"an independent online kurdish website

پاش شەش مانگ سەرماو سۆڵی ئەم وڵاتە، ئەوێ رۆژێ تاووبانێکی خۆش و دڵ لاوێن بوو. ئاسمان ساماڵ، خۆر بەتیشکی زێڕینی سروشتی ڕازاندبووە.

لەمێژ بوو تاسەی رۆژێکی ئاوا دڵگیرو جوانم دەکرد. لەماڵ وەدەرکەوتم، هێدی هێدی بەرەو نێو لێڕەواری نزیک ماڵەکەی خۆم هەنگاوم نایەوە. بەسەر توولەڕێی نێو دارستانێکی چڕدا درێژەم بە پیاسەکەداو لە بەستێنی گۆلی پشت ماڵان خۆمگرتەوە. ئەوسا بۆلای کۆختەیەکی چۆل چووم، کە لە وەرزی هاویناندا مەلەوانان جلکی خۆیان تێدا دەگۆڕی.

خۆر بەرهەیوانی کۆختەکەی خستبووە ژێر تیشکی زێڕینی خۆی. دڵم نەهات ئەم شوێنە دڵگیرە بەجێ بهێڵم. لەسەر لێواری سەکۆی بەرهەیوانەکە دانیشتم، ڕوو بە گۆل و خۆرەتاو لاقم شۆڕ کردەوە سەر ڕەڵمێکی نەرم و ورد.

بەستێنی بەری من ڕووتەن و ڕەڵمێکی نەرم دایپۆشیبوو. لەکاتی هاویناندا شوێنی مەلە، خۆهەڵخستن و ڕاکشانی خەڵک لەبەر تاو بوو. دەوروبەریش هەتا چاو هەتەری دەکرد دارستان بوو. بەڵام رووبەرووی من واتە سەرگۆلەکە هێشتا هەر سەهۆڵ و بەستەلۆکی پێوە مابوو کە بەتیشکی ڕۆژو گەیشتنی وەرزی بەهار سنگی سەهۆڵەکان گوڵنمێکی ناسکیان لێ نیشتبوو. سەرم هەڵبڕییە لای دەستە ڕاست دیتم: ‘سی’ یەکی تەنیا چەند هەنگاو ئەولاتر لەسەر بەستەڵەکی گۆلەکە سەر دەژێر باڵدا بەبێ جووڵە لەسەر لاقێک هەڵکورماوە. دوو سەد یان سێ سەد مێتر ئەولاتریش، لەو شوێنانە کە سەهۆڵ توابووە، بە سەدان ماسیگرە، قاوو قیژیان بوو. بەڵام سی یەکە ئەوەندە بێ هەست و خوست بوو، هەر دەتگوت خوێنی دەلەشدا ناگەڕێ و لەجێ وشک هەڵاتووە!

سەرم داخست، پێیەکم دەنێو ڕەڵمی وردی ژێر پێم وەردەداو بیرەکانم بەدوای سروشتە بێ نازی وڵاتەکەم و ئاواتە وەدی نەهاتووەکانمدا هەڵوەدا بوون.

بیر بەنێو سروشتدا باڵی گرت. زۆر بەسرنجەوە سەیری سروشتی ئەم وڵاتەم کرد کە لێی گیرسابوومەوە خۆم لە دنیاییەکی مەندو ئارامدا دەدیت. وڵاتێکی ئازادو بێ ئازار، خاوەنی گەڵێکی زاناو داهێنەر، هێمن و مافناس و کردار جوان! دونیایەک کە تەواو لەگەڵ دونیای نیشتمانی من جیاواز بوو.

لە نیشتمانی مندا ئینسان و ژینەوەر، دار، شاخ، گوڵ و خاک و… هەر هەموو لێقەوماوانی چاو بەحەسرەت و داخن! چارەنووسیان وەکوو تۆپێکی پێ بەنووکە شەپی داگیرکەرانەوە هەرجارە بۆلایەک لە جەولان دایە.

دیسان پێم لە نێو ڕەڵمە وردو نەرمەکەی پێش خۆم وەرداوە، بە نووکی پەنجە هێندێکم ڕاستەو پاستەکرد. پشتم راست کردەوەو سەرم هەڵێناو چاوێکم گێڕا. دیتم، پۆلێک کوڕو کچی جوانچاک بەسەر لێواری گۆلاوەکەدا جووت جووت بەدەم گاڵتەو گەپ و قاقا کێشانەوە بێ ئاگا لەخەم و تەنگوچەڵەمەکانی ژیان سەربزێوانە هاتن بەلامدا تێ پەڕین. چەند هەنگاو بەدوای ئەوانەوە، پیاوێکی ئاماڵ گەڕاوە لەبەر چاوم کەمێک ئاشنا. وادیار بوو ئەو مرۆڤەش بۆ ئەوەی چێژ لە جوانییەکانی سروشت بەرێ و یان بەپێچەوانە خۆی لە دەست خەمان ڕەها کا یەکدوو ئیستیکان مەی لێ دابێ. ئەوەشم بەوەی ڕا زانی، لەکاتی ڕێگا ڕۆیشتندا کەمێک سەرخۆشانە لەنگەی دەکرد. دوای ئەوەی لێم نزیک بووە، ئیدی بەتەواویی بۆم دەرکەت لە بۆچوونەکەدا هەڵەم نەکردووە. کابرا کە چاوی بەمن کەوت، ئیستێکی کردو بە ڕوویەکی گەش چاوێکی دۆستانەی تێوەبڕیم. نازانم لەم کاتەدا چ هێزێک بوو منی هاندا لە خۆوە دەستێکی بۆلا هەڵێنم و بەم چەشنە ڕێگای دۆستایەتی لەگەڵ هەموار بکەم. کابرا بەدەست هەڵێنانەکەی من، دەمی بەخەندە کرایەوەو بە ڕوویەکی خۆشی تێکەڵ بە ڕەزامەندی لێم هاتەپێش و گوتی:

_ هەوای ئیمرۆکە خۆش و تایبەتە!

منیش کەمێک لەجێ خۆم بزاوت و وڵامم دایەوە:

_ بەڵێ ڕاستە! تیشکی ئەم تاوە جەستەی پیاو دەبووژێنێتەوە.

ئەویش گوتی:

_ بێ شک وایە! ماوەیەکی دوورو درێژە چاومان بە تاووبانێکی ئاوا دڵگیرو لاوێنەر نەکەوتووە!

گوتم:

_ وەرە هێندێک دانیشە! بەڵکو ئەتۆش لەبەر ئەم بەربەڕۆچکەیە کەمێک پشووت بێتەوە سەرخۆ!؟

ئەویش بە لەفزێکی زۆر مێهربانەوە وڵامی دایەوە:

_ ئابەڵی! دانیشتن لەلای خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵات وەک تینی خۆرەتاوی لای خۆیان گەرم و گوڕە! بەڵام بەپێچەوانە ئێمە خەڵکانی رۆژئاوا کەمدۆین و درووست لەگوێن خۆرەتاوەکەشمان ساردو سڕین! هەر بۆیەشە زۆربەی خەڵکانی ئێمەی ئوروپا لەیەک تەریک و دوورەپەرێزین!

پرسیم: لە قسەکانت ڕا وا دەردەکەوێ، زۆرت هاتووچۆیی لای خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵات کردبێ؟

یەکدوو جار سەری لە قاندو گوتی:

_ بەڵێ وایە! ئەوەندەی من تێگەیشتبم، دڵی خەڵکانی ئەو پارچە لەجیهان ساڕێژ لە خۆشەویستی یەو خوێنیان گەرمتر لە تینی ئەم خۆرەتاوەی ئێستامانە! لەقووڵایی دڵەوەو بەچاوێکی پڕ لە سرنجەوە تەماشایەکم کردو لە ڕووخساری پەریشانی ڕا وام بۆ دەرکەت، ئەم نەوەی ئادەمەش وەک من بە دەست خەم و خەفەتانەوە ڕەنج دەکێشێ و ڕەشەبای خەم و خەیاڵ لەشی ئەمیشی تاساندووە؟!

نەمویست دەردی لەسەر دەردان دابنێم و بەباشم زانی باس بەلای سروشت و جوانی یەکانی دا وەرگێڕم کە بەڕاستی سروشت ئەمرۆژە لەبەر چاوی من بۆ جوانی تەواو سیمای خۆی دەرخستبوو. بەڵام کاتی وایە بەپێجەوانەی مەیلی پیاو قسە دێ و ناگەڕێتەوە، گوتم:

_ لە ئەم وڵاتەدا زۆر کەس بەتەنیا دەژین، بەبڕوای من دەردی تەنیایی لە غەریبیش گرانترە!

بەقسەکەی من سێبەری خەم سەر تەوێڵی کابرای داپۆشی و پاش کەمێک بێدەنگی گوتی:

_ قسەکەت راستە! مرۆڤی تەنیا وەک مەلی باڵ شکاو وایە، هەرچی دەکاو دەکرێنێ ناتوانێ بگاتە جێیەک و… لەپڕ قسەکەی بڕی و بە لەفزێکی زۆر دۆستانە پرسی:

_ ببوورە برا! نەمپرسی ئەتۆ خەڵکی کام یەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی؟

بە پرسیارەکەی دڵم پڕ بوو، چاوەکانم فرمێسکیان تێگەڕا! زمانم گرێی کەوتێ و نەمتوانی بڵێم خەڵکی کام وڵاتم، ئەوسا حەزیشم نەدەکرد نازناوی وڵاتی داگیرکەرانی وڵاتەکەم لەسەر خۆم دابنێم، هەربۆیە بەبێدەنگی سەرم داخست

کابرا پاش هێندێک تێوەرامان بەهۆگرەیەکی تەواوەوە دەستی لەسەر شانم داناو گوتی: حەق بەتۆیە! حەوجێ ناکا بڵێی خەڵکی کۆیی و لە کۆوە هاتووی. چونکە من چەند ساڵێکە تۆ لەم شارە دەبینم. ئەگەر لە یادت بێ جارێکی دیکەش هەر ئەم پرسیارەم لە تۆ کردووە و ولامت داوەتەوە کوردی و وڵاتەکەت کوردستانە. مەگەر وانییە؟

_ دەمخۆش!  من و تۆ یەک دوو جاری دیکەش لە نێو شار یەکترمان دیوە!

کابرا پاش تاوێک لە دوورەوە ڕامان لە درێژەی قسان دا گوتییەوە:

 _ دەزانی تاوێک پێش زەینم دابوویە تۆ، دیتم زۆر بە قووڵی لەگژ فیکران ڕاچوو بووی!؟

بە هێوڕی گوتم:

بەڵێ وایە! بیرم لە زێدو ئاواتە وەدی نەهاتووەکانی خۆم دەکردەوە.

کابرا گوتی:

_ ئەگەر دەزانی کاتت ناگرم و نابمە هۆی ئاڵۆزی بیرو هزرەکانت، ڕێگام بدە تاوێک لە لات دانیشم، چونکە زۆر حەز دەکەم گوێ لە ئاواتە وەدی نەهاتووەکانت ڕابگرم.

گوتم: بەسوپاسە فەرموو! خۆ پێشتر پێشنیارم کرد لە لام دابنیشی.

بەزەیەکی هاتێ و گوتی:

_ ڕاستە! بەڵێ وایە!

پرسیم: داخوا تۆ هیچ لە بارەی گەل و نیشتمانی من دەزانی؟

گوتی: بۆچی، من لەبارەی وڵاتەکەی تۆدا زۆرم خوێندۆتەوە. دەزانم کولتووری گەلەکەت زەنگین و نێو دڵی نیشتمانەکەت بەپێزە. پێچەوانەکەشی بەهەمان بارتەقا دڵی نیشتمانەکەت پەرێشانە!… زۆر پێ دڵخۆش دەبم بێتوو هێندێک باسی دیمەنی کوردستانم بۆ بگێرێیەوە؟… ئاخر ڕەفیق من ئەوینداری پاک و بێگەردی سروشتم، هەر بۆیە زۆربەی رۆژان لەکاتی بێکاریدا لەدم ئەم گۆلە لەگەڵ جوانییەکانی سروشت  کات ڕادەبوێرم!

ئاخێکی قووڵم هەڵکێشاو گوتم:

_ قەت ‘ژووژشک’ت دیوە؟

گوتی: ئابەڵێ! ژینەوەرێکی دڕکاوییە!

گوتم: جا برا، من زۆر جاران ژووژشکم دیوە، دڕکەکانی سەر لەشی بە مەبەستی جوان کردن لستۆتەوە. کەوابوو دیمەنی وڵاتەکەم بۆ جوانی لەبەر چاوی من لە وەسف نایە! زێد بووتی بووت پەرەستانە! نەمازە شوێنی لە دایک بوونەکەم لەبەر دڵی من ئەوەندە دڵگرە، بۆ جوانی پیاو ناتوانی وینەی لەسەر ڕووی ئەم هەردە پان و بەرینەدا بدۆزییەوە!

 لە پشتەوەی شارەکەی زێدی من گولێکی دەستکردی بەرین و قووڵ بنیادنراوە. ئاوەکەی بەپێچەوانەی ئاوی ئەم گۆلەی بەرچاومان، ئەوەندە ڕوون و زوڵالە هەر دڵیی ئاوی چاوی قرژاڵە. بەڵام مخابن نەیار ڕێ نادا لە بەستێن، سەر سنگ و لاپاڵی چیاکانی دەوری کۆشک ویلا بنیاد بنێین و بە دارو گوڵی ڕەنگاوڕەنگی بۆن خۆش بی ڕازێنینەوە.

هەروەها لە شانی دەستەڕاستی شارەکەم دۆڵێکی ‌قووڵ و کەمێک بەرین هەڵکەوتووە، ڕووبارێکی باریک پێیدا تێ دەپەڕێ. من و یارانم بە تاوات بووین هەرکە بە ئازادی گەڕاێنەوە دوو باسکی دۆڵی پێش ڕووبارەکە پێکەوە بەلکێنن و بیکەن بەزریایەکی بچکۆلانە. ئەوسا لە دەوران دەوری ئەو شوێنە بەبێ بە بنیادنانی پارک و ناژتنی نەمامی زینەتی و گوڵی ڕەنگاوڕەنگ شوێنێکی گەشتوگوزاری باسەفا بۆ لاوو  پیرو پەککەوتەو مرۆڤە دڵ بریندارەکانی شار پێک بێنین و خەڵک بەگشتی بتوانن بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ لەجەنگەی گەرمای هاویندا لە بەستێن و بن سێبەری داران، جەستەی ماندووی خۆیان بحەسێننەوە… ڕەفیق! لەسەر خاکی وڵاتی من دارو بەرد، ژینەوەرانی خەزەک و ڕەوک، پەلەوەرو مرۆڤ هەر هەموویان لێقەوماوانی لەیەک تەریک و دوورەپەرێزن! خەڵک لە بەستێنی زریاکان مەلەناکەن، لە داوێنی چیاو نێو مێرگ و گوڵزاران شایی ناگێڕن! چونکە هەر شوێنێک باسەفایە مینی لێ چێندراووە!… بێدەنگی

لەحاڵێکدا بەبێدەنگی لە پیاوەکە ڕامابووم، ئەسپی سەرکەشی خەیاڵ هەڵی گرتم لە تەنیشت ئاواتی نامرادی دایبەزاندم. لە دڵدا روو بەکابرا گوتم:

_”برا، وا بیر نەکەی من کابرایەکی هیچ لە دەست نەهاتووم؟! من مەلەوانێکی شارەزام! هەموو ساڵێک لە وەرزی سووری هاویندا، لە قەراخ چەم و گۆلاوی زێدەکەم، دوور لەخەمی ئەم دنیاییە، بەسەربەستی مەلەم دەکرد. هەر ئەوەندەم مەلە پێخۆش بوو، بە دەگمەن حەزم دەکرد لە ئاو بێمەدەر! باوەڕ ناکەی؟ وەرە با پێکەوە بچینە بەستێنی گۆلی زێدەکەی من و ئەوسا ببینە چ مەلەوانێکم و… ئاخ!… هاوار!… قاچم! سەرم ، لەشم،… گێژ بووم، سوورام و لە خۆم هاڵام… هەرد گرماندی! کێوەکان دەنگیان دایەوە! دارو گوڵ ژاکان و ویلاو کۆشکەکانی لاپاڵی چیا بڵیندەکانی شارەکەم تێک ڕووخان! گۆل شەپۆلی دایەوەو شنەبا بوو بەگردەلوولێکی ماڵوێرانکەر، ڕووبارەکەی لای شانی دەستە ڕاستی زێد دۆڵی سارێژ لە خوێن کرد! نا! ئەم ئێش و ئازارو لووزەوی خوێنە، هی مینی چێندراوی قەراخ بەستێنی گۆلی زێدەکەم بوو، کە بەگرمەی بەسام تەقییەوەو قاچی من زامدارو هی دەیان کەس لە هاونیشتمانەکانمی هەڵتەکاند!”

لەبیر هەڵبڕام، بەدەم ئێش و بڕکی توندەوە بەهەموو هێزەوە پێم لەسەر ڕەڵمەکەی بن پێم داگرت. سەرم هەڵێناو دیتم پیاوەکە ئارام و هێدی بەدەم بزەیەکی بەزەیانەوە لێم ورد بۆتەوە. ماسیگرەکان بەردەوام دەنگیان دەهات و سی یەکەش هەروا بێ جووڵە مات ببوو!

پیاوەکە بەهێوڕی گوتی: وابزانم بەپرسیارەکەم خەمگینم کردی؟ باشترە باری قسان بگۆڕین لەبارەی شتێکی دیکەدا قسە بکەین. پێتخۆشە پێکەوە بچین لە مەیخانەی دم ئەم گۆلە سەرو پیکێک ڤۆدکا بخۆینەوە؟

گوتم: نا!…

گوتی: دەکرێ لێت بپرسم بۆ نا!؟

_ لەبەر ئەوەی مەی ئەم وڵاتە سەرخۆشم ناکا! جگە لەوەی سەرخۆشم ناکا ، جەستەشم سڕو بێحاڵ دەکا!

پیاوەکە لە دڵەوە قاقایەکی بڵیندی کێشاو گوتی:

_ باشە، پێم نابێژی مەی وڵاتی تۆ چ تام و بۆنێکی تایبەت و جیاوازی هەیە کە دەتوانێ بەحەزی خۆت مەست و سەرخۆشت بکا!؟

لەسەرەخۆو بەهۆگرەیەکی تەواو وڵامم دایەوە:

_ مەی و مەیخانە لە وڵاتی من مانایەکی دیکەی هەیە.

_چۆن؟! چ مانایەک!؟

_ بەم مانایە! لەوێ پێش ئەوەی فڕەکان هەڵاویشترێن، مەینووش مەست و سەرخۆشە! لەوڵاتی من مەی هەر تەنیا بۆ سەرخۆشی یەکی کاتی نییە! بەڵکوو مەی لەوێ شەدایی و ئاشقییە. هەروەها مەیخانە شوێنی سەخاوەت، جوامێری و قاقای مەستانەیە! گرینگتر بانگی برایەتی و هاوارو بانگ بۆ ئازادییە! یارانی مەی پەرەست خولیای ئەوەن هەموو ئێواران لەکۆڕی مەستانەدا یەک بگرنەوەو شەوێکی دیکە بەسەرخۆشی و بە یەکڕەنگی نوێ بکەنەوە، بەڵام…!!

_ بۆ بەڵام؟… وای دانێ ئەم ئێوارەیە منیش یەکێک لەو هاوڕێیانە پێشووی تۆم، هەستە تاکوو درەنگ نەبووە، با شان بە شانی یەک بەدەم قاقاوە بەرەو پیری مەیخانە هەنگاو بنێین!…

 لەقووڵایی دڵ و بەڕەزامەندی تەواو چاوێکی پڕ لەخۆشەویستیم لێکردو گوتم:

_ دڵی ئێمە مەمانان پاکە، زوو لەگەڵ محەبەت گڕێ دەخوا! ئەتۆیەک کە ئاوا بە ڕووخۆشی لەتەک من دەدۆیی، ناخی ئەم دڵەم سەبارەت بەتۆ سارێژ لە خۆشەویستی و هەستی بەبرایەتی بووە، بەڵام بەخۆم نییە! من هەرچی دەکەم لەم وڵاتە دڵم ناکرێتەوەو دەروونم تاریکستانەو مانگ ناتوانێ ڕووناکی کاتەوە! برا من مڕۆڤێکی لە نیشتمان و یاران هەڵبڕاوم، چوار قوولینچکی دەروونم شێواوە، غەریبە، نامۆیە! هەربۆیە بەمەی تاراوگە سەرخۆش نابم و قاقای مەستانەیەکی ڕاستەقینەم تێدا پێکنایە!

پیاوەکە بەبێدەنگی و زۆر بەوردی گوێی بۆ قسەکانم ڕاگرتبوو، منیش لەم کاتەدا گڕێی دەرونی پر لە زووخاوم کرابۆوە، بێ ئەوەی ئاگام لە قسەو هەڵسووکەوتی خۆم بێ، ئاگا لەخۆبڕاوانەو بەدەنگی کەمێک بەرزەوە درێژەم بە قسان دایەوەو گوتم:

_ من لە مەخانەی ئەم تاراوگەیەدا هەست بەسووکایەتی دەکەم! من مرۆڤێکی ئازادیخوازم و نامەوێ لەم جیهانەدا کەس بە چاوی بەزەیی سەیرم بکا! من بە ویستی خۆم ئێرەم هەڵنەبژاردووەو نەشم ویستووە جێگا بەکەس تەنگ بکەم! چ بکەم، چارم ناچار بووە! تاوانبار داگیرکەری نیشتمانەکەمە، منی بەدەستی بەتاڵ بەرەو ئەم مەڵبەندە لە جیهان ڕاوناوەو وەکوو داوەڵێک بە پنجکێکەوە گیرساومەوە!

پیاوەکە سوور هەڵگەڕاو گرژ بوو، گوراندی:

_ نا، نا!… کێ دەبێژێ تۆ داوەڵی؟ من و تۆ براین! تۆ برای منی!! برا! دەبێ تۆش لەم وڵاتە وەک من مافت دیارو پاریزراو بێ!… پیاوەکە وەک ئەوەی لە گوڕەو دەنگی بەرزی خۆی پاشگەز بووبێتەوە، کەمێک دەنگی کز کردو بەنزمی گوتییەوە، قسەکانت دەسەلمێنم! ئێمە دانیشتوانی ئەم قوڕنەیە لە جیهان بەگوێرەی پێویست لە گیروگرفتی سەر ڕێی ژیان و ژیاری تاراوگەنشینان ئاگادار نین، بەڵام ئەوەندە بزانە لەم وڵاتەدا ئازادی هەیە. دێمۆکراسی بەسەر ژیاندا حاکمەو شاو شاڵیار، من تۆو ئەو لاوانەی هەر ئێستا بە ئێرەدا تیپەڕین، هەر هەموو بەکۆ هیچ جیاوازێکمان پێکەوە نییەو لەبەرامبەر یاسادا بەرابەرین! بێدەنگی…  گنجی نێوچاوانی لێک نزیک کردەوەو بۆ چرکە ساتێک تێمەوە ڕاما، ئەوسا زۆر بە لێبڕاوی پرسی:

_ داخوا لێرە کەسێک مافی خستوییە ژێر پێ؟ کەسێک تاڵی بۆ پێکهێناوی؟

بە بزەیەک وڵامم دایەوە:

_ نەخێر نا! بۆخۆم لەخۆم توڕەم

پیاوەکە دەیویست بەهەر شێوازێک بووە پەی بەڕازی دەروونم بەرێ، بەڵام من دەستڕەپێشخەریم کردو باری قسانم گۆڕی، پرسیم:

_ دەکرێ بڵێی کارو پیشەت چییە!؟

کابرا چاوێکی هەڵبڕییە لای دوورو وڵامی دایەوە:

_ من شاعیرم.

پرسیم:

_ تۆ شاعیری؟

 _ بەڵێ من شاعیرم! با ئەو راستیەت لێ نەشارمەوە، من خۆت و وڵاتەکەتم خۆش دەوێ! من لەناخی دڵمەوە هەست بە قورسایی باری قورسی سەرشان و زامی پڕ ئێش و ئازاری دەروونت دەکەم. دەی براکەم! وەرە هەر ئێستا هەرچی لەم دڵە تەنگەتدا هەیە هەڵیڕێژە، بەڵکوو منیش بتوانم ئەوەندەی لە توانام دایە باری خەمت لەسەر شان کەم بکەمەوە!

پاش تاوێک چاو لە دوورەوە بڕین بەخۆم گوت:

“_ شاعیران یاغی و سەرکێشن، بوڕکانی نێو دڵی کێوەکانن. مەڵی ئازادی و پەیامهێنەری ئەوین سەرخۆشین. لە ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورتیش بووبێ، لەگەڵ کەسێکی مێهربان و بەهەست بووم بە هاودەم و دەردی دڵم لەلا هەڵڕشتوە ئۆخەی! سوکنایم بەدڵ داهات و حەسامەوە!…”

 ئەوسا ڕوو بەکاکی شاعیر گوتم:

_ زۆر خۆشحاڵم هاوڕازی ئێستام کەسێکی شاعیرە. شاعیران ئاشقی سروشتی ڕەنگینن و شەریکی خەمی دەروون سووتاوانن.  ئێستا دەزانم تۆی شاعیریش لە نێو ئەم سروشتەدا بەدوای مەلی لە یاران هەڵبڕاوو ماسی یە لە ئاکواریۆم کراوەکاندا هەڵوەداو وێڵی

بەهۆگری و محەبەتەوە گوتی:

_ برام، بەخۆ ئازاردان چارە نادۆزرێتەوە. هەستە سەرپێ با بڕۆین دەمە ئێوارەیەو لەو نزیکەش مەیخانە ئاواڵەیە!…

بەخۆم گوت:

“_ لەخۆڕا نییە ئەم مرۆڤەش وەک من ڕەنگ زەردە. وا باشە بێ دڵی نەکەم و هەستین بەرەو مەیخانە رێ کەوین، پێکەوە جامی مەی سەرکێشین!…”

هەستام و گوتم:

_ من ئامادەم، با بڕۆین!

ئەویش لە خۆشیان قاقایەکی کێشاو خێرا هەستاو گوتی:  با بڕۆین!

هەردووک لا بەجووتە بەدەم قاقاو پێکەنینەوە، چووین لە مەیخانە، لە پێش پەنجەرەیەک کە دەیڕوانییە نێو قووڵایی گۆلەکە و بەژنی سروشت، دانیشتین.

برای شاعیر بەپەلە گوتی:

_ مەودای تەمەن کورتە! بۆ ئەم ساتە خەم وەلانێ و دەلاقەیەکی دیکە بۆ پشوودان بکەوە. دەی پیاڵەکەت هەڵێنەو نۆشی کە…!

بۆ کورتە دەمێکی خێرا، خێراتر لە برووسکەیەک ڕووم بەرەو دەستەچەپی گۆلەکە هەڵبڕی و تیژ لە پەنجەرەوە روانیمە دەرێ، دیتم:

_ لەسەر گردی ڕووبەڕوو پارکێکی منداڵان دیارە، جارناجار شنەبایەک دەنگی منداڵە بەختەوەرو ماسیگەرەکانی تێکدەئاڵقاند، بەنێو دەلاقەی کراوەی مەیخانەدا دەنێو گوێمی دەخزاندو دەیکرد بەزاخاوی بیری سەردەمی منداڵیم.

بیر بەری نەدام دیسان هەڵیگرتمەوە، کردمی بەمەلێکی تیژ باڵ، بەرەو نیشتمان لە شەقەی باڵانم داو لەسەر ئاسمانی وڵات لەنگەرم بەست. لەقووڵایی دڵەوە بەحەزو لەز بەنێو هەموو کوچەو کۆڵانی شارو گوندەکاندا ڕوانیم، دیتم: ئاواڵانی سەردەمی منداڵیم ئاتەگی کەواکانیان گرتووە، لەسەر نەرمەی سمت بەسەر بەفری سەرسنگی چیایەکدا خەریکی خلسکێنن. وێکرا بەدەنگی بەرز بانگیان دەکردم!

منیش بەتاسەوە دەکێوەکە دەفکرم. ڕادەمێنم. دڵم بەمنداڵە ژینتاڵەکانی ئاواڵم دەسووتێ! بەحەسرەتەوە ئاواتەخوازم بتوانم بە سەر باسک و داوێنی بە بەفر داپۆشراودا شوێنێکی خلسکێن بۆ شۆڕەلاون و ئەویندارانی ئیسکی دروست بکەم…! بەڵام لەپڕێک داڵێکی چەنگ سوور لەسەر شاخەوە دەقیڕێنێ، خوێنخۆرو چەنگ تیژ پەلامار دەدا، زامدارو ناکام بەرەو هەڵدێر تووڕمدەدا!…”

برای شاعیر هەودای بیرەکەمی پساندو گوتی:

_ دەی ڕەفیق! جامەکەت بەرزکەو فڕەکەت بەخۆشی ئەو جوامێرانە هەڵاوێ، کە لە پێناو ئازادی گیان فیدا دەکەن!

دەستم برد جامی مەیم دەست دایە. یەکەم جاربوو، لەم وڵاتە بەر لەوەی مەی وەلێوم بکەوێ سەرخۆش بووم! بەیەکەم فڕ سەت ئەوەندەی دیکە سەرخۆشتر! لەم کاتەدا خەم بارگەی پێچایەوە شایی و هیوایەک بەبەرازیی کیوەکانی ئاگری و شاهۆ، بەیارانی مامۆتک و ئاشتیخواز لە ناخی ناخمدا چرۆی داکوتایە، بەڵام ئەم شایی و هیوایەش کاتی بوو، لەپڕ دەنگێک لە خەیاڵمدا لەگوێن تەرزە، چۆن بە تەوەژمەوە بەسەر کەپرێکی بە تەنەکە داپۆشراودا دەبارێ ئەوتۆ خرمە خرم نێو مێشکمی داپۆشی…!!

فڕی دووهەمم لێبوو بەمەلێکی سەرلێشێواو کە لەبەر گرمەو تەقەی ڕاوچیانی ناپیاو هەراسان و خرۆشاو!… مەی بە جارێک شەڵەژاو… من و مەی بەجووتە بەدوای چارەنووسی یارانی نێو سەنگەر باڵمان گرت. لێرەوارو دەشت و بیابانمان لە ژێر باڵ ناو سەر لووتکەو نێو دۆڵی چیاکانی ئەم جیهانەمان یەک بەدوای یەکدا پشکنی و لێکدا! بەڵام و بەڵام هەر دەتگوت رۆژێک لە رۆژان یارانی من بە عومریان نەهاتوونە سەر ڕووی ئەم دونیاییە. کوتوپڕ ببوون بە تنووکە ئاوێک و هەرد هەڵی لووشی بوون!…

 مەی و من هەردووکمان ماندوو، تینوو، نامۆ، پەرێشان و ڕێ لێ ونبوو، حەبەساو بووین و سەرمان لەم دنیا کاکی بەکاکی دەر نەدەکرد! مەی خامۆش بوو! من بێ ئارام و شڵەژاو، بەردەوام بە دەنگی بەرز هاواری هاوڕێیانی خۆم دەکرد! کۆا؟!… لە کۆین بۆ وڵام نادەنەوە!؟… وڵامێک نەبوو، تەنیا کێوەکان بوون دەنگی هاوارەکەمیان دەگێڕایەوە!…

کۆڵم نەداو نەوەستام، بێ هەدادان و یەک پشوو گەڕام و گەڕام تاکوو لە دوو قوڕنەی ئەم جیهانە پڕوپۆی کەوتوویی چەند هەڵۆو بازانم کەوتە بەرچاو. بەبێ هێزی چوومە پێش، ورد بوومەوەو دیتم، ئەوانەی لێیان دەگەڕام لە داوی ڕاوچیانی داڵاش سفەت کەوتوون و لە پشتەوە ڕا بەگوللەی نامەردان پێکراون. هەر هەموویان لەسەر پشت بە ئارامی ڕاکشابوون، بەڵام بەچەشنی ماسی لەزریا دوور کەوتوو، دەمیان ئاواڵە… وەک کۆتری سەربڕاو شەڵاڵی خوێن… لەلایەکی دیکەوە، زۆر لە دوورەوە… لێم ڕوون نەبوو باز بوون یان هەڵۆ، چوست و چالاک، دەنگ دلێر بانگیان دەکردم و دەیان گوت:

_بۆ دەلەرزی؟ بۆ وا داماوی! پیاڵەکەت هەڵێنە! ئەم هەستیارەی لات مەڕەنجێنە، هەراست نەبێ! نێو دڵی کوردستان قەت هەڵۆو بازی بەرزەفڕی لێ نابڕێ! مژدە داڵ پیر بووە… لاوانی زانا بە دەستە و یەکگرتوو خرۆشانن…!”

سەرم هەڵێنا، بەرچاوم تیرەو تار، مژاویی. گوشاری خەم و خەیاڵ فرمێسکیان بەسەر ڕوومەتدا هێنایە خوار

پاش ماوەیەک بێدەنگی دوایین فڕمان هەڵاویشت، ئەوسا من و هاوڕێی شاعیر هەر دووکلا هەستاین وەدەرکەوتین. لە دەرێ بەگەرمی دەستی یەکترمان گوشی و لە یەکتر ماڵئاواییمان کرد. برای شاعیر بەڕێوە چەند جار لەسەریەک ئاوڕی لێدامەوەو دەستی ڕاوەشاندو بەرەو ماڵ بووە

وڵات ئارام بوو، ماسیگرەکان هەڵفڕیبوون، بۆلایەکی دیکە کۆچیان کردبوو. بە ئاسمانەوە لە دوورەوە قاڕەقاڕ دەهاتە بن گوێ، سی یە تەنیاکە بەبیستنی قاڕەقاڕکە خێرا سەری هەڵێناو وەک ئەوەی دڵنیا نەبێ قاڕەقاڕەی بیستووە، ئەو پێیەی بەرزی کردبوو، داینایەوەو گەردنی هەڵێنا، بۆ ساتێک بەبێ جووڵە بەرەو ئاسمان هەستی ڕاگرت. دیسان چەند قاڕەقاڕ بەدوای یەکدا نزیک و بەرزتر بیسترایەوە. سی یەکە کەوتە جموجۆڵ و چەند جار لەسەریەک بەقارە وڵامی دایەوە… ئەوسا خۆی کۆکردەوەو پێی لەسەر سەهۆڵ قایم کرد، باڵ ئاوالە چەند جار تەکان، لەشەقەی باڵانی داو بەسەر گۆلدا بەرز بووەو هێندەی نەخایاند بەقاڕەقاڕ یارانی خۆی گرتەوەو بەرەو هێلانەکانیان لەنێو زەمەندو زنوێران و بەستێنی زریاو ڕووبارەکان دوور کەوتنەوە

 

منیش بەکۆڵەبارێک خەم و پەرۆشی لە حەسرەت کۆستی کەوتوویی یاران و وڵاتە داگیرکراوەکەم لە بەستێنەکە دوور کەوتمەوە و بەسەر ئەو توولەرێیەی پێیداهاتبووم  بەرەو ماڵی تاراوگەم گەڕامەوە

 

 

نووسینی: سیامەند شێخ ئاغایی

 

*****

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی