دوكتور سادق شەرەفكەندی
رێبەری شەهید دوكتور سادق شەرەفكەندی, رۆژی 21ی بەفرانباری ساڵی 1316ی هەتاوی
لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر‌و ئایینی لە گوندی تەرەغەی بۆكان لە دایك بوو. لە منداڵی‌دا باوكی لە دەست دەدا‌و سەرپەرستییەكەی دەكەوێتە سەر شانی برا گەورەكەی, شاعیری میللی‌و نیشتمانپەروەری كوردستان مامۆستا هەژاری نەمر. سەردەمیی منداڵیی د. سادق شەرەفكەندی هاوكات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی خەباتی رزگاریخوازانەی خەڵكی كوردستانی ئێران‌و دامەزرانی كۆماری كوردستان. رێنوێنی‌و ئامۆژگارییەكانی برا زانا‌و خەباتگێڕەكەی دەبێتە هۆی نەخش بەستنی زۆرێك لە دیمەنەكانی قۆناخی مێژوویی ئەو كات لە بیر‌و زەینیدا. د. شه‌ڕه‌فکه‌ندی بەشێك لە خوێندنی سەرەتایی لە بۆكان‌و پاشان كە بنەماڵەكەی لە مەهاباد گیرسانەوە, بەشەكەی دیكەی خوێندنی سەرەتایی‌و دەورەی ناوەندیی لەو شارە‌و كۆتایی قۆناخی دەبیرستانی لە تەورێز تەواو كرد. ساڵی 1338 لە «دانشسرای عالی»ی تاران لیسانسی شیمیی وەرگرت‌و هەر لەو ساڵەدا بوو بە مامۆستای دەرسی شیمی‌و هەتا ساڵی 1344ی هەتاوی لە شارەكانی ورمێ‌و مەهاباد بە ئەركی مامۆستایەتییەوە خەریك بوو. سەرەنجام «ساواك» ئەو خزمەتەی لە كوردستان پێ ڕەوا نەدی‌و لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستایانی دیكەی هاوبیری بۆ شارەكانی ئەراك‌و كەرەج دوور خرانەوە.
د. سادق لە ساڵی 1349ی هەتاوی بۆ زانستگەی تەربیەت موعەللیم گوێزرایەوە‌و وەك یاریدەدەری مامۆستای زانستگە دەرسی شیمیی دەوتەوە. ساڵی 1351ی هەتاوی بە كەڵك وەرگرتن لە بورسی وەزارەتی علووم چوو بۆ فەرانسە‌و دوای چەند ساڵ مانەوە لەو وڵاتەدا توانی دوكتورای شیمیی ئانالیز (شیمی تجزیە) لە زانستگەی فەرانسە وەرگرێ. دوكتور شەرەفكەندی ساڵی 1355ی هەتاوی گەڕایەوە تاران‌و وەك «استادیار»ی شیمی لە زانستگەی تەربییەت موعەللیم درێژەی بە كاری مامۆستایەتی دا.
دوكتور شەرەفكەندی ساڵی 1352ی هەتاوی كاتێك لە پاریس خەریكی خوێندن بوو, لەگەڵ رێبەری مەزن دوكتور قاسملوو‌و بەرنامە‌و پێڕەوی نێوخۆیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان ئاشنا بوو و داوای ئەندامەتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان كرد. پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران بوو بە رابیتی نێوان دوكتور قاسملوو‌و ئەندامانی كۆنی رێبەرایەتیی حیزب. دوای رووخانی رێژیمی پاشایەتی‌و دەستپێكردنەوەی تێكۆشانی ئاشكرای حیزبی دێمۆكرات, لە ساڵی 1358ی هەتاویدا, بوو بە موشاوێری كومیتەی ناوەندیی حیزب‌و لە كۆنگرەی چوارەمی هەمان ساڵ‌دا بە ئەندامی كومیتەی ناوەندیی حیزب هەڵ‌بژێردرا‌و بەرپرسایەتیی كومیتەی حیزب لە تارانی پێ ئەسپێردرا.
سەرەتای هاوینی ساڵی 1359ی هەتاوی لە لایەن رێبەرایەتیی حیزبەوە بۆ كاری تەواو وەخت بانگ كرایەوە كوردستان‌و لە پلینۆمی كومیتەی ناوەندیی لە هاوینی ساڵی 1359ی هەتاویدا بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵ‌بژێردرا. دوكتور شەرەفكەندی لەو كاتەوە نازناوی «سەعید»ی بۆ دیاری كرا‌و لە دەرەوە‌و نێوخۆی حیزب هەر بە دوكتور سەعید ناودەبردرا. دوكتور سەعید لە كونگرەكانی پێنجەم, شەشەم, حەوتەم, هەشتەم‌و نۆهەمی حیزب‌دا هەموو جارێ بە ئەندامی كومیتەی ناوەندی‌و لە كومیتەی ناوەندییش‌دا هەموو جارێ بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵ‌بژێردراوەتەوە. دوكتور سادق لە ماوەی بوونی لە رێبەرایەتیی حیزب‌دا زۆرتر بەرپرسایەتیی بەشی تەبلیغات (رادیۆ‌و چاپەمەنی)ی لە سەر شان بوو. لە ساڵی 1365ـ یشەوە هەتا شەهیدبوونی دوکتور قاسملووی نه‌مر، ئەركی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی بە ئەستۆوە بوو.
دوكتور سادق لە یەكەم پلینۆمی دوای شەهیدبوونی دوكتور قاسملوودا بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی كومیتەی ناوەندی بە سكرتێری گشتیی حیزب هەڵابژێردرا‌و لە كونگرەی نۆهەمی حیزبیشەوە تا كاتی شەهیدبوونی ئەرك‌و بەرپرسایەتیی قورسی سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی بەرێوە برد.
دوكتور سادق شەرەفكەندی سەرەنجام لە 26ی خەرمانانی 1371, وێڕای هاوڕێیان كاك فەتتاح عەبدولی, ئەندامی كومیتەی ناوەندی‌و نوێنەری حیزب لە ئورووپا, كاك هومایون ئەردەڵان كادری بەوەجی حیزبەكەمان‌و دۆستی بە ئەمەگ‌و لە مێژینەی حیزبەكەمان كاك نووری دێهكوردی بە دەستی چەپەڵی تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامی لە شاری بێرلین شەهید بوو.
شەهید فەتتاح عەبدولی
هاوڕێی هەڵسووڕ‌و خەباتگێڕ فەتتاح عەبدولی ساڵی 1340ی هەتاوی لە ئاوایی «وەزنێ»ی ناوچەی سندووسی نەغەدە لە بنەماڵەیەكی زەحمەتكێش‌دا لە دایك بوو. خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندیی لە پێش‌دا لە زێدەكەی‌و دواتر لە نەغەدە تەواو كرد. بە دەستپێكردنی ڕاپەڕینی پڕشكۆی گەلانی ئێران دژی حكوومەتی پاشایەتی «فەتتاحی عەبدولی»ش وەك زۆربەی لاوانی نیشتمانپەروەری كوردستان پێی نایە مەیدانی سیاسەت‌و هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی خەباتی ئاشكرای حیزبی دێموكراتی كوردستان, بە وەرگیرانی لە یەكیەتیی لاوانی دێمۆكرات پێی نایە مەیدانی خەبات‌و تێكۆشانی حیزبییەوە.
فەتتاح لە یەكەم دەورەی پێگەیاندنی كادردا بەشداریی كرد‌و لە سەرەتای ساڵی 1359 ڕا وەك كادرێكی هەڵسووڕ‌و لێوەشاوە لە ریزەكانی تەشكیلاتی حیزبی دێمۆكرات‌دا جێی خۆی كردەوە. لە یەكەمین كۆنفرانسی كومیتەی شارستانی نەغەدەدا كە بە دوای دەستپێكردنەوەی تێكۆشانی ئاشكرای حیزب‌دا پێك هات, بە ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی كومیتەی شارستانی نەغەدە هەڵ‌بژێردرا. بەدوای بەشداری لە كۆنگرەی پێنجەمی حیزب‌دا بە ئەندامی جێگری كومیتەی ناوەندی هەڵ‌بژێردرا‌و لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە وەك بەرپرسی كومیتەی شارستانی سنە دیاری كرا. لە كۆنگرەی حەوتەمی حیزب بە ئەندامی كومیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆكرات هەڵ‌بژێردرا‌و بەرپرسایەتیی كومیتەی مەڵبەندی یەكی باشووری كوردستانی كەوتە سەرشان. لە دوای پلینۆمی دووهەمی پاش كۆنگرەی حەوتەم وەك بەرپرسی كومیتەی شارستانی سەردەشت درێژەی بە ئەرك‌و تێكۆشانی حیزبی دا. كاك فەتتاح لە كۆنگرەكانی هەشتەم‌و نۆهەم‌دا سەر لەنوێ وەك ئەندامی كومیتەی ناوەندیی حیزب هەڵ‌بژێرایەوە.
ساڵی 1368, بە دوای شەهید بوونی سكرتێری گشتیی حیزب دوكتور قاسملووی نەمر‌و كاك عەبدوڵڵای قادریئازەر ـ نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات. فەتتاح عه‌بدولی لە لایەن كومیتەی ناوەندیی حیزبەوە ئەركی نوێنەرایەتی حیزبی لە دەرەوەی وڵات كەوتە سەرشان‌و بۆ جارێكی‌تریش لێهاتوویی‌و كارامەیی خۆی لەو بەرپرسایەتییەدا سەلماند‌و تا كاتی شەهید بوونی بەڕێوەبەری ئەم بەرپرسایەتییە بوو.
شەهید هومایون ئەردەڵان
شەهید هومایوون ئەردەڵان كوڕی سەیفۆڵڵا خان «مظفر السلطنه اردلان» لە بنەماڵەی ئەردەڵانییەكانی سەقز بوو. خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندیی لە سەقز تەواو كرد. ساڵی 1356 لە زانستگەی سەنعەتیی تاران درێژەی بە خوێندن دا. هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران زانستگای بەجێ هێشت‌و ساڵی 1357 بۆ بەشداری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی گەلی كورددا, ریزی تێكۆشەرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی هەڵ‌بژارد.
هومایون بە هۆی كارزانی, تێگەیشتوویی‌و لێهاتوویی خۆیەوە توانی پلە تەشكیلاتییەكانی حیزب یەك بە دوای یەك‌دا ببڕێ‌و بەرپرسایەتیی زیاتر وەئەستۆ بگرێ. كاك هومایوون لە كۆنگرەی شەشەمی حیزب (1362)دا بە ئەندامی كومیتەی ناوەندی هەڵ‌بژێردرا‌و وەك ئەندامی كومیتەی «ناوەندی ئاژوان» چووە باشووری كوردستان. پاشان لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبەوە بەرپرسایەتیی حیزب لە سەقزی خرایە سەرشان‌و هەتا ساڵی 1364 ئەم بەرپرسایەتییەی بەرێوە برد. هومایون لە كۆنگرەی حەوتەم‌دا بۆ ئەندامەتیی كومیتەی ناوەندی خۆی كاندید نەكرد, بەڵام بەرپرسایەتیی كار‌وباری ماڵی‌و ئەركی جێگری بەرپرسی نەخۆشخانەی «25ی گەلاوێژ»ی وەئەستۆ گرت.
پاش كۆنگرەی هەشتەم لە سەر ئیجازەی حیزب، هومایوون ئه‌رده‌لان چووە دەرەوەی وڵات‌و لەوێش بۆ ساتێك وازی لە تێكۆشانی سیاسی نەهێنا. لەو ماوەیەدا كە لە «ئاڵمان» دەژیا, وەك ئەندامێكی هەڵسووڕ بەشی زۆری كاتی خۆی بۆ بەجێ گەیاندنی ئەركە حیزبییەكان تەرخان كردبوو‌و هەتا دوا كاتەكانی ژیانی بە ئامانجە پیرۆزەكانی حیزبەكەی وەفادار مایەوە‌و سەرەنجام وێڕای دوكتور شەرەفكەندی، كاك فەتتاح عه‌بدولی و «نووری دێهكوردی» كەوتە بەر دەستڕێژی تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامی‌و شەهید بوو.
شەهید «نوری دێهكوردی»
شه‌هید نووری دێهکوردی ڕۆژی 13ی خاكەلێوەی 1325ی هەتاوی لە «شه‌ر كرد»ی ئۆستانی «چهارمحال‌و بختیاری» لە دایك بوو. لە نێوەڕاستەكانی دەیەی 40دا سەفەری ئورووپای كرد‌و لە زانستگەی «لیوبن»ی ئۆتریش خەریكی خوێندن بوو. چەند ساڵ دواتر چووە بێرلین‌و لەوێ درێژەی بە خوێندن دا. «نوری» هەر لە سەرەتای قۆناغی خوێندكارییەوە دەگەڵ كۆنفدراسیۆنی جیهانیی خوێندكاران كەوت. لە كۆنگرەی ساڵی 1354ی كۆنفدراسیۆنی جیهانیدا بە سەرۆكایەتیی ئەم رێكخراوەیە هەڵ‌بژێردرا.
«نووری دێهکوردی» یەكێك لە بەرهەڵستكارە بەناوبانگەكانی رێژیمی پاشایەتی بوو‌و لە كاتی دەستپێكردنی جموجۆڵە ئێعترازییەكانی خەڵك دژی رێژیمی پاشایەتیدا لەگەڵ هاوڕێیانی هاتەوە ئێران. پاش رووخانی رێژیمی پاشایەتی لەگەڵ ژمارەیەك لە دۆستە هاوبیرەكانی رێكخراوێكی چەپ, سەربەخۆ‌و ئازادیخوازیان بە ناوی یەكیەتیی چەپ (اتحاد چپ) دامەزراند‌و بەرپرسایەتیی دەركردنی «پیام آ‌زادی» ئۆرگانی ئەو رێكخراوەیەی وەئەستۆ گرت.
شەهید نووری بە پەرەگرتنی سەركوت‌و توند‌وتیژیی رێژیمی ئیسلامی لە هاوینی 1360دا شوێن پێی هەڵ‌گیراو بە ناچار بنەماڵەكەی بەجێ هێشت‌و ژیانی نهێنیی هەڵ‌بژارد. ساڵی 1361 هاتە كوردستان‌و لەوێ خەبات بۆ رووخاندنی حكوومەتی سەركوتگەری كۆماری ئیسلامیی درێژە دا. لە ماوەی دوو ساڵ مانەوەی لە كوردستان لە نێوان ئەو‌و دوكتور قاسملوو و دوكتور شەرەفكەندیدا دۆستایەتییەكی قووڵ و بەهێز پێك هات. نووری هاوپێوەندی‌و تێكەڵاوییەكی گەرمی لەگەڵ ئەندامانی دەفتەری سیاسی حیزب‌دا هەبوو و حیزبی دێمۆكراتیش بە چاوی رێزەوە سەیری ئه‌وی دەكرد. ساڵی 1363 چووە بێرلین‌و لەگەڵ بنەماڵەكەی كە لەم شارە دەژیان، یەكیان گرتەوە. لەوێ بە ئەركی یارمەتی گەیاندن‌و ڕاپەڕاندنی كار‌وباری پەنابەران لە ئۆردوگاكانی خاچی سوور خەریك بوو.
لە ساڵی 1368 پەرەی بە هەوڵ و تێكۆشانی خۆی بۆ نیزیك كردنەوەی پاشماوەی كەسایەتی‌و هێزە چەپ‌و سەربەخۆ‌و ئازادیخوازەكان دا‌و لە نووسین‌و رێكخستنی دەقی «گەڵاڵەی پێشنیاری هەڵسەنگاندنی نیزیكایەتیی نەزەری‌و كردەیی هێزە چەپە دێمۆكراتەكان بە مەبەستی بەرەیەكی سیاسی یەكگرتوو»دا چالاكانە بەشداری كرد. هاوڕێ «نووری دێهكوردی» وه‌ک ئه‌ندام و وه‌رگێڕی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە كۆنگرەی ئەنترناسیونالیستی سوسیالیست‌دا بەشداری كرد. پاش تەواو بوونی كارەكانی كۆنگرە، رۆژی 17ی سێپتامبری 1992 كاتێك شانبەشانی دوكتور شەرەفكەندی‌و هاوڕێكانی لەگەڵ ژمارەیەكی دیكە لە نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران خەریكی چاوپێكەوتن‌و وتووێژ بوون, بە دەستڕێژی تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامی شەهید كرا.
كۆمەڵێك نووسراوە‌و وتار لە شەهید نووری بەجێ ماون كە لە بڵاو كراوەكانی «اتحاد چپ»، «پیام آ‌زادی»، «نامە پارسی»، «پیمان»، «شانزدهم آذر» و . . . لە چاپ دراون.
ئامادە کردنی: شۆڕش, ئه‌م وتاره به تایبه‌تی بۆ راگه‌یاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و رۆژنامه‌ی “کوردستان”(ژماره‌ی تایبه‌ت به یادی 20 ساله‌ی د.شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕییانی) نووسراوه.
….
پوخته‌یه‌ک له ژیانی دوکتور محه‌ممه‌د سادق شه‌ره‌فکه‌ندی (سه‌عید)
دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی دووهه‌مین رێبه‌ری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه که‌له وڵاتێکی ئورووپایی له‌سه‌ر مێزی وتووێژ، له‌لایه‌ن تیرۆریسته‌کانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانه‌وه شه‌هید کرا
دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی پاش شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو به‌رپرسایه‌تییه‌کی گه‌وره که‌وته سه‌ر شانی. هه‌رچه‌ند که ماوه‌ی رێبه‌رایه‌تییه‌کی درێژه‌ی نه‌کێشا، به‌ڵام له‌و ماوه کورته‌شدا توانیی به باشی وڵامده‌ری به‌رپرسایه‌تییه مێژووییه‌که‌ی بێت.
دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی له کاتێکدا بوو به سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات که جه‌مسه‌ری کۆمۆنیستیی رۆژهه‌ڵات تێکـڕووخا و خولێکی نوێ له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ستی پێ‌کرد.
دادگایه‌ک که به‌ناوی دادگای میکۆنووس ناودێر کرا، رێبه‌رانی پایه‌به‌رزی رێژیمی ئێرانیان وه‌ک فرمانده‌رانی تیرۆری دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێیانی مه‌حکووم کرد. حوکمێک که رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکی جیدی به‌ره‌وڕوو کرده‌وه.
منداڵێک به هیوا و ئاره‌زوویه‌ک به به‌رزایی “ته‌ره‌غه”
سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، رێکه‌وتی 21ی به‌فرانباری 1316ی هه‌تاوی، به‌رانبه‌ر به 11ی ژانوویه‌ی 1938ی زایینی له بنه‌ماڵه‌یه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ر له گوندی “ته‌ره‌غه”ی بۆکان چاوی به ژیان هه‌ڵێنا.
له سه‌رده‌می منداڵی‌دا له نازی باوکی بێ‌به‌ش بوو و سه‌رپه‌رستیی که‌وته ئه‌ستۆی برا گه‌وره‌که‌ی، واته شاعیری گه‌وره‌ی گه‌لی کورد، مامۆستا هه‌ژار.
سه‌رده‌می منداڵیی نه‌مر دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، هاوکات بوو له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان، هه‌ر بۆیه راسپارده و رێنوێنییه‌کانی براکه‌ی و کۆمه‌ڵێک وێنا و رووداوی دیکه له‌و سه‌رده‌مه له بیر و هزریدا کاریگه‌ریی دانا.
ساڵی یه‌که‌م و دووهه‌می سه‌ره‌تایی له بۆکان و پاشان به کۆچی بنه‌ماڵه‌که‌یان بۆ شاری مه‌هاباد، خوێندنی سه‌رتایی، ناوه‌ندیی و دوا ناوه‌ندیی له‌و شاره کۆتایی پێهێنا و دوایین ساڵی خوێندنی دواناوه‌ندیی له شاری ته‌ورێز خوێند و له ساڵی 1338ی هه‌تاوی توانیی لیسانسی رشته‌ی شیمیی له په‌یمانگای به‌رزی تاران وه‌ربگرێت.
دوکتور سه‌عید له تێكـڕای قۆناخه‌کانی خوێندنیدا یه‌که‌مین یان یه‌کێک له باشترین خوێندکاران بووه.
دوکتور سه‌عید مامۆستایه‌کی لێهاتوو که به‌شی دوورکه‌وتنه‌وه بوو
له ساڵی 1338 وه‌کوو مامۆستای شیمی له شاره‌کانی مه‌هاباد و ورمێ ده‌ستی به کار کرد.
له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا وه‌کوو مامۆستایه‌کی لێهاتوو، به مه‌به‌ستی بردنه سه‌ری ئاستی زانیاریی قوتابیانی کوردستان چالاکییه‌کی تایبه‌تی له خۆی نیشان دا، به‌جۆرێک که ژماره‌ی ئه‌و ده‌رچوانه‌ی که‌له ژێر ده‌ستی دوکتور سه‌عید ده‌رسیان ده‌خوێند رۆژ به رۆژ زیاتریان ده‌کرد.
سه‌رنجام ساواک (ده‌زگای هه‌وڵگری و سیخوڕیی رێژیمی پاشایه‌تی) درێژه‌ی خزمه‌تی کاک دوکتور سه‌عید له کوردستان به ره‌وا نابینێت و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ل له مامۆستا هاوبیره‌کانی، بۆ شاره‌کانی ناوه‌ندیی ئێران وه‌ک ئه‌راک و که‌ره‌ج دوور خسته‌وه.
کاک دوکتور محه‌ممه‌د سادق شه‌ره‌فکه‌ندی، له ساڵی 1349 بۆ زانستگای تاران راگوێزرا و وه‌کوو به‌شی ته‌کنیکیی رشته‌ی شیمیی ئه‌و زانستگایه دستی به کار کرد.
پاش ئه‌وه‌ی که له‌و به‌شه‌شدا لێهاتوویی دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی ده‌رکه‌وت، به که‌ڵک وه‌رگرتن له بوورسیه‌ی وه‌زاره‌تی زانست له ساڵی 1351 چووه وڵاتی فه‌ڕانسه و پاش چوار ساڵ خوێندن له زانینگه‌ی ژماره 6ی پاریس، توانیی دوکتۆرای رشته‌ی شیمی وه‌ربگرێت.
دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی ساڵی 1355ی هه‌تاوی گه‌ڕایه‌وه ئێران و وه‌کوو مامۆستای یاریده‌ده‌ری شیمی له زانینگه‌ی (تربیت معلم) ده‌ستی به کار کرده‌وه و له‌م قوناخه‌شدا به هۆی سه‌رکه‌وتنه‌کانی بوو به خۆشه‌ویستی مامۆستایان و خوێندکارانی ئه‌و زانستگایه، به جۆرێک که وه‌کوو مامۆستایه‌کی دڵسۆز و له هه‌مان کاتدا شۆڕشگێڕ وه‌سفیان ده‌کرد.
له ئاشنایه‌تییه‌کی ساکاره‌وه هه‌تا یارانی هاوچاره‌نووس
دوکتور سه‌عید له ساڵی 1352ی هه‌تاوی، واته کاتێک که‌له پاریس خه‌ریکی خوێندنی دوکتۆرا بوو، له رێگه‌ی رێبه‌ری گه‌لی کورد و حدک ئێران، دوکتور عه‌بدولـڕه‌حمان قاسملووه‌وه له‌گه‌ڵ به‌رنامه و سیاسه‌تی حیزبی دێموکرات ئاشنا بوو و داوای ئه‌ندامه‌تیی له حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.
پاش گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران وه‌کوو پردی پێوه‌ندیی نێوان دوکتور قاسملوو و ئه‌ندامانی کۆنی حیزب له ناوخۆی وڵات، ئه‌رکی حیزبی خۆی به لیهاتووییه‌وه به جێ گه‌یاند و به جاران له جێبه‌جێ کردنی ئه‌رکه‌کانیدا گیان که‌وته مه‌ترسییه‌وه.
دوکتور سادق پاش تێکـڕووخانی رێژیمی په‌هله‌وی و ئاشکرا بوونی خه‌باتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران له ساڵی 1358ی هه‌تاوی، وه‌کوو راوێژکاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و له ره‌شه‌مهی 1358 له کۆنگره‌ی چواره‌می حیزب‌دا وه‌کوو ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردرا و به‌رپرسایه‌تیی کۆمیته‌ی حیزب له شاری تاران که‌وته سه‌ر شانی.
له سه‌ره‌تای ساڵی 1359ی هه‌تاوی له‌لایه‌ن رێبه‌رایه‌تیی حیزبه‌وه بۆ کاری ته‌واو وه‌خت، بانگهێشتی کوردستان کرایه‌وه و له ره‌تی دانیشتنه‌کانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب له هاوینی هه‌مان ساڵ وه‌کوو ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب هه‌ڵبژێردرا. هه‌روه‌ها دوکتور سادق له کۆنگره‌کانی پێنج، شه‌ش، حه‌وت، هه‌شت و نۆیه‌م وه‌کوو ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه.
دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی له ماوه‌ی رێبه‌رایه‌تیی له حیزب‌دا زیاتر به‌رپرسایه‌تیی به‌شی چاپه‌مه‌نیی وه‌ئه‌ستۆ بووه و له ساڵی 1365ی هه‌تاوی هه‌تا کاتی شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بووه.
دوکتور محه‌ممه‌د سادق شه‌ره‌فکه‌ندی له یه‌که‌مین دانیشتنی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزب له پاش شه‌هید بوونی دوکتور قاسملوو، به تێکـڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی کۆمیته ناوه‌ندی وه‌کوو سکرتێری گشتیی حیزب و هه‌روه‌ها له کۆنگره‌ی نۆیه‌م بۆ ئه‌و پۆسته هه‌ڵبژێردرایه‌وه و هه‌تا کاتی شه‌هید بوونی (26ی خه‌رمانانی 1371ی هه‌تاوی) ئه‌رکی قورسی سکرتێریی وه ئه‌ستۆ بوو.
….
به‌ڕێز بێت یادی شه‌هید کاک هۆمایون ئه‌رده‌ڵان, یه‌دوللا سۆڵتان په‌نا
له مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی کوردستاندا به ده‌یان هه‌زار مرۆڤی شۆڕشگێر گیانی خۆیان له ڕێگای ڕزگاری نه‌ته‌وه‌ی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان له ژێر داگیرکاری به‌خت کردوه، به ملیۆنان له خه‌ڵکی وڵاته‌که‌مان دوای تێکۆشان و کوێره‌وه‌ری زۆر بۆ گه‌یشتن به ئامانج ، بێ ئه‌وه‌ی به ئاواتیان بگه‌ن.
به داخه‌وه سه‌ریان ناوه‌ته‌وه و هه‌ر ئێستاش رۆڵه‌کانی ئه‌وان گیرۆده‌ی به کۆتایی گه‌یاندنی ئه‌م ئه‌رکه‌نه نه‌ته‌وه‌یه پیرۆزه‌ی سه‌ر شانیانن. به‌و هیوایه به یه‌کگرتوویی و هه‌نگاوی ژیرانه‌ی سیاسه‌توانان، پارته کوردیه‌کان و خه‌ڵکی کورد، کوردستانێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ به‌دی بێت .
له‌م باسه دا به بۆنه‌ی هه‌ژده ساڵه‌ی تیرۆری ریبه‌ری زانای حدکا و به‌شێکی وڵاته‌که‌مان دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێیانی به ده‌س رژیمی دژی کورد و تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێران یادی پێشمه‌رگه‌ی ماندوویی نه‌ناس و به ئه‌مه‌گی گه‌له‌که‌مان کاک هۆمایون ئه‌رده‌لان تازه ده‌که‌ینه‌وه که له ڕاستیدا یادکردنه‌وه‌ی شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی ئه‌رکێکی پیرۆزه که له ئاست لێبردوویی ئه‌وان له ژیانیان ئه‌کرێته‌وه .
بنه‌ماڵه‌ی کاک هۆمایون له هۆزی گه‌وره‌ی ئه‌رده‌لانه‌کان، پێش چه‌ند سه‌د ساڵ له سنه‌وه، ناوه‌ندی ئه‌ماره‌تی ئه‌رده‌لان به‌ره‌و سه‌قز کۆچیان کردوه و هه‌ر له‌و کاته‌وه وه‌ک حاکمی شاری سه‌قز له‌م ناوچه‌یه ژیاون و ده‌سه‌ڵاتدار بون و به‌رده‌وام پارێزگاریان له شاری سه‌قز و ده‌وروبه‌ری کردوه. پێش شه‌ری یه‌که‌می جیهانی سه‌یفه‌دین خان حاکمی سه‌قز باپیری کاک هۆمایون له گه‌ڵ سه‌رداری بۆکان و حه‌مه‌خانی بانه له ساڵی 1285ی کۆچی له شاری مه‌راغه له لایه‌ن حکومه‌تی تۆرکیی عۆسمانیه‌وه به پیلانیک له سێداره ئه‌درێن، وا ده‌رکه‌وتووه که له سێداره دانیان پێوه‌ندی به دۆزی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌بووه. به داوی ئه‌م ڕووداوه دا سه‌یفۆڵا خان ئه‌بیت به حاکمی سه‌قز، سه‌یفۆڵا خان که‌سایه‌تیه‌کی سیاسی، تێگه‌یشتوو و پێشکه‌وتنخواز بووه، سه‌ره‌تای به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ڕه‌زا شاه، کاتیک دێت بۆ سه‌قز سه‌یفۆلا خان میوانداری ئه‌کات که به دوای گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ تاران له ساڵی 1313ی هه‌تاویدا به ده‌ستوری ناوبراو سه‌یفوڵا خان بۆ تاران ته‌بعید ئه‌کرێت، تا له شه‌هریوه‌ری ساڵی 1320دا به‌ره‌و سه‌قز ئه‌گه‌ڕێته‌وه، له ساڵی 1322 بۆ جاری دووهه‌م له لایه‌ن ئینگلیسیه‌کان و حکومه‌تی ئێرانه‌وه ده‌گیرێت و بۆ ماوه‌ی 6 مانگ له به‌ندیخانه‌ی سۆڵتان ئابادی ئه‌راک له به‌ند دا ئه‌مێنێته‌وه و هه‌روه‌ها له شۆڕشی دوکتۆر موسه‌دیق به دژی حه‌مه ره‌زا شادا لایه‌نگری د . موسه‌دیق ئه ات هه‌ر بۆیه سه‌یفوڵا خان تا کۆچی دوایی له ساڵی 1352ی هه‌تاوی جێگای مۆتمانه‌ی ڕژیمی په‌هله‌وی نه‌بوو .
کاک هۆمایون له سالی 1329ی هه‌تاوی له شاری سه‌قز له دایک بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌م شاره ته‌واو کردوه، دوو سال سپای دانش ئه‌بێت که دواتر بۆ درێژه‌ی خوێندن له بواری نه‌وتدا ئه‌چێته زانکۆی نه‌وت له ئابادان بۆ ماوه‌ی یه‌کساڵ و نیو، ساڵی دواتر له زانکۆی سه‌نعه‌تی نه‌وتی تاران درێژه به خوێندن ئه‌دات. له سه‌ره‌تای شۆڕشی ئێران‌دا ئه‌گه‌ڕێته‌وه کوردستان و له خوێندنگای ناوه‌ندی کچان و هۆنه‌رستانی سه‌قز ئه‌بێته مامۆستای زمانی ئینگلیسی که جێگای بڕوا و خۆشه‌ویستی هاوکاران و قوتابیانی ئه‌بێت، پاشان له زانکۆی سنه درێژه به خوێندنی ئینگلیسی ئه‌دات و هاوکات وانه‌ش ئه‌ڵێته‌وه. له لایه‌کیتره‌وه چالاکێکی وه‌رزشی بوو، به تایبه‌ت له یانه‌ی باسکێتبا‌ڵ دا به‌شداری ئه‌کرد و وه‌رزشکارانی سه‌قزی به گشتی به باشی ئه‌یانناسی.
کاک هومایون حه‌ولی ئه‌دا هه‌ر کاریک ده‌یکات له ڕوی شاره‌زاییه‌وه بێت بۆیه تێده‌کۆشا زانیاریه‌کانی له هه‌موو ئاسته‌کاندا به‌رز بکاته‌وه، هه‌ر بۆیه دوای ماوه‌یه‌کی کورت له سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئێران پێوه‌ندی به حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه‌وه ئه‌گرێت و به هه‌ڵگیرساندنی شه‌ر له لایه‌ن ڕژیمی خۆمه‌ینیه‌وه دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد، له نه‌ورۆزی 1359ی هه‌تاوی چه‌کی شه‌ره‌ف ئه‌کاته شان و ئه‌بێته ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان. کاک هۆمایون بێ هیچ چاوه‌ڕوانێک و بێ ماندووبون کاری حیزبی ئه‌کرد، سه‌ره‌تا زۆر کات له گه‌ڵ تاکه پێشمه‌رگه‌یه‌ک ناوچه‌کانی به‌ینی سه‌قز، بانه و مه‌ریوانی به پێی پیاده ئه‌پێوا و سیاسه‌تی حیزبی بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک شی ئه‌کرده‌وه، له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا باشتر ناسرا و بوو به جێگای متمانه‌ی خه‌ڵک و به‌رپرسانی حیزبی دیموکرات و دواتر ئه‌رکی پێویستی پێ ئه‌سپێدرا. له کۆتایی سای 1359ی هه‌تاوی بۆ خۆلێکی سیاسی ده‌چیته خدراوێ له نێوان پیرانشار و سه‌رده‌شت که به پله‌ی به‌رز و سه‌رکه‌وتووانه به کۆتایی ئه‌گه‌یه‌نێت. دواتر ئه‌بێته جێگری کۆمیته شارستانی سه‌رده‌شت و پاشان به‌رپرسی کۆمیته‌ی میراوێ بووه و بۆ ماوه‌یه‌ک به‌رپرسی ته‌شکیلاتی ده‌فته‌ری سیاسی ژماره یه‌ک به ئه‌ستۆ ئه‌گرێت که بنکه‌که‌ی له نێوان سه‌رده‌شت و مه‌هاباد هه‌ڵکه‌وتبوو، له کونگره‌ی 5ی حیزب‌دا له سالی 1360ی هه‌تاوی به ئه‌ندامی ڕاوێژکاری کومیته‌ی ناوه‌ندی دیاری ئه‌کرێت و له کۆنگره‌ی 6 دا وه‌ک ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵده‌بژێردرێت که به دوای ئه‌مه دا ئه‌بێته ئه‌ندامی ناوه‌ندی ئاژوان، ماوه‌یه‌کی کورت به‌رپرسی کۆمیته شارستانی سنه ئه‌بێت، دوایی به هۆی ناساخیه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری سه‌فه‌ری ده‌فته‌ر ئه‌کات، دواتر ئه‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌بێت به به‌رپرسی کۆمیته شارستانی سه‌قز، له ناوه‌ندی ئاژوان له گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه دا جه‌وله‌ی ئه‌کرد، کاتێک دۆژمن له ئاوایی سه‌رده‌ره گه‌مارۆی هێزی پێشمه‌رگه ئه‌دات، فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌کان زه‌خمار ئه‌بێت کاک هۆمایون وه‌ک به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستانی سه‌قز له‌و شه‌ڕه دا به‌شداری ئه‌کات و له رێنوێنی شه‌ره‌که دا ده‌وری به‌رچاوی هه‌بووه. ئه‌م ئه‌رکه‌ی له ناوه‌ندی ئاژوان سه‌رکه‌وتوانه ئه‌نجام ئه‌دات. دواتر و له کۆتاییدا ئه‌بێته به‌رپرسی نه‌خۆشخانه‌ی حیزب. له کۆنگره‌ی 7 دا خۆی بۆ ئه‌ندامه‌تی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کاندیدا ناکات و دوای گرتنی کۆنگره‌ی 8ی حیزب به پێشنیاری سه‌رکردایه‌تی به هۆی نه‌خۆشیه‌وه سه‌فه‌ری ئۆروپا ده‌کات و له کاتی ماڵئاوایی له هاوڕێیانی چاوی به دۆکتور قاسملوی نه‌مر ئه‌که‌وێت و دواتر تا کۆتایی ژیانی له وڵاتی ئاڵمان ده‌مێنێته‌وه. له ئاڵمان وه‌ک به‌رپرسی حیزب له‌م وڵاته دیاری ئه‌کریت، له‌م ماوه دا سه‌فه‌ری چه‌ندین وڵاتی ئۆروپایی ئه‌کات و له گه‌ڵ ئه‌ندامانی پێشووی حیزب‌دا وتووێژی ئه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له نوێ کار بکه‌نه‌وه و حیزب بتوانێت له ئاستی ئۆروپادا زیاتر چالاک بێت. سێ ڕۆژ پێش شه‌هید بونی پێوه‌ندی ته‌له‌فونی له گه‌ڵ چه‌ند که‌س له هاورێیانی پێشووی ئه‌گرێت و ئه‌ڵێت به زوویی له گه‌ڵ د . شه‌ر‌فکه‌ندی سه‌فه‌ری دانمارک ده‌که‌ن حه‌ز ئه‌که‌ن چاوپێکه‌وتنیان ببێت، به‌ڵام به داخ و که‌سه‌رێکی زۆره‌وه ئه‌م پێکگه‌یشتنه قه‌ت ڕوو نادات و له پیلانێکی دژی مرۆڤایه‌تیدا سکرتێری گشتی حیزب د . سادق شه‌ره‌فکه‌ندی هاورێ له گه‌ڵ نوێنه‌ری حیزب له ئۆروپا فه‌تاح عه‌بدولی، نوێنه‌ری حیزب له ئاڵمان هۆمایون ئه‌رده‌لان و نوری دێهکردی چالاکی سیاسی ئێرانی له لایه‌ن دژبه‌رانی مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، که هه‌مان ڕێبه‌رانی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی ئێرانن شه‌هید ئه‌کرێن. یادیان به‌رز و پێرۆز و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت.
له ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کدا بۆ هه‌ڵس‌وکه‌وته‌کانی کاک هۆمایون له ماوه‌ی ژیانیدا ئه‌وه‌ی باس کراوه یان من خۆم له‌م دوایانه دا له هاوڕێیانیم بیستوه به ده‌قی وته‌کانی ئه‌وان، ناوبراو به کۆرتی مرۆڤێکی شۆرشگێر، خه‌ڵکی، پاک، به ڕه‌وشت، به وره، ئازا، خوێنه‌ر، به ئه‌زموون، هه‌ڵسوور، هێمن، باوه‌ربه‌خۆ و دژی کاری خراپ بووه. به زانیاریه‌وه هاتبوه ناو ڕیزه‌کانی حیزبه‌وه، هه‌ستی چینایه‌تی نه‌بوو، له گه‌ڵ هاوڕێیانی له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی کاری سیاسی‌دا ڕێده‌که‌وت و په‌یره‌وی بڕیاره‌کان ده‌بوو، نه بیستراوه ئه‌ندامانی حیزبی دیموکرات یان پارته سیاسیه‌کانیتر ڕه‌خنه‌ی ئه‌وتۆیان له هه‌ڵوێستی سیاسی و شێوه‌ی کارکردنی کاک هۆمایون گرتبێت و به گشتی جێگای خۆشه‌ویستیان بووه، به تایبه‌ت دۆکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی زۆری خۆش ئه‌ویست و جێگای باوه‌ڕی بوو که یارمه‌تیشیدا بۆ هاتنه ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌ویش دۆکتوری زۆر خۆش ئه‌ویست و ڕێزی بۆ دائه‌نا. کاک هۆمایون تا دوا ساته‌کانی ژیانی له په‌یوه‌ندی گرتن له گه‌ڵ تێکۆشه‌رانی کورد نه‌وه‌ستا و هه‌ر ده‌م بۆ به دیهاتنی ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد وڵاته داگیرکراوه‌که‌مان تێده‌کۆشا.
یادی به‌ڕێز و ڕێگای به‌رده‌وام بێت.
له گه‌ڵ ڕێز …. یه‌دوللا سۆڵتان په‌نا
..
سه‌رچاوه: پێشمه‌رگه‌کان