بۆ بەڕێزان، سێ برا شەهیدەکەی سەنگەر: شەهید لەتیف، شەهید ئیبراهیم، شەهید سەفیار!
سڵاوێکی گەرم
دیسانەوە منم ” کامران “. ناحەقم مەگرن کە زوو زوو دێمە خزمەتتان و دەبمە میوانی وەخت و بێوەختتان. هەزاران جار لەگەڵتان دواوم و هەمیشەش لەگەڵمان. بەڵام تا ئێستا نامەم نەنووسیبو بۆتان، لەبەر ئەوەی نەکا نەتوانم لە ئاستتان دا جوان قەڵەم بجوڵێنم و شەرمەزاری بەردەمتان بم! بەڵام ئەمجارەیان ورەم دایە بەر خۆم و پێنوسم گرتە دەست!
هەر کات قورسایی دەکەوێتە سەرشانم و هەست بە ئازاری ڕۆح بکەم، پەناتان بۆ دەبەم و ڕازی دڵتان لەگەڵ دابەش دەکەم. زۆر جار لەسەر ئەم زەمینە هاوارم کرد و دەنگم نەگەشتە هیچ کوێ! بۆیە بڕیارم دا قسەکانم بۆ ژێر زەوی بنووسم. چی بکەم دەسەڵات نییە، مرۆڤیش لە تەنگانە دا پەنا دەباتە بەر کەڵەپیاوان و مرۆڤە بێ غەلوغەشەکان، بۆیە منیش پەیتا پەیتا بەسەرتان دەکەمەوە.
وێنەکانتان داییم لە پێش چاومە و، خۆشەویستیتان هەر ڕۆژ زیاترە لە دوێنێ.
کاک لەتیف، کاک ئیبراهیم، کاک سەفیار!
ئەگەر بمەوێ 34 ساڵی نەبوونیتان باس بکەم، دەبێ بە قەرای 34 هەزار ساڵی ژیانی هەموو مرۆڤە خەمبارەکان بنووسمەوە! وا تێنەگەن من خۆم خەمبار بم، نا نا من وانیم و خۆشحاڵیشم کە ئێوە شانازی و کەسوکار و ڕێپیشاندەرمن. خەمبار بەو مانایەم باس کرد کە:
ئەوەندە پیاوچاک و، سەربەرز و، تێگەشتوو و، ئازا و مرۆڤدۆست بوون کە نەبوونتان زەبرێکی جەرگبڕە بۆ زۆر کەسمان. نەبوونتان، خەمی کردە میوانی زۆر کەس و زۆر جێگا. تەنانەت خائینە خۆفرۆشەکانیش بە نەمانی شێرەکوڕانی وەک ئێوە خەمبار بوون.
کاک لەتیف گیان، ڕۆژێک لە گوندێکی هەورامان بوومە موسافیری ماشێنێک بەرەو پاوە و، شۆفێرەکەش جاشێکی بەناوبانگ بوو؛ چاوەڕێی موسافیریتری دەکرد و، لێی پرسیم : تا ئێستا تۆم لەم گوندە نەدیوە، کوڕی کێی؟ وتم خزمی کاک ” لەتیف حوسێنی “م. حەپەسا و یەکسەر وتی: کام لەتیف؟ لەتیفی خاڵۆ ئەمین ئێناخی؟ وتم بەڵێ. جاش دەستی بە گریان کرد و، وتی لەتیف هاوکەلاسم بوو. ئەو چەندە مەردانە ژیا و، منیش چۆن خەڵک بە کینە و لادەمێکەوە وەڵامی سڵاوم دەدەنەوە!
ئەوەم بۆیە باس کرد کە بزانن گەلێ خەمتان نەک هەر بۆ نزیکان، بەڵکوو بۆ هەموو کەسێک ئێوەی ناسیبێ، بەجێهێشت.
دەزانم کە ڕۆحتان ئاسودە و، ویژدانتان ڕەحەت و، سەری بەرزتان هەر بەرزە. دڵخۆشیشن بەو شانازییە گەورەیە کە هەموو کەس نابێتە خاوەنی، شانازیی فیداکردنی گیان لە ڕێی پیرۆزی مرۆڤایەتی و نیشتیمان و گەلتان. دەشزانم هەنوکە زۆر بەپەلەن و پەیجۆری حاڵ و هەواڵی ئێرەن.
بە کورتی بۆتان باس دەکەم:
1_باوکتان ( خاڵۆ ئەمین )،ساڵی 1991 کۆچی دوایی کرد و تا دوایین نەفەس چاوی بە گریان بوو بۆتان.
2_برایەکتان لەسەر کوردایەتی گیرا. حوکمی لەسێدارەدانی بۆدەرچوو، بەڵام پاش 2 ساڵ کەوتە بەر عەفوات.
3_برایەکیترتان نزیک بە 8 ساڵ زیندانی کێشا.
4_دایکتان بە خەمی ئێوەوە زیاتر لە حاڵەتی سروشتیی تەمەنی پیر بووە و ئێستاش بە ئاواتە بێتە سەر گڵکۆی کاک سەفیار لە گوندێکی نزیک شاری کامیاران، بەڵام تا ئێستاش ئەو ڕوخسەتەیان پێ نەدراوە.
5_خۆم لە تەمەنی 15 ساڵی دا، چەند مانگێک زیندانی کرام و دواتر 8 ساڵ پێشمەرگایەتیم کرد و ئێستاش لە ئۆروپا دەژیم. بەڵام خۆتان فێرتان کردووم لە هەرکوێ بم هەر کوردپەروەر و دڵسۆز بە خاک و وڵاتم بم. هەرواش بووم و دەشبم.
6_ماڵ و منداڵ و، خوشک و براکانتان هەموویان سەربەرز و گەلدۆستن.
دەزانم کە چاوەڕێی بیستنی هەموو هەواڵێکن. ماڵ بە ماڵ و نەفەر بە نەفەر؛ بەڵام زیاتر لە هەمووان هەواڵ و دۆخی حیزبەکەتان ( حیزبەکەمان )تان پێ خۆشە ببیستن کە بزانن ڕەنج و هیلاکیی خۆتان و هەڤاڵانتان گەشتۆتە کوێ!
نەمدەویست هیچ لەو بارەوە قسەتان بۆ بکەم، بۆ ئەوەی نیگەران نەبن و دڵە بریندارەکەتان ئەوەندەیتر برین و ئێش هەڵنەگرێ! بەڵام ناتوانم قسەتان لێ بشارمەوە. هەست دەکەم ئەگەر لێتانی بشارمەوە، خیانەتێکی گەورەم بە خۆم و ئێوە و هەزارانی وەک ئێوە و بە هەموو گەلەکەمم کردووە! بۆیە لێم ببورن ئەگەر وەڵامەکەم ئازارتان دەدا. بە ویژدانەوە و بە شاهیدی خودای خۆم هێندێک شت دەگێڕمەوە بۆتان:
1_حیزبەکەمان تووشی نەخۆشی دووبەرەکی بووە. دوژمن پاڵی داوەتەوە و لە ئاوی لێڵ ماسی دەگرێ.
2_بە بێ هیچ جیاوازییەک بوونەتە دوو حیزب بە فەرمی. ڕەنگە بە نافەرمیش لە ناو هەرکام لەو دوو باڵە فەرمییە دا، 10 گروپی جیاواز هەبن. گروپی وەک: ڕەسەن، نوێگەرا، ناوچەگەرا، پێداگر لەسەر ئێرانی بوون، لەسەر کوردستانی بوون، دڵسۆز و تێگەشتوو، کارامە و بێدەنگ، بێ ئەزموون و قسە زل، زۆر دەوڵەمەند، زۆر هەژار و هتد.
3_شێوازی خەبات زۆر گۆڕاوە ئێستا و، ڕەنگە هەموو پێشمەرگەکانی مەقەڕە نیزامیەکان، بە قەدەر ئەندامانی هێزی شاهۆی ئەوکات نەبن! جا بۆ وامان لێ هات و کێ وای لێ کرد و بۆ ؟ الله اعلم.
4_ئەمە 34 ساڵی ڕەبەقە یارمەتی شەهیدانەتان لێ دەخورێ و کەس بە فەرمی لە کەسوکارتانی نەپرسیوەتەوە و دایکە فەقیرەکەتان سەرەڕای ئەوەش هیچ سەرچاوەیەکی دارایی نییە و کەسیش لێی ناپرسێتەوە، دیسان بەوحاڵەش لە هەموو دێموکراتێک، دێموکراتترە.
5_شەووڕۆژ ناوی ئێوە ( شەهیدان )، لە کۆڕ و کۆبوونەوە و ، مەراسیم و، ڕادیو و تەلەفزیۆن دا باس دەکرێ؛ بەڵام هێشتا لە پاش 34 ساڵ لە شەهید بوونتان، بە دوو کەناڵی تەلەفزیۆنی ئاسمانییەوە دوو چرکەش باستان نەکراوە، کەچی زۆر جار باس لە کەسانێک دەکرێ کە خولەکێک خێریان بۆ کورد و کوردستان نەبووە. واتە لەو کەناڵانەی بە خوێنی خۆتان بەدەست هاتووە، ئێوە لێی بێبەشن.
6_هێندێک بنەماڵەی شەهید، خوێندن و سەفەر و ئۆروپا و ژیانی ڕۆژانەیان لەسەر حیزبە، هێندێکیتریشیان بە چەرمەسەری و گرفتە قورسەکانی ژیان و بە ڕەنجی شان نانێک بۆ بژیوی پەیدا دەکەن.
7_ئێستا زۆر لە پێوەندیەکان بوونەتە مەجازی و لەم ڕێگایەشەوە وێنەکانتانم لە دونیای فەیسبووک دا داناوە، بەڵام چەند کەسێک هەر لەوانەی کە شەووڕۆژ باس لە بنەماڵەی شەهیدان و گەورەیی شەهید دەکەن، لە فەیسبووکی من وجودیان هەیە و وێنەکانتان پەسند ناکەن ( لایک ناکەن )، کەچی زوو زوو دەیانبینم کە قاپە دۆڵمەی کچان و خەڵکی هاوشاریی خۆیان لایک دەکەن. ئەوەش لە هێندێ لە هاوسەنگەرەکانتان! کە تەنانەت پاکەتە جگەرەی باخەڵیشیان لەسەر حیسابی خوێنی ئێوەیە.
8_لە ساڵی 1998 کە وازم لە پێشمەرگایەتی هێنا، هەتا ئێستا یەک جار لە ساڵی 2002 تەلەفۆنیان بۆم کردووە و پێم وابوو تەلەفۆنی هەواڵپرسی کردنە، کەچی وتیان: بێنە پارە، خەریکین تیشک تی ڤی دەخەینە کار.
9_ساڵی 1999، لە پاش ئەو هەموو ئازارەی تەمەن و پێشمەرگایەتی و خزمەتە، کە وەکوو پەناخوازێکی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر دەژیام، دڵم هەر لای هاوسەنگەرانم و مەقەڕە پڕ لە سەروەریەکان بوو؛ بەم مەبەستەش سەردانی ئازیزانم کرد لە کۆیە. کەچی نەفەرێک هات و وتی: مافی مانەوەت لە شوێنە حیزبیەکان نییە و دەبێ لێرە بڕۆی. بەو شەو ڕۆشتمە شاری کۆیە و شەو لە هۆتێل خەوتم. دیار بوو کەسانیتر ئەو نەفەرەیان ناردبوو کە داخی کۆن بەو شێوەیە بڕێژن. نازانم کە ئایا دەتوانن دڵی کەسێک کە لە ماڵی خۆی و لەسەر هیچ دەربکرێ و بچێتە هۆتێل بخەوێ، بخوێننەوە یا نە؟! ئەو شەوە ڕووخانی سەقفی ژیان و هەموو ئاواتەکان بوو بە سەرمدا.
شەهیدە ئازیزەکان، خۆتان هەڵگری کۆڵی خەمی کوردستان بوون و با لەوەش زیاتر خەفەتبارتر نەبن. قسەم کۆتایی نایە و درێژەی قسەکانم با بۆ کاتێکیتر بێ کە هەر خۆمان چوارقۆڵی بین.
وەک چۆن ڕووسوور و سەربەرزی لای ئێمەن، ئاواش سەربەرزی لای خودا بن.
کەسی خۆتان: کامران حوسێنی
پاش کاتژمێرێک وەڵامی نامەکەم بە دونیای خەیاڵ دا بۆ هاتەوە و ئاوا دەستی پێ دەکرد:
کامران گیان سڵاو کەسەکەم!
منم لەتیف. ئیبراهیم و سەفیار ڕێزی تەمەنیان گرتم و وتیان لەتیف تۆ وەکوو برای گەورەمان بە نوێنەرایەتی ئێمەش وەڵام بەرەوە. نامەکەتمان بۆ نزیک 7 هەزار شەهیدی ئەم گەلە خوێندەوە. هەموویان ئاگریان لێ دەبارێ. هەموو تاسەبار و دڵشکاون. شەهیدی وامان هەیە کە دوای بیستنی نامەکەت نەیدەزانی چۆن ئیرق و داخی دڵی دەرکا و لە داخان وەکوو کورەی ئاگر سوور ببوویەوە و هاواری دەکرد: ئەرێ بابە خۆ من شۆڕشم بۆ ئەم بەزمانە نەکرد کە ئێستا لە نەبوونی خۆم دا، ماڵ و منداڵم بکەونە سەر جادە. یان دایکە نازارەکەم وەکوو سواڵکەرێ خەڵک خێری پێ بکا !
گوێم لێ بوو شەهیدێکیتر وتی: لەتیف خەریکە شەق ئەبەم، ئەوەی کە ئێستا بە ناوی منەوە پارە وەر ئەگرێت و لە بنەماڵەکەم ناپرسێتەوە، کاتی خۆی چاوی بە من بکەوتایە لە حەوت کون خۆی ئەشاردەوە و شەرمی لە ئازایەتیم دەکرد.
شەهیدێکی بەتەمەنیش مژێکی خەماوی لە سیگارەکەی دا و، وتی: ئای لەتیف ئای. توخوا بۆیان بنووسە جا ئیتر چی ماوە کە لەتی نەکەن و بەشی نەکەن؟! هەر ئەوەنە ماوە کە خەتێکی سپی زۆر پان و بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر لە بەینی سەقز و مەریوان بکێشن کە تەنانەت باڵندەکانیش بزانن ئەوە سنووری جنووب و ناوەندە و نابێ سنوور ببەزێنن! دەی توخوا درێغی لەوەش مەکەن. دیسان مژێتری قووڵی لە جگەرەکەی دا و بە گریانەوە وتی: لەتیف گیان، شۆڕشم بۆچی کرد و ئێستاش چی دەبینم.
شەهیدێکیتری قسەخۆشی ناوچەی داڵەهۆ، لە دوای نامەکەت، قسەی خۆشی پێ نەما و هەر بە زاراوەی شیرینی کەڵهۆڕی وتی: کاک لەتیف، فەرە فەرە ترسم! وتم لە چی؟ وتی: ئەی خاڵوو نیەزانم ئیانە ئەڕا وەیلێ یەکتر شەڕ کەن و برایەتی نیەکەن؟ ئەلان هیچ چشتیک نیە وەردەسیان کە وەیجورە شەڕ کەن و ئختڵاف دیرن. وەیە ترسم لە ئایەندەی کوردستان وە خاترێ نەفتەگەی ئۆستانێ کرماشان، بوودە شەڕێ دەسەویەقە! ئی بەدبەختیە چەس کە ئیمەی کورد دوچار بیمنە!
کامران، ئێمەش قسەمان زۆرە و خۆت واتەنی با بمێنێ بۆ کاتی چوارقۆڵیمان. بەڵام ئەم چەند قسەیەم بکەرە ئەڵقە و بیکەرە گوێت. دەزانم قسەشم ناشکێنی باوانەکەم:
1_نەکەی گێل و بێ عەقڵ بی کە بە هەڵسووکەوتی نەشیاوی چەند کەسێک واز لە نیشتیمانپەروەری بێنی و خەمسارد بیت. هەڵەی وا نەکەی و ئاسۆی 12 ملیۆن کوردی ڕۆژهەڵات و داهاتووی ئەو چاوگەشانەت لەبەرچاو بێ کە ئەمڕۆ دێنە دونیا. با ئەوان بێبەش نەبن لە ژیان، لە وڵات، لە غرور، لە هەست بە بوونی پێناسە و … .
2_ئەوەی ئێمە کردمان، بۆ کەس یا کەسانێکی تایبەت نەبوو؛ بۆ گەلێکی ژێردەستە بوو. ئەرکی سەرشانمان بەجێ گەیاند. ئیتر ئێستا چۆنی بەڕێوە دەبەن، خۆیان و ویژدانیان.
3_کامران، ئێستا 7 ملیارد و نیو مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە دەژین. ئەگەر بەتەمەنترین کەسی دونیا تەمەنی 120 ساڵ بێت، کەواتە 121 ساڵ لەمەوبەر هیچ کام لەم 7 ملیارد و نیوە لە دونیا دا نەبووە، بەڵکوو کەسانێکیتر بوون کە هیچیان نەماون. ئەوەش کە ئەمڕۆ لە دایک دەبێ هەر 120 ساڵ دەمێنێ و ئەویش دەبێتەوە بە خۆراکی خاک. کەواتە هەرچەند کە تەحەمولی سەختە، بەڵام نیگەران مەبە بەوانەی کە لە موڵکی شەهیدان کەڵکی خراب وەردەگرن و، درۆیان لەگەڵ دەکەن و، بۆ مەسڵەحەت خۆیان بە درێژەپێدەری ڕێگایان دەزانن و شتی لەو بابەتە! هەر هەموویان دێنەوە ژێر ئەم خاکە. ئەوجا لێرەش خۆ کۆتایی ژیان نییە کامران گیان؛ لێرەش لێکۆڵینەوە هەیە و کوڕ ئەو کوڕەیە سەربەرزی دیوانی خودا و، گەلەکەی و، هاوسەنگەرانی بێ.
جا بۆ کوێی دەبەن با بیبەن! هەموو کەسێک ڕەوانەی لای خوا بکە، حەق و ناحەق لای ئەو نافەوتێ.
کامران، من دەبێ بڕۆم. کاک مەنسوور فەتاحی و، کاک عەبدوڵا بەهرامی و، کاک سالار ئیبراهیمی و، کاک خەلیل خەلەبان و، کاک هەمزە بێهنام و، کاک خدرە سوور و کاروانە 7 هەزار نەفەرییەکە چاوەڕێمان دەکەن کە بچین سەردانێکی قازی و، قاسملوو و، شەرەفکەندی بکەین. چەند ساڵێک پێش ئێستا نامەیەکمان لە شاخی ” باواجی “ەوە بۆ هات و تیایدا نووسرابو کە: ڕەنگە حیزب لەت ببێ و ناکۆکی جێگای تەبایی بگرێتەوە. لەو کاتەش دا هەموومان لە زمان کەوتین. هێندێکمان تۆزێ باش بووینەوە، بەڵام ئەو 3 ڕێبەڕە ئێستاش دڵیان دەلەرزێ و، لە زمان کەوتوون. ئەگەر بزانن کە بەڕاستی جودا بوونەتەوە، بە تەواوی دڵیان لە لێدان دەکەوێ. بە دۆستان و هەڤاڵان بڵێ با یەکگرتوو بن و شەهیدەکانیش بۆ مەسڵەحەت و کورسی و پارە، بەکار نەهێنن!
تا پێت دەکرێ مرۆڤ بە، خزمەتکاری گەلەکەت و بە ویژدان بە. دەستی ماندووی هاوبیرەکانم و شێرەکوڕەکانی مێژووی ئەم خاکە بگوشە و لە کەسوکاری ئەم 7 هەزار شەهیدەش، هەرکامیانت بینی چاویان ماچ بکە بە جێگای من.
کەسی خۆت: لەتیف حوسێنی