پێشمەرگەکان: رۆژی شەممە 2015-04-18 کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، سێمینارێکی بۆ بەڕێزان، ئۆسکار هێدین، کە ساڵی 2002 فێلمێکی بە ناوی کۆماندۆی تێرۆر ساز کرد کە باس لە کردەوە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی دەکا،
کە دەقی وەرگێردراوە لە خوارەوە دانراوە، کاک رەشید حەیدەری زەحمەتی کێشاوە.
هەروەها ماگنووس نۆرێل کە کەسێکی ناسراو و پسپۆرە لە بارەی تێرۆریسم دا کە باسێکی زۆر ورد و دەقیقی لە سەر تێرۆریسم کرد.
…
لە وڵاتی سوید سیمینارێکی تایبەت بە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی رێژیمی ئێران و تێرورەکانی ئەو ڕێژیمە لە سوید بەڕێوە چوو.
دوا نیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی ئاپریلی ٢٠١٥ی زایینی بەرانبەر بە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، کومیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سیمینارێک بۆ هەر دوو کەسایەتی ناسراو و بەناوبانگی سویدی، بەڕێزان: ” ئۆسکار هێدین ” رۆژنامەوان و دەرهێنەری بەناوبانگی سویدی و ” ماگنوس نۆرێل ” لێکۆلەری تیروریسم و راوێژکاری باڵا لە دامەزراوەی ” The European Foundation for Democracy – Brussels ” سەبارەت بە یادکردنەوە لە سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵەکانی دەیەی نەوەدی زایینی لە وڵاتی سوید تیرۆر کرابوون، پێک هێنا.
سەرەتا سیمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب ” و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ‌کرد.
دواتر پەیامی کومیتەی ستۆکهۆڵمی حیزبی دێموکرات لە لایەن ” ئاسۆ ساڵح” خوێندرایەوە.
لە پەیامەکەدا هاتبوو کە هەوڵەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بە کپ کردنی دەنگی جیابیران و دژبەرانی ئەو ڕێژیمە سنوورەکانی ئێرانی بەزاندووە و خۆی لە خانەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیدا دەبینێتەوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردەوە تیرۆریستییانەی کردوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی وڵات ئەنجامی داون و تێیدا چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان نەتەوەی کورد بوونەتە قوربانی.
پاشان لەو سیمینارەدا کورتەیەک لە فیلمی ” دۆکۆمێنتاری کۆماندۆی تیرۆر” نیشان درا.
ئەو فیلمە بەڵگەی ڕوون لەسەر ئەو تیرۆرانە دەیسەلمێنێ و ئیسپاتی دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشتی ئەو تیرۆرانەوە بووە.
دواتر هەریەک لە ” ئۆسکار هێدین و ماگنوس نۆرێل ” وەک کۆڕگێڕی سەرەکی سیمینارەکە بە دوای یەکدا باسەکانی خۆیان پێشکەش کرد.
سەرەتا بەڕێز: ئۆسکار هێدین رۆژنامەوان و دەرهێنەری بەناوبانگی سویدی، باسێکی لەسەر پرۆژەکەی خۆی واتە فیلمی “کۆماندۆی تیرۆر” Terrorkommandot” پێشکەش کرد.
کۆماندۆی تیرۆر” فیلمێکی بەڵگەییە کە لە سەر تیرۆر کردنی چالاکانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بەتایبەت ئەندامانی ” حدکا ” لە وڵاتی سوید بەدەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەساڵی ٢٠٠٢ی زایینی دا دروست کراوە.
بەڕێز: ئۆسکار لەسەر ئەوەی چۆن بابەتی ” تیرۆر کردنی چالاکانی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە سوید ” سەرنجی راکێشاوە، وتی کاتێک هەستم بەوە کرد کە چالاکانی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەست بە مەترسیی ئەکەن لە وڵاتێکی دیموکراتیک و ئازادی وەک سوید دا، بڕیارمدا لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم بابەتە بکام و ئەم بابەتە گرنگە و مەترسییەکانی بخەمە بەر چاو.
ناوبراو وتی پاش لێکۆڵینەوەکەم لەسەر ئەم بابەتە، بەو ئاکامە گەیشتم کە حکومەتی دێموکراتیکی سوید نەیتوانیوە ئەو چالاکە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنینانەی ئێران بپارێزێت.
دواتر بەڕێز: ماگنوس نۆرێل لێکۆڵەری تیروریزم و راوێژکاری باڵا لە دامەزراوەی “The European Foundation for Democracy – Brussels ” بە گوێرەی ئەزموون و لێکۆڵینەوەکانی خۆی باسێکی لەسەر تیرۆریزمی نێودەوڵەتی رێژیمی ئێران پێشکەش کرد.
بەڕێز: ماگنوس نۆرێل سەرەتا باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی سوید نەیتوانیوە ئاسایش بۆ ئەو چالاکە سیاسیانە دابین بکات و وتی ئەو مەترسییە تا ئەوڕۆش هەر لە سوید بەردەوامە.
بەڕێز: ماگنوس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پێی وابوو کە مەترسیی هەرەگەورەی ئەمڕۆ لە سەر سوید و هەموو وڵاتانی رۆژئاوا، ئایینی سیاسیی و بەتایبەت ئیسلامی سیاسیی و توندڕەوی ئایینیە.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئایین و سیاسەت لە هەر بڕگەیەکی مێژوویی‌دا تێکەڵ کرابن، ئاکامەکەی مەترسیدار بووە.
ماگنوس بۆ ئیسپات کردنی قسەکانی رۆیشتنەوەی دانیشتووانی سوید و بەتایبەت لاوانی وەک نموونەیەک هێنایەوە کە دەڕۆنەوە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناڤین و پێوندی بە گرووپە تیرۆریستەکان و یەک لەوان، دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام “داعش”ەوە دەگرن.
بەڕێز: ماگنوس لە بڕگەیەکی دیکەی باسەکەیدا ئاماژەی بە رێک کەوتنی وڵاتانی ٥+١ و ئێرانی کرد و وتی من بەهیچ شێوەیەک بەو رێککەوتنەی ئێران گەشبین نییم و پێم وا نییە ئەوە هیچ ئاڵوگۆڕێکی سیاسیی لە ئێران‌دا پێک بهێنێت، چونکە رێککەوتننامەکە تەنیا جەخت لەسەر پرسی ناوەکی ئێران دەکاتەوە و بایەخ بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە تاکەکەسییەکان نادا و مافی نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێران دەخاتە پەراوێزەوە.
لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەدا دەرفەت درا بە بەشداربووان بۆ دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکانیان سەبارەت بە قسە و باسی کۆڕگێڕان و لەلایەن هەر دوو کۆڕگێڕی ناوبراوەوە وڵام درانەوە.
شایەنی باسە لە ساڵەکانی نەوەدی زایینی‌دا چەندین هەوڵی تیرۆریستی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە وڵاتی سوید لەسەر چالاکانی سیاسی کورد و ئێرانی ئەنجام دراوە کە لەو ماوەیەدا لە سێ هەوڵی جیاوازدا بە داخەوە سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی بەر دەکەوێ و تیرۆر دەکرێن. کە برێتین لە شەهیدان ” کامەران هیدایەتی، عیفەت قازی و کەریم محەممەدی” شایانی باسە هەرسێکیان دانیشتووی وڵاتی سوید بوون، بەڵام بەداخەوە لە لایەن حکومەتی سویدەوە نەک هەرهیچ بڕیارێک بۆ ناساندن و دۆزینەوەی تاوانباران نەدرا، بەڵکو تا رادەیەکیش تاوانەکان پەردەپۆش کران.
پێویستە ئەوەش بگوترێ کە فیلمی دۆکۆمێنتی ” کۆماندۆی تیرۆر” هەوڵێکی ئازایانەی رۆژنامەوان و دەرهێنەری سویدی ئۆسکار هێدین بوو کە پەردەی لەسەر چۆنیەتی تیرۆرکرانەکان لادا و بەڵگەی پێویستی لەسەر دەست تێدابوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەو تیرۆرانەدا نیشان داوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ستۆکهۆڵم
٢٠ ئاپریلی ٢٠١٥ی زایینی
…….
سەرجەم باسەکە بە زمانی سویدیە
کۆماندۆی تێرۆر
فیلمێک له‌لایه‌ن: ئۆسکار هێدین
ره‌شید حه‌یده‌ری
26ی ئاوریلی 2005ی زایینی
پێشه‌کیی وه‌رگێڕ
ئه‌وڕۆ، که پتر له چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک له ته‌مه‌نی پڕ له شه‌رم و شووره‌یی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێده‌په‌ڕێ، که‌م که‌س هه‌یه ناوه‌رۆکی بێزراوی ئه‌و رێژیمه‌ی، که له هه‌ر چه‌شنه به‌زه‌یی و سۆزێکی ئینسانی، ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر به هاووڵاتی‌یانی خۆیشی بێبه‌شه، نه‌ناسیبێت و به‌بیستنی ناوه‌که‌ی بێزی نه‌بێته‌وه. رێژیمی دژی گه‌لی و ئازادیکوژی کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاریه‌وه، دژایه‌تیی قووڵ و له ئاشتی نه‌هاتووی خۆی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستان و جووڵانه‌وه ره‌واکه‌ی به‌ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نیشان دا و به هێرشی نیزامی بۆ سه‌ر کوردستان به فه‌رمانی خومه‌ینی له ساڵی 1358ی هه‌تاوی‌دا، ئه‌م دژایه‌تی‌یه‌ی به‌کرده‌وه سه‌لماند.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی وا دیار بوو له‌و په‌لاماره دڕندانه‌یه‌دا، رێبه‌ری به‌ناو شۆڕش و داروده‌سته‌که‌ی به‌باشی بیریان لێ نه‌کردبۆ‌وه، یان خود به هه‌ڵه‌یان لێک دابۆوه، خۆڕاگریی که‌م وێنه‌ی گه‌لی ئازادیخواز و راپه‌ڕیوی کورد و فیداکاریی هێزی پۆڵایینی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بوو. ئه‌و خۆڕاگری‌یه هێنده به‌هێز و له‌خۆبوردوانه بوو که کاربه‌ده‌ستانی تارانی به‌چۆک‌دا هێنا و ناچار پاڵی‌پێوه‌نان سێ مانگ دواتر مل بۆ رێگاچاره‌ی پێشنیارکراوی کورد، چاره‌سه‌ری کێشه‌که له رێگای وتووێژه‌وی ئاشتیانه‌وه، نه‌وی بکه‌ن.
وتووێژی نێوان کورد و کاربه‌ده‌ستانی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌ییشتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاکامی به‌سوود و چاوه‌ڕوانلێکراوی لێ‌نه‌که‌وته‌وه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بوو که کۆماری ئیسلامیی ئێران له بنه‌ڕه‌ت‌دا بڕوای به دیالۆگ نه‌بووه و نییه و ئه‌گه‌ر ناچار نه‌کرابا، په‌نای بۆ ئه‌و وتووێژه نه‌ده‌برد و ئه‌گه‌ریش له‌و بڕگه زه‌مانی‌یه‌دا په‌نای بۆ بردبوو، ئه‌وا نه‌ک له‌به‌ر نیازپاکی به‌ڵکوو ته‌نیا بۆ کۆکردنه‌وه و سه‌رله‌نوێ رێکخستنه‌وه‌ی هێزه‌کانی بوو بۆ ئه‌وه‌ی پۆشته و په‌رداختر له جاری پێشوو به گژی گه‌لی کورد و جووڵانه‌وه‌که‌ی‌دا بچنه‌وه. رووداوه‌کانی دواییش راستیی ئه‌م بۆچوونه‌یان به‌باشی ده‌رخست.
پاش شکستی وتووێژه‌کانی نێوان کورد و حکوومه‌تی تاران و ره‌ت کردنه‌وه‌ی ویست و داواکاری‌یه ره‌واکانی گه‌لی کورد له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه، جارێکی دیکه کوردستان که‌وته‌وه به‌ر په‌لاماری بێبه‌زه‌یی‌یانه‌ی هێزه داگیرکه‌ره‌کانی رێژیم و به‌م جۆره شه‌ڕێکی نه‌خوازراو و کاولکه‌رتر له جاری پێشوو ده‌ستی پێ‌کرد که ئێستاش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه و نه‌گه‌ییشتووه‌ته کۆتایی.
ئه‌گه‌ر چی ئه‌و شه‌ڕه ماڵوێرانکه‌ره نه‌یتوانی ئامانجی سه‌ره‌کیی خۆی، که بریتی بوو له کپ‌کردنی ده‌نگی هه‌قخوازانه‌ی گه‌لی راپه‌ڕیوی کورد و سه‌رکوت و له مه‌یدانی خه‌بات وه‌ده‌رنانی حیزبی جێگای متمانه‌ی تێکڕای خه‌ڵکی کوردستان، بپێکێ به‌ڵام حاشا له زیانه قورس و گرانه‌کانی ناکرێت که به هۆیه‌وه له په‌یکه‌ری جووڵانه‌وه و حیزب که‌وتن.
ئه‌وه‌ی پتر زیانی به جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد و ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، گه‌یاند نه‌ک خودی شه‌ڕه‌که به‌ڵکو گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی تیرۆرکردنی تێکۆشه‌رانی حیزب له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی تارانه‌وه، شان به شانی شه‌ڕی داسه‌پاو بوو. ئاکامی ئه‌م سیاسه‌ته چه‌په‌ڵ و نامرۆڤانه‌یه‌ی رێژیم، تیرۆری رێبه‌رانی حیزبه‌که‌مان، دوکتور قاسملووی نه‌مر له وییه‌ن له ساڵی 1989 له‌سه‌ر مێزی وتووێژ و دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی له به‌رلین له ساڵی 1992 و تیرۆری سه‌دان ئه‌ندامی تێکۆشه‌ری دیکه‌ی حیزبه‌که‌مان له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بوو. کاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزی رێژیم به‌م سیاسه‌ته پڕ له شه‌رمه‌یان پشتیان له گشت بایه‌خ و یاسا‌ورێسا ئینسانی و نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان کرد و به‌کرده‌وه سه‌لماندیان که بۆ له نێو بردنی ده‌نگه جیاوازه‌کان هه‌موو هێز و تواناکانی خۆیان وه‌جووڵه ده‌خه‌ن و بۆ گه‌ییشتن به‌و ئامانجه‌ش له هیچ شتێک سڵ ناکه‌نه‌وه.
دوور نییه له‌سه‌ره‌تاوه ناوه‌رۆکی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لای کۆڕ‌و کۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ته جیهانی‌یه‌کان زۆر روون و ئاشکرا نه‌بووبێت و به‌گومانه‌وه چاویان له کێشه‌که کردبێت. به‌ڵام، پاش بڕیاری ئازایانه و به‌جێی دادگای بێرلین، که له‌ودا رێبه‌رانی پایه‌به‌رزیکۆماری ئیسلامی وه‌ک تاوانبارانی سه‌ره‌کیی ئه‌و جینایه‌ته نامرۆڤانه‌یه ناسێنران، تیرۆریست بوونی کۆماری ئیسلامی به‌شێوه‌ی یاسایی سه‌لمێنرا و به‌م جۆره دڕنده‌یی سه‌رانی ئه‌و رێژیمه و بێڕێزی و بایه‌خ دانه‌نانی ئه‌وان بۆ به‌ها و یاسا نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان، زیاتر ئاشکرا بوو. ئێستا ئیتر ره‌چاوکردنی سیاسه‌تی تیرۆر و تۆقاندن له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه چی دیکه له که‌س شاراوه نییه. ته‌نانه‌ت شێوازی جێبه‌جێ کردنی تیرۆره‌کانیش بۆ هه‌موان ئاشکران. به ده‌رچوونی دوو فیلمی موسته‌نه‌د له‌سه‌ر تیرۆری تێکۆشه‌رانی حیزبه‌که‌مان له‌م ساڵانه‌ی دوایی‌دا، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر تیرۆری شه‌هید کامران هیدایه‌تی و شه‌هید که‌ریم محه‌ممه‌دزاده، به‌شێک له کرده‌وه تیرۆریستی‌یه‌کانی کۆماری ئیسلامی له دژی تێکۆشه‌رانی حیزبی دیموکرات به‌روونی و له‌لایه‌ن که‌سێکی بیانی و بێ‌لایه‌نه‌وه په‌رده‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵ‌درایه‌وه و بۆ رای گشتی ئاشکرا کران.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له فیلمی کۆماندۆی تیرۆردا ئاشکرا کراون، تیرۆری تێکۆشه‌رانی حیزبه‌که‌مان به سێ قۆناخ‌دا تێده‌په‌ڕێ: له قۆناخی یه‌که‌م‌دا، گرووپێك له ده‌سه‌ڵاتدارانی رێژیم گه‌ڵاڵه‌ی تیرۆره‌كان داده‌ڕێژێ. له قۆناخی دووه‌م‌دا، گرووپێكی دیکه‌ی به‌رپرس و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات گه‌ڵاڵه‌کان په‌سند ده‌كا و له دوا قۆناخ‌دا، گرووپێک به‌ناوی كۆماندۆی تیرۆر دڕندانه و به‌و په‌ڕی بێ‌به‌زه‌یی‌یه‌وه ده‌که‌وێته گه‌ڕ و پلانه‌کان جێبه‌جێ ده‌كات.
له پرۆسه‌ی تیرۆری تێکۆشه‌رانی حیزبه‌که‌مان به‌گشتی، رۆڵی کاریگه‌ری به‌ناو باڵوێزخانه‌کانی کۆماری ئیسلامی له به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی تیرۆره‌کان‌دا جێگای سه‌رنج و لێوردبوونه‌وه‌یه. ئه‌و به‌ناو باڵوێزخانانه، له کاتی جێبه‌جێ کردنی تیرۆره‌کان‌دا، له‌لایه‌ک شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی تیرۆریستان بوون و له‌لایه‌کی دیکه‌ش، به له ئیختیارنانی ئوتومبیلی سه‌فاره‌تخانه، رێگای تیرۆری موخالفین‌یان بۆ کۆماندۆی تیرۆر خۆش کردووه و کارئاسانی‌یان بۆ کردوون.
ئه‌وه‌ی له‌م نووسراوه‌یه‌دا خراوه‌ته به‌ر ده‌ست، وه‌رگێڕدراوی ده‌قه‌کانی یه‌ک له‌و دوو فیلمه موسته‌نه‌دانه‌یه، که له ژێر ناوی “کۆماندۆی تیرۆر“ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌وانی سوئیدی، (ئۆسکار هێدین)ه‌وه چێ کراوه و له‌لایه‌ن تلویزیۆنی وڵاتی سوئیده‌وه په‌خش کراوه‌ته‌وه. فیلمی کۆماندۆی تیرۆر، ریسوایی‌یه‌کی که‌م وێنه‌یه که ده‌چێته پاڵ خه‌رمانی ریسوایی‌یه‌کانی دیکه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئۆسکار هێدین، رۆژنامه‌وانی سوئیدی، له کاتێک‌دا په‌رده له‌سه‌ر رووی دزێوی رێژیمی کۆماری ئیسلامی، وه‌ک رێژیمێکی تیرۆریست و تیرۆریستپه‌روه‌ر هه‌ڵ ده‌داته‌وه و کاره تیرۆریستی‌یه‌کانی، که له دڵی ئورووپادا له دژی کورد به‌ڕێوه‌ی بردوون، به بینه‌ران پیشان ده‌دات، هه‌ر له‌و کاته‌دا، ره‌خنه‌ی توند له سیاسه‌تی حکوومه‌تی وڵاته‌که‌ی به‌رامبه‌ر به تیرۆریستانی نێردراوی رێژیمی ئێران بۆ سوئید ده‌گرێت. ناوبراو پێی وایه ده‌سگیر کردن و ناردنه‌وه‌ی تیرۆریستان بۆ ئێران، به بێ ئه‌وه‌ی بدرێنه دادگا و سزای تاوانه‌کانیان وه‌رگرنه‌وه، هه‌ڵه‌یه‌کی حاشا لێ‌نه‌کراوه.
شان به شانی په‌رده هه‌ڵدانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه تیرۆریستی‌یانه‌ی که رێژیم له دژی تێکۆشه‌رانی حیزبی دیموکرات به‌ڕێوه‌ی بردوون، فیلمی کۆماندۆی تیرۆر له کێشه‌ی تێوه‌گلانی کوردێک له نێو تۆڕی تیرۆری رێژیم له وڵاتی سوئید ده‌کۆڵێته‌وه. که‌سێک که ناوی موحسین ره‌شیدزاده‌یه و به‌گوێره‌ی خودی فیلمه‌که، هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌بێته هاوکاری جاڵجاڵۆکه‌ی تۆڕی تیرۆری ئێران، ره‌زای ته‌سلیمی، که وه‌ک ئه‌فسه‌ری ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێران کار ده‌کات و ئه‌رکی چاوه‌دێری و سه‌ره‌نجام تیرۆری تێکۆشه‌رانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له سوئیدی پێ‌ئه‌سپێردراوه. ئه‌وه که موحسینی ره‌شیدزاده، هه‌ر وه‌ک له فیلمه‌که‌ش‌دا هه‌وڵی سه‌لماندنی ده‌دات، قوربانیی سیاسه‌ته تیرۆریستی‌یه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه و له بنه‌ڕه‌ت‌دا بێتاوانه، با بۆ بینه‌ری فیلمه‌که و پاشان خوێنه‌ری ئه‌م دێڕانه که وه‌رگێڕدراوی دیالۆگی فیلمه‌که‌یه، هه‌ڵبگیرێن و رێگا بده‌ین ئه‌وان دوا قه‌زاوه‌ت و داوه‌ریی خۆیانی له‌سه‌ر بکه‌ن.
خوێنه‌ری به‌ڕێز!
فیلمی کۆماندۆی تیرۆر، که هه‌ر وه‌ک گوترا، ده‌قی دیالۆگه‌کانی له‌م نووسراوه‌یه‌دا هاتووه، به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی باس له هه‌وڵ و کرده‌وه تیرۆریستی‌یه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له دژی تێکۆشه‌رانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له ئورووپا و هه‌روه‌ها له وڵاتی سوئید دا ده‌کات. له وه‌رگێڕانی ده‌قه‌کانی فیلمی ئاماژه‌پێکراودا، که له خواره‌وه دێن، من وه‌ک وه‌رگێڕ تێکۆشاوم ده‌قاوده‌ق قسه‌کان وه‌رگێڕمه سه‌ر کوردی. ئه‌م کاره‌شم له‌به‌ر ئه‌وه کردووه که ره‌سه‌نایه‌تیی ده‌قه‌کان نه‌شێوێنرێن و راست به‌و شێوه‌یه‌ی که گوتراون بپارێزرێن و وه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی سه‌لمێنراو له ئارشیوی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان بۆ ئازادی و مافه نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانی‌یه‌کانی‌دا بمێنێته‌وه.
ته‌نیا و بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ماندوو نه‌بێت، دوای بڕگه‌یه‌ک یان چه‌ند بڕگه و به‌پێی ناوه‌رۆکی بڕگه‌کان سه‌ردێڕم بۆ داناون. هه‌روه‌ها ئه‌و وشه و رستانه‌ی له‌نێو دوو که‌وان‌دا () هاتوون هی وه‌رگێڕن.
به هیوای نه‌مانی رێژیمی تیرۆریستپه‌روه‌ری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سه‌رکه‌وتنی ئێجگاریی جووڵانه‌وه‌ی ره‌وای گه‌له‌که‌مان به رێبه‌رایه‌تیی حیزبی دیموکراتی کۆماری ئیسلامیی ئێران
***
ده‌سپێکی فیلمی كۆماندۆی تیرۆر
(به‌رله‌وه‌ی ئه‌سڵی فیلمه‌که ده‌ست پێ‌بکات، بینه‌ر گوێی له پێشه‌کی‌یه‌کی کورت ده‌بێت که له‌لایه‌ن وێژه‌ری فیلمه‌که‌وه پێشکه‌ش ده‌کرێت. به گوێره‌ی ئه‌و پێشه‌کی‌یه، سه‌ره‌تای پێوه‌ندیی موحسین ره‌شیدزاده له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێران له سوئیده‌وه، به ته‌له‌فۆنێک له‌لایه‌ن ره‌زا ته‌سلیمی‌یه‌وه بۆ ناوبراو ده‌ست پێده‌کات. کاتێک ته‌له‌فۆن زه‌نگ لێ‌ده‌دات، موحسین گۆشی هه‌ڵ‌ده‌گرێت و له‌نێوان‌یان‌دا وتووێژێک به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه به‌ڕێوه ده‌چێت:)
ته‌سلیمی: حاڵت چۆنه؟
موحسین: سپاس … ئه‌تۆ كێی؟
ته‌سلیمی: خێزانت سڵاوی هه‌یه بۆت. راستی ده‌ته‌وێت له‌گه‌ڵی‌دا بژیت؟
موحسین: ئه‌ی چۆن! خێزانمه!
ته‌سلیمی: ده‌زانم! ده‌ته‌وێت بێت بۆ سوئید؟
موحسین: بێگومان.
ته‌سلیمی: كه‌وابوو ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا له پێوه‌ندی‌دا بیت. تۆ ده‌بێ هاوكاریمان بكه‌یت.
***
(کابرایه‌ک، که وێده‌چێت سه‌ر به ده‌زگایه‌کی ئاسایشیی بێت و به زمانی ئینگلیزی ده‌دوێت، له سه‌ر کورسی‌یه‌ک دانیشتووه. له ته‌نیشتی‌یه‌وه موحسین ده‌بینرێت که له کێشانی وێنه‌ی ره‌زا ته‌سلیمی‌دا یارمه‌تیی ده‌دات و رێنوێنیی ده‌کات که چۆن وێنه‌که به‌شێوه‌یه‌کی راست و دروست بکێشێت.
لێره‌دا، بوێژی سه‌ره‌کیی فیلمه‌که به‌کورتی موحسین به بینه‌ران ده‌ناسێنێت و ئاماژه به هۆکاری ئاماده بوونی ناوبراو له‌و فیلمه به‌به‌ڵگه‌یه‌دا ده‌کا و بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنجی بینه‌ران راکێشێت و بیانکاته هاوڕێی تا سه‌ری فیلمه‌که، زانیاری‌یه‌کی سه‌ره‌تایی له‌سه‌ر رابردووی ناوبراو به زه‌ینیان ده‌سپێرێت. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشه‌کی‌یه کورته، شوێنی تیرۆر کردنی رێبه‌رانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، شه‌هیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی و جه‌سته‌ی له خوێن‌دا شه‌ڵاڵیان پیشان ده‌درێت، ئه‌م دیمه‌نه دڵته‌زێنانه، که ویژدانی هه‌موو مرۆڤێکی به‌هه‌ست و خاوه‌ن ویژدان ده‌هه‌ژێنن، چه‌ندین جار له درێژه‌ی فیلمه‌که‌دا دووپات ده‌بنه‌وه.)
وێژه‌ر: موحسین ره‌شیدزاده له ته‌مه‌نی لاوێتیی خۆی‌دا، له ئێرانه‌وه په‌ڕیوه‌ی وڵاتی سوئید بووه و له‌م ده ساڵه‌ی دوایی‌دا، خۆی له رێكخراوه ئیتلاعاتی و ئاساییشی‌یه‌كان له سه‌رانسه‌ری جیهان‌دا شاردۆته‌وه. ناوبراو ئێستا لێبڕاوه كۆتایی به خۆشاردنه‌وه و هه‌ڵاتن بێنێ. ئه‌و ده‌یهه‌وێ، هه‌رچه‌ند ژیانیشی له‌گه‌ڵ مه‌ترسی به‌ره‌وڕوو بێت، به‌سه‌رهاتی خۆی بگێڕێته‌وه.
موحسین كاری بۆ ده‌زگای تیرۆری ئێران له سوئیددا كردووه. تیرۆرێك كه ئامانجی تۆقاندن و بێده‌نگ كردنی ئۆپۆزیسیۆن بوو. رێژیمی ئاخوندی جارناجارێك به‌رهه‌ڵستكارانی خاوه‌ن بیروڕای جیاواز تیرۆرده‌كات. موحسین ئێستا لێبڕاوه له‌سه‌ر ئه‌م تیرۆرانه بدوێت. بۆ یه‌كه‌مجار شاهیدێك له نێوه‌وه‌ی تۆڕی تیرۆری ئێرانه‌وه بۆ ئێوه ده‌دوێت!
موحسین: ئه‌وه‌ی راستی بێت، سه‌ره‌تا پێم وابوو كێشه‌كه جیددی نییه. به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌و یاری‌یه نه‌ك هه‌ر جیددی‌یه به‌ڵكوو زۆریش ترسناكه.
***
وێژه‌ر: وه‌ك ده‌یان هه‌زار كوردی دیكه، موحسین به‌هۆی شه‌ڕی نێوخۆیی له دژی رێژیمی خومه‌ینی (مه‌به‌ست شه‌ڕی داسه‌پاوی خومه‌ینی به‌سه‌ر گه‌لی کورد دایه) له‌وڵات وه‌ده‌ركه‌وت. ناوبراو توانی خۆی بگه‌یه‌نێته سوئید. موحسین گرفتێكی گه‌وره‌ی هه‌یه. ده‌زگیرانه‌كه‌ی له ئێران‌دا به‌جێ‌ماوه و ده‌ربازكردنی له‌وێ بۆ ئه‌و كارێكی دژواره.
موحسین: ماوه‌ی پتر له ساڵ‌ونیوێك هه‌وڵم دا ده‌زگیرانه‌كه‌م بێنمه سوئید به‌ڵام به‌داخه‌وه له هه‌وڵه‌که‌م‌دا سه‌رنه‌كه‌وتم.
هاتنی ته‌سلیمی بۆ سوئید
وێژه‌ر: رۆژێك ناسراوێك له ئێرانه‌وه زه‌نگ‌لێده‌دا و ده‌ڵێت ده‌یه‌وێ بێت بۆ سوئید و سه‌ردانی موحسین بکات. به‌ڵام دواتر، له‌باتیی ناسراوه‌كه، (کاربه‌ده‌ستانی ئیتلاعات) كه‌سێكی دیكه بۆ لای موحسین ده‌نێرن.
موحسین: تووشی سه‌رسوڕمان ببووم. نه‌مده‌زانی مه‌سه‌له چی‌یه.
وێژه‌ر: ئه‌و پیاوه‌ی كه دێت “ره‌زا ته‌سلیمی”یه. ناوبراو ئه‌فسه‌ری ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێرانه. مه‌ئمووریه‌تی “ته‌سلیمی” بریتی‌یه له داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی كوشتن و تیرۆری موخالفینی رێژیم. “ته‌سلیمی” له‌نێو كورده‌كانی ئێرانیی نیشته‌جێی سوئیددا که‌شێکی پڕ له ترس و وه‌حشه‌ت ده‌خوڵقێنێت.
ته‌سلیمی له یارمه‌تی دانی ده‌زگیرانی موحسین‌دا سه‌رده‌که‌وێت
وێژه‌ر: “ته‌سلیمی” له شاری “سوندسڤال”دا (شارێکی وڵاتی سوئیده) چاوی به موحسین ده‌که‌وێت و هه‌ڵسوكه‌وتێكی دۆستانه له خۆی نیشان ده‌دات. وا ده‌نوێنێ كه ده‌توانێ له‌سه‌ر داهاتووی “موحسین و ده‌زگیرانه‌كه‌ی” كاریگه‌ری هه‌بێت
موحسین: ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ی “ته‌سلیمی” هه‌م باش بوو و هه‌م خراپ. باش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ هێنانی ده‌زگیرانه‌كه‌م یارمه‌تیی ده‌دام. خراپیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یتوانی له هاتنی وی به‌رگری بكات. هه‌ر بۆیه ده‌بوو زۆر وریا بم.
وێژه‌ر: تۆ ده‌تهه‌ویست له “ته‌سلیمی” به‌قازانجی خۆت كه‌ڵك وه‌رگریت؟
موحسین: به‌ڵێ وایه.
وێژه‌ر: دوای ماوه‌یه‌ك “ته‌سلیمی” له‌گه‌ڵ “موحسین” پێوه‌ندی ده‌گرێت و ده‌ڵێت له باڵوێزخانه‌ی سوئید له “تاران” كاتی بۆ ده‌زگیرانه‌كه‌ی گرتووه.
موحسین: “ته‌سلیمی” زه‌نگی بۆلێدام و گوتی له كاره‌كه‌ی‌دا سه‌ركه‌وتووه.
وێژه‌ر: ئه‌مه یه‌كه‌م هه‌نگاوی ته‌سلیمی‌یه و پێویسته له‌لایه‌ن موحسینه‌وه قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه. موحسین له‌لایه‌ن ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێرانه‌وه بێ‌دوودڵی لێ‌كردن ده‌ست‌نیشان ده‌كرێت.
موحسین دێته ریزی حیزبه‌وه و ده‌رگای زانیاریی به‌ڕوودا ده‌کرێته‌وه
وێژه‌ر: كاتێك شۆڕش له ئێران‌دا رووی‌دا موحسین له تافی لاوێتی‌دا بوو. (لێره‌دا دیمه‌نێک له خۆپیشاندانه‌کانی سه‌رده‌می شۆڕشی گه‌لانی ئێران پیشان ده‌درێت)
خۆپیشانده‌رێكی حیزبوڵڵایی: ئێمه ئازادیمان به هێزی چه‌ك به‌ده‌ست هێنا و هه‌ر به‌هێزی چه‌كیش ده‌یپارێزین.
ئه‌م چه‌كه‌ی ده‌ستم به‌شێكه له ژیانی من. ئاماده‌م له‌گه‌ڵ ئا‌مریكا و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌یانهه‌وێت ئێران بخه‌نه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه، بجه‌نگم.
وێژه‌ر: كه‌مایه‌تیی كورد ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌بردنه‌ی پێ‌نادرێت که هیواداربوو له‌ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی نوێی خومه‌ینی‌دا وه‌ده‌ستی بێنێت.
موحسین: وه‌ك هه‌زاران كوردی دیكه، ده‌مهه‌ویست له‌پێناوی مافه‌كانمان‌دا خه‌بات بكه‌م. هه‌ر بۆیه رووم له سیاسه‌ت كرد و چوومه ریزی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران.
وێژه‌ر: موحسین له لایه‌ن حیزبه‌وه ده‌وره‌ی بێسیمچێتی ده‌بینێ و له كومیته‌ی ناوه‌ندی‌دا داده‌مه‌زرێ و له كۆڕی كه‌سانی نزیک له (دوكتور) قاسملودا خۆده‌بینێته‌وه.
موحسین: ئه‌و كاره گۆڕانێكی مه‌زنی له ژیانم‌دا دروست‌كرد. له پۆستێك‌دا جێم‌گرتبوو كه ده‌رگای زانیاریی به‌ڕووم‌دا كردبووه‌وه. هه‌موو كه‌سێك هه‌وڵی ده‌دا ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست بكه‌وێت. ئه‌مه‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی كه زۆرجاران له‌گه‌ڵ دژواری و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌دا به‌ره‌وڕوو ببمه‌وه.
موحسین خۆبه‌ده‌سته‌وه ده‌دا و پاش ئازاد بوون، دێته سوئید
وێژه‌ر: حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی‌دا تووشی شكست ده‌بێت. موحسین زیاتر ده‌سته‌وه‌ستان و هیوابڕاو ده‌بێت.
موحسین: ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ستم پێده‌كرد خه‌مباری و دڵته‌نگی بوو…
وێژه‌ر: موحسین خۆبه‌ده‌سته‌وه ده‌دا و له ئێران‌دا زیندانی ده‌كرێت. لێكۆڵه‌ری موحسین كه‌سێكه به‌ناوی “ته‌سلیمی”، تیرۆریستێك كه دواتر له شاری “سوندسڤال”دا به‌دوای موحسین‌دا ده‌گه‌ڕێ و ده‌یبینێته‌وه.
موحسین: ئێستا له زیندان‌دام و لێكۆڵینه‌وه‌م لێده‌كه‌ن. له وه‌زعێكی ئاوادا ده‌بێ من چی بكه‌م؟ لێره‌دا گرینگ‌ترین شت بۆ من ئه‌وه بوو كه ژیانم ده‌رباز بکه‌م.
وێژه‌ر: پاش چه‌ند مانگێك موحسین له زیندان ئازاد ده‌كرێت. به‌ڵام ئیتلاعات داوای هاوكاریی لێ‌ده‌كات. له‌م سه‌روبه‌نده‌دا موحسین ده‌نگۆیه‌ك ده‌بیسێت كه گوایه حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران حوكمی ئیعدامی بۆ ده‌ركردووه.
موحسین له ئێران هه‌ڵدێت و له وڵاتی سوئید وه‌ك په‌نابه‌ر ده‌گیرسێته‌وه.
موحسین: وام هه‌ست ده‌كرد تازه له‌دایك ببووم. قه‌ت بیرم نه‌كردبۆوه كه رۆژێك له رۆژان هێنده هه‌ست به ئازادی بكه‌م… ئازاد وه‌ك باڵنده.
موحسین هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌بێته هاوكاری ته‌سلیمی
ته‌له‌فۆن زه‌نگ‌لێ‌ده‌دات …
ته‌سلیمی: من ده‌زانم كه تۆ یه‌كێك له‌وان بوویت و ئێستا له‌گه‌ڵیان نیت.
موحسین: من كارم به‌كاریانه‌وه نییه. (مه‌به‌ست حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه).
ته‌سلیمی: ده‌زانم. به‌ڵام تۆ ده‌بێ ئه‌م كاره له‌به‌ر ئێمه بكه‌یت.
………………………..
وێژه‌ر: چه‌ند ساڵ دواتر “ته‌سلیمی” له سوئیددا ده‌ستی به جێبه‌جێ كردنی مه‌ئمووریه‌ته‌كانی كرد و له‌نێو كورده‌كان‌دا فه‌زای ترس و تۆقاندنی ئافڕاند.
موحسین له شاری “لینشۆپینگ”دا كار په‌یدا ده‌كا و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێ. به‌ڵام ژیان به‌بێ بوونی ده‌زگیرانه‌كه‌ی به‌تاڵ و ناخۆشه. “هاتوچۆی “ته‌سلیمی” له جاران زیاتره و داوای كاركردن له موحسین ده‌كات.
موحسین: شێوه‌ی قسه و مامه‌ڵه كردنی “ته‌سلیمی” له گه‌ڵم‌دا به‌ته‌واوی گۆڕا. پێی گوتم: “پێم خۆشه به‌ڕوونی و بێ‌په‌رده له‌گه‌ڵت بدوێم. ده‌مهه‌وێ بگه‌ڕێیته‌وه نێو ریزه‌کانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران.” بۆم روون كرده‌وه كه كارێكی وا بۆ من نه‌گونجاو و نامومكینه. له وه‌ڵامدا گوتی: “نه‌خێر، تۆ ده‌بێ بۆ قسه‌كانم مل‌كه‌چ بكه‌یت. تۆ ده‌بێ فه‌رمانی من به‌جێ بێنیت.” له‌حنی قسه‌كانی دۆستانه به‌ڵام زۆر جیددی و توند بوو.
وێژه‌ر: ته‌سلیمی سه‌رنجی بۆ لای چه‌ند كوردێكی تێکۆشه‌ری ئێرانی راكێشراوه. ناوبراو به‌نێو ئاڵبۆمی وێنه‌كانی موحسین‌دا چاوده‌گێڕێ و چه‌ند وێنه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێ. موحسین ئێستا، هه‌رچه‌ند بۆ خۆی دانی پێدا نانێ، به‌ڵام هه‌نگاو به هه‌نگاو ده‌بێته هاوكاری ته‌سلیمی.
ته‌سلیمی داوای گرتنی وێنه‌یه‌کی به‌ڕێز “جه‌لیل گادانی” له موحسین ده‌کات
وێژه‌ر: شه‌وێك له مانگی نوامبه‌ردا، ته‌سلیمی دێت بۆ ئه‌و هوتێله‌ی كه موحسین وه‌ك ده‌فرشۆر كاری تێدا ده‌كات. ئه‌م جاره‌یان مه‌به‌ست و پلانی راسته‌قینه‌ی خۆی ئاشكرا ده‌كات.
موحسین: ده‌یه‌ویست بزانێ كه‌نگێ “جه‌لیل گادانی” دێت بۆ سوئید و له‌كوێ ده‌بێت. ده‌یه‌ویست ئه‌م ورده‌كاری‌یانه بزانێت. پاشان گوتی ده‌یه‌وێت وێنه‌یه‌كی “جه‌لیل گادانی”ی بۆ بگرم. وێنه‌گرتن له كه‌سایه‌تی‌یه‌كی ناسراوی ئه‌وتۆ ژیرانه نه‌ده‌هاته به‌رچاو.
وێژه‌ر: “جه‌لیل گادانی” له‌و سه‌رده‌مه‌دا، سه‌ركرده‌یه‌كی گرینگی كورد له خه‌بات دژی ئێران‌دا بوو.
چه‌ند حه‌وتوو دواتر “گادانی” ده‌گاته سوئید و لای دۆستانی حیزب ده‌مێنێته‌وه. له‌م كاته‌دا ته‌سلیمی دێته “لینشۆپینگ” بۆ ئه‌وه‌ی گادانی په‌یدا بكات.
موحسین: پارچه كاغه‌زێكی له‌ده‌ست‌دا بوو و تێیدا نووسرابوو كه “گادانی” ره‌نگه لێره یان له‌وێ بێت. پاش رێنوێنی دان سه‌باره‌ت به ئادره‌سی سه‌ر كاغه‌زه‌كه، ته‌سلیمی پارچه كاغه‌زه‌كه‌ی قووت دا (خوارد) و داوای لێم كرد له‌گه‌ڵی‌دا بچمه ده‌رێ.
وێژه‌ر: ئه‌و دووه، واته ته‌سلیمی و موحسین، هه‌ردووك سواری ئوتومبێله‌كه‌ی ته‌سلیمی ده‌بن و ده‌ڕۆن.
موحسین: ته‌سلیمی له ئوتومبێله‌كه دابه‌زی و ماڵێكی خسته ژێر چاوه‌دێریی خۆی.
محه‌مه‌د ناوێک، ئه‌ندامی حیزب و رێكخه‌ری كۆبوونه‌وه: “جه‌لیل گادانی” هاته سوئید. لێره له “لینشۆپینگ”، له “نۆریه‌گاتان”ی 10، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی حیزبی به‌ڕێوه چوو. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی پێوه‌ندیی نێوان ئه‌ندامان و بارودۆخی كوردستان‌مان كرد.
وێژه‌ر: ته‌سلیمی ئه‌و شه‌وه له دۆزینه‌وه‌ی شوێنی “گادانی”دا سه‌رناكه‌وێت. دواتر، بۆ دۆزینه‌وه‌ی جێگاکه‌ی، زیاتر سه‌ردانی “لینشۆپینگ” ده‌كات و له یه‌كێك له‌و سه‌ردانانه‌دا، ژماره ته‌له‌فۆنێك به موحسین ده‌دات تا له‌كاتی پێویست‌دا پێوه‌ندیی پێوه بكات.
موحسین: بۆ تاقیكردنه‌وه زه‌نگم بۆ لێ‌دا. به‌ڵام، له باتیی ته‌سلیمی، كه‌سێكی دیكه جوابی دایه‌وه. ئه‌مه ده‌ری ده‌خست كه لانیكه‌م كه‌سێكی دیكه‌ش هاوكاریه‌تی. خه‌ونی ئاڵۆز و ناخۆشم ده‌بینی. وام هه‌ست ده‌كرد كه مه‌سه‌له‌كه زۆر جیددی و مه‌ترسیداره. نزیك‌بوونه‌وه‌ی ئێواره و گرتنی وێنه‌یه‌ك… هه‌رچی بیرم هێنا و بیرم برد، نه‌متوانی قه‌ناعه‌ت بێنم که مه‌به‌ستی راسته‌قینه‌ی ناوبراو ته‌نیا گرتنی وێنه‌یه‌ك بێت و هیچی تر. ته‌قریبه‌ن دڵنیا بووم له‌وه‌ی كه مه‌سه‌له‌كه ده‌بێ زیاتر له گرتنی وێنه‌یه‌ك بێت. به‌ڵێ … كێشه‌كه پێوه‌ندیی به ژیانی “جه‌لیل گادانی”یه‌وه هه‌بوو.
(ته‌له‌فۆن زه‌نگ‌لێ‌ده‌دات…)
ته‌سلیمی: ئایا كه‌سێكت له‌لایه؟
موحسین: نه، هه‌ر بۆ خۆمم.
ته‌سلیمی: ده‌باشه بۆمان بنووسه ئه‌وانه خه‌ریكی چ كارێكن. دواتر من پێوه‌ندی‌تان پێوه ده‌كه‌م و پێتان ده‌ڵێم ده‌بێ چ بكه‌ن.
کێشه‌یه‌کی هاوچه‌شنی کێشه‌ی موحسین
وێژه‌ر: كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌ر له‌م چه‌شنه. کێشه‌ی په‌نابه‌رێكی لاوی كورد، كه ده‌زگیرانه‌كه‌ی له ئێران‌دایه. ده‌توانین ئه‌م په‌نابه‌ره گه‌نجه به ره‌حیم ناوبه‌رین. ته‌سلیمی به هه‌مان به‌ڵێن، واته هێنانی ده‌زگیرانه‌كه‌ی له ئێرانه‌وه بۆ سوئید، خۆی له ره‌حیم نزیك ده‌كاته‌وه. ئێمه قسه‌كانی ئه‌وانمان به نووسراو له به‌رده‌ست‌دایه:
ته‌سلیمی: بڕۆ بۆ ئه‌وێ. جێژنه‌كه به‌ڕووی هه‌موو كه‌س‌دا كراوه‌یه.
ره‌حیم: ده‌زانم. هه‌وڵ ده‌ده‌م بڕۆم.
ته‌سلیمی: بزانه جێژنه‌كه له‌كوێ ده‌گرن. دواتر كه ته‌له‌فۆنم بۆ كردی ئاگادارم بكه‌وه.
وێژه‌ر: ئه‌و جێژنه‌ی ته‌سلیمی باسی لێوه‌ده‌كات، كۆبوونه‌وه‌ی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران له “ستۆكهۆڵم”ه كه (دوكتور) قاسملوو تێیدا به‌شداره. به‌ڵام ره‌حیم له‌سه‌ر جێژنه‌كه هیچێك ناڵێت. شه‌ش مانگ دوای بوونی (دوکتور) قاسملوو له سوئید، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وتووێژی ئاشتی، ناوبراو بۆ ڤییه‌ن بانگهێشتن ده‌کرێت. له‌وێ كۆماندۆی تیرۆر چاوه‌ڕێی ده‌كات. دوای تیرۆری (دوكتور) قاسملوو، (دوكتور) سادقی شه‌ره‌فكه‌ندی له جێی وی داده‌نیشێت.
دوكتور سادقی شه‌ره‌فكه‌ندی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من جێی سكرتێری گشتیی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێرانم گرتووه‌ته‌وه، هه‌رده‌م له مه‌ترسی‌دام. به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره مه‌ترسی‌یانه‌دا راهاتووین.
وێژه‌ر: تیرۆری (دوكتور) قاسملوو له‌سه‌ر شێواز و قه‌واره‌ی ئاسایی تیرۆریزمی ده‌وڵه‌تیی ئێران داڕێژراوه: گرووپێك گه‌ڵاڵه‌كان داده‌ڕێژێ، گرووپێكی به‌رپرس و خاوه‌نده‌سه‌ڵات په‌سندیان ده‌كا و پاشان كۆماندۆی تیرۆر به شێوه‌ی توندوتیژ و بێ‌به‌زه‌یی‌یانه‌یه جێبه‌جێیان ده‌كات.
ره‌حیم به‌پێچه‌وانه‌ی موحسین عه‌مه‌ل ده‌کات
وێژه‌ر: ره‌حیم به‌پێچه‌وانه‌ی موحسین ده‌جووڵێته‌وه: راست ده‌چێته لای پۆلیسی ئاساییشی سوئید (سێپۆ) و كێشه‌كه‌یان له‌گه‌ڵدا باس‌ده‌كات.
ره‌حیم: پێیان گوتم ” تۆ له شاخه‌كاندا جه‌نگاوی. ئێسته‌ش لێره بۆ كورد خه‌بات ده‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر كه‌سێك بێت ئێمه ده‌یگرین. پاشان تۆیش ده‌توانی شاهیدیی له‌سه‌ر بده‌یت.” زۆر ده‌ترسام به‌ڵام له هه‌مان كات‌دا هه‌ستم به سه‌ربه‌رزی ده‌كرد.
ته‌سلیمی: سبه‌ی یان دووسبه‌ی دێم.
ره‌حیم: به‌خێر بێن. ئه‌و شاره‌ی من لێی ده‌ژیم زۆر دڵگیر و جوانه.
ته‌سلیمی: من بۆ دیتنی شوێنی دڵگیر نایه‌م. كاتێك گه‌یشتم ته‌له‌فۆن ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر بۆم نه‌كرا بێم تۆ ده‌توانی بێی.
ره‌حیم: “ته‌سلیمی” زۆر له‌وه جیاوازتر بوو كه من بیرم لێ‌كردبووه‌وه. كه‌سێكی به‌ئه‌ده‌ب بوو و به “ئاغا” ده‌یدوواندم. گوێی بۆ قسه‌كانم شل‌ده‌كرد و هه‌وڵی ده‌دا رازیم بكات. هه‌ر شتێكم ده‌گوت ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕی و ده‌یگوت ئیسلامیش هه‌ر وا ده‌ڵێت. ده‌بێ له وڵاتێكی خۆرئاوادا ده‌رسی خوێندبێت.
وێژه‌ر: ره‌حیم پێوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ ته‌سلیمی‌دا ده‌پچڕێنێت به‌ڵام بنه‌ماڵه‌كه‌ی له ئێران‌دا نرخه‌كه‌ی ده‌ده‌ن. ئه‌وان به‌هۆی ته‌سلیمی‌یه‌وه ده‌كه‌ونه ژێر ئازار و راوه‌دوونانه‌وه.
پۆلیسی ئاسایشی سوئید ته‌سلیمی ده‌خاته ژێر چاوه‌دێری‌یه‌وه
وێژه‌ر: ته‌سلیمی له‌لایه‌ن سێپۆ، واته پۆلیسی ئاساییشه‌وه ده‌كه‌وێته ژێر چاوه‌دێری و وێنه‌ی ده‌گیرێ. سێپۆ وێنه‌كان به كه‌سێكی په‌نابه‌ر پیشان ده‌دات كه ئه‌ویش له نێویان‌دا موحسین ده‌ناسێته‌وه. له‌به‌ر بێده‌نگی لێ‌نه‌كردنی په‌نابه‌ره‌كه، له‌نێو كورده‌كانی ئێران‌دا ناوی موحسین وه‌ك كه‌سێك كه كار بۆ ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێران ده‌كات، ده‌زڕێ. له‌كۆتایی‌دا، موحسین بۆ خۆیشی ئه‌م ده‌نگۆیه‌ی پێده‌گاته‌وه.
موحسین: ئێستا هه‌م سێپۆ و هه‌م خه‌ڵكی تر (به پێوه‌ندیی من له‌گه‌ڵ ته‌سلیمی) ده‌یانزانی. له‌ڕاستی‌دا به بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیه خۆشحاڵ بووم.
وێژه‌ر: موحسین به ته‌سلیمی راده‌گه‌یه‌یه‌نێت كه پێیان‌زانیوه.
موحسین: پێی گوتم: “پۆلیسی ئاساییشی سوئید قه‌ت به‌من ناوێرێت. گوێی مه‌ده‌رێ.”
له‌خۆبایی بوون و دڵنیایی له ده‌نگی‌دا هه‌ست‌پێده‌كرا.
ته‌سلیمی له تیرۆری به‌ڕێز “جه‌لیل گادانی” دا سه‌رناکه‌وێت
وێژه‌ر: ته‌سلیمی ده‌زانێ كه بۆخۆی و هاوكاره‌كانی له‌لایه‌ن سێپۆوه خراونه‌ته ژێر چاوه‌دێری. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، درێژه به عه‌مه‌لیا‌ته‌كه‌ی به‌دژی “گادانی” ده‌دا. له‌م كاته‌دا، له ستۆكهۆڵم كۆماندۆی تیرۆر وه‌گه‌ڕ ده‌كه‌وێت. ته‌سلیمی له هۆتێلێك‌دا چاوه‌ڕوانی ده‌كات. چه‌كه‌كان له “وێزگه‌ی ناوه‌ندی شار”دا شاردراونه‌ته‌وه. ته‌سلیمی نیگه‌رانه. ئه‌گه‌ر بۆی ده‌ركه‌وێت كه “گادانی” له “لینشوێپینگ”ه، ئه‌وا ده‌بێ دوو كاتژمێر رێگا ببڕێت تا ده‌گاته ئه‌وێ. له‌و ماوه‌یه‌دا، ره‌نگه زانیاری‌یه‌كانی له‌سه‌ر “گادانی” كۆن ببێت. ئه‌گه‌ر كۆماندۆی تیرۆر له‌وێ تیرۆره‌كه جێبه‌جێ‌بكه‌ن، ئه‌وا “لینشوێپینگ” شارێكی بچووكه و به‌که‌ڵکی خۆحه‌شاردان نایه‌ت.
موحسین: بۆ ره‌زا ته‌سلیمی ته‌نانه‌ت “ده‌قه”ش گرینگ بوو. “گادانی” له‌كوێ داده‌نیشت و بۆ كوێ ده‌چوو؟ ته‌سلیمی ده‌یه‌ویست به ده‌قه و چركه‌ش به‌وردی به‌وه بزانێت. مه‌به‌ستی “ته‌سلیمی”ش له ساز کردنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ من‌دا، ئه‌وه بوو.
وێژه‌ر: “ته‌سلیمی” “موحسین” راده‌سپێرێت له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له ستۆكهۆڵم، كه “گادانی” تیایدا به‌شداره، ئاماده ببێت. ئه‌و ده‌بێ له كۆبوونه‌وه‌كه یادداشت هه‌ڵبگرێته‌وه و دواتر چاوی به “ته‌سلیمی” بكه‌وێت.
ئه‌مین ره‌شیدی: ئه‌و شه‌وه، چه‌ند سه‌د كوردێك له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار بوون. كه‌ش‌وهه‌وای كۆبوونه‌وه‌كه گه‌لێك باش بوو.
موحسین: زۆر ناخۆش بوو. “ته‌سلیمی” ناچاری كردم بچم بۆ ئه‌وێ و منیش ده‌مزانی چ ده‌نگۆیه‌كم به‌دواوه‌یه. نه‌مده‌ویست به‌شداری بكه‌م.
وێژه‌ر: شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه هاوڕێ‌یه‌كی موحسینی لێ‌یه، پیاوێك كه ئه‌ویش هه‌ر بۆ “ته‌سلیمی” كار ده‌كات. كاتێك كۆبوونه‌وه‌كه كۆتایی پێ‌دێت، پیاوه‌كه پارچه كاغه‌زێك به موحسین ده‌دات. له‌سه‌ر پارچه كاغه‌زه‌كه، ناو و ئادره‌سی ره‌شیدی له (ناوچه‌ی)”رینكه‌بی” نووسرابوو.
ئه‌مین ره‌شیدی: كاتێك له ستۆكهۆڵم ده‌مایه‌وه، زۆرجاران له‌لای من ده‌بوو.
وێژه‌ر: راست شه‌وی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش؟
ئه‌مین ره‌شیدی: به‌ڵێ، شه‌وی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش.
وێژه‌ر: كاتی تیرۆره‌كه ئێستا زۆر نێزیك بووه‌ته‌وه.
موحسین: ئه‌م ئادره‌سه ده‌كرا مه‌ترسیدار بێت. هێنام له‌نێوم برد و له‌ڕاستی‌دا به‌م كاره‌ش خۆشحاڵم. “ته‌سلیمی” لێی‌پرسیم كه ئایا هیچ كاغه‌زێكم له هاوڕێكه‌م وه‌رگرتبوو یان نا. له وه‌ڵامدا گوتم هیچم وه‌رنه‌گرتووه.
وێژه‌ر: “ته‌سلیمی” چه‌ندین جار پرسیار ده‌كات به‌ڵام موحسین له‌سه‌ر قسه‌ی خۆی ده‌وه‌ستێت و ده‌ڵێت كه هیچ كاغه‌زێكی وه‌رنه‌گرتووه. رۆژی دواتر “ته‌سلیمی” دێت بۆ ماڵی موحسین.
موحسین: كاتێك ده‌رگاكه‌م كرده‌وه له‌ڕاده‌به‌ده‌ر قه‌ڵس و تووڕه بوو و توند پاڵی پێوه‌نام و به دیواره‌كه‌یه‌وه نووساندم. پێی گوتم زانیاریی دروستم پێ‌نه‌داوه. نێزیكه‌ی ده ده‌قه‌یه‌ك مایه‌وه. پاشان لێی دا رۆییشت. ترسێكی زۆرم لێ‌نیشتبوو و وام هه‌ست‌ده‌كرد كه ئه‌مه ره‌نگه كۆتایی ژیانم بێت.
وێژه‌ر: چه‌ند رۆژ دواتر، گادانی، به‌بێ ئه‌وه‌ی كۆماندۆی تیرۆر له جێبه‌جێ‌كردنی پلانه‌كانیاندا سه‌ركه‌وێت، سوئید به‌جێ‌ده‌هێڵێت.
(لێره‌دا دیمه‌نێکی کورت له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رین پیشان ده‌درێت که تیایدا به‌ڕێز جه‌لیل گادانی خه‌ریکی قسه‌کردنه)
جه‌لیل گادانی: رێژیمی كۆنه‌په‌رستی كۆماری ئیسلامی زۆر ده‌مێكه حه‌ساسیه‌تێكی تایبه‌تیی به موبارزه‌ی گه‌لی كورد به‌تێكڕا په‌یدا كردووه. ده‌بێ زۆر له‌وه زیاتر وریا بین تا بتوانین نه‌خشه‌كانی دوژمن، پێش مه‌رحه‌له‌ی ئیجرا، پێ‌بزانین و …
باڵوێزخانه‌ی ئێران له سوئید له پشتی تۆڕه‌کانی تیرۆره‌وه‌یه
وێژه‌ر: دوو مانگ دواتر، ده‌زگیرانه‌كه‌ی موحسین دێت. به‌ڵام چۆنه كه ته‌سلیمی رێگای ده‌دات بێته ده‌رێ ئه‌گه‌ر موحسین هاوكاریی له‌گه‌ڵدا نه‌كردبێت؟
موحسین: ره‌نگه ته‌سلیمی له سه‌دا سه‌د دڵنیا نه‌بووبێت. ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی دڵنیابایه، ئه‌وه قه‌ت رێگای به هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی خێزانم نه‌ده‌دا.
وێژه‌ر: ئه‌گه‌ر گادانی ئه‌وڕۆ له ژیان‌دا ماوه، ره‌نگه هۆكاره‌كه‌ی ته‌نیا بۆ موحسین نه‌گه‌ڕێته‌وه. سێپۆ توانیبووی جارناجارێك ته‌سلیمی بخاته ژێر چاوه‌دێری‌یه‌وه و به‌نهێنیش گوێ له ته‌له‌فۆنی موحسین بۆ ته‌سلیمی و تیرۆریسته‌كانی دیكه بگرێت. سێپۆ ده‌یزانی كه ژیانی گادانی له مه‌ترسی‌دایه. به‌ڵام نه‌یانده‌ویست له‌به‌رده‌م ته‌سلیمی‌دا رێگر بن به‌ڵكو له‌به‌رامبه‌ردا، درێژه‌یان به لێكۆڵینه‌وه و ناسینی تۆڕی ناوبراو كرد. له درێژه‌ی ئه‌و کاره‌دا، كۆماندۆی تیرۆر توانی‌یان هه‌ڵێن. ئایا پۆلیسی سوئید به‌م شێوه‌یه ده‌جووڵێته‌وه؟ به تیرۆریستان، ئه‌وانه‌ی گه‌ڵاڵه‌ی كوشتن‌یان داڕشتووه، رێگا ده‌دا بێ‌لێپرسینه‌وه ده‌ربازبن؟
له دوایین دانیشتنی‌دا له‌گه‌ڵ موحسین، ته‌سلیمی ئوتومبێلێكی نوێ لێده‌خوڕێ. سێپۆ لێی‌ده‌كۆڵێته‌وه. بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌ناوی دیپلۆماتێكی باڵوێزخانه‌ی ئێران له ستۆكهۆڵم‌دا تۆمار كراوه. له‌داهاتوویه‌كی نێزیك‌دا، زیاتر بۆیان روون ده‌بێته‌وه كه باڵوێزخانه‌ی ئێران چ یارمه‌تی‌یه‌ك به تۆڕی تیرۆری ئێران ده‌دات.
گه‌ڵاڵه‌ی تیرۆری باڵوێزی عه‌ره‌بستانی سعوودی له ستۆکهۆڵم
وێژه‌ر: ئه‌م هاوینه (هاوینی 1990)، سێ ئه‌فسه‌ری ئیتلاعات به‌مه‌به‌ستی تیرۆری سه‌رۆكی باڵوێزیخانه‌ی عه‌ره‌بستانی سعوودی، “مه‌روان ئه‌ل- ڕۆمه”، ده‌گه‌نه “رێتڤیك” له “لیدینگ ئوێ” (ناوچه‌یه‌کی ده‌وروبه‌ری ستۆکهۆڵم). ئه‌وان ده‌كه‌ونه شوێنی “ئه‌لڕۆمه” و رێگا و كاتی هاتووچۆكردنی ناوبراو دیاری ده‌كه‌ن. ئه‌وجاریش، بۆ پشكنین و چاودێریی باڵوێزخانه‌ی عه‌ره‌بستان و ماڵی سه‌رۆكی ئه‌و باڵوێزخانه‌یه، له ئوتومبێلی شه‌خسیی دیپلۆماتێكی ئێرانی كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. هه‌ر له یه‌كه‌م ساته‌كانه‌وه، سێپۆ چاودێریی عه‌مه‌لیاته‌كه ده‌كات. ئێران ده‌یهه‌وێت به كوشتنی “ئه‌لڕۆمه” تۆڵه بكاته‌وه. عه‌ره‌بستانی سعوودی له‌ئاكامی چه‌ند كاری تیرۆریستی‌دا، كه ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تیی ئه‌م وڵاته كراوه، ترسی‌لێ‌نیشتووه. له رێوڕه‌سمی (حه‌ج)ی ساڵی 1987دا، له تێكه‌ڵچوونێک (له نێوان پۆلیس و حاجی‌یه‌کان)دا، زیاتر له چوارسه‌د كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا. زۆربه‌ی كوژراوه‌كان ئێرانی بوون. له‌م كاته‌ش‌دا، عه‌ره‌بستانی سعوودی تووشی چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب بووه و سێزده گومانلێكراوی گرتووه و رایگه‌یاندووه كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی‌یان لێده‌كرێ و دواتر له‌داریان ده‌دا. ئێران بڕیاری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌دات. سێزده هاووڵاتیی سعوودی ده‌بێ بكوژرێن و سێزده‌یه‌مین قوربانیش سه‌رۆكی باڵوێزیخانه‌ی ئه‌م وڵاته، “مه‌روان ئه‌ل- ڕۆمه”یه.
به‌رپرسی عه‌مه‌لیاتی تیرۆری مه‌روان ئه‌ل‌رۆمه ده‌گاته ستۆکهۆڵم
وێژه‌ر: له كۆتایی مانگی ژوئیه، ئێرانی‌یه‌ك دێته ستۆكهۆڵم. ئه‌و كابرایه به‌رپرسی عه‌مه‌لیاته‌كه‌یه و له‌ژێر ناوی “حه‌سه‌ن پووڕزه‌مانی” دێته سوئید. “پووڕزه‌مانی” هه‌رله سه‌ره‌تاوه له‌لایه‌ن سێپۆوه ده‌كه‌وێته ژێر چاوه‌دێری. ئێمه وێنه‌ی سیخوڕیی ناوبراومان وه‌ده‌ست كه‌وتووه. “پووڕزه‌مانی” پلانی تیرۆره‌كه قبووڵ ده‌كا و تاقمی پلانداڕێژ سوئید به‌جێ ده‌هێڵێت. سێپۆ له رێگای گوێگرتن له وتووێژی ته‌له‌فۆنیی تیرۆریستان، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه تیرۆره‌كه به‌م زووانه رووده‌دات. هه‌ربۆیه بڕیار ده‌دات پێش به‌م كرداره تیرۆریستی‌یه بگرێت. دوو كه‌س له ئه‌ندامانی كۆماندۆی تیرۆر موه‌فه‌ق ده‌بن به ئوتومبێلی دیپلۆماته‌كانی باڵوێزخانه‌كه هه‌ڵێن. تا له‌نێو ئه‌و ئوتومبێلانه‌دا بن، پۆلیس ئیزنی گرتنیانی نییه به‌ڵام به‌مه‌ودایه‌كی كه‌مه‌وه دوایان‌ده‌كه‌وێت. تیرۆریسته‌كان بۆیان ناکرێت له چرای هاتووچۆدا راوه‌ستن. كاتێك به‌لای “شه‌قامی پاشا”دا لاده‌ده‌ن، یاسای هاتوچۆ ده‌شكێنن و به‌مه‌ش رێگا بۆ پۆلیس خۆش ده‌بێت رایان بگرێت. ئه‌مه بۆ سێپۆ عه‌مه‌لیاتێكی سه‌ركه‌وتووانه‌یه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م تیرۆریسته گیراوانه‌دا چ بكرێ باشه؟
حکوومه‌تی سوئید نایهه‌وێ تیرۆریسته‌کان ببرێنه به‌رده‌م دادگا
وێژه‌ر: ده‌كرا وه‌ك گومانلێكراوی ئه‌وتۆ كه پلانی كوشتن‌یان داڕشتووه، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت. سێ كه‌سیان خاوه‌نی پاراستن (مصونیت)ی دیپلۆماسین و ناكرێ ببرێنه به‌رده‌م دادگا. به‌ڵام “پوورزه‌مانی” و دوو كه‌سی دیكه‌یان پاراستنی دیپلۆماسی‌یان نیه و سوئیدیش “ئه‌ركی دادگایی كردنی بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولا”ی هه‌یه. واته كه‌سێك كه گومانی ئه‌نجام‌دانی تاوانی لێ بكرێت ده‌بێ ببرێته به‌رده‌م دادگا. به‌ڵام نه سێپۆ، نه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و نه حكوومه‌ت هیچكامه‌یان نایانه‌وێت ئه‌م مه‌حكه‌مه‌یه (ده‌رحه‌ق به گومانلێكراوانی ئێرانی) ئه‌نجام بدرێت. ئه‌وه‌ی دوو ساڵ پێشتر له “پاریس” رووی دا له‌بیر نه‌چووه:
رێژیمی ئێران له سیاسه‌تی فه‌رانسه به‌رامبه‌ر به ئێران رازی نه‌بوو و رێگای دا شه‌پۆلێك له ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب له نێو پاریس‌دا وه‌ڕێ‌بخرێت. له‌ئاكام‌دا، سێزده كه‌س كوژران و زیاتر له سێ‌سه‌د كه‌سیش بریندار بوون. حكوومه‌تی فه‌رانسه (له به‌رامبه‌ر ئه‌و کرده‌وه تیرۆریستی‌یانه‌دا)به‌چۆك‌دا دێت. بۆ وێنه تیرۆریستێكی ئێرانی كه به تاوانی كارێكی تیرۆریستیی كۆن له به‌ندیخانه‌ی ئه‌م وڵاته‌دایه، به‌ره‌ڵا ده‌كرێت. تا ئه‌و كاته‌ی گیانی فه‌رانسه‌یی‌یه‌كان له كوشتن پارێزراو بێت، هه‌ردوو وڵات پێكه‌وه زۆر كۆك و سازراون. رێگاچاره ئه‌مه‌یه: یان ده‌بێ وه‌ك فه‌رانسه له‌گه‌ڵ تیرۆریستان‌دا رێك‌بكه‌ویت یان به‌پێی یاسای سوئید بجووڵێیته‌وه.
ماگنووس نوورێل: له باتیی دادگایی کردنی تیرۆریسته‌کان، رێگای ناردنه‌وه‌یان هه‌ڵ‌ده‌بژێرن.
وێژه‌ر: بۆ ده‌بێ وا بێت؟
ماگنووس نوورێل: به‌ڵێ … بێگومان بۆ ئه‌وه‌ی پێش به كاره‌ساتی ناله‌بار له‌گه‌ڵ ئێران‌دا بگیرێت.
وێژه‌ر: سێپۆ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه سیاسه‌تی فه‌رانسه به‌رامبه‌ر به ئێران ره‌چاوده‌كه‌ن. ئه‌وان نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئێران‌دا شه‌ڕێكی كراوه بێته پێش. دادگایی كردنی تاوانباران چاوپۆشیی لێده‌كرێت. دادیاری ناوچه‌ی “گامله‌ستان” له‌ده‌ره‌وه‌ی كێشه‌كه راده‌گیرێت. یه‌كشه‌مه، 4ی ئووت، كۆماندۆی تیرۆر به‌نهێنی له سوئید وه‌ده‌رده‌كه‌وێت و ئه‌و دیپلۆماته‌ی یارمه‌تیی داوون رێگای‌پێ‌نادرێت چی دیكه وه‌ك دیپلۆمات كاربكات.
ماگنووس نوورێل: لێره‌دا تۆ له‌به‌رده‌م كێشه‌یه‌ك‌دای كه تیایدا هه‌وڵی كوشتن دراوه. ده‌شزانی كه‌سه‌كان كێن. ئه‌وان له شوێنی تاوان‌دا ده‌گیرێن. زۆر روون و ئاشكرا. ئه‌گه‌ر له كاتێكی وادا نه‌هێڵی هیچ شتێكیان به‌رامبه‌ر بكرێت و به زووترین كاتی مومكین بیان‌نێریته‌وه، سروشتی‌یه ئاكامی ئه‌م شێوه مامه‌ڵه‌كردنه قایمکاریی زیاتره بۆ داهاتوو به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێته هۆی كۆتایی هێنان به چالاكی و جموجۆڵه‌كانیان. ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان تاوانباران به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س پێیان بزانێت بنێریته‌وه، ئه‌وا له‌ڕاستی‌دا گیروگرفته‌كه‌ت ته‌نیا له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه گواستوو‌ه‌ته‌وه.
ئه‌و که‌سه‌ی ویستی باڵوێزی سعودیه له ستۆکهۆڵم تیرۆر بکات، له‌لایه‌ن پۆلیسی سوئیده‌وه ده‌نێردرێته‌وه بۆ ئێران. هه‌ر ئه‌و تیرۆریسته دوو ساڵ دواتر، تاوانی میکونوس به‌ڕێوه ده‌بات
وێژه‌ر: ئه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی كه 24 كاتژمێر پاش داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی تیرۆر، له فڕۆكه‌خانه‌ی “ئارلاندا” (ی سوئید) سواری فڕۆكه كران، چی‌یان به‌سه‌رهات؟ ده‌با به‌شوێنیاندا بچین!”عه‌لی‌ئه‌كبه‌ر ئومیدمیهر” به نهێنی له دانمارك ده‌ژی. ” ئومیدمیهر” له پاكستان كاری بۆ ئیتلاعاتی ئێران كردووه. یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی ناوبراو، وه‌ده‌ست‌هێنانی که‌لوپه‌لی پێویست بۆ پرۆگرامی چه‌كی ناوكیی ئێران بووه. له چه‌ند ده‌رفه‌تێك‌دا، له‌سه‌ر حیسابی ئێران، له‌گه‌ڵ “ئوسامه بین- لادین”دا وتووێژی کردووه. ” ئومیدمیهر” له ئه‌ركه‌كه‌یدا، رێگای پێ‌ده‌درێ له زانیاری‌یه نێوخۆیی‌یه‌كان ئاگادار ببێت. ناوبراو به‌شێوه‌یه‌کی نایاسایی، له ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری‌یه‌كانی‌دا له‌و زانیاری‌یه نێوخۆیی‌یانه یادداشت هه‌ڵ‌ده‌گرێته‌وه.
عه‌لی‌ئه‌كبه‌ر ئومید میهر: له كاتی چوونم بۆ نووسینگه‌ی كاره‌كه‌م، ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری‌یه‌كانم له گیرفان یان له جانتاكه‌م‌دا هه‌ڵ‌نه‌ده‌گرت. به‌ڵكو له ماڵ‌دا و له جێگایه‌كی پارێزراودا، كه هیچ كه‌س نه‌یده‌توانی بیدۆزێته‌وه، به‌جێم‌ده‌هێشت.
وێژه‌ر: “ئومیدمیهر” پاش ئه‌وه‌ی له ئیتلاعات ده‌كشێته‌وه، ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری‌یه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ. یه‌كێك له نووسراوه‌كانی ” ئومیدمیهر” باسی عه‌مه‌لیاتی ستۆكهۆڵم بۆ تیرۆری سه‌رباڵوێزی عه‌ره‌بستانی سعوودی ده‌كات. له نووسراوه‌كه‌دا چه‌ند ناو هه‌یه. یه‌كێك له ناوه‌كان بۆ كێشه‌كه به‌ته‌واوی نوێ‌یه.
ئومید میهر: هه‌واڵێکی زۆر باش بوو. تێیدا هاتبوو: “به‌نی‌هاشمی” ساڵی 1990 ویستی سه‌رباڵوێزی عه‌ره‌بستانی سعوودی تیرۆر بكات. به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه گیرا و ناردرایه‌وه بۆ ئێران.”
وێژه‌ر: ئه‌م ناوه بۆ “ئومید میهر” نائاشنایه. به‌ڵام ئێمه ده‌یناسینه‌وه. “عه‌بدولڕه‌حمان به‌نی‌هاشمی” به‌رپرسیاری تیرۆری به‌رلینه كه تیایدا چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا. یه‌كێك له‌و چوار كه‌سه، (دوكتۆر) شه‌ره‌فكه‌ندی، رێبه‌ری نوێی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران بوو.
دوكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی: هه‌ر وه‌ك گوتم، من به‌رده‌وام هه‌ست‌ده‌كه‌م له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ئێرانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌كرێت.
وێژه‌ر: “په‌رویز ده‌ستماڵچی” له‌و تیرۆره رزگاری بوو و قه‌ت ئه‌و شه‌وه‌ی له‌بیرناچێته‌وه.
په‌رویز ده‌ستماڵچی: سروشتی‌یه من له ترسان‌دا په‌شۆكابووم. له‌ژێر مێزێك‌دا خۆم شاردبووه‌وه و پاش دوو ده‌ستڕێژ، بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ر شوێنه‌كه‌دا كێشا. ئینجا ده‌ستێكم به ده‌مانچه‌یه‌كه‌وه بینی كه شۆڕ ببووه‌وه و ئاراسته‌ی شه‌ره‌فكه‌ندی كرابوو و پاشان تیری خه‌لاسی لێ‌دا.
دادگا و پۆلیسی ئاڵمان، به‌پێچه‌وانه‌ی سوئید، رێگای قانوون هه‌ڵ‌ده‌بژێرن و په‌رده له‌سه‌ر خۆتێوه‌گلانی رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی له‌و تیرۆره‌دا هه‌ڵ‌ده‌ده‌نه‌وه
وێژه‌ر: كاره‌ساتی به‌رلین بۆ تیرۆریزمی ئێران له ئورووپادا خاڵی وه‌رچه‌رخان بوو. ئاڵمان، راست وه‌ك سوئید، “ئه‌ركی دادگایی كردنی بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولا”ی هه‌یه و لێره پۆلیس و دادیار هه‌ردووك رێگای قانوون‌یان هه‌ڵبژارد. سه‌رۆكی عه‌مه‌لیات، “به‌نی‌هاشمی”، توانی هه‌ڵێ و ئاڵمان به‌جێ‌بێڵێت. به‌ڵام توانرا چه‌ندین كه‌سی تاوانباری دیكه ده‌سگیر بكرێن و حوكم بدرێن.
پارێزه‌ر هانس یواكیم: دادگا ته‌ئییدی كردووه كه كومیته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌رپرسایه‌تیی بڕیاری جێبه‌جێ کردنی ئه‌م كوشتنانه‌ی له‌ئه‌ستۆیه و له‌م كومیته‌یه‌دا، رێبه‌ری ئایینیی ئێران، سه‌ركۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه جێ‌ده‌گرن.
وێژه‌ر: ده‌ستماڵچی له درێژه‌ی دادگایی كردنه‌كه‌دا بوو به یه‌كێك له شاهیده سه‌ره‌كی‌یه‌كان. ناوبراو توانی به‌ڕێوه‌به‌ر و شوێنی تیرۆره‌كه بناسێته‌وه. ئێمه ئه‌و وێنه‌یه‌ی پیشان ده‌ده‌ین كه له ستۆكهۆڵمه‌وه هێناومانه.
ده‌ستماڵچی: ئه‌م وێنه‌یه‌م دیتبوو. پێنج ساڵ به‌رله ئێستا، لێره دادیاری به‌رلین پیشانی دام. هی “به‌نی هاشمی”یه، ئه‌و كه‌سه‌ی له رستوورانی میكۆنۆس‌دا ده‌سڕێژی له قوربانیان كرد.
وێژه‌ر: هه‌مان وێنه، هه‌مان ناو. له سوئیددا ناوی “پوورزه‌مانی”ی له‌سه‌ر خۆی داناوه به‌ڵام ناوه راسته‌قینه‌كه‌ی ” به‌نی‌هاشمی”یه. ئه‌م كابرایه له سوئیددا پلانی كوشتن داده‌ڕێژێ و له لایه‌ن پۆلیسی ئه‌م وڵاته‌وه ده‌خرێته ژێر چاوه‌دێری. له‌ئاكام‌دا ده‌گیرێ به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی سزابدرێت یان دادگایی بكرێت، رزگاری ده‌بێت. “پوورزه‌مانی”، دوو ساڵ دواتر، له بێرلین چوار كه‌سی دیكه تیرۆر ده‌كات.
ده‌ستماڵچی: ده‌توانین نه‌تیجه بگرین كه ده‌وڵه‌تی سوئید به‌رپرسایه‌تیی هه‌یه له‌و قه‌تڵانه‌ی دواتر به‌نی هاشمی به‌ڕێوه‌ی بردوون. ئه‌مه ئه‌و وێنه‌یه نادا به‌ده‌سته‌وه كه من له سوئید وه‌ك وڵاتێكی دیمۆكراتیك هه‌مه.
وێژه‌ر: ئێمه داوامان له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، پۆلیسی ئاساییش و باڵوێزخانه‌ی ئێران كرد دیمانه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین. هه‌ر هه‌موویان جوابی “نه”یان پێ‌داینه‌وه.
موحسین: پێم گوتن کاسێته‌که راگرن! ئاماده‌م قسه بکه‌م
پاش هه‌وڵی سه‌رنه‌كه‌وتووی بۆ تیرۆری گادانی، ته‌سلیمی له سوئیددا درێژه به كاره‌كانی خۆی ده‌دا و ده‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر گیانی خه‌ڵك و سه‌ره‌نجام سێپۆ دخاله‌ت ده‌كا و به نهێنی بۆ تارانی به‌ڕێ‌ده‌كاته‌وه. موحسین ئێستا كچێكی هه‌یه و دووكانێكی كردووه‌ته‌وه. دواتر موحسین ده‌سگیرده‌كرێت.
موحسین: كاسێتێكیان هێنا و خستیانه سه‌ر. هه‌موو ئه‌و ته‌له‌فۆنانه‌ی كردبووم له كاسێته‌كه‌دا تۆمار كرابوون. پێم گوتن “كاسێته‌كه راگرن! ئاماده‌م قسه بكه‌م.
وێژه‌ر: موحسین له لێكۆڵه‌ره‌كه ده‌پرسێ چیم لێده‌كه‌ن؟
موحسین: پێی گوتم: ” له‌پێش‌دا زیندانی ده‌كرێی و دواتر ده‌تگه‌ڕێننه‌وه بۆ ئێران.” حه‌په‌سام. خۆم به قوربانی‌یه‌كی بێ‌تاوان ده‌زانی. باشه بۆ بمنێرنه‌وه بۆ ئێران؟ بۆ ئه‌وه‌ی بمكوژن؟
وێژه‌ر: موحسین به‌تاوانی چالاكیی سیخوڕیی قه‌ده‌خه‌کراو دادگایی ده‌كرێت. ئه‌و پێی‌وایه كه ئه‌گه‌ر مه‌حكه‌مه به ڕووی خه‌ڵك و راگه‌یه‌نه‌ره‌كان‌دا كراوه بێ ئه‌وا ره‌نگه شانسی ده‌ربازبوونی هه‌بێ. هه‌ر بۆیه داوای کراوه بوونی دادگا ده‌كات. كاتێك دادگا وای‌لێك‌ده‌داته‌وه كه ئه‌م كێشه‌یه پێوه‌ندیی به ئاساییشی وڵاته‌وه هه‌یه، بڕیار ده‌دات كه دادگایی كردنه‌كه له پشتی ده‌رگای داخراودا به‌ڕێوه بچێت.
موحسین: هه‌وڵم دا بۆیان روون‌بكه‌مه‌وه كه دیپۆرت‌كردنه‌وه‌م بۆ ئێران بێ‌ئه‌ندازه مه‌ترسیدار ده‌بێت. گریام. لێیان پاڕامه‌وه: “حه‌وت یان ده ساڵ زیندانم بكه‌ن به‌ڵام دیپۆرتم مه‌كه‌نه‌وه چونكه ئه‌م كاره بۆ ژیانی خۆم و كه‌سانی تریش مه‌ترسی دروست ده‌كات! “به‌ڵام گوێ‌یان لێ‌نه‌گرتم. رقم لێیان ده‌بێته‌وه.
وێژه‌ر: دادگا ده‌یسه‌لمێنێ كه موحسین به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ته‌سلیمی‌دا چاوپێكه‌وتنی كردووه و له‌سه‌ر ئه‌فراد و رووداوه‌كان له سوئیددا زانیاریی داوه. دادگا حوكمی زیندان و پاشان ده‌ركردنی موحسین له سوئید ده‌رده‌كات. بۆ یه‌كه‌مجار، له دادگای سوئیددا، تۆڕی تیرۆری ئێران تۆمارده‌كرێت. مه‌به‌ستی دادگا ئه‌وه‌یه كه سزادانی كه‌سێكی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی تۆڕی تیرۆر، ببێته په‌ندی عیبره‌ت بۆ كه‌سانی دیكه. جاڵجاڵۆکه‌ی نێو ئه‌م تۆڕه، ته‌سلیمی، توانیویه‌تی به‌نهێنی وڵات به‌جێ‌بهێڵێت. له‌نێو كۆماندۆی تیرۆردا كه گه‌ڵاڵه‌ی كوشتنی سه‌رباڵوێزی عه‌ره‌بستانی سعوودی‌یان داڕشتووه، دوو كه‌سیان ده‌كرا مه‌حكه‌مه بكرێن. یه‌كێك له‌و دووانه، به‌رپرسی ئۆپراسیۆنه‌كه، “به‌نی هاشمی” بوو. ئه‌وانیش رێگایان پێدرا به‌نهێنی سوئید به‌جێ‌بێڵن.
موحسین دوای به‌ره‌ڵا بوونی له زیندانی سوئید ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران و له‌وێ کار بۆ ده‌زگای ئیتلاعات ده‌کات
موحسین، پاش ته‌واوكردنی سزای زیندان، به‌ره‌ڵا ده‌كرێت به‌ڵام حوكمی دێپۆرت‌كردنه‌وه‌كه‌ی له جێی‌خۆی ده‌مێنێ.
موحسین: له دۆخێكی وادا، دوو رێگام له‌پێش بوو: یان له‌لایه‌ن سێپۆوه بۆ ئێران دێپۆرت بكرێمه‌وه یان خود ئاره‌زوومه‌ندانه بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌وێ. رێگای دووه‌مم هه‌ڵبژارد. مه‌به‌ستم له‌و كاره ئه‌وه بوو كه به “ره‌زا ته‌سلیمی” بسه‌لمێنم كه قه‌ت به‌دژی ناوبراو نه‌جووڵاومه‌ته‌وه.
وێژه‌ر: موحسین بۆ دانمارك هه‌ڵدێت. باڵوێزخانه‌ی ئێران له “كۆپێنهاك” پاسپۆرتێكی ته‌زویركراوی بۆ جۆر ده‌كات تا بتوانێ خۆی بگه‌یه‌نێته ئێران. له ئێران له‌لایه‌ن ته‌سلیمی‌یه‌وه پێشوازیی لێده‌كرێ و به‌وردی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كه ئایا ده‌كرێ متمانه‌ی پێ‌بكه‌ن یان نا. موحسین له تاران نیشته‌جێ ده‌بێت. جاروبار، به وه‌رگێڕانی نامه، كار بۆ ده‌زگای ئیتلاعات ده‌كات.
موحسین: نامه‌كان هی كه‌سانێك بوون كه له ده‌ره‌وه ده‌ژیان و بۆ خزمه‌كانیان ده‌ناردن.
وێژه‌ر: بیرت له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه كه كه‌سانێك بن كه ئه‌وانیش ده‌یانویست ده‌زگیرانیان بێننه ده‌رێ و هه‌مان پلانیان بۆ ئه‌وان هه‌بایه كه بۆ تۆیان هه‌بوو؟
موحسین: له یه‌ك مه‌وریددا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌م لا دروست بوو كه وابێ. راست وه‌ك ئه‌و تراژیدیایه‌ی به‌رۆكی منی گرتبوو…
وێژه‌ر: له‌و كاته‌دا بیرت له چی ده‌كرده‌وه؟
موحسین: نازانم. …. نازانم.
وێژه‌ر: موحسین تا دێ بێزارتر ده‌بێت. بێزار له‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی رۆژێك لێی ههﻵتبوو، له كاره‌كه‌ی وه‌ك وه‌رگێڕ و له‌وه‌ی كه خێزان و كچه‌كه‌ی له سوئیددا به‌جێ ماوون.
موحسین: دوای تێپه‌ڕبوونی دوو مانگ به‌ته‌واوی نه‌خۆش بووم و له‌باری رۆحی یه‌وه ئێجگار لاواز ببووم.
موحسین له ئێرانه‌وه ده‌چێته تورکیه
وێژه‌ر: موحسین موه‌فه‌ق ده‌بێت ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێران فریو بدا و بینێرنه ئیستانبۆڵ. له‌وێ له ئیتلاعات خۆده‌كێشێته‌وه. موحسین خۆی ده‌گه‌یه‌نێته كونسولگه‌ریی فرانسه له توركیه و داوا ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر دركاندنی زانیاری یه‌كانی دا، په‌نابه‌ریی سیاسی پێ ببه‌خشن. ده‌زگای ئیتلاعاتیی فه‌رانسه پرسیار و جوابی لێ ده‌كا و به‌ڵێنی مافی په‌نابه‌رێتیی ده‌داتێ به‌ڵام پرۆسه‌كه وه‌دواده‌كه‌وێ. هاوكات ده‌زگای ئیتلاعاتیی توركیه‌ش، میت، ده‌یخاته ژێر چاوه‌دێری و كۆنترۆڵی خۆیه‌وه. چه‌ندین جار ده‌یگرن و پرسیار و جوابی لێ ده‌كه‌ن و ئازاری ده‌ده‌ن. موحسین ترس دای‌ده‌گرێت.
موحسین: بارودۆخه‌كه زۆر جیددی بوو. ره‌زا ته‌سلیمی ده‌یبینی له‌گه‌ڵی نه‌ماووم. ده‌زگای ئیتلاعاتیی توركیه، میت، به‌وه‌ی ده‌زانی. ده‌زگای ئیتلاعاتیی فرانسه‌ش ده‌یزانی. ئینجا له توركیه‌ش دا بووم! توركیه جێگایه‌كه كه تیایدا هه‌ر كه‌س ده‌توانێ دروست ئه‌و شته‌ی ده‌یهه‌وێ، بیكات.
موحسین به یارمه‌تیی سێپۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاتی سوئید
بوێژ: موحسین له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی دا، كه ئه‌وده‌م له شاری “یه‌ڤله” له سوئید ده‌ژیا، پێوه‌ندی ده‌گرێ. خێزانه‌كه‌ی بۆی ده‌گێڕێته‌وه كه سێپۆ به‌دووی‌دا گه‌ڕاوون و ژماره ته‌له‌فۆنێكیان به‌جێ هێشتووه. موحسین له‌گه‌ڵ سێپۆدا ته‌ماس ده‌گرێت. سێپۆ ده‌یهه‌وێ موحسین بگه‌ڕێته‌وه بۆ سوئید.
موحسین: (لێم پرسین) ئه‌گه‌ر بێمه‌وه چی ده‌قه‌ومێ؟
گوتیان: گرینگ نیه. وه‌ره‌وه و ئا. شتێكت بۆ جۆر ده‌كه‌ین.
هیوای زۆرم لا دروست ببوو رێگام بده‌ن له سوئیددا ژیانێكی ئاسایی به‌رمه‌سه‌ر. پرسیاری ئه‌وه‌یان لێ كردم كه ئایا پاسپۆرتم هه‌بوو یان نا.
له وه‌ڵامدا پێم گوتن به‌ڵێ هه‌مه. پاسپۆرتێكی ته‌زویركراوم به ناوێكی هه‌ڵبه‌سراو لا هه‌یه.
گوتیان: “قه‌یدی ناكا.”
بۆ به‌یانی‌یه‌كه‌ی چووم بۆ كۆنسوولخانه‌ی سوئید، ویزام وه‌رگرت و گه‌ڕامه‌وه.
بوێژ: دادگای سوئید بڕیاری دابوو موحسین بۆ هه‌تاهه‌تایه له سوئید ده‌ربكرێت. كه‌چی ئێستا له‌سه‌ر داوای سێپۆ، نووسینگه‌ی كۆچ (ئیداره‌ی مهاجره‌ت) پاسپۆرت و ویزا بۆ ناوبراو ده‌رده‌كات. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌م كاره تێوه‌گلاون ده‌زانن كه هێنانه‌وه‌ی موحسین بۆ سوئید كارێكی نایاسایی‌یه.
موحسین: ئه‌و شه‌وه به‌فرێكی نه‌رم ده‌باری. سه‌یری ده‌ره‌وه‌م ده‌كرد و دیمه‌نی به‌فربارینه‌كه خۆشحاڵی كردبووم. كاسێتێكی ئێرانیم پێ‌بوو و داوام له شۆفێره‌كه كرد بیخاته‌سه‌ر … ته‌واوی گیروگرفته‌كانم له‌بیر نه‌ما .. خێزانم چاوه‌ڕێی ده‌كردم. ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه … ده‌ستم به گریان كرد. ئێستا هه‌موو شتێك گه‌ڕابووه‌وه شوێنی خۆی.
هۆکاری هێنانه‌وه‌ی موحسین له تورکیه‌وه بۆ سوئید ده‌بێ چی بێت؟
بوێژ: باشه پاش ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تی یه‌ی بۆ دیپۆرتكردنه‌وه‌ی موحسین تووشی بوون، هۆی چی یه ئێستا سێپۆ به‌شێوه‌ی نایاسایی موحسین دێنێته‌وه بۆ سوئید؟
وهﻵمه‌كه ئه‌وه‌یه كه پۆلیسی سوئید گرفتێكیان بۆ هاتووه‌ته پێش، گرفتی تیرۆری خاتوو عیفه‌تی قازی.
ئه‌میر قازی: رێگایان دام بچمه نێو نه‌خۆشخانه‌كه‌وه و چاوم پێی بكه‌وێت. له وه‌زعێكی ناخۆش و دژوار‌دا بوو. ده‌ست و چاوی له‌ده‌ست دابوون. دیاربوو ته‌قینه‌وه‌كه زیانی به دڵیشی گه‌یاندبوو.
بوێژ: “عیفه‌ت قازی” له‌كاتی هێنانه‌وه‌ی كاغه‌ز و نامه‌ی نێو سندووقی پۆسته‌كه‌یان له‌به‌رده‌ركی ماڵه‌وه‌یان، نامه‌یه‌كی بۆمبڕێژكراوی پێدا ده‌ته‌قێته‌وه و گیانی له‌ده‌ست ده‌دا.
بوێژ: لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌سه‌ر كه‌سانی كوژراو له وﻵتی سوئید ئه‌ركی پۆلیسی ئاسایی یه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر هۆكاری كوشتنی “عیفه‌ت” له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت.
ئه‌وڕۆ نه دادیار و نه پۆلیس هیچكامه‌یان نایانه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه دیمانه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت. ئێمه دیمانه‌یه‌كمان ده‌ست كه‌وتووه كه چه‌ند ساڵێك دوای كوشتنی “عیفه‌ت” ئه‌نجام دراوه و تیایدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیس بۆچوونی خۆی له‌و باره‌یه‌وه ده‌رده‌بڕێت كه ئایا كرده‌وه‌كه هه‌وڵێكی تیرۆریستی بووه یان نا.
به‌پێچه‌وانه‌ی پۆلیسی ئاسایی، سێپۆ کوشتنی عیفه‌ت قازی به تۆڕه‌کانی تیرۆری ئێرانه‌وه گرێ ده‌دات
رۆگه‌ر یانسۆن، كومیسیۆنی سه‌رانسه‌ریی قه‌تڵ: له‌م قه‌زیه‌یه‌دا، ئاشكرایه ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین بزانین قه‌واره و شێوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كه چۆن بووه.
بوێژ: بهﻵم پۆلیس هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌دژی بنه‌ماڵه‌ی قازی نابینێت.
رۆگه‌ر یانسۆن: ئاشکرایه له سوئیددا كوردێكی زۆر ده‌ژین و به‌شێكی زۆریان له‌بواری سیاسی دا چالاكانه كاریان كردووه.
بوێژ: پۆلیسی ئاسایی وای بۆ ناچێت كه ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی عه‌لاقه و هۆگریی سیاسی‌یان هه‌بووبێت. به‌ڵام، له‌به‌رامبه‌ردا، پۆلیس پێی وایه لانیكه‌م سه‌د كوردی دیكه‌ی ئێرانی له سوئیددا له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر جیددی دا به‌ره‌وڕوون.
رۆگه‌ر یانسۆن: ئه‌وه ئازار و راوه‌دوونانێكی به‌ربهﻵوه كه له‌گه‌ڵ بناخه‌ی بیری سیاسی دا ناته‌بایه.
بوێژ: بهﻵم سێپۆ پێوه‌ندیی ئاشكرای كێشه‌كه به تۆڕه‌كانی تێرۆری ئێرانه‌وه ده‌بینێت. سێپۆ هه‌روه‌ها ته‌ئیدی ده‌كات كه سیاسه‌تی سوئید له‌م پێوه‌ندی یه‌دا كاریگه‌ریی كه‌می هه‌بووه.
تیرۆریسته‌كانی ئێرانی درێژه به ئۆپراسیۆنه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن. سێ كه‌سی دیكه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئێران مافی دیپلۆمات‌بوونیان لێ‌ده‌ستێنرێته‌وه. هه‌روه‌ها لێكۆڵه‌رانی سێپۆ، كه له قه‌تڵی “عیفه‌ت” ده‌كۆڵنه‌وه، پێوه‌ندیی قه‌زیه‌كه به ئێرانه‌وه‌یان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ده‌یانهه‌وێ له موحسین پرسیار بكه‌ن.
موحسین: لێیان پرسیم سه‌باره‌ت به “ئه‌میر و عیفه‌تی قازی” چی ده‌زانم و له سوئیددا كێ ده‌ناسم هاوكاری “ره‌زا ته‌سلیمی” بێت. هه‌روه‌ها لێیان پرسیم ئه‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ “ته‌سلیمی” له سوئیددا هاوكاریم ده‌كرد چی زیاترم پێیه بۆیانی باس بكه‌م. منیش بۆم باس كردن.
بوێژ: بهﻵم موحسین ئه‌و وهﻵمه‌ی سێپۆ ده‌یهه‌وێ، پێیان نادا.
ره‌نگه “عیفه‌ت” ئامانجی كوشتنه‌كه نه‌بووبێت. نامه‌كه ناونیشانی مێرده‌كه‌ی، واته “ئه‌میر”ی له‌سه‌ر بوو، كه سیاسه‌توانێكی كوردی چالاك له تاراوگه دایه. ناوبراو له حه‌فتاكاندا هاته سوئید بهﻵم له ماوه‌ی شۆڕش دا گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌دژی پاسدارانی شۆڕشی خومه‌ینی خه‌بات بكات.
ئه‌میر قازی: ئه‌وان (پاسداره‌كان) كلیلی به‌هه‌شتیان پێیه.
بوێژ: بهﻵم كورده‌كان تووشی شكست هاتن و ئه‌میر بۆ سوئید و به‌ڕێوه‌بردنی چالاكیی سیاسی له تاراوگه‌دا گه‌ڕایه‌وه. سێ ساڵ به‌رله تێرۆری عیفه‌ت، دراوسێكان پیاوێكیان له‌ده‌وروبه‌ری ماڵی قازی دا بینیبوو. كاتێك دراوسێكان له پیاوه‌كه به‌گومان ده‌بن، پۆلیسی لێ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه. بهﻵم پیاوه‌كه بزر ده‌بێت. ئه‌م زانیاری یانه له دۆكۆمنتێكه‌وه وه‌رگیراون كه هی پۆلیسی جه‌نایی ئاڵمانه كه ئه‌وانیش به نۆره‌ی خۆیان له سێپۆی سوئیده‌وه وه‌ریان گرتووه. 29ی ژوئیه پۆلیس ده‌توانێ كابرایه‌ك به‌ناوی “جه‌مشید حه‌سه‌نپوور” بناسێته‌وه. ناوبراو دیپلۆماتی باڵوێزخانه‌ی ئێران له ستۆكهۆڵم دایه. هه‌ر ئه‌م كابرایه بوو ئوتومبیله‌كه‌ی خۆی به ته‌سلیمی به‌قه‌رزدابوو و هه‌ر ئه‌ویش بوو یارمه‌تیی سیخوڕی كردن له‌سه‌ر باڵوێزی عه‌ره‌بستانی سعوودی دابوو. كاتێك كۆماندۆی تێرۆر به‌نهێنێ له سوئید وه‌ده‌ركه‌وتن، ” حه‌سه‌نپوور” مافی دیپلۆمات‌بوونی لێ‌ده‌ستێنرێته‌وه. له‌و دۆكۆمینته‌ی ئاڵمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ” حه‌سه‌نپوور” له مانگێكه‌وه به‌رله ته‌قینه‌وه‌ی نامه بۆمبڕێژكراوه‌كه له به‌رده‌م ماڵی قازی دا، له‌ژێر چاوه‌دێری دا بووه. “حه‌سه‌نپوور” ته‌نیا سیخوڕی ئێرانی نیه له‌سه‌ر قازی یه‌كان جاسووسی كردبێت.
ئیتلاعات له‌گه‌ڵ خزمێکی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌میر و عیفه‌تی قازی‌دا پێوه‌ندی داده‌مه‌زرێنێت
بوێژ: خزمێكی نێزیكی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه، با ناوی بنێین ” له‌یلا “، له‌لایه‌ن ده‌زگای ئێتلاعاتی ئێرانه‌وه پێوه‌ندیی پێوه ده‌كرێ. له‌یلا له هۆتێلێك له ستۆكهۆڵم چاوی به سێخوڕێك ده‌كه‌وێت و پرسیاره‌كان هه‌ر هه‌موویان پێوه‌ندی یان به یه‌ك تاكه كه‌سه‌وه هه‌بوو.
له‌یلا: لێیان پرسیم پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ “ئه‌میری قازی”دا چۆنه. پرسیارگه‌لێكی زۆریان كرد. له گوتنی راستی خۆم بوارد و گوتم له‌گه‌ڵ قازی دا یه‌كتر نابینین. پێكه‌نینی به قسه‌كانم هات. له بیری خۆم دا گوتم به هه‌موو شت ده‌زانن.
بوێژ: له دانیشتنی دوایی دا، له‌یلا فه‌رمانده‌ی عه‌مه‌لیاته‌كه، ته‌سلیمی، ده‌بینێ.
له‌یلا: زۆر ده‌ترسام. پێم گوت نامه‌وێ هاوكاریتان بكه‌م. زۆر تووڕه بوو. گوتی ده‌توانم بهﻵی وات به‌سه‌ر بێنم قه‌ت له‌بیرت نه‌چێته‌وه.
بوێژ: بنه‌ماڵه‌ی له‌یلا ده‌بێ تۆڵه‌ی ئه‌و هاوكاری نه‌كردنه‌ی له‌یلایان لێ بكرێته‌وه. هه‌ربۆیه باوكی له ئێران‌دا ده‌گرن. له‌یلا، وه‌ك كه‌سی نێزیكی بنه‌ماڵه، له‌سه‌ر كوشتنی “عیفه‌ت”، له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاسایی‌یه‌وه پرسیار و جوابی لێ ده‌كرێت بهﻵم هیچ چه‌شنه پرسیارێك كه پێوه‌ندیی به دانیشتنی ناوبراو له‌گه‌ڵ ته‌سلیمی و هۆگریی ته‌سلیمی بۆ “ئه‌میر” هه‌بێت، نایه‌ته‌گۆڕێ.
كوشتنی “عیفه‌ت” هێشتا به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه. بهﻵم به‌ته‌واوی روون و ئاشكرایه كه ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر بووه. ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێران به‌دوای زانیاری له‌سه‌ر ئه‌میر دا گه‌ڕاوه و سیخوڕیی له‌سه‌ر ماڵه‌كه‌یان كردووه.
موحسین له‌لایه‌ن سێپۆوه به‌ڵێنی ده‌درێتێ بیهێڵن له سوئیددا بمێنێته‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا ناوبراو زانیاری یه‌كانی بۆ سێپۆ ده‌دركێنێ.
ئیداره‌ی کۆچ حوکمی ده‌رکردنی موحسین ده‌دات
موحسین: ده‌مه‌ویست گیانم رزگاربكه‌م. ده‌مه‌ویست پیشانی بده‌م ئاماده‌م هاوكارییان بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی لێره بمێنمه‌وه. ده‌مه‌ویست پێیان بسه‌لمێنم كه له‌گه‌ڵ ته‌سلیمی دا هاوكاریم نه‌كردووه.
بوێژ: چی یان پێ گوتی؟
موحسین: هیچ.
بوێژ: ئه‌وه‌ی موحسین ده‌یڵێ به‌دڵی سێپۆ نییه و دوای لێكۆڵینه‌وه‌كه، پێوه‌ندیی نێوانیان ده‌پچڕێت.
موحسین: خۆم به په‌نابه‌ری سیاسی ده‌زانی. له‌بارودۆخێكی وادا چاره‌نووسم چی لێ ده‌هات؟ لای سێپۆ پێیان گوتم ئه‌وه گرفتی ئه‌وان نییه. خه‌یانه‌تیان لێكردم. ژیانیان به‌ته‌واوی لێ شێواندم! خراپتر له “میت”ی توركی و ره‌زای ته‌سلیمی.
بوێژ: چه‌ند مانگ دواتر، موحسین له‌لایه‌ن “به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كۆچ”ه‌وه ئاگادار ده‌كرێته‌وه كه بڕیاری ناردنه‌وه‌یان بۆ ئێران داوه.
موحسین: حه‌په‌سابووم. گومانی تێدا نه‌بوو كه له‌ئاكامی دیپۆرتكردنه‌وه‌مدا، ده‌مردم و له‌نێو ده‌چووم.
هه‌وڵی تیرۆری کامه‌ران هیدایه‌تی (ناسراو به ئه‌بووبه‌کر)، ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئیران لە سوید
بوێژ: نامه‌ی بۆمبڕێژكراو به‌دژی “عیفه‌ت” ته‌نیا كاره‌سات نییه تووشی كورده‌كانی ئێرانیی نیشته‌جێ له سوئید بووبێت.
په‌روین حه‌سه‌ن خاڵی: كاتێك هاتمه‌وه ماڵ، رێگایان نه‌دام بچمه نێو “ئاسانسۆر”ه‌كه‌وه. چوونكه پڕ ببوو له خوێن و نه‌یانده‌ویست خوێنه‌كه ببینم. پۆلیس “ئاسانسۆر”ه‌كه‌ی به‌ربه‌ست كردبوو. ئێمه لێره ده‌ژیاین. هه‌موو شوێنێك خوێنی تێدا بوو. له‌و جێگانه‌ی “كامه‌ران” چووبوو و هه‌وڵی دابوو رێگای چوونه ده‌ره‌وه بدۆزێته‌وه، شوێنێ قامكه‌كانی كه‌وتبوون. به‌سه‌ر ئه‌و شووشه و “چینی”یانه‌دا چووبوو كه شكابوون و به‌نێو ماڵه‌كه‌دا تووچابوون. به‌قه‌د دیوار و بنمیچی خانووه‌كه‌وه له هه‌موو شوێنێك دا خوێن و پارچه‌گۆشت نووسابوون. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی كوڕه‌كه‌م یاریی پێ ده‌كردن.
بوێژ: “كامه‌ران هه‌دایه‌تی” له‌و كاره‌ساته تیرۆریستی یه رزگاری بوو بهﻵم چاوه‌كانی له‌ده‌ست دان. له‌مێژ بوو باری ته‌ندروستیی باش نه‌بوو و له‌شی توانای تاقه‌ت هێنانی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زیانانه‌ی له ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌كه‌دا پێی گه‌ییشتبوو، نه‌مابوو. “كامه‌ران” دووساڵ دواتر ده‌مرێ. “كامه‌ران و په‌روین” هه‌ردوو له‌نێو حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران دا چالاك بوون. “كامه‌ران” له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی دوای رووخانی شا، وه‌ك نوێنه‌ری یه‌كێك له شاره‌كانی كوردستان، بۆ پارله‌مان هه‌ڵبژێردرابوو. پاش هاتنیان بۆ سوئید، به خه‌باتی سیاسیی خۆیان به‌دژی ده‌سهﻵتی ئایه‌توڵڵاكان درێژه‌یان دابوو.
ره‌نگه په‌روین ئامانجی هه‌وڵه تیرۆریستی‌یه‌که بووبێت
بوێژ: ئه‌وه‌ی كه “كامه‌ران” ئامانجی بۆمبه‌كه بووبێت یان نا، روون نییه. نامه بۆمبڕێژكراوه‌كه به ناونیشانی په‌روین هاتبوو. هه‌ڕه‌شه له سه‌ر گیانی په‌روین هه‌بوو. ئه‌و وێنه‌یه‌ی ته‌سلیمی له ئاڵبۆمه‌كه‌ی موحسین بردبووی هی په‌روین بوو. په‌روین یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوو كه ته‌سلیمی پلانی بۆ دانابوون. سێپۆ به‌رله ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌كه، به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی ده‌زانی.
موحسین له‌كاتی پرسیاروجواب دا، باسی وێنه‌كانی كردبوو.
پێت وایه ده‌زگای ئیتلاعاتی ئێران وێنه‌ی تۆی بۆ چی بوو؟
په‌روین: ئیحتێماله‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شتێك به‌دژی من بكات. ئه‌و كاته نه‌مده‌زانی. دواتر بۆم ده‌ركه‌وت.
دوا وته
بوێژ: قه‌زیه‌ی تیرۆری “كامه‌ران” هێشتا ته‌واو نه‌بووه. پۆلیس ده‌ڵێ هیچ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه نه‌بووه. قه‌زیه‌كه له‌لایه‌ن هه‌ر ئه‌و ده‌سته پۆلیسه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت كه لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر قه‌زیه‌ی تیرۆری “عیفه‌تی قازی”یان له “وێسته‌رۆس” له‌ئه‌ستۆ بوو. نه پۆلیس و نه دادیار هیچیان نایانه‌وێ چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ دا بكرێت. ته‌سلیمی له كوشتنی گادانی دا سه‌رنه‌كه‌وت. هۆی سه‌رنه‌كه‌وتنه‌كه‌ی موحسین بووه یان سێپۆ، روون نییه. بهﻵم ئه‌وه‌ی كه زۆر روونه ئه‌وه‌یه كه سێپۆ، شه‌ش مانگ دواتر، توانی هه‌وڵێكی تیرۆریستی پۆچه‌ڵ بكاته‌وه و چوار كه‌س ده‌ستگیر بكات. سێپۆی سوئید به‌م هه‌نگاوه‌ی كارێكی سه‌ركه‌وتووی به‌ئه‌نجام گه‌یاند. بهﻵم دواتر، سێپۆ و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه تێبینیی سیاسی به‌رامبه‌ر به دیكتاتۆریان له پله‌ی یه‌كه‌م دا دانا. ئه‌وان یاسای سوئیدیان پێشێل كرد و بڕیاری ناردنه‌وه‌ی چوار تیرۆریسته‌كه‌یان ده‌ركرد. تیرۆریستگه‌لێك كه هه‌وڵی تیرۆری مرۆڤیان دابوو. یه‌كێك له‌م تیرۆریستانه، “به‌نی هاشمی”، دواتر تیرۆری ئاڵمانی ئه‌نجام دا. ناردنه‌وه‌ی تیرۆریستان به شێوه‌ی نهێنی و بڕواهه‌بوون به نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆر پاش به‌ڕێ كردنه‌وه‌ی تیرۆریستان، بیرێكی هه‌ڵه‌یه. “عیفه‌ت قازی” و “كامه‌ران هه‌دایه‌تی”، كه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئاشكرای تیرۆری رێژیمی ئێران دا ده‌ژیان، ره‌نگه قوربانیانی ئه‌و ره‌فتار و بیره هه‌ڵه‌یه بن.
ماگنووس نۆرێل: به‌گشتی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌سه‌لانه‌دا، باشتر و گرینگتر ئه‌وه‌یه كه له ئاستی ستراتژیك و درێژخایه‌ندا سنوور بۆ ئه‌و کاره دابنرێت. واته ته‌نیا به وه‌ده‌رنانی خه‌ڵك، ئه‌و كاره جێبه‌جێ ناكرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و سنووره‌ش رێزی لێ گیرا، ئه‌وا مه‌سه‌له‌ی دادگا و مه‌حكه‌مه دێته گۆڕێ و دادگاش به‌ئاشكرا ده‌چێت به‌ڕێوه و هه‌ر وه‌ك له یاسای مافی پاراستنی هاووﻵتییانیش دا هاتووه، هاووﻵتی له سوئیددا مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه داوای ئه‌و دادگایی كردنه بكات.
بوێژ: ساڵی 1997 سه‌ركۆماری ریفۆرمخواز، خاته‌می، له ئێران دا هاته سه‌ركار. خه‌بات له‌نێوان لیبراڵ و كۆنه‌پارێزاندا ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌وانه‌ی
ده‌یانه‌وێ له ده‌ره‌وه‌ی وﻵت جودابیران راو بکه‌ن لاواز ده‌بن و ئه‌و تیرۆره‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، روو له كزی ده‌كات و داده‌مركێته‌وه.
موحسین: ئه‌و گۆرانی‌یه‌ی گوێمان بۆ شل کردووه شتی باشم وه‌بیر دێنێته‌وه – سوئید، دڵنیایی و ئاسایش، خۆشه‌ویستی. زۆر دڵخۆش و گه‌شبین ده‌بم … له‌راستی دا زۆر بیری سوئید ده‌كه‌مه‌وه. بهﻵم ئه‌وه ژیانه و ده‌بێ قبووڵی كه‌م.
سڵاو سوئیدی یه‌كان! خۆشم ده‌وێن!
بوێژ: تیرۆری ده‌وڵه‌تیی ئێران كاری خۆی كرد. ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی وﻵت به جیاوازی یه‌كی كه‌مه‌وه لاواز بوو. بۆ وێنه، حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران ئه‌وڕۆ به‌توندی بێ‌هێز بووه. كۆمه‌ڵگای تاراوگه‌ش له‌گه‌ڵ ناكۆكی و ترس و دوودڵی به‌رامبه‌ر به‌هاوقه‌تارانی خۆیان به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه.
خانه‌واده‌ی موحسین له‌ژێر ناوی ته‌زویردا چوونه وﻵتی كانادا. له‌وێ موه‌فه‌ق بوون بۆ ماوه‌ی سێ ساﻵن خۆ بشارنه‌وه.
موحسین: دوای سێ ساﻵن زه‌نگم بۆ براكه‌م له سوئید لێ‌دا. مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو ئاگاداری بكه‌م كه من له ئاساییش دام. سێپۆ بۆ براكه‌م ته‌له‌فۆن ده‌كا، كه ئه‌ویش زۆر ده‌ترسێ. پێیان ده‌ڵێ كه من له وڵاتی “كانادا“م و لێره ده‌ژیم. ئنجا ژماره ته‌له‌فۆنی منیان ده‌داتێ.
دوو ساڵ به‌رله‌ئێستا، دوو كابرام بینی كه هاتنه ژووره‌وه. كارتی پێناسیان ده‌رهێنا و ده‌ركه‌وت سه‌ر به “سیزێز” واته “پۆلیسی ئاساییشی كانادا”ن. كه زانیم سه‌ربه كوێن، حه‌په‌سام. ترس و په‌شۆكاوی دایگرتم. گوتم: خوایه، وا جارێكی تر تووش ده‌بم، ئه‌وا دیسان ده‌كه‌ومه نێو داوێكی دیكه‌وه! وا كاره‌ساتێكی دیكه له ژیانم دا رووده‌دات!
بوێژ: پۆلیسی ئاساییشی کانادا موحسین‌یان له‌ئاكامی هاوكاریی نێوان خۆیان و ده‌زگا ئیتلاعاتی‌یه‌كانی دیکه‌دا دۆزیبۆوه. “سیزێز” واته “پۆلیسی ئاساییشی كانادا” پرسیاروجواب له موحسین ده‌كه‌ن و بڕیار ده‌ده‌ن داواكاریی ناوبراو و خانه‌واده‌كه‌ی به ناوی ته‌زویره‌وه، بۆ به “هاووﻵتی بوون” له كانادادا رابگرن.
موحسین: به‌كورتی ترسام. مه‌سه‌له گۆڕینی وﻵتێك له‌به‌رامبه‌ر وﻵتێكی دیكه‌دا نییه. من بێ وﻵتم. بێ ده‌وڵه‌تم. هیچ مه‌جالێكم نییه. كێشه‌كه كێشه‌ی ژیانی منه.
موحسین: ره‌زا ته‌سلیمی له “تاران”، له‌گه‌ڵ خێزانی خۆی، ده‌ژی. ره‌نگه هێشتا هه‌ر خاوه‌ن ده‌سهﻵت بێت … ئه‌وانه‌ی سێپۆ رازین. بردمیانه به‌رده‌م دادگا، رێگایان دا حوكمم بده‌ن و هێشتاش هه‌ر به‌شوێنمه‌وه‌ن. قه‌زیه‌كه ته‌واو بووه، بهﻵم بۆ من دۆزه‌خه‌كه هه‌ر به‌رده‌وامه. له جه‌هه‌نه‌م دا گیرم خواردووه.
موحسین: هیوادارم له ئاكامی ئه‌م باسه كراوه‌یه‌دا، بتوانم له‌و جه‌هه‌ننه‌مه خۆده‌ربازبكه‌م!
به ته‌واو بوونی فیلمه‌که کێشانی وێنه‌ی ته‌سلیمیش له‌لایه‌ن کابرای پۆلیسه‌وه ته‌واو ده‌بێت.