"an independent online kurdish website

 ساڵی چاپ: ٢٠٢١ ،  ژمارەی لاپەڕە: ٤٤٣  ، شوێنی دەورگێڕانی کاراکتەرەکان:

شوێنی ژیان یان سەکۆی ڕۆڵگێڕانی کارەکتەرەکان بەزۆری هەورامانە بەڵام بەشێکی بەرچاویشی لە لوڕستان، تاران و باشووری کوردستان بەڕێوە دەچێت. ڕۆڵگێڕەکان یان کەسایەتییەکانی نێو ڕۆمانەکە خەڵکی هەورامان، لوڕستان، قووچان و باشووری کوردستانن.

بوویەر/ڕووداو:

ڕۆمانی چنارە هەڵگرتنەوەی وێنەیەکی ڕوون و ڕاستەقینەیە لە ژیانی بەشێک لە دانیشتوانی گوندێک (چنارە) کە لە ڕێگایەوە ژیان و گوزەرانی هەژارانەی هەموو خەڵکی هەورامان لە سەردەمی حکوومەتی شا و دواتر کۆماری ئیسلامیدا دەخرێتە بەر دیدەی خوێنەر.

شیکردنەوە:

ڕۆمانی چنارە دووهەمین بەرهەمی “م. ڕەزا بەهمەنی”یە. لە وەڵینەی (پێشەکیی) چنارەدا ڕێزدار بەهمەنی ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ئەو چوارساڵەدا، بە خەیاڵ گەڕاوەتەوە گوندە خنجیلانەکەی “چنارە” و لەگەڵ خەڵکەکەیدا ژیاوە تاکوو لە شەوە درێژەکانی پاییز و زستاندا گوێی لە ڕازە تاڵ و شیرینەکانیان بێت و لە ڕۆژانی گەرمی بەهار و هاویندا ڕەنج و مەینەت و کوێرەوەرییەکانیان ببینێت.

ئەگەر نووسەر لە دەمی نووسیندا گەڕاوەتەوە چمکێکی نیشتمانی ڕەنگین، ئەوا لە ڕێگای خوێندنەوەی ڕۆمانەکەیەوە، خوێنەران بە هەمان ڕێچکەدا، دەگەڕێنێتەوە وڵات و لەگەڵ خۆیدا دەیانکا بە هاوبەش و، خۆشی و ناخۆشییەکانی ئەو ژیانەیان لەگەڵدا دابەش دەکات.

ڕۆمانی چنارە بە “هەورامی”یەکی شیرین و ڕەوان نووسراوە. پەیڤ و ڕستەکان هەر ئەو پەیڤ و ڕستانەن کە لەسەر زمانی چین و توێژی جیاجیای خەڵک دەیانبیستین، بەو جیاوازییەوە کە ئاخاوتنی کارەکتەری خاوەن پێگەی بەرزیش لە ڕۆمانەکەدا هەر بە زمانی خەڵک قسە دەکەن و بە زمانێک نادوێن کە دەوروبەر لێیان تێنەگا. ئەم زمانە لە هیندێک بڕگەدا دەبێت بە زمانی نزیک لە هەڵبەست و هەستی خوێنەر زیاتر دەبزوێنن و تام و چێژێکی تایبەتیی پێ دەبەخشن:

“جە ئەوپەڕوو هەورەکانەنە و پەشتەو کۆ قافیەنە، دلێ کەشە بەرزەکانەنە، دەگایوە خنجیلانێ بێ، پاڵش دابێ کەشێوە بەرزیەو. بە باخە چنارێ و باخە هەنارێ دەوراندەورش گیریابێ، ئاسمانش ڕۆنە کەوە بێ و شەوێنە پەڕ بێ جە وریجەو هەساران. …” (ل ٣٤٠-٣٤١)

“لە ئەو پەڕی هەورەکانەوە و لە پشتی کێوی قافەوە، لەنێو کەژە بەرزەکاندا، گوندێکی خنجیلانە هەبوو، پاڵی بە کێوێکی بەرزەوە دابوو. بە باخی چنار و باخی هەنار دەوراندەوری تەنرابوو. ئاسمانی لە ڕۆژدا شین بوو و لە شەودا پڕ بوو لە شەوق و وریجەی ئەستێران. …”

پەندی پێشینیان

پەندی پێشینیان هۆکارێکن بۆ دەوڵەمەندکردنی دەق و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاخاوتنی ئاخێوەرانی هەر کتێب و ڕۆمانێک. نووسەر ناوئاخنی چنارەی لەو پەندانە بێبەش نەکردووە و لە کاتی گونجاودا لەنێو ڕستەکاندا هێناونی. ئەمەش چەند نموونەیەک لەو پەندانە:

خوذا بەرێوە مەوینۆ چەولاوە یۆتەری مەکەرۆوە. (ل١٢)

خوا دەرگایەک دادەخا لەولاوە یەکێکی تر دەکاتەوە.

ئینە وەزعەکێنە زێوا گیان ئیسە سمەرێ کۆنێ هۆرمەڕووشنەو … (ل١٤)

ئەمە وەزعەکەیە زێوا گیان ئێستە کای کۆن بە بادا مەکە.

کورە ڕۆڵە تا ئیسە سەردای پیسینەمە نەذیەن، “ئاسمان باڵێش نیاینێرە زەمین“، دەی خۆ پێسە بلۆ وەرەو ئێساڵ ڕەقێ مەویمێوە … (ل٦٤)

کوڕە ڕۆڵە تا ئێستا سەرمای وەهام نەبینیوە ، “ئاسمان باڵی ناوەتە زەوی“، دەی خۆ ئاوەها بڕواتە پێش ئەمساڵ ڕەق هەڵدێین.

خۆ ئەذاو گجی کەوان نەمەردێنە. (ل٩٤).

خۆ دایکی کراس کەوە (کراس شین) نەمردووە.

مواچی ئاوەو دوعایشا کەردێنە دەمتەرە (هەمان لاپەڕە).

ئێژی ئاوی دۆعایان کردووەتە دەمت.

بە گوڵەی کەی وەهار مەی؟ (ل ١٧٩).

کەی (کوا) بە گوڵێک بەهار دێ؟

چێش بکەروو بەتوول گیان، چا وەختەو خەوەرەکەم ئەژنەویەن، “دنیام وەنە هۆرگێڵاینە”. (ل ١٨٠).

چی بکەم بەتوول گیان، لەو وەختەوە خەوەرەکەم ژنەفتووە/بیستووە، “دنیام لێ چەرخاوە”.

مانگ هەمیشە پەشتەو هەوریەنە نمەمانۆ (ل٢٣١).

مانگ هەمیشە لە پشتی هەوردا نامێنێ(تەوە).

دماو شەوێ تاریکێ ڕۆشنایی نەها شۆنیشەو (ل٢٣١).

شەوی تاریک ڕۆشنایی وا بە شوێنەوە.

وەختەی شانسدار بی، خەیرە وێش مەی وەروو ڕایت. (ل ٢٤٨).

وەختێک شانسدار بیت، خەیر خۆی دێتە بەر/سەر ڕێت.

چەنیت وسایارە نەگنێرە زەمین (ل ٢٩١).

دەرزیت هەڵخستبایە نەدەکەوتە زەوی.

هەر لایوەنە وا بۆ چاگەنە شەنی مەکەروو.

لە هەر لایەکەوە با بێت شەن دەکەم (ل ٣١٠).

نۆستالژی

چنارە بۆ ئەو کەسانەی لە شەستەکان یان حەفتاکاندا خۆیان ناسیبێ، ڕۆمانێکی نۆستالژی ورووژێنە و هیندێک بڕگەی، وەک ئامێتەیەک لە تیشک و ئاو و شنەبا، گوڵی ژیانی لاویی دەگەشێننەوە و بیرەوەریی تۆزلێنیشتووی ڕابردوو لە زەیندا زیندوو دەکەنەوە. دیمەنی سەڵاتی بەربەیانانی مانگی ڕۆژوو و مەجلیسی گەرمی پارشێوکەران پێکهاتوو لە باوک و دایک و خوشک و برا چ ئەو کاتانەی لە خانووی قوڕیندا بوون و چ ئەو ساڵانەش لەنێو ڕەشماڵ، دەوار و کەپردا دەژیان، بە ئاسانی لەگەڵ پارشێوکردنەکەی دەروێش میران و زێوای هاودەمی لێک گرێ دەدرێن.

هەروەها، تەڵوەنە بوونی ئەنوەر و سابیری هاوڕێی و چوونیان بۆ باشوور بە هۆی ئەو ترسە زۆرەی کە “ئەسڵەحەچنی” یان کۆکردنەوەی چەکی بێ مووڵەت لەنێو خەڵکدا بڵاوی کردبۆوە، بیرەوەرییەکی تاڵە کە من بۆ خۆم ئێستاش دوای ئەو هەموو ساڵە کاتێک بیری لێ دەکەمەوە، تەزووم بە لەشدا دێت. دڵنیام لە نێو خوێنەرانی ئەم دێڕانەشدا ئازیزانێک هەن کە “کەریمی و بەختیاری” یان لە بیر مابێت. بچێت و نەگەڕێتەوە!

نەخوێندەواری

“سەڵاتوو مەڵڵا ئوسمانی سەروو بانوو مزگیەو بێ‌دەنگی شەوێش ماڕا.”

“سەڵاتی مەلا عوسمان لە سەربانی مزگەوتەوە بێدەنگیی شەوی شکاند.”

ئەمە یەکەم ڕستەی یەکەم بڕگەی یەکەم پاری ڕۆمانی چنارەیە. ئەگەر هەر لێرەدا ڕاوەستین و لەو یەکەم ڕستەیە ورد ببینەوە، ڕەنگە ئەو بیرەمان لا بخوڵقێت کە خەریکین ڕۆمانێکی ئایینی دەخوێنینەوە. بەڵام زۆر ناخایەنێت پارەکانی (بەشەکانی) دوایی تەمی ئەو گومانە دەڕەوێننەوە و دەردەکەوێ کە باسەکە بەربڵاوتر و سەرووتر لەوەیە کە بەو ڕستەیە پێناسە بکرێت. چنارە بەسەرهاتی ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندێکە کە دەکرێ بە “مشتێک لە خەروار” ناودێر بکرێن کە لە ڕێگایانەوە، دەرد، ڕەنج، هەژاری، بێ ڕێگاوبانی، برسێتی و بێدەرەتانیی دانیشتوانی وڵاتێکی پشتگوێخراو و خاپوور دەخرێتە ڕوو. کۆمەڵگەیەک کە لە سەرەتاییترین ماف و پێداویستییەکانی ژیان بێبەشن. کۆمەڵگەیەک کە نە ڕێگەوبانێکی بێ هەڵدێر و نە ناوەندێکی پزیشکییان هەیە کە “پەروانە”کان لە مەرگ ڕزگار بکا و نە هێشتوویانە شۆڵە و لیزگی ڕووناکیی زانستی سەردەم بەرچاویان ڕووناک بکاتەوە. نەبوونی نەخۆشخانە و پێداویستییە پزشکییەکان لە گوند هۆکارێک بوون بۆ مردن. بە قەولی مەتی زێبا “نیوەی ژنانی چنارە لەنێو کەوێڵ و باخەکانیاندا منداڵیان بووە.” (ل٣٣-٣٤)

نەخوێندەواری دەردی هەرە گەورەی ئەو سەردەمەی کۆمەڵی کوردەوارییە. نووسەر لە درێژەدا و لە ڕێگای کەسایەتیی مەلا عوسمانەوە ئەو دەردی نەخوێندەواریی کۆمەڵی کوردەوارییە وەها بە گوێی خوێنەردا دەدا:

“ڕاسەکێش مەڵڵا عوسمان مەڵڵا نەبێ، نە فەقیگەریش کەردەبێ و نە ڕاتبەو فەقیەتیش جەم کەردەبێوە و نە سەواذوو مەڵڵاییچش بێ، تەنیا کەم تا کوتێو سەڵات زانێ و بەبێ ئانەیچە ماناکێشا بزانۆ، هەمیشە ئانیشا واچێوە. وێچش زانێ جە دەگاو «چنارە»یەنە هامتاش نیا و تاقەکەسا کە متاوۆ هەم وەرنمایی کەرۆ و هەم بانگ و سەڵات دۆ.” (ل٦)

“لە ڕاستیدا مەلا عوسمان مەلا نەبوو، نە فەقێگەریی کردبوو و نە ڕاتبەی فەقێگەرییشی کۆ کردبووەوە و نە خوێندەواریی مەلاییشی هەبوو، تەنیا کەمتاکوتێک سەڵاتی دەزانی و بەبێ ئەوەی ماناکانیان بزانێ، هەمیشە ئەوانەی دەگوتنەوە. خۆشی دەیزانی لە گوندی «چنارە»دا هاوتای نییە و تاقەکەسە کە دەتوانێ هەم بەرنوێژیی بکات و هەم بانگ بدا و سەڵات بکا.”

بە ڕای من، نووسەر بە بەرجەستەکردنی کارەکتەری مەلا عوسمان، تێکۆشاوە دوو ئامانج بپێکێت: یەکەم ئەوەیە کە ئایین و ئایینداری وەک بەشێکی جیانەکراوە لە ژیانی خەڵک، وەک هەیە، بخاتە ڕوو. لە لایەکی دیکەوە، ویستوویەتی لە ڕێگای مەلا عوسمانەوە، هەر وەک گوترا، پلەی خوێندەواریی خەڵک لەو سەردەمەدا نیشان بدات، کە بە بڕوای من لە پێکانی هەر دوو ئامانجەکەدا سەرکەوتوو بووە.

کتێبی چنارە هەر لەو کاتەدا کە دەرخەری کوێرەوەری و تاڵیی ژیانی خەڵکە، هەڵگری پەیامی یەکسانیی ژن و پیاویشە و ڕوانگەی نادادپەروەرانەی کۆمەڵ لەهەمبەر ژن دەخاتە ڕوو و لە زمانی ئارەزوو (ئازیتا)ی هونەرپیشەوە بەم شێوەیە لەو نابەرابەرییە دەدوێ:

“دنیای ئیمڕۆ دنیایەکی نابەرابەر و ناعادڵانەیە، بەتایبەت بۆ ژنان. لە زۆر شوێنی ئەم دنیای نایەکسانەدا «پێکەنین» بۆ ژنان ڕێگەپێنەدراوە. خۆشەویستی و ئەوینیان پێ حەرامە. لە لایەکەوە دایکن و خوشکن، لە لایەکی دیکەشەوە ژنن و سەرچاوەی سۆز و خۆشەویستین. بەڵام هەمیشە لە ژێر دەسەڵاتی سوننەت و فەرهەنگی پیاوسالارانەدان. لە گەلێک شوێندا لە ژێر ناوی پاراستنی «شەرەف و ئابڕوو»دا دەکوژرێن یان خۆیان دەسووتێنن. … (ل ٣٩١).

ئەو دەسەڵاتی سوننەت و فەرهەنگی پیاوسالارانەیە کە ئارەزوو لێیەوە دەدوێت، تەنانەت کاری کردووەتە سەر زۆرینەی ژنانیش و وای لێ کردوون وەک پیاو بیر بکەنەوە. مەتی زێبا لە پەیدابوونی وڵکڵە (د. فەرهاد)دا بەم ڕستەیە دێتە گۆ:

“خوذا هەزار مەرتەبێ شوکر، کوڕەن! کوڕەن! قوروانەش بۆ.”

“خوایە هەزار جار شوکور، کوڕە! کوڕە! بە قوربانی بێ “

کەسایەتییە سەرەکییەکان

ئەنوەر، پەروانە، دەروێش (ئوسا) میران، وڵکڵە (د. فەرهاد)، ئوستۆوار مەحموودی، بەتوول خانمە، دوکتور شاهین، ….

دوا وتە:

لە کۆتاییدا سپاس و پێزانینی خۆم بۆ بەڕێز کاک ڕەزا بەهمەنی دووپات دەکەمەوە بۆ ئەوەی ڕۆمانەکەی بۆ ناردم. هەروەها هیوادارم ڕۆمانی چنارە ڕۆمانی دیکەی بە شوێندا بێت و لەو بوارەدا سەرکەوتنی بۆ بە ئاوات دەخوازم.

ماوەتەوە بڵێم کە ڕۆمانی چنارە باسێکی زۆر هەڵدەگرێت. چنارە باس لە ژیان دەکا. هەر وەک ژیان خۆی فرە لایەنە و زۆر لەوە بەرزتر و گەورەترە کە لە چەند لاپەڕەیەکدا بخرێتە ڕوو. بڕوام وایە ڕۆمانێک موغناتیسئاسا بیر و هۆشت وەک ئاسنەواڵە بڕفێنێ و تا دێڕ بە دێڕ و لاپەڕە بە لاپەڕە پێیدا تێنەپەڕی بەرت نەدات، ڕۆمانێکی سەرکەوتووە. ڕۆمانێک لە هیندێک بڕگەیدا بێ ئیرادە پێکەنین بخاتە سەر لێوانت و لە بڕگەکانی دواییدا چاوت پڕکات لە فرمێسک، ڕۆمانێکی سەرکەوتووە. ڕۆمانێک پەلکێشی نێو شادیی خەڵکت بکات و بتکات بە هاوبەشی شادییەکانیان، ڕۆمانێکی سەرکەوتووە. ڕۆمانێک بە لێبوونەوە لە خوێندنەوەی، ڕۆڵ و هەرمانی کەسایەتییەکانی لەسەر پەردەی زەینت ڕەگیان داکوتا و مانەوە، ڕۆمانێکی سەرکەوتووە. ئەگەر لە ئاوا ڕۆمانێک دەگەڕێن، «ڕۆمانی چنارە» بخوێننەوە!

رەشید حەیدەری

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی