"an independent online kurdish website

دوای ئەوەی حکومەتی پەھلەوی ویستی گەلانی ژێر حوکمی خۆی لە کلتوری فارسی دا بتوێنێتەوە، کوردەکان جارێک لە سەر ناردنی کوڕەکانیان بۆ ” ئیجباری” مەتەرێزیان لە عەجەمان گرت، چەلێک لە سەر شەپکەی ھەرایەکیان ساز کرد و چەلێکی دیکەش مەدرەسەیان بۆ زمانی کوردی دانا.

پەنجا ساڵ دوای ئەوەی ڕەزا شا پیلانی ھۆمۆژێن کردن داڕێژێ، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەڵ چەل کتێبی کوردی بۆ منداڵانی مەدرەسە دروست کران و لە قوتابخانەکان بە دەرس گوترانەوە.

لە گەڵ دیکتاتۆرییەتی حکوومەتی مەرکەزی بۆ سەپاندنی فارسی، لە کوردستانی ژێر حوکمی ئێران دا دوو کەڕەت بە کوردی دەرس خوێندراوە. ئەوەڵ کەڕەت لە زەمانی کۆماری کوردستان دا کە زمانی کوردی بوو بە ڕەسمی، دووەم کەڕەت لە جووڵانەوەی ئەخیر دا کە لە شار و گوندەکانی ژێر دەستەلاتی حیزب دا قوتابخانەکانی شۆڕش لە ژێر بەڕێوەبەرایەتیی ” کۆڕی پەروەردە و فێر کردنی سەرانسەریی کوردستان” دا کرانەوە. نووسەری ئەم دێڕانە یەکێک بوو لەو کەسانەی دەستیان لە درووستکردنی کتێبی کوردی بۆ مەدرەسەکانی کوردستان دا ھەبوو. ئەوە ھەنگاوێک بوو کە بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە مێژوو دا ئەوەڵ جار بوو دەندرا.

بە سەرنج دان بەوە کە خەبات بۆ حیفزی کلتور و ھۆڤیەت لەم پارچەیەی کوردستان قەرین بووە لە گەڵ شەڕ بۆ دەستەڵاتی سیاسی، ھیچ حەولێکی دروستکردنی ئەو کتێبانە بە دوور نەبووە لە فەزای شەڕ و بارانی ئاور و ئاسن و ڕاوەدوونان. لایەنێکی گرینگی کاری کتێبەکان ئەوەیە  کە لە مەنتەقەی شەڕ دا بەرھەم ھیندراون.

موڕشیدی تەریقەتی کوردایەتی حاجی قادری کۆیی فەرمووی:

بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە

ئەمن خامەم هەیە، شیر نادیارە

نووسەری ئەم دێڕانە بە دەستێک قەڵەم و بە دەستێک تفەنگی پێ بووە ھەتا بە گوێرەی تێۆرییەکەی حاجی قادر ھیچ لایەنێکی خەبات لاواز نەبێ و دەوڵەتی کورد بەوەی سەقام بگرێ.

لە بەھاری ١٩٨٠ تەستیقی مامۆستایەتی لە قۆناغی ڕاھنمایی م لە ” دانشسرای ھنر تھران” وەرگرت. دوای حەوت مانگ مامۆستایەتی و ئیشکردن لە ‘ ادارە اموزش و پرورش’ ی سنە، ھاوینی ساڵی ١٩٨١ گەڕامەوە موکریان، بە بۆکان ێ دا کە ھێشتا ھەر لە دەست پێشمەرگە دا بوو، ھاتمەوە پشتی سابڵاغێ و ڕووم دە لقی یەکی ھێزی پێشەوا کرد بۆ پێشمەرگایەتی. لە مەقەڕی قەرەبڵاغێ لە ئەرکانی لق لە گەڵ شەکرە چاوشین (مەجنون)، سید تەھا، خالید وەنەوشە، کاک شوان ( سەر لق)، خدر بێ ددان و …. بووم بە ھاوسەنگەر. ئەوانە پیاوی یەکە یەکە و بە غیرەت و شەڕەف بوون کە ئێستا زۆربەیان شەھید بوون.

شەڕی ساڵەکانی بەینی کۆنگرەی ٤ و ٦ ی حیزبی دێموکڕات لە نێوان کورد و دەوڵەتی ایرانێ دا لە جوملەی چڕ و پڕترین، توندترین و خوێناویترین شەڕەکانی تاریخی کوردن. لەو عومرەی دا جحێڵێکی دمڕووت بووم، لە کوێ شەڕ بایە پێم خۆش بوو لەوێ بم. ئەگەر لە پێشێش نەبایەم، لە دوواوە ھەر نەبێ بۆنی باڕووتیم ھەڵدەمژی. ئێرەییم بە برینداران دەبرد و کوژران بۆ کوردستانم پێ خەڵاتێکی گەورە بوو.

 ڕێژیم جادەی ئیسفاڵتی میاندواو – مھابادی گرتبۆوە، شەوێک لە سەر پشتی ” سیمورغ” ی لە تەپ و تۆز دا چووینە نێو شاروێران، گوندەکان گەڕاین، خەڵکمان بەسەر کردەوە. بەیانییەک زوو، بێ خواردنی سوبحانە لە خورێنی وە سەر شاخی کەوتین. لە بەردەمێشێ بە تەقەیەکی خەست و خۆڵ، لە نێو بارانی تۆپ و خۆمپارە دا بەرمان بە ھاتنی ھێزی ڕێژیم گرت. ئەگەر ھەتا ئەو دەمی شەوێ بە توێی ڕاحەتی و لە تاریکی دا دەنووستم، لێرە شەوانە بە کەوش و زەنگاڵەوە دەنووستین، ھەتا تولحی بەیانیش گڵۆپی بەرق لەو دیوە سپیکارەی مەدرەسەی کە کرابوو بە مەقەڕ، دایسا. ھەر جار نا جارێکیش یەکێک یان چەند کەس بە دەنگە دەنگ خۆیان بە ژوورێ دا دەکرد یان دەر دەچوون.   

ڕۆژێک علی حسنیانی ( وەکیلی دادگوستەری و شاعیری ناسراو) لە گەڵ حسن شرفی ( مەسئول تەشکیلاتی مەھاباد ی حیزب) ھاتبوونە ئەرکانی لق. حسنیانی لە بارەی منەوە بە دەنگی بەرز بە کاک حسن ی گوت، ” کا حسن ئەوەش ئیشتیای لە تەقە تەقێیە!” مەسئولانی تەشکیلات ھەڵیان پێچام لە گەڵیان بچم بۆ مەقەڕی تەشکیلاتی مەھاباد و ھەر بەو لەندوێرەی کە پێی ھاتبوون بردیانم بۆ ‘کۆنەدێ’ ی. تەشکیلات دەیەویست لە جیاتی مەقەڕی پێشمەرگە، کار لە گەڵ بەشی ئینتشاراتی وان بکەم.

لە ‘ کۆنەدێ’ ی پشتی قەڵای سارمێ لە نێو خێوەتێک دانیشتین. پیاوێکی سمێڵ چەخماغیی دم و چاو پانی چاو دە قووڵ دا و خاوەنی قەڵافەتێکی ڕەزمی و ڕەشید لە زارکی خێوەتێ ڕاوەستابوو. داوام لێکرد لە جێی خۆی نەبزوێ ھەتا من نەڵێم. تەواوەتی قەیافەیم بەو تفەنگ و ڕەخت و دەراغ و جامانەوە تەرسیم کرد. ئەو پیاوە کە بە سەرھەنگ بانگیان دەکرد و بە ئەسل ناوی ڕەشید بوو، لە تەرحەکەی من دا لە سەر جۆگە ئاوێکی خوڕێن ڕاوەستابوو، پۆتینی بە سەربازێکی ئەرتەشی ئێرانێ داکەندبوو و حوکمی لێ کردبوو لەو جۆگە ئاوە لاقی بشوا ھەتا پێ و پووزی بۆگەنیو نەبن. تەرحەکە لە بەشی ئینتشاراتی کومیتەی شارستان چاپ و بڵاو کراوە.

ئەو دەم رەئیس جمھوری ئێران، ابولحسن بنی سدر لە ئەخبار دا خۆم گوێم لێ ببوو کە گوتی: ” دستور دادم سربازان پوتینھا را از پا در نیاورند تا زد انقلاب را خلع سلاح نکنند.( ١*)”

لەو وەختە دا کاک عەزیم ئەفسەر م لەو دۆڵە دیت. نەم دەزانی چکارەیە. ناوبراو گوتی ئای ی ئەو لاوانە بۆ لێرەن؟ ئەوانە پێویستە بێنە یەکێتی لاوان. منیش دوای ئەوەی جارێکی دیکە لە بۆکان ێ تووشی نابراو بووم و تەشویقی کردم لە گەڵ لاوان کارێ بکەم ڕێگای یەکێتی لاوان م گرتە بەر.

لەوی بە دواوە بەشی ئینتشاراتی تەشکیلات ھەر وەخت پێویستیی بە  ھاوکاریی من بووایە، ھەڵدەستام لە ناوچەی مەنگۆڕانەوە دەھاتمە مەنتەقەی محاڵ ی بۆ ئەو ھاوکارییە و دەگەڕامەوە. 

لەو دەور و زەمانەیە دا کە من کەللەم گەرم بوو و دڵم پڕ لە عیشقی کوردایەتی، پیاوێکی کەڵەگەتی بە ویقار، کیفێک بە دەستەوە لە زۆر جێیان تووشم دەبوو، بە بەیانێکی مولایم و نیسحەتێکی ئاماڵ براگەورە داوای لێ دەکردم لە کاری پێشمەرگایەتی بێمە دەرێ.

لە مەجلیسی ئاغاکانی یاڵاوەی سەرێ بە دەنگێک کە حازران گوێیان لێ بێ ئەو پیاوە پێی ڕادەگەیاندم: سامڕەند ئەوە کاری تۆ نیە، تۆ کاری گەورەترت لە دەست دێ. سەنگەری تۆ ئێرە نیە. تۆ دەبێ دەست دەیە قەڵەم.

دەچوومە ئاوایی’ سونجاغ’ مەرکەزی تەشکیلاتی مەھابادی حیزب، ھەمان پیاوی باڵابەرزی مەتین و سەنگین پێش من لە وێ بوو، لە بەر چاوی ئەم و ئەو بە دەنگی ئاشکرا: سامڕەند تۆ کاری گەورەترت لە دەست دێ.

دەچوومە گوندی ” دەشتێ” ی نزیک پاراستان بو خۆپێدادان بەو ستوونەی دەھات جادەی پیرانشار – سەردەشت بگرێتەوە ھەمان پیاوی مەند و لەسەرخۆ لە مەقەڕڕی ئەوێ بە ئاسپایی لای دە دا، خەڵک ڕێزیان لێ دەگرت، ئەویش دەستی دەکردەوە بە لۆمەی من و زەممی دەکردم چما لە نێو ھێزی پێشمەرگە دای.

____________________________________     

١ *) بەر لەو گەفەی سەرکۆمار بنی سدر زنجیرە ھێرش و قەتڵوعامێک لە لایەن ڕێژیمەوە وەڕێ خرابوو کە نموونەیەکی گوندی قەڵاتان بوو. ئەوەش لە دوای موزاکرەی درێژخایەنی حیزب و دەوڵەت بوو، کە دەرکەوت نە دەوڵەت شتێک دەدا و نە نوێنەرانی کورد ( کە تەواوی سازمانە چەپەکانی غەیرە کوردی ئێرانێ بوون) حەزیان دەکرد ھیچ مافێک بدا. حیزبی دێموکڕات کە زۆری حەول دەدا شەڕ نەبێ دوو شتی بۆ بە جێ مابوو:

١ – دروشمی مرگ بر سازشکار

٢ – شەڕێکی قورس و درێژ خایەن

***

پیاوە ھێدی و ھێمنەکەم پێشتر لە داوەتێک لە شاری دیبوو، بە کۆتیکی کرێمی و شاڵوارێکی تۆخەوە، لە نێۆ ئاپۆرەی ڕەفیقانی دا. ئەو دەم دە کاری دەوڵەتێ دابوو، ئێستا دە جلوبەرگی کوردی دا و کیفێک بە دەستەوە، دیار بوو لە کومیتەی شارستانی مەھاباد – ی حیزبێ دا دەستی دەڕۆیی. بە بێ ودمی وی لەو کومیتەیە دا قڕانێک خەرج نەدەکرا و ھەر ئەو بوو سەڕافەتیی دەغڵ و دەرکەوتی تەشکیلات ی دەکرد. لە ئاوەدانییان شەرمیان لێ دەکرد و حورمەتیان دەگرت. پیاوی سەڵاحێ بوو، غایلەی بەینی دوو تایفانی پێ دەکووژاوە و لە دەستی دەھات مەسڵەتیان پێ بکا. لە عەینی حاڵ دا ئەو پیاوە بە ھیممەتە دەستی نووسین و ھەستی کوردایەتیی ھەبوو. ھیندێک شتی تازەی خۆی ھەبوو، مەسەلەن لە جیاتی بڵێ ” بە ھاسانی” دەیگوت ‘ بە سانی’ و دەیگوت لە کتێبی کوردیی دا کە بۆ مەدرەسانی دەنووسێ ئەو لۆغەتەی تێ ھاویشتووە.

ناوبراو لە گەڵ ئوتوریتەی تەشکیلاتی و توانای نوسینی کتێب، ھەر وەھا زەوقی جەفەنگی تایبەت بە خۆی ھەبوو، کەیفی بە گەمان دەھات. بۆ نموونە سیغاری بە دووکەڵ کراوی یەکێک لە ھاوڕێیانمانی بە کیلۆمیتر حیساب کردبوو. مامۆستا ئازا لە یەکێتی لاوان سیغاری بە سیغاری ھەڵ دەکرد. ئەو دووکەڵە سیغارەی دەوری سەری ئازا سەکری قەت ساماڵ نەدەبوو و ڕانەدەماڵدرا مەگەر لە خەوێ دا. ناوبراو درێژیی یەک سیغاری ئازا ی زەربی ژمارەی مەسرەفی ڕۆژانەی کردبوو، نەتیجەکەی زەربی ٣٦٥ ڕۆژی ساڵێ کردبوو و ئەویشی زەربی عەدەدی ئەو ساڵانەی ئازا مژی لە قونچکی جگەرەی دابوو کردبوو. من توولی ئەو سیغارەم لە بیر نیە کە دەبوو بە چەند کیلۆمیتر، بەڵان ھەر لەوەی ڕا لێم مەعلووم ببوو ھاوڕێی نووسەری کتێبی مەدرەسەکان سێحەبی زەوق و ئیستیعدادی پێویست بوو لە بۆ کارەکەی. ئەو پیاوە  سۆعبەتچییە لە فێرگەی ‘گەڵاڵە’ ی لە گەرمێنێ ساڵەکانی دواتر، لە دیواری ژوورەکەی خۆی نووسیبووی ئەگەر قسەت خۆشە وەرە ژوورێ، کابرا لە گەل خوێندنەوەی ئەوە وەژوور دەکەوت و لە لای سەرێ دادەنیشت، کە سەری ھەڵ دینا لە دیواری موقابیل نووسرابوو: وا دیارە قسەت خۆش نێ وەدەر کەوە!

مامۆستا احمد کاکەمەمی ئەو برا خۆشەویستە بوو کە لە چیاکانی کوردستان مشووری لە کتێبان دەخوارد و لە نێو ئاور و ئاسن دا تەشویق و دەعوەتی کردم تا لە ساز کردنی کتێبە دەرسییەکانی مەدرسەکانی کوردستان دا بەشداریی بکەم.

***

لەو یەک ساڵە دا زۆر لە بنکەکانی حیزب لە ژێر ھوجوومی بەردەوامی ئەرتەش و سپای پاسدارانی ئێران دا بۆ ئەوەی زەفەریان پێ نەبەن جێی خۆیان گۆڕیبوو و دوورتر لە دەست وێ ڕاگەیشتنی ھێزەکانی حکوومەت حەوابوونەوە. ئینتیشاراتی یەکێتی لاوان لە قۆزلووجەی مام وسێن ی “زڕەپووتە”ی، لە مزگەوتە سادە و بەسەفاکەی وێ دابوو. لە پاڵ نوێژی خەڵکی ئاویی دا و لەسەر ئەو زیلۆیەی پیاوی کرمانج سوژدەی نوێژێی دەبرد، منداڵی شاری ھەندیلی دەزگای پۆلیکۆپی ھەڵدەسووڕاند و گەڵا گەڵا وەرەقەی ئیعلامیەی لاوانی لە چاپ دەدان، جار جاریش بە تیووبی ڕەنگی ڕەش فیچقەیان دە کونی لای شانی دەزگاکە دەکرد. اللە اکبر ی سۆفی و بێنەوبەرە و ھەڵیھێنە و ڕۆی نێی دەزگای تایپ و تەکسیر لە بن میچێک بوو. لە دابی سیاسیی غەڕب دا بایخێکی موسبەت بە ناوی تۆلێڕانس ھەیە و پێی دەنازن، من ئەو خەسڵەتەم لێرە لە نێو زڕەپووتەکان دەدیتەوە. 

مەقەڕی عەسڵیی لاوان لە ” گیادروان” کە لە جادەی نزیکتر بوو و دەھاتەوە سەر ‘ قاوەخانەی عەوڵاکوردە’ ی بە ئینتشاراتی “قۆزلووجە”وە بە خڕی گوێسترانەوە و بە ‘جەواڵە ڕەشان’ دا شۆڕ بوونەوە بۆ ” گەنەدار” ێ. تەشکیلات لە ‘ کۆنە دێ’ وە بۆ ” قەمتەرێ” لە وێوە بۆ ‘ سونجاغ’ ی باری کرد، دەفتەری سیاسی لە ” دۆڵی شێخان” ەوە بۆ ‘ شیوە جۆ’ ی مەنتەقەی سەردەشتێ کۆچی کرد.

بە پێچەوانەی ھەر کام لە ئۆرگانەکانی حیزب، خاسیەتێکی یەکێتی لاوان فرەوان بوونی حەوزەی کار و تەنەووعی ھەڵسووڕان بوو. بەشداریی لە شەڕی چەکداری دا، چاپی گوڤار و تراکت و کاری ئینتیشارات بە گشتی، دەورەی سیاسی، دەورەی زمانی کوردی، کاری دەرمانی و جەولەی تەبلیغی و زۆر ھەڵسووڕانی دیکە لە یەکێتی لاوان دا بەڕێوە دەچوون. شانۆ، گۆرانی و گەڕە لاوێژەی شەوانە، شێعر، فوتباڵ، و نەشاتی لەو بابەتە بە گوێرەی ئیمکان دەپشکووتن.

لە گەڵ ھەمووی ئەوانە موحیتی لاوان پاک و بێ گەرد بوو. بە سەرنجدان بە عەمری مێرمنداڵی و ناسک بوونی بار و دۆخەکە، ئالکۆلیزم کە ئەو دەم بە ڕەمزی پێشکەوتن دەزاندرا بۆ نێو لاوان ڕێگەی پێ نەدرا. دەستەبەندیی گرووھی و ڕەقابەتی نێو ئەفڕاد لێرە ئینیرژییەکانی بە تاڵان نەدەبردن. نەخۆشیی مەنتەقەگەرایی تەشکیلاتی لاوانی پەک نەدەخست. سەداقەت و ئیمان بە ئامانج زیاتر کاری بۆ دەکرا. لاوان لە واقیع دا زیاتر لە دەوری کاریزمای شەخس کۆ ببوونەوە ھەتا مەشغووڵی شەبەکەبەندیی لە دژی یەکتری بن. لە بەرامبەر دا مەسئوول حەولی بینا کردنی ئیعتیماد بەنەفسی ھەمووانی دەدا و ڕقەبەریی کەسی نەدەکرد.

مودیرێکی وەک عەزیم ئەفسەر لە کومیتەی مەھابادی یەکێتی لاوان دا لە بەرەکەتی ھۆش و وریایی تایبەت بە خۆیەوە سیستەمێکی سەرکەوتوو وموحیتێکی لە باری بۆ گەشەی ئیستیعدادەکان پێک ھێنابوو. لە دەوری ئەو پیاوە لەو شاخ و بەندەنە لێک کۆ ببووینەوە تەرکیبێکی پێکەوە گونجاو و ھاودڵ و ھاوڕێ بووین. کەم تەمەن و بە تەمەن، سنەیی و مەھاباتی، کچ و کوڕ، شاعیر و میکانیک، قسەخۆش و مۆن، ئەھلی تیۆری و پیاوی پڕاکتیک، شاری و گوندی، ئاغا و کرمانج، سەید و کۆمۆنیست پاکی لە دەوری کاک عەزیم وەک بنەماڵەیەکی گەورە ھەستی بە یەکبوون دەکرد. تەنانەت خدر ی زەفت فرۆشی بازاڕی جانداران لە پاڵ بارەگا و بنکەی کاک عەزیم خۆی تێ دەخزاند و ھەستی بە کەیف خۆشی دەکرد. ” ئەفسەر” بە ویشی نەدەگوت بۆ دێی. لە مەحفەل و مەدرەسە و مزگەوتانیش کە وەژوور دەکەوت بۆ دیدار لە گەڵ خەڵک و لاوانی لادێ، کاک عەزیم بە دەنگی بەرز ھەرای دەکرد: حیزبی مە حیزبی مڕچ و مۆنان نێ! بە بیستنی ئەوە ھەموو دەبووژانەوە و بزەیان دەکەوتە سەر لێوان و گرێی نێۆچاوانیان دەکراوە و قریوە قریو و ھەیەجان و ئیشتیا بۆ بیستنی قسە و تەبلیغاتی یەکێتی لاوان پەیدا دەبوو. افسردگی وەک پەتایەکی ڕووحی لە ھۆبە و ھەواری افسر دا جێی نەبوو.

لە یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران – کومیتەی مەھاباد کارم دەکرد. لەو پێگەیە ڕا دەمتوانی یارمەتی بەو ئۆرگانانەی حیزب بکەم کە جار و بار داوای ھاوکارییان لێ دەکردم. ھەموو جارێ دەگەڕامەوە بۆ نێو لاوەکان.

ڕۆژێک ئەفرادی لاوان کۆڵەپشتییان پڕ کردن لە دەرمان، تفەنگیان لە شان کرد و بە منیان گوت با بڕۆین. لە بەیتاس ی تێکەڵ بە لکی ٣ بووین. لە سەر دڵ ئێشانێک کە لە گەڵ دەوڵەتێ لێمان پەیدا ببوو لە “ھەمزاوا “ی پشتی پادگانی سابڵاغێ لە گەڵ پاسداران بەو شەوە تاریکەی دە گژ یەک ڕۆچووین. ھەر چی نارنجۆک و فیشەک و گوللەی ئار پی جی بوو بە مەقەڕڕی تازە دامەزراوی عەجەمان دا درا و لە جوابی ئەو دیارییە بۆ ” تازە ماڵی ئاوایی” دا، ئەوانیش لێکدا لێکدا فش فشەیان دە عاسمانێ دەکرد و بۆ بەخێر ھێنانی ئێمە ئەو شەوەیان وەک ڕۆژی ڕوون لێ دەکرد بە وێڕای ئاڵوگۆڕی ئاور و بارانی خۆمپارە. ئەڵبەت بە بێ ئیزنیش نەچووبووینە سەریان. سەر لە ئێوارەی ئەو ڕۆژە پیاوێکی ڕەشید خاڵێک لە لای ملی بە جەمەدانەی لارەوە، ھاتە نێو ئەو چۆم و دۆڵەی بەیتاس ی و لەوێ ڕا چەند گوللە تۆپی بە پادگانەوە نا، بە دوای دوو گوللە تۆپان دا زیاتڕ لە دە تۆپیان دە پارسەنگی ناین، ھەر ئەوەندەم زانی جووتبەندە بە سواری تەراختۆنی ھات تۆپی ١٠٥ پێنجی لێ بەست، چۆنی ھێنابوو بەو دەستوورەی بردیەوە نێو ئاوایی ١*.

*گەنەدار

ئەو زستانەی لە ماڵە ئاغای دابووین. کە میوانی ئۆرگانی سەرتر دەھاتن، دەزگا تایپ و تەکسیرەکانمان ھێندە زۆر بوون بەرپرس دەیگوت دایانپۆشن دەنا لێمان دەستێنن. مەلافە، پەڕۆ یان پەتۆیەکیان پێ دادەدرا. ئەو دەزگایانە بە ھیممەتی شانەکانی نێو شاری بە شەو لە مەدرەسەکان دەھێندرانە دەرێ. ئەوەش دە قودڕەتی کومیتەی مەھاباد ی لاوان دابوو، چونکە کەسانی فەععال و فیداکاری بە دەورەوە بوون. دە سەرەتای ئەو ساڵە دا کومیتەی مەھاباد داوای لە شانەکان کردبوو ئەگەر دەزگای تەکسیرمان بۆ لە بینا دەوڵەتییەکان ڕا نەھێنن ئینتیشاراتمان پەکی دەکەوێ. تەنیا یەک لە شانەکان کە لە ژێر مەسئوولیەتی سەعید باختە دا بوو، توانیبووی ئەو کارە ڕاپەڕێنێ و ھیندی دەزگا ھێنابوو، ھەتا یەکێتی لاوان خەڵاتی کردن و ئەسلەحەی پێ دان. تامسۆنەکەی درا بە کاک سەعید دواتر شەڕی پێ کرد و ئەوەندەی من بزانم ئەو ئەندامە نھێنییەی نێو شاری بە برینداری کەوتە دەستی دوژمن. تراژیدیای ژیانی ئەو لاوە کە لە گەڵ بابی لە زیندان دا گیرابوون و چۆنیەتیی ئیعدامی باوکی لەو شوێنە، دواتر بوو بە ھەوێنێ شانۆیەک لە ترۆندھایم ی نۆروێژ کە بۆخۆم نووسیبووم و تێیدا دەوریشم دەبینی.

خانووی گەنەدار ێ بە دیواری موورە داندرابوو. پلیکان و بەر ھەیوانی ھەبوو. نێو پەنجەرەکانی نزیک بە میترێک پان بوون. ئەو مەقەڕە چەندی تازەلاو و قوتابی لێ بوو ھێندەشی مامۆستای مەدرەسان تێدا بوو. قادری لوتفیانی، مستەفای نانەوازادە، عەزیم ئەفسەر، ھەیاس کاردۆ، ئاسۆ و گەلێک ئینسانی بە جەوھەر لەو مەقەڕە دەمانەوە. لە دیوەخان و ھۆدەیەکی قووڵی چکۆلە دا جاری وابوو چل نەفەر دەحاوانەوە. پیاوانی باکلاسی کڕاوات لە ملی چەند ساڵ پێشتر لە بەر پەنجەرەکەی دیوەخانی ئاغای ئارەقگیرمان دەردێنا و لەو ھەلومەرجی شەڕ دا ئەسپێمان دەدۆزین و دە ئاوری ژێرسیغاران دا تەق و پۆقمان وێ دەخستن. ھەر بە چەند ڕۆژان جارێکیش پۆلی دایکان بە دەسماڵی تەنزیل و چارۆکە لە شان و کەوا و پشتێندی حەوت قەدەوە دەھاتن نێوەڕاستی فەڕشی مەقەڕەکەیان داگیر دەکرد، سەوزە و کەوەر و تەماتە و شڕ و شاڵات بڵاو دەکرانەوە. ژنان بۆ خۆیان مودیرییەتی ئۆرگانەکەیان وە دەست دەگرت. یەک سەماوەری ھەڵ دەکرد، ئەوی دی لە حەسارێ مەنجەڵی وە سەر ئاوری دەنا، یەک دەیگوت: دادەی ئەو لیباسانەت دانێ بۆت بشۆم، ئەوی دی مریشکی بە چەقۆی چا دەکرد. نەھار و شامی ئەوێ ڕۆژێ و جەمی سبەینێکەش چەور بوو. میوەش بە پێی فیلان بوو.

لە زستانی ١٩٨١ ، لە دوای تەواو بوونی کۆنگرەی ٥، نامەیەک بۆ کاک عەزیم ھات. نابراو چەند جار پێی داچۆوە و ئەم دیو ئەو دیوی کرد بیری لێ دەکردەوە. ڕووی تێ کردم گوتی دوکتور سەعید (شەرەفکەندی) نامەی نووسیوە دەڵێ دەبێ سامڕەند بێتە دەفتەرێ لە ئینتشارات کارێ بکا. دەڵێی چی؟ گوتم ناچم. عەزیم ئەوەی پێ خۆش بوو و وای دەربڕی کە لە حاڵەتی بە جێ ھێشتنی ئەوێ دا وەک لایەنی گلەیی ئەو چیدی خۆی بۆ ئەندامان ماندوو نەدەکرد، گوتی سامڕەند تۆ دەبینی من ئەوە یەک حەفتەیە دەورەم داناوە و خۆم بە ئامووزشی لاوانەوە خەریک کردووە. بە گشتی مانەوەم لە لاوان دوای ئەو نامەیە وەھا قایم بوو کە وای لێ ھات کاک عەزیم پیش من لەو ڕێکخراوە ڕۆیی. و بە دوای وی دا مەسئوولیەتی یەکێتی لاوان ی شارستانی مەھاباد کەوتە ئەستۆی من.

ساڵ تێ وەرسوڕاوە، لە گەڵ کاک احمد کاکە مەمی سەفەرێکمان بۆ بنکەی کۆڕی پەروەردە و فێر کردنی سەرانسەریی کوردستان کرد. لەو ھاوینە دا لە مەنتەقەی چۆمی کەڵوێ ی سەردەشتێ لە گوندی موسالان لامان دا. بینای کۆڕی پەروەردە مەدرەسەی ئەو دێیە بوو کە بە سێبەری دارە گوێزان داپۆشرابوو.

١*) کۆنگرەی پێنج گیرابوو. سەروان ھەژار کە فەرماندەری ھێزی پێشەوا بوو تێیدا بە عوزوی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرا، ڕێک دوای ئەوە لە شەڕێکی ناوچەی بانە شەھید کرا. کریم کاکەسووری (خاڵدار) لە فەرماندەیی لکی ٣ ڕا کرا بە فەرماندەری ھێزی پێشەوا. ” تالی” کە کوڕێکی جەوان بوو لە جێی وی داندرا. ئەویش زۆر پێ نەچوو لە کەمینێک دوای ئەوە دا شەھید کرا.

***

من و کاک احمد چووینە ژوورێ . چەند کەسایەتی و کادر لە کۆڕی پەروەردە بوون و پێشمەرگەیەک یان دووان بۆ پارێزگاری. ئیستیقباڵێکی گەرمیان لێ کردین، ھەموویان بە بزەوە و بە خوڵقی خۆش وەریان گرتین، بە خێرھاتنیان کردین و لە گەڵمان کەوتنە قسە و ڕاوێژان.

پاش ماوەیەک یەکێک لە مەسئوولەکان چووە دەرێ، لە غیابی وی دا مەسئوولێکی دیکە بە دەنگێکی بەرز و بە تووڕەیی گوتی: جا وەرە ئا ئەمە تۆ لیسانس بی نوێژ بخوێنی!!! ئەو مەسئوولە ڕووی دە نەفەراتی نێو بنکەکە بوو و دیار بوو بە گوێی ئەوانی ھەڵ دێنا. ئەمجار ناوبراو ڕووی دە ئێمەی میوان کرد و وەک ڕەخنە لە کابرای کە چووبوە دەر لە ژوورەکە، ھەمان قسەی تیکرار کردەوە. ئێمەش بۆمان تەئید نەدەکرد. لە واقیع دا کاری ئێمە ساز کردن، نەخشاندن و خەتتاتیی کتێبان بوو.

کابرا، وەختێک دەھاتەوە ژوورێ لۆمە و تانە نەدەما، خۆشی ئاگای لەو ڕەخنەیە نەبوو کە لە پاشملە لێیان دەگرت. ئەو شەخسەی کە پێش ئێمە و لە  لای ئەو میوانانەی کە دوای ئێمەش دەھاتنە ئەو مەجلیسە لۆمە دەکرا، کاک عمر میر خزری بوو. ناوبراو کوڕی مام میرزای چۆمی مەجید خان بوو. مام میرزا مەسئوولی کومیتەی حیزبی ئەو ناوچەیە بوو.

مامۆستا کاکەمەمی باسی چۆنیەتیی کتێبەکان و ئەرکی نەققاشی کردن و خەتتاتیی ئەوانی کرد. تەعەھھود و ئیمزا و کاغەز و قۆنترات و شتی وا لە گۆڕێ نەبوو. پێشتر تەوافوق کرابوو کە کاکەمەمی کتێبی زانستی ئەزموونی و ژمارە و پێوان بنووسێ.

وا دیار بوو ئەوە ئیبتیکاری خۆی بوو کاک احمد. واتە خۆی بیری لەوە کردبۆوە بێنێ کتێبەکانی علوم و حساب کە لە دەوڵەتی ئێرانێ دا دەخوێندران، بە بەعزێک ئاڵو گۆڕەوە بە زمانی کوردی بەرھەم بێنێتەوە. دیارە ھەر بیرکردنەوە لەم شتە لەو شەڕ و ئاوربارانە دا و ڕاکێشانی دەستی من بۆ نەخشاندنی کتێبەکان و کەڵک وەرگرتن لە خەتی خۆشی کاک ئاسۆ بۆ ئەو بەرھەمانە کارێکی مێژووییە.

لە کۆڕی پەروەردە لە گەڵ گەنجێکی ڕووخۆش، چاو شینی قژ زەرد بە ناوی علی ئاشنا بووم. ناوبراو پێشتر مامۆستا ی شۆڕش ببوو و ئەو دەمی لە کۆڕی پەروەردە کاری دەکرد. ئەو کادرە بە نازناوی کوێستانی کە خاوەنی بەھرەی ئەدەبی بوو لە کۆڕەکە دا ئاودەنگێکی چاک بوو تا ئەو دەمەی لەوێ دەمامەوە. شەوێک شێعرێکی خوێندەوە لە وەسفی کاک شوان دا، کە ئەو دەم شەھید کرابوو. شوان ئەی پیاوی تاریکە شەوان، کە بە تەواوی خستمیە ژێر تەئسیرەوە. ئەو ئینسانە بە ھەستە لە سایەی شێلگیری و ئیستیعداد و دڵسۆزیی بۆ کورد تا ئاستی کاندیداتۆریی پارلەمانی فینلاند ڕۆیی و بۆ من ھەتا ئاخری ژیانم ھاواڵێکی سادق مایەوە.

لەو ماوەیە دا چەند جار چوومە میراوێ کە بازاڕێکی قەوغای ھەبوو. لە دەرمانفرۆشییەکەی وێ حەبی خەوێم کڕی، چونکە بە بۆنەی کاری کتێبەکەوە خەوم لێ دەڕەوییەوە و وای لێ ھات چەند شەوێک نەنووستم.

میراوێ گرینگییەکی نەتەوەیی ھەیە. لە پێش کۆماری کوردستان، لەو شوێنە ” مەلا خلیل” شۆڕشێکی زیددی شەپکە وەڕێ خست. شەپکە کڵاوی داسەپێندراوی ڕەزا شای پەھلەوی بوو کە دەبوو لە سەرانسەری ئێران خەڵک لە سەری نێن. ھەرکەس جلی کوردی لە بەر دابا و چووبا شاری ژاندرمە بە مقەستی نێفەکیان دەبڕی. لە واقیع دا ئێمە لە گوندی موسالان ی نزیک میراوێ خەریکی شۆڕشێک بووین کە تەواوکەری شۆڕشەکەی میراوێ بوو. لە میراوێ بۆ جلی کوردی شەڕیان کرد و لە موسالان ئێمە بۆ زمانی کوردی کتێبمان دروست دەکرد. ھەر دوو لایەنی زمان و لیباس بە ئەمری ڕەزا شای پەھلەوی وەختی خۆی قەدەغە کرابوون.

***

[ سەرنج: لە بەشی ٣ ی ئەم باسە دا دوو پاڕاگراف زیاد کراون لە ژێر سەردێڕی: گەنەدار]

“زانستی ئەزموونی” و ‘ ژمارە و پێوان’ دوو  کتێب بوون بە نووسینی کاکەمەمی و نەققاشی کردنی من. خەتتاتیی کتببی زانست لە بەر دوور بوونی خەتتات کەوتە ئەستۆی خۆم.  ئەو کتێبانە دووەمین دەوری کتێب ساز کردن بوون. پێش ئەوە وەختێک حیزب ئیدارەی شاری مەھاباد ی بە دەستەوە بوو کتێبێک بە ناوی” خوێندنی کوردی” بۆ کلاسی ئەووەڵی مندالان دروست کرابوو. کەیفیەتی کاغەز و چاپی ئەو کتێبە باشتر بوو لە ئی ئەو کتێبانەی ئێمە سازمان دەکردن. ئەم دوو کتێبەی کاکەمەمی و نووسەری ئەم دێڕانە خەریکی ساز کردنیان بووین بۆ کلاسی دووەمی ئیبتیدایی بوون. وەک لە بیرم بێ لە کتێبی علوم ی فارسی تەنیا ئەو وێنانەم دەگۆڕین کە پێوەندیی بە لیباسی بەشەرەکانەوە ھەبوو، من دەمکردن بە لیباسی کوردی. باقیی وێنەکان مەسەلەن لەو فەسڵەی  باسی گیانلەبەران بوو فیل و کەمتیار و ئاسک و لەق لەق و تەیر و توار ھەر بەو جۆرەی لە علوم ی مەداریسی دەوڵەتی دا ھاتبوون دەستم لێ نەدەدان و وەک خۆی کەڵکمان لێ وەردەگرتن. دیارە بەشی تاقیکارییەکانی کتێبی علوم ی فارسی زۆری وێنەی بەشەر بە کچ و کوڕ و ژن و پیاوەوە تێدا ھەبوو کە پاکیم دەکردن بە لیباسی کوردی.

پاش چەند ڕۆژێک بنکەی ” کۆڕی پەروەردە و فێر کردن” م بە جێ ھێشت. گەڕامەوە مەقەڕڕاتی یەکێتی لاوان. ڕێگای پیرانشار – سەردەشت کە بۆ حیزب زۆر گرینگ بوو، خەریک بوو وردە دردە دەکەوتەوە دەست ڕێژیم. حیزب مابۆوە خۆی و دوژمنێکی بە ھێز کە مەجبوور بوو دێ بە دێ و شاخ بە شاخ لە پێشی ڕاوەستێ و بە شەڕێکی جەبھەیی ئەو جادە درێژە لە گیرانەوە بپارێزێ. لە دەیان ڕێکخراو و سازمانی زیددی وتووێژ لە گەڵ دەوڵەت کە دروشمی مرگ بر سازشکار- یان ڕوو بە حیزب دەدا و شەڕیان بە ڕێی ڕزگاری دەناساند و دەیانگوت ئازادی لە لوولەی تفەنگ دێتە دەرێ’ لە مەیدان دا دیار نەبوون. حیزب ناوی ئەو مانگە سەرەپاییزەی نا ” مانگی دیفاع لە ئازادی” و مانگی دوای ویشی کە ئیدی جادەکە دوژمن گرتیەوە ناو نا ‘ مانگی ھێرش’. یەکێتی لاوان ھێزێکی بەکاری لە ھەموو بنکەکان ڕا کۆکردەوە و لە ” دەشتێ” ی نزیک ‘ پاراستان’ پڕ چەکی کردن.

فەرماندەری ھێزی پێشەوا، کاک چەکۆ، لە گوندی ‘  زگ دڕاو’ تفەنگێکی پەڕەشووتی بە دۆستایەتی دابوومێ. لە گەڵ پەڕەشووتی شانم کۆڵە پشتیی پڕ لە کاغەز و کتێب و فڵچە و ماژیک و خەتکێش و ڕەنگیشم لە پشتم کرد بۆ سەفەری دەشت ێ. زۆر لە ئەندامەکان تا ئەو ڕۆژە ئەسلەحەیان پێ نەبوو. لەوێ کڵاشینکۆفی دەسک زەرد بۆ ئەوەڵ جار بڵاو کرانەوە. پەڕەشووتەکەم لە وێ گۆڕییەوە بە کڵاشینکۆفی تازە. جەلال ی کاکیلی لە ئەفڕادی خۆمان ئەوەڵ شەھیدمان بوو لەو مەنتەقەیە. وەلەو ھێزی لاوان بە ناو بۆ پارێزگاری لە دەفتەری سیاسی لە دەشت ێ دامەزرابوون.

کاک احمد کاکە مەمی شەوێک لەو لێڕەوارە میوانمان بوو. پێکەوە بە لاپەڕەکانی کتێبی زانست دا چووینەوە. ماموستا ” کرمانج” ( احمد کاکەمەمی)  پیاوێکی ئارام و لەسەرە خۆ بوو. لە ڕووی  لاپەڕەکانی کتێبی علوم لیوانێکم ئاولیمۆ تێکەڵ بە ئاوی سارد کرد، چەند کوڵۆ قەندم تێ ھاویشت و بۆم گرتەوە و دامێ. پێم وابوو گاڵتەم پێ دەکا  دەڵێ ئەوە چێ. نەمزانی شەربەتێکی کەللەتەزێن بوو و ئەعساب و مەغزی پێی حەساوە. ئەو زۆری پێ خۆش بوو. خۆشم جار جار لە گەڵ کێشانەوەی وێنەکان لێم دەخواردەوە.

لە گەڵ مامۆستا کرمانج لاپەڕەکانمان وا بڵاوکردبوونەوە بە نێو ھۆدەکە دا کە بکرێ ھاوکات چاومان لە ھەمووان بێ. بە تایبەت لەبەر ھەڵسەنگاندنی لایەنی جوانیی نەققاشی یەکان.

موشکیلی مە لێرە نە کاتیۆشا بوو، نە بۆمبی فۆسفۆڕی کە لەو مەنتەقەیە چەند ڕۆژ پێشتر ڕێژیم ھاویشتبووی و نە ھاڕەی تەیارە. خانووەکان بە قوڕ و بەرد داندرابوون. سەقفەکەی بە لقە دار و گەڵا داپوشرابوو و بە بەینی لقەکان دا مار دەخوشین و ڕەد دەبوون. لە وەتاغی تەنیشتمان خەتێکی سوور لە میچییەوە ھەتا نیوەی دیوارەکەی بەرەو عەرزی شۆڕ ببۆوە. پرسیمان ئەوە چێ، گوتیان مار لە بن میچەکە بووە بە چەکوچ لێیان داوە حەیاتی ڕەشیان لێ بڕیوە.

ھەتا بەخەبەر بووین زۆرمان پێ شتێکی خەتەر نەبوو. ئەمان لە شەوێ دا کە چرای دەکوژێنێوە مار شتێکی زۆر خوێن شیرن نێ بە دەورەت دا مانۆڕێ بدا. کە چرامان کووژاندەوە کاغەزەکان وەک چۆن بە بڵاوی داندرابوون ھەر وا لە گۆڕێ بوون. کە ڕاکشاین پاش ماوەیەک بە بێ حەڕەکەت لە سەر جێی خۆمان، خشپەیەک لە کاغەزەکان ھات. کاک احمد پرسی سامڕەند ئەوە چیە. گوتم ئەوە مارە. بە بێ ئەوەی دنگ و ئیعتیڕازێکمان لێ ببیسترێ لە جێی خۆمان لێی نووستین تا بەیانی. بەوەش مەمنوون بووین. لەوە دەترساین بەری بەیانان لە دوای شەو زرینگانەوە و ھەوا سارد بوونێ مار لە گەڕان بۆ جێی گەرم دا باغەڵی ئێمە ھەڵبژێری و لە سەر سینگمان بخەوێ. ئەوەش ئەگەر سووکە جینگڵێک بدەی پێتەوە دەدا و کار لە کارێ دەترازێ.

جار و بار دەگەڕامەوە مەقەڕڕی قۆزلوێ ی چووک کە گوێستبوومانەوە بۆ ئەوێ. لە دوای ئەوەش چەند سەفەرێک لە قۆزلوێ ی چووک مەنتەقەی مەنگوڕانەوە دەچوومە دەشت ێ و کاری کتێبەکەم درێژە دەدا. بە تفەنگ و کۆڵەپشتیی سەربازییەوە کە کەل و پەلی کتێبەکان و وەرەقەکانی تێدا بوون لە قۆزلوێ وە دەھاتمە سەر جادەی مەھاباد – سەردەشت. لەوێ سواری مینی بووس دەبووم لە بەرزاییەکەی نێوان کەڵەکاوێ و زمزیران دادەبەزیم. لەو ئاسۆیە ڕا مەنتەقەی مەنگۆڕان، گەورکان، سوێسنایەتی و ئالان لە بەر چاوان بوون. لە شەوێ دا لەوانەیە بڵێم ڕووناکایی چراکانی میاندواو، مەھاباد، بۆکان، سەردەشت، و ڕەبەتی لێ ڕا دیار بوو. لەو بەرزاییە ڕا بە پێیان دادەگەڕام بۆ پاراستان و دەشتێ و مەنتەقەی دەفتەری سیاسی.

***

لە ١٩٨٢ ئینتیشاراتی یەکێتی لاوان ی مەھاباد مان گوێستەوە بۆ یاڕاڵی و لە مەدرەسەکەی دا دامەزراین. بەو زستانە ساردە و لە حاڵێک دا کە جادەی سەردەشت – پیرانشار کەوتبووە دەستی ڕێژیم، کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب داوای کردبوو بچمە مەنتەقەی سوێسنایەتیی ئەوبەری جادە. دێ بە دێ و بە تەنیا وەڕێ کەوتم. تەواوی وەرەقەکانی کتێبی زانست و ژمارە و پێوان دەو کۆڵە پشتییە دابوون کە بە کۆڵمەوە بوو و دەبوو بەڕێ بکرێن بۆ چاپ. شەوی دواتر لە گوندێکی قەراغ چۆمی کەڵوێ جەمعێک لە مزگەوتێ کۆ بووینەوە ھەتا بە یارمەتیی پێشمەرگەکانی لقی مینەشەم لە جادەی بپەڕینەوە. یەکێک لە ڕەشیدترین پێشمەرگەکانی تاریخی ئەو حیزبە فەرماندەریی ئەو لقەی دەکرد. دواتر سەبارەت بە قارەمانەتی  و جەسووری، ئەو لقەیان کرد بە ھێز. ھێزی مینە شەم، ھێزی ئاور.

فەقێ عەوڵای نواوێ کە تۆپچییەکی بە توانا بوو و ئازا بوو لە پایگا گرتنێ، بە جەمەدامە و سمێڵی بادراوەوە و فەقیانەی قۆڵی، ھەر شیرن بوو تەمەشای کەی. عیشقی فەقێ عەوڵای ئەوە بوو کە لە شەڕەکان دا بە دەستی دوژمنی دەگرتن. ئەو شەوە فەقێ ھاتە مزگەوتێ و چەند کەسی دیاری کرد پێشتر بچن بۆ کەمین شکاندنێ. تەواوی ئەو ھەمووە میوانەی بە سەر کردەوە و لە گەڵ کاروانچییان پێک ھات کە یەک یەکی ئێمە بە سواری ئێستر و ئەسپان لە ئاوێ بپەڕێننەوە. جا ئەو جار قسەیەکی خۆشیشی بۆ گێڕاینەوە. دوو سێ کەس بووین گوێمان دەدایە. گوتی یەکێک ھاتبوو لە گەڵمان پێشمەرگایەتیی دەکرد. بیستبووی فەقێ عەوڵا بە دەستی پاسداران دەگرێ لە شەڕێ دا، ئەویش دەیەویست وا بکا، ڕۆ ھاتبووە یەکێکی لە شەڕ دا، تەمەشای کردبوو بۆی کۆنتڕۆڵ نابێ. ھەر چی ھێنابووی و بردبووی ئەخت و چاری کردبوو پێی ڕاگیر نەدەکرا. منیش گوتم دە ماڵت نەشێوێ ئەوە تفەنگ. دە ھا لێیدە و بیکووژە. ئیدی بۆ خۆت عەزێت دەکەی بابم؟!

ئەوانەی وەبیرم دێن لە سەفەری ئەو شەوە دا یەکیان فەتاح ڕیحانی یە کە ئەو دەم سەرپەل بوو و دەستی لە شەڕی دا بریندار ببوو، فەرھاد بابان و اقباڵ حاجبی دوو ھونەرمەندی ناسراوی مۆسیقا کە لە خەتی پیشەوەی جەبھە و لە جێگەلی حوزووری خەڵک بۆ بردنە سەری ڕووحیەی پێشمەرگە و خەڵک بەرنامەی مۆسیقای زیندوویان ئیجرا دەکرد. فەرھاد بە شێوەی ئۆپێڕا ئاوازی کوردی دەگوت. کوڕێکی مەریوانی کە من نەمدەناسی و دەردەکەوت کۆمەڵە بێ.

قاچاخچی و ھونەرمەند و سەرپەل و کۆمەڵە و برینداری سەر دارەمەیت و ڕێبەری ئۆرکێستری فیلھارمۆنیک و خۆشخوانی ئۆپێڕا ھەمووی بە ئەمری فەقێ عەوڵای وەڕێ کەوتن لەو شەوە دا. دڵە خورپەی سێحەب وڵاغەکان لەوەی بوو کە قەتعە سەھۆڵی گەورە گەورە لە گەڵ ئاوی چۆمی دەھاتن و لە لاقی ئیسترانیان دەدا. بەو حاڵەش ئێمە بە سەلامەت و بێ مزەڕەت گەیشتینە ئەو بەری ئاوێ.

کەمین شکێنەکان پێشتر ڕۆیشتبوون، کاروانچی بە ڕێی خۆی دا، ئێمەش ماینەوە ئەو کەسانەی باسم کردن و چەند پێشمەرگە کە بریندارێکیان بە دارەمەیت لە سەر پشتی وڵاغی پێ بوو.

 گەیشتینە جادەی و لێی پەڕینەوە. وردە وردە دارەمەیتەکە لەو بەری جادەی لە گەڵ بۆڵە بۆڵ و چەقە چەقی ئەفڕاد ھێندرا خوارێ. ھەرا و ھاوار و ناڵەی بریندارەکە ئەو نێوەی پڕ کردبوو. چاک نازانم موشکیلەکە چ بوو، ئایا خراپیان  بریندارەکە لە دارەکەی بەستبوو، لەشی دەئێشا یان داوای چی دەکرد، ئەوەندەی دەزانم ئەفڕادەکە بۆیان نەدەبەستراوە و بە  ھەر بارێک دا حەولیان لە گەڵ دەدا، ھاواری دەکرد. بریندارەکە لە گەڵ ھەمووان چەقەی دەکرد، جاری وا بوو دەیگوت دەقیژێنم ھاااا پایگا بێتە سەرمان. تەواوی شڕ و شاڵات و کەوا و کراس وندۆخین و شریت و قەیاسە و … لە یەک ھەڵوەشابوو. دۆلکەی سپیی پلاستیکی ئی میز تێکردنێ لەو سەر بەفرە کەوتبوو. وڵاغ جار جار خۆی دەبزاوت و بە شێوەی عەموودی سمێکی دە عەرزی دەکوتا. ئاخری و عاقیبەت بە ھەر لەونێک بوو برینداریان سەر لە نوێ خڕ کردەوە و شریت پێچیان کرد و لەو شەوە دا وەڕێ کەوتین.

ڕووە و ھەورازێک وەسەر کەوتین بە ھەناسەبڕکە لە بەرزایی نزیک دەبووینەوە. ھەناسەیەکم  کێشا و گوتم: ئەو ھەموو حەولەی کە دەیدەین بۆ کوردە. کوڕە مەریوانییەکە گوتی نا  بۆ ئینسانیەتە! منیش لە سەرەخۆ گوتم بۆ کورد ئێمە ھاتووینە ئەو شاخەی. کوڕەکە یەکی قەد باریکی کزی ڕەشتاڵە بوو، کڵاشینکۆفی لە شانی بوو گوتی نا، ئێمە ئەو مبارزەیەی بۆ ئینسان دەکەین. من گوتم نا، وا نیە ئێمە بۆ کوردایەتی ھاتووینە شاخی. لە نێوانمان دا بوو بە جەدەل بە ڕێگاوە. چەند کەسێکی دیش تێوە گلان دە بەحسەکەی. ھەر کەسە بە گنخە گنخ و ورتە ورت شتێکی دەگوت.

شەوێکی زستانی، بە ھەوراز و ھەڵدێر و گەوەی دا دەڕۆیشتین. ھەر ئێمە گوتمان ” کوردایەتی” ئەو گوتی ‘ ئینسان’، ھەتا گەیشتینە مزگەوتی دیواڵان ێ. لەوێ وەژوور کەوتین. بە گەرمی وەریان گرتین. مزگەوت جمەی دەھات و پڕ بوو لە پێشمەرگە و ئەعزای کومیتەی حیزب ئی مەنتەقەی سەردەشتێ. ھانامان بۆ ئەو چەند نەفەرەی برد کە لە نێۆ مزگەوتەکە دانیشتبوون و چایان دەخواردەوە. داوای قەزاوەتمان لێ کردن. لە مزگەوتەکە پیاوێکی عەینەک لە چاو دانیشتبوو بە قەیافەیەکی ئاماڵ ڕۆشنفکرانەوە. پێم وابێ کاک لەتیف حەدداد بوو. گوتمان کاکە لە ڕێیە بەحسێکمان بووە ھەتا گەیشتووینە ئێرە. ئێوە نەزەرتان چیە؟! ئێمە دەڵێین بۆ کورد وە شاخی کەوتووین، ئەو برادەرە دەڵێ نەخێر بۆ ئینسانییەت. حەدداد بزەیەکی ھاتێ مەعنادار بوو، بە یەک دوو کەلیمان لە کابرای حاڵی کرد کە مەسەلەکە کوردە. جا ئەو جار بووژاینەوە و ھەستمان بە براوەیی لە بەحسەکە دا کرد، دەنا کابرا ھیندە چیڕڕ بوو بەو ھەمووانە باشارمان نەدەکرد.

***

سبەی ڕۆژێ چووینە ” گڵکەنک” ی بۆ کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزب. کاک جلیل گادانی مەسئوولی ئەو کۆمیسیۆنە بوو. بەشەکانی نەخۆشخانە، کۆڕی پەروەردە، ڕێگا و بان، قەزایی، شەھیدان و کۆڕی ھونەری لە ژێر چاوەدێریی ئەو کۆمیسیۆنە دا بوون. کاری کتێبەکان بەو حیسابە دەچۆوە بەردەستی ئەوان.

لە ماڵێکی چەپ و چەوێڕ و خوار و تێک سڕماو بە سەرکەوتن لە دوو سێ پلیکانی نالەبار وەژوور دەکەوتی. دوو سێ ھۆدە بوون دەتگوت ڕێکت کوشیون وا تەنگەبەر و بێ دیکۆر بوون. لە دیوێک لە گەڵ ھەمان مەسئوول کە بەربینگی بە عومەری میرخزری گرتبوو چاومان لە کوللی وەرەقەکانی کتێبی زانستی ئەزموونی و حیساب کرد. ناوبراو لاپەڕی ئەوەڵی کتێبی زانستی ئەزموونی ی کە ھەڵداوە ڕاچەنی و نێۆچاوانی لێ تێک نام. لە لاپەڕی پێشەکی لە سەرەوە نووسرابوو ” بە ناوی خودا”. گوتی ئەمە چیە؟! ئەمە بۆ نووسراوە؟ کێ گوتوویە ئەمە بنووسی؟! سەری ھەڵێنا ڕووی دە چەند نەفەرێک کە لەو ژوورە چکۆلەیە بوون کرد باوەشی بڵاو کردەوە گوتی: بە ناوی خوایەکی نووسیوە ئەمەندە!!!

من زانیم کە ئەو شەخسە دەیەوێ ڕوانگەی ئاتیەئیستیی خۆی فەڕز بکا. دەنگم نەکرد و ھەستاین چووینە ئەو دیوی لای کاک جلیل ی. لەوێ ناوبراو ( باوەشی بڵاو کردەوە لایەک لە ژوورەکەی داگرت) بە قەڵسی و بە ھەناسەبڕکە گوتی: بسم اللە الرحمن الرحیم ێکی نووسیوە ئاا ئەوەندە.

کاک جلیل یش چاوی لە کابرای دەکرد، تەعەججوبی دەکرد بۆ وا شەمزاوە. نە من، نە گادانی، نە حازران کەس نەزەرێکی لەو بارەوە نەدەدا، ھەر ئەو شەخسە بوو خۆی ڕەخنەی لەو سەردێڕە دەگرت و خۆشی نەتیجە گیریی دەکرد.

خەتتاتیی کتێبی ژمارە و پێوان ھونەرمەند عمر اورامی (کاک ئاسۆ) کردبووی. خەتی کتێبی زانست لە بەر ھەلومەرجی عەمەلی کە ھاتبووە گۆڕێ کەوتبووە ئەستۆی خۆم. سەرچاوەی نووسینی بە ناوی خوا – ش ھەر کتێبی دەوڵەتیی علوم ئی زەمانی شا ی بوو. ئێمە کتێبی زانست مان لە بەر ئەو کتێبە دروست کردبۆوە. وەختێک قانوونە تەبیعی و سابیتەکانی فیزیک و شیمی بۆ ھەموو عالەم یەکن، بە پێویستمان زانیبوو تەنیا زمانەکە و جل و بەرگی بەشەرەکان بکەینە کوردی، دەنا نێوەرۆک زۆر دەستی لێ نەدرابوو لەبەر عام بوونی نێوەرۆکی دەرسەکان لەم ڵقە لە زانست دا. سەردێڕی ” بەناوی خودا” ش لە سەرەتای کتێبە کوردییەکە دا ئیقتیباس لەو کتێبە بوو.

ئەو کاتە ئاڵۆڕزییەک لە ھۆڤیەت و بیرکردنەوەی حیزب دا ھەبوو کە تەبەقەی کادر وەک تەبەقەی سەرەوە و خوارەوەی تەشکیلات فکری نەدەکردەوە. تەبەقەی کادر تەغزیەی فکری خۆی لە مارکسیسم لینینیسم دەکرد و ببوو بە تافتەی جودا بافتە لە بەینی ڕێبەری و پێشمەرگە دا. ئەعزای ڕێبەری ھەر نەبێ عێڕاق و ئورووپایان دیبوو و بەرامبەر بە کلتووری خەڵک ئاوا ڕەق نەبوون. لە لایەن ڕێبەرییەوە ڕۆژێ ٣ جاران ڕادیۆ بە ئایەتی قوڕئانێ دەکراوە، کە چی بۆ نووسینی بە ناوی خودا لە سەردێڕی لاپەڕێک دا ئەو ھەڵوێستەیان گرت لەو کۆمیسیۆنە دا. لە زرووفێکی فکریی وا دا کتێبەکانم پێش کێش بە کومیسیۆن کردن.

***

ماوەیەک لە بنێوخەڵەف و گڵکەنک و کانێ زەرد مامەوە. کاک جلیل ناردمی بۆ کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستان. دوای گیرانەوەی جادەی سەردەشت – پیرانشار ئەو کۆڕە لە مووسالان گواستییەوە و لە گوندی ” دارمەکۆن” لە مزگەوتەکەی دا نیشتەجێ بوو.

کەسایەتیی بەرچاوی ئەم بنکەیە کمال خالدی بوو. کاک کمال زووتر لە کاری اموزش و پرورش دا ببوو، فەوقی لیسانسی ڕەوانشناسیی ھەبوو. سەردانی ئەمریکای کردبوو، ئەمان نەمدەزانی چەند لەوێ مابۆوە. کەسایەتییەکی ناسراوی شاری سنە ش لەو کۆڕە بوو، امیر پاشاخانی کە لە جێی خۆی مامۆستای مەدرەسان بوو. پیاوێکی سەنگین و گران و بەئەدەب بوو. کوڕێکی ھەورامی زۆر خوێن گەرم و زیرەک و خۆش مەشرەب لەوێ بوو، ھەڵەی نەکەم برایم بوو ناوەکەی. زۆر لەوانە کاپشن ی ئەمریکایی سەوزیان لە بەر دا بوو کە ئەو دەم مۆد بوو، بە تایبەت فەرماندە نیزامییەکان لە بەریان دابوو.

لە مزگەوتی دارمەکۆن ێش چایی و شەربەتی پرتەقاڵی سانکویک و جەمی سەر سفرەی سەمیمانە و دەروێشیی کۆڕەکە لە گەڵ وەژور کەوتنی جار و باری قەرە و جووتبەندان یان کاروانچیی ئەھلی دێی سەفایەکی لەبیر نەکراوی ھەبوو. نزیک بوونی بازاڕی ” قاسمە ڕەش” ی لەو شوێنە ھەچ حەواجێکی ھەمانبایە دابینی دەکرد.

ئێستا کتێبێکی دیکە ( خوێندنی کوردی) ھەر بۆ پۆلی دووەمی سەرەتایی لە دەست دا بوو کە دەبوو نەققاشییەکانی دروست بکەم. نازانم بۆ چی بابەتەکانی ئەو کتێبەم نایەتەوە بیر. بەڵکە لە بەر وەی بێ کە تێکستەکە بە جودا بەرھەم دەھێندرا و کاک عومەر ئەورامی بە خەتی خۆش دەینووسین و من لازم نەبوو خۆم بەوانەوە مەشغووڵ کەم.

دوو شتم لەو کتێبە لە بیر ماوە، یەکیان لاپەڕەیەک بوو کە ئەگەر ھەڵەی نەکەم لە نووسینی کاک کمال خالدی بەرپرسی گشتیی کۆڕی پەروەردە بوو. شتەکەی دیکە لاپەڕەیەکی تایبەت لە سەرەتای کتێبەکە دا بوو بۆ سپاس لەو کەسانەی زەحمەتیان کێشابوو بۆ پێگەیاندنی کتێبەکە.

سەدێڕی ئەو دەرسەم لە بیر نیە. باسی کوڕێکە لە بابی سوئالێ دەکا دەڵێ ئەوە چیە. بابی دەڵێ ئەوە کەژاوەیەکە کە بۆ یادی پێشەوا قازی محمد داندراوە و ئەو خەڵکە بە دەورییەوە کۆ بوونەتەوە ئەو یادە دەکەنە. دوای ئەوە ھیندێک جوزئیات بە دەور و بەری باسەکە زیاد دەکرێ.

بۆ من ئەوە باسێکی شیرن بوو. دەتگوت خەڵات دەکرێم کاتێک دەبوو ئەو ئیدەیە بنەخشێنم و تەرسیمی کەم. کاک کمال خالدی زۆر تەشویقی دەکردم و ھاندەرم بوو، بە تایبەت لەو لاپەڕەیە دا سەرنجی تایبەتی دەدا بە کارەکەم. جار جاریش لە لای ئەم و ئەو خۆشحاڵیی خۆی لە کەیفییەتی کارەکەم دەردەبڕی دەیگوت: نەققاشێکی قابییلە.

بەم جۆرە و بە ڕاوێژ لە گەڵ کاک کمال خالدی مەنزەرەی کۆبوونەوەی خەڵک بە دەوری کەژاوەیەک لە یادی یەکەم سەر کۆماری کوردم ساز کرد. چەند ڕۆژم بۆ ئەوەی سەرف کرد. سەر و دم و چاوی یەک یەکی حەشیمەتەکەم بە وردەکارییەوە دەنەخشاند. کەژاوەکە کە داپۆشرابوو لە داوێنی شاخێک بوو. بۆ ئەوە بە تەسەووری خۆم ئیلھامم لە داوێنی شاخی داشامەجید ی سابڵاغێ وەرگرتبوو، ئەو جێیەی بە واقیع مەقبەرەی قازی ی لێیە. لە دەرسەکە دا ھاتبوو کە ئاڵایەک لە سەر کەژاوەکەیە. کوڕەکە لە بابی دەپرسێ ئەو ئاڵایە ڕەمزی چیە. بابی دەڵێ ئەوە ڕەمزی خوێنی شەھیدانە.

من لە سەر کەژاوەکە ئاڵای کۆماری کوردستانم دروست کرد کە سێ ڕەنگی ھەبوو، سوور لە سەرێ، سپی نێوەڕاست و کەسک لە خوارێ. دوای تەواو بوونی نەققاشییەکە کاک کمال گوتی ئەو ئاڵایە نابێ. گوتم بۆ؟ گوتی ئەوە دەبێ سوور بێ. گوتم چۆن؟ گوتی ئەوە نیشانەی خوێنی شەھیدانە. فڵچەکەم دە ڕەنگی سوور ھەڵکێشا و بە ناقایلی بە سەر سێ ڕەنگەکەی ئاڵام دا ھێنا.

وەلەو قەبارەی ئاڵاکە لە لاپەڕەکە دا بچووک بوو، بەو حاڵەش شکایەتەکەم ھەڵگرت ھەتا ھاوینی دواتر لە کۆنفڕانسی کۆڕی پەروەردە لە مزگەوتی گردشیلان ێ بردمە لای کاک جلیل گادانی.

***

لە یەکێک لە لاپەڕەکانی سەرەتای کتێبی ” خوێندنی کوردی” ی پۆلی دووەم دا نووسرابوو

سپاس

١ – بۆ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران

٢- بۆ مامۆستا عبداللە حسن زادە ( حیاکی)

٣- بۆ کاک سامڕەند ئەندامی یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران

٤- بۆ کاک ئاسۆ ئەندامی یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران

دەلیلی سپاس لە ھەر کام لەو کەسانە لە پێش ناوەکەی نووسرابوو.

– حیزبی دێموکڕات بۆ پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی لە کاری بەرھەمھێنانێ کتێبەکە

– عبداللە حسن زادە بۆ پێداچوونەوەی کتێبەکە و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان

– سامڕەند بۆ تەرحی سەر بەرگی کتێبەکە و وێنەکانی

– ئاسۆ بۆ نووسینەوەی کتێبەکە بە خەتتی خۆش

نوقسانییەکی ئەو سپاسانە ئەوە بوو کە ناوی نووسەر یان نووسەرانی کتێبەکە دیار نەبوو.

دارمەکۆن تەبیعەتێکی دڵڕفێنی ھەبوو لەو زستانە دا. ڕوخساری خەڵکی ئەو دارستانە جوان و نوورانی بوو. بینای مزگەوتەکە ببوو بە چواڕڕێی تەقاتوعی سینفی جیاواز. کچی عازەب بە شڵپە شڵپ شمەکی لە حەوزی پێش پلیکانان دە ئاوێ ھەڵ دەکێشا و دەیشوشتن، کوڕ و کاڵ شەو وا بوو وەژوور دەکەوتن بۆ دانیشتن و سەردانی ئێمە. ژووری مزگەوتێ ببوو بە مەرکەزی زانست و کتێب دەرکردن، کادر لە قەوسی میحڕابێ دا شەربەتی پرتەقاڵی سانکویک ی تێکەڵ بە ئاوی ساردی کانی ڵدەکرد و دەیخواردەوە، جار و باریش فەرمووی ئەو ئیماندارانەی دەدا کە دەھاتنە ژوورێ و سەریان بە فەڕزی خودای دا دەدا. ئی وا بوو دەیخواردەوە، بەس دەبوو دیققەت بکرێ لیوانی ئەوان و ئی کادر نەگۆڕێ. کادر لێرە ھەستی بەوەی دەکرد ماڵە خۆیەتی، شەوێش لێرە دەنوست، قوربانی لە نێو دێی کرابا بەشە گۆشتی بۆ دەچوو، زەکات لە دەغڵ و دانی دەر کرابا پێش ھەموو کەس بەوی دەشیا. بەڵان کادر ھەر لای کردەوە تووشی نەخۆشیی الزایمێر دەبێ، ئەو شتانەی  لە بیر دەچنەوە و بۆ نیشاندانی ڕۆشنفکری تەوھین بە موقەددەساتی گەلی خۆی دەکا. ئەوە سپڵەییە.

سێھەم کتێبی مەدرەسانمان تەواو کرد. ماڵاواییم لە دارمەکۆن و کۆڕی پەروەردە کرد. بە نێو بەفری کوێستانان دا ھاتمەوە ‘ کولتەپە’ ی گەورکان. یەکێتی لاوان ھەر وا مەقەڕەکانی جمەی دەھات.

وەک ئەندامێکی یەکێتی لاوان ھەتا ئەو دەمی لە دوو کۆنفڕانسان بەشداریم کردبوو.

١- کۆنفڕانسی حیزبی دێموکڕات – تەشکیلاتی شارستانی مەھاباد بە بەشداریی دوکتور قاسملو

٢ – کۆنفڕانسی یەکێتی لاوان – کۆمیتەی شارستانی مەھاباد، بە بەشداریی تەیفور بەتحایی

***

کۆنفڕانسی کومیتەی شارستانی مەھاباد بۆ کۆنگرەی پێنجەم لە پاییزی ١٩٨١ لە سوێناس ی گیرا. مزگەوتی سوێناس ی لە مەنتەقەی گەورکی مەھاباد لەو ڕۆژە دا بوو بە میوانداری بە مەزەندەی خۆم ٤٠٠ کەس لە ئەعزای حیزب. ھەر لەو مزگەوتە چەند مانگ دواتر دە بەھارێ دا کۆنفڕانسی کەمیتە شارستانی مەھابادی ی یەکێتی لاوان یش گیرا.

ئەو دەم کەس سیاسەتی بە ڕبەی ناسیۆنالیسم نەدەپێوا. کوردستان بە سەر سێ نەوعی سۆسیالیسم دا دابەش کرابوو: مۆدێلی شوڕەوی، مۆدێلی ئورووپایی و مۆدێلی چینی. حیزبی تودەی ئێران لایەنگریی لە شوڕەوی دەکرد و نفووزێکی قووڵی فکری و مێژوویی لە ڕێبەری و لە کادرەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دا ھەبوو. ھەر لە نێو حیزبی دێموکڕات دا خەتێکی فکری ھەبوو لایەنگری سۆسیالیسم بە ڕێگای دێموکڕاسی دا بوو کە دوکتور قاسملو حەولی بۆ دەدا و ئەوە بە شیددەت لە گەڵ خەتی حیزبی تودە لە دژایەتیی دا بوو. لە لایەکی دیکەوە جەرەیانی مائۆییستی حەولی دەدا ھێزی جووتیاران ڕێک بخا و تەجرەبەی مائۆ لە چین بکاتە سەرمەشقی شەڕی چینایەتیی خۆی لە کوردستان. لە گەڵ ئەوەش حیزبی دێموکڕاتیان بە نوێنەری بورژوازیی کورد و مۆرەی ئیمپریالیسم دەزانی. ئەگەر عاتیفەیەکیش بۆ قازی محمد لە لای توودەیی ھەبووایە سەبارەت بەو چەند ڕۆژەی پێوەندیی لە گەڵ شوڕەوی بوو، دەنا ئەو زاتەیان بە خاوەن مڵک و عەشایر دەزانی.

ئەو دەم ھەموو کەس بە عەینەکی مارکسیستی چاوی لە دنیا دەکرد، نەتەوەیان پێ بەرھەمی بورژوازی بوو و بیری نەتەوەییان پێ موزاحیمی ئینقیلاب بوو. مەنزوور لە ئینقیلاب ئاڵوگۆڕی موناسەباتی تەولید بوو. کوردایەتی کە خەڵک ڕۆڵەی خۆیان بۆ فیدا دەکرد لەو مەڕامە دا بە دواکەوتوویی حیساب دەکرا.

وەک میوان و بە بێ حەقی دەنگدان بەشداری کۆنفڕانسی کۆمیتەی شارستانی مەھاباد ی حیزب بووم. چوار تەسویری ڕەش و سپیم لە پێشەوا، سلێمان موعینی، ئاوارە و شریفزادە لە سەر ھومایلی سپی کێشابۆوە لە دیوارەکان لە میچەوە ھەتا عەرزی شۆڕ ببوونەوە. نوێنەرانی بەشی سیاسی و نیزامی و تەشکیلاتیی شار و دێ لە وێ بوون. لە ڕۆژ و شەوێک دا مەسایلی  زۆر ھاتنە بەر باس، لە تەشکیلات، ماڵی، نیزامی و سیاسی.

لەو وەختە دا حیزبی دێموکڕات کوڕی پێشەوا قازی محمد ی لە زیندانێ کردبوو. ئەوە کە لە ٤٠٠ نەفەری بەشداری ئەو کۆنفڕانسە کەس نەیپرسی ئەو شەخسە لە سەر چی گیراوە، جێی گلەیی نەبوو. لە گەرمەی باس و خواس و قەلە و دەلەی کۆنفڕانسەکە دا لە بەر دەمی منەوە سێ نەفەر سەریان بردە بن گوێی یەکتر و لە  پاڵ کۆڵەکەی نێو مزگەوتێ سرتەیەکیان پێکەوە کرد. یەکیان ھەستا حەوا و چووە پشت میکڕۆفۆن گوتی: ئێمە داوا دەکەین ” کوڕی ڕەش” ئیعدام بکرێ.

لە بەرامبەر داوای کوشتنی ئینسانێک دا دیواری مزگەوتەکە چەند وەجواب ھات، ئەو خەڵکەش ھەر ئەوەندە دەنگیان لێ بیسترا. تەنیا دوکتور قاسملو چووە پشت میکڕۆفۆن و گوتی: ئێمە وەک حیزبی دێموکڕات کوڕێ پێشەوا قازی محمد ئیعدام ناکەین. قسەکەی دوکتوریم پێ باش بوو ئەمما کافی نەبوو. دەبوو ئەو شەخسە لۆمە کرابا و لێیان پرسیبا کوڕی قازی چی کردووە کە دەبێ ئیعدام بکرێ. دەبوو بپرسن ئایا گیراوەکە وەکیلی مودافیعی ھەیە؟ دەبوو بڵێن ئایا دەزگای قەزایی کە محاکمەی دەکا سەربەخۆیە یان نا؟ ئایا کامە یاسا کراوەتە مەرجەع ھەتا بە گوێرەی وی ئەو شەخسە تاوانبار بکرێ یان تبرئە.

لەو سەدان کەسەی خۆیان بە ڕێبواری ڕێی قازی دەزانی، نە کادر و ئەندام تەعەسسوبیان بۆ بناغەدانەری حیزبەکەیان ھەبوو، نە خەڵکی مەھاباد کە بە ناوچەگرایی تۆمەتبار دەکرێن ھەستی مەھابادی بوونیان ھەبوو، نە کەس لە تایفەی قازییەکان خوێنی خزمایەتییان کوڵی و نە علی قازی وەک کوڕە شەھیدێک حیسابی بۆ کرا. ئەوانەی باسی دەوڵەتی قانوون و مافی مرۆڤ دەکەن سکووتیان کرد، لە ئەوانەی ئاگایان لە حەققی ھەبوونی وەکیل بۆ تاوانبار ھەبوو و ئەسڵی بەڕائەتیان دەزانی کەس متەقی نەکرد.

وەختی پشوودانێ ھات، یەکسەر خۆم گەیاندە کاک حسن شرفی گوتم کاک حسن خەڵکی وا دەو کۆنفڕانسەی دان بیرکردنەوەیان وەک بیرکردنەوەی حیزبی دێموکڕات ناچێ. کا حسن زۆری پێ خۆش بوو کە ئەوەم گوت، گوتی وەرە بە دوکتور قاسملو ی بڵێ ئەو شتەی. منیش بۆم بڕێک زەحمەت بوو دەو ھەرا ھەرا و قەرەباڵغییە دا، ئەوەی بە دوکتوری بڵێم.  سکرتێر کە دەھاتە دەر بە دەورییەوە خەڵکێکی زۆر دەیاندوواند. چاکم لە بیر نەماوە ئاخری ئەوە چۆن گوترا و بە سکرتێر گەیێندرا.

***

پێشتر گوتم دە نێو تەرکیبی توودە لێدراوی حیزب دا کادر ببوو بە تافتەی جودا بافتە، نە وەک خەڵکی عەوام بیری دەکردەوە کە کوردایەتییەکی خۆماڵی بکا و نە وەک نوخبەی سەرۆکایەتی بوو کە عێڕاق یان ئەرووپایان دیتبوو و کەمتر لە ژێر سوڵتەی تیۆریکی حیزبی توودە دا بوون و ئاسۆی بیریان ئاچغتر بوو.

وەک چۆن شایەری چاک دەڵێ لێرە ڕات دە سەر گێڕم تا سەھەند و سۆڵاوان، حیزبی توودەش چوار نەفەرەکەی سەر بە خۆی لە نێو حیزب دا بژار دەکردن و باقییەکەی پاکی بە پیاوی ئیمپریالیسم لە قەڵەم دەدا. دوو ساڵ پێش لە تاریخی گیرانی ئەو کۆنفڕانسەی سوێناس، من لە دەفتەری حیزبی توودە لە تاران لە شەخسی کیانوری م بیست کە گوتی امروز چند نفر از کادرھای حزب دمکرات بیاننامەای را بە دفتر حزب ما در مھاباد تحویل دادند و ( لێرە ڕا نەقڵ بە مەعنی دەکەم) اعلان کردند کە صفوف خۆد را از امپریالیستھا جدا کردەاند. سەرەڕای بوختانی وەک کمک ٩ میلیون دلاری ناتو بە قاسملو، توودەییەکان تا ئەو حەددە لە خشونەت لە حیزب دا چوونە پێشێ کە پیلانیان دانابوو لە ڕێگای کودیتاوە کۆنترۆڵ بە سەر تەواوی حیزب دا بکەن. ناسیاوێکم بۆی گێڕامەوە، گوتی قەرار بوو قاسملوی چەک کەین و دەست بەسەری کەین دە مەقەڕەکەی خۆی دا. کاک ….. فەرماندەمان بوو، ئەو چووە ژوورێ. ھەموومان بە چەکەوە لە دەرێ ئامادە بووین. ھەر چاوەڕوان بووین شتێک بکرێ ھیچ خەبەر نەبوو، ئەگە دەچینە ژوورێ تەمەشا دەکەین کاک ….. ئەوە لە کن قاسملوی دانیشتووە.

غەززەب گرتنی حیزبی توودە لە ئەو کەسانەی پێی پیاوی ئیمپریالیست بوون بۆ ھەمووان وەک یەک بوو، فەڕقی نەدەکرد قاسملو بێ یان کوڕی قازی محمد. ئەو داوا ناڕەوایەی کۆنفڕانسی سوێناس ی لە زمانی کادری ژێر نفووزی حیزبی توودە لە بەر چ بوو؟ ئاشکرایە کە نە لە بەر چەک وەرگرتنی علی قازی لە حکومەتی عێڕاقێ بوو، نە لەبەر ئامانجی دەکار کردنی ئەو  چەکانە بوو کە شەڕ لە گەڵ ڕێژیم بوو و نە حەولی قازی بۆ خڕ کردنەوەی خەڵک لە دەوری خۆی بوو بۆ ئەو خەباتەی دەیەویست بیکا. ئەگەر وا بووایە دەبوو ھەموو سازمانە سەرانسەری و کوردستانییەکان سجن کرابان و داوای ئیعدامیان بۆ کرابا، بە سەرنجدان بەوە کە ئەوانیش ئەو سێ کارەیان دەکرد. بۆ نموونە مجاھدین لە عێڕاق سیلاحی قورسی وەک تانک و زرێپۆشی وەردەگرت، شەڕیشی لە گەڵ ڕێژیم دەکرد و خەڵکیشی لە دەوری خۆی بۆ خەباتەکەی خڕ دەکردەوە. چما ئەوە بۆ مسعودی رجوی ڕەوایە ئەمما بۆ کوڕی پێشەوا جورمە؟

١٢ ساڵ دواتر کاک علی قازی بە میوانی ھاتەوە کوردستان ی، سەردانی ح. د. ک. ئ ی کردبوو و سەردانی ح.د.ک.ئ – ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ- یشی کرد. لە ماڵی ئاکۆ ی ھەباس ئاغای لە ڕانیە لە گەڵ ئەو شەخسە کە لەو کۆنفڕانسە داوای ئیعدامیان بۆ کرد، لە بەر ھەیوانێ کە بە شکڵی حەرفی U بوو لە سێبەری گەڵا مێوان دانیشتین. بە دەم چا خواردنەوەوە وە بیریم ھێناوە کە زەمانێک بە تۆمەتی پیاوی ئیمپریالیست بوون داوای ئیعدامیان بۆ کردبوو. کوڕی ڕەش گوتی ئێستا ئەوانە ھەموو مەمنوونن ببنە پیاوی ئیمپریالیسم. مامۆستا نزار کوێستانی ش لە کۆڕەکە دانیشتبوو. باسی ھونەری شۆڕشگێڕی کرا. کاک علی قازی داوای کرد بەرھەمەکانم ببینێ. لە ماڵێک لەو بەری ماڵی ئاکۆ، لە تاو موشەکبارانی مەقەڕەکانی حیزب لە قەڵاسەیدە کەل و پەل و تەرح و کاریکاتێرە بڵاو بووەکانی خۆمم دانابوو. بە کفلەکوونێکی چووم و تەرحەکانم ھێنا، پێشانی علی قازی محمد م دا.

وەبیر کوڕی ڕەش م ھێناوە گوتم لە بیرمە لە ساڵی ٧٤ کە کوردەکانی عێڕاقێ شۆڕشیان کرد، ژن و منداڵی ئاوارەی زۆر ھاتبوونە سابڵاغێ. لە شەوێک دا جنابتم لە خیابانێ لە مەیدانی مەلا جامی دیت، زانیم کە ٧٠ عەلادینت بۆ ئاوارەکان کڕیبوو. لە جواب دا گوتی کوڕە زۆر شتی دیکەشمان کرد بۆ ئەو ئاوارانە ئەو دەمی.

 شەش یا حەوت ساڵ دواتر بۆ وەفاتی دایکی تەلەفۆنێکم لە نۆروێژەوە بۆ کاک علی کرد. سەلامم کرد، دەست بە جێ دەنگمی ناسیەوە و بە ناو ئەحواڵپرسیی لێ کردم. منیش سەرەخۆشیم لێ کرد.

***

چەند مانگ دواتر ھەر لەو مزگەوتە دا کۆنفڕانسی یەکێتی لاوان ی شارستانی مەھاباد گیرا. وێنەی گەورە لە ڕەزا کریمی و خالد شاتری، شەھیدانی یەکێتی لاوان، بە دیوارەوە ھەڵواسرابوون. پێشتر لاوانی سەر بە حیزب لە سازمانی جەوانانی حیزبی دێموکڕات دا ڕێک دەخران. ئەو ئۆرگانە بە ڕادەیەک کۆنتڕۆڵەکەی کەوتبووە دەستی توودەییەکان کە حیزب بە ڕەسمی ھەڵی وەشاند و لە جێی وی ڕێکخراوێکی نوێی بە ناوی یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران پێک ھێنا. تەرکیبێکی تازە لە لاوانی خاوەن ھەڵوێستی کوردایەتی لەوانە کریم اللەویسی، سید عبداللە حسینی، عەزیم ئەفسەر و چەند کەسی دیکە مودیریەتی لاوانیان وە دەست گرتبوو.

ئەوەندەی پێوەندیی بەم کۆنفڕانسەوە ھەیە سەیر ئەوە بوو لە وێ دا نفووزی حیزبی توودە نەدەبیندرا. بەو حاڵەش وەختم گرتەوە بۆرە گلەییەکم لە خەڵکەکە کرد. پێم وابوو ھەموو قینم لێ ھەڵدەگرن. لە پشت میکڕۆفۆن لە پانیەمەوە دەلەرزی ھەتا پووزم. لە چۆک و ئەژنۆمەوە بۆ سەرێ ھەتا جامەدانییەکەم سابیت و موحکەم قسەم دەکرد و خەڵک گوێیان دەدایە. لە پشتی تریبوونەکەوە کاک ئاسۆ خەریکی تەنزیم و ڕێک و پێک کردنی سیم و بڵیندگۆ و کەرەستەی بەرقیی بوو. بەوەش دڵم گەرم دەبوو دەمگوت ئەگەر قسەکەمیان پێ ناخۆش بێ دەنگم بۆ تەنزیم ناکەن، دەڵێن لێی گەڕێ با کڕڕە کڕڕی بێ لە وەختی وی دا.

گوتم لە ڕاوێژی ڕۆژانەی لاوەکان دا زۆر جنێو بە موقەددەسات دەدرێ و ئەوە بۆتە عادەت. دەپرسم بۆ جنێوان دەدەن، دەڵێن ئاخر خودا وجوودی نیە. من دەڵێم باشە، کە شتێک وجوودی نیە ئەدی جنێو بە چی دەدەن. و ئەگەر شتێکی وا وجوودی ھەیە چۆن دەتوانن جنێوی پێ بدەن.

جەماعەت یانی ھەر ئەوانەی ڕەخنەکەیان لێ گیرابوو تەشویقیان کردم بۆ ئەو باسە. دوایە کە خۆم بۆ دەستەی بەڕێوەبەری کاندید کرد عەزیم ئەفسەر بە موافیق و تەیفور بتحایی بە موخالیف قسەیان لە سەر کردم. کاک عەزیم باسی کار و ھەڵسوڕانەکەمی کرد و کاک تەیفور گوتی موخالیفم خۆی کاندید کا چونکە لە بەڕێوەبەریی گشتی لاوان پێویستمان پێیەتی. لەوی بە دواوە وەک ئەندامی بەڕێوەبەریی لاوان ی کومیتەی مەھاباد کارم دەکرد.

ھاوینی ١٩٨٢ کتێبەکان چاپ کرابوون و ھاتبوونەوە. بۆ کۆنفڕانسی کۆڕی پەروەردە و فێرکردن لە مزگەوتی گردشیلان ێ لەو سەر بەرزاییە دڵرفینە کە ھەموو دنیای لێ ڕا دیار بوو من و کاک ئاسۆ وەک میوان دەعوەت کرابووین. باس لە کتێبەکان کرا و قەدرزانییەکی گەرمیان لە کاری من و ئاسۆ کرد. بە حوکمی براگەورەیی کاک ئاسۆ قسەی کرد و لە جوابی دەست خۆشی کردنی کۆنفڕانسەکە دا چەند وتەیەکی جوانی پێش کێش کرد.

دوایە بەشی راپۆرت و ڕەخنە و باس لە چۆنیەتی کار و بار ھات. لە وەختی پشوودانێ دا کتێبەکەم بردە لای کاک جلیل، لاپەڕەی یادی قازی محمد م کردەوە و ئیشارەم بە نەققاشیی ئاڵای سەر کەژاوەکە کرد. بە دڵتەنگییەوە گوتم من پێشتر ئاڵای کوردستانم دروست کردووە ئەما پێیان کردوومە ئەو ئاڵا سوورە. کاک جلیل جوابێکی دامەوە کە بە لای تەئیدی ئەوان دا دەشکاوە. لە قسەکەی کاک جلیل ئەوەم دەرک کرد کە ناوبراو پێی وابوو شەرایت و ئیمکاناتی جووڵانەوە و تەوازونی ھێز و حەتا وەزعی نێونەتەوەیی لە گەڵ داوای ئیستیقلال دا نەبوو. ھەڵبەت ئەو بەو شێوەیە فۆرمۆلەی نەکرد، بەڵکوو بە گوێرەی سەمیمیەتێکی کە لە بەینمان دا ھەبوو و بە بن لەھجەیەکی سابڵاغییانە گوتی پیس پیس ھەر چەند دەکا خودموختاری  وەرناگیرێ نۆبەی ئیستیقلالێیە.

ئەوە سەر دەمێک بوو کە دەفتەری سیاسی ببوو بە دوو بەش، دەفتەری سیاسیی ژمارە ١  بە وێڕای بەشێک لە بیمارستان، یەکێتی لاوان، کۆڕی ھونەری، کۆڕی پەروەردە و بەشی ڕێگا و بان لە داخڵی وڵات بوو، دەفتەری سیاسیی ژمارە ٢ بە وێڕای ڕادیۆ و ئینتیشارات، زانکۆی سیاسی – نیزامی، بەشەکەی دیکەی بیمارستان و کومیسیۆنی تەشکیلات لە سەر حدوودی ئێران و عێڕاقێ بوو. جا ئەو جار دەبوو بچمە سەر حدوودی عێڕاقێ بۆ دروستکردنی کتێبێکی دیکەی مەدرەسان. حەقایەتی ئەو سەفەرە نابەڵەدە زۆر پڕ لە ڕەمز و ڕازە. لە بەر وەی لێرە دا خاتیمە بە باسی کتێبان دێنم. بە تەمام لە ژێر سەردێڕێکی تازە دا باسی ئەو کتێبەی بکەم کە لەو سەفەرە دا دروستی دەکەین.

کاڵەم دڕا چم پێ نەبڕا

تێبینی: ئەم بیرەوەریەی کاک سامڕەند لە 13 بەشدا لە ساڵی 2017 لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی بڵاو کراوەتەوە و ئێمەش لە سەر ئیزنی نووسەر هەموومان کۆ کردەوە و لە سایتی پێشمەرگەکان بڵاومان کردەوە.

ئەو شوێنەنانەی *** دانراون فاسیلەی بەشەکانن.

www.peshmergekan.com

pmnews.se

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی