"an independent online kurdish website

پێشەکی، لە ئەم بەشەدا  باسی کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی تێکۆشەری کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی ئەکەم کە بە هەق فیداکار بوون و توانییان کاریگەری باشیان لە سەر ژینگەکەی خۆیان هەبێت.ali_qenberi1

پێویستە یەک شتیش باس بکەم. من لە ژیانی سیاسی و شەخسی خۆمدا سێ جۆر مرۆڤم بینیوە.
 یەکەم، ئەو کەسانەی کە پێیان ئەوترێت خۆپارێز (محافظە کار)
ئەم دەستە، ئەو کەسانەن کە زۆر جار هەق و ناهەق، چاک و خراپ، ڕاست و درۆ و ……هتد دەبینن بەڵام لە بەر ترسنۆکی و خۆپارێزی و دەست گرتن بە کڵاوی خۆوە، بە قەوڵی کوردی “بێ وەی ژیان” وەها ئەکات کە ئەم توێژە لە مرۆڤەکان بە بێ دەنگی کردنیان چاویان لە ئاستی ڕاستییەکاندا ببەستن.
 نموونەی ئەم جۆرە خەڵکانە چی ئەو کات کە لە حیزبی دیموکراتدا بووم و چی ئەو کات کە لە گەڵ کۆمەڵەدا، دەیان جار بینیومە!
ئەمانە قسەی ئەو گرووپە خەڵکەیە:
” بە خودا قسەکانی ئێوە زۆر ڕاستە، تۆ لە سەر هەقیت، ئێوە لە سەر هەقن، من لە گەڵتانم، بەڵام ئەی چی بکەم ناوێرم. ئەگەر فڵانی بزانێ کە من لە گەڵ ئیوەم کێشەم بۆ درووست ئەکات. ئەزانم ئەوانە وا لە دژی ئیوەن راست ناکەن. بەڵام ئەی ئێژی چی؟ کاکە خەڵک ئەمەیە و ئەوەیە. خودا کردی سەر کەوتن منیش هەر لە گەڵ ئیوەم، لە سەرم حیساب بکەن”
 ئەمە و دەیان و سەدان شتی تری ئاوەها لە خسڵەت و زاتی ئەو مرۆڤە خۆپاڕیزانەیە کە من بە درێژایی ژیانی خۆم دەیان جار بینیومن و گوێم لە قسەکانیان بووە. ئەم توێژە  خۆپارێزەی کۆمەڵگاکەمان چاوەڕوان ئەبن تا بزانن پرۆژەکەی تۆ بە کوێ ئەگات. ئەگەر سەرکەوتن بە دەست هات، ئەوا ئەڵێن “خۆ من هەر لە سەرەتاوە لە گەڵ ئەم پرۆژەدا بووم”. ئەگەریش سەری نەگرت، ئەوا نە تەنیا خۆیان ناکەن بە خاوەنی، بەڵکوو تانە و لۆمەی دونیاشت بە سەردا دەبارێنن.

دووەم،  ئەو مرۆڤانە کە ئوپورتونیستن، واتە هەلپەرەست و فرسەت تەڵەبن
دیسان کەم نەبوون ئەو کەسانەش کە لە ئەم  توێژە  بوون کە بە درێژایی ژیانی سیاسی و شەخسیم نەمبینی بن. ئەم بەشە لە مرۆڤەکان هیچ شتێکیان بە لاوە مەبەست و گرنگ نییە، بێجگە لە بەرژوەندی شەخسی و تاکەکەسی خۆیان نەبێت. لە کوردەواریدا بە ئەم گرووپە دەڵێن مێش و مەگەسانی دەوری شیرینی. ئەمانە هەموو کات ئامانجە تایبەتییەکانی خۆیانیان بۆ گرنگ و مەبەستە!
تەنانەت ئەگەر لە ناو حیزبێکیشدا خەبات بکەن، دیسان ئەو حیزبە بۆ مەبەستی خۆیان و بنەماڵەیان بە کار دێنن. ئەمانە هەموو کات لە گەڵ دەسڵات و لایەنی دەسڵاتدارن. وەک کوردی باشوور ئەڵێن تا حەز بکەیت ماستاوچین!     
لە خسڵەتیشدا دوو ڕوو و درۆزنن! بێ پرینسیپ و بە دوور لە ئەخڵاق و ڕەوشتن!    
 لە ئۆردووگای ڕومادی کەم نەبوون لە ئەو کەسانەی کە سەر بە لایەنی تر بوون، بەڵام دەیانەویست لە ژێرەوە لە گەڵ ئێمەش پێوەندییان هەبێ. ئامانجیان لە ئەو هەلپەرەستییە چی بوو بێت لە وانەیە خۆیان وڵامی باشتریان لە لا هەبوو بێت.   بەڵام ئەوەندەی من بزانم، ئەو کەسانە پێیان وا بووە کە کار و باری شۆرای پەنابەران و کۆمیتەی سەلیب لە دەستی لایەنگرانی کۆمەڵەدا بووە و لە وانەیە ئاوەها لە لای خۆیان پلانیان دانابوو بێت: “ئەگەر بە درۆش بێت با تا کارەکەم تەواو ئەبێت  بڕۆم و خۆم وەک لایەنگری کۆمەڵە نیشان بدەم”. بەڵام کابرا کە ئەهات و پاش ماوەیەک  ئەیزانی نە بابە وەها نییە کە بیستوویەتی، جا ئەو جار  ئەگەڕایەوە شوێنی پێشووی  خۆی و یان ئەکەوتە پڕو پاگاندە کردنی ژەهراوی  دژ بە ئێمە، لایەنگرانی کۆمەڵە.
سێ نموونەی بینراو لە ئەو کەسانەتان بۆ باس ئەکەم:
١ – کەسێک کە وەک ڕۆژی ڕوون ئەمانزانی کە ئەندامی لایەنێکی ترە، ڕۆژێکیان بە بیانووی پێڵاو کڕین هاتە دووکانەکەمان لە بایعەکە. کەمێک چاوی لە پێڵاوەکان (کەوشەکان) کرد و زۆر بە نهێنی نامەیەکی دایە دەستی من.   دواتر کە نامەکەیم خوێندەوە، ئەو کەسە کۆمەڵێک ڕخنەی لە سەر حیزبەکەی خۆی نوسیبوو و هاتبوو بە شان و باڵای کۆمەڵەدا. چەند ڕۆژ دواتر کە چاوم پێی کەوت قسەم لە گەڵییدا کرد و وتم فڵانی ئەگەر کۆمەڵەت بە بیر و باوەڕەوە  قەبووڵە ئەوا زۆرم پێ خۆشە، بەڵام ئەگەر مەبەستێکی ترت هەیە، زۆر بە داخەوە چاوەروانییەکەت زۆر بێ جێیە.     ئەو برادەرە کە ئیستە لە وڵاتێکی سکاندیناوی ئەژی، زانی کە لە پلانەکەیدا سەرکەوتوو نابێت، ئیتر لە سەری نەڕۆیشت و بە دەوری ئێمشدا نەهاتەوە.

٢ – ساڵی ١٩٨٦ بوو کەسێکی تر هەر بە هەمان شێوە کە پێشترناوی بۆ وەرگرتنی کارتی پەنابەری لە لای سەلیب نوسیبوو، ئێوارەیەکیان لە گەڵ  دوو کەس لە مجەڕەدەکانی لایەنگری کۆمەڵە هاتنە ماڵمان و هەر زۆر بە گەرم و گوڕی هات بە شان و باهۆی کۆمەڵەدا. ئەو کەسە ئەو شەوە ئەوەندە تۆخ و ئاگرین ببوو بە کۆمەڵە کە ئێمە لە ئاستی بە ڕەواڵەت کۆمەڵە بوونی خۆیدا بێ دەنگ کرد. ئەو کەسە و کەسانی تری وەک ئەو بەڕێزە لە خۆڕا خەریک بوون فیلم بگێڕن. خۆ ئەوان هەر مافی خۆیان بوو کە مادام ناویان نووسیبوو، دیر یان زوو کارتیان وەر بگرتایەت و هیچ کەسیش نەیدەتوانی پێشیان پێ بگرێت.  بۆ ئاگاداریتان من خۆم دوای ٨ ساڵ و دوو مانگ چاوەروانی توانیم لە وڵاتی سوید پەنابەری وەرگرم.
 زۆربەی خزمەکانیشم کە هەم سیاسی  و هەم کۆمەڵەش بوون، ئیستەش یان هەر لە کوردستانی باشوورن و ئەوانەشیان کە دواتر هاتنە دەرەوە، یان هاتنە وڵاتی ئوردون و لە ئەو ڕێگایەوە هاتنە دەر، و یان لە ڕێگای پێوەندی خانەوادەییەوە ڕزگاریان بوو.
هەر ئەو کەسە کە دواتر کارتی سەلیبی وەرگرت، ڕۆژێکیان لە بەر دەرکی دووکانەکەمان هەرایەکی نایەوە و هاواری ئەکرد و ئەی وت ” خەڵکینە ئەمانە دژی دین و ئایینن و قسە بە فڵان و فڵانی یەژن”.

٣ – ساڵی ١٩٩٤ یان ١٩٩٥ بوو لە یەکێک لە شارەکانی وڵاتی سوید لە ماڵی کەسێک بووم کە سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران – ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ بوو. کەسێکی لای خۆمانیش هاو کات هات بۆ ماڵی ئەو بەڕێزە. خاوەن ماڵەکە ئەو کات سەلت (زگورد، مجەڕەد) بوو. خاوەن ماڵ لە ئێمە ئیزنی خواست و ڕۆیشتە دەرەوە.  دواتر دەرکەوت بۆ کڕینی میوە و شیرینی چوو بوو. لە ئەو مەودا کوورتەدا کابرای میوان لە منی پرسی “ئەرێ کۆمەڵە کەسیان ناچێتەوە بۆ کوردستان” وتم بۆچی؟ وتی کەمێک پارە بنێرمەوە بۆ مناڵەکانم  لە ڕۆمادی. وتم ئەی خۆ جەماعەتی ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ کەسیان ئەچێتەوە و ئیستە کەسی ئێمە ناچێتەوە. ئەو کەسە کە دواتر لە ڕێگەی خاوەن ماڵەکەوە بۆم دەرکەوت گوایە لایەنگری ڕێبەرایەتیش بووە و ئەو کاتەش هاتووە پارەیان تەسلیم بکات بۆ ناردنەوە بۆ منداڵەکانی لە ئۆردووگای ڕومادی. بەڵام لە لای من کەوتە زم کردنیان و دەستی کرد بە تاریف کردن بە شان و باڵای کۆمەڵەدا.

سێیەم. ئەو کەسانە بوون کە بە ڕاستی بە بیر و باوەر  و فیداکار بوون. وێنە و نموونەی مرۆڤی پاک و سادق و ڕاستگۆ لە هەموو لایەنێکدا بوونیان هەبووە کە نابێت مێژوو لە بیریان بکات!
 دیارە هیچ کەسیش، تەنانەت شۆڕشگێڕترین مرۆڤەکانیش بە بێ هەلە و کەم و کاستی  و بە دوور لە ڕخنە نین!  
من لە ئەم بەشەدا هەوڵ ئەدەم لە سەر ڕۆڵ و دەور و کاریگەری ئەو مرۆڤە دڵسۆز و فیداکارانە کورتەیەک باس بکەم. دەزانم نووسینەکانم بە بێ کەم و کاستی نابن، بەڵام هەول ئەدەم تا ئەوەندە  بتوانم و بە بیرم بێتەوە ئەو  مێژووە بە ئەمانەتدارییەوە بنووسم.
هاوڕێیانی ناو خەڵکی گۆران و قەڵخانی

بە پێچەوانەی زۆر جێگای تری ناوتیرە و تایفەکانی ئۆردووگای ڕومادی، بە هۆی دەور و کاریگەری بەشیک لە ئەم هاوڕێیانەوە  کە ئیستە باسیان ئەکەم و چەندها هاوڕیی تر کە بەداخەوە لە بەر هندێک تێبینی ناتوانم ناویان بێنم، کۆمەڵە بوو بە  ڕێکخراوێکی گەورەی خاوەن پێگەی جەماوەری لە ناو مەردمی قەڵخانی وگۆراندا لە ئۆردووگای ڕۆمادی کە لە نێوان ١٥٠٠ بۆ٢٠٠ ماڵ مزەندە ئەکران.
 
کاک میرزا مورد مورادی وکاک حەیدەر ڕزایی، ئەم دوو هاوڕێیە کە هەردووکیان پێشتر پێشمەرگایەتییان لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا کرد بوو لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٥ لە ئۆردووگای ڕومادی لە دوای ئاشنایەتیمان، پێکەوە لە پێناوی پەرە پێدانی بیری چەپ و سۆسیالیستی کۆمەڵە دەستمان دایە خەبات کردن.      
هەم کاک میرزا موراد و هەم کاک حەیدەر نموونەی کەسی بە بیر و باوەڕ، چالاک و دڵسۆز بوون و توانییان لە ئەو شوێنەی کە دەژیان کاریگەری باش دابنێن.
 کاک میرزا موراد کە تا زستانی ساڵی  ١٩٨٨ یان ١٩٨٩ لە ڕومادی مایەوە و ئیستە لە وڵاتی سوئیس ئەژی. ناوبراو لە ئەسڵدا خەڵکی ئاوایی (گوندی) پسپسە لە نزیک شاری سەرپێڵی زەهاوە.
کاک میرزا موراد وەک مامۆستایەکیش ڕۆڵی باشی گێڕا لە خوێندەوار کردنی کۆمەڵێک لە منداڵانی خەڵکی هەژاری ئەو ئۆردووگایە. هەر وەها کاریگەری باشی لە سەر خزمان و کەسە نزیکەکانی خۆی دانا بوو. بۆ نموونە زیندوو یاد کاک خانعەزیزی نەزەری لە ڕێگای کاک میرزا مورادەوە لە گەڵ کۆمەلە ئاشنایەتی پەیدا کرد کە ئەویش دواتر بوو بە کەسێکی چالاک و خۆشەویست و کاریگەری باشی لە ناو کەس و کاری خۆی دانا بوو. ماڵی کاک میرزا هەموو کاتێک پڕ بوو لە لایەنگران و دۆستانی کۆمەڵە و چەندها جار کۆبوونەوەکانمان لە ماڵی ئەواندا ئەگرت. کاک میرزا موراد ئیستە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە. هەر وەها  ئەندامیشە لە ڕێبەری ناوەندی کرماشان دیالوگ کە ناوەندێکی مەدەنییە و کار بۆ پەرە پێدانی فەرهەنگی دیالوگ  دەکات بە مەبەستی یەک قەبووڵ کردن و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی  کوردانی سەر بە پارێزگای کرماشان.

 کاک حەیدەریش  ئیستە لە باشووری کوردستان ئەژی و سەرە ڕای هەوڵ و ماندوو بوونی (زۆر بە داخەوە) نەیتوانی بێتە دەرەوەی وڵات. هاوڕێ حەیدەر وێنەیەک لە مرۆڤی بە بیر و باوەڕ و هەڵسووڕاو بوو. کاریگەری زۆر باشی لە ناو نزیکانی خۆی دانا بوو.  زۆرترین کات و تواناییەکانی خۆی بۆ خزمەت کردن بە ئامانجەکانی کۆمەڵە تەرخان ئەکرد. لە جەسارەت و بێ باکیدا بە ڕاستی کەم وێنە بوو. کاک حەیدەر یەکێک لە ئەو هاوڕێ خوێن شیرینانەیە کە قەد ناتوانم لە بیری بکەم. ماڵی کاک حەیدەر لە ڕومادی شوێنی بە یەک گەیشتنی لایەنگرانی کۆمەڵە بوو. ماوەیەکیش لە ساڵی ١٩٩١ بە دواوە ئەندامی کۆمیتەی پەنابەران لە کەمپی ئەلتاش بووە.
 هەر وەک باسم کرد ئیستە بە دوور لە هەڵسووڕانی حیزبی لە باشووری کوردستان بە ژیانی ڕۆژانەی خۆیەوە سەرگەرمە و لە ڕێگای دووکانداری و کاسبییەوە ژیانی سەربەرزانەی خۆی و خانەوادەکەی دابین ئەکات.
کاک حەیدەر لە ئەسڵدا خەڵکی یەکێک لە ئاواییەکانی ناوچەی قەڵخانی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاوە.

کاک مەڵک محەمەدی چراغی، کاک مەڵک یەکێک لە هاوڕێ تێکۆشەڕ، پاک، دڵسۆز و هەرە زەحمەتکێشەکانی ناو ڕێزەکانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی بوو. لە گەڵ هاوڕێی ئازیز کاک سادق ئەمیری (سائەمیر) لە ساڵی ١٩٨٥ یان ١٩٨٦وە لە ئۆردووگای ڕومادی پێوەندییان بە کۆمەڵەوە کرد و وەک دەیان هەڵسووراوی دیکەی ئەو ئۆردووگایە بە ئەو پەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە خزمەتیان بە ڕێباز و ئامانجەکانی کۆمەڵە کرد. یەکێک لە چالاکانی ناو ئەنجوومەنی لایەنگرانی کۆمەڵە بوو. دەور و کاریگەری کاک مەڵک لە سەر خانەوادەی چراغی و خزمان و هاوڕێیانی وەهای کرد کە زۆربەی کەسەکانی بە ئەو بڕوا و متمانەی کە بە ئەویان هەبوو لە دەوری سیاسەتی کۆمەڵە کۆ ببنەوە. بۆ نموونە کاک یەدی برای چووە ناو کۆمەڵە و بوو بە پێشمەرگە و چەندها گەنجی تری لە ژینگەکەی خۆی بە سیاسەتی سۆسیالیستی کۆمەڵە ئاشنا کرد. خانەوادەی کاک مەڵک یەکێک لە ئەو خانەوادە دڵسۆزانە بوون کە زۆرترین خزمەتیان بە ڕێبازی کۆمەلە کرد. ماڵەکەیان زۆر کات پڕ بوو لە کەسەکانی کۆمەڵە. ئەگەر بڵێم دەیان کەسی ئەو ناوچەیە کۆمەڵەیان لە کاک مەڵک و کەسانی وەک کاک مەڵکەوە ناسیوە، پێموایە زێدە ڕەویم نەکرد بێت. کاک مەڵک ماوەیەکیش وەک مامۆستایەکی دڵسۆز و پێشکەوتنخواز (موعەلیم) مەدرەسەی هەبوو و لە قۆناخی سەرەتاییدا وانەی ئەوتەوە. سەرە ڕای ئەوەی کە ساڵانێکی دوور و درێژ ناوی لە لیستی پەنابەران لە لای سەلیب (خاچی سوور) بوو و دەبوایە بنێردرایەتە دەرەوە، بەڵام تا ساڵی ٢٠٠٣ کە ئامریکا عێراقی داگیر کرد و ڕژیمی فاشیستی سەدام لە ناو چوو هەر لە ڕومادی مایەوە. لە ئەو سەردەمەدا لە گەڵ ماڵی باوکی و براکانی و سەدان خێزانی تر لە کەمپی ئەلتاش، بەرەو وڵاتی ئوردون هەڵهاتن و دوای چەرمەسەرییەکی زۆر ئاخرەکەی لە وڵاتی نیوزلەند پەنابەری وەرگرت و ئیستە ئەوە نزیک بە ٨ سالە لە ئەو وڵاتە ئەژی. کاک مەڵک لە وڵاتی ئوردوونیش وەک ئەندامێکی هەڵسووڕاوی کۆمیتەی پەنابەران کە لە لایەن ئەو پەنابەرانەوە پێکهاتبوو ڕۆڵێ دڵسۆزانەی خۆی نواند و ئیستەش ئەوەی کە ئەو بناسێت بە شانازییەوە باسی ئەکات. ناوبراو کەسێکی کۆمەڵایەتییە  و بەرینترین پێوەندی لە گەڵ خەڵکی ئۆردووگاه هەبوو.
 ماڵی باوکیشی لە گەڵ ماڵی گوڵمحەمەد، یەدی (یەدوللە)، عەلی پاشا، قوباد و ماڵی چەند خزمی تریان کە هەموویان دۆست و دڵسۆزی کۆمەڵە بوون و هەن، ئیستە لە وڵاتی دانمارک ئەژین. بە داخەوە مامۆ یار محەمەد، باوکی کاک مەڵک کە ئەویش پشت و پەنای ئێمە کۆمەڵەییەکانی ئۆردوگای ڕومادی بوو ماوەیەک پێش ئێستە ماڵئاوایی لە ژیان کرد (یادی بە خێڕ بێت!)
من و خانەوادەم لە ئۆردووگای ڕومادی بۆ ماوەی دوو مانگێک لە هاوسێیەتی ماڵی مامۆ یارمامەی ژیاوین.   ئەوەندە دڵسۆز و میهرەبان بوون کە هەستم ئەکرد لە ماڵی نزیکترین کەس و کاری خۆماندا ئەژین. یادی هەموو ئەو بیرەوەرییانە بە خێڕ بێت! حەوش و ماڵی مامۆ یارمامەی و کاکە مەڵک جێگای دەیان کۆڕ و کۆبوونەوەی ئێمە، کۆمەڵەییەکانی ئەو سەردەمە بوو. زۆر جار کادرەکانی کۆمەڵە بە ڕۆژان لە ماڵی ئەواندا ئەمانەوە و بە ئەو هۆیەوە هەموو کات ماڵیان پڕپڕ بوو لە کەسەکانی کۆمەڵە. ئەمە سەرە ڕای دژواری ژیان و کەم دەرامەتی و دەیان گیر و گرفتی دیکەی ژیانی ڕۆژانەی کاک مەڵک و زۆربەی هەرە زۆری هاوڕێیانی دیکە و خەڵکی هەژاری ئەو ئۆردووگایە.
لە زۆر شوین وتوومە و ئیستەش ئەیڵێمەوە، ئەگەر بڕیار بێت، پاکی، ڕاستگۆیی، دڵسۆزی، فیداکاری  و لە خۆبایی نەبوون و دەیان ڕەوشتی تری باش سەنگی مەحەک بن بۆ پێناسەی مرۆڤ بوون، کاک مەڵک و چەندهای تری وەک ئەو نموونەی هەرە شازی ئەو پێناسەیە بوون!
 دڵنیام هەر کام لە ئەو هاوڕێیانە بۆ دوا ڕۆژی کۆمەڵگاکەی خۆیان (بە دڵنیاییەوە ئەڵێم) ڕۆڵی سەرکردەیەک دەبینن و زەمانەتیشن بۆ ئەوەی کە خەڵکی هەژاری کۆمەڵگاکەیان وەک هاوچارە نووس و کەس و کاری یەک، پێکەوە بژین. ئیستە لە وانەیە من و کاک مەڵک هندێک جیاوازی بیرکردنەوەمان لە سەر کۆمەڵە و چەپ و کوردستان و ئێران هەبێت، بەڵام هیچ کام لە ئەو جیا بیرکردنەوانە ناتوانێ لە خۆشەویستی مێژوویەکی پڕ لە فیداکاری و پاکی و دڵسۆزی ئەم هاوڕێیە و باقی هاوڕێکانی تر لە دڵی مندا کەم بکاتەوە!
 ئیستەش ناوی هەر کام لە ئەو هاوڕێیانە بۆ من زیندوو کردنەوەی خەباتێکی هاوبەشی پڕ لە شانازی دەورانی سەختی ئۆردووگای ڕومادین، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٤ تا ١٩٩٠ کە من ئۆردووگام بە مەبەستی وڵاتی سوید بە جێ هێشت.

هاوڕێ سادق ئەمیری (سائەمیر) هەر وەک چۆن پێشتر باسم کرد کاک سادقیش هاوکات لە گەڵ کاک مڵک محەمەد دا پێکەوە پێوەندییان کرد بە کۆمەڵەوە لە ئۆردووگای ڕومادی. هەر دووکیان لە تایفەی دارا ڕەشید بوون و هەر زۆر هاوڕێیەتیان خۆش بوو. زۆربەی کاتەکان پێکەوە بوون.
 کاک سادق یەکێک لە لایەنگرە هەڵسووڕاوەکانی کۆمەلە بوو. زۆربەی کاتەکانی خۆی بۆ کار و باری کۆمەڵە تەرخان کرد بوو و بە ئەو پەڕی بیر و باوەڕەوە خزمەتی بە ئامانجەکانی کۆمەڵە ئەکرد. کەسێکی خۆشەویست و خاوەن شەخسیەت بوو. تا ئەو کاتەی کە من ئوردووگای ڕومادیم بە جێ هێشت یەکێک لە ئەندامە هەر چالاکەکانی کۆمەلە بوو. هەموو ئەو وەسفانەی کە لە سەر هاوڕێیانی دیکەم کردووە لە وجوود و کەسایەتی کاک سادقیشدا هەبووە!
زۆر بە باشی نازانم، بەڵام پێموایە کاک سادق ساڵەکانی ١٩٩٣ یان دواتر لە گەڵ خێزانی دێتە ولاتی تورکیە و لە ئەوێشەوە دێتە وڵاتی فینلاند. زۆر بە داخەوە لە فینلاند بێجگە لە چەند جارێک نەبێت کە بە تەلیفون قسەمان لە گەل یەکتر کرد، دوایی پێوەندیمان لە گەڵ یەکتر نەما. ئەو کات ئەو لە گەڵ کومونیزمی کرێکاری بوو و منیش لە گەڵ کۆمەڵە.  ئیستەش جار و بار لە ئێرە و لە ئەوێ ئەحواڵی ئەپرسم، بەڵام سەرە ڕای هەموو هەوڵەکانم نەمتوانیوە پەیدای بکەم. ئەگینە لە ڕێگای فەیسبووکەوە کەم و زۆر ئاگام لە زۆربەی هەرە  زۆری هاوڕێیانم هەیە. قسەی ئاخرم بۆ کاک سادق ئەوەیە کە هەر وەک جاری جاران لە لام ئازیز و خۆشەویستی! ئەگەر چی ١٥ ساڵیشە لە یەک بێ خەبەرین، بەڵام هیوادارم کە هەر وەک جاری جاران سەری حاڵ بیت و لە خزمەتی ڕزگاری خەڵکی هەژار و بەشمەینەتی کورستان و ئێراندا بیت!

کاک سەمین و کاک کاخانی نیکبەخت
ئەم دوو هاوڕێ کە هەر دووکیان برای یەکترن لە ئەو هاوڕێ دڵسۆز و هەڵسووڕاوانەی ئۆردووگای ڕومادی بوون. کاک سەمین لە ئەو لایەنگرە سەرەتاییانە بوو کە لە ئۆردوگای ڕومادی پیوەندی  بە کۆمەڵەوە کرد.    کاک سەمین لە ناو تایفەی بازگر مەدرەسەی هەبوو و وانەی ئەوتەوە (دەرسی ئەدا). بە پێی تواناکانی خۆی بۆ پەرەپێدانی ئامانجەکانی کۆمەڵە هەوڵی ئەدا. کاک کاخانیش کە ساڵێک دواتر پیوەندی بە کۆمەڵەوە کرد بە ئەو پەڕی تواناکانی خۆیەوە خەباتی ئەکرد. دەور و کاریگەری هەڵسووڕانی کاک سەمین و کاک کاخان لە ناو خانەوادەکانیان و لە ناو نزیکەکانیان زۆر بەرچاو بووە. لە ژێر دەور و کاریگەری ئەواندا بوو کە کاک هوشەنگی کوڕی کاک کاخان چووە ناو کۆمەڵە و بوو بە پێشمەرگە و ئیستەش  لە وڵاتی ئینگلیس ئەژی و لە گەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕدایە. کاک سەمین و کاک کاخانیش لایەنگری کۆمەڵە –  سازمانی حیزبی کمونیستی ئێرانن. هەر لە ناو ئەم دوو خانەوادە زەحمەتکێش و دڵسۆزەی کۆمەڵەدا، منداڵەکانیشیان بە بیری چەپ و شۆڕشگێڕانە  پەروەردە کراون. بۆ نموونە دادە فەرزانەی نیکبەخت  (کچی کاخان) کە ماوەیەک وەک مامۆستا لە ئۆردووگا وانەی وتووەتەوە و ئیستە لە وڵاتی دانمارک ئەژی و هاوسەری هاوڕێ یەدی چراغی یە.

 دڵسۆزی و زەحمەتەکانی ئەم دوو خانەوادە خۆشەویستانەش بۆ هەتاهەتایە لە بیر ناچن و ڕێزیان هەیە!       کاک سەمین و کاک کاخان سەر بە تایفەی قورچیواشین کە لە ئەسڵدا سەر بە شارستانی داڵاهۆ و نزیک لە شاری کرندە.  لە دوای رووخانی ڕژیمی بەعسی عێراق بە دەستی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣وە  چەند سەد خانەوادە لە پەنابەرانی کەمپی ئەلتاش جاڕیکی تر تووشی ئاوارە بوون ئەبن بەرەو ولاتی ئوردون ئەچن. خانەوادەکانی کاک کاخان و کاک سەمینیش لە گەڵ ئەو کۆڕەوەدا دەچنە وڵاتی ئوردون. پاش تەحەمووڵی دەردیسەری و زەحمەتێکی زۆر لە لایەن یوئینەوە لە وڵاتی ئینگلیس پەنابەری وەر ئەگرن و ئەوە ٨ ساڵێک ئەبێت کە لە ئەو وڵاتە ئەژین. ئەم دوو خانەوادە بەڕێزەش سەرەڕای هەموو ئازارەکانی ژیانی پەنابەرییان لە خزمەت کردن بە ئامانجەکانی کۆمەڵە کۆتاییان نەکرد. زۆر جار ماڵەکانیان جێگای بە یەک گەیشتنی کەسەکانی کۆمەڵە بوون.

هاوڕێی زیندوو یاد کاک ئەردەشیر سەلیمی
هاوڕێ ئەردەشیر کە بە داخەوە ساڵی ١٩٩١ لە ڕووداوی سەیارە ( ڕووداوی ماشین) لە ڕومادی ژیانی لە دەست دا، یەکێک  بوو لە هاوڕێ دڵسۆزەکانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای رومادی. ئەگەر چی زۆر دڵنیا نیم بەڵام پێموایە کە کاک ئەردەشیر ماوەیەکیش پێشمەرگەی کۆمەڵە لە هێزی داڵاهۆ بوو بێت. لە ئۆردووگای ڕومادی بۆ خزمەت کردن بە ئامانجەکانی کۆمەڵە  هەر دەم هەڵسووراو بوو. لە گەڵ ئەو کەسانەی کە پێکەوە  دەچوون بۆ کرێکاری و کاسبی کردن هەموو کات باسی کۆمەڵە و ڕێبازی کۆمەڵە و ژیانی خەڵکی کرێکار و هەژاری بۆ ئەکردن. کاک ئەرەشیر خاوەنی خێزان و منداڵ (وا بزانم دوو منداڵ) بوو. یادی بەرز و بەڕێز بێت!

لە ئێرەدا کۆتایی بە ئەم بەشە دێنم و لە بەشەکانی داهاتوودا کۆمەڵێکی تر لە هەڵسووڕاوانی کۆمەلەتان لە ئۆردووگای ڕومادی (کەمپی ئەلتاش) پێ ئەناسێنم. چاوەڕوان بن!
عەلی قەنبەری ١٠ – ٣ – ٢٠١٣زایینی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی