"an independent online kurdish website

خوێنەری ئازیز: ئەو  لێکدانەوەیە  بەرهەمی ‘جوست ـ رـ هیلترمان’ە، هیلترمان یەکێک لەو پێاوە بریارسازانەیە کە لە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لێکۆلینەوە دەکات.selah_majidpour

دەزگای بریارسازی لە دنیا رۆژئاوادا بەرین و دەولەمەندە کە بە ناوەندی فکری(thinktank) ناسراون. گۆڤاری فارین ئافێرس یەکێک لەو لایەنە بڕیارسازانەیە لە سەر ڕۆڵی ئەمریکا لە پێوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا دەنوسێت. بریاراتی سیاسی لە ڕۆژئاوا بە چوار فازی بریارسازی، بریار قەبووڵاندەن، بریاردان و بریار بەریوە بردەن دا تێدەپەڕێت وهەر فازەش دەزگایەکی تایبەتی کاری لەسەر دەکا. لێرەدا وەتاری یەکیک لە بڕیارسازەکانی ئەمریکا دەخوێنیەوە، پرسیار ئەوە نییە کەئاخۆ روانگەکانی ئەوان بە دەڵی ئێمە هەن یان نا، گرینگ ئەوەیە کە بزانیین ناوەندە بریارسازەکان کورد و کیشەکەی چۆن دەبینن. بە هیوای ئەوەی بە کەڵک بێت.

سەلاح ئەدیین مەجیدپوور

ئەوەش دەقی وتارەکە

حال و هەوای گشتی دانێشتووانی سێ شاری گەورەی کوردستانی عێراق  یانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک ، ئەو رۆژانە هێندێک لە  جووڵە دایە. و ئەوەش لە خۆڕا نییە. کوردانی ئیراق کە دەستەڵاتێکی شێوە ئۆتۆنۆم یان بە سەر ناوەچەکەدا هەیە و لە لایەن حکوومەتی هەریمی کوردستانەوە بەرێوە دەبردرێت، زۆر شت هەیە کە دەبی  قەدریی لێبگرن و ڕێزی لێ بنێن. ئاشتی  وسەقامگیرێکی نیسبی لە چاو باقی بەشەکانی وڵات، شانازی کردن بە کۆمەڵگایەکی تا رادەیەک کراوە و هەروەها هەواڵی دلخۆشکەری هاتنی مەزنترین شیرکەتە جیهانیەکانی نەوت لە ناویان دان ئەکسۆم مۆبیل ، شێڤرۆن، تۆتاڵ و گازپرۆم کە هەموویان ساڵی ڕابردوو قۆنتەراتییان دەگەڵ حکومەتی هەرێم ئیمزا کردوە، ئەوانە هەموو متمانە بەخش بوون بۆ ئابووری ساوای کوردستان. کوردستانی ئێراق تەنیا بە شەپۆلی ئاودانکردنەوە و بۆنیادنانەوە خەریک نییە، بەڵکوو خەڵک سەرقاڵی لێکدانەوە و سەنگ و سووک کردەنی پرسیارێکی گرینگە ، ئەوێش چۆنیەتی خۆ دەربازەکردن و رەزگاربوون لە دەست باقی ئێراقە؟

ئەگەر کوردەکان هەروا بەرەو پێش بچن، رۆژ لە گەڵ رۆژ  زیاتر لە حکوومەتی سەرۆک وەزیرانی ئێراق نوری ئەلمالیکی  هەڵدەبڕێن. پێوندی نێوان مـالکی و سەرۆکی هەرێـمی کردستان مەسعوود بارزانی لە مێژە لە سەرچارەسەرکردنی پرسگەلێکی وەک دەستەڵات، ناوچەی دەستەڵاتدارێتی و سەرچاوەکان ڕووی لە لاوازی ناوە. لە مانگی جوونی٢٠١٢ رابردوو دا، بارزانی و دژبەرانی تری مالیکی هەوڵیێان دا کە سەرۆک وەزیران لە رێگای پێنەدانی دەنگی متمانەوە لە سەرکار لابەرن، لە گەڵ ئەوەیدا کە ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئەوە ئارەزویە  زۆر بە زیندوویی هەر لە جێی خۆی دا ماوە.

کوردەکان قوربانیەکانی مێژوو، جوغرافیا، و هەروەها هێندێک جاریش قوربانی حەز و خوڵیا گەوەرەکانی خۆیانن. نزیک بە سەدەیەک شەڕیان کرد بۆ ئەوەی بە ئازادی و بێ چاوەدیری و کۆنترۆڵی دەستەڵاتی ناوەندی بە سەر خاکی خۆێاندا حوکم بکەن. ئەمرۆ  گۆرانکاری یەک لە دوای یەکە ناوچەیەکان هاوپەیمانی نوێ و هەلی تازەی بۆ رەخساندون. لە گەڵ ئەوەش دا  هۆکارێکی باش هەیە بۆ بیرکردنەوە لەوە کە کوردان هەوڵەکانییان بۆ دامەزراندەنی دەوڵەتی خۆیان بۆ جارێکی تر وەدوا بخەن، یان هەر هیچ نەبێ سەرگردانکردنیان لە لایەن بەغداوە بگۆڕنەوە بە بەستراوەێکی دۆستانە و قابیلی کۆنترۆڵ بە

تورکیاوە.

 خەونە دواخراوەکان

 

کێشەی کوردان نزیک بە سەدەیەک لەوە پێش دەستی پێکردووە، کاتێک کە ئیمپراتووری عووسمانی بە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی دا لێک بڵاوبوو، کوردەکان کە گروپێکی ئەتنێکی گرینگی ناو ئیمپراتووری بوون بە سەر تورکیا، ئێران و سوریا دا ( لە ژێر مانداتی فەرانسە دا) و ئێراق دا(لە ژێر مانداتی بریتانیا دا) دابەشکران. تورکیای نوێ لە پەڕ و پۆ کراو، رایگەیاند کە تەحموولی ناوچەی کوردستانی خاوەن ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆی لە سنووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دا  ناکات. هەر لەبر ئەوە زۆر بە توندی کەوتبووە گەڕ بۆ ئەوەی کە بەشی هەرە زۆری نیشتمانی کوردان بخاتە ژێر کۆنتڕۆلی راستەوخۆی خۆیی.

کێشەی هێزە مەزنەکان بوو بە هۆی خوڵقانی ساتێکی هیوابەخش لە ١٩٢٠ دا،  کاتێک هیزەکانی هاوپەیمان چارەنووسی ئیمپراتووری عوسمانیان بە پێی پەیمان سێڤر دیاری کرد. پەیمانەکە پشتیوانی دەکرد لە ئیمکانی دامەزارندەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە پاش دەورەێکی بەرێوەبەری ئۆتۆنۆمی. بەڵام ئەو پەیمانە هیچ کات واژۆ نەکرا، و سێ ساڵ دواتر دەگەڵ پەیمانی لۆزان جێ گۆرکێی پێکرا کە هیچ باسێکی لە کوردان تێدا نەکرابوو. کۆماری نوێی تورکان مەجبوور کرا کە بەشی هەرە زۆری لەو ناوەچەیە کە بە باکووری ئێراق ناوبانگی دەرکردووە بۆ دەوڵەتە نویەکەی ئێراقی سەر بە پاشایەتی بریتانیا  لە ١٩٢٦ بەجێ بهێڵێت. هەتا ئەورۆ کوردان لە قوڵای دەڵیانەوە هەست بەوە دەکەن کە لە لایەن هێزە سەرکەوتووەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی ڕا خەیانەتیان پێکراوە.

لە دەیەکانی دوای شەڕی یەکەم جیهانی هەستی کوردانی بۆ سەربەخۆیی زۆر جار لە ڕێگای زبروزەنگێکی تووند سەرکوت کرا. ئەو کاتانەی کە دەوڵەتی ناوەندی لە ئاکامی کێشە ناوخۆییەکاندا بێ هێز دەبوو، بۆ وێنە بە درێژای ١٩٥٨ یانی دەستپێکی لە ناوچوونی پاشاێتی، کودتای بەعسییەکان لە ١٩٦٨ دا یان شەرێ نێوان ئێران و ئێراق لە ١٩٨٠ـ-١٩٨٨، کوردان لە پێشڤچوون دابوون، و هەر کات کە بەرێککەوتنێکی باش دەگەڵ ناوەند نەگەیشتبان، زۆر بە پەلە لە لایەن هێزی دژە شۆرش ڕا پاشەکشەیان پێدەکرا کە دەبوو بە هۆی کۆژرانی هەزران کەس و قەلاچۆکردنی گوندەکانیان. خەراپترین هێرشەکان لە کوتاییەکانی شەڕی ئیران و ئێراق دا ڕویی دا، لە  کاتیك کە رەژێمی سەدام حوسـێن گازی شیمیایی لە دژی شەڕکەرە کوردەکان و خەڵکی ئاسایی بکار هێنا، ئەوە پلانێکی جێنوساید بووو بە دەیان هەزار کەس بە شێوەیەکی سیستماتیک کوژران، کە بە ئانفال ناسراوە.

  ڕاسانی کوردان لە ١٩٩١ دا،  بە دوای شەری یەکەمی کەنداو دابوو، کە سەرۆک کۆمار جۆرج  بووشی باب، کورد و شیعەکانی هاندا بە دژی سەدام حوسێن ڕاپەرن، بەڵام هیز چەکدارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان قەت هاریکاریان نەکردن.  کاتێک سەدام بە شیوەیەکی بێ ئامان دەستی کرد بە سەرکوتی سەرهەڵدانەکان، هاوپەیمانانی بەشدار لە شەری خەلیج ناوچەیەکی دژە فڕێنیان دیاری کرد، و ناوچەیەکی هێمنیان لە باکووری ئێراق دامەزارند. بەم شێوە کوردان بۆ یەکەم جار لە لایەن کۆمەڵگای ناونەتەوەییەوە دەپارێزران.

ئەوە یەکەم پەنجەرەی هەل و شانس بوو کە بە ڕوییان دا دەکراوە، و کوردانیش زۆر زوو ئەو هەلەیان قۆستەوە. لەساڵی ١٩٩٢، بە یارمەتی ناونەتەوەیی کوردان هەڵبژرادنی پارڵمانییان وەرێ خست، کە وەگەرخستنەوەی دەزگای قانووندانەری ناوچەی ئۆتۆنۆمی بوو کە پێشتر لە لایەن رژێمی بەعسەوە دامەزرابوو، هەر ئەوە بوو بە هۆی خۆبەڕێوەبەریکی تا ڕادەیەکی بەرچاو. ئەو پرۆژەیە بوو بە هۆی شەڕێکی سەختی ناوخۆش، کوردان لە نێو خۆیاندا گرفتاری شەر و ناکۆکێکی نێوان دوو ڕێکخستنی سیاسی مەزن بوون. ئەو رێکخستنانە هەر یەک خاوەنی ناوچەیکی ئیزۆلەکراوی دەستەڵاتدارێتی خۆیان بوون، کە تەنیا جیرانەکانیان وەک رێگا و کەلێنێک بۆ دەست ڕاگەیشتن بەدەروە دەبینی، تورکیا لەوە دەترسا کە ئەزموونی خۆبەرێوەبردنی کوردانی ئێراق، ببێتە هۆی دڵخۆشی بۆ کەماێتی کوردانی ناو وڵاتەکەیی. حکوومەتی تورکیا گەمارۆیەکی دەفاکتۆی بە سەر ناوچەدا سەپاندبوو، تەنیا یارمەتیە ئینسانیەکان دەیان توانی لە سنووری ئەوان ڕا دەرباز بن، سەرچاوەکانی تری کە کوردان پێویستیان پێ بوو بۆ سازکردنەوەی دووبارەی کۆمەڵگا وێرانەکیان، پێشی پێدەگیرا.

کاتیك وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٠٠٣ هێرشی کردە سەر ئێراق، پەنچەرەێکی تر بۆ کوردان کراوە، لە گەل رۆیشتنی رژێمی سەدام کوردەکانی ئێراق هاورێ لە گەڵ هەموو ئیراقییە دوورخراوەکان ئەو هەلەیان بۆ ڕەخسا کە ئێراقێکی نوێی، دێمۆکراتیک، پلورالیست و دیسنتراڵ ساز بکەن. ئەو ئەزموونە بۆ ماوەیەکی کورت سەری گرت، بەڵام بێ ئەزموونی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سازکردنی دەزگای دەوڵەتی دا، نەبوونی بەرچاوو ڕوونی و ناسیاوی لە کەلتوور دا، بەریوەبەری زۆرەملی و لە سەرکار لادانی زۆریەک لە فەرمانبەرانی دەوڵەتی  لەمپەرەکانی ڕێگر بوون.  ئەوانە ئەو فاکتۆرانەن کە بوون بە هۆی بەرهەم هێنانی دەزگایەکی سیاسی و قانوونێکی بنچینەی ناکارامە، کە بوو بە هۆی دووربوونەوەی کوردان لە حکوومەتی ناوەندی، ئەوە لە کاتێک دابوو کە لە ٢٠٠٦ ڕا کوردان کە تواناێیەکانی خۆیان پێزانی بوو و چەند شوێنی و پێگەی دەستەڵاتدارەتیان وەک، سەرۆکاێتی کۆمار، جێگری سەرۆک وەزیران، وەزیری کاری دەرەوە و هەروەها سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانیش وەدەست خستبوو.

لە ماوەی پرۆسەی گۆڕان دا، کوردەکان زۆر بە ڕۆنی پشتیوانی خۆیان لە ئیراقی نوێ راگەیاندوە بەو مەرجە کە فیدراڵ و  دیموکراتیک بێت و ئەوانیش وەک شەریکێکی تەوا ببینێ و نەک وەک کەماێتێکی رازی و گۆشکراو لە ناوچەیەکی سیمی (شێوە)ئۆتۆنۆمدا.

 رژێمی نوێ لە بەغدا کە کوردان بەسەری داکەوتن، نیزامێکە کە لە هێندێک لایەنەوە وەک ڕژیمەکەی سەدام دەچێت. حکومەتی نوێ هەموو نئۆپۆتسمی(دەستەڵاتی بنەماڵەکان) حکومی پێشووی هەبوو، نەبوونی متمانە لە نێوان لایەنە جیاوازە کان و هەبوونی ترس و خۆف لە یەکتری، سیاسەتی  ژارویی و پیس کردەبوو. دەولەت بە شیوازی  سانترالیزکراوەی خۆی تا ڕادەیەکی زۆر هەر ماوەتەوە. بۆ زۆربەی خەڵکی ئاسایی وادیارە کە دەبێ دەستەڵاتێکی ئۆتۆریتەر وەک نرخێک بۆ دابین کردنی سوبات وتەناهی قەبووڵ بکەن. ئەو ناوچەی کە لە بن دەستی کوردان دایە رەنگە زۆرینەی ئەو کەم و کوڕیانەی هەبێت، بەڵام ئەو ئێراقەی ئێستا ئەو وڵاتە نیێە کە کوردان ئارەزویان دەکرد بەشێک بن لێی، بە جێگای ئەوە ئاواتی دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ هەر ماوە، لە گەل ئەوەی کە کوردان بەشداریان کردوە لە دامەزراندنی دەستەڵات لە ئێراقدا و کاریان کردوە بۆ نوسینی قانوونی ئەساسی کە لەودا ئۆتۆنۆمێکی بەرچاوی بۆ ئەوان تێدا رەچاو کراوە، بەڵام لە ژێرەوە خەریکی دامەزراندەنی بناخەکانی دەوڵەتی داهاتووی خۆیانن.

دواتر لە ساڵی ٢٠٠٥ را  شەری نێوان سوننە و شیعە دەستی پێکرد  کە بوو بە هۆی لە برەو کەوتنی  بەغدا و کاریگەرییەکانی، هەروەها چوونە سەری رادەی دەستەڵاتدارێتی مالێکی  کە رۆژ لە گەڵ رۆژ سەرەڕۆتر بوو و دەگەڵ کوردان لە سەر پرسی جیاواز تووشی کێشە دەبوو،هەموو ئەوانە، هەنگاو هەڵێنانەوە  بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆیان توندتر کردوە.

لە روانگەی کوردییەوە، هەموو شتێک لە ساڵی ٢٠٠٧ را بە  برێاری چوونەدەری ئەرتەشی وڵاتە یەکگرتووەکان، گۆڕانی بە سەر داهات، وەک بەشێک لە بەڵینی ئەمریکا بۆ سازکردەنەوەی  ئێراق، وڵاتە یەکگرتوکان دەستی دابووە بە بەهێزکردنی عەرەبە سوننەکان لە بەرامبەر سەرهەڵداوەکاندا و کوردەکانیشی خەستە ژێر فشار بۆ دابەشکردنی دەستەڵات دەگەڵ ئەوانە کە تاوانی بەشداری لە پاکتاوکردنی رەگەزیان لە سەردەمی دەستەڵاتی سەدام لە سەر بوو. هەڵوێستی واشنگتۆن ئەوە بوو کە کوردەکان دەبێ لە رێگای فێربوونی کارکردن دەگەڵ حکوومەت لە بەغدا یاریدەر بن لە پاراستنی یەکێتی ئیراق دا. کوردەکان هەرچۆنێک بێت دەچوونە پێش بەڵام هەنگاوە کانیان لە رێگای سەربەخۆبوون دابوو. ئەوان چە لە کوردستان و چە لە بەغدا  پشتیوانیان لە دامەزراندەنی ئەو قانوونانە دەکرد کە یاریدەدەر بوون لە لاوازکردنی کۆنترۆڵی دەستەڵاتی ناوەندیی. بە تایبەتی لە پێوەندیی لەگەڵ یاسا و رێسا فیدراڵیەکان  بۆ پارێزگاکانیتر و لە هەمووان گرینگتر مەسەلەی نەوت.

سیاسەتی نەوت:

لە گەڵ بێ هێزبوون و لە دەستدانی بیرۆکەی ئێراقی یەکگرتوو، کوردان دەستیانکرد بە کەڵک وەرگرتن لە کارتێکی بە نرخ یانی،پەزمەندەی مەزنی نەوتی خاو و گازی سروشتییان کە لە بن هەردی ناوچەی ژێر ده‌سته‌ڵاتیان دایه‌. لەساڵی ٢٠٠٧ دوای ئەوەی دانووستانەکان لە گەڵ بەغدا سەبارەت بە نەوت و گازی فیدراڵ ڕاگیرا، کوردستانی ئێراق بە پێچەوانەی ئارەزوی حکوومەتی فیدراڵ دەستی کرد بە دامەزراندنی بەشی هیدرۆکربن خۆیان. چەند لایەنێکی بوێر دەستیان کردبوو بە ده‌رهێنانی نه‌و‌ت. بەڵام ناوچەکە ئێستا دەستی کردەبوو بە ڕاکێشانی شیرکەتە نێونجیەکان لە هەموو لایەکی دونیا ڕا و به‌تاێبه‌تی له‌ ئه‌مریکا ڕا. لە نێویاندا شیرکەتە ئەمریکایەکانی وەک هانت ئۆیل، ها.ک.ن. مارتۆن ئۆیڵ، مورفی ئۆیڵ و هیس. بەغدا دەستی دابووە بردەنە ژێر پرسێاری مافی واژۆکردنی گرێبەستەکانی سەربەخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شیرکەتە نەوتیەکان کە لە کوردستان دەیان هەویست دەست بە کار بن. هەروەها خەریکی نانه‌وه‌ ‌کێشه‌ بوو له‌ سه‌ر پرسی خاوەندارێتی ناوچەکانی پڕ نەوت و گاز و بە تایبەتی ئوستانی کەرکووک. لە گەڵ ئەوەیکە هەر دوو لایەن لە  سه‌ربناخەی بەشکردنی داهاتەکان رێککەوتبوون، کوردان سوور بوون لە سەر مافی واژۆ کردەنی قۆنتەرات و یان گرێبەستە کان، کە دابینکەری داهاتێکی سەربەخۆیە لە بەرامبەر بەغدای بێ متمانە و بگرە جاروبار دوژمنکاریشدا. لەوەش زیاتر هەبوونی ئەو مەیدانە نەوتییە مەزنانە، دەکرێ ببێتە پردەبازێکی ئابووری باش لە رێگای وەدەست هێنانی سەربەخۆییدا.

لە گەڵ ئەوەیکە پێوندی نێوان کوردان و بەغدا زۆر باشیش نییە، بەڵام کوردەکان بۆ وەرگرتنی ١٧٪ لە بوودجەی ساڵانەی دەوڵەتی فیدراڵ، گریدراوی بناخەیەیان هەیە بە بەغداوە، بەشی هەره‌ زۆری مانگانەی ئەو بوودجەیە خەرجی کەرتی کار و باری به‌ڕیوبه‌ری گشتی یا خۆ دەوڵەتی پێ دابین دەکرێت. جیا له‌وه‌ش  ئێستا کە کۆمەڵێک لە مەیدانە نەوتییەکان گەیشتوونەتە رادەی بەرهەم هێنان، کوردەکان لە گەڵ ئەو راستیە بەرەوڕوون کە تەنیا رێگای ناردنی نەوتی بەرهەم هێنراو بۆ دەرەوە، لە رێگای لوولە نەوتییەکانی دەروەی هەریمی کوردستان مسۆگەرە، یانی هێلی شاری کەرکووک بۆ بەندەری جەیحانی تورکیا لە لیورای دەریای مەدیتەرانە. بە واتایەکی تر ئه‌وان پێویستیان بە رەزامەندی بەغدا دەبێت بۆ فرۆشتنی بەنرخترین مادەی سادراتییان. لەگەڵ ئەوەی کە داهاتی نەوتی فرۆشراو دەچێتە خەزێنەی ناوندییه‌وه‌، بەڵام دەوڵەتی مالیکی نە تەنیا لە دژی مافی حکومەتی هەرێم بۆ واژۆ کردەنی قۆنتەراتەکان راوەستا، بەڵکوو دژاێتی بناخەیی هەیە دەگەڵ ناوەرۆکی ئەو قۆنتەراتان کە نەوتی بەرهەم هێنراو دەگەڵ شیرکەتەبەرهەم هێنەرەکان بەش دەکات.

لە سالی ٢٠٠٩ کاتێک هەر دولا پێویستیێان بە پارە بوو وبایخی نەوت لە بازارەکانی جیهانیدا دابەزیبوو، دو لایەن بە رێککەوتنێکی کاتی گەیشتن، کوردەکان دەستیان کرد بە ناردنی نەوت لە ریگای هێلی نەوتی ئێراق ڕا، بەم شیوەیە سەردەمێکی پر جموجۆڵی راوەستان و پێشوچوون لە مەسەلەی نەوتدا دەستی پێکردەبوو. سەودا و موعامەلەی یەکەم تەنیا چەند مانگێکی تەمەن بوو، کوردەکان کەوتنە ژیر تەوژمی شیرکەتە بەرهەم هێنەرەکان کە داوای دراویان دەکرد بۆ دابینکردنی خەرجەکانیان، لە بەرامبەردا بەغدا باسی لە وەدەکرد کە حکومەتی هەریم لە بەشەی بوودجه‌ی کە لە دەولەتی فیدراڵی وەرگرتووە دەبێ پارەی ئەو شیرکەتانە دابین بکا.

ساڵێک دواتر کە پۆتانسێلی بەرهەم هێنانی کوردستان چووبۆو سەرێ، بەغدا و حکومەتی هەرێم  لە سەر سەودایەکی نوێ  ریكکەوتن کە بە پێی ئەو سەودایە کوردان رۆژانە ١٠٠هەزار بۆشکەیان لە رۆژ دا  لە ٢٠١١ دا بەرهەم دیهێنا ( ولە ١٧٥هەزار بۆشکەش لە ٢٠١٢) ، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ قەرەبووی شیرکەتە بەرهەم هێنەرەکان ده‌کاته‌وه‌ بۆ سەرمایەگوزارێکی کە کردەبوویان. ئەو سەودا و رێککەوتنەش زۆری نەخایاند و تێکچوو. ئەوەش بە هۆی کێشە لە سەر رادەی پارەی قەرەبووکردنەوەی شیرکەتەکان تووشی شکان هات.

 دوایین ناکۆکی لە ئاوریلی ٢٠١٢ دەستی پێکرد کە سه‌بر و ته‌حموولی حکومه‌تی هه‌رێمی کۆتای پێ هێنا. ئەوە هاوکات بوو لە گه‌ڵ گەشەکردنی دژاێتی دەگەڵ شیوازی ئۆتۆکراتیکی مالیکی. حکومەتی هەریم ناردەنی نەوتی بە لولە نەوتەکانی ئیراقدا ڕاگرت. ( بازرگانە کوردەکان دەستیان کرد بە ناردەنی نەوت بۆ ئێران کە داهاتی بۆ حکوومەتی هەرێمیش هەبوو). دوای ماوەیەکی کورت بارزانی کۆبوونەوەێکی دەگەڵ دژبەرانی مالیکی پێک هێنا کە هەموو شەریکە بەرچاوەکانی بەشدار لە حکومەتی ئیتلافی ئێراقی تێدا بوون. مەبەست لەو کۆبوونەوەیە ئەوە بوو کە سەرۆک وەزیران لە رێگای نەدانی دەنگی متمانەوە لە سەر کارلابەرن.

بارزانی باوەر و ئیمانی بە سەردەستی خۆی هەبوو، ئەکسۆن مۆبیل وەک یەکەمین شیرکەتی گەورەی نەوتی قۆنتەراتی ده‌رهێنانی نه‌وه‌تی لە گەڵ حکوومەتی هەرێم ئیمزا کردەبوو.هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوە کە مالێکی لە هەوڵێک دا هەڕەشەی گەمارۆدان لە وشیرکەتە بکات. دەو نێوە دا کوردان رێگایەکی هاسانتریان بۆ ناردنی نەوتەکەیان دیتەوە، هاتنی ئەکسۆن مۆبیل متمانە بە خۆ بوونی کوردانی بردە سەر، به‌ بۆچوونی وان  میلیاردها بۆشکە نه‌وتی ئامادەی فرۆش، ناکرێت ڕەوگیر بکرێت، باێخی مەزنی ئابووریی ئه‌و نه‌وته‌ بەغدا مەجبوور دەکات رازی بێ  لە سەر هەناردەکردەنی.

لەوەش زیاتر، هەتا دێت تورکیە خۆی زیاتر وەک کریاری نەوتی خاوی کوردی نیشان دەدات. حەتتا باسی ئەوە لەگۆرێ دایە کە لە ئەگه‌ری ڕاکێشانی هێلی لوولەی تازە، تورکەکان ئامادەن چاو بە پێوندیەکانیان دەگەڵ بەغدا دا بخێشینەوە. پیو‌ندی نێوان مالیکی و سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان بە هۆی هاریکاریکردنی رژیمی سوریا لە لایەن ئێراقەوە بۆ سەرکوتی سەرهەڵدانەکانی سوریا به‌ره‌و خەراپی چووە.

کوردەکان زێدەرۆیان کردەبوو و بەوحاڵەش لە سەرکار وەلانانی مالێکی دا کە پشتیوانی به‌ بێ ده‌نگی ئێران و وڵاتەیەکگرتووەکانی لە گەڵ بوو، سه‌رنه‌که‌وتن. کوردان بەوەیان زانی کە حکوومەتی فیدراڵ کە لەمانگی جولای ٢٠١٢  رۆژانە نەوتی زیاتری لە دە ساڵی رابردوا بەرهەم هێناوە، ئامادە نابێت کە پارەی شیرکەتە نەوتیەکان بدات. مالیکی وەک سزادانێک هەرەشەی ئەوەی کرد کە بە تۆڵەی ئەو زەرەری کە لە ئاکامی  ڕاگرتنی ناردەنی نەوتی کوردستان و بازرگانی نەوت لە گەڵ ئێران لە بەشەی بوودجەی هەریمی کوردستان کەم دەکاتەوە، لە دەستپێکی مانگی ئاگۆستی ٢٠١٢ دا حکومەتی ئۆباما نیگەرانی ئەوە بوو کە هاتنە خواری رادەی ناردنی نەوتی ئێراق ببێتە هۆی چوونە سەری نرخی نەوت و گاز، هەر بۆیە کوردانی خستە ژێر فشار بۆ گۆڕینی هەڵوێستییان.  

بێ ئەوەی کە بەغدا پارەی شیرکەتە نەوتییەکان بدات، حکومەتی هەرێم رازی بوو بە کردنەوەی شیرەکانی نەوت، لە نێوەراستی مانگی سیپتامبر ڕا، هەردوو لایەن گەرانەوە سەر پێکهاتنی پێشویان، حکوومەتی هەرێم کە بەئاوات بوو کە بەکەڵک وەرگرتن له‌ سەروەتی هێدرۆکاربۆنی ناوچەکە خۆ دەرباز بکات.  بەڵام لەو هەل و مەرجە دا هەر وەک جاران لە بواری ماڵییەوە بە حکوومەتی فیدرالەوە بەستراوە کە ئێستا کارتی باشتری بەدەستەوەیە

.

سەرەیی تورکیایە

نیوانی بارزانی و مالیکی وێناچێت کە بەرەو باشبوونەوە بڕوات، هەروەها سەرۆکی کوردان رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتر چاوی بریوەتە تورکیا وەک دەلاقەیەک بۆ دەربازبوون. لە گەڵ ئەویکە ئەو ولاتە پێشینەیەکی خەراپی دەرحەق بە مافی کوردان هەیە. لە هەمان کاتدا تورکیا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ پشتیوانی لە پاراستنی یەکپارچەی ئێراق دەکرد بە مەبەستی بەربەست کردنی کاریگەری ئێران، و هەروەها بۆ کۆنترۆلی هەستی جیاوازیخوازی دانیشتوانی کوردی وڵاتەکەی خۆی. هەر بۆ ئەم مەبەستەش کە حکوومەتی ئەردۆغان لەم دوایانەدا دەستی داوتە، گۆڕان لە ستراتژی دا. لە ٢٠٠٨ را تورکیا پێوندییە ئابوورییەکانی دەگەڵ حکوومەتی هەرێم بە کردنەوەی  سنورەکان و هاندانی سەرمایەدارانی تورک بۆ سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان دا قایمتر کرد. هەروەها پێوندی نێوان بەغدا و تورکیا له‌به‌ر شێوازی سەرەرۆیانەی مالێکی  وهه‌روه‌ها به‌هێزبوونی ئه‌و روانگەیە‌ له‌ ئانکارا کە مالێکی  وەک نوێنەری ئێران هەڵس و کەوت ده‌کا ت به‌ره‌و خەراپی چوو.

پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ رێبەرانی تورکیا  تا چە ڕادەیەک دەچنە پێش؟  بڵێی ئامادەبن پلانی یەکەمیان یانی بە هێزکردنی ئێراقی یەکگرتوو وەلابنێن؟ و پلانی دووهەمیان یانی پشتیوانی بکەن لە دابەشبوونی ئێراق بە یەکەی جیاواز  کە ئارەزووی کوردەکان و بەشیکی زۆر لە ئوستانە سوننیەکانە لە باکووری ئێراقه؟، به‌و ریسکه‌وه ‌کە ئه‌وه‌ ‌ لێکبڵاوبوونی ئێراقی پێوە دیارە. ئێستا ڕیتۆرێکی ئانکارا گۆڕاوە. کاربەدەستانی تورک ئاماژە بە یەکگرتووی ئێراق وەک مەرجیکی پێویست ناکەن بەڵکوو ئێستا وەک “ گوزینەیە‌ک” ی  دەبینن. هەروەها ئەردۆغان گەفتی بە بارزانی داوە کە هێزەکانی تورکیا ناوچەی کوردستان لە بەرامبەر ئەگەری هێرشیکی بەغدا دا دەپارێزن.

لەگەڵ ئەوەیکە سەردانە کوت و پڕەکەی مانگی ئاگۆستی وەزیری کاری دەرەوی تورکیا ئەحمەد داود ئووغلوو بۆ شاری کەرکووک، بە مانای دانی ئێشارەی پشتیوانی لە داخوازی ئیدعای کوردان بۆ خاکی کەرکووک نەبوو، بەڵام دژکردەوەی توندی بەغدا نیشانەی وەرگرتنی وەها ئامژەیەک بوو لەو رێگایە ڕا. مالیکی پلانی خۆی بۆ کردەنەوەی ناوەندێکی فەرماندەی سەربازی لە کەرکووک ڕاگەیاندوە، هەر وەک زۆر نیشانەو هەنگاوی جێگەی نیگەرانی بۆ میلیتاریزە کردنی شارەکە لە گۆڕێ دایە.

بارزانی لەلای خۆیەوە، لەگەڵ هێندێک یارمەتی و پشتیوانی بەهێزی تورکییه‌ بەرەورووییە، بۆ خۆ دوورکردنه‌وه‌ له‌ به‌غدایە: هێڵیکی نوێی لوولەی نەوت کە لە حاڵی ڕاکێشاندایە بۆ وەگەرخستنی هەمیشەی زیاتر لە یەک میلیون بۆشکە نەوت لە رۆژدا، ناوچەی جیاکەرەوەی کوردی ـ سونیی لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا لە دژی دەوڵەتی مالیکی کە شیعەکان تێدا سەردەستن، و هەروەها تورکەکان پێویستیان بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کۆنترۆڵ و دوورخەستنەوەی سەرهەڵداوانی کورد لە سوریا.

بۆ تورکیا پشتیوانی لە کوردەکانی ئێراق دەکری زۆرمه‌ترسیدار بێت. ئێراقێکی لێکبڵاو بوو هەوڵەکانی ئێران بۆ بوون بە زەلهێزێکی ناوچەیی بە هێزدەکات، لە هامان کاتدا سەربەخۆی کۆردەکانی ئێراق دەبێتە هۆی دنەدانی هەرچی زیاتر و بەهێزتری که‌ما‌ێتی کوردەکانی تورکیا. ڕێبەرانی تورک لە سەر دووڕیانەیەکی زۆر جیدی ڕاوەستاوەن. دەرئەنجامی قەیرانی سوریا بۆ تورکیا جـیگای پێشبینی کردن نییە، ئاخۆ کوردەکان تا چەڕادەیەک لە هەرچوار وڵاتدا کە تێیدا دەژین لە ئاکامی ئەو قەیرانەدا بە هیز دەبن؟. تورکیا پێویستی بە پەلەی هەیە بۆ دەست ڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی وزە لە ئێراق، وه‌ هه‌تا بێتوو ئەو کێشەی نێوان ئێراق و تورکیا هەروا درێژەی هەبێت، وا وێدەچێ که‌ ئانکارا ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ و بێ ئیجازە دەوڵەتی مالیکی نەوت لە کوردان بکڕێت. دەسپێشکەری لەو چەشنە یارمەتی کوردان دەدات لە ئەستاندەنی سەربەخۆیی زیاتر لە بەغدا و لە هەمان کاتدا دەبێتە کەرەسەی فشاری ئانکاڕا بۆ سەربەغدا. لە ئاکامدا کوردەکان لە ئێراقدا دەمێنەوە، بەڵام لە سه‌ر بنه‌مای شه‌رت و مەرجە تایبەتیەکانی خۆیان. بە لە بەرچاوگرتنی مێژووی تاڵ و ناهه‌موواری خۆیان، ئه‌وە

پێشڤەچوونێکی زۆر بەرچاوە کە دەبێت به‌ بناخەیەک بۆ دامەزارندەنی شتێکی باشتر.

سەرچاوە: گۆڤاری فارین ئافیرس

نووسەر : جوست هیلترمان

وەرگێر: سەلاح ئەدیین مەجیدپوور


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی