"an independent online kurdish website

هەروەک ئاگادارن نەورۆز نیزیک بۆتەوەو دوژمنێکی نـادیارو نـەنـاسراو و مەترسیداریشمان لێ میوانە.

دوژمنی کۆبونەوە و لە دەوری یەک هاڵانە.دوژمـنی نەتەوەیەک و وڵاتێک نیە بەڵکوو دوژمنی سەرجەم مرۆڤەکانە. تـا ئێستاش زانـستی پزشکی ڕێگا چارەیەکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و تەنیا ڕاسپاردەی ئـاساییان هـەیـە وەک : پاک و خاوێنی ، دەست شوشتن، خۆپاراستن لە تێکەڵاوی و نەچونە شوێنە قەرەباڵغەکان. نەورۆزێش دۆستمانە دەیەوێ میوانـمان بێ . ئـەویش جێژنـە و جێژنیش مانای قەرەباڵغی. چونکە دۆستە ،بێگومان بۆمان بەپەرۆشە و ئامادەیە یارمەتیمان بدا لە بەرەنگار بونەوەی ئەو دوژمنە. بـە دڵنیایەوە داوامان لـێـدەکا میوانداریەکە ڕابگرین و سەرقاڵی دەرکردنی دوژمن بین و ئەوکات نەورۆزیش شەریکە جێژنمانە.

بە دەلیلی ئەوەی بڕوام بە هێزێکی نادیاری خاوەن دەسڵاتی بێ سنورهەیە ئێمەی موسوڵمان پێی دەڵێین خوا، هەێندێکیش پێیان وایە هەر نیە! هەر بەو پێوەرەش بڕوای تەواوم بە زانست و فێربوون هەیە نەک تەنیا لە بواری پزشکی بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا. ئەوەی ئیمانم پێهێناوە یەکەمین وشەی کە خوا بە پێغەمبەرەکەی خۆی کوتووە پێمان بڵێی، وشەی ( بخوێنە)یە. ئەوەش مانای ئەوەیە عیلم و زانست لە هەموو ئەرکە واجبەکانیش لە پێشترە و کاریگەریشی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا لە هەموان گرینترو بەرچاوترە. کەوابوو کەڵک وەرگرتن لـە زانستی پـزشکی لە جێگای خۆیدا ئەرکێکی شەرعیە. مامۆستایانی ئـایینیش دەزانن ( شەڕاب ) لە ئیسلامدا قەدەغە کراوە، بەڵام ئەگەر زانستی پزشکی بەکارهێنانەکەی بە پیویست بزانێ ئیزن دراوە و ڕێگریەک نیە. ئەوەی ئەو زانستە بەهێند نەگرێ و تەنانەت بە دژیشی پڕوپاگەندە بکا، ئەوە هەم خۆی و هەموو ئـەوانـەی شوێنی دەکەون بـە هیلاک دەبا و دژایەتی دەقی قورئانیشە چونکە خوا فەرمویە :{ولاتلقوا بأیدیکم إلی التهلکة} واتە بەدەستی خۆتان خۆتان توشی لە ناو چون مەکەن . دەگەڵ هەموی ئەوانـەش بـە ئـەزمـونی ژیانی نیزیک بـە ( 80 ) ساڵ تەمەنـم لەناو کۆمەڵگادا بۆم سەلمێندراوە کە تەنیا شتێکی کە مرۆڤ ناتوانێێ خۆی لەدەست ڕزگار بکا مەرگە ، بەڵام هەر بەو پێوەرەش ئیمانی قوڵم بەوەهەیە کە هەموو نەخۆشیەک هۆی مەرگ نیەو ترسانیش خراپترین نەخۆشیە. دڵنیاشم لەو دنیایە دا هەمو مرۆڤەکان بەونەخۆشیە نامرن، دەشبینن زۆرێک لەوانەی گرتـویانە چاک دەبنەوە . دیارە بـابـەتەکە هەم گرینگەو هەم زانست و ورد بینی زۆری دەوێی کە ڕەنگە من نەم بێی .

بەڕاشکاوی دەڵێـم : ترس خۆی لە کرۆنا خراپیترە ، ئەگەر بەورەیەکی بەرزەوە بەرەنگاری ببینەوە و ترسوو دڵە ڕاوکێی وەلا بنێین و گوێـڕایـەڵکی پـزشکو ئورگانەکانی پیوەندیدار بین و گوێنەدەینە نوسخە نوسراوەکانی لاوەکی و نوشتەو دوعای شێخ و مەلای وەک من وئەویتر، دەتوانین بـەخەساری کەمـتر خۆمانی لێدەرباز بکەین.با نەورۆزی ئەوساڵمان شەڕ دەگەڵ دوژمنێک بێی کە دوژمنی هەموو لایەکمانە . بۆ ئەوەی نیشان بدەین چۆکمان دانەداوە و نەورۆزیشمان وەلا نەناوە ، با هەرکەسە لەسەردەرانەی دەرگای ماڵی خۆی، یان لە بـەر پەنجەرەی وەتاغەکەی شەمعێک هەڵ بکاو بە کوێری چاوی دوژمنان دەگەڵ ماڵو منداڵی شایی و چەپڵە ڕێزان بکا .

لـە کوردستان بەداخەوە کەش و هەوایەک بەسەر کۆمەڵگاکەماندا سەپاوە کە هێندێکمان لاساریمان پێی ئازایەتیە ، هێندێکمان خوڕافاتـمان لـێبۆتـە ئیمان، هێندێکمان تفی زاری شێخ ونوشتەی مەلامان لێبۆتە دەرمان.( لێرەدا پێمخۆشە بزانن کە من مەلا بـوم و ئەوەی دەـیزانـم لە خوێندنی مەلایـەتی فێری بـوم و شانازیشی پێوە دەکەم. مامۆستایان دەزانن قولوا الحق ولو علینا واتە هەق بڵێن با بەزەرەریشتان بێی ،فەرمودەی گەورە پیاوانە .) ئەوانە سەردەمانێک باوبوون کە خوێندەواری لە پەلەی هەرە خوارەوەشیدا زۆر دەگەمەن بوو، بەڵام ئێستا ئەو زانستەی ١٤٤١ ساڵ لەوە پێش خوا ئەمری فیر بونی پێکردوین گەیشتۆتە لوتکەی هەرە بەرزی ، ئیدی شەرمەو ئەو پەڕی نـەزانیشە بـە میزی مرۆڤ یان وشتر خەڵک دەرمان بکەین . ئەوڕۆ زانستی پزشکی بۆ دۆزینەوەی نـەخۆشیەکان خویـن و میزی نەخۆش تاقی دەکەنەوە و لە وێـڕا دەیـدۆزنەوە . داخوا ئەو چارە سەریە دەرمان کردنە یان دەرمانداو کردنە؟! نابێی لە بیرمان بچێی ئێمەی کورد دەگەڵ زۆر دوژمنی لەکڕۆنا خراپتر بەرەو ڕوو بـوینەوەو تێکمان شکاندوە .لە بیرتان چۆتە وە ئەوداعیشەی کە زۆر لە کڕۆنامەترسیدارتر بوو پێشمەرگەی کورد سەر کوتی کرد. فتوای جیهادی خومەینی هەر کوردبوو خۆی لەبەر ڕاگرت ، شیمابارانی هەڵەبجە هەر کورد بوو سەرئەنجام ، ئـەنجام دەرەکەی لەناو برد و زۆریتریش. بێگومان بەرەنگار بونەوەی دوژمنی بێبەزە قوربانی گەورەی دەوێێ ، ئەو قوربانیدانەش نیشانەی بەهێزی بە، سەربەرزی ژیانەو کوردیش لەو بوارەدا مێژوو شایدی بو دەدا. .

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ٢٧ ڕەشەمەی ٢٧١٩ ی کوردی

     ١٧ / ٣ / ٢٠٢٠ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی