نازیزیم، جەنگ،دیوار، شەڕی سارد، هەڵاتن بەرەو ئازادی و داڕمانی دیوار، لە پانۆڕامایەکی کورت دا.
ساڵی1984 لە دەروازەیەکی بەنێو دیوارەکەدا تێدەپەڕی، گەشتمە شاری بەرلین و پاشانیش خرامە ماڵێکیشەوە، ڕێک لەبەردەم دیوارەکەدا. ئیدی لەو ڕۆژەوە من ئاشنایەتیم لەتەک ئەم دیوارە ناڕەسەن و دروستکراوە و قێزەونەدا هەیە. بە تێکڕای ژیانی هزری و سیاسیشم لەدژی ئەم جۆرە دیاردانە وەستاومەتەوە.
ڕاستە لە کاتێکدا ئێمە باس لە ڕووخانی دیواری بەرلین، هێشتا لە جیهاندا گەلێ دیواری تری هاوشێوەی هەر هەیە. لێ لەکەس شاراوە نییە، کە دیواری بەرلین وەک سیاسەت و مێژوو، شوێنەوار و ئاکامی دووەم جەنگی جیهانی، تایبەتمەندی ئەڵمانی و ئەوروپی و جیهانی خۆی هەبوو.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە، لەساڵی 1995 نووسیومە و لە خوێندکاری کورد،ژمارە 20/1995 بڵاوکردۆتەوە. لە ئێستادا بابەتەکەم دەوڵەمەند کردووە بە کۆمەڵێ زانیاری نوێ و گۆڕانکاری تازە.
شاری بەرلین لە ساڵی 1237ز دروستکراوە. ڕووبەرەکەی 883 کم و یەکێکە لە شارە هەرە گرنگ و بەناوبانگەکانی جیهان. مێژوویەکی گەرەورە و پڕ لە ڕووداو و بەسەرهاتی هەیە و مەڵبەندی زانین و و زانیاری و زانستگەی کۆنە و گەلێ لە هەڵکەوتووانی گەورەی ئەڵمان زانا و فەیلەسووف و کەسایەتی دیکە لێرە گەورە بوون و پەروەردە بون و ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە.
لە ئاکامی تێکشکانی ئەڵمانیای ھیتلەریی لە دووەم شەڕی جیھانی دا، تەلبەندێکی دڕکاوی بەرلین و ئەڵمانیا و بگرە ئەوروپا و جیھانی کردە دوو بەشەوە. بەشی رۆژئاوای بەرلین ،لەلایەن ھێزە ھاوپەیمانەکانەوە – ئەمەریکا، بەریتانیای مەزن، فەرەنسا-ەوە سەرپەرشتی دەکرا و بە ناڕاستەوخۆ لە ژێر بارێکی نائاساییدا، سەر بە حکومەتی ئەڵمانیای فیدڕاڵی BRD لە شاری Bonnبۆنی پایتەخت بوو. بەشە ڕۆژھەڵاتەکەی سەر بە کۆماری ئەڵمانیای دیموکراتیDDR بوو، کە ھەر ئەو بەشە بوو، خودی بەرلینی ڕۆژھەڵات پایتەختی بوو. بەشی ڕۆژئاوا 480کم بوو،کە دەکاتە 54% ڕووبەری ئەڵمانیا و دانیشتوانەکەی 2,200000 ملیۆن بوو بەشی ڕۆژھەڵاتی 403 کم بوو، کە دەکاتە 46% ی ڕووبەری ئەڵمانیا و دانیشتوانەکەی 1007000 ملیۆن بوو. ئێستا دانیشتوانی بەرلین 3,700000 ملیۆنە.
دوای کۆتایی جەنگ و ڕووخانی ھیتلەر و نازیزم، بەپێی کۆنفرانسی مالتا، بەرلین کرایە4 بەشەوە. لەبەشی ڕۆژھەڵاتی سەر بە شوورەوی لە 1.12.1946 دا پۆلیسی سەرسنوور دروست کراو تا دەھات ئالۆزی لەسەر نوورەکان سەری ھەڵدەدا. لە 1945-1961 نزیکەی 3,5 ملیۆن خەڵک بۆ بەشی ڕۆژئاوای بەرلین و ئەڵمانیا ھەڵاتن. لەمانە 2,6 ملیۆنی لە ئەڵمانیای ڕۆھەڵاتەوە و ئەویتری لە وڵاتانی پۆلۆنیا و چیکەوە بوون. زۆرینەی ھەڵاتووەکانیش گەنج بوون، بۆیە کێشە ھێزی کار و بەتاڵ مانەوەی شوێنەکانی کار لەبەشە ڕۆژھەڵاتەکەدا بووە دیاردە، لە ئامارێکدا ئاماژە بە 45 ھەزار شوێنی پڕنەکراوەی کار لە DDR دەکرێت. ئەمەش جێی نیگەرانی گەورە بوو.
هاتووجۆ لەنێوان هەردوو بەرلین دا، بە مۆڵەت و فەرمی بوو. تاکە دەروازەش بۆ هاتوچۆ بە ئوتومبێل لە دەروازەی بەناوبانگیChaeckpoint Charlie ، سەربازی ئەمەریکی و ڕووسی بەتانکەکانیانەوە بەرامبەر بەیەکتر وەستابوون.
درێژی ھەموو دیوارەکە 167,8 کم لەسەر سنووری بەرلینی رۆژئاوا. نزیکە45,1 کم بەر بەرلینی رۆژھەڵات دەکەوت . 112,7 کم ئەڵمانیای لە رۆژھەڵات / پۆتستدام . 63,8کم ھەڵچنراو، 32 کم بەدارستانکراوە، 22,65 کم دەشتودەری بەڕەڵای کراوە، 37,95 کم ی سنوورەکە کەوتووە ناو ئاوەوە- واتە رووبارو چەمەکان کەدوایی بە پەرژینی کارەبایی سنوورکێشکران، بۆ ئەوەی کەس لێیان نەپەڕێتەوە – ، 267,3 کم بە ڕووەک و گژوگیا لەسەر سنوور بە ڕووی بەرلینی ڕۆژئاودا و 297,64 کم بە ڕووی DDR دا. دیوارەکە بەرزییەکەی 4 م بوو. بە 300 قوللەی چاودێر دەکرا، لەگەڵ دەیان ڕەوە سەگی ھاری دڕندەی مەشق پێکراو و ئامێری ھۆشداریی/ شەیپوور و دەزگای ئەلەتریکی ڕووناککەرەوە و ڕاکێت و ڕادار و تانک و کێڵگەی مینڕێژکراو. بەکورتی هەرچی شێوازی ڕیگری و چاودێری و خۆپارێزی هەبوو، بەشە ڕۆژهەڵاتییەکە، بەکاری دەهێنا، بۆ مانەوەی خۆیی و گوایە پاراستینی ڕژێمە سۆسیالیستییەکەی. دەکرێ بڵێین بەردەوام داهێنانیان دەکرد، لە دۆزینەوەی ئامڕاز و ئامێری چەوساندنەوەی خەڵکەکەی خۆیان دا.نموونەیەک:
١ـ دیواری کۆنکرێتی بە بۆریی یاخود بێ بۆری.٢ـ پەرژین یاخود تەلبەند.٣ـ شوێنی کۆنتڕۆڵ،٤ـ ئامێری ڕوناککەرەوە. ٥ـ چاڵ و سەنگەری ئوتۆمبێل حەشاردان. ٦ـ ھێڵی پێشەوەی سنووری دەستنیشانکردنی پۆستەکان.٧ـ توولە ڕێگای ھات و چۆ.٨ـ شوێنی بەڕێوەبردنی سەگ.٩ـ ئامێریی شەیپوور لێدەر/ ئینزار. ١٠ـ بورج و قوولەی چاودێریی.١١ـ چەپەری کۆنتاکت.
ھەر ئەم ھەموو ھەوڵانە و ناساندنی دیوارەکە بە: دیواری پاراستنی ئەنتی فاشیست، لەلایەن DDR ەوە، بۆ ڕێگرتن بوو لە ھەڵاتنی خەڵکەکە و پاراستنی دەسەڵاتە سەپاوەکەی خۆیاندا بوو، بەڵام دانیشتوانەکە نەیاندەویست لەو دەوڵەتە پۆلیسییەدا بمێننەوە و بژین. چونکە بێبەش بوون لە ئازادی و قوربانیشیان بە ھەر شت دا، بۆ یەکگرتنەوە و ئازادی.
.سەرباری ئەو بارودۆخە سەخت و فرە دەزگای چاودێریی و ڕاوەدونانە، ھێشتا بەھەزاران ھەڵاتن و بەسەدان ھەزاریتریش لە خەونی ھەڵاتن دا بوون .(دیارە دوای داڕمانی DDRھیچ لە کاربەدەستە حکومییەکان لە وەزیر و دیبلۆماتکار و بەڕێوەبەر و مامۆستاش بەتایبەت ئەوانە سەر بە Stasi بوون ، لە پلە و پۆستەکانیان دا نەھێڵدران. لەم بۆنەی 30 ساڵەی یادی ڕووخانی دیوارەکەدا، چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستایەک کرا، کە بەھۆی ڕووخانی دیوەرەکەوە زیان بە پۆستەکەی کەوتووە. لێیان پرسی گەر دیوارەکە نەڕووخایە و ھەتا ئێستا بمایە چیت دەکرد؟ وتی: ھەر ھەوڵی ھەڵاتنم دەدا). هاوڵاتییەکی تر وتی: “من باوەڕ ناکەم جارێکی تر دیوارێکی تر دروست بێتەوە”.
کێشە و ململانێی ئاڵۆز و سەخت لە نێوان ھەردوو بەشی ئەڵمانیا BRDڕۆژئاوا و DDRڕۆژھەڵات و ھەردوو بەرەی جیھانی « ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات» لەسەر ئەم دیوارە ھەبوو. چونکە دیواری ناوبراو ئەڵمانیا جیھانی کرد بووە دوو بلۆکی جیاوازی دژ بەیەک لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابووری و ئایدۆلۆژیی و گەلێ ڕەھەندی ترەوە. بەئەندازەیەکی ئەوتۆ ، دیوارەکە بووە سیمبۆڵیێکی جیاوازییەکانی جیھان ، بۆ ھەموو قورسایی سیاسەتی جیھانی، کە لەسەردەمی « شەڕی سارد» دا لێرەدا مۆڵی خوارد بوو. کە وەک تەرازوو و سەکۆیەک بۆ کێشانی ڕووداوەکان و دەنگ ھەڵبڕینی ڕاگەیاندنەکان وەکار دەبرا.
بەم دابەشبوونەکە 193 شەقام و کۆڵان لێک دابڕان ، کە لەوانە 62 یان بۆ ناو بەرلین دەھاتن و ئەوانی دیکە بۆ ناو ئەڵمانیا دەچوون. پاشان تەنھا چەند ڕێگایەکی کەم و دەستنیشانکراو وەک خاڵی پشکنین نەبێت، ھیچ ڕێگایەک بۆ ھاتووچۆ کردن نەمایەوە . ماوەیەکی زۆر حکومەتی خرۆشۆڤ گەمارۆی لەسەر بەشە رۆژئاواکە ڕاگەیاند و ھێزە ھاوپەیمانەکانی بەسەرکردایەتی ئەمەریکا، دابینی گوزەرانی خەڵکیان لە شمەک و کەلوپەلی پێویست و خواردن لە ڕێگای پردی ئاسمانییەوە کرد. واتە بە فرۆکە ئەو پێداویستیانەیان بۆ بەرلینی رۆژئاوا دەھێنا. بەتێکڕا 2,1ملیۆن تەن شمەک و پێداویستی تر ھێنرایە بەرلینەوە بەڕێگای 277,569گەشت و کاروانەوە لەلایەن ئەمەریکا189,963 و بەریتانیا 87,606 ، کە لە ڕۆژێک دا 1390 گەشتیان ئەنجام دەدا.
لەساڵی 1952 وە ھێڵی تەلەفون لەنێوان ھەردوو بەشەکەی بەرلیندا نەما. تا لە ساڵی 1971 دا، لە 4000 ھەزار ھێڵی تەلەفون تەنھا 10 ھێڵی کەوتەوە کارکردن. ئەویش تەلەفون لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژھەڵاتی بەرلین ، ھەژماری تەلەفونی دەرەکی بۆ دەکرا. زۆر شارۆچکە و گوند ھێڵی تەلەفونیان نەبوو. ھاوڵاتییەکی ئاسایی گەر پۆست و دەسەڵاتێکی حیزبی نەبوایە، بێبەش دەبوو لە زۆر ئیمتیاز. بۆ نموونە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک دەبوو نزیکەی 15 ساڵ چاوەڕێ بکات.
لە بەشی ڕۆژئاواوە، بێ هێچ کۆسپ و ڕێگڕییەک دەچووینە لای دیوارەکە و هەر کەس ناوی خۆی دەنووسی یاخود دروشمێکی دەنووسی دژ بەو دیو یاخود داوای ئازادی دەکرد.ـ بەندە گەلێ جار کە میوانم دەهات و دەمبردن بۆسەیری دیوارەکە، وێنەی ئاڵا و نەخشەی کوردستانیشم بەپێی گونجان لەسەر دیوارەکە دروست دەکرد. بەئاواتەوەم پارچەیەکی ئەو بەشەی دیوارەکەم دەستکەوێتەوە ـ
دوای ھەڵاتنی بەردەوامی خەڵکی بەشە ڕۆژھەڵاتییەکە بۆ ڕۆژئاوا، تانە و نەنگییەکی گەورە ھاتە سەرشانی حکومەتەکەیW.Ulbricht و ناوزڕاندنی بلۆکی شۆسیالیزم. ئیدی بەپێی نەخشەیەکی ھاوبەشی مارشاڵی ڕووسی Iwan.S.Kanjew ی قارەمانی دووەم جەنگی جیھانی و ناسراو بەداگیرکەری شارەکانی پراگ و درێسن و ڤاڵتەر ئۆلبریشی سەرۆککۆماری ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات بیر لە ھەڵچنینی دیواری بەرلین کرایەوە و پرۆتۆکۆلێک مۆر کرا. ئەرکی بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژەیە درا بە Erich Honiker، کە دواتر بووە سەرۆککۆماری DDR. ئەوەبوو شەوی 31.8.1961 دەست بە دروستکردن دیوارەکە کرا . بۆ بەیانی ھەزاران خێزان لێک دابڕان و ھەزاران سەرگەردان بوون. نەتەوەی ئەڵمان تووشی گرفتارییەکی قوڵ و گران کرا. دیارە ھەر لە یەکەم ڕۆژی کێشانی سنووری دیوارەکەوە، ھەتا دوا ساتەکانی ڕووخانی، دانیشتووانی بەشە ڕۆژھەڵاتییەکە، ھەوڵی خۆقوتارکردنیان دەدا لەدەست ئەو ڕژێم و سیستەمی حوکمە دیکتاتۆرییە.
ھەڵوێستی ڕۆژئاوا بریتی بوو لەگوتەیەکی کەنەدی وتی: دروستکردنی دیوارێکی نەحلەتی زۆر باشرە لە ھەڵگیرساندنی شەڕێک. حکومەتی بەریتانیاش وتی: ئەڵمانیا ڕۆژھەڵات بەم دیوارە شەپۆلی ھەڵاتن ڕادەگرن ،لێ خۆیان لە پشت پەردەیەکی/ دیوارێکی ئاسنینی قورسترەوە گیر دەکەن. کەواتە ئەمەش لەدەرەوە یاسادا نییە.
بەتێکڕا 136-245 کەس لەسەر ئەو دیوارە کوژراون.- ئاماری ساڵی 2009-. یەکەم کوژراو لە 19.8.1961 دا بوو. واتە پێش ھەڵچنینی دیوارەکە و کاتی تەلبەندەکە. دوا کوژراو لە 6.2.1989 دا ژن و مێردێک بوون بە باڵۆێک فڕین و لە 8.3.1989 دا بالۆنەکە کەوتە خوارەوە و بەردوودوا ھەردوو مردن. بچوکترین کوژراو مێردمنداڵێکی 16 ساڵییە و گەورەترین کوژراویش پیرێژنێکی 80 ساڵییە. بەتێکڕا 5075 ھەوڵی ھەڵاتن دراوە و سەرکەوتوو بوون. 574 ھەڵاتن بووە لە سەربازیی.
بەناوبانگترین ڕێگا بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو سیستەمە دیکتاتۆرییە، دروستکردنی تونێلێک بوو بەدرێژایی 145 م و قوڵی 12م و پانی 70م کە 57 کەس توانیان لێوەی ھەڵ بێن. دواتر تونێلەکە ئاشکرا بوو. ئەم تونێلە لەم رۆژانە بە نۆژەنکراوەیی کرایەوە و تۆریست و ھاوڵاتی دەتوانن بیبینن.
لەپاڵ ئەوەدا کە بەرگرییەکی بەھێز لەناوەوەی ھەردوو بەشەکەی ئەڵمانیا بۆ ڕووخاندنی دیوارەکە و یەکگرتنەوەی ھەبوو،بەڵام ڕۆڵی زلھێزە گەرەکانیش لەو پرۆسێسەدا، کەم نەبوو. کاتێ لە 12.6.1987 دا Ronald Reagan ڕۆناڵد رێگان ، ھاتە بەرلین. لەبەردەم دیوارەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و داوای لەMichail Gorbatschow گۆرباتشۆڤ کرد: ئەو دیوارە لابەرن و نەمێنێ. ھەر لەم ساتووەختەدا خۆپیشاندانەکانی ناو ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات ،تا دەھات زیاتر فراوانتردەبوو. گۆڕانەکانی ئەوروپای ڕۆژھەڵات خێراتر تێدەپەڕین.
خۆپیشاندانەکەی شاری Leipzig لایپزیگ بە 200000 ھەزار کەسەوە و بڵندکردنەوەی دروشمی:
{{ + بێ زوڵم و زەبر بۆ دیموکراتی و ھەڵبژاردنی ئازاد.+ گۆربی.. گۆربی.. گۆربی- کورتکراوەی ناوی گۆرباتشۆڤ- ە.
+ گەل ئێمەی.+ ئەڵمانیای نیشتمان یەکە}}.
لە بیرەوەری 40 ساڵەی دروستکردنی ئەڵمانیای دیموکراتدا، لە 6.10.1989 گۆڕباشۆڤ ھاتە بەرلینی ڕۆژھەڵات و بەئاشکرا، داوای ڕیفۆرمی لە حکومەتی DDR کرد و و پێی وتن: ئەو دیوارە بڕوخێنن و ڕێگەی گەشت کردن ئازاد بکەن. بەڵام ھۆنیکەر، بەپێچەوانەوە ڕایگەیاند، “ئەو دیوارە ھەتا 100 ساڵی تریش دەمێنێتەوە”.ھەڵاتنی ھەزاران خەڵکی ئەڵمانیاو لەدەستچوونی کۆنتڕۆڵ لەلایەن حکومەتەوە، ھۆنیکەر ناچار بوو، بەبیانووی نەخۆشییەوە ڕۆژی 18.10.1989 واز لەھەموو کاروبارێک بھێنێ
.ئیدی ڕک و پەرۆشی جەماوەر بەری پێ نەگیراو یەکپارچە ھەموو لە شەوی 9.11.1989 دا ھاتنە سەر دیوارەکە و دەست بە ڕووخاندنی کرا. ڕێگە ئاواڵە بوو بە ئازادی بۆ ھاتووچۆ لەنێوان رۆژھەڵات و ڕۆژئاوای بەرلین دا.
ئەڵمانیا لە 3.10.1990 بە فەرمی یەکی گرتەوەو ئەم ڕۆژە بووە جەژنێکی نەتەوەیی یەکگرتنەوە.
دیوارەکەی بەرلین دوای 28 ساڵ و 2 مانگ و 26ڕۆژ، بە ئاھەنگ و بەزمی سەما و ھەڵپەڕکێ و ھەڵڕشتنی فرمێسکی سەرکەوتن و شادمانی کۆتایی ھات و ئەوشەوە لە بەرلین بوو بە ڕۆژ و پارێزگاری بەرلین وتی :« ئەڵمان بەختەوەرترین گەلن لە جیھان دا».ئاخر دوو دەوڵەت و دوو سیستەمی جیاواز و هەریەکەیان داگیرکراو لەلایەن هێزی دەرەکییەوە، یەکیان گرتەوە،بە بێ خوێن ڕشتن،بەڕێگای شۆڕشێکی ئاشتیخوازانە. ئەمەش وانە و پرۆسەیەکی ئەوپەڕی ئەقڵانی گەورەی مێژووە.
ئیمڕۆ پارچەی بچووک لە دیوارەکە لە چەشنی مەدالیای ھەمە چەشندا، دروستکراوە . بۆ بیرەوەری دەفرۆشرێت و مۆزەخانەی تایبەتی لەبەرلین لەمەڕ دیوارەکەوە ھەیە. ڕۆژانە بە ھەزاران ھەزار کەس دێنە سەردانی مۆزەخانە و ئەو چەند پارچە ماوەوەی دیوارەکە.
ڕووخانی دیواری بەرلین ڕەوتی سیاسەتی جیھانی گۆڕی و « شەڕی سارد»ی کۆتایی پێھێناو وەرچەرخانێکی لە ستراتیژی نەتەوەکاندا بەرجەستە کرد . بەدوای ئەم ڕووداوەدا چەندین وڵات ئازاد بوون و چەندینیش یەکیان گرتەوە و ژمارە دەوڵەتانی جیھانیش زیادی کرد.
لە وڵاتی ئێمەی دابەشکراو بەسەر 5 دەوڵەتی جیاجیاداو لەو بەشەی نیمچە ئازادییەک باڵی بەسەردا کێشاوە، وا تازە بەتازە دوودەوڵەتۆکەی حیزبۆکە دروست دەکرێت. ـ ئەمە بۆچوونی ١٩٩٥ و هەتا ئێستاش بەداخەوە، سیمای دوو پارچە و دوو ڕەنگی بەو بەشەی باشوورەوە دیارە ـ . بە ئاواتی دادڕینی پەڕۆیەک لەم ئەزمنوونە گەورەیە و بەهیوای هەڵتەکاندنی سنوورە دەستکردەکانی نێو خاکی کوردستان و یەکگرتنەوە و سەربەخۆیی کوردستان و بوونە دەوڵەت.
لە یادی 30 ساڵەی داڕمانی ئەو دیوارە قێزەونەدا، لە ئێستادا، بۆماوەی هەفتەیەک لەسەر یەک نزیکەی 200 چالاکی سیاسی و هونەری جۆراوجۆر سازکراوە و پێشکەش دەکرێ. بۆ ئەم یادە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆریست لەناوە و دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ سەردان هاتوونەتە ناو بەرلین.
ئیمڕۆ بەرلین شارێکە زۆر بەخێرایی گەشەی کردووە و شان لە شانی شارە گرنگەکانی وەک لەندەن و پاریس دەدات. بە ملیۆنەها تۆریست دێنە سەیرانی نزیکەی 160 مۆزەخانە و شوێنی مێژوویی گرنگ و چەندین زانکۆی بەناوبانک و سەوزایی و ئاوی زۆر. ئەمەش سەرچاوەیەکی دارایی گەلی باشە بۆ ئەڵمانیای زلهێزی تەکنەلۆژیای جیهان. ئەڵمانەکان بە تازەترین شێوە بەرلینی داڕماوی داڕووخاوییان نۆژەن کردۆتەوە و هەر پرۆژەیەک دەکەن، لە ئەوروپادا بێوێنەیە.کەواتە قسەی بیرمەندە ئەمەریکییەکەی وتی: ئەڵمان بیر لە ئایندە دەکەنەوە و ئێمە بیر لە ڕابوردوویان دەکەینەوە،ڕاستە. ئەڵمان ئایندە ڕۆشن دەرچووە و زاڵیشە بەسەریدا. دەبا ئەوانە لە خەیاڵی ناو کتێبەکاندا، بە شەوارە کەوتوون، هەر بەدیار چرکەساتەکانی مێژووەوە، بخەون!… ئەوانە پاڵەوانی کارتۆنی مێژوون.
ئەوە ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانی Helmut Kohl و تیمەکەی بوون، ئەسپی سەرکێشی مێژوویان لغاوکرد و سواری بوون بەرەو یەکگرتنەوە و ئاوەدانی و بوونە هێز لە جیهان دا. چونکە هەڵوێستیان ڕوون و باوەڕیان نەلەقیوو بوو، بە پرسی یەکگرتنەوەی نیشتمانەکەیان. بەڵی ئەوان بوون، لەو هاکێشە سەختەی دژایەتی سەخت و نیگەرانی قووڵ و ترسی بێ ئامانەوە،لە لایەن هەردوو بەرەی رۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە: لەندەن/ تاتچەر و پاریس/ میتران و واشنتۆن/ بوش و مۆسکۆ/ گۆرباشۆڤ، توانییان یارییەکەی خۆیان بەرنەوە مێژووی سەرکەوتنی نەمریی بنووسنەوە.
ڕاستە تا ئێستا هەندێ وردە گلەیی و کەموو کوڕی،لە ئاکامی یەکگرتنەوە سەری هەڵداوە و ڕێژەیەکی کەمی ئەڵمان لەبەشی ڕۆژهەڵات خۆیان بە هاوڵاتی پلە دوو هەست پێ دەکەن. یاخودهێشتا پرۆسەی ئینتگراسیۆن بەئاڕاستەی ناوخۆدا،نەگەشتۆتە پلەی کامڵی و گەییوی خۆی،لێ هەموو گەواهی ئەوەین، ئەڵمانیا لە زۆر بوردا، بێ ڕکەبەر هەر پێشڕەوێکی بەهێز و گەورەی دەوڵەتانی جیهانە.
لە هەمووی گرنگتر،هەتا ئێستا وا بەدیار کەوتوو، کە ئەڵمان پەند و وانەیەکی باشی لە هەردوو جەنگەکە وەرگرتبێت. هەر بۆیەکا کەمو زۆر بە پارێز بۆ پرسی شەڕ و هەراکانی هەنووکە دێنە پێشەوە.
چی لەمەڕ بەرلین وتراوە:
+ بەرلین دورگەیەکە لە دەریای کۆمەنیزم دا…..کەنەدی.
+ من بەرلینیم….کەنەدی .
+ بەرلین ئەڵقە و پردی پەیوەندی جیھانە….. میتران.
+ دیواری بەرلین سیمبۆڵی دابەشکردنی ئەوروپایەو ھیوادارم ڕۆژێک بێتە سیمبۆڵی یەکگرتنەوە… ئیلیزابێتی دووەم.
ئا لەم چرکەساتەدا،کە ئەڵمان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان یادی ڕووخانی ئەو دیوارە نەگریسە دژ بە مرۆڤایەتییە، دەکەنەوە. دەرفەت و هەلێکی زێڕین بۆ کوردیش لەتەواوی پارچەکانی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژئاوا و باشوور هاتۆتە پێشێ، سنووری نێوان خۆیان ڕاماڵن و هەنگاوی گرنگ و حەکیمانە بەرەو سەربەخۆیی بنێنن. ئاخر هیچ جارێ هێندەی ئێستا دۆزی کورد، هێندە بابەتی باسوخواست و کێشەی ناوەندەکانی بڕیاردان لە جیهان و لای دەوڵەتە زلهێزەکان و حکومەت و جەماوەر و ڕای گشتی دەوڵەت و میللەتانی جیهان نەبووە. چانسێ لەمە زێڕینتر و گونجاوتر، ڕەنگە بە سەدەیەکی تریش بۆ کورد هەڵنەکەوێتەوە.
هەڵۆ بەرزنجەیی ٩/١١/٢٠١٩ بەرلین