له‌گه‌ڵ سڵاوی برایانه،
پێمخۆشه چه‌ند شتێكی كه ڕه‌وتی زه‌مان له‌بیری بردوویه‌ته‌وه بهئاماژێكی كورت وهبیرتی بێنمه‌وه.
هه‌ركه‌س‌و كه‌سایه‌تییه‌ك كه بیره‌وه‌ری و سهربهردهی خۆی دهنووسیێ، بۆخۆی چی پێخۆش بێ و چ شتێك له ژیانیدا به‌گرینگ بزانێ، ده‌یهێنێته سه‌ركاغه‌ز، به‌ڵام پێویسته كارێكی وا نه‌كات ڕاوبۆچوونی خه‌ڵكانیتر پێشێل بكات یان بیكاته هیخۆی!
هه‌رله قهدیمول ئه‌یامه‌وه، شته‌كان ئاوا بوونه‌و هاتوونو ڕۆیشتوون. بۆ وێنه كاك ئه‌میری قازی كتێبی نووسیوه‌و خۆت ئاسایی وه‌ك له‌په، خۆی له‌نێو هه‌موو ئاشێك وه‌رداوه. ناوبراو بێجگه له شه‌هید سوله‌یمانی موعینی خه‌ڵكی دیكه‌شی به ناحه‌ق كوتاوه. ده‌زانم کە ئێستا کاک ئەمیر له نووسینی ئه‌و هه‌ڵه‌ی كردوویه په‌شیمانه. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم به‌ناحه‌ق كوتانی شه‌هید جایز نییه. بەداخەوە ئێستا جه‌نابیشت ئەو دیارده‌یەی کاک ئەمیرت ڕەچاوکردووەو بێ‌ئاگاداری بەجێ شوێنی ئەودا، دەڕۆیو لاسای ده‌كه‌یه‌وه.
به‌سه‌رێكه‌وه زۆرخۆشحاڵبووم کە جه‌نابت كتێبێكی نیزیك به‌چوارسه‌د لاپه‌ڕه‌ت ڕه‌ش كردۆته‌وه به‌نێوی سه‌ربه‌رده! بێشك كه‌سێك كه سه‌ربه‌رده ده‌نووسێ، به‌كه‌یفی خۆی دهینووسێو بۆخۆی شتی گرینگی كرده‌وه‌ی خۆی گوڵبژێر ده‌كا، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر بیخوێنێته‌وه‌و كه‌ڵكی لێوه‌ربگرێ. بەڵام برالهگیان! تۆ له خۆڕا به‌نووسینی هێندێك شتی ناڕاست، بۆشێواندنی مێژوو، قۆڵت له تاوانباركردنی مرۆڤی دڵسۆز هه‌ڵماڵیوه. ڕاسته له‌بن پیلی تۆ شتێك به‌نێوی كۆمیته‌ی ساخكه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموكرات پێك هاتووه، چونكه نێوی تۆ له‌و كۆمیته‌یه‌دا نییه‌و به‌شداری پڕۆسه‌كه نه‌بووی، ده‌ستت داوه‌ته قه‌ڵه‌م، تهڕوئیشك دهسووتێنیو پیله به شه‌هید هاشم واته؛ به شه‌هید (قادر شه‌ریف) دهگریو دهیشێلیو ده‌ڵێی ئێمه‌و مانانی تێوهردهداو بۆخۆیشی خۆی ده‌شارده‌وه. ئه‌وه‌نده‌ت ئێنساف نییه بڵێی دروستكراوه‌كه نهێنی بوو. شتی نهێنیش هه‌موو كه‌س نابێ بیزانێ. تۆ به‌خۆتدا وه‌ره‌وه‌و وه‌بیر خۆتی بێنه‌وه بزانه ئەسڵەن تۆ بۆ هاتبووی بۆ شاخ؟
من پێموایه، مرۆڤ له‌هه‌ر تهمهنێكدابێ پێویسته به‌خۆیدا بچێته‌وه و له سواری ئه‌سپی ئێحساسات بێتهخوارو لانیكه‌م بوختان به‌خۆی نه‌كات. ئەوەش بزانە کە به درۆ و دهڵهسهو بوختان، یان گۆرینی رووداوی ڕاست، مێژوو ناشۆرێته‌وه. تۆده‌زانی شووره‌ییه مرۆڤ به خۆهه‌ڵكێشان كه‌سایه‌تی خۆی له‌كه‌دار بكا. واباشه هێندێك له‌هه‌ڵه‌كانی هه‌میشه‌ییت وه‌بیر بێنمه‌وه. دیاره وه‌بیرهێنانه‌وه به‌مانای ڕاستكردنه‌وه نییه، پێت ناخۆش نه‌بێ كه ناڵێم ڕاستكردنه‌وه‌و ده‌ڵێم وه‌بیرهێنانه‌وه، چونكه هه‌ڵه‌ی لهمیزان به‌ده‌ری به‌ڕێزتان به‌كه‌س ڕاست نابێته‌وه.
له‌بیرته، له بن دیواری مه‌دره‌سه‌ی زینوێ قسه‌ی نووسهرانو ره‌هبه‌رانی سیاسیم بۆ باس ده‌كردی كه شۆرشگێڕان ده‌ڵێن هه‌موو شۆڕشێك سه‌رناكه‌وێ و ئه‌ندام و كادری هه‌موو حیزبێك به ئاوات ناگه‌ن و ئێمه‌ش نابێ پێمان وابێ هەروا سادە و ساکار دەتوانین سه‌ركه‌وتن وەدەست بێنین. له‌بیر خۆتی مه‌به‌وه كه من پێم ده‌كوتی: به هۆی گه‌نده‌ڵكاری كاربه‌ده‌ستانی شۆرش و تێكه‌ڵ بوونیان له گه‌ڵ ساواكی ئێران زۆر زه‌حمه‌ته شتێكمان ده‌ست كه‌وێ. كاتێك من سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و شۆرشهم بۆ باس ده‌كردی، خۆت سوور ههڵدەگێڕاو ده‌تگوت: “ئه‌گه‌ر بزانم ئه‌و شۆرشه سه‌رناكه‌وێ من ده‌ڕۆمه‌وه“. بیرێك له سادەو ساویلکەیی ئه‌و كاتی خۆت بكه‌وه، كه پێت وابوو؛ به تفه‌نگ كردنهشانو به‌نێوی شۆڕشگێڕ چوونە شاخ، کوردستان ڕزگاری دێت‌و تۆش لەپەنای ئەوکەسانەدا مێداڵ و مەقامت پێدەبڕێ.
تۆ به ناحه‌ق قادر شه‌ریف ده‌كوتی. ناوبراو چه‌ندین ساڵ له پێناو خزمه‌ت به كورد تیدهكۆشاو ته‌واوی ئه‌و كوردستانه‌ی به پێیان ڕاو ده‌كرد. سه‌رئه‌نجام دوژمن تێرۆری كرد‌و شه‌هید كرا. ئێستا دوای ٤٢ ساڵ، پێتوانییه بەناحەق شه‌هید كوتان، كارێكی ناجوانمێرانه‌یه؟ چۆن ویژدانت قبووڵ دەكات به ناحه‌ق بیخەیه ژێر پرسیار‌و سووكایه‌تی! ئه‌ویش كه‌سێك كه هه‌موو لاویهتیو ژیانی خۆی كرده فیدای كورد. قادر شەریف یه‌كێك له‌و كادره سیاسیانه بوو كه هیچ شتێك نهیدهترساندو له‌هیچ شتێك نهدهپرینگاوهو گوێی له‌قسه‌ی شێتهشێتهو دوور له ئهدهبو دوور له سیاسی نه‌ده‌گرت. كاتێك لهبیرهوهریهكانمدا ده‌نووسم من‌و قادر شهریفو حوسێن مه‌ده‌نی كۆمیته‌ی ساخكه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموكڕاتمان پێك هێناو شه‌هید قادر شه‌ریف، پڕۆگڕامی ئه‌و ڕێكخراوه‌ی نووسی. ئه‌گه‌ر وه‌ك تۆم بیر كردباوه، ده‌منووسی من بهرنامهكهیم نووسی، من كۆمیتهكهم پێك هێنا. ده‌زانم تۆ خۆت ماندو نه‌كردووه بیره‌وه‌ری من بخوێنیه‌وه، ده‌نا ئه‌تۆ ئه‌و ئیشتبا گه‌وره‌ت نه‌ده‌كرد. ئه‌گه‌ر خوێندوتهوهو لێی حاڵی نه‌بووی جارێكی دیكه‌ش بیخوێنه‌وه، یان له ئامۆزاكانی خۆت كاك حوسێن مهدهنیو كاك حه‌سه‌نی ڕستگار بپرسه‌و بزانه ئێبتكاری پێك هێنانی كۆمیته‌ی ساخكه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموكڕات هی كێ بوو. ئه‌و قادر شه‌ریفه بوو كه ئهمنو سه‌ید حوسێنی مه‌ده‌نی تێگه‌یاند به‌و كاره ههستینو له‌دژی دیكتاتۆری هه‌نگاو باوێین، چونكه هه‌ستان بهتێكۆشانو به‌ربه‌ره‌كانی، له‌دژی دیكتاتۆری، به‌تایبه‌تی له‌وكات‌و سه‌رده‌مدا مرۆڤی لهخۆبووردوی ده‌ویست هه‌نگاوی بۆههڵگرێ. پاش ٤٢ ساڵ ئێستا ئه‌نجامه مێژووییهكهیو گرینگی نه‌خشی ئه‌وكات خۆی ده‌نوێنێ. ده‌بوایه ئه‌وه‌ی نووسیوته پێش چاپ به سه‌ید حوسێن‌و مه‌لا حه‌سه‌نت نیشاندابایه، تاپێبكهننو پێت بڵێن: “به‌سه ڕه‌سوڵ، به‌سه، ده‌ست له‌و فڕو فیشاڵانه هه‌ڵگره”؟
به بڕوای من تۆ نابێ ئه‌وه به‌كه‌م و كووڕی خۆت بزانی كه له‌وكات‌و سه‌رده‌مدا، له‌نێو كار‌و بار‌و گه‌مه سیاسیه‌كاندا نه‌بووی، چونكه ئه‌وكات كاری ته‌شكیلاتی و سیاسی بۆتۆ دژوار بوو. پێم سه‌یره تۆ ئێستا به‌زۆری ده‌ته‌وێ سابیقهو ڕابردووی سیاسی خۆت درێژخایه‌ن نیشانبده‌ی! كاكه گیان! كورتی‌و درێژی سابیقه‌ی سیاسی به‌ستراوه‌یه به‌ناوه‌رۆكی پڕۆسه‌كه، ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌كه پڕ بوو له‌هه‌ڵبه‌ز دابه‌زو گاڵته‌وگه‌پ‌و لێدان‌و كوتان، بهپڕۆسهیهكی بێناوهرۆك ده‌ژمێردرێ. دیاره بێناوهرۆكیو پڕناوهرۆكیش خه‌ڵك دیاری ده‌كا، نه‌ك من‌و تۆ.
به‌قه‌ولی كورد گوته‌نی: “ته‌ك له‌منت نه‌كه‌وێ، ئه‌وه چاوت له باڕهقللایه؟”زۆركه‌س درۆ و فیشاڵیان بۆ باره‌قه‌ڵڵا كردۆته پیشه، به‌ڵام خه‌ڵكی ئه‌و زه‌مانه هه‌ركه زارت كرده‌وه ده‌ستت ده‌خوێننه‌وه، كوا مێژوو به‌راوه‌ژوو نیشان بدرێ خه‌ڵك بارهقهڵڵات پێده‌ڵێن؟
تۆ ئه‌وانه‌ی له كۆنگره‌ی پێنج بوون لێیان بپرسه، به‌تایبه‌تی له‌كاك حه‌سه‌ن ڕستگار و كاك حوسێنی ئامۆزات، كاتێك من خۆم بۆ كۆمیته ناوه‌ندی كاندید كرد، یەک مخالفو یەک موافق له‌سه‌ر كاندید قسه‌یان ده‌كرد. خودی شه‌هید دوكتور قاسملوو به موافق له‌سه‌ر من دواو ڕابردووی منی له به‌شدار بوون‌و پێك هێنانی كۆمیته‌ی ئینقلابی و كۆمیته‌ی ساخكهرهوهدا، به‌رز نرخاند.
نازانم بۆچی به‌ڕێزتان به‌خاتری دووریت له نێوگهمهی سیاسی ئه‌و كاتدا، ده‌ته‌وێ نوخته‌یه‌كی مێژوویی بشاریهوهو ده‌خوازی قه‌ڵه‌م به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كی میژوودا بێنی؟ یان سه‌یرتر له‌وه‌ش، له نێو نووسراوهكهتدا شتی كه‌سانێكی تر بكه‌یه هیخۆت؟!
ناحه‌قت ناگرم، مرۆڤ كاتێ كه‌مبوودی ده‌بێ، تووشی هه‌ڵه‌ی واش ده‌بێ. لهبیریته له‌گوندی گردگاشه كۆبوونه‌وه‌مان بوو، خۆت ئاماژه‌ت پێكردووه، به‌ڵام ناته‌واوت هێشتۆتهوە. نه‌ت نووسیوه كاتێك كۆبوونه‌وه ته‌واو بوو به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمیته هاتینه‌ده‌ر، به‌ڕێزت وه‌ك هه‌میشه خۆت ههڵسووڕاندو تفهگهكهت له شانی هێنا خوارو به مه‌لا حه‌سەنی رستگاری ئامۆزات گوت: لێم گه‌ڕێ با له سه‌عید كوێستانی و قادر شه‌ریف، یه‌كیان بكوژم. بۆ؟ هه‌ر چونكه مافی ئه‌وه‌ت نەبوو له نێو ئه‌ۆ كۆبوونه‌وه‌دا به‌شدار بی.
براله! تۆ بۆخۆت ده‌بێ ئه‌وه‌ی باش بزانی كه له‌و كۆبوونه‌وه‌دا جگه له قادر شهریفو حوسێن مهدهنیو سه‌عید كوێستانی و مه‌لا حه‌سه‌ن رستگار، كه‌سی تر مافی به‌شداری نه‌بوو، چونكه نهێنی بوو. بۆ له‌بیرت نه‌ماوه تۆ و براده‌رانی دی كلاسی كادرمان بۆ دانابوون شتێك فیربنو له‌كاری سیاسیتان وه‌رده‌ین. تۆ له‌خۆڕا هه‌ڕه‌شه‌ت ده‌كرد كه‌سێك بكوژی! مه‌لا حه‌سه‌نی ئامۆزات لێت تووڕه بوو و پێیگوتی:
“لاچوو هه‌تیوه(…)” به‌ڵام به‌داخه‌وه، حه‌ق تاڵه‌و وه‌ستۆ ناگێرێ.
براله گیان تۆ بیری لیبكهوه بزانه خۆت چۆن بووی و ههڵسو كه‌وتت چۆن بووه؟ قسه‌ی باشت “ده‌كوژم” بوو. ئێستاش نووسراوه‌كه‌ت ئه‌وه‌ی لێدهبارێ، كه چی به‌خۆشت ده‌ڵێی سیاسیم. كاك كەریم حیسامی وه‌ك جێگری سكرتێر بوو، ئێستا پاش چل‌ودوو ساڵ له نێو كتێبه‌كه‌تدا نووسیوته: “له به‌غدا له كه‌ریمی حیسامیم داوه”. سه‌یر ئه‌وه‌یه، به‌كارێكی پڕبایەخی دهزانیو وه‌ك نوخته‌یه‌كی گوڵبژێری سیاسیی شانازی پێوه ده‌كه‌ی! كوا كه‌سی سیاسی شتی وا ده‌نووسێ؟ له‌خۆت زیاتر كێ لێدان به‌كاری سیاسی ده‌زانێ؟ له‌و كارانه‌ی ڕابردووت نه‌ك په‌شیمان نیت، شانازیشی پێودهكهیت!
له كۆتاییدا هیوادارم لێم زویر نهبیو ئه‌و تێبینیانه‌ی من له‌به‌رگی داهاتووی كتێبه‌كه‌تدا بكه‌یه ئامۆژگاری و هه‌ڵه‌كانت دووپات نه‌بنه‌وه.
برای دڵسۆزت سه‌عید كاوه (كوێستانی)
ئوره‌برو، سوئێد ١٢/٤/٢٠١٣