"an independent online kurdish website

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین لە (٢٩/٤/١٩٣٣) لە گەڕەکی مەڵکەندی لە سلێمانی، لە باشووری کوردستان، لە بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی لە دایکبووە.

خوێندنی سەرەتایی لە (قوتابخانەی مەڵکەندی) و ناوەندیشی لە (ئامادەیی سەڵاحەدین) تەواو کردووە. لە ساڵی (١٩٥٣) دا (خانەی مامۆستایان)ی لە بەغدا تەواوکردووە. بۆتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی، لە قوتابخانەکانی شارباژێر و چوارتا و سلێمانی مامۆستا بووە، مامۆستایەکی لێهاتوو و سەرکەوتوو بوو.

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، پیاوێکی باڵا شەنگ و بەژن رێک بوو، رووخسار شیرین بوو، هێمن و لەسەرخۆ بوو، سادە و خاکی بوو، قسەزان و خۆشدوو بوو، بڕوابەخۆ و گەشبین بوو، خاوەنی هەڵوێست بوو، راستگۆ و راشکاو و قسە لە ڕوو بوو، رەوا پەرست بوو، مامە حەمەیی لە بەردەم کەسدا نەکردووە.

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، لە ساڵی (١٩٧٠) دا، چۆتە بەغدا، وەکو (توێژێنەری زانیاری) لە (وەزارەتی کاروباری باکوور) دامەزراوە، دواتر گوێزراوەتەوە بۆ (بەڕێوەبەرێتی گشتیی خوێندنی کوردی) لە بەغدا، کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بوو. کرا بە (بەڕێوەبەری هۆی فێرکردن). ئەندامی لیژنەی دانان و وەرگێڕانی حەوت پەرتوکی کوردی بوو، کە لە قوتابخانەکانی کوردستان دا دەخوێندران.

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین لە ساڵی (١٩٧٢) دا، لە گەڵ خاتوو (ناهـیدە جەمال تاڵەبانی ـ خۆشکی د. موکەڕەم تاڵەبانی) دا هاوسەرگیرییان کرد. دوو کوڕیان هەیە (ئاسـۆ :١٩٧٣) کۆلـێژی پزیشکی تەواوکردووە، پارێزگاری پێشووی سلێمانی بوو.

(ئالان: ١٩٧٦) لە دایکبووە.

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین لە ساڵی (١٩٧٥) بووە بە سەرپەرشتیاری پەروەردە لە قوتابخانەکانی سلێمانی دا. لە هەمان ساڵدا واتە لە (١٩٧٥) دا لە (زانکۆی موستەنسیرییە) لە بەغدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی (پەروەردە و دەروونناسی) دا وەرگرت.

لە ساڵی (١٩٨٢) دا، لەسەر داخوازی خۆی خانەنشین کرا.

لە ساڵی (١٩٨٥) دا، بوو بە (مامۆستای وانەبـێژ) لە بەشە کوردییەکەی کۆلـێژی پەروەردە لە زانکۆی بەغدا، تا ساڵی (١٩٨٩) بەردەوام بوو، بەڵام بەهۆی ئیفلیجی و ئازاری پێيەکانییەوە نەیتوانی زیاتر بمێنێتەوە.

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، مامۆستایەکی دڵسۆز بوو، لە لای قوتابییەکانی زۆر خۆشەویست و رێزدار بوو، ئەو هەر ئەوە نەبوو کە وانەی پێدەوتنەوە، بەڵکو بە هەستێکی پاکی کوردایەتی زاخاوی هـۆش و بیری داون، بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی شیرینمان گۆش و پەروەردەی کردوون، هەمیشە هانیانی دەدا کە بخوێننەوە و بنووسن، ئەو بەو هەستەوە لە منداڵە چاوگەشەکانی کوردمانی دەڕوانی کە هیـوا و نەوەی داهاتووی کوردستانن. خوالێخۆشبوو مامۆستا (نوری عەلی ئەمین) کە هاوڕێیەکی نزیکی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین بوو، دەڵێ: ” لە یادمە هەموو جارێ کە دادەنیشتین، دەیوت: گەلەکەمان هەر بە خوێندن لەدەست کوێرەوەری و نەبوونی و نەخوێندەواری و براکوژی رزگاری دەبێت و رێی راست و سەرکەوتن بەدی دەکات، تامی بەختیاری و سەرفرازی دەچێژێت” بۆیە هەمیشە دەیوت: ئـاخ! خوێندەواری داخ خوێنـــدەواری!

بۆ کـورد دەبیــتە مایـــەی بەختـــیاری

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، چەند نەوەیەکی بە بیری کوردایەتی و بە کوردستتان پەروەری پێگەیاند، کە لە ئەمڕۆدا مامۆستای باڵا و کاربەدەستن، بەڵام لە ئاستی توانای مامۆستا فەرەیدون دا، هەمیشە خۆیان بە قوتابی ئەو دەزانن، بە شانازیشەوە دەڵێن کە ئەلف و بێی کوردایەتی لە مامۆستا فەرەیدونەوە فێربووین، بە ئەوپەڕی رێزەوە ناوی دەبەن و یادی دەکەنەوە. مامۆستا فەرەیدون بەم جۆرە ئامۆژگارییانە رێنمایی و ئاراستەی قوتابییەکانی دەکرد: “رۆڵە جگەرگۆشەکان، نیشتمان چاوەڕوانی هیمەت و بازووی ئێوەیە، دڵپاک بن لەگەڵ یەک، دووربن لە کینە و دژایەتی، هەوڵ بدەن و پێبگەن و ببنە پێشڕەو..”  

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین کوردێکی زۆر پاک و دڵسۆز بوو، شۆڕەسوارێکی دلێر و بوێر و چاونەترسی گۆڕەپانی کوردایەتی بوو، کوردستان پەروەرێکی سەرسەختی تا سەر ئێسقان بوو، تێکۆشەر و پێشمەرگە و سیاسییەکی ناسراو بوو. خۆزگە و ئاواتی هەرە گەورەی یەکێتی و یەکڕیزی گەلەکەمان بوو. مرۆڤێک بوو پڕاوپڕ لە دڵسۆزی و لە کوردپەروەری. هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی کورد و کوردستان بەخت کردبوو.

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، یەکێک بوو لەو کوردپەروەرانەی، کە لە ساڵی (١٩٥٧) دا کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد (کـاژیک) یان لەدامەزرند.

لە ساڵی (١٩٧٦) دا پەیوەندی بە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە کرد.

لە ساڵی (١٩٨٤) یشدا، پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کرد، لە ناوچەی (ماوەت) ی سەر بە سلێمانی بوو بە پێشمەرگە.. یەکێک بوو لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (دەنگی پێشمەرگە) کە لە شاخ  دا دەردەهێنرا.

ئەوەی ئێمە لەم نووسینەماندا مەبەستمانە، بەسەرکردنەوەی توانا و داهێنانی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمینە لە بۆرای ئەدەبی منداڵانی کورد دا.

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، کەڵە نووسەرێکی هۆنراوە و چیرۆکە بۆ منداڵان، ئەستێرەیەکی هەمیشە گەش و ورشەدارە لە ئاسمانی ئەدەبی منداڵانی کورد دا. شوێن پەنجە و شەقڵی شێوازی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین لە ئەدەبی منداڵانی کوردا دا هەرگیز کاڵ نابنەوە، تا ئەمڕۆش منداڵانی کوردمان چێژ و خۆشییەکی  زۆر لە هۆنراوە و لە چیرۆکەکانی وەردەگرن. مامۆستا فەرەیدون بەشی هەرە زۆری هۆنراوە و نووسینەکانی بۆ منداڵان تەرخان کردبوون، چونکە منداڵان بە لای مامۆستا فەرەیدونەوە: ” منداڵ پێوەری سامان و سەرمایەی نەتەوەیە، ئەو نەتەوە دەوڵەمەندە کە منداڵانی بە جوانی پەروەردە کراون” مامۆستا فەرەیدون زۆر بە جوانی هۆی پێشکەوتنی گەلانی دەستنیشان کردووە. بەڵی لە ئەمڕۆدا رادەی دەوڵەمەندی و پێشکەوتن و شارستانی گەلان، بەوە دەپێورێ کە تا چ رادەیەک ئاوڕیان لە منداڵەکانیان داونەتەوە و بە دروستی پەروەردەیان کردوون. بە لای ئێمەشەوە، منداڵان کوردمان، گرنگترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن، کە لە سامانی نەوت و زێـڕ و دوڕ و هەر سامانێکی تر زۆر بەنرخترن.

 هۆنراوە جوان و ناسک و شیرینەکانی مامۆستا فەرەیدون بۆ منداڵانی کوردمان، لە نوقڵ و گەزۆ شیرینترن، چیرۆکە خۆشەکانیشی لە خۆشی خۆشترن، منداڵانی تامەزرۆی هۆنراوە و چیرۆکی خۆش پێیان خەنی ببوونە. نووسینەکانی بۆ منداڵان لە ناوەڕۆک و فۆرم دا، داهێنان و تازەگەرییان پێوە دیارن. توانی وەرچەرخانێک لە ئەدەبی منداڵانی کورد دا بکات و، تەکانێکی گەورەی بەرەو پێشەوە پێبدات، لە راستیدا مامۆستا فەرەیدون پێشەنگ و پێشڕەوی قۆناغێکی نوێی ئەدەبی منداڵانی کوردە، کە لە سەرەتای حەفتاکانەوە سەری هەڵدا. بوو بە سەرمەشقی نووسەرانه ئەم بوارە.

بەو پێیەی کە مامۆستا فەرەیدون مامۆستا بووە، زیاتر لە جیهانی وەنەوشەیی پـڕ لە هیوا و خەونی سەوز و لە راز و نیازی پاکی منداڵانەوە نزیک بووە، زیاتر لە هەست و سۆز و حەز و خواست و خۆزگە و ئارەزووەکانیان و لە زمانیان گەیشتبوو. بۆیە زمان و حەزی ئەوان، بوونەتە  ئیلهامی بیری و بە هەوێنی نووسینەکانی بۆ منداڵان. هەر لە ژینگەی ئەوانیشەوە بابەتەکانی بۆ هەڵهێنجاندوون. شایەنی باسیشە مامۆستا فەرەیدون زمانزانێکی زمان پاراو و بە توانا بوو، بە کوردییەکی پەتی و رەوان و ناسک و شیرین و بێ گرێ و گۆڵ دەینووسی، بە پێێ قۆناغەکانی منداڵی، رستەکانی بابەتەکانی لە زمان و لە فەرهەنگی منداڵانەوە وەرگرتوون. ئەمەو مامۆستا فەرەیدون شارەزا و پسپۆر بوو لە پەروەردە و دەروونناسی منداڵان دا، دەیزانی چۆن و چییان بۆ بهۆنێتەوە و بۆ بنووسێت. شارەزاییەکی باشی لە بنەماکانی ئەدەبی سەرکەوتووی منداڵان دا هەبوو.

مامۆستا فەرەیدون زمانی عەرەبی و ئینگلیزیشی بە باشی دەزانی، کۆمەڵێک چیرۆک و چیرۆکەشیعری بۆ منداڵان، لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردیمان، کە تام و چێژێکی ئەوتۆی پێبەخشیون، لە دەقە ئینگلیزییەکەش شیرینتری کردوون.

هۆنراوەکانی مامۆستا فەرەیدون بۆ منداڵان، زۆر ناسک و سادە و ئاسان و شیرینن، بە ئاسانی بوونەتە وێردی سەر زمانی منداڵانی ککوردمان، هەر لەبەر کورتی دێڕەکانیان و ناسکی و ئاوازی شیرینی ترپـە و سەرواکانیان، بەشێکیان کراون بە گۆرانی و بە سروود، منداڵان بە ئاوازەوە دەیان چـڕن. کام منداڵی باخچەی منداڵان هەیە کە هۆنراوەی ” سـمۆرە”ی لەبەر نەبێت، کام منداڵی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی هەیە کە هۆنراوەی ” کوڕە کوردم”ی مامۆستا فەرەیدونی لەبەر نەبێت و بە ئاوازەوە نەیڵێت.

ناوەڕۆک و فۆرمی هۆنراوەکان و چیرۆکەکانی مامۆستا فەرەیدون، زۆر گونجاون و بوونەتە دووانە و تەواوکەری یەکتری. بە زمانێکی کوردی رەوان و تەڕ و پاراو ، بە شێوازێکی شیرین و ئاسان هۆنراوەکانی بۆ هۆنیونەتەوە و چیرۆکەکانی بۆ داڕشتوون، زمانەکەی پڕ بە پێستی بابەتەکانین. مامۆستا فەرەیدون خاوەنی خەیاڵێکی فراون بوو، وەکو زۆربەی شاعیران و چیرۆکنووسانی منداڵانی جیهانی ناسراویش، سوودی لە کەلەپوور و لە فۆلکلۆر و لە لە پەندی پێشینانی کوردیمان وەرگرتووە، لە هەندێ لە هۆنراوە و لە چیرۆکەکانیدا رەنگیان داوەنەتەوە، بەڵام بە زمانی منداڵییەوە. بۆ نموونە ئەمانە ناونیشانی هەندێ لە چیرۆکەکانین: “کاکە ئالان مار هات، ماری ژەنگ و ژار هات”، “تامی تامی گەنمەشامی” ، ” پشکۆ و شێرکۆ شەڕیانە، لەسەر دەنکێ زەنگیانە”

کارەکتەری چیرۆک و هۆنراوەکانی، چ مرۆڤ و چ باڵندە و ئاژەڵ بن، بە لای منداڵانی کوردەوە نامۆ نین، بینراون و ناسراون. لە ژینگەی کوردەواری و کوردستانەوە وەریگرتوون. وەک (منداڵ، ئاسکە، بەرخۆلە، کارژۆلە، چۆلەکە، سمۆرە، هەنگ، بۆق، جووجەڵە، پەپوولە، رێوی، کۆتر، کوندەپەپوو، دار گوێز،زەنگوڵە،.. تاد”

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمینی نووسەر و رەخنەگر، لە ساڵی (١٩٥٤) دا، یەکەمین نووسینی خۆی لە رۆژنامەی” ژیـن “ی سلێمانی دا بڵاوکردەوە، هەر لە ژین دا چەند نووسینێکی تری بڵاوکردەوە.

لە ساڵی (١٩٧٠) دا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی نووسەرانی کورد بوو.

ئەمانە ناوی بەرهەمە چاپکراو و بڵاوکراوکانی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین ن:

١ـ پاڵەوانی دواڕۆژ، ئەدەبیاتی منداڵان، لەساڵی (١٩٥٨) بە هاوبەشی لەگەڵ مامۆستا عومەر عەبدولڕەحیم نووسیوێتی.

٢ـ پیاوە بچکۆلەکە، چیرۆک و هەڵبەست بۆ منداڵان، بەغدا ساڵی (١٩٧٢)

٣ـ کارژۆلە، چیرۆک و هەڵبەست بۆ منداڵان، ساڵی (١٩٧٢)

٤ـ پاکـژی، چیرۆک بۆ منداڵان، ساڵی (١٩٧٤)

٥ـ سـێو، چیرۆکێکی وەرگێڕاوە بۆ منداڵان، ساڵی (١٩٧٤)

٦ـ گەنمەشامی، چیرۆک بۆ منداڵان، ساڵی (١٩٧٤)

٧ـ جووجەڵە و بێچوەمراوی، چیرۆکێکی وەرگێڕاوە بۆ منداڵان، ساڵی (١٩٧٤)

٨ـ چەند سەرنجێک لە پیرەمێردی نەمر، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، ساڵی (١٩٧١)

٩ـ پیرێکی ریش درێژ بوو، چیرۆک و هەڵبەست بۆ منداڵان، هەڵبەستەکان لە ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی، ساڵی (١٩٨٥)

١٠ـ کۆمەڵێک وتاری ئەدەبی و رەخنەیی لە رۆژنامەی ژیـن و هاوکـاری و لە گۆڤارەکانی نووسەری کورد، بەیان، رۆشنبیری نوێ، رەنگین، لە بڵاوکراوەکانی تردا.

١١ـ ئەندامی دەستەی وەرگێڕانی کۆمەڵێک پەرتوکی خوێندنی قوتابخانەکان بوو بۆ سەر زمانی کوردی لە بابەتی پەروەردە و جوگرافیا و زانیاری دا.

١٢ـ پەخشان لە ئەدەبی کوردی دا (بە رۆنیۆ) لە ساڵی (١٩٨٧)

١٣ـ کۆمەڵێک هۆنراوە و چیرۆک و شانۆگەری بۆ منداڵان نووسیون، چاپ نەکراون.

سەرەڕای ئەوەی کە مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، زۆربەی کاتەکانی بۆ نووسینی ئەدەبی منداڵانی کوردمان تەرخان کردبوو، بەڵام وەکو لە پێشەکی (پیاوە بچکۆلەکە) دا نوسیوێتی، هەر خۆی بە قەرزاری منداڵانی کورمان دەزانی، دەڵێ:

 ” ئێمە هیچی ئەوتۆمان بۆ مناڵانی کورد نەکردووە کە شایانی باس بێت، بگرە قەرزارباریشیانین، دەبا رێگای دانەوەی ئەو قەرزە بگرین و دواڕۆژێکی وایان بۆ ساز بکەین کە ئەو بەندانە ـ مەبەستی لە بەندەکانی جاڕنامەی مافەکانی منداڵانە ـ لەوانەش زیاتریان بۆ بهێنینە دی. چونکە مناڵانی کوردیش وەکو هەموو مناڵانی جیهان جوانکیلە و ئێسک سووکن و شایانی خزمەتن..” دەشڵێ: ” با راست و رەوان پێتان بڵێم: خوڕەی قەڵبەزەی کوێستانەکانمان پولێک ناهێنێت ئەگەر قاقا و تریقەی مناڵەکانمانی لەگەڵدا نەبێت، قاقا و تریقەی مناڵەکانیشمان نابێت، ئەگەر ئێمە نەبین”

دەشڵێ: “مناڵەکان: نازانم چ بەهرەیەکی خوایی و چ هێزێکی نادیار و تەلیسماویتان پێیە هەرچەند سەیرتان ئەکەم، هێمنی و دڵنیایی و بێخەتایی و ئێسک سووکی و جوانکیلەیی و ساکاری و گەشی و رووناکی و هـیوا و زەردەخەنە ئەبینم، ئێوە بەو مناڵییە وەک ئەستێرەیەکی جریودار، پرشنگی ئەو هەموو شتانە بە دەوری خۆتاندا ئەپرژێنن “

تا ئێستا ئەوەی بەرچاوی ئێمە کەوتووبێت، دەربارەی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە و رەخنە و هەڵسەنگاندنی چیرۆک و هۆنراوەکانی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین:

١ـ چیرۆکی منداڵان لای فەرەیدون عەلی ئەمین، د. عەبدولستار تاهیر شەریف. ٢ـ هەڵبەستی منداڵان لای فەرەیدون عەلی ئەمین، مامۆستا عەبدولڕەزاق بیمار. ٣ـ مامۆستا حەمە ساڵح فەرهادی، لە بەرگی یەکەمی کتێبەکەی “پێگەی شیعری منداڵان لای شاعیرانی کورد: هەولێر ـ ٢٠١٢ ” یەکێک لەو دە شاعیرانەی کە باسی کردوون و ئاماژەی بە نموونەی هۆنراوەکانی داون، مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین ە.

٤ـ مامۆستا حەمەکەریم هەورامی، لە بەشی یەکەمی “ئەدەبی منداڵانی کورد” وەکو شاعیرێکی لێهاتووی منداڵان، ناوی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمینی هێناوە، لەگەڵ نموونە لە هۆنراوەکانی.

مامۆستا فەرەیدون گەنجینەیەکی پڕ لە گەوهەری هێندە بەنرخی بۆ منداڵانی کوردمان بەجێهێشتووە، دەبوایە تا ئێستا چەند خوێندکارێکی باڵای ئەدەبی کوردی، هۆنراوە و چیرۆکەکانی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین بۆ منداڵان، بیان کردایە بە توێشەبەری ماستەرنامە و دکتۆرا. هیوادارین رۆژێک بێت و ئەم هیوایەمان بێتەدی.

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، کە بۆ ماوەی چل ساڵ نووسینی هەمەچەشنەی لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوکردەوە. هۆنراوە و چیرۆکی بۆ منداڵان نووسی. لە رۆژی چوار شەممە، رێکەوتی (٢٥/١١/ ١٩٩١) لە شاری بەغدا، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد، بۆ رۆژی دوایی بردیانەوە بۆ شاری سلێمانی و لە گردی (سەیوان) بە ئامادەبوونی دەیان رۆشنبیر و نووسەری کوردستان بە خاک سپێرا.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوون:

١ـ پەرتوکی” فەرەیدون عەلی ئەمین” دەزگای رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی بەغدا (١٩٩٣) ئەو وتارانەشی تێدایە کە لە چلەی مامۆستا فەرەیدوون لە بەغدا خوێندرانەوە. ٢ـ (پیاوە بچکۆلەکە) هەڵبەست و چیرۆک بۆ منداڵان، فەرەیدون عەلی ئەمین، بەغدا (١٩٧٢)

رەزا شوان

نەرويـج: (١٦ی/ سێپتەمبەر/٢٠١٧)

      

                                                                 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی