١/٤/٢٠٠٢،دڵی زانا و بیرمەندیی گەورەی کورد،مامۆستا مەسعوود محەمەد لە تەمەنی (٨٣)ساڵیدا لە لێدان کەوت.
مامۆستا مەسعوود لە روویی هزرەوە، بە قوڵی لەگەڵ مرۆڤدا سەرگەرم بووە و بە نیگایەکی بەرفراوانەوە تەماشای ئاسۆی ژیانی کردووە .جگە لە دید و روانگەکانی بۆ ژیانی سیاسی و باری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیی، لەسەر گەلەک دیاردەی ژیان خاوەنی جیهانبینی تایبەتی خۆیەتی.بۆ باشتر شارەزابوون لە بیروڕاکانی ئەو مامۆستا بەرزە،دەکرێ خوێنەری بەڕێز تەماشای ئەم سەرچاوەیە بکات،کە بەندەی خۆتان (هەڵۆ بەرزنجەیی) ئەو جاوپێکەوتنە دوورودرێژە هەمەلایەنەم لەتەکدا ئەنجام داوە…{مەسعوود محەمەد …ژیان و جیهانبینی، ئامادەکردنی :هەڵۆ بەرزنجەیی ١٩٩٩}.
بۆ یادی هەشت ساڵەی کۆچی دوایی ئەو بیرمەندە،ئەم کۆپلە نووسینەی خۆی دەکەمە،دیاریی. پێم وایە شاکارێکی بەرزی کەم وێنەیە لە نووسینی کوردیدا…
هەمان کات،گەوهەریی باسێکی گرنگی هزریی و مەعریفی و فەلسەفی و جیهانبینی گرنگ و هەستیاری مێژووی ژیاری کۆمەڵگەی ئادەمیزادە…دیارە زۆرێک لە تیۆریی و ئیدیۆلۆژییەکانیش،مشتومڕی گەرمیان لەسەر ئەم خاڵە هەیە و،وەک چەقی باسێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و بایەلۆجی،قورسایی خۆی لە کایەی مەعریفیدا داگیر کردووە.
پانتایی قسە لەسەر مامۆستا مەسعوود،ناکرێ بە تەنها لە خولگەی مرۆڤدا
مۆڵ بدەین.سنووری بیر و جیهانبینی مامۆستا مەسعوود،پەلوپۆی بۆ زۆر لایەنی دیکەی مێژوویی و فەرهەنگی و زمانەوانی و کۆمەڵناسی و کوردایەتی و…کێشاوە.
ئەم پرس و خواستانە،ساڵانێکە خستوومیەتە سەر کەڵکەڵەی کارکردنێکی جددی لەسەر خەرمانی بەرهەمەکانی مامۆستا.ئومێد دەکەم،رۆژگار دەرەتان بدات،ئەو ئاواتە گەورەیەم،بۆ بێتە دیی و بتوانم بەئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە، خۆم ئاسوودە بکەم.
دەفەرموون ،بزانن لەم چەند دێڕە کورتەدا،چ پەیامێکمان پێ رادەگەێنێ:
” من کە دێم باسی مرۆڤ دەکەم بە هەموو عەیب و عارییەوە لە پێشەوە سەلماندوومە و لە خۆم کردووە بە ئایین،کە مرۆڤ هەرچەند لە پلەی زێدە کز و بەرەژێری تێگەیشتن و بەخۆنازین و ڕەفزی بەندەییدا ،دیسانەوە هەر خۆی تاکە کاریگەریی مێژوو و کۆمەڵایەتییە و بێ ئەو ڕووت و ڕەجاڵەی کە جارێکیان دەبیتە میری سەربڕ و جارێکیشیان پێڵاوی ئاغا و شێخ و ڕابەری سیاسی ماچ دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە چرای زانست و داد و شەرافەت هەڵدەگرێت،بێ ئەو مەخلووقە هەرچی سروشت هەیە،گیانی شانازی و نرخی بەرز و ئیبداع و دۆزینەوە و داهێنان دەدۆڕێنێت و دەبێتە قەپێلکی حەتاڵ و بە تاڵ،بێئاگا و بێناز…مرۆ ئیعجازی هەرە هەرە هەرە گەورەی چەرخوفەلەکی نۆ نهۆمی کۆنینە و فەزای بێسنوور و بڕانەوەی سەردەمی زانست و تەکنیکە{هەتا دەمی ئەم نووسینە قسەکەم بە راستی موطلەق دەزانم،ئەوجا ئەگەر لە دوارۆژدا ئیعجازی گەورەتر پەیدا بوو،واتە دۆزرایەوە، ئەوسا قسەکە دەگۆڕێت بە هێنانە خواری پلەی مرۆڤ لە ژمارە یەکەوە بۆ ژمارە دوو}”. ژیان و جیهانبینی، لاپەڕە ١٨.
مامۆستا مەسعوود،زیاتر لە (٢٠) بەرهەمی نایاب و شاکاریی ،بە زمانی کوردیی و عەرەبی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردیی کردووە.خۆشبەختانە (٩) بەرهەمی عەرەبی، لە لەلایەن،برا و هاوبیریی هێژام کاک حەکیم کاکەوەیسەوە کراوە بە کوردیی..
مخابن،هەتا هەنووکە چ لە لایەن دەسەڵاتی کوردییەوە و چ دەستگا رۆشنبیرییەکانەوە چ بایەخێکی پێویست بەم زانا بەڕێزەی کورد نەدراوە. ئاوڕنەدانەوە لە کەسایەتی ئەم جۆرە هەڵکەوتووانە،بەرلەوەی کەمتەرخەمی و بێسەروبەرەیی نیشان بدات،داڕزانی ئەقڵ و شکستی زانیاریی و زانین دەنوێنێ.
مامۆستا مەسعوود، باجێکی قورس و گرانی لە کۆمەڵگەی کوردیدا دا، بەرامبەر بەو قەناعەتە هزرییەی هەیبوو. کاتێ حیزبە باڵادەستەکانیش نەیانتوانی بۆ مەرامی خۆیان رامی بکەن و نرخی دیاریکراوی لەسەر دابنێن،لێی کەوتنە تەقە و بە ئەقڵی خۆیان بەرەو پەرواێزی پرسەکان گلۆریان کردەوە.پشت لە نووسین و بیرو دیدی کەسایەتییەکی وەک مەسعوود محەمەد، بەر لە هەر شت،هێمایە بۆ کاولستان و تاریکستانی رۆشنبیریی و مەعریفە ،ئەوجا سڵکردنەوە و تۆقینە لە بیروڕای ئازادی کەسی سەربەخۆ و بوێر.
مامۆستای گەورە:
رەوانتشاد ،
چرای زانست و زانین، لە سەر گڵکۆکەت ،
هەزاران هەزار چەپکە گوڵی نێزگز، بۆ پشت کێلەکەت ،
سڵاو لە بیر و هزریی کوردایەتیت و
ئارامبەخش بە، ناو و یاد و یادگارت هەمیشە زیندووە….
هەڵۆ بەرزنجەیی ١/٤/٢٠١٤ بەرلین