دێموکراسی به شێوه‌ی جۆراوجۆر لێکده‌درێته‌وه. یه‌کێک له‌و لێکدانه‌وانه ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێ دێموکڕاسی بریتیه له شێوه و فۆرمی حکوومه‌ت کردن و ئیداره‌کردنی وڵات.
که‌چی پسپۆڕ‌و فه‌یله‌سوفی دیکه هه‌ن که له‌وه تێده‌په‌ڕن و مانا‌و تێگه‌یشتن له دێموکڕاسی به‌رینترده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێن دێموکڕاسی بریتیه له شێوه‌ی ژیان.
ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که دێموکڕاسی ته‌نیا هه‌ر شێوه‌ی حکومه‌تکردن، وه‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات و چۆنیه‌تی بڕیاردان و سیاسه‌تگوزاری نیه. دێموکراسی بریتیشه له‌وه که چۆن ڕه‌فتارده‌که‌ی؟ به چ جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ی؟ چده‌ڵێی و چۆنیش قسه‌ده‌که‌ی؟ دێموکراسی شێوه‌ی ره‌فتار وهه‌ڵسان و دانیشتن و مێنتالیته‌یه. دێموکراسی بریته له‌وه که چۆن هه‌ڵس وکه‌وت و ره‌فتار له گه‌ڵ که‌سانی دیکه، له گه‌ڵ غه‌یری خۆمان ده‌که‌ین. چۆن گوێ ده‌گرین؟ چۆن ڕێگا به‌که‌سانی دیکه ده‌ده‌ین قسه‌بکه‌ن؟ چۆن وتا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک ته‌حه‌موولی ئه‌ونه‌زه‌رو بۆ چوونانه ده‌که‌ین که له گه‌ڵ نه‌زه‌ر و بۆ چوونه‌کانی ئێمه نایه‌نه‌وه؟. دێموکراسی بریتیه له ڕێز و ئیحتیرام بۆ خۆمان وه‌ک ئینسان ، بۆ ئه‌وانه که له‌گه‌لیان کار وژیان ده‌که‌ین. بۆئینسانه‌کانی دیکه. بۆ ده‌وروبه‌رمان.
دێموکراسی بریتیه له دیتنی که‌سانی دیکه‌ش جیا له خۆمان. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که وه‌ک من بیرناکه‌نه‌و وه‌ک من بۆ مه‌سه‌له‌کان ناچن. دێموكراسی بریتیه له‌وه که‌توانای ئێمپاتیمان هه‌بێت. واته بتوانین خۆمان له جێی که‌سانی دیکه‌ش دانێین. بتوانین به چاویلکه‌ی که‌سانی دیکه‌ی جیا له خۆشمان ته‌ماشای دیارده‌کان بکه‌ین. دێموکراسی بریتیه له‌وه که زمان و وشه‌و ڕسته باکاربێنی بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ کێشه‌کان. دێموکڕاسی بریتیه له دیالۆگ و پێکه‌وه دانیشتن و پێکه‌وه‌دوان بۆ دۆزینه‌وه‌ی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌کانی ئه‌وکه‌سانه‌ی پێکه‌وه ده‌ژین و چاره‌نووسی هاوبه‌شیان هه‌یه. بریتیه له کارکردن بۆ دابینکردنی خێری گشتی.
دێموکراسی شتێک نیه درووست کرابێ و ئیدی ته‌واو بووبێت. دێموکراسی به‌رده‌وام له حاڵی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون وپه‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتن و به‌رین بوونه‌وه و قووڵ بوونه‌وه دایه. دێموکڕاسی ده‌بێت فه‌تح بکرێ، به‌کاربهێنرێ و تاقی بکرێته‌وه و ته‌تبیق بدرێ و که‌مووکوڕیه‌کانی چاک بکڕێن و دیسان ودیسان سه‌ر له‌نوێ فه‌تح بکرێته‌وه.
له ئه‌سڵدا دێموکراسی وشه‌یه‌کی یۆنانیه و به‌مانای ده‌سته‌ڵاتی خه‌ڵک دێ. دێم‌و واته خه‌ڵک و كراسییش واته ده‌سته‌ڵات یا ئیداره‌و حکومه‌ت. ده‌زانین که دامه‌زراوه سیاسیه‌کانی یۆنانی قه‌دیم نه‌یانتوانی بمێننه‌وه، به‌ڵام بیر‌و ئیده‌کانیان له نێو نه‌چوون. ئه‌و بیروئیدانه خۆیان خزانده کولتوری ڕۆمی ومه‌سیحیه وه. به‌کاربران و تاقی کرانه‌وه. کاریان بۆکرا، په‌لاماردران، دیفاعیان لێکراو به‌ره‌به‌ره جێگیرکران وله سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سه‌قامگیرکران. که‌واته دێموکراسی وه‌ک شێوه‌ی حکومه‌ت له ڕاستی دا هه‌م زۆر قه‌دیمی یه و هه‌م نوێشه. تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی مێژووییه و پێوێستی به‌وه هه‌یه فێری بین و به‌کاریبێنین و به‌رو پێشی به‌رین.
بۆ ئه‌وه‌ی دێموکراسی کاربکا و چه‌رخه‌که‌ی هه‌ڵسوڕێ پێویستی به هاووڵاتی چالاک، هه‌ڵسوور وئاگا و ئاکتیو هه‌یه. به‌ڵام هاووڵاتی ئاگا‌و ئاکتیو ته‌نیا هه‌ربه‌وه درووست نابێ که له کۆمه‌ڵگایه‌کی دێموکراتی دا له دایک بێت. مۆدێلێکی له‌و چه‌شنه له هاووڵاتی پێویسته په‌روه‌رده بکرێ. له‌وباره‌وه ئه‌رکی هه‌ره گه‌وره ده‌که‌وێته سه‌رشانی مه‌دره‌سه ومامۆستاکان. دێموکراسی پێویسته ببێته په‌روه‌رده. ده‌بێ فێری بین. ببێته ژیانی ڕۆژانه‌مان. خۆ له خۆڕا نیه له وڵاتێکی وه‌ک نۆروێژ له قوتابخانه‌کان دا ئه‌و هه‌موو بایه‌خه به بردنه‌سه‌ری لێوه‌شاوه‌یی کۆمه‌ڵایه‌تی قوتابیه‌کان ده‌درێ.
لایه‌نێکی گرینگی دێموکڕاسی بریتیه له‌و یاسا و ڕێسایانه که پێوه‌ندیان به چۆنیه‌تی و پڕۆسه‌ی چوونه‌پێشی بڕیاردان و سیاسه‌تدانانه‌وه هه‌یه. به‌ڵام ده‌زانین که بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت دانان و بڕیاردان دیمۆکراتیک و درووست وحیسابی بێت، پێویسته هه‌ندێک مه‌رج ده‌سته‌به‌رکرابن. واته پێویسته ئازادی به‌یان و عه‌قیده، ئازادی هات وچۆی زانیاری و ده‌ست ڕاگه‌یشتن به زانیاری، ئازادی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن، ئازادی پێکهێنانی کۆڕوکۆمه‌ڵی سیاسی و سه‌ندیکایی و ئازادی ڕێپێوان وخۆپێشاندان ده‌سته‌به‌ربکرێن. له‌وه‌ش زیاتر ئه‌وه‌یه که پێویسته ئه‌منیه‌تی قه‌زایی بۆ هه‌مووهاووڵاتیان دابین کرابێت.
دێموکراسی ته‌نیا هه‌ر ده‌سته‌ڵات و ده‌نگ وحاکمیه‌تی زۆرایه‌تی نیه.لایه‌نێکی زۆرگرینگی دێموکراسی بریتیه له وه‌به‌رچاوگرتنی مافی که‌مایه‌تی و پاراستنی که‌مایه‌تی و ته‌حه‌موولی که‌مایه‌تی. بریتیه له رێزدانان بۆ که‌مایه‌تی وئه‌وانه‌ی وه‌ک زۆرایه‌تی بیرناکه‌نه‌وه و وه‌ک زۆرایه‌تی ناچن. له دێموكراسی دا که‌مایه‌تی ده‌بێته زۆرایه‌تی. زۆرایه‌تی ده‌بێته که‌مایه‌تی. ده‌سته‌ڵات ده‌ستاودست ده‌کرێ. ئۆپۆزیسیۆن ده‌چێته پۆزیسۆن. ئه‌گه‌ر سیسته‌مێک ده‌رفه‌ت به‌و ئاڵوگۆڕانه به گوێره‌ی یاسا و به‌شێوه‌یه‌کی دوورله تووندوتیژی نه‌دا و میکانیزمیان بۆده‌سته‌به‌رنه‌کا، دێمۆکراسیه‌که‌ی ناته‌واوه. ئه‌کسه‌ریه‌ت به پێکه‌وه هه‌ڵکردن له گه‌ڵ که‌مایه‌تی دا وه‌ک ئه‌کسه‌ریه‌ت ده‌مێنێته‌وه. ئه‌قه‌لیه‌تیش ته‌نیا تا ئه‌وکاته ئه‌قه‌لیه‌ته که توانای ئه‌وه له‌خۆی نیشاندا له گه‌ڵ زۆرایه‌تی بحه‌وێته‌وه ومیکانیزمه‌کانی پێکه‌وه‌سازان وه‌به‌رچاوبگرێ. چه‌نده ئه‌کسه‌ریه‌ت به‌بێ که‌مایه‌تی ده‌چێته ژێرپرسیاره‌وه، ئه‌وه‌نده‌ش که‌مایه‌تی بێ زۆرایه‌تی ده‌چێته ژێرپرسیار و قسه‌و هه‌ڵوێسته‌کانی حه‌قانیه‌ت له ده‌ست ده‌ده‌ن. نه ئه‌کسه‌ریه‌ت و نه ئه‌قه‌لیه‌ت مافی ئه‌وه‌یان نیه دێموکڕاسی ته‌عتیل بکه‌ن.
پڕۆفیسۆر بێرنت هاگتڤیست، مامۆستای نانسنسکوله‌ن،که ئه‌کادیمیه‌که بۆ فێربوونی دێموکڕاسی و مافه‌کانی مرۆڤ له نزیک شاری لیله هامر له نۆروێژ، له یه‌کێک له وانه‌کانیدا سه‌باره‌ت به دێموکراسی ده‌ڵێت دێموکڕاسی سیسته‌می سازان و پێکه‌وه ژیان و وێک هه‌ڵکردن و پێکهاتنه. ئه‌و ده‌ڵی دێموکڕاسی یانی کۆمپرۆمیس، یانی سازان له گه‌ڵ یه‌کتر. نێوه‌رۆکی دێموکراسی بریتیه له وه که ئینسانه‌کان هاوبایه‌خن و نرخی وه‌ک یه‌کیان هه‌یه. به‌وپێ یه هیچ که‌س مافی ئه‌وه‌ی نیه مرۆڤه‌کانی دیکه به‌که‌م بگرێ یا هه‌ڵیان هاوێری. له دێموکراسی دا ئه‌وانی دیکه وه‌ک سه‌رچاوه و توانا بۆ خزمه‌تی گشتی سه‌یر ده‌کرێن نه‌ک وه‌ک کۆسپی سه‌ر رێگای خێری گشتی. ناوبراو باس له به‌رانبه‌ریی سیاسیی ئینسانه‌کان ده‌کا. له‌وه‌ش زیاتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌پێ داده‌گرێ که دێموکڕاسی ئه‌وه‌یه که مرۆڤه‌کان هه‌ل و ده‌رفه‌تی وه‌ک یه‌کیان بۆ پێک بێت. لێره‌دایه که مه‌سه‌له‌ی ده‌سته‌ڵات دێته گۆڕێ. ده‌سته‌ڵات بریتیه له وه که توانا‌و ده‌رفه‌تمان بۆ بردنه پێشی ویسته‌کانمان هه‌بێت. توانا و ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی داخوازه‌کانمان وه‌دیبێنین و مه‌به‌ست وقازانجه‌کانمان به‌رینه پێش. که‌واته ده‌سته‌ڵات ئه‌وه‌ش ده‌گرێته‌وه که چه‌نده ده‌ستمان به سه‌رچاوه‌کان ڕاده‌گا. مه‌به‌ست له سه‌رچاوه‌کان بریتیه له پووڵ، زانست و زانیاری، پۆست ومه‌قامی ڕه‌سمی و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ست ڕاگه‌یشتن به شوێنه‌کانی بڕیاردان و….. ئه‌وانه هه‌موویان پێوه‌ندی زۆر نزیکیان به ده‌سته‌ڵاته‌وه هه‌یه.
دێموکڕاسی که‌مووکوڕی تێدایه وه‌ختێک ده‌بینین زۆربه‌ی بڕیاره‌کان له ناوه‌نده‌جۆراوجۆره‌کانی بڕیاردان وسیاسه‌ت گوزاری دا له لایه‌ن پیاوانه‌ه‌وه و ته‌نانه‌ت به بێ حزووری ژنان ده‌ده‌رێن. له هه‌موو حیزبه کوردستانیه‌کاندا و له حیزبی ئێمه‌شدا ڕاده‌ی ژنان و به‌شداریان له ئۆرگانه بڕیارده‌ره‌کان دا زۆر زۆر که‌مه. به‌وپێ یه ده‌توانین بڵێین که بڕیاره‌کانمان زۆرتر مۆڕکی پیاوانه‌یان پێوه‌دیاره. که ئه‌وه بۆخۆی وه‌به‌رچاونه‌گرتنی دێموکڕاسی یه. له‌به‌رنامه‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌داگیراوه که ژن وپیاو مافی وه‌ک یه‌ک وبه‌رامبه‌ریان هه‌یه. به‌رانبه‌ریی ژن و پیاو بریتیه له ئازادی و مافی وه‌ک یه‌ک بۆ به‌شداری له پڕۆسه‌ی بریاڕدان و بڕیارداندا. بریتیه له‌وه که ژن و پیاو ده‌سته‌ڵات ونفووزی وه‌ک یه‌کیان له هه‌موو بواره جۆراوجۆره‌کانی ژیان وکار و خه‌بات دا هه‌بێت. وه‌ک مووچه‌ی وه‌ک یه‌ک بۆ کاری وه‌ک. وه‌ک ده‌رفه‌تی وه‌ک یه‌ک بۆ به‌شداری له کاروباری سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی دا.
له‌وه‌ش زیاتر دێموکڕاسی بریتیه له دابه‌شکردنی ده‌سته‌ڵات ونفووز به شێوه‌یه‌کی عادڵانه. له کۆمه‌ڵێکدا که جیاوازیه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌کان زۆر و زه‌ق و به‌رچاون، دێمۆکڕاسی له ڕاستی دا ده‌بێته ڕواڵه‌تی و ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه به پێچه‌وانه‌ی بایه‌خه‌کانی خۆی که‌ڵکی لێوه‌رگیرێت. هه‌ژاره‌کان و ده‌ستکورته‌کان خاوه‌نی ڕۆژنامه و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و گۆڤار نین، توانای به‌کرێگرتنی مێدیاکانیان نیه. ده‌ستیان وه ڕاگه‌یه‌نه گشتیه‌کان ڕاناگا. ده‌ستیان وه ناوه‌نده‌کانی بڕیاردان و ئه‌و ژووره داخراوانه ڕاناگا که بڕیاریان تێدا ده‌درێ و سیاسه‌تگوزاریان تێدا ده‌کرێت. ئه‌وان خه‌می گه‌وره‌یان ئه‌وه‌یه که وه‌مێنن و منداڵه‌کانیان شه‌وانه به برسیه‌تیه‌وه سه‌رنه‌نێنه‌وه. له‌وه‌زعێکی ئاوادا دێموکڕاسی بۆ ئه‌وان ده‌بێته چی؟ مافی وه‌ک یه‌ک بۆده‌نگ دان و ئه‌وه که هه‌موان مافی وه‌ک یه‌کیان بۆ ده‌نگدان هه‌یه به کرده‌وه دابین نابێت. ئه‌ناتۆڵ فرانس به‌ته‌وسه‌وه ده‌ڵێ قانوون بۆ هه‌مووان وه‌ک یه‌که و که‌س هه‌ڵناوێرێ. سواڵ کردن له ژێر پرده‌کانی پاریسێ دا بۆ هه‌موو که‌س قه‌ده‌غه‌یه چ ده‌وڵه‌مه‌ندو چ فه‌قیر.
باشه ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ سواڵێ ده‌کات؟ ده‌وڵه‌مه‌ند چ پێویستیه‌کی به سواڵ کردن هه‌یه تا قانوون لێی قه‌ده‌غه بکا؟
به‌و جۆره بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ئێمه هێشتا نه‌هاتووین دێموکڕاسی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی بخه‌ینه به‌رباس. نه‌دیتن و پشتگوێخستنی ئه‌و لایه‌نه گرینگه‌ی دێموکڕاسی تێگه‌یشتنی ئێمه له دێموکڕاسی به‌ده‌ردی کورده‌کانی کوردستانی عێڕاق ده‌ڵێن سه‌قه‌ت ده‌کا.
ئێستا مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ش له‌وباره‌وه ده‌بێت بخه‌ینه به‌رباس. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ره گه‌وره له‌سه‌ر دێموکراسی ، ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵگا دێموکراته‌کانیش دا، بریتیه له که‌م ڕه‌غبه‌تی خه‌ڵک واته هاووڵاتیان بۆ به‌شداری له کاروباری سیاسی‌دا. له کوردستانیش ئه‌وه ده‌بێت به مه‌ترسی له قه‌ڵه‌م بدرێ. ده‌بێت خه‌ڵک له کاروباری سیاسی دا به‌شداری و ده‌خاله‌ت بکه‌ن و وه‌ک هاووڵاتی ماف و ئه‌رک بۆ خۆیان قایل بن. له ریزه‌کانی حیزبیش دا ئه‌ندامانی حیزب پێویسته له هه‌مووبواره‌کانی ژیانی حیزب دا ده‌خاله‌ت بکه‌ن و شوێن دانێن. دیواره‌کانیی قه‌ڵای حیزبی دێموکڕات ده‌بێت هه‌موو خشت و به‌رده‌کانی قه‌وی و پته‌و‌بن تا خودی قه‌ڵاکه‌ش پته‌وبێت. ئه‌وه‌ش به‌وه ده‌سته‌به‌رده‌کرێت که ئه‌ندامانی حیزب و تێكۆشه‌رانی حیزب له کاروباری حیزبی دا ده‌خاله‌ت بکه‌ن و فه‌زای دێموکڕاتی نێوحیزب بۆ شوێن دانان له سه‌ر سیاسه ت وهه‌ڵوێسته‌کانی حیزب ده‌کاربکه‌ن.
مۆبیلیزه‌کردنی هاووڵاتیان بۆ به‌شداری له کارووباری سیاسی‌دا بۆخۆی لایه‌نێکی گرینگی دێموکراسیه. کۆنتڕۆڵ کردنی نوێنه‌ران له لایه‌ن ئه‌وکه‌سانه که ده‌نگیان پێداون، مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ی زۆر جدیه له دێموکڕاسی دا.
دیاره پسپۆران له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن که ئه‌گه‌ر له لایه‌ک ره‌غبه‌ت بۆ ده‌خاله‌ت و به‌شداری له کاروباری سیاسی‌دا له نێو هاووڵاتیاندا له که‌میی داوه، له لایه‌کی دیکه‌وه دێموکڕاسی له رێگای جۆراوجۆری دیکه‌وه به هێزبووه. بۆ نموونه له رێگای کۆنڤانسیۆن و په‌یماننامه نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، له رێگای به‌شداری له بزووتنه‌وه جۆراوجۆره‌کان، له رێگای درووست‌کردنی ڕایه‌ڵکه‌کانی هاوپێوه‌ندی و هاوکاری، چ له ئاستی نێونه‌ته‌ویی و چ له ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا ، له ڕێگای هاتنه‌کایه‌ی تکنۆلۆژی مۆدێڕن و ڕاگه‌یه‌نه گشتیه‌کان. ئه‌وانه هه‌رکامیان به نۆره‌ی خۆیان له‌سه‌ر به‌هێزکردنی دێموکڕاسی شوێن داده‌نێن.
دێموکڕاسی بریتیه له وه که هه‌رکه‌س خاوه‌نی ده‌نگه له هه‌ڵبژارتندا. به‌ڵام له کرده‌وه‌دا ئه‌وانه‌ی کیسه‌باخه‌ڵه‌که‌یان ئه‌ستوورتره، ده‌نگی زۆرتر ونفووزی زۆرتریان هه‌یه. هێزی کڕین و توانای کڕین ده‌سته‌ڵات دێنێ و ده‌سته‌ڵات ده‌دات به‌و که‌سه‌ی که توانای کڕینی زۆری هه‌یه.
له دێموکراسی دا مه‌سه‌له‌ی ده‌سته‌ڵات زۆر گرنگه. کێ ده‌سته‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه؟ کێ ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر پوڵه‌کاندا هه‌یه؟ ئه‌وه ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ن که به‌رده‌وام ده‌بێت باسیان لێ بکرێت. گرینگ ئه‌وه‌یه هاووڵاتیان پاسیو نه‌بن. ته‌ئسیر دانێن و شوێن دانێن له‌سه‌ر سیاسه‌ت و له کاروباری کۆمه‌ڵ دا به‌شداربن. زۆر گرینگه لاوان فێربن سیاسه‌ت بکه‌ن و به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له جۆراوجۆره‌کان بێ ته‌فاوه‌ت نه‌بن.
له‌ڕاستیدا بیروبۆچوونی دێموکڕاتیک و ئیده‌ی دێموکڕاتیک نابنه هیچ ئه‌گه‌ر کرده‌وه‌و ڕه‌فتار وسیاسه‌ت وهه‌ڵوێستی دێموکراتیکیان لی نه‌که‌ویته‌وه. له جێگایه‌ک که بایه‌خی ئینسانی ئینسانه‌کان وه‌به‌رچاوناگیرێ، دێموکڕاسی نیه. له‌هه‌رجێ یه‌ک ئینسانه‌کان به جیدی ناگیرێن، دێموکڕاسی له گۆڕێدانیه. ئینسانه‌کان خۆیان، نه‌زه‌ریان و ئه‌زموون و توانا و لێوه‌شاوه‌ییه‌کانیان ده‌بێت ببینرێن و که‌ڵکیان لێوه‌رگیرێ و به هێند بگیر‌ردرێن. ده‌نا دێموکڕاسی فریو و که‌ڵه‌که.
ئه‌وانه‌ی که ده‌که‌ونه به‌ر ئاکامی سیاسه‌ت وبڕیاره‌کان، ده‌بێ له داڕشتنی سیاسه‌ت و بریاره‌کاندا نه‌زه‌رو بۆ چوونیان وه‌به‌رچاوبگیرێ و ته‌نانه‌ت نه‌خشیشیان هه‌بێت.
مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌سڵی له دێموکراسی‌دا بریتیه له دیالۆگ و لێک تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه‌و ریز وئیحتڕامی دوولایه‌نه. له ته‌ربیه‌تی حیزبی و ته‌شکیلاتیدا زۆر گرینگه ئه‌ومه‌سه‌له‌یه وه‌به‌رچاوبگرین. دیالۆگ نه‌ک بۆ یه‌کتر له مه‌یدان ده‌رکردن، به‌ڵکو بۆ یارمه‌تی به ڕوونبوونه‌وه‌ی یه‌کتر. یارمه‌تی به لێکنزیکبوونه‌وه‌و له یه‌کتر فێربوون. یارمه‌تی به چاره‌سه‌ری کێشه‌کان.
دیالۆگ
نیشانه‌یه‌کی به‌رچاوی دێموکڕات بوون ئه‌وه‌یه که ئایا تۆ ئاماده‌ییت هه‌یه قسه و دیالۆگ له گه‌ڵ ئه‌وکه‌س ولایه‌نانه بکه‌ی که ناکۆکیت له گه‌ڵیانداهه‌یه؟ ئایا ئاماده‌ی له گه‌ڵ ئه‌وکه‌س ولایه‌نانه دیالۆگ بکه‌ی که ده‌گه‌ڵت هاوده‌نگ نین؟ ئایا ئاماده‌ی ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر مه‌سه‌له زۆر ئاڵۆز و پڕ گرێ و گۆڵه‌کانیش قسه‌وباس له گه‌ڵ موخالیفه‌کانت بکه‌ی؟
که‌واته گرینگ‌ترین ئامڕاز و چه‌ک و وه‌سیله‌ی بردنه پێشی دێموکڕاسی، دیالۆگ و باس و وتووێژه.
بۆ ئه‌وه‌ی دیالۆگ درووست و سه‌رکه‌وتووبێت پێویسته لایه‌نه‌کانی دیالۆگ له دڵه‌وه بیانه‌ێ وکاربکه‌ن بۆ تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش. گرینترین مه‌سه‌له له دیالۆگدا ئه‌وه‌یه که ئه‌تۆ لایه‌نی به‌رامبه‌رت به هاوبایه‌خ له قه‌ڵه‌م ده‌ی. ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ ئاماده‌بووی وه‌ک لایه‌نی هاوبایه‌خ حیسابت بۆ کرد، ئه‌وده‌م رێزیشی لێده‌گری.
له دیالۆگدا هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن له پارتنه‌ره‌که‌ت به‌هه‌مان ئه‌ندازه گرینگه که هه‌وڵده‌ی پارتنه‌ره‌که‌ت له تۆ حاڵی بێت. چه‌نده گرینگه قسه‌کانت بکه‌ی ، ئه‌وه‌نده‌ش گرینگه گوێ له قسه‌کانی پارتنه‌ره‌که‌ت بگری. له ڕێگای گوێگرتن له ته‌ڕه‌فه‌وه زۆرلایه‌نی دیکه‌ی مه‌سه‌له‌که‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ و ئه‌وه‌ش هانمان ده‌دا جۆرێکی دی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌که بیر بیکه‌ینه‌وه. ئه‌وه ڕه‌نگه بمان گه‌یه‌نێته جێگایه‌ک که بۆمان ده‌رکه‌وێ هه‌ڵه‌مان هه‌بووه و ئازایه‌تی ئه‌وه‌ش په‌یداکه‌ین دان به هه‌ڵه‌که‌ماندا بێنین.
ئه‌وه که پارتنه‌ره‌که‌ت چی له دڵدایه هیچ بایه‌خێکی نیه ئه‌گه‌ر گوێی لێ نه‌گرین. له دیالۆگدا قسه‌ده‌که‌ین، به‌ڵگه‌ی مه‌حکه‌م دێنینه‌وه ، گوێده‌گرین و ڕه‌ه‌خنه له‌خۆمان ده‌گرین و ته‌ڕه‌ف ڕوون ده‌که‌ینه‌وه.
له‌دیالۆگی جیدی‌دا مه‌به‌ست و بیر و ڕوانگه‌و بۆچوون و نه‌زه‌ره‌کانمان ناشارینه‌وه. ڕوون و ئاشکراو بێ پێچ وپه‌نا مه‌به‌سته‌کانمان بۆ پارتنه‌ره‌که‌مان ده‌رده بڕین. هه‌ربه‌وجۆره‌ش ئه‌و نه‌زه‌ر و بۆ چوونانه‌ی پارتنه‌ره‌که‌مان ره‌د ده‌که‌ینه‌وه که قبووڵمان نین. به‌ڵام ئه‌وکاره به‌شێوه‌یه‌ک ده‌که‌ین که زیان به بایه‌خی ئینسانی و که‌سایه‌تی ئینسانی پارتنه‌ره‌که‌مان نه‌گه‌یه‌نین. ئێمه نه‌زه‌ر و بۆچوونه‌کانی ته‌ڕه‌ف ده‌ده‌ینه به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه‌و ڕوونکردنه‌وه‌و وئیستیدلال به‌ڵام ئینسانیه‌تی لێوه‌رناگرینه‌وه.
كێشه‌کان
کێشه وهه‌بوونی کێشه به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی ژیانی ئینسان و کۆمه‌ڵگای ئینسانیه. له کۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخی ئێستادا که هۆیه‌کانی پێوه‌ندی گرتن وکۆمیونیکاسیۆن زۆرن و خه‌ڵک زۆر وێک ده‌که‌ون، ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین که کێشه‌ش زۆربن. کێشه‌کان بیر و بۆچوون و خه‌یاڵمان وه‌کارده‌خه‌ن. هیزی خه‌للاقیه‌تمان تێدا درووست ده‌که‌ن. توانا‌مان بۆ هاوکاری و هاوپێوه‌ندی نیشاندان وه‌گه‌رده‌خه‌ن.
له یه‌ک قسه‌دا کێشه‌کان له‌زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کان دا ژیانێکی پڕمانامان ده‌دنێ و مانا به ژیان وکار وخه‌بات و تێکۆشانمان ده‌ده‌ن. هه‌موومان دیتوومانه له کات و حاڵه‌تی هه‌بوونی کێشه‌کاندا هه‌ست به زیندووبوونی زیاتر ده‌که‌ین. بۆیه هێنانه به‌رباسی کێشه بچکۆله‌کان ، پێش به سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی گه‌وره‌ده‌گرێت. که‌واته ژیان به‌بێ کێشه نیه و ناتوانین خۆمانیان لێ لاده‌ین. بۆیه ده‌بێت فێربین به‌شێوه‌یه‌کی درووست و ئوسووڵی و خه‌للاق کێشه‌کان ئیداره و چاره‌سه‌ربکه‌ین.
له‌وباره‌وه ئیدی ئه‌مڕۆ خاوه‌نی ئه‌ده‌بیاتێکی زۆرین که یارمه‌تیمان ده‌دات چۆن له کێشه‌کان حاڵی بین و چۆن بۆ چاره‌سه‌رکردنیان هه‌نگاو هه‌ڵگرین. کێشه‌کان دابه‌شده‌کرێن به‌سه‌ر ده‌سته‌ی جۆراوجۆردا. بۆنموونه کێشه له‌سه‌ر قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی، کێشه له‌سه‌ر بایه‌خه ئاینی و سیاسی و ئیده‌ئۆلۆژیه‌کان، کێشه له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات و نفووز و پرستیژ و پۆست و مه‌قام و هتد….
ئه‌وه‌ش ده‌زانین که چۆن کێشه‌کان گه‌وره‌ده‌بن و داگیرمان ده‌که‌ن. له‌سه‌ره‌تادا به‌شێوه‌یه‌کی ناخۆش له گه‌ڵ ته‌ڕه‌ف قسه‌ده‌که‌ین. دواتر هه‌ستی مه‌نفی جۆراوجۆرمان سه‌باره‌ت به ته‌ڕه‌ف تێدا درووست ده‌بێت. به‌ره‌به‌ره ته‌ڕه‌ف هه‌رقسه‌یه‌ک بکا به خراپ لێی حاڵی ده‌بین یا خراپی ته‌رجومه‌ده‌که‌ین. ئیتر ئه‌سڵی کێشه‌که‌مان له بیر ده‌چێ، واته ئه‌و شته که ناکۆکیمان له‌سه‌ری هه‌یه و خودی ته‌ڕه‌ف ده‌بێته مه‌سه‌له وگیرووگرفت.
به‌ره‌به‌ره شته ورده‌کانی ڕابردووش وه‌بیر دێنینه‌وه‌و و به‌مجۆره وێنه‌یه‌ک له دوژمن له ته‌ڕه‌ف بۆ خۆمان درووست ده‌که‌ین. ئیدی ڕووڵێک وه‌رده‌گێڕین، لێک لاده‌ده‌ین ، له نزیک یه‌ک دانانیشین، هاتووچۆی یه‌کتر ناکه‌ین. به‌ره‌به‌ره نه‌ک قسه ده‌گه‌ڵ یه‌ک ناکه‌ین، به‌ڵکو قسان له‌سه‌ر یه‌ک یان به‌دژی یه‌کتر ده‌که‌ین. به‌مجۆره فرشته‌و شه‌یتان ده‌که‌ونه به‌رامبه‌ر یه‌ک. ته‌ڕه‌ف ده‌بێته شه‌یتان و خۆشمان ده‌بینه فرشته. جا له‌وه‌ش تێده‌په‌ڕێ و ده‌که‌وینه یارگیری و ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڵمان نیه و پشتیوانیمان لێناکا ئه‌وه دژمانه. به‌ره‌به‌ره کێشه‌که قوڵده‌بێته‌وه و له هه‌ردوولا تووندڕه‌وه‌کان جڵه‌وی کار به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن و مۆدێڕاته‌کان له هه‌ردوولا ده‌خرێنه په‌ڕاوێزه‌وه. به‌مجۆره کارده‌كێشێته تووندوتیژیی.
به‌ڵام ڕێگای ئه‌وه‌ش هه‌یه که به شێوه‌یه‌کی درووست کێشه‌کان چاره‌سه‌رکه‌ین. بۆ نموونه ده‌بێت سرنج بده‌ینه ئه‌سڵی کێشه‌که نه‌ک خودی ته‌ڕه‌فی کێشه‌که. پێویسته توانا و زیره‌کی ئه‌وه‌مان هه‌بێت قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ته‌ڕه‌ف له پشتی ئه‌و قسه و نه‌زه‌رانه‌وه ده‌ستنیشان که‌ین که ده‌ریان ده‌بڕێت. پێویسته به دیقه‌ته‌وه گوێی لێ بگرین. ده‌بێ رێگا بده‌ین ته‌ڕه‌ف هه‌سته‌کانی خۆی ده‌ربڕێ. ده‌بێ جار جار له ڕوانگه‌ی ته‌ڕه‌فه‌وه سه‌یری کێشه‌که بکه‌ین. پێویسته سه‌یری پێشه‌وه بکه‌ین و بۆ پێشه‌وه بڕوانین نه‌ک بۆ دواوه.
باش ئه‌وه‌یه که چاره‌سه‌رێک بدۆزینه‌وه که هه‌ردوولامان ڕازیبکات. به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌ردوولا له نه‌زه‌رگیرابن. نابێ هه‌ڕه‌شه‌و ومه‌ترسی بۆ ته‌ڕه‌ف درووست که‌ین، ده‌بێت فه‌زایه‌ک بخوڵقێنین که ته‌ڕه‌ف هاندا دان به هه‌ڵه و زیاده‌ڕه‌وی و کارشکێنی و بێ ئوسوڵیه‌کانی خۆیدا بێنێ.
ئاشتبوونه‌وه
ئه‌گه‌ر توانای سازان وئاشتبوونه‌وه‌مان نه‌بوایه، له مێژبوو مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وه‌ی بڕابۆوه. به‌بێ هه‌بوونی ئه‌وتوانایه، هه‌ستی تۆڵه‌کردنه‌وه به‌ته‌نیا ده‌یتوانی نه‌سلی ئینسان له شه‌ڕ و ڕق وتۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا له نێوببا. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه توانای سازان وئاشتبوونه‌وه له مرۆڤه‌کان دا زۆه زۆر به‌ه، هه‌ستی تۆڵه‌کردنه‌وه به‌ته‌نیا ده‌یتوانی نه‌سلی ئینسان له شه‌ڕ و ڕق وتۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا له نێوببا. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه توانای سازان وئاشتبوونه‌وه له مرۆڤه‌کان دا زۆر به‌هێزتره له هه‌ستی تۆڵه و شه‌ڕخوازی.
ئاشتبوونه‌وه بریتیه له پێکه‌وه سازانه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له گه‌ڵ یه‌ک ناکۆکی و شه‌ڕ وکێشه‌یان هه‌بووه. بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتبوونه‌وه بڕواته‌پێش ده‌بێت هه‌ردوولا ئاشتبوونه‌وه‌یان بوێت. لایه‌نێک که به سیاسه‌ت وهه‌نگاو و کار و کرده‌وه‌کانی فاسیله‌کان زۆرتر ده‌کا، برینه‌کان قووڵتر ده‌کا، دیواره‌کان بڵندترده‌کا، خاڵه هاوبه‌شه‌کان تێکده‌دا، پرده‌کان ده‌ڕوخێنێ لایه‌نگری چاره‌سه‌ری کێشه‌کان نیه. له حاڵه‌تێکی ئاوادا هه‌نگاوه عه‌مه‌لیه‌کانی وه‌ک کۆنگره گرتن و… به پێچه‌وانه‌ی ئیدیعاکانن.
مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ئاشتبوونه‌وه‌دا بریتیه له‌وه که لایه‌نه‌کان ده‌رد و ئازار و خه‌م و ژان فرمێسک وناسۆر و برینه‌کانی یه‌کتر ده‌رک بکه‌ن. ئه‌و خه‌م و ژان و ئازارانه به یه‌کتر ده‌رک کردن که‌م ده‌بنه‌وه، ئه‌گینا ده‌بنه ڕق و تووڕه‌یی.
ئاشتبوونه‌وه وه‌ختی ده‌وێ و پێویستی به وه‌خت هه‌یه. ئاشتبوونه‌وه به زۆری و زۆره‌ملی نابێ و ناڕواته پێش. ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ ئاشتبینه‌وه، ده‌بێ بمانه‌وێ و مایه‌ش له‌خۆمان دانێین.
که بمانه‌وێت ئاشتبینه‌وه ده‌بێت بڕۆینه‌وه بۆ مێژوو و بۆ ڕابردوو. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه که فێربین و له لایه‌کی دیکه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه که ڕووداوه‌کان قبووڵ که‌ین و بزانین بۆ وه‌زعه‌که گه‌یوه‌ته ئێره. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سئولیه‌ته‌کان قبووڵ بکه‌ین.
من مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه که ببینه ئه‌سیری ڕابردوو، ببینه کۆیله‌ی ڕووداوه‌کانی پێشتر، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه که ده‌رسیان لێوه‌رگرین. به هه‌ر حاڵ زۆر گرینگه که ڕوو له داهاتوو بین و له داهاتوو دا بۆ خه‌باتی هاوبه‌ش و ئامانجه هاوبه‌شه‌کان بگه‌ڕێین. بۆ ئه‌و شتانه بگه‌ڕێین که ده‌توانن وه‌سه‌ریه‌کمان خه‌نه‌وه.
له پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌ودا مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه زۆر گرینگه. ئه‌ویش بریتیه له عه‌داڵه‌ت. ده‌بێت عه‌داڵه‌ت نه‌خرێته ژێر پێ. ئه‌و که‌س و لایه‌نه که غه‌دری لێکراوه، ده‌بێت ده‌ستنیشان بکرێت. ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌نیه که تۆڵه وه‌رگرێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ئه‌و غه‌دره‌ی لێی کراوه داگیری نه‌کات. ته‌نانه‌ت وا باشه مه‌سئولیه‌تی هه‌رلایه‌کیشمان له پێکهێنانی وه‌زعه‌که‌دا ده‌ستنیشان بکرێت. نه‌ک بۆ ئه‌وه که سزای که‌سێک بده‌ین، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دیکه ئه‌وه نه‌که‌ینه‌وه. له بیرمان بێت که جیاوازی زۆره له نێوان کردار و بکه‌ردا. کرداری خراپ خراپه‌و ده‌بێت دووری لێبکه‌ین و مه‌حکومی بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی کرده‌وه‌یه‌کی خراپی کرد، ئیدی خۆ نابێت به‌و کرده‌وه‌وه بسوتێت. جیاوازی زۆره له نێوان دزی و دزدا.
دزی خراپه. به‌ڵام یه‌کجار دز هه‌میشه دز نیه.
برایم لاجانی