمەڵەوە، ئەویش هاتە پاڵمان و بەم شێوەیە ئێمە لە ناو وەڵەوەییەکان (تایفەی وەڵەوەیی) لە هەنگاوی یەکەمەوە لە ئەم پێنج کەسەوە دەستمان پێکرد. من زۆر جار بەرنامە و هەواڵەکانی ڕادیو دەنگی شۆڕشی ئێرانم لە سەر کاغەز دەنووسییەوە و لە نێو خۆماندا دەمان خستە بەر باس و لێکۆڵینەوە و دواتریش لە نێو خەڵک و کەسە نزیکەکانەوە دەست بە دەست دەمان گێڕا.

هێشتا چەند مانگێک لە مەحفەلەکەمان (کۆڕی بچووک) تێ نە پەڕی بوو کە  کاک ئەنوەری موحەمدەیش هاتە ڕێزمانەوە. ئەو سەر دەمانە کاک ئەنوەر پێموایە تەمەنی نزیک بە ١٨ ساڵ بوو و لە لای مەلا مەحموودی تایشەیی قورعانی دەخوێند. بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئیستەش هندێک کەس پێێ دەڵێ مەلا ئەنوەر، هاوڕێ ئەنوەر مەلایەتی نەکردووە وهەر لە تەمەنی  ١٨ ساڵانەوە تا ئیستە لە گەڵ کۆمەڵە بووە و ئیستەش یەکێک لە کادرە  بە تواناکانی کۆمەڵەیە. نزیکەی ١٧. ١٨ سالە پێشمەرگەیە و تا ئیستە دوو یان سێ جار بۆ کۆمیتەی ناوەندی کۆمەلە هەڵبژێردراە و ئیستەش کە من ئەم وتارە ئەنووسم ناوبراو لە لای کۆمەڵەی شۆڕشگیر بەر پرسی پێوەدییەکانی ئەو حیزبەیە.

چۆن پێوەندیمان بە کاک ئەنوەرەوە کرد؟  یان چاکترە بڵێم چۆن کاک ئەنوەر پێوەندی بە کۆمەڵەوە کرد؟                   کاک ئەنوەر و کاک ڕەحمان کە لە تەمەنیشدا دوو، سێ ساڵێک زیاتر فەرقیان نەبوو، زۆر هاوڕێیەتیان خۆش بوو. ڕەحمان پێشتر کەمێک باسی کۆمەڵەی بۆ کردبوو و هەر چی زیاتر تا دەهات هاوڕێتییەکەیان بە هێزتر دەبوو. منیش بۆ هەلێک دەگەڕام تا لە نزیکەوە قسەی لە گەڵدا بکەم، تا ڕۆژێک ئەو هەلە ڕەخسا. فەردەیە ئاردمان کڕی بوو و دەبوایە لە ئەو کاتەدا کەسێک یارمەتی بدایەم کە فەردە ئاردە ٨٠، ٩٠ کیلۆییەکە بوەینە ژوورەوە. لە ناکاودا کاک ڕەحمان و کاک ئەنوەرم بینی و بانگم کردن و ئاردەکەمان بردە ژوورەوە و دواتر خوڵکم کردن کە چاییەک پێکەوە بخوین.

لە ئەو کاتەوە نزیکایەتی لە کۆمەڵە و بە کۆمەڵە بوونی کاک ئەنوەر دەستی پێ کرد. جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە ئەنوەر و ئەکبەری پورزاشم کە هاو تەمەن بوون لە گەڵ چەندین گەنجی تری لای خۆمان لە دەرەوەی کۆمەلە بووندا هاوڕێی نزیکی یەکتر بوون و ئەو هاوڕێتییە  پێموایە تا ئیستەش کاریگەری زۆر باشی داناوە و هەر ئەو پێوەندییانە بوون کە دواتر چەندین کەس لە خزمانمان چوونە نێو ڕێزەکانی کۆمەڵە و بوون بە کادر و پێشمەرگەی ئەو ڕێکخراوە.
 دواتر کاک ئەنوەر لە ڕومادی بوو بە کادرێکی زۆر چالاک و تێکۆشەری کۆمەڵە.   
لە بیرمە ماوەیەک دواتر کە کاک ئەنوەر بوو بە تێکۆشەرێکی دیاری کۆمەڵە، نەیارانی بیرەکەی، باوکیان (یادی بە خێر)  لێ هەڵنا بوو و کێشەیان خستە نێو ماڵیانەوە. باوکی پێی وت یان دەبێ واز لە کۆمەڵە بێنی یان واز لە من.                  ئەو بە باوکی وت  ئەتوانم واز لە تۆ بێنم بەڵام واز لە کۆمەڵە ناهێنم. هەر بە ڕاستی وەهاشی کرد!                            چەند مانگێک نەچووە ماڵی خۆیان و لە گەڵ باوکێدا پێوەندییان نەما، تا دواتر باوکی هات و ئاشتی کردەوە.  

 ئێمە ئەو ٦ کەسە لە ئۆردووگای ڕومادی و لە ناو تایفەی وەڵەوەیی تا ئەو کاتە کە من هاتم بۆ سوید. (٢٥ – ٩ – ١٩٩٠) لە ڕاستیدا تیمێک بووین کە لە پێناوی بیر و باوەڕماندا، ئامادە بووین بۆ قەبووڵ کردنی هەموو چەشنە سەختییەک.    ئێمە وەک برا و کەس و هاوڕێی یەکتر بووین. کاتێک کە هەر ٦ کەسەکەمان بە یەکەوە دەگەڕاین، زۆر کەس  بەخیڵی پێ ئەبردین!

پێوەندی کردن بە هاوڕێ خالیدی عەلیپووڕەوە

لە ئەو سەردەمەدا کە ئێمە ئەو ٦ کەسەی ناوچەی وەڵەوەیی کە پێشتر باسم کرد (١٩٨٣، ١٩٨٤ بە دواوە) وەک لایەنگری کۆمەڵە هەڵدەسووڕاین، کاک خالێد لە دەرمانخانەیەکی شاری ڕومادی کاری ئەکرد و پێموایە لایەنگری حیزبی دیموکراتیش بوو. ماڵیان لە هەمان گەڕەکی ئێمە (ئەو ٦ کەسە) بوو و ئەویش هەر پێوەندی خزمایەتی لە گەڵ هەموومان هەبوو، بە تایبەت لە گەڵ کاک ڕەحمانی عەلیپووڕ. کوڕێكی ١٨، ١٩ ساڵان و زۆر ئارام و لە سەر خۆ بوو. بە پێچەوانەی زۆر گەنجی هاوتەمەنی خۆی کە لە ئەو سەردەمەدا  لە زۆر شت بێ خەبەر بوون، ئەو بە شوێن دەرس خوێندن و شت فێر بوونەوە بوو. باوکیشی زۆر یارمەتیدری بوو، بۆ بەرەو خوێندن ڕۆیشتن و شت فێربوون.

زۆر جار لە شوێنی کارەکەی بۆ دەوا و دەرمان کڕین ئەم بینی و زۆر بەڕێز و بە ئەدەب بوو. جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە ئێمە و ماڵی باوکی کاک خالید لە گوندی تەپەڕەش لە نێوان ساڵەکانی (١٩٧٦ بۆ ١٩٧٩) هاوماڵ بووین و هەر پێشتر ئەمناسین، بەڵام ئەو کات ناوبراو منداڵ بوو. ڕۆژێکیان بە کاک خالید پێشنیارم کرد کە ڕۆژنامە و نەواری زەبتکراوی قسە و باسەکانی کۆمەڵەی پێ بدەم، زۆر بە خۆپارێزییەوە پێشنیارەکەمی قەبووڵ کرد.نازانم نەوارێک بوو یان دوو دانە پێمدا و دواتر ڕوژنامە و نووسراوەکانی کۆمەڵەمان دەگەیاندە دەستی. ماوەیەکی زۆری پێ نەچوو هەستم کرد کە ناوبراو مەیلی بۆ کۆمەڵە لا پەیدا بووە، بەڵام لە بەر کێشەی ماڵ و دەور و بەر نەیدەویست زۆر خۆی بە ئاشکرا لە ئێمە نزیک بکاتەوە. بەم شێوەیە کاک خالێد (ئەگەر باش لە بیرم بێت) لە ساڵی ١٩٨٥ یان ١٩٨٦وە پێوەندی بە کۆمەڵەوە کرد و لە ساڵی ١٩٨٨ بە دواوە بە ئاشکرا دەهاتە ناو کۆبوونەوە و مەراسمەکانی کۆمەڵەوە. تەنانەت دوای ساڵەکانی ١٩٩١ بە دواوە بوو بە ئەندامی کۆمیتەی لایەنگرانی کۆمەڵە و بەرپرسی کتێبخانەی کۆمەڵە. کاک جەلیلی برایشی کە بۆ ماوەیەک پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بوو و لە ساڵی ١٩٩٠ بە دواوە هاتبووە بۆ ڕومادی پاش ماوەیەک ئەویش سەنگەری لە حیزبی دیموکراتەوە گواستەوە بۆ ناو ڕیزی لایەنگرانی کۆمەڵە لە ڕومادی.
کاک خالید هەر بە تەنیا لایەنگرێکی دڵسۆز و چالاکی کۆمەڵە نەبووە، بەڵکوو خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی خەڵکانی لێقەوماو و نەخۆشی ئۆردووگای رومادیش بووە. بە دەیان جار لە خەڵکم بیستووە کە  شەو و نیوە شەو بۆ دەرزی لێدانی خەڵکی نەخۆش و ئازار چەشتوو بە ڕوی خۆش و دەم بە پێکەنینەوە لە خەو هەستاوە و چووە و یارمەتی خەڵکی داوە.

 یان کاک جەلیلی برای هەر بە تەنیا کەسێکی سیاسی و تێکۆشەر نەبووە و نییە، بەڵکوو، کەسێکی خاوەن بەهرە و خاوەن هونەر لە بواری دیزاین و نیگار کێشانیشدایە.

کاک خالید لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە گەرایەوە بۆ کوردستانی باشوور و لە سالی ٢٠٠٥ بە دواوە تا ئیستە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدایە و لە حاڵی حازردا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.
 لە ژێر کاریگەری کاک خالید و کاک جەلیلدا تا ئیستە دوو،سێ کەسی تر لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان بوونەتە پێشمەرگە کە بریتین لە کاک ئەمجەدی برایان و کاک فواد و تەنانەت دادە فرمێسکی کچی کاک خالید وەک هاوکارێک لە ڕۆژهەڵات تیڤی کار ئەکات.
کاک جەلیلیش کە ١٧ ساڵ پێش لە گەڵ کاک ئەنوەری موحەمەدیدا لە ڕومادیەوە هاتنەوە بۆ کوردستان بووەتە پێشمەرگە و تا پلەی کۆمیتەی ناوەندیش چووە و ماوەیەکیش لە گۆڤارێکدا و لە ڕۆژهەڵات تی ڤیش کاری کردووە. جێگەی خۆیەتی کە من ڕێز و پێزانینی خۆم بنێرم بۆ ئەو ئازیزانە و سەرجەم هەموو ئازیزانی تر کە پێکەوە لە مێژوویەکی هاوبەشدا کارمان کردووە!

پێوەندی کردنی کاک ئەحسەنی خوشکدامەن بە لایەنگرانی کۆمەڵەوە

کاک ئەحسەن یەکێکی تر لە خزمان و خەڵکی ناوچەکەی خۆمانە کە ساڵی ١٩٨٨لە ئۆردووگای  ڕومادییەوە پێوەندی بە کۆمەڵەوە کرد. کاک ئەحسەن پێشتر لایەنگری حیزبی دیموکرات بوو.  چەند ڕۆژ لە دوای کۆبوونەوەیەکی جەماوەری کە من (وەک کۆمەڵە) و کاک قادری ئەلیاسی (وەک دیموکرات) لە دوو ڕەوانگەی جیاوازوە قسەمان تێدا کرد،  ئەگەر باش لە بیرم بێت کاک ئەحسەن لە گەل کاک جبار بێویانی کە زۆر نێوانیان خۆش بو، پێکەوە پێوەندییان بە کۆمەڵەوە گرت. ئەگەر چی پێوەندییەکەی کاک جبار بیویانی هەر یەک دوو جار بوو، بەڵام کاک ئەحسەن تا ئیستەش هەر لە گەڵ کۆمەڵەدایە و ئەگەر هەڵە نەبم لە ڕیزی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدایە.
یەکێکی تر لە ئەو هۆکارانەی نزیک بوونەوەی کاک ئەحسەن لە کۆمەڵە دەتوانێ ئەو دۆستایەتی و نزیکایەتییەی نێوان ئەو و کاک خالید بوو بێت.
کاک ئەحسەن لە ئەو ساڵە بە دواوە تا ساڵی ١٩٩٣ یان ١٩٩٤ کە هاتنە وڵاتی سوئیس وەک لایەنگرێکی چالاک لە ئۆردووگای ڕومادی هەڵسووڕاوی کۆمەڵە بوو.

 
یادێک لە چالاکییەکان و فیداکارییەکانی کاک قادر، کاک مەجید، کاک ئەکبەر، کاک ئەنوەر و کاک ڕەحمان

لە هەموو ئەو ساڵانەدا (١٩٨٣ تا ١٩٩٣ و دواتریش) ئەو هاوڕێیانە کە لە سەرەوە ناویانم هێناوە لە گەڵ باقی تێکۆشەران و لایەنگرانی دیکەی کۆمەڵەدا لە هیچ فیداکارییەک بۆ بەرەو پێشبردنی سیاسەت و ئامانجەکانی کۆمەڵە کۆتاییان نەکرد! ماڵەکانیان هەموو کاتێک پڕ بوو لە کادر، لایەنگر و دۆستانی کۆمەڵە. لە دوکان، لە شوێنی کار، لە هاتووچۆی ماڵان، لە دەر و لە دەشت بە دڵ و بە گیان بۆ بەرەو پێشبردنی سیاسەتەکانی کۆمەڵە خەباتیان ئەکرد.

هەر کامەوە بە توانای خۆیان لە ئێرە و ئەوێ باسی دەرد و ڕەنجی خەڵکی هەژاریان بۆ هاوچارەنووسەکانیان ئەکرد. بۆ گرتنی مەراسمەکانی کۆمەڵە  شان بە شانی باقی هاوڕێیانی دیکە ئەرک و ماندوو بوونیان ئەکێشا. بە شەوان تراکت و نووسراوەکانی کۆمەلەیان لە تیر بەرق و دەر دیوارەکان ئەدا و ڕۆژانە وڵامی دەیان پرسیاریان ئەدایەوە.
کاتی وەها بوو کە لە ڕۆژدا چەندین ئەرک و کاری پێ سپێردراویان بۆ کۆمەڵە جێ بە جێ ئەکرد. سەرە ڕای ئەوەی کە ڕۆژ نەبوو بە بۆنەی کۆمەڵەوە میوانیان نە بێت، کە چی بە ئەو حاڵەشەوە زۆر جار یارمەتی ماڵیشیان بۆ کۆمەڵە ئەهەنارد. ئەو هاوڕێیانە و دەیان کەسی تر لە هاوڕێیانی ئۆردووگای ڕومادی، لە دڵسۆزی و فیداکاری و ئیمان بە ڕزگاری خەڵکی هەژار و بەشمەینتدا بە ڕاستی کەم وێنە بوون! هەر چی لە سەر مێژووی پاکی و سداقەتی ئەم هاوڕێیانە و دەیانی تری وەک ئەوان لە ئەو سەردەمەدا باس بکەم، پێموایە هێشتا کەمم وتووە!

 ئەم هاوڕێیانە ڕۆژانە سەرە ڕای زۆر کێشە و گرفت کە لە لایەن ناحەزانی کۆمەڵەوە دەهاتە سەر ڕێگەیان، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەسوورتر لە جاران بۆ ئامانجەکانیان خەباتیان ئەکرد!
 ئەکبەر بۆ ماوەیەک (١٩٨٨) چوو بۆ ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە و پاش تەواو کردنی فێرگەی پێشمەرگایەتی گەڕایەوە بۆ ڕومادی و لە ڕیزی هاوڕێیانی ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەلەدا دەستی کردەوە بە خەبات و بۆ ماوەیەکیش بوو بە ئەندام لە کۆمیتەی (شورای) پەنابەرانی ڕومادی (ساڵی ١٩٩٠).

دەور و کاریگەری کۆمەڵە لە ناو خزمانی وەڵەوەیی

بێجگە لە ئێمە ئەو ٨، ٩ کەسەی کە لە سەرەوە باسم کردوون، بە دڵنیاییەوە ئەتوانم بڵێم کە زۆر کەسی تر، بە تایبەت لە نێو گەنجەکاندا بە سیاسەتی کۆمەڵە ئاشنایەتییان پەیدا کردووە و ئەگەر هەلێک بڕەخسێ ئەوانە دەبنە سەرمایەی بیری کۆمەلە. هەر ئەو کاریگەرییانەش هۆکار بوون کە تا ئیستە چەندین گەنجی ئەو ناوچەیە بوونەتە کادر و پێشمەرگە لە ناو ڕیزەکانی ئەو حیزبەدا.

پێوەندی و یەک گرتنی کۆمەڵەییەکان لە ئۆردووگای ڕومادی

لە بەشەکانی داهاتوودا باسی چۆنیەتی پێوەندی گرتن و یەک گرتنی لایەنگرانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی ئەکەم کە لە چەند قوڵێکەوە یەکترمان دۆزییەوە و یەکمان گرت و لە دواتردا ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەلەمان دامەزراند (١٩٨٦ یان ١٩٨٧).               

 ئەو یەک دۆزینەوە و یەک گرتنە بە ئەم شێوەیە بوون:

١ – ئەو کەسانەی کە لە سالەکانی ١٩٨٣ بە دواوە لە ئۆردووگای دەورە کە کوردستانی باشوور کە پێوەندییان بە گوردانی داڵاهۆوە کردبوو، چی وەک لایەنگر و یان ببوون بە پێشمەرگە. زۆربەی ئەو هاوڕێیانە لە ئەساسدا خەڵکی ناوچەکانی زەهاو، سەرپێڵی زەهاو و داڵاهۆ بوون.

٢ – ئەو پەنابەرانە کە لە ساڵەکانی ١٩٨٤ بە دواوە لە ئێران و لە ناو حیزبە سیاسییەکانەوە دەهاتنە ئۆردووگای ڕومادی بۆ دەرباز بوون بۆ وڵاتی سێیەم لە ڕێگای خاچی سوور و یوئینەوە. ئەم بەشە کە زۆرینەیان سیاسی کار و خەڵکی هەڵهاتوو لە دەستی شەڕی ئێران – عێراق بوون لە لایەن باقی خەڵکی ئۆردووگاوە پێیان دەوترا زگوردەکان (مجەڕەدەکان)، ئەگەر چی بە درێژایی ئەو مێژووە دەیان بنەماڵەش هەر لە ناو ئەو کەسانەدا هاتنە ئەو ئۆردووگایە.

٣ – ئێمە لە ناو تایفەی وەڵەوەیی و کەسانی تر لە ناو باقی تایفەکانی تری ئۆردووگاکەوە.
لە بەشەکانی داهاتوودا بە لە بەرچاو گرتنی شوێنی ژیانی ئەو هاوڕێیانە، هەوڵ ئەدەم وەک وەفا و پێزانینێک ڕێز بگرم لە فیداکاری و ئەرک و تێکۆشانیان. دڵنیام خەڵکم لە بیر ئەچێت و ئەم نووسینانەم بێ کەم و کۆڕی نابن، بەڵام هەوڵی خۆم ئەدەم کە تا ئەو جێگایەی پێم بکرێت ئەو مێژووە بە ئەمانەتدارییەوە بنووسم.

لە ئێرەدا ئیوە بە سەرفرازی دەسپێرم و کۆتایی بە ئەم بەشە دێنم!
 چاوەڕوانی بەشی شەشەم و بەشەکانی دواتریش بن!

عەلی قەنبەری ١٧- ٢ – ٢٠١٣ زایینی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی