"an independent online kurdish website

هاوڕێ هەر دەڵێی دۆینێیە. جوان لەبەرچاومە، لەگەڵ هاوڕێ بە پشتیوانی کۆمەڵێک پێشمەرگە لە جەولەیەکی چەند رۆژە

لە یەکێک لە ناوچە ئازادکراوەکان روو بە رۆژئاوا دەگەڕاینەوە. پاییز بوو. سروشت ڕەنگی گۆڕا بوو. لە لێڕەواران دار و دەرخت بە ڕەنگێکی مەیلەو سووری کاڵ، ترش، زەرد و نارنجی و… بەرەو پیری گەڵاڕێزانەوە دەچوون. پاش نیوەڕۆیەکی درەنگ بوو. بای شەماڵ هەڵی کردبووییە، لە ڕووتەنان کەڕەپوو، دڕک و داڵ ویشکەڵی گڵۆڵە دەکردەوە و تێکەڵ بە نەرمە تۆز و خۆڵی سەرڕێیان بەرەو پێش ڕایدەماڵی و بە چڕوچاومانی دادەدا. ڕێگایەکی دوور و دژوارمان بڕیبوو. تەنیا ڕێگای شەو و ڕۆژێکمان مابوو بگەینەوە شوێنی مەبەست.

دوایین ئێوارەی هەمان رۆژ، لەسەر بریاری پێشوو، دەبووایە بە کەڵک وەرگرتن لە تاریکی شەو، لە نزیک پێگەیەکی دووژمن لە چۆمێکی قووڵمان دابایە و خۆمان گەیاندبایە بازارچەیەک، بە نهێنی شەومان لەوێ بەسەر بردبایە. ئیدی بە دوای ئەم ڕێگا بڕینە دا شوێنی مەترسیدارمان لە پێش نەدەما و دەکەوتینەوە ناوچەیەکی ئازادکراوی دیکە.

ژیان لە شوێنێک قەتیس نامێنێ. بەورەیەکی بەرز لە ژێر پەردەی ڕەشی شەوەزەنگ دا درێژەمان بە ڕێگاکەمان دا، گەیشتینە سەر کەنداڵی چۆم و دابەزینە نێو رووخی رووبارەکە. لە ئاوماندا و پەڕینەوە ئەوبەری چۆم. هێشتا هێندە نە ڕۆیشتبووین لە دوورەوە کۆمەڵێک‌ چرا و بڵێسەی ئاگر بەکزی به‌دی ده‌کران، لەنێو هەوراز و نەوی ڕێگاکە دا جارێک ون و جارێکیش دەتروسکانەوە. شوێنی ئاگر و چراکان هەمان ئەم بازاڕچەیە بوو کە کاروانچی، ڕیڤینگ و کاسبکاران بۆ بژیوی ژیانی خۆیان کردبوویان بە هەوارگە و شوێنی کاسبی. بەپێی ڕێوشوێنی لە پێشدا دارێژراو دەبۆایە ئەو پێشمەرگانەی پارێزگاریان لێ دەکردین بێجگە لە کەسێکی باوەڕپێکراو نەبێ، دەنا ئەوانی دیکە بەرەو دوا گەرابانەوە.

 پاش خاترخوازی لە پێشمەرگەکان ئێمەش وەک خەڵکی ئاسایی چووین لە نێو تاریکی شەودا بەبێ هەست تێکەڵێ نێو عالەمەکە بووین. کەسە باوەڕپێکراوەکەمان چوو لەنێو بازارچەکە هێندێک بەتانی زیادی بۆ وەرگرتین. چەند هەنگاو دوور لە بازاڕچییەکان پەنایەکی کەمێک تەختمان دۆزییەوە و بارگەمان لێ خست. هەڵبژاردنی ئەم جێگا خەوە لەسەر داوای من بوو. لەبەرئەوەی لەو شوێنەوە پێگەی دووژمن بە جوانی دەبینرا، کە چۆن بە چرای نوورهاویژی بەهیز دەوروبەری پێگەی خۆیان رووناک دەکردەوە.

لەسەر خاکوخۆڵ و دڕک و داڵ و پێکوڵە جێگامان ڕاخست. لەنێو نوێن و بانێکی چڵکن کە بۆنی ئارەقەی خەڵکانی تری لێدەهات، سەرمان لەسەر بەردی ڕەق دانا و لەبەر ماندوو بوون و شەکەتی ڕێگا، بێ ئەوەی هەست بە چوکترین ئێش و ئازار لە خۆدا بکەین، خەومان لێکەوت.

نیوەشەو بوو وەخەبەر هاتم. مانگ هەڵاتبوو. لە ناکاو خۆف هەڵی گرتم. تەماشایەکی کاتژمێرە شەونماییەکەی خۆم کرد. کات سێی نیوە شەوی نیشان دەدا، لە پارشێوێ نزیک ببووینەوە. هەرچەند لەوە دڵنیا بووم دوژمن ناتوانی بە ساکاری هێرش بکاتە سەر شوێنەکەمان، بەڵان لەوەش دەترسام کە نەکا دوژمن بە هۆی گوزاریشتی جاش و سیخوڕان بە شوێن هاوڕێیان زانیبێ، لە ڕێگای دوورەوە بە هۆی تۆپباران تووشی خەسارەتی قەرەبوو نەکراومان بکا.

بە نیگەرانی هەستام بەتانییەکەم هاویشتە سەرشانم و دەست بە ئەژنۆ لەسەرجێگاکەم هەڵکورمام. لەوکاتە دا سەرنجمدایە هاوڕێ و دیتم، لەبەر تەزوی سەرمای شەوەزەنگ خۆی گڵۆڵە کردۆتەوە، هەروەک ئەوەی لەسەر رووی ئەم زەوییە نەیارێکی نەبێ، لە دونیاییەکی بێ کێشەو قەرقەش دا، ئارام لەنێو تەختەخەوێکی نەرم سەری لەسەر سەرینی تووکی قوو داناوە و خەوی لێکەوتووە!

وەنەبێ! پێش ئەوەی لەوبەری چۆمی وەڕێ بکەوین، من و فەرماندەری پێشمەرگە هەر دووک داوامان لە هاوڕێ کردبوو کە ڕێگا بدا هەتا ئەودیوی چیا بڵیندەکە و نزیک بارەگای خۆمان پێشمەرگە پارێزگاری لێ بکەن. بەڵان هاوڕێ لە وڵامدا گوتبووی:

لەکاتی ئاوا ناسک دا حەوجێ بەوە ناکا پیاو بۆ پارێزگاری بە پۆل پێشمەرگە بە دوای خۆی دا بکێشێ، چونکە لە هەوڵێکی ئەوتۆدا دووژمن زیاتر دەخرێتە گومانەوە. لەلایەکی دیکەوە وەدوا خستنی هێزی چەکداری زەوەند نیشانەی خۆبەزلزانییە. من حەز لەو چەشنە ئاکارانە ناکەم! لە ڕوانگەی منەوە، مرۆڤی شۆڕشگێڕ لەسەر خاکی خۆی دەبێ پشت ئەستوور بە گەلی خۆی بێ! بێتوو مرۆڤی ئازادیخواز پشت ئەستوور بە گەلی خۆی بوو، بێشک لەنێو گەلدا مووی لار ناکەوێ.”

لەگەڵ کازیوەی بەیانی کۆمەڵگای بازاڕ وەخەبەر هات، هەرکەسە بە کارێکەوە خه‌ریکبوون. دەستەیەک ئالیک و تفاقیان لەبەر بارگین و هێسترەکانیان دەکرد، بەشێکیان خەریکی ئاورکردنەوە و بەرچایی سازکردن بوون. دوژمنیش لە پێگەکەی هاتبووە خوار، کوێرکوێرانە بن هەر پنچکە گوێنی و گابەردێکی نزیک خۆی گوللەباران دەکرد. واتە بە قەولی خۆیان پاکسازی بوو دەیانکرد!

لەگەڵ دەسپێکی تەقەکە هاورێش بە کاوەخۆ لەخەو رابوو، پاش بەیانی باش گوتن خۆی پۆشتەکردەوە و بەتانییەکانی لەسەریەک قەت کرد. ئەوسا بە جووتە چووین لەسەرکانی و حەوز دەموچاومان شووشت. پاشان زۆر ئاسایی بەرەو پۆلێک کاروانچی هەڵکشاین کە خەریک بوون بۆ بەرچایی خواردن لە دەوری ئاورگ کۆببوونەوە. بێ ئەوەی کەس فەرموومان پێ بڵێ، سەمان داخست و چووین وێرای ئەوان دانیشتین.

هێندەی پێنەچوو عالەمەکە بە دیتنی ئێمە سرتوخورتیان تێکەوت، بە سەرسووڕمانەوە سەیریان دەکردین. چونکە ئەوان بیریان لەوە نە کردبۆوە رۆژێک لە رۆژان پیاوێکی ناودار لە شوێنێکی ئاوا پڕ لە دڕک و داڵ و بەردەڵانی، لە نێو پێخەفی چڵکن دا وێڕای ئەوان شەوی بردبێتە سەر. دوای کورتە دەمێک بەبێ ورتە و چوکترین پرسیار پرێسکەی نان و پێخۆر کرانەوە و هەموومان پێکەوە تاشتی بەیانیمان خوارد.

سام شکا! عالەمەکە ڕەنگیان گۆڕا، دەم و لێوەکان بە پێکەنین پشکوتن. لەوەی بەم بەیانی زووە شۆڕشگێرێکی ناوداریان لە نێوخۆیان دا دەدیت هەستیان بەخۆشی و سەربەرزی دەکرد. دوای ماوەیەک لە هەر لاوە پرسیار بەرەو ڕووی هاوڕێ بووییەوە. ئەویش بە وڵامە هیوابەخشەکانی مەڵحەمی لەسەر بریننان دادەنا.

خۆر ڕمبێک بەرز ببووە و بەتیشکی زێڕێنی وڵاتی زێڕەوشان کرد بوو. هەموولایەک وێکرا هەستاین. ئێمە دەبووایە پێش وڵات گەرم داهاتن بەرەو لوتکەی ئەو کێوە بڵیندەی لە پێشمان بوو وەڕێکەوتباین. عالەمەکە پێیان داگرتبوو نەیاندەهێشت بە پێیان بڕۆین. بەلای وانەوە سەرکەوتن لە چیاییەکی وا سەخت و حەستەم بۆ ئێمە کارێکی لە تاقەت بەدەرە. داوایان دەکرد لانیکەم تاکوو سەر لووتکەی چیاکە و کەمێک ئەودیوتر بە سواری بڕۆین، بەڵان هاوڕێ بە تەواوی ڕێگر بوو، دەیگوت:

“_ نابێ هیچ کەسێک لە سونگەی  ئێمە دا لە کار و کاسپی بکەوێ! ئێمە کە ناوی خەباتگێڕمان لەسەر خۆناوە دەبێ لەگەڵ هەلومەرجە سەختەکان خۆرابێنین. هەر وەک ئێوە چۆن رۆژانە ئەم ڕێگایانە دەبڕن،  ئێمەش سایلی ئێوە!”

هاوڕێ سواری بۆ پێشمەرگەی لەشساخ و تەندروست بە کردەوەیەکی نەشیاو دادەنا. سواری تەنیا بۆ کاتی پەلە یان بۆ کەسانی بریندار و نەخۆش و کەم ئەندام بە پێویست دەزانی. بە باوەڕێکی تەواوەوە دەیگوت:

_”ئێمە نابێ هەم نانخۆری خەڵک بین و هەمیش ڕێگر بین لە پێش بەرێوەچوونی کار و کاسپیان! ئەرکی ئێمە خزمەت بە گەلە و نە سەربار بوون و  بارگرانی.”

سەرئەنجام لەگەڵ چەند ڕێبوار و باوەڕپێکراوەکەمان بە پێیان ڕێگای چیا سەر بەرزەکەمان گرتەبەر. هەڵچوون بە کێوەکە وەک چاوەڕوان دەکرا بۆ ئێمە زۆر زەحمەت بوو. نەمازە بۆ من کە چەند رۆژێک بوو ئێشێکی بێ ئەمان دەچۆکم وەستابوو. هەرچەند هاورێ ئاگاداری ژانی چۆکم بوو، هەروەها بۆخۆشی  تەندرووستی چی وا لە هی من باشتر نەبوو، بەوحاڵەش ڕێگای نە دا تەنانەت تاکو سەر چیاکە بە سواری بڕۆین. بەڵان گرینگ ئەوە بوو، لەکاتی سەرکەوتن دا ئەوەندەی بۆمانکرا لەلای ڕێبوارەکان نەخه‌جڵاین و دەست و پێ سپیلکەیەی خۆمان نیشان نەدا. بەڵکوو قایم و خۆڕاگر هەنگاو بە هەنگاو بەسەر سنگی کێوە سەرکەشەکەدا هەڵکشاینە سەر. پاش چەند کاتژمێران ئاوەژووی ئەودیوی چیاکە بووینەوە. ئەوسا لەسەر سێ ڕێیانێک راوەستاین ئەو ڕێبوارانەی هاوڕێمان بوون ماڵئاواییان لێکردین. ئەوان بەرەو شوێنی خۆیان، ئێمەش کۆڵەپشت بە کۆڵ بەرەو ناوەندی شۆڕش کە بۆ کەسێکی قۆچاغ کەمتر لە دوو کاتژمێر ڕێگا بوو وەڕێکەوتین. بەڵان هەرچی بەرەو لێژ دادەکشاینەخوار، تینی گەرما بە هێزتر دەبوویەوە. لەم کاتەدا کەوتینە نێو دۆڵێکی قوڵ و بەردەڵان. ئێمە ڕێبواران زۆر ماندوو،  تینوو، کەمێکیش برسی بووین.

لەو کاتەدا ئەو پێشمەرگەی چاوساغمان بوو کە مەودایەک لە پێشەوەی ئێمە دەرۆیشت بە دەنگی بەرز بانگی کردین:

_”مزگێنی! خێرا وەرن گەیشتینە کانیاوێک!”

ئێمەش بەپەلە خۆمان گەیاندە سەر کانییەک کە لەنێو دڵییەوە ئاوێکی زوڵاڵ  هێدی بەرەو نێو گۆلێک دەرۆیشتەخوار، لە قەراخ کانییەکە جامێک بۆ ئاو خواردنەوەی ڕێڤینگان لەسەر بەردێکی پان داندرا بوو. پێشمەرگەی هاوڕێمان بەر لە ئێمە گەیشتبووە سەر کانییەکە، بە لەز جامێکی پڕ کرد لە ئاوی بەرەو هاوڕێ ڕاداشت، بەڵان هاوڕێ ڕانەوەستا ئاوەکە وەرگرێ، بۆخۆی چووە سەر کانییەکە و داهاتەوە، لۆچ لۆچ ئاوی بەدەم و چاویدا کرد. منیش بە دوای ئەودا چوومە خوار دەستم کرد بە ئاو خواردنەوە و ئاو پڕژاندن بەسەر دەمو چاو و تەڕکردنی بن هەنگڵ. پاش ئەوەی کەمێک پشوومان هاتەوە بەرخۆ، هەستاین دووبارە درێژەمان بە پاشماوەی رێگاکەمان داوە. ڕێگایەکی زۆرمان نەمابوو، هاوڕێ لە پێشەوە و منیش بە دواییەوە بەکاوەخۆ دەڕۆیشتین. بەڵان هەرچی لەبنکەی خۆمان نزیکتر دەبووینەوە، لەخۆمدا زیاتر هەستم بە ئێش و ئازار دەکرد، بەردەوام ئەژنۆ و ڕانم دەئێشان و بەری پێم بلۆقی کرد بوو دەکزایەوە. وەنەبێ وەزعی هاوڕێش چی وا لە هی من باشتر بێ، بەڵان ئەو خۆڕاگرتر بوو، وەسەر خۆی نە دەهێنا!

 من لەبەر ئێشی ئەژنۆم خۆم بۆ ڕانەگیرا بەشەکەتی خۆم گەیاندە بن سێبەری داربەڕوویەک و دانیشتم. هاوڕێ لەحاڵێکدا دووسێ هەنگاو لە پێشەوەی من دەرۆیشت، بەرەو من ئاوڕێکی دایەوە، ئەویش وێڕای من چوو لەسەر بەردێک دانیشت، هاوکات چاوی دەلێژی دۆڵەکەوە بڕی. پاش تاوێک هاوڕێ هەستاو روو بە من گوتی:

_” هەستە! زۆر هاتووین و کەممان ماوە!… چۆکدادان بۆ ئەم بستە ڕێیە لە تۆ ناوەشێتەوە! “

بە کەمێک ڕووگرژی گوتم:

_ هیچ دەزانی، بەم قرنیسەی ئێمە کردمان، خۆمان لە پێ خست! هەیاران نە هاتین بەخاتری تەندرووستی خۆشمان بی لە بەینی ئەم ڕێگا دوورو درێژەدا  دوو هێستران بەکرێ بگرین و سوار بین، بە بڕوای تۆ ئەمە چەشنێک لە لەچەری نەبوو!؟

هاوڕی زۆر مکوڕانە و خێرا وڵامی دایەوە:

نا، من پەشیمان نیم! ئەوسا لەچەری بەجێ و بە قازانجی شۆڕش ئەرکی سەرشانی گشت خەباتگێڕێکە!

بە بێزاری پرسیم:

_ پێتوایە تاکەی ئێمە بە دەست ئەم ژیانە نەگبەتبارەوە ئاوا یەخسیر و داماو دەبین؟ ئێمە کەی دەتوانین  وەک ئینسانێکی سەربەخۆ و ئازاد بژین!؟

ئەویش کەمێک لێم هاتە پێش و زۆر بە لەسەرەخۆیی گوتی:

_ ئەگەر لە من دەپرسی؟ زەحمەتە!

بە سەر سورمانەوە رووم تێکردو گوتم:

_زەحمەتە! یانی چی؟

ئەویش گوتی:

 _ بەڵێ، راستییەکی زۆز تاڵە! بەداخەوە زۆر سەختە بەرەی ئێستای من و تۆ بە ئاسانی بتوانێ رووی ئازادی ببینێ! جا مەگەر لەم بینە دا پەرجۆیه‌ک روو بدا!

پرسیم:

_ ئێمەیەک کە سوور دەزانین رووی ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتەکەمان نابینین، ئاقڵمان لە دەست داوە ئاوا بەم شێوازە خۆمان خستۆتە ژێرباری ئەم چەرمەسەری و ململانییە!؟

ئەویش زۆر لێبڕاوانە وڵامی دایەوە:

_ نا! ئێمە نەشێتین و نە ئاقڵیشمان لە دەست داوە! بەڵکوو ئەرکێکە کەوتۆیە سەر شانی بەرەی ئێستاکەمان و دەبێ ئێمە لێبراوانە درێژە پێدەری ڕێگای باپیرانی خۆمان بین‌ و نابێ بێڵین شوێنەوار و ڕێگای ئەوان کە گەیشتن بە ئازادی و ڕزگارییە، کوێر بێتەوە! هەروەها ئێمەش لەسەرمانە کە دەبێ بەرەی داهاتووی خۆمان لەوە ئاگادار کەینەوە کە لە ڕابردوودا بابوباپیرانیان بە چ وە  مژوڵ بوونە!

بە تەمابڕاوی گوتم:

_ کەوابوو لە نێو ڕەوتی ئەم ململانییە دا پاداشت بۆ بەرەی هەنووکەمان تەنیا قەرقەش و کوشتن و کوژرانە و هیچی دیکە؟

ئەویش زۆر خێرا وڵامی دایەوە:

_ ڕاست وایە! لەم ڕێبازە دا تەنیا پاداشتێک کە بە من و تۆ دەبڕێ، مردن لە پێناو ئازادی گەل و نیشتمانە!

بە دژ رووم تێکردو گوتم:

_ من هیچکاتێک ئاواتم مردن نەبووە و نیە! ناشم هەوێ بەلاش بکوژرێم؟

ئەویش بە کەمێک دەنگ بەرزی وڵامی دایەوە:

_ منیش وەک تۆ ئاواتم مردن نییە و ناشم هەوێ بەلاش بکوژرێم، بەڵان ئەوەی ئێستا لەبەر چاومانە، من و تۆ بە کردەوە لە مه‌یدانی خەبات دا چالاکین و ڕێبەرایه‌تی گەلێکمان وەئەستۆ گرتووە! کاکی خۆم خۆ که‌س بە زۆر ئەم ڕێبازەی بە سەر ئێمە دا فەرز نە کردووە! بەڵکوو ئەوە بۆخۆمانین خولیای درێژەدان بەم ڕێگایەن. بۆ خۆشت دەزانی لەم ڕێگایەش دا هەڵوا بە سەر کەس دابەش ناکرێ.

بە زمانێکی کەمێک نەرمتر گوتم:

_لە کاکڵی قسەکانت ڕا وام بۆ دەردەکەوێ. تەنیا مردن لە پێناو ئازادییە دەتوانێ سەرکەوتن بۆ خەباتگێڕ دەستەبەر بکا. بەم حیسابە نابێ هیچ مرۆڤێکی خەباتگێڕ بیر لە گەیشتن بە دەسەڵات بکاتەوە؟

بە هۆگرییەکی تەواو و لە فزێکی حەکیمانەوە گوتی:

_ براگیان! دەسەڵاتگر و ڕزگارکەر دوو چەمکی لێک جیاوازن!؟ بە بۆچوونی من گەیشتن بە دەسەڵات، بە دەگمەن سەرکەوتن بۆ مرۆڤی خەباتگێڕ دەستەبەر دەکا و تەنانەت لە زۆر بۆارانیش دا دەسەڵات، ناوی بەرزی شۆڕشگێری لەسەر دەسەڵاتگری رزگارکەر دەسڕێتەوە!…

بە دەم بزەیەکی سکرانەوە گوتم:

_ خۆ لە مێژوو دا زۆر شۆڕشگێڕی ناودار هەبوون، تەنانەت هێندێکیان ئێستاش لە ژیان دا ماون،‌ پاش ڕزگارکردنی نیشتمانەکه‌یان دەسەڵاتی وڵاتەکانیان گرتۆتە دەست. باشە بەبڕوای تۆ ئەو کەسایەتیانە سەرکەوتوو نین و نەبوون؟ باشە ئەدی سەرکەوتن چۆن دەبێ؟

هاوڕێ گوتی:

_ ئەگەر تۆ جوان مێژووت خوێندبێتەوە دەبێنی زۆربەی هەرە زۆری ئەو شۆڕشگێڕانەی بە دەسەڵات گەیشتوون، هەتاسەر سەرکەوتوو نەبوون!

چاوم لێ زەق بوو، بەکەمێک دەنگ بەرزی گوتم:

_ چۆن! بۆ؟

ئەویش وەک هەمیشە لەسەرەخۆ گوتی:

_لەبەر ئەوە دەسەڵات بیر و هزری مرۆڤ دەگۆرێ و کارتێکەری بە هێز لەسەر ئیرادەی مرۆڤەکان دادەنی! جابۆیە دەکرێ بڵیم ئەوە دەسەڵاتە دەتوانی مۆرکی خەباتگێڕی لەسەر مڕۆڤی شۆڕشگێڕ بسڕێتەوە! چونکە زۆر بیندراوە دەسەڵات پێش چاوی مرۆڤی شۆڕشگێڕی بە دەسەڵات گەیشتووی گرتووە و ڕۆژە تاڵ و سەختەکانی لە گوێن ئیمڕۆکەی من و تۆی لەبیر بردۆتەوە.

هەر ئەو بە دەسەڵات گەیشتویانە بۆ هەرچی زیاتر پاوان و قۆرغ کردنی دەسەڵات بە دژی هاوڕێیانی لە مێژینەی خۆیان کەوتۆنەتە بن پێ کۆڵین و فڕوفێڵ! تەنانەت تێرۆر و کوشتنی یەکدی.

ئەوسا قسەکەی بڕی و روو بەمن گوتی. ئێستا هەستە وەرێکەوە و بەرێوە تەوەری باسەکەت بەکورتی بۆ شی دەکەمەوە. منیش هەستام ئەویش بە رێوە گوتی:

_جوان گوێ بگرە! زۆر بیندراوە شۆڕشگێڕ پاش ئەوەی دەسەڵاتی بە دەست گرتووە، پاش ماوەیەک لەبەرامبەر ویستو داخوازیەکانی گەلەکەی رووبەرووی قەیرانە نێوخۆیی و کەندەڵی و باقی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بۆتەوە! پاشان هەر ئەو گەلەی کە لەکاتی رۆژە سەختەکانی خەبات دا لە پشتی راوەستاون و بە پێشەواو رزگارکەری خۆیان داناوە، دوایە لێی هەستاونەتەوە و سێدارەیان بۆ چەقاندەوە پەتیان بۆ ملی شۆر کردۆتەوە و ئە بەو چەشنە ناوی بەرزی شۆڕشگێڕییان لەسەر داماڵییوە. تێ گەیشتی هاوڕێی خۆشەویستم؟

من بەدەم ڕێگا رۆیشتنەوە سەرم داخستبوو ورتەم لەبەر نەدەهات. هاوڕێش کاکڵی قسەکەی  بەم شێوازێکی زۆر کورت بڕیەوە و گوتی:

_ بەکورتی دەسەڵاتگر و شۆڕشگێر دوو چەمکی دژ بە یەکن و بە بڕوای من سەرئەنجام بەرزترین خەڵات و سەرکەوتن بۆ مڕۆڤی شۆڕشگێڕ، تەنیا گیان بەختکردن و شەهید بوونە لە ڕێگای ئامانجە پیرۆزەکانی گەل و نیشتمانەکەی داو  تەواو…!

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی