پێشەکی : لە بەشی چواردەیەمدا باسی بەشێک لە ئەو هەڵسووران و لایەنگرانەی کۆمەڵەم لە ئۆردووگای ڕومادی کرد کە لە ساڵی ١٩٩١ بە دواوە هاتبوونە ڕیزی لایەنگرانی کۆمەڵەوە.
هەر لە درێژەی ئەو بەشەدا هەوڵ ئەدەم کۆمەڵێکی تر لە ئەو کەسانەتان پێ بناسێنم کە لە ئەو ساڵە بە دواوە، لە هەمان ژینگە پەیوەست بوون بە ڕیزی هەڵسووڕاوان و لایەنگرانی کۆمەڵەوە.
١- عەزەم قوبادیپووڕ
کاک عەزەم خەڵکی ئاوایی فەیاد (خێڵی فەیاد) سەر بە ناوچەی سەلاسی باوەجانییە کە ساڵی ١٩٧٩ لە گەڵ بنەماڵەکەیدا ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون. دوو، سێ ساڵی ئەوەڵی لە باشووری کوردستان گیرساونەتەو و دواتر لە لایەن دەسڵاتی بەعسەوە بە زۆر ڕاپێچی ئۆردووگای ڕومادی کراون.
ساڵی ١٩٨٦ بۆ ١٩٨٧ بۆ ماوەیەک لە لای کاک حەمە سوور دەرسی خوێندووە و هەر لە ئەو پێوەندییەدا لە گەڵ کەسەکانی کۆمەڵە ئاشنایەتی پەیدا کردووە. وەک خۆی ئەڵێت کاک حەمە سوور بە بێ ئەوەی باسی کۆمەڵەی بۆ بکات، بەڵام بە دڵسۆزی و ڕێنوێنی کردنی ئەو و کەسانی تری وەک ئەو بۆ فێربوونی زانست و خوێندن و ڕێز گرتن لە بەرانبەر و دەور و بەر وەهای کردووە کە کاک عەزەم دواتر بیر لە ئەو ئامۆژگارییانە و کەسایەتی ناوبراو بکاتەوە و بە شوێن ئەو بیر و فیکرەیدا بچێت کە ئەو لایەنگری لێ کردووە. کاک عەزەم دواتر کە ئەزانێت کاک حەمە لایەنگری کۆمەڵەیە مەیلی بۆ لای ئەو ڕێکخراوە ئەچێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی خزمان و کەس و کارەکەی لایەنگر و ئەندامی حیزبی دیموکرات بوون.
ساڵی ١٩٩١ زایینی لە ڕێگای کاک ئەنوەر موحەمەدییەوە نامەیەک بۆ کۆمەڵە ئەنووسێت و ئامادەگی خۆی بۆ هاوکاری کردن لە گەڵ ئەو ڕێکخراوەیە دەرئەبڕێت.
لە نیوەی ساڵی ١٩٩١ لە یەکەم کۆبوونەوەی لایەنگرانی کۆمەڵە لە ئۆردووگای ڕومادی بەشداری کردووە و لە ئەو ڕۆژە بە دواوە وەک هەڵسووڕاوێکی ئەو ڕێکخراوەیە لە کەمپی ئەلتاش دەستی کردووە بە خەبات و تێکۆشانی سیاسی و شۆڕشگێڕانە.
ساڵی ١٩٩٢ بۆ دەورەی دووەمی کۆمیتەی لایەنگران، لە گەڵ بەڕێزان خالید عەلیپووڕ، ئەنوەر موحەمەدی، بەهرۆز نەزەری، عەسکەر و مەنزەر مورادی بوون بە ئەندامی ئەو کۆمیتەیە.
کاک عەزەم لە زۆربەی کۆڕ و مەراسمەکاندا وەک پێشکەشکار و وتارخوێن دەوری بەرچاوی هەبوو.ە
لە زۆربەی کۆمیتەکانی لایەنگرانی کۆمەڵەدا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٢ تا ٢٠٠٠ زایینی ئەندام و یان بەرپرس لە ئەو کۆمیتانە بووە. هەر وەها زۆربەی پێوەندییەکانی نێوان کۆمیتەی لایەنگران و دەفتەری نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە بەغدا لە ئەستۆی ئەو بووە.
کاک عەزەم وەک گەنجێکی وەرزشوان، کاپیتانی تیمی پێشەوا لە ناو تایفەی باوەجانی بووە. هەر لە ئەو ڕێگەیشەوە پێوەندی زۆری لە گەڵ گەنجەکانی ئەو ناوچەیە هەبووە و توانیویەتی کاریگەری باش لە سەر ئاستی وشیاری هاوڕێکانی هەبێت.
ساڵی ١٩٩٢ بووە بە ئەندامی حیزبی کومونیستی ئێران و لە گەڵ هاوڕێیان ئەنوەر موحەمەدی و عەسکەر مورادی لە شانەیەکی حیزبیدا (حوزە) پێکەوە کاریان کردووە.
وەک کاک عەزەم خۆی ئەڵێت، ساڵی ٢٠٠٠ کاتێک کە باسی ساغکردنەوەی کۆمەڵە و وازهێنان لە حیزبی کومونیستی ئێران لە لایەن کاک عەبدوڵڵە موهتەدی و هاوبیرانییەوە هاتە ئاراوە (کە بوو بە جیایی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە حیزبی کومونیستی ئێران) کاک عەزەم و کاک مەنسوور کە پێشتر ئەندامی حیزبی کومونیستی ئێران بوون لە ڕێگای نووسینی نامەیەکەوە بۆ کونگرەی ٧ ئەو حیزبە بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە شێوازی هەڵسووکەوت لە گەڵ لایەنگرانی لایەنی بەرانبەر (لایەنگرانی ڕەوتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە) وازلە ئەندامەتی ئەو حیزبە دێنن. ئەگەر چی لە ناوەڕۆکی هەموو باسەکان ئاگادار نین، بەڵام مەیلیان بۆ لای باسەکانی ڕەوتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە ئەچێت. لە دوای نووسینی ئەو نامەیە لە دەفتەری نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە بەغدا دەنێرن بە شوێن عەزەم و مەنسووردا. لە ئەوەێ لە لایەن هاوڕێیان کاک ئیبراهیم عەلیزادە، کاک موحەمەد نەبەوی و کاک ڕەحیم عەزیزپوور کۆبوونەوەیەکیان بۆ ئەگیرێت. لە ئەو کۆبوونەوەدا دێنە سەر ئەوەی کە کاک عەزەم و کاک مەنسوور بڕۆن بۆ کوردستان و چاویان بە هەر دوو لا بکەوێت و قسەی هەر دوو لایەن ببیسن. ئەمان ئەو پێشنیارەیان پێ باش ئەبیت و دەڕۆن بۆ کوردستان بە وردی گوێ بۆ هەر دوو لایەن ئەگرن و سەرئەنجام بیری لایەنگرانی کار کردن بە ناوی کۆمەڵە بە درووستتر ئەزانن و لە ئەو ڕۆژە بە دواوە ئەبن بە لایەنگری ئەو لایەنەی کە ئاگووستی ساڵی ٢٠٠٠ زایینی لە ژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمـەتکێشانی کوردستانی ئێران (هەمان ناو کە کۆمەلە پێش لە پەیوەست بوونی بە حیزبی کومونیستەوە پێی دەناسرا) سەربەخۆ بوونی خۆی لە حیزبی کومونیستی ئێران ڕاگەیاند.
ئەو کاتە کاک عەسکەر مورادی، کاک ئەنوەر موحەمەدی و کاک جەلیل عەلیپووڕ لە کوردستان پێشمەرگە بوون و لە ئەو جیابوونەوەدا ئەوانیش لە گەڵ پرۆسەی ساغکردنەوەی کۆمەلەدا بوون و دواتر پەیوست بوون بە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕەوە.
کاک عەزەم و کاک مەنسوور کە دوای جیایی کومەڵەی شۆڕشگێڕ لە حکا هەر لە ڕومادی مابوونەوە و لە بەر کێشەی ئەمنی لە لایەن عێراقەوە بە ئاشکرا نەیان توانیوە لە بیر و بۆچوونی خۆیان داکۆکی بکەن. بەڵام وەک ئەوەی کە کاک عەزەم خۆی ئەڵێت لە ڕێگای کەسێکەوە بە ناوی کەیومەرس وەکیلی گۆڤاری شۆڕش و نووسراوەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیان پێ گەیشتووە و ئەوانیش لە ناو هاوبیرانی خۆیان بڵاویان ئەکردەوە. لە کاتی جیا بوونەوەکەشدا کاک عەسکەر مورادی ئەچێتەوە بۆ ئۆردووگای ڕومادی کە دواتر چوونە وڵاتی ئۆردوون و لە ئەوێنەشەوە هاتنە وڵاتی سوید.
ساڵی ٢٠٠٣ لە دوای ئەوەی کە ڕژیمی بەعسی عێراق لە لایەن هێزەکانی ئامریکا و بریتانیاوە لە دەسڵات ئەکەوێت، کاک عەزەم و بنەماڵەکەی ئەگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان و لە ناوچەی شارەزوور لە جێگایەک بە ناوی نەسر نیشتەجێ ئەبن و دواتر لە گەڵ ٤٠٠ بنەماڵەی دیکەی پەنابەری کوردی ڕۆژهەڵات کە ئەوانیش لە ڕومادییەوە گەڕابوونەوە لە کەمپی باریکە لە نزیک شارۆچکەی عەربەت نیشتە جێ ئەبن. ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧ لە کەمپی باریکە بووە بە ئەندامی ئەنجوومەنی پەنابەرانی ئەو کەمپە.
لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ هەر وەک پێشمەرگەیەک کۆمەڵێک ئەرکی تەشکیلاتی پێ ئەسپێردرێت و سەرکەوتووانە بە ئەنجامیان ئەگەیەنێت. ساڵی ٢٠٠٥ بووەتە بەرپرسی تەداروکاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ.
ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ لە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بەرپرسایەتی هەبووە. ساڵی ٢٠٠٩ چووەتە وڵاتی ئینگلیس و پاش ماوەیەکی کورت بووەتە ئەندامی کۆمیتەی کۆمەڵە لە ئەو وڵاتە.
لە ساڵی ٢٠١٠ بە دواوە ئەرکی بەرپرسایەتی کۆمیتە و نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی لە وڵاتی ئینگلیس لە ئەستۆ بووە.
٢ – مەحسین قوبادیپووڕ
کاک مەحسین خەڵکی ناوچەی باوەجانییە کە لە گوندی قەیتول لە دایک بووە. لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار چاوی بە ژین کراوەتەوە. باوکی مامۆستا (موعەلیم) بووە. کاتێک کە کاک مەحسین لە شاری ڕەوانسەر لە دەبیرستان خوێندکار بووە لە ڕێگای گوێ گرتن لە ڕادیو دەنگی شۆڕشی ئێران (ڕادیو کۆمەڵە) بە سیاسەتەکانی کۆمەڵە ئاشنا بووە و خۆی لە ئەو ڕێکخراوە نزیک کردووەتەوە.
ساڵی ١٩٩٢ زایینی چووەتە باشووری کوردستان و بووەتە پێشمەرگەی کۆمەڵە و تا ساڵی ٢٠٠٠ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا خزمەتی کردووە. بە زۆری لە بەشی پزێشکی، گوردان و بۆ ماوەیەکیش لە ڕادیو کاری کردووە. ساڵی ١٩٩٣ بۆ سەردان لە خزم و کەس و کاری چووە بۆ ئۆردووگای ڕومادی و بۆ ماوەی پێنج، شەش مانگێک لە ئەو شوێنە ماوەتەوە. سەرە ڕای ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە خزمانی سەر بە حیزبی دیموکرات بوون، بەڵام ئەو بۆ پەرەپێدانی بیر و باوەڕی کۆمەڵە لە ئەو ژینگەیە تێکۆشاوە.
ساڵی ٢٠٠١ هاتووەتە وڵاتی سوید و تا ئاستی سەرەوەی دوا ناوەندی (فوق دیپلم) لە بواری تکنیک دەرسی خوێندووە و ئێستەش لە گەڵ کۆمەڵە – سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێراندایە.
٣ – حەبیب قادری
کاک حەبیب، ناسراو بە حەبیب باوەجانی لە ئەسڵدا خەڵکی ناوچەی سەلاسی باوەجانییە، بەڵام لە شاری جوانڕۆ لە دایک بووە. لە جوانڕٶ تا دواناوەندی (دیپلم) دەرسی خوێندووە.
لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە گەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ئاشنایەتی پەیدا کردووە و بووەتە لایەنگری ئەو ڕێکخراوەیە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٤ بە داواوە بە فەرمی کاری بۆ ئەو ڕێکخراوە کردووە. لە نێوان سالەکانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٧ چەند جاڕیک گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی سەلاسی باوەجانی بۆ کاری وێنەگرتن بۆ ڕۆژهەڵات تی ڤی. وەک کادری بەشی ڕاگەیاندن لە ڕێزی کۆمەڵەدا کاری کردووە. ساڵی ٢٠٠٨ بووەتە ئەندامی کۆمەڵە و دواتر بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە بەشی پێوەندییەکانی کۆمەڵە لە شاری هەولێر کاری کردووە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئۆردووگای کۆمەڵە ولە بەشی پیوەندییەکانی شاری سلێمانی ئەرکی پێ سپێردراوە. هاوینی ساڵی ٢٠١٢ چووەتە وڵاتی نوروێژ و ئێستە لە ئەو وڵاتە ئەژی. ئێستە ئەندامی کۆمیتەی گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە لە وڵاتی نورویژ. هەر وەها نوێنەری کۆمەڵەیە لە کۆمیتەی هاوکاری هێزە کوردستانییەکان لە وڵاتی نورویژ.
٤ – حەسەن موحەمەدی
کاک حەسەن خەڵکی ئاوایی تەپەڕەشی سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە کە ساڵی ١٩٨٠ زایینی لە بەر هۆکاری شەڕی عێراق – ئێران لە گەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی وڵاتی عێراق بوون و پاش دوو ساڵ مانەوە لە سەر سنوورەکان و لە ئۆردووگای سەنگەر، هاوینی ساڵی ١٩٨٢ لە لایەن جێشی عێراقەوە بە زۆر ڕاپێچی ئۆردووگای ڕومادی کراوەن کە هەڵکووتبوو لە ١٣٠ کیلومیتری ڕۆژئاوای شاری بەغداوە.
لە ساڵی ١٩٨٦ لە ئۆردووگای ڕومادی ئەبێتە لایەنگری حیزبی دیموکرات و لە گەڵ چەند کەسی تر لە شانەیەکدا ڕێک ئەخرێن و کاری حیزبی ئەکەن. لایەنگری کردنی ناوبراو لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تا ئەو کاتەی کە دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ساڵی ١٩٩١ زایینی) بەردەوام ئەبێت. دوای گەڕانەوەیان بۆ کوردستان لە شاری سەرپێڵی زەهاو نیشتەجێ ئەبن و هەر مەیلی بە لای حیزبەوە ئەمێنێت، بەڵام پیوەندی لە گەڵ حیزبەکەی نامێنێت. هەر لە بەر لایەنگری کردنی لە حدکا لە ئۆردووگای ڕومادی، زۆر جار لە لایەن ئیتلاعاتەوە (دەزگای زانیاری ئێران) دەکەوێتە بەر لێکۆڵینەوە و چەند جارێک بۆ لێپرسینەوە بانکی ئەکەن و ئەیخەنە ژێر گوشارەوە.
هەر لە ئەو دەورانەدا کاک حەسەن لە شاری سەرپێڵ لە گەڵ هەڵسووڕاوێکی بەشی نهێنی کۆمەڵە بە ناوی کاک ئیسمائیل کە ئێستە دانیشتووی وڵاتی فینلاندە و لە ئەسڵدا خەڵکی ناوچەی کامیارانە ئاشنا ئەبێت و لە ڕێگای ناوبراوەوە لە گەڵ کۆمەڵە ئاشنا ئەبێت. دواتر ئەبێتە لایەنگری کۆمەڵە و ڕوو ئەکاتە خەباتی نهێنی. ساڵی ٢٠٠٢ چووەتە کوردستان و سەردانی کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێرانی کردووە و چاوی بە کادیرانی کۆمەڵە کەوتووە. بۆ نموونە وەک خۆی ئەڵێت، چاوی بە کاک سەلاحی مازووچی، کاک مینەی حسامی، کاک جەعفەری ئەمینزادە (جەعفەرە سوور)، مامۆستا عوسمان وکاک حەسەن خەیر کەوتووە و لە گەڵیان دانیشتووە و ڕێنوێنی وەرگرتووە. کار و خەباتی نهێنی کاک حەسەن تا ساڵی ٢٠٠٣ درێژەی کێشاوە و دواتر کە هەستی بە مەترسی لە ئاشکرا بوون و گرتن کردووە، چووەتە وڵاتی تورکیە. مانگی مارسی ٢٠٠٥ چووەتە وڵاتی کانادا و تا ساڵی ٢٠٠٦ هەر لە گەڵ کۆمەڵە- سازمانی کوردستانی حکا ماوەتەوە. دواتر لە ئەو لایەنە وازی هێناوە و بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و تا ئێستەش ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە.
لە ئێرەدا کۆتایی بە ئەم بەشە دێنم و لە بەشی شانزدەیەمدا هەوڵ ئەدەم بەشێکی تر لە لایەنگران و هەڵسووڕاوانتان لە ئۆردووگای ڕومادی پێ بناسێنم کە لە ساڵی ١٩٩١ بە دواوە پێوەندییان بە کۆمەڵەوە گرتووە. هەر وەها هەوڵ ئەدەم کە لە یەک، دوو بەشی داهاتوودا کۆتایی بە ناسینی کەسەکان بهێنم و لە سەر باقی ڕووداو و هەڵسووکەوتەکانی پێوەندیدار بە ئەو مێژووە بڕۆم. دیارە زۆر کەسی تر هەن کە دەبوایە ناویانم بهێنایەت، بەڵام لە بەر چەند هۆکارێک لە ئێستەدا (بە داخەوە) ئەو کارەم بۆناکرێت.
لە گەڵ ڕێزی دووبارەم!
عەلی قەنبەری ١٦ – ٦ – ٢٠١٣ زایینی