"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان: رێکەوتی20-04-2022 کاتژمێر 17.30 عومەر قازی هاوسەری مەرحوم مینا گەنج عەلی و باوکی هەڵالە، کامڕان، شیرن و سۆران قازی کۆچی دووایی کرد.


عومەر قازی کەسایەتی سیاسی و بە ناوبانگی شاری مەهاباد، قارەمانی خۆڕاگری ئەشکەنجە لە سیاچاڵەکانی دوو حکومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە لە تەمەنی 88 سالیدا لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی لە خوشکە هەڵاڵە و خوشکە شیرین و کاک کامڕان و کاک سۆران دەکەین و روحی کاک عومور شاد بێ

***

کامڕان قازی: لە دوا وتەکانی بابم عومەر قازی لەسەر تەختی نەخۆشخانە (مەهاباد).

***

یەکێک لە جاشەکانی کاک عومەری بە گرتن داوە بە نێوی عیسا کاو رەش یا کڵاو رەشە ، ئێستا لە ئورووپایە

دەزگای ڕێکخستنی گشتی بۆ کۆچی دوایی کاک “عومەر قازی” ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژی ٣١ خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی ھێمای خۆڕاگریی ڕێگای ئازادی کاک ”عومەر قازی” کۆچی دوایی کرد.

”عومەری قازی” کەسایەتیی ناسراوی گەلەکەمان و خەباتکاری ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە. کاک عومەر قازی لە هەڕەتی لاویدا تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بووە و چالاکانە لە کۆمیتەکانی حیزبدا کاری ڕێکخستن و هاندانی خەڵکی بۆ بە گژداچوونەوەی زۆرداری خستۆتە ئەستۆ.

لە بزووتنەوەی جووتیارانی ناوچەی موکریاندا بە هەموو توانایەوە بەشداریی کردووە و دواتر پاش کودەتای نگریسی ڕێژیمی پەهلەوی وێڕای ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزب دەسبەسەر و زیندانی و ئەشکەنجە دراوە. ئازایانە بەشدار و هاندەری جەماوەر بووە لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە کوردستان ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. پێویست بە ئاماژەیە کە کاک عومەر لە بنەماڵەی بەناوبانگی پێشەوای نەمر قازی محەممەدە.

تێکۆشەر کاک عومەر هەموو وزە و توانای لە تازەلاوییەوە تا دوابڕستی تێکۆشانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تێکۆشا، لە ئەندامیەتیی ڕێکخراوی شارستانی مەهابادەوە تا بەرپرسیاریەتیی کۆمیتەی حیزب لە ورمێ و ئەندامی کۆمیتەی قەزایی و بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە لە بۆکان و گەلێک بەرپرسایەتیی دیکە.

خەبات و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی کاک عومەر بوون، ئەو ئەوینداری نیشتمان و ڕۆڵەکانی گەل ئەمەگداری کاک عومەرن.

دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە هەموو تێکۆشەرانی دێموکرات و بنەماڵەی سەربەرزی کاک عومەر دەکات و لەو خەمەدا خۆی بە شەریک و بەشدار دەزانێت.

ڕووحیان شاد و ڕێگای ئامانجەکانیان پڕ ڕێبوار

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی

*****

وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەران

مەلا حەسەن شیوەسەڵی: رووحی بەرزیان شاد بێ

****

“عومەری قازی، قارەمانێکی دیکەی نیشتمانەکەمان، کۆچەکەت ئۆغر بێت”.، ڕەشید قازی

عومەری قازی، کوری وەهابی قازی راهاتوو لە مەکتەبی پێشەوا قازی هەر لە مندالیە شەپۆلیکی نەسرەتوو لە دژی دەریایی زالمانی شا و شپکە و مەلا و ئاخوند و ژاندرمە بوو. عومەری قازی وەک هەموو نیشتمانپەروەرانی دیکەی کورد لە هەردووک سەردەمی ریژیمی محمد رەزا شایی پەهلەوی و ریژیمی کۆماری پەت و سیدارەدا بۆساتێک لە پێناو گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانی کۆماری کوردستاندا کۆتایی نەکرد.

عومەر، لە سەردەمی شای شاهاندا بۆماوەی ٤ سال بەندی سیاسی بوو پاش ئازادبونیش تەنگی بە ژاندرمە و ئەفەسرانی شای لە کۆلانەکانی شاردا هەڵدەچینی و کەم ئەفسەری شایی هەبوون کە زللەی مامە عومەریان وە بنانکۆیی نەکەوتبێت. بۆ یە هەردەم بنکەکانی بەندیخانە و ساواک و ئەمنیە جێگایی بوو.

لە کاتی سەرهەلدانی راپەرینی گەلانی ئیراندا ، مامە عومەر دەستی بالای لە هاندانی خەڵک و گرتنی پادگانی مەباد و پاسگاکانی ژاندرمە لە ناوچەکەدا هەبوو. وەک کادرێکی ریبەری حیزب بیپسانەوە و لەبەرەو پێشبردنی خەبات و تێکۆشاندا سلی نەدەکردەوە.

عومەری قازی بۆ بەریوەبردنی مەئموریەتی دەفتەری سیاسی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بۆ ناوچەی ورمی و تەرگەوەر و سۆما و براودۆست لە داوو کەوت و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەدیل گیرا و تا حەدی مردن ئازار و ئەشکەنجەیان دا. بەجۆرێک بەشێک لە دەست و لاقەکانی لەدەست دا.

عومەری قازی پاش بینەبەریکی زۆر بە هاوکاری ئایەتوللە مونتەزیری کە لەسەردەمی حەمەرەزاشادا بەیەکەوە لە بەندیخانە دابوون لە ئیعدام رەزگاری بوو.

یەستا بەتەوایی ئازاد نەببوو دیسان وەک قارەمانێکی نەتەوەی سنورەکانی بەریوە و هاتەوە ریزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران و پاش ماوەیەکی لە ولاتی سۆئید مافی پەنابەری یان پێێ بەخشی. بەلام بە هۆی نەخۆشی مینا خانمی هاوسەری دیسان گەرایەوە نیشتمان . مامە عومەر بە بێ ناسینی سنورەکان و بە پیی راهاتووی لە مەکتەبەی بەرزی قازی و لە گەرانەوەشدا کۆلی نەدا و تا سەرنجام لە مالەکەی خۆشی لە ناو شاری خۆی دیسان ئاوارە و دەربەدەریان کردەوە. مام عومەر ئاگرێکی بێ ئەمان بوو بۆ جەستەی داگیرکەران، و کۆری گەرمی ئیرادە و باوەر بەخۆبوو بۆ دۆستان و یارانی شاخ. تا سەرنجام مەرگ لە تەمەنی ٨٨ سالیدا لەوەی زیاتر ئیزنی نەدا لە پێناو وەدیهینانی ئاواتە بەرزەکاندا وەک مەشەخلەکی لە ناو کۆری یارانیدا بدرەوشێتەوە. .

ئیمرۆ هەرچەند مامە عومەر کۆچی کرد بەلام ئەویش ئەستیرەیەکی درەوشاوەی میژووی خەبات و تێکۆشانی هات و نەهاتی هەرمانی کوردە. دەوا روحت شاد ئەی مەشخەبەدەستەکەی کورد و کوردستانەکەم.

“بەیای مامە عومەر با ئەو نەقلەشاتان بۆ بگیرمەوە.

کاتێک بۆ رەزگاربوون لە ئیعدامی مامە عومەر دەچەنە لای مونتەزیری دەلین قوربانی بۆ کاریکی وا هاتوینە خزمەتت.

مونتەزیری دەلی” هەموو کاریکی هاسانە بە حەلی وەلییوللە ئەوکارە زۆر زەحمەتە”

دەپرسن قوربان بەریزتان ایەتووللە وەڵحوزمان کاری وا لە لای بەریزتان وەک ئاوو خواردنەوە.’

مونتەزیری دەلێ کورە بە شتیم مەزانن. ئەخر پیاوو بی و ناووت عومەر بیت. کورد بی هیچ سوونەش بی . سوونەش بی هیچ کورە لە تایفەی قازیان بی . ئەخر رەزگارکردنی وەها کەسیک کاری حەزرەتی فیلە. “

****

وەرگیراو لە لاپەڕەی فەیسبووکی ئەحمەد شێربەگی : عومه‌ری قازی و لێدانی یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی كوردایه‌تیم

١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بوو، له‌دواساتەکانی ڕێوڕەسمی بەشكۆی بەخاک ئەسپاردنی نەمر کاک عەزیزی یوسفی ئەندامی ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان وزیندانی سیاسی بەناوبانگی نێوزیندانەکانی ڕێژیمی گەندەڵی پاشایەتی دابووین کە له‌ كاتی بڵاوه‌ پێكردن داپیاوێکی باڵابەرزی بەهەیبەت بەناوی کاک عومەری قازی له‌ناو ئاپۆرای خه‌ڵكدا هاته‌ ده‌نگ و به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و كوتی:

”خه‌ڵكینه‌ له‌ولای بداق سولتان پۆلێك تێكۆشه‌ری دیكه‌ی رێگای ئازادیی كوردستان(شەهیدانی بزووتنەوەی چەکداریی ٤٦\٤٧) ڕاكشاون كه‌ به‌ده‌‌ستی ژانده‌رمه‌ ونۆكه‌رانی حه‌مه‌ره‌زا شای چه‌په‌ڵ شه‌هید كراون، باهه‌موومان وێكڕابچین سه‌ر گۆڕیان و یادیان بكه‌یه‌نه‌وه‌.”

ئه‌م لێداونەی ‌ تێکۆشەری چاونەترسی کورد كاك عومه‌ری قازی لەوسەردەمەدا کە کەڵ بە موو بەند بوو ، ڕووبە ئاپۆڕای هەزاران کەسی ڕێوڕەسمەکە وه‌ك برووسكه‌یه‌ك له‌ ناخم دا چه‌خماخه‌ی لێدا. هەر ئەم بانگەوازەش بوو کە بوو بە سەرەتای یەکەم خۆپێشاندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی ڕێژیمی گەندەڵی شایەتی و سەرئەنجام تەفروتوونا بوونی…

کاک عومەر قازی لەماوەی ژیانی سەربەرزانەی دا سەری بۆ هیچ داگیرکەرێک نەوی نەکرد و لە ڕێگای کوردایەتی وحیزبی دێمۆکرات دا باجێکی زۆری داو گەلێک ئازار وزیندانی چێشت بەڵام وەک چیا ڕاوەستا و کۆڵی نەدا…

لەناخی دڵمەوە بە کۆچی کاک عومەری قازی بە داخ بووم، پڕ بە دڵ سەرەخۆشی لە کچوکورەکانی ولە بنەمالەی نیشتمانپەروەری قازی ولە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و لە خەمیان دا بەشدارم…

یادو ناوی کاک عومەرقازی هەرمان وسڵاو لە گیانی نەمریی…

***

مەرگی سەربەرزانە!، مەلا محەممەد خزری

مەرگی خۆشەویستان لە هەرتەمەنێک دا بۆخۆشەویستانی، ناخۆش و دڵئازارە. غایەتێکی هێندێ خەسڵەت لەئامیزاد دا هەن، دوایی مەرگ ئەو بەزیندوو ڕادەگرن‌. لە ڕوانگەی خۆمەوە بێ زیدەوێژی: کاک عومەری قازی لەو کەسایەتییانەی گۆمەڵگای ئێمە بوو. تایبەتمەندییەکانی ئەو هەمیشە زیندوویە وەک: ئازایەتی، خەباتگێڕی و فیداکاری نابراو، بۆ ئەوە دەبن ببنە هەوێنی چیرۆک ورۆمانی نووسەرانی نەتەوەکەمان. زیاترلەدوازدەساڵ ژیانی لاوییەتی خۆی. لەبەندیخانەی ڕژێمەکانی شاو ئیسلامی دا بەڕێ کرد! هەموو سەروەت وسامان‌و تەنانەت نشتەجیی خۆدی خۆیشی حکومەتی ئیسلامی بردی بەتاڵان…

دوێنی ئێوارەیەکی درەنگەوەخت بەکاتی ئەم وڵاتەی لێی دەژیم، لە وڵامدانەوەی تەلێفوونی ئاشنایەک دا، چاوم بە هەواڵی ماڵئاوایی کۆچی دوایی، هاوڕێ ودۆستی لەمێژنەم،کاک عومەری قازی کەوت! هەواڵی مەرگێ خەباتگێڕیکی خۆشەویست کە هەموو تەمەنی خۆی بەسەروەت و سامانەوە کردەقوربانی نەتەوە بێ بەش و نیشتیمانەداگیر کراوەکەی…!

نەخۆشی ‌و پیری بڕستیان لێ بڕیوم؛ تەنەنات توانای ئەوەم نەبوو، بەچەند دێڕێک سەرەخۆشی و هادەردی خۆم، بەمنداڵە جگەرگۆشەکانی وهاوخەبات و دۆستەکانی ڕاگەیەنم؟… ئیستێش لە جیگادابەم چەند دێڕەکورتە، هاودەردی خۆم، بە هەڵالەخانم و کاک کامەران و سۆران و شیرن خانم رادەگەیەنم: هاوخەمتانم! خۆتان خۆشبن، هەرچەندهەرچی سەروەت و سامانی بووتان حاکمانی حکومەتی ئیسلامی، بردیان، ژاری ماریان بێ. بەڵام خۆشەویستان؛ باوکەتان سامانێکی لەبن نەهاتووی بۆ جێ هێشتوون ئەویش: شەرەف‌و ئازایەتی و ئەخلاقی کوردانەوخەباتگیڕییەو…

رۆژی یەک شەممۆ، شیرن خانمی کچی زەنگی لێدا. دوایی چاکوخۆشی پرسیاری مام هۆمەری باوکیانیم کرد… کوتی: “مام هومەر، ماوەیەکە بەهۆی کەم توانایی لاقەکانی زۆر ترلەجێگا دایە، ئەوە دەیەوێ قسەت دەگەڵ بکا” ئیتر دوایی بەڕەواڵی جارانی پێشتر دەستمان کرد بەباسی ڕابردوو. هیچ نیشانەیەکی تایبەتم تێدا بەدی نەکرد. وەکوو جارانی پێشوو، ماوەیەکمان قسەکرد. کوتم. دەگەڵ خوێندنەوە چۆنی؟ کوتی: لەسەرجێگا دادەنیشم دەخوێنمەوە،بەڵام وەک جاران ناتوانم خۆم لەسەر پێ خۆڕاگرم. لەکۆتایی تەلێفوونەکەدا کوتم: نارەحەت مەبە! تەمەنێکی پڕلەشەرەف‌و شانازی لەدوایی خۆت بەجێ دێڵی. لەوانەیە ئەمن بەرلەتۆ بمرم؟ ئەتۆ ئەوەی لەدەستت هات، وبڕوای کوردانەت حوکمی پێ کردی، لەپێناو ڕزگاری نەتەوەی خۆت بەجێت هێناوە. چ شانازییەک لەوە مەزنتر لە دوای نەمان، ڕۆڵەکانی نەتەوەکەت، شانازی بە ورەو ئەخلاقی کوردانەت بکەن. ئیترخواحافیزی مان لەیەکتر کرد.

کاک هۆمەر، ئازاونەترس! ئەخلاق و شەرەفی کوردانەت، گۆرە تاریکەکەت رووناک دەکەن، بەویژدانێکی دارماڵ لەخەمخۆری وفیداکاری بۆ نەتەوەکەت بنوو، روحت شاد.

****

یادی عمر قاضی، بێھروز کوردەحمەدی
ھەمیشە بە شانازی دەبێ!
بیرەوەرییەکی خۆش و لەبیرنەکراوم ھەیە لەو کەڵە پیاوە. بۆیە دەڵێم کەڵەپیاو چونکە بە نموونەی خۆڕاگریی و کۆڵنەدانی دەزانم.
پیاوێک، کوردێک، خەباتگێڕێک کە چ لە رژیمی شا و چ بە تایبەتیی لە ژێر زەبر و زەنگی رژیمی کۆ-مار ی پەت و سێدارەی ئیسلامیدا قەت نەترسا و کۆڵی نەدا و مەترسیی لە سەر ژیانی خۆی بە ھێند نەگرت.
بیرەوەریی من لە سەر عومەر قازی، کە لێرە نە بە کاک ی ناودەبەم و نە لەقەب و نازناوی دیکەی پێ دەدەم، چونکە راوەستانی حەماسەیی ئەو بەرامبەر بە دوژمن ئەوەندە گەورەیە کە پێویستی نییە نازناو بخەیتە پاڵ ناوەکەیەوە، دەگەڕێتەوە بۆ رۆژێکی بەھاریی ساڵی ١٣٥٨ی ھەتاوی، ١٩٧٩ی زایینی، پێش شەڕی سێ مانگەی رژیم بە دژی کوردستان.
ئەو رۆژە لە مەھاباد لە سالۆنێکی ساختمانی دەفتەری حێزبی دێمۆکرات دانیشتبووین و ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکیش لەوێ بوون. لە ناکاو دەرکە کرایەوە و پیاوێکی بەرزەباڵای کۆت و شاڵوار رەش کە بڕیار و ورە لە سیمای دەباری ھاتە ژوورەوە و بە دوای ئەویش دا پیاوێکی تۆزێک بە تەمەنتر پەیدا بوو کە شاڵوارێکی رەش و کۆتێکی خاکستەری و کراسێکی شینی خەت داری لە بەردا بوو و بزەیەکی حەکیمانەش لە سەر لێوی دەدرەوشایەوە.
لە تەنیشت منەوە گۆرانیبێژی بەناوبانگی کوردستان (کە لێرە ناوی نابەم چونکە ئێستاش هەر لە رۆژهەڵات و لە بن دەست دوژمن دایە) دانیشتبوو کە بۆ ئاگاداریی من گوتی ئەوە کاک عومەر قازی یە.
عومەری قازی بە دەم چاولێکردن لە ئێمەوە بە دەست ئیشارەی بە حەکیمی لێو بە بزە کرد و گوتی: کاک دوکتۆر عبدالرحمن قاسملوو!
من و ژمارەیەکی تر کە لەمێژ بوو چاوەنواڕی مزگێنییەکی وا بووین ھەستاینە سەر پێ و بە سەر و چاو و دڵ و گیان سڵاومان لە دوکتۆر کرد و بە خێرمان ھێنا.
شتێک کە ئەو رۆژە و ساڵەھای دوایەش ھەرگیز لە بیر و مێشکی من نەچوەتە دەر، شێوەی ناساندنی قاسملوو، کە یەکەم جار بوو پاش ساڵەھا خۆی دەردەخست، لە لایەن عومەر قازییەوە بوو.
لە سیما و قەڵافەتی پیاوانە و چاوی گیرای ئەودا شانازیی و شادیی ھێنانە ژووری رێبەری حێزبی دێمۆکرات دیار بوو بەڵام ئەو چەشنە ھەیەجان و دەست و پێ ونکردنە کە زۆر جار لە بەر جەزەبە و تەئسیری بوونی کەسایەتییەکی گرینگ دێتە ئاراوە، لە ئاکار و کردەوەی ئەودا بەدی نەدەکرا.
زۆر و زوڵم و زەبر و زەنگی رژیمی ئیسلامی بەرامبەر بە عومەر قازی و خۆڕاگری و پاڵەوانەتی ئەو ، کە خەبەرەکانی بڵاو دەبوەوە، وەڵامی ئەو پرسیارەی منی دەداوە کە ھۆی سەنگینیی و رەنگینیی ئەو، لە کاتی ناساندنی قاسملوو دا چی بوو.
عومەر قازی ھەر لە مێرمنداڵییەوە مەحزەری گەورە مرۆڤانی دیوە، خۆشی ویستوون و لە گەورەیی و جەزەبەشیان شلوێ نەبوە و نەترساوە. بە پێچەوانەی گەنجانی ھاوتەمەنی، بە بینینی سەرکۆماری کوردستان ھەڵنەھاتوە بەڵکوو سڵاوی کردوە و وەڵامی پرسیاری قاضی محمد ی داوەتەوە و خەڵاتیشی وەرگرتوە. کەسێکی وا، دیارە کە ھەر بەو باوەڕبەخۆبوون و خۆشەویستیشەوە دوکتور قاسملوو دەبینێ و بە خەڵکی دەناسێنێ.
عومەر قازی پێشمەرگەی بێ ئەملا و ئەولای شار بوو. بوونی و تەسلیم نەبوونی بەرامبەر بە زەبر و شکەنجە و حوکمی بیست ساڵ زیندان و ھەڕەشەی ئێعدام کردنیشی، چیرۆکی حەماسەی پێشمەرگانە و داستانی مێرخاسیی کوردانەی عومەر قازی یە کە دەبێ بە ئاوی زێڕ بنووسرێ و لە بەرۆکی دیرۆکی شۆڕشی رزگاریخوازیی بدرێ.
جا زۆر سەیر نییە کە عومەر قازی لە زێدی خۆی مەھاباد دیسان بە ئاڵای کوردستان و یادگاری قاضی محمد خەڵات دەکرێ و تەرمی پاکی لە ناو رێز و حورمەتێکی شایان دا بە خاک دەسپێردرێ.
عومەر قازییەکان کەم نین بەڵام لە ناویاندا ئەم عومەر قازی یە دەگمەنە.
یادی پیرۆز و گیانی پاکی شاد و ئازاد بێ!
بێھروز کوردەحمەدی
***
عومەری قازی ئینسانێکی بەوەفا لە ژیانی شەخسی و ژیانی سیاسیدا، حەسەن قازی
کارنامەی سیاسی نەمر عومەری قازی بە نووسینی چەند لاپەڕە کۆتایی نایە، بە تایبەتی چالاکییەکانی لە پێوەندی نزیک لەگەڵ شەهید سولیمان موعینی ( فایق ئەمین) لە سەرەتای ساڵانی ١٣٤٠ هەتاوی دا کە زۆر جار لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگە هاتوچووی دەور و بەری سابڵاغ و موکریانیان دەکرد.
لێرە دا دەمەوێ چەند بیرەوەرییەکی کورت لە مەعنەوییاتی بەرزی ئەو ئینسانە کۆڵنەدەر و سەر بەرزە بگێڕمەوە کە چون لە سەختترین هەلومەرج و بارو دۆخی هەرە بە پەژارەش دا قسە خۆشی و جیدییەتی تێکەڵ یەک کردووە. لە سەر دەمی ڕێزیمی پاشایەتیدا ئەو کاتەی کاک عومەر لە زیندان بەر ببوو لە بەر هەڵبەسترانی سەدی سابڵاغ و وەبەر ئاو کەوتنی بەشێکی زۆر لە زەوی و زاری قازیاوا، دەوڵەت قەرەبووی دەدایەوە بەو خەڵکەی زەوی وزاریان وەبن ئاو دەکەوت. میرزا وەهابی قازیش باوکی کاک عومەر تۆڵەی بۆ کرایەوە و بەو پارەیە وابزانم نیوەی سینەما ئومێدیان کڕی و کاک عومەر وەک مودیری سینەما دەست بەکار بوو. کەسێک لە ئاشنایان لە حاڵ و ئەحواڵی دەپرسێ ئەویش وڵام دەداتەوە ئێستا ئەوە لە سینەما کار دەکەم” ئەگەر ئینقیلاب لێ گەڕێ “
دەگێڕنەوە پێشمەرگەیەک بە دەست پاسداران شەهید دەبێ و لە ڕێوڕەسمی ناشتنی دا لە بەیاننامەی ڕەسمی حیزبدا بە توندی هێرش دەکرێتە سەر ئەمپریالیزمی ئەمریکا و بە هۆکاری سەرەکی کووژرانی ئەو پێشمەرگەیە دادەندرێ، هەر لەو بارەیەوە وا بزانم لە سەر قەبران کاک عومەر دەڵێ: ” حەق عەلیمە ئەمپریالزمی ئەمریکا هەر روحیشی لە کووژرانی ئەو پێشمەرگەیە خەبەری نییە، ئەوە پاسدار کوشتوویانە “
دوای ئەوەی دەفتەری دەفتەری سیاسی حدکا دەگوێزێتەوە بۆ دەرەوەی شاری بۆ مەبەستێک کاک عومەر و چەند پێشمەگەر بەرەو دەفتەر دەچن بەڵام هەر دەڕۆن و ناگەنە جێی مەقسەد و کاک عومەر لە بەر ماندوویی ڕییە ڕوو لە ڕەفیقەکانی دەکاو دەڵێ: ” برا ئەو کوردستانە زۆر دوور و درێژە، بە کەس ڕزگار ناکرێ”.
مەشهوورە کە کاک عومەر ئەو دەمی کە لە سابڵاغێ دەستڕۆیو بووە دانووی زۆر لەگەڵ توودەییەکان نەکوڵاوە و ڕۆژێک لەگەڵ یەکیان لێی دەبێتە دمەقاڵە و دەڵێ: ” دەت بەمە سەر چۆمی ئاراز و لەوێ توورت دەدەم بەرەو ” سۆسیالیزم” “.
کە بۆ ماوەیەکی کورت لە سوێد مایەوە ئەمن لەو مەجلیسە بووم کە یەک دوو کەس لەو کۆنە توودەییانە هاتبوونە دیدەنی وی و ڕەوتی ڕووداەکان هەر دوولای هێنابووە سوێدێ.
نەمر کەریمی حیسامی کە بۆ ماوەیەک لە نزیکەوە هاوکاری تەشکیلاتی هەببوو لەگەڵ کاک عومەر بە ڕێزێکی تایبەتییەوە باس لەو کاری هاوبەشە دەکا و کورتەیەک لە نووسینەکانی حیسامی لەسەر کاک عومەر دەکەمە تێهەڵکێشی ئەو باسە کورتە
“گەڕانەوەی کاک عومەری قازی بۆ ئێران. کاک عومەری قازی پاش ماوەیەکی زۆر زیندان و ئەشکەنجە و ئازاری بە دەستی حکوومەتی ئاخووندی دەرباز ببوو، گەیشتبوە کوردستانی عێڕاق. وەک بۆی باس دەکردم مانەوەی لە عێڕاقیش زۆر لە ژیانی زیندانی کۆماری ئیسلامی خۆشتر نەبوە. هەر چۆنێک بوو کاک عومەر گەیشتە سوێد. بەو بۆنەیەوە ماوەیەکی زۆر لە مەهاباد پێکەوە لە تەشکیلاتی حیزبی دێمۆکڕاتدا هاوکار بوووین و دۆستایەتیمان لە برایەتیشی تێپەڕاند بوو ( بڕوانە لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی شەشەم کەریمی حیسامی) لە سوێد زۆر جار یەکترمان دەبینی و ئەگەر ڕۆژێک یەکترمان نەدیبایە تەلەفۆنی دەکرد و دەیگوت: ” لە کوێی؟ کەسم وەک تۆ دەست ناکەوێ دوو قسەی خۆمانەی لەگەڵ بکەم.”
کاک عومەر پڕۆژەیەکی هەبوو کە ژیانی زیندان و ئازار و ئەشکەنجە و سەر بردەی خۆی بنووسێتەوە. بە داخەوە خێزانی کاک عومەر تووشی نەخۆشی شێر پەنجە ببوو. پاش ئەوەی لە سوێد نۆژداری کرا،ئیتر هیوا بە ژیانی نەما بوو دەیویست بچێتەوە لە وڵات ماڵاوایی لە نیشتمان و کەس و کاری بکات . ئەو مەسەلەیە بۆ کاک عومەر ببوە داخ و دەردێکی بە ژان و قورس.دامابوو لەگەڵ خێزانی بچێتەوە زیندانێکی سەر ئاواڵە و بەر فراوانی وەک ئێرانی ئێستا، یا خێزانی بە تەنیا بنێرێتەوە و خۆی لە سوێد بمێنێتەوە.
ڕۆژی ٢٢/٤/٩٥ تەلیفونم لێکرد گوتم با بچین لە رەستورانێکی چینی نانێکی باش بخوین. گوتی جا ئەو سەگبابانە نانیان هەیە؟ قەتم لە بیر ناچێ لە سەر نانخواردن کاک عومەر گوتی: ” کاک کەریم تووشی ئاستەنگێکی دژوار بووم هیچم بۆ ناکرێ مینا خانم تازە تەواو بوە. دەزانێ ناژی. پێ – شی داگرتوە بەم حاڵە پچێتەوە مەهاباد . دەزانم ئەگەر ماوەیەک ڕاوەستێ، تەواو دەبێ بەڵام بۆ گەڕانەوە بە پەلەیە، ناشتوانم تەنیا بینێرمەوە، هەر چەند لەوێ کەس و کاری هەنە و پێشوازی لێدەکەن. بەڵام ئەگەر بە تەنیا بچێتەوە، بۆ من دەبێتە داخ و دەردێک هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە و بەرم نادا. ” گوتم بەڵکوو منداڵەکان ڕازی بکەن کە بۆ گەڕانەوە تاڵووکە نەکات. با لێرە لە کن منداڵەکان بێ.
گوتی فایدەی نییە بڕیاری داوە بگەڕێتەوە .منیش دڵم بڕوانادا هیچی پێ بڵێم. پێم خۆشە تۆ کە سەری دەدەی، بە جۆرێک حاڵی بکەی کە گەڕانەوە هیچ دەردێکمان دەوا ناکات. بەڵکوو بە قسەی تۆ قەناعەتی بێت. ڕۆژی دوایی لەگەڵ دایکی کەماڵ چووینە سەردانی لە خەستەخانەوە بردبوویانە شوێنێکی حەسانەوە کە پاش برینکاری هێندێ نەخۆشی لێدادەنێن . زۆر بە پارێز لەگەڵم باس کرد. دیار بوو بڕیاری گەڕانەوەی دابوو. قسەکانی کاک عومەر و بار و دۆخی ژیانی ئەوان کاری تێکردم و زۆر ناڕەحەت بووم. ئەو کاک عومەرەی ئازا و بە هیممەت و بە شەخسییەت بە دەست چارەنووسێکی تەماوییەوە داما بوو هیچی بۆ نەدەکرا.
ڕۆژی ٢٧/ ٤/ ٩٥ چووینە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم کە کاک عومەر و مینا خانم بەڕێ بکەینەوە. گەلێک لە دۆست و برادەران تەنانەت لە شارەکانی دیکەشەوە هاتبوون بەشداری لەم ڕووداوە داخدارە دا بکەن. تەم و خەفەت بە سەر برادەرانی بەشدار بوو دا باریبوو. هەوەڵجار بوو عومەری قازیم دەبینی لە کاتی ماڵاواییدا ئاوی لە چاوان بگەڕێ. تۆزێک بەوە هاتمەوە سەر خۆ کاتێ دایکی کەماڵ دیارییەکی بچووکی دۆستانە و برایانەی لە پاکەتێکدا بۆ میناخانم دا بە کاک عومەر و ئەویش سوپاسی کرد. نازانم برادەرانی دیکە، بەڵام بە ڕاستی ئێمە چەند ڕۆژ ئەو دیمەنە داخدارەمان لە هزر و بەرچاو بزر نەدەبوو. پاش ماوەیەکی کەم خەبەر هات کە مینا خانم دوور لە منداڵەکانی سەری ناوەتەوە وکاک عومەری قازی ئەمجارە بە داخ و کەسەرێکی زیاترەوە بە تەنیا لە مەهاباد ماوەتەوە. لە سوێد دۆست و برادەران و منداڵەکانی ١١ /٦/ ٩٥ پرسە و سەرە خۆشیان بۆ مینا خانم دانا و بەم هاودەردییە ڕەنگبێ خەم و خەفەتی کچ و کوڕەکانی نوۆزی کەم بووبێتەوە. بەڵام بێگومان بۆ کاک عومەر کارەساتێکی دڵتەزێن بوو و زەحمەت لە بیر بچێتەوە. [ کەریمی حیسامی، لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی یانزدەهەم ١٩٩٥-٢٠٠١، ستۆکهۆڵم ٢٠٠١]
ئەو بەسەرهاتەی نەمر کەریمی حیسامی ئاوا بە قەڵەمە بە بڕشتەکەی دایڕشتووە لووتکەی کەرامەتی ئێنسانی دەنوێنێ لە کەسایەتی ئینسانی گەورەی لەدەست چوو عومەری قازیدا.
****

ئه‌وشه‌وه‌ی چاره‌نووسی تێکۆشه‌ری ناودار،عومه‌ری قازیی گۆڕی، قادر وریا
له‌ مێژ ساڵه‌ ده‌مه‌وێ له‌ 16ی گه‌لاوێژێک دا یادی تێکۆشه‌رێک بکه‌مه‌وه‌ که‌ سه‌ره‌رای رابردووی درێژی له‌ خه‌بات و تێکۆشان له‌ پێناوی حیزبی دیموکرات و نه‌ته‌وه‌که‌ی و سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌مووه‌ ره‌نج و زه‌حمه‌ته‌ی له‌ رێگای رزگاریی کوردستان و ئازادیی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا داویه‌تی، تا ئێستاش حه‌سانه‌وه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. تا ئێستاش به‌ داخه‌وه‌ ئاواته‌که‌ی له‌ ته‌واوه‌تیی خۆی دا نه‌هاتۆته‌ دی، و له‌چه‌ند پارچه‌ی کوردستان، ته‌نیا یه‌کێکیانی به‌ رزگاربوویی دیوه‌، به‌و حاڵه‌ش به‌ سەری پیرییش ناهێڵن وه‌حه‌سێ و به‌ ئاسووده‌یی له‌ ماله‌که‌ی خۆی و له‌ شاره‌که‌ی خۆی دا دابنیشێ.
باسی کاک عومه‌ری قازی ده‌که‌م. بۆیه‌ش‌ له‌ 16 ی گه‌لاوێژێک دا ده‌مه‌وێ یادێکی لێ بکه‌مه‌وه‌، چونکه‌ له شه‌وی ‌ 16ی گه‌لاویژی 1362ی هه‌تاوی دابوو که‌ مه‌سیری ژیانی کاک عومه‌ر گۆڕا.
هاوینی 1362ی هه‌تاوی بوو. من و چه‌ند هاوڕێیه‌کی یه‌کیه‌تیی لاوان بۆ گه‌شت و گه‌ڕانی ته‌شکیلاتی و ته‌بلیغاتی له‌ ناوچه‌کانی شنۆ و نه‌غه‌ده‌ بووین. ده‌مانه‌ویست بگه‌ڕێینه‌وه‌ ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌. به‌ڵام نه‌ک به‌ رۆژ به‌ڵکوو شه‌وانه‌ش په‌ڕینه‌وه‌ له‌ رێگای نه‌غه‌ده‌- پیرانشار به‌ زه‌حمه‌ت بوو، چونکه‌ ماوه‌یه‌ک بوو به‌ شه‌و هێز بۆ به‌ره‌کانی شه‌ڕی ئێران و عێراق له‌ ورمێ را ره‌وانه‌ ده‌کرا،هه‌ر بۆیه‌ به‌ شه‌ویش له‌ سه‌ر رێگا سه‌ره‌کییه‌کان ته‌ئمینی جاده‌یان داده‌نا. ده‌وروبه‌ری 12-13ی گه‌لاوێژ بوو که‌ له‌ ده‌وروبه‌ری قه‌لاتان و زه‌لیلان تووشی10-12 که‌س پێشمه‌رگه‌ی کۆمیته‌ی ورمێ بووین. ئه‌وان هه‌موو ئه‌سپیان پێ بوو. کاک عومه‌ری قازییشیان له‌ گه‌ڵ بوو. کاک عومه‌ر که‌ تا ئه‌و کات به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستانی ورمێ بوو، ماوه‌ی کارکردنی له‌ وێ ته‌واو ببوو و ده‌یه‌ویست بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب. پێشمه‌رگه‌کان بۆ هێنانی ته‌قه‌مه‌نی له‌ ده‌فته‌ری سیاسی ده‌چوون و هه‌ر له‌و کاته‌ دا کاک عومه‌ری قازییشییان ده‌گه‌یانده‌وه‌ ده‌فته‌ر. ئێمه‌، تیمی یه‌کیه‌تیی لاوان که‌ 3-4 که‌س بووین، له‌ گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه‌ چه‌ند شه‌و و رۆژێک له‌ دێیه‌کانی زه‌لیلان، حه‌سه‌ننووران، دێشه‌مس ، چواربۆت و وه‌زنێ پێکه‌وه‌ بووین. له‌ راستیدا چاوساغیان ئێمه‌ بووین. سه‌ره‌نجام بڕیارمان دا شه‌‌وی 16ی گه‌لاوێژ که‌ مانگه‌شه‌وێکی خۆش بوو له‌ دێی وه‌زنێ را به‌ نێو دێمه‌ و زه‌وی و زاری دێهاتی تورکنشینی ئه‌و نێوه‌دا وه‌ڕێ که‌وین و له‌ جاده‌ی ورمێ –مه‌هاباد بپه‌ڕینه‌وه‌ و بچینه‌ “گۆلێ” و “گرده‌قیت”. له‌ نزیک دێی تورکنشینی “یادگاریان”هێشتا مابوومان بگه‌ینه‌‌‌ سه‌ر جاده‌ی ورمێ- مه‌هاباد که‌ سه‌فه‌که‌مان راگرت و هه‌ر کامێکمان له‌ جێی خۆمان راوه‌ستاین. دوو که‌سی پێشه‌وه‌مان نارد بچن جاده‌که‌ تاقی بکه‌نه‌وه‌ تا بزانین که‌مینی لێیه‌ یا ته‌ئمینی جاده‌ هه‌یه‌ یان نا؟ کاک عومه‌ر که‌ به‌ سواری بوو له‌ دواوه‌ی سه‌فه‌که‌ بوو. سه‌ره‌نجام هاوڕییان پاش پرسیار له‌ چه‌ند که‌سیک که‌ به‌و شه‌وه‌ به‌ کۆمباین دروێنه‌یان ده‌کرد، وه‌زعه‌که‌یان لێ روون ببۆوه‌ و دڵنیا ببوون که‌ سه‌ر رێگا که‌مین و ته‌ئمینی لێ نییه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ لامان. ده‌مانه‌ویست وه‌ڕێ بکه‌وینه‌وه‌ و درێژه‌ به‌ رێگاکه‌مان بده‌ین که‌ ده‌رکه‌وت کاک عومه‌ر له‌ گه‌ڵ سه‌فه‌که‌ دا نییه‌ و لێمان هه‌ڵبڕاوه‌. ماوه‌یه‌کی باش چاوه‌روانیمان کرد، یه‌ک دوو که‌سمان نارد به‌ره‌ودواوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵکوو کاک عومه‌ر گه‌رابێته‌ دواوه‌، به‌ڵام شوێن پێیه‌کان وایان نیشان نه‌ده‌دا. له‌م نێو گه‌نم و مه‌زراو وچۆله‌واره‌ به‌و نیوه‌ شه‌وه‌ ماوه‌یه‌کی باش چاوه‌روانیمان کرد،به‌ بانگ کردن و ئیشاره‌تی دیکه‌ش هه‌وڵمان دا سه‌روسۆراغێکی بکه‌ین، هیچ فایده‌ی نه‌بوو. هێشتا زیاتر له‌ سه‌عاتێکمان رێگا مابوو بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ دێهاتی کوردنشین. نه‌ده‌کرا له‌وه‌ زیاتر له‌و شوێنه‌ بمێنینه‌وه‌. له‌و په‌ڕی سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانی له‌ ونبوونی کاک عومه‌ر دا، به‌ره‌و “گۆلێ” وه‌ڕێ که‌وتین وپاش وچانێکی کورت، چه‌ند لاوی بڕواپێکراومان راسپارد بۆئه‌وه‌ی به‌ رووناکی بچنه‌ شوێنی ونبوونی هاوڕێکه‌مان، خه‌به‌رێکی بزانن و ئه‌گه‌ر له‌و ده‌وروبه‌ره‌ خۆی حه‌شار دابێ، رزگاری بکه‌ن، تاریکوروونی به‌یانی له‌ گۆلێ وه‌ده‌رکه‌وتین و چووینه‌ گرده‌قیت.
ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆیه‌ بووکه‌ هاوڕێیانی کۆمیته‌ی ناوچه‌ی خه‌لیفه‌لیان خه‌به‌ریان بۆ هێناین که‌ له‌ ده‌وروبه‌ری یادگاریان، خه‌ڵکی چه‌کداری یه‌کێک له‌و گوندانه‌(وام له‌ بیره‌ یادگاریان بوو) که‌سێکیان گرتوه‌. دوایه‌ دڵنیا بووین که‌ که‌سه‌که‌ کاک عومه‌ری قازییه‌ و به‌ داخه‌وه‌ ئاوا به‌ هاسانی که‌وتۆته‌ ده‌ستی کۆماری ئیسلامی.
کاک عومه‌ر که‌وته‌ به‌ندیخانه‌ی کۆماری ئیسلامی. جاروبار که‌ که‌سێکی له‌ به‌ندیخانه‌ رزگاربووم ده‌دی باسی خۆڕاگریی کاک عومه‌ری قازیی له‌ به‌ندیخانه‌ دا بۆ ده‌کردم و شتێکی زۆری دیکه‌م له‌ باره‌یه‌وه‌ نه‌ده‌زانی. سه‌ره‌نجام 10 سال دواتر، سه‌ره‌تای هاوینی 1372رۆژێک له‌ بۆڵێ خه‌به‌رم بیست که‌ کاک عومه‌ر، مه‌هابادی به‌ جێهێشتوه‌ و به‌ ماڵ و منداله‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ر و ئه‌وه‌ له‌ سکرتاریایه‌. له‌ گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌ک له‌ ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژنامه‌ی “کوردستان” چووینه‌ خزمه‌تی. زۆر تێک شکابوو و دیار بوو زیندان و ئه‌شکه‌نجه‌ و له‌ ده‌ستدانی نزیکترین یارانی له‌ به‌ندیخانه‌ دا، ته‌واو تێکی شکاندبوو. هه‌ر له‌و دیداره‌ دا وه‌بیرم هێنایه‌وه‌ که‌ شه‌وی رووداوه‌که‌ منیش له‌ گه‌ڵیان دابووم و ته‌نانه‌ت لێشم پرسی بۆ چی لێمان هه‌ڵبڕا. به‌راستی نه‌مزانی چ وڵامێکی دامه‌وه‌ و چ هۆیه‌کی بۆ هه‌ڵبڕانه‌که‌ی باس کرد. به‌ڵام زۆر خۆشحاڵ بووم که‌ جارێکی دیکه‌ چاوم پێی که‌وتۆته‌وه‌.
کاک عومه‌ر و مینا خانمی هاوسه‌ری و کاک‌ کامڕان و کوڕێکی دیکه‌ی کاک عومه‌ر که‌ وا بزانم ناوی سۆران بوو،له‌ کاتێک دا له‌ بناری قه‌ندیل که‌وتبووینه‌ به‌ر تۆپ و کاتیۆشابارانی کۆماری ئیسلامی، هاتنه‌وه‌ نیو کۆڕی یارانی پێشمه‌رگه‌یان و زۆری پێنه‌چوو به‌ره‌و کۆیه‌ داگه‌ڕاین و له‌ نزیک کۆیه‌ گیرساینه‌وه‌. که‌متر له‌ سالێک له‌ لامان بوون و دواتر به‌ هاوکاریی کۆمیساریای په‌نابه‌ران(un)، ئه‌وان چوونه‌ سوید. کاک عومه‌ر له‌ سویدیش زۆر نه‌مایه‌وه‌ وکاتێک زانیی مینا خانمی هاوسه‌ری به‌ داخه‌وه‌ به‌ هۆی نه‌خۆشییه‌کی کوشه‌نده‌، خه‌ریکه‌ ماڵاوایی یه‌کجاری له‌ ژیان ده‌کا، له‌ گه‌ڵی چۆوه‌ مه‌هاباد بۆ ئه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ته‌مه‌نی له‌ نزیک گڵکۆی هاوسه‌ر و یاری به‌وه‌فای ژیانی پڕ له‌ سه‌خڵه‌ت و تاڵی و له‌ نێو خه‌ڵکی شاره‌که‌ی و له‌ نیشتمانی خۆشه‌ویستی دا تێپه‌ڕ بکا. له‌و کاته‌وه‌ کاک عومه‌ر، که‌ له‌ ژیانی دا به‌ هه‌ڵنه‌کردن له‌ گه‌ڵ سته‌م و زۆرداری و به‌ سه‌ردانه‌نواندن بۆدۆژمنانی نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌ناوبانگ بووه‌، کونجی ماته‌می هه‌ڵبژاردوه‌ و دوور له‌ زۆربه‌ی هاوباوه‌ڕان و خۆشه‌ویستانی رۆژگار تێپه‌ڕ ده‌کا.
له‌ بیرمه‌، ئه‌و شه‌وه‌ی له‌ “وه‌زنێ”ی زێدی کاک فه‌تاح عه‌بدولیی ره‌حمه‌تی را به‌ره‌و سندووسی خوارێ وه‌ڕێ ده‌که‌وتین، هاوڕیی خۆشه‌ویستم ره‌سووڵ دانایی(سیروان) که‌ هه‌میشه‌ به‌ “خاڵه‌” بانگی ده‌کردم کوتی:’خاڵه! نێوێکی شه‌و دابنێ نه‌وه‌ک له‌ رێگا لێک هه‌ڵببڕێین، با یه‌کتری پێ بناسینه‌وه‌‌”. من ده‌سبه‌جێ “شنۆ-16” م به‌ مێشک داهات. چونکه‌ شه‌وی 16ی گه‌لاوێژ بوو، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش له‌ شنۆیه‌ را به‌ره‌و سندووس ده‌چووین، “شنۆ”شم کرد به‌ تایه‌کی دیکه‌ی ناوی شه‌وه‌که‌. ئه‌و ساته‌ی ناوه‌که‌م به‌ هاوڕێیانی ریزه‌که‌ راده‌گه‌یاند، مانگ به‌ پڕی له‌ لای رۆژهه‌لاتمان له‌ سه‌ر گۆلی ورمێ را هه‌ڵ ده‌هات و رووناکی مانگ جوانییه‌کی تایبه‌تیی به‌ سه‌فی هاوڕێیانم له‌ نێو کۆڵانی دوا ماڵه‌کانی گوندی وه‌زنێ دابوو. به‌ دنیایه‌ک هیوا و دڵخۆشییه‌وه‌ به‌ره‌وه‌ مه‌قسه‌د ده‌ڕۆێشتم. نه‌مده‌زانی ئه‌وه‌ دوا شه‌وم له‌ گه‌ڵ تێکۆشه‌ری دێرین کاک عومه‌ری قازییه‌، نه‌مده‌زانی ئه‌وه‌ کۆتایی دوا سه‌فه‌رمه‌ بۆ شنۆ و نه‌شمده‌زانی ئه‌وه‌ دوا سه‌فه‌رمه‌ له‌ گه‌ڵ هاوڕێی خۆشه‌ویستم ره‌سووڵ دیو‌ه‌خان و دوای چه‌ند مانگی دیکه‌، ئه‌ویش وه‌ک کاک عومه‌ر به‌ دیلی ده‌که‌وێته‌ ده‌ستی دۆژمن. ئێستا که‌ یادی ئه‌و رووداوه‌ ناخۆشه‌ ده‌که‌مه‌وه‌، خۆزگه‌ ده‌خوازم شێعره‌ جوانه‌که‌ی کاک موزه‌ففه‌ر نامداریم له‌ به‌ر بوایه‌ که‌ له‌ ژێر کاریگه‌ریی گێڕانه‌وه‌ی مندا، بۆ به‌دیلگیرانی کاک عومه‌ری قازیی نووسیبووی:
” آن مرد آمد… اسبش سفید…
قادر وریا کۆیه‌ 16ی گه‌لاویژی 1391

بابەتی پەیوەندی دار کە پێشتر لە سایتی پێشمەرگەکان بڵاو کراونەتەوە

بەشێک لە بیرەوەرییەکانی کاک عومەری قازی

بابەتی کاک ناسر PDF

پەیام و نووسینەکانی کە دوای کۆچی‌دوایی کەسایەتی نەتەوەیی و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات کاک عومەری قازی بڵاو کراونەتەوە. 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی