"an independent online kurdish website

دەنگ

بەشی یەکەم: دو جۆر نەتەوە خوازی

بەشی یەکەم: دو جۆر نەتەوە خوازی

بەشی دووهەم: دۆزی کورد لە چەمکی نەتەوە خوازی مەدەنی دا

بەشی سێهەم: رەچەڵەک ناسی هزری عەبباسی وەلی

بەشی چوارەوم: عەبباسی وەلی مەسەلەی سەروەری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان

بەشی پێنجەم:  عەبباسی وەلی و کۆڵمەزی دیواری ئیتنیکی

****

وتاری پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە کۆنفڕانسی راوێژی ڕۆژهەڵات ، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان یەکشەمە ٢١-ی فێڤرییەی ٢٠٢١، هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

وتاری پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە کۆنفڕانسی راوێژی ڕۆژهەڵات ، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

یەکشەمە ٢١-ی فێڤرییەی  ٢٠٢١

هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: سپاسوو دەکەم، دەنگی منوو هەیە؟

لە پێشدا سڵاو دەکەم لە بینەران و بیسەرانی ئەو بەرنامە، هەر واتر لەو بەڕێزانەی کە بەشدارن لەو بەرنامەی ئێستا. ئەمن پێم خۆشە باسەکەم بەو جوورەی دەست پێ بکەم کە جوورێک تەحلیل و باس کردنی دەقیق لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زەحمەتە. سەبەبەکەی ئەوەیە کە تا ئێستا کاری دەقیقی مەیدانی و کاری دەقیقی تێۆریک هەم لە لایەن  ڕەوشەنبیرانی کوردەوە و هەم لە لایەن حیزبە سیاسییەکان لەمەڕ کوردستانێ زۆر زۆر کەم کراوە. زۆر لەو شتانەی ئێمە دەیزانین ئەوانەیە کە خەڵک پێمان دەڵێن یان بەعزە وەختێکی دەبینی لێکۆڵینەوەیەک دەبێ، کتێبێک دەبێ، نووسراوێک دەبێ دەیخوێنینەوە.

ئەوانەی کەئەمن لێرە باسی دەکەم ئەوە بۆچوونەکانی شەخسی خۆمە و هیوادارم ئەگەر کەسانێک لەگەڵ وەی یەک نەبن و موافیق نەبن دەمەوێ بڵێم ئەوە تەنیا و تەنیا بۆچوونەکانی خۆمە لێرە.

کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر ئەو جوورەی لە کرانەوەی کۆنفڕانس ئاماژەی پێ کرا ٤٢ ساڵە لە ژێر سوڵتەی جمهووری ئیسلامی دایە. سوڵتەی جمهووری ئیسلامی لە کوردستانێ هیچکاتێک شەرعییەتی نەبووە، مەشڕووعییەتی نەبووە، نە مەشڕووعییەتی قانوونی، نە مەشڕووعییەتی ئیدێئۆلۆژیک. بەو مانایەی کە نە خەڵک دەنگیان پێ داوە کە مەشڕووعییەتی قانوونی هەبێ و نە خەڵک لە ڕووی ئیدێئۆلۆژیکەوە وەدوای کەوتوون و پشتیوانییان لێ کردووە. مەسەلەی ئەسلی ئەوەیە کە ئەو دیوارەی بەینی خەڵکی کوردستانێ و جمهووری ئیسلامی کێشراوە دیوارێکی زۆر قایم بووە و هەتا ئێستا ئەوە دیواری هوویەتی، ناسنامە و یا پێناسەی  کوردییە کە جمهووری ئیسلامی نەیتوانیوە بە تەواوی هێز وقووەتی خۆی ئەو دیوارە بشکێنێ و لەوێ بچێتە ژوورێ و لەوێ جوورێک شەرعییەتی بۆ خۆی پەیدا کا یا جوورێک هاوڕایی وهاوکاری دەگەڵ خەڵکی مەبەستمە بە بێ زەخت پەیدا بکا. لەبەر ئەوەی هەتا ئەو وەختەی کە ئەو هویە بەردەوامە چ لە باری زمانییەوە، چ لە باری ئێتنیکییەوە، چ لە باری بەشی زۆری خەڵکی کوردستانێ لە باری مەزەبییەوە، چ لە باری فەرهەنگی و تاریخییەوە سوڵتە واتە دەسەڵاتی جمهووری ئیسلامی لە کوردستانێ هەمیشە حاڵەتێکی دەرەکی پەیدا دەکا. لەبەر ئەوەی کە حاڵەتی دەرەکی پەیدا دەکا جمهووری ئیسلامی هیچ ڕێگایەکی نییە جگە لەوەی کە ئەو سوڵتەیە بە شێوەی زەخت و بە ئامڕازی زەخت دابمەزرێنێ. بۆیە لە کوردستان تەنانەت قانوون، تەنانەت دادگوستەری،حەتا قەزا بەشێوەیەکی زۆر ڕوون حاڵەتێکی زەخت و زەبروزەنگ و سەرکوتیان هەیە. ئەو حاڵەتی دەرەکی بوونی سوڵتەی سیاسی جمهووری ئیسلامی لە کۆمەڵگای کوردستانێ بە باوەڕی من یەکێک لە گەورەترین تایبەتمەندییەکانی وەزعی ڕۆژهەڵاتە  نیسبەت بە جیگاکانی دیکەی کوردستان. هەڵبەت لەمەڕ بەلوچستانیش دەکرێ ئەوە بگوترێ، سەبارەت بە  خووزستانیش دەکرێ ئەوە بگوترێ. بەڵام مەسەلە ئەوەیە لە ڕۆژهەڵات ئەو هوییەتە زۆر باشتر لە نەزەر فەرهەنگی و زمانییەوە باشتر پارێزراوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ئەو سوڵتەی جمهووری ئیسلامی حاڵەتێکی دەرەکی هەبووە نیسبەت بە کۆمەڵگای کوردی ناتوانین بڵێین کە تەئسیراتی ئەساسی لە سەر کوردستانێ نەبووە. ئەو تەئسیرانە ئەساسەن دە چوارچێوەی ئەو هەلومەرجی قەیران کە لە خودی ئێرانێ یانی لە ئێرانێ هەن لە کوردستانیش بەو شێوەی هەبوون. بۆ وێنە ئێمە دەبینین لە کوردستانیش حەول دراوە چینێکی وەکوو بورژوازی ڕانت خۆر لە کوردستانی ساز کەن. لە هێندێک جێ سەرکەوتوون لە هێندێک جێگا سەرنەکەوتوون دەو کارەی دا. و هەر وەتر سوڵتەی ئابووری ڕێژیم لە تەواوی کوردستانێ یەکدەست نەبووە. بەکارهێنانی زەختیش لە تەواوی کوردستان یەکدەست نەبووە. ئەلئان دۆخێکی ئاوا هاتووەتە گۆڕێ کە  ناهەماهەنگی لە نێوان شیمال و جنووبی کوردستانی هێناوەتە پێشێ کە بە نەزەری من و بە نەزری بەعزە کەسانێکی دیکە کە لەوەزعی کوردستانێ دەکۆڵنەوە ئەوەیە کە سێنتری ڕادیکاڵیزمی سیاسەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی لە شوماڵێ بۆ جنووبی گوێزراوەتەوە. ئەلئانەکە ئەوە زۆر بە زەقی دیارە کە مەنتەقەی موکریان ئەو ڕادیکاڵیزمی پێشووی بەو شێوە نەماوە یانی زۆر کەمترە لە مەنتەقەی جنووبی کوردستانێ. مەبەستم سنە و مەریوان و کامیاران و پاوە و ئەو مەنتەقانەیە کە دەبینین لە نەزەر بەربەرەکانی و دەرگیری ڕاستەوخۆی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دە کۆمەڵگای دا لە بەشی موکریان زۆر فەعالترە. ئەوە بە نەزەری من یەکێک لە نەتیجەکانی ئەوەیە کە کاربوردی زەخت، یا زەختی ئابووری یا ئەو جۆرە کۆنتڕۆڵەی کە لەوێ بە کار هێندراوە زۆر شەدیدتر بووە و زۆرتر لەوێ ئەو وەزعەی هێناوەتە پێشێ. لە لایەکی دیکەوە نیسبەت بە چل ساڵ پێش یان سی و چەند ساڵ پێش بەشداری خەڵکی دە سیاسەتێ دا، یانی کوردستان زۆرتر بە شێوەیەکی گشتی نەک  بە شێوەیەکی حیزبی، بە شێوەیەکی گشتی سیاسیتر بووە کوردستان. زۆر سیاسی تر بووە. بارودۆخەی دا کە پاندێمی واتە پەتای کۆڕۆنا هێنایە پێشێ بە تەواوی ئەوەی خستە ڕوو. ئێمە دیتمان وەختێک کە حکوومەت نەیدەتوانی لە حەفتەکانی ئەوەڵی ئەو پاندێمییەی دا هیچ جوورە کارێکی ئەساسی لە کوردستانێ بکا لە بەشی زۆری شارەکان و هەر وەتر لە دێیەکان، لادێکان خەڵک بۆخۆیان شوورا – ئەمن لێرە دا شوورا بە شێوەیەکی گشتی بەکار دێنم – وەک ئۆرگانی هاوکاری موتەقابیل ، بۆ خۆیان ئەو کارەیان بە دەستەوە گرت و مەسەلە ئەوە بوو کە دەو چوارچێوەیە دا جوورێک ڕەفتار کرا، جوورێک حەڕەکەتی سیاسی کرا کە حەڕەکەتی بەشدارانە بوو، حەڕەکەتی نوێنەرایەتی نەبوو. ئەوە بۆ خۆی بەباوەڕی من لە نەزەر نەوعی بەرخوەدان لە کوردستانێ دا تایبەتمەندییەکی تازەی هێناوەتە پێشێ کە دەبێ کەلکی لێ وەربگیرێ. لە سەر ئەوە کاری مەیدانی کراوە، بۆیە دەڵێم ئێمە دەمان دی. ئەمنیش لە سەرم نووسیوە، یەک دوو کەسی دیکەش لە سەریان نووسیوە. ئێمە دەمان دی کە لادێ لەگەڵ شاری بە واتس ئەپی، بە تێلێگرامی  پێوەندییان هەیە و پێکەوە هاوکاری دەکەن و فەزایەکی تازەکراوەتەوە.

یەکێکی دیکەش مەسەلەی کە پاندێمیک هێنایە پێشێ و زۆر فورسەتی کردەوە ئەوەیە کە لە کوردستان وەکوو بەشەکانی دیکەی ئێرانێ ئەو مەسەلەی کە پێی دەڵێن زیست پالیتیکس، بایۆ پاڵیتیکس، یانی ژین سیاسەت  لە کوردستانێ دا زۆر بەرز بووەتەوە بەو مانایەی کە چڕ بوونەوەی سیاسی خەڵکی هاتووەتە سەر مەسەلە سیاسییەکان، مەسەلەی بێهداشت، مەسەلەی نەخۆشی، مەسەلەی تەعلیم و تەربییەت، مەسەلەی ژنان، مەسەلەی وەزعی خانەوادەی، مەسەلەی پەیدا کردنی نانی ڕۆژێ، نانی شەوێ. ئەوانە تەوەرێکی تازەی بۆ بەرخوەدان لە کوردستانێ کردووەتەوە کە بە باوەڕی من دوو ئەهەمییەتی زۆر گەورەی هەیە. ئەو ئەهەمییەتی کە ئێمە دیتمان بەو وەزعەی کە هاتە پێشێ یانی حەڕەکەتی بەشدارانە لە کاری کۆمەڵایەتی خەڵکی دی کە لایەنی شەدیدی سیاسی هەبوو کەئاخری حکوومەت نەیتوانی  تەحەمولی بکا ئەوانەی لە بەین برد بەڵام ئەو کاکڵانە لەوێ ماون کە ئەوە زۆر گرینگە. دووەم ئەوەیە کە ئەو بابەتانەی بایۆ پاڵیتیکس، یانی ژین سیاسەت، زیست سیاسەتی کە هاتووەتە گۆڕێ ئیمکانێکی زۆر تازەی هێناوەتە پێشێ .

بە باوەڕی من ئێستا لە کوردستانێ دە وەزعێکی داین کە لە نەزەر سیاسییەوە کوردستان دەو چل ساڵەی دا بەلانی کەمەوە لەو سی و پێنج ساڵەی دا لە وەختێکی ڕا کە حیزبەکان لە کوردستانێ چوونە دەرێ و لە باشوور جێگیر بوون وەزعێکی تازە لە کوردستانێ هاتووەتە پێشێ ئەویش ئەوەیە کە ئێمە جۆرێک بونبەستی سیاسیمان هەیە نیسبەت بە پێوەندی سیاسەت دەگەڵ خەڵکی. دیارە بە شێوەیەکی دەقیقتر لە ساڵی ١٩٨٥ تا ئێستا ئێمە لەگەڵ وەزعێکی تایبەتی ڕووبەڕووین ئەویش ئەوەیە کە پێی دەڵێن جووڕێک ناسیۆنالیزم دە تەبعید دا. ئەگەر پێمان خۆش بێ یان پێمان ناخۆش بێ ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات دە تەبعید دایە. ناسیۆنالیزمی ڕۆژهەڵات دە تەبعید دا تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئەو تایبەتمەندییەش پێویستی بە ئۆرگان، نەهاد و سیاسەتەکانی تایبەتی خۆی هەیە. موشکلی ئەسڵی ناسیۆنالئزمی کورد دە تەبعید دا پێوەندی لەگەڵ جەماوەرێکە کە دەیەوێ نوێنەرایەتی بکا. وەختێکی نوێنەرایەتی کردن بە شێوەی ئاوا موشکیل دەبێ ئەو حیزبانە دەبێ ڕێگایەکی دیکە ببیننەوە کە دە کۆمەڵگا دا کار بکەن. بە باوەڕی من لێرە دا وەکوو ئەوە نییە کە حیزب وەکوو  وانگارد بێتە پێشێ و بڵێ وەدوای من کەون و فڵان ئەوە نییە، بە باوەڕی من ئەو وەزعەی کە دەو چل ساڵەی دا هاتووەتە پێشێ ئەهەمییەتی کۆمەڵگا و ئەهەمییەتی فەرهەنگی دە سیاسەتێ دا زۆر زۆر بەرز کردووەتەوە و بە باوەڕی من حیزبەکانی ئێمە دەبێ لەو وەزعەی – ئەوەی کە من پێی دەڵێم ناسیۆنالیزمی دە تەبعید دا – بە شێوەیەکی گشتی وەزعی سیاسی ڕۆژهەڵاتێ بەشی زۆری هەر ئەوە بووە. پاش ڕووخانی کۆمارێ، پاش گیروگرفتی ١٩٥٩ و پەلاماری ساواکی تەواوی ئەو مودەتەی دەبینین کە کاکڵ و مەرکەزی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی یە. و هیچ وەختێکیش ئەو حیزبانە بە شێوەیەکی فەعال نەجووڵاونەتەوە، مەبەستی من مەسەلەی پێکهێنانی ڕێکخراوی مەخفی و ژێر زەمینی نییە. مەبەستی من  کار کردن دە بەینی خەڵکی دایە.

ئەو هەلومەرجەی کە کۆڕۆنا ‌هێناویەتە پێشێ  ئەوەی بە ئێمە نیشان دەدا کە خەڵک زۆر سیاسییە لە کوردستانێ و ئامادەگی هەیە کە لە سەر ئەو مژارانەی کە ئەمن باسم کردن کار بکەن. مەسەلەیەکی دیکەش ئەوەیە کە ئەو ژین سیاسەتە یان ئەو زیست پاڵیتیکسە، ئەو بایۆ پاڵیتیکسە ئەوەی هێناوتەتە پێشێ ئیمکانی کاری موشتەڕەک لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێرانێ یە. ئەگەر واقعەن مەسەلەکە ئەوە بێ کە لەبەشەکانی دیکەی ئێرانێش، حەتتا ئێمە بێینە سەر مەوزووعێکی کە  زۆر گرینگ، بەڵام زۆر بەو سادەگییەی کە بڵێین  کە خەڵک ژیانێکی باشتریان دەوێ  دەبێ بڵێین کە لە بەشەکانی دیکەی ئێرانێ و لە ڕۆژهەڵاتی ئیمکانی هەم ئاهەنگی لە سەر بابەتگەلی زۆر زۆر گرینگ و گەورە هەیە کە بە ڕواڵەت زۆر شەخسین، زۆر خانەوادەگین، زۆر کۆمەڵایەتین،  زۆر فەرهەنگین بەڵام دە ئەسڵ دا ناوەرۆکیان زۆر زۆر سیاسییە. ئەمن دێمە سەر ئەوەی کە وەخت زۆر کەمە، ئەمن لە سەر بنەمای بۆچوونەکانی خۆم، بە پێی ئەو کارانەی  کە کردوومە بەو نەتیجەیەی گەیشتووم کە سیاسەتی کوردی، سیاسەتی حیزبە کوردییەکان، سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی وەختی ئەوەی هاتووە کە دەبێ لە چوارچێوەی ئێتنیک بچێتە دەرێ. یانی دروستە ئێمە هوییەتی ئێتنیکی خۆمان ڕادەگرین، هویەتی میللی و نەتەوەیی خۆمان ڕادەگرین، بەڵام دەبێ لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە سیاسەت بکەین. ئەوە بەحسی تیوریکی لە سەر دەکرێ. لە کۆمەڵگایەکی فرە ئێتنیکی، فرە نەتەوەیی وەکوو ئێرانێ چ چاوەڕوانی ئۆپۆزیسیۆنێکی کوردە؟ یا دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ساختاری دەسەڵات و سوڵتە بپچڕێ و جوورێک بێ کە ئەو هویەتانەی کە سەرکوت کراون لە بن ئەو ساختارەی دا بێدەنگ ڕاگیراون ئەوانە دەرکەون. وەکوو ئەو مەسەلەی کە لە ڕۆژئاوای هاتە پێشێ. یا دەبێ بەرەو ئەوە بڕۆن کە سیاسەتی دێمۆکڕاتێک بکەن دە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا. ئێمە هەموو دەزانین کە لە ئێرانێ ئیمکانی سیاسەتی دێمۆکڕاتیک نییە. بۆیە دەبێ ڕێگایەکی دیکە ببیندرێتەوە کە چۆن ئێمە لەگەڵ خەڵکی خۆمان ئەو پێوەندییەمان هەبێ و نوێنەرایەتی ئەو وەزعەی   بتوانین بکەین نەک لە دوورەوە بەڵکوو لە ژوورەوە. لە ژوورەوە ئەوە زۆر گرینگە، ڕێگایەک دەبێ ببیندرێتەوە کە ئەو نوێنەرایەتییە نە لە دەرەوەی وڵاتی بکرێ  لە ژوورەوە. مەبەستیشم پێک هێنانی ڕێکخراو و سازمانی مەخفی نییە. ئەو کاری خودی حیزبەکانە ئەمن لێی نازانم ئەوان دەیکەن. بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە ئێمە چۆن  ئەو سیاسەتەی بێنین کە خەڵکەکەی کە ئەلئان دەیانەوێ بە سووڕەتی مەساییلی کە بە نەزەر سیاسی نین بەڵام دە ئەسڵ دا سیاسین بیدەین بە وان. ئەمن مەبەستم ئەوەیە هەتا ڕۆژێکی کە سیاسەتی کوردی لە چوارچێوەی ئێتنیک دا دەمێنێتەوە ئیمکانی وەی کە بتوانن دەگەڵ هێزەکانی دیکە لە ئێرانێ ئیتیلاف بکەن زۆر زۆر زۆر زۆر کەمە. و ئەو ئیتیلافەش پێویستە بۆ هەر حیزبێکی کە بەرنامەی بە جوورێکی بەرنامەی ئۆتۆنۆمی یە. چ ئۆتۆنۆمی، چ مەسەلەی فێدڕاڵ یانی دە چوارچێوەی حاکمییەتی ئێرانێ دا دەیەوێ مافی خۆی بە دەست بێنێ. ئەگەر ستڕاتێژی ئەوە بێ کە ئێمە دەمانەوێ دە چوارچێوەی حاکمییەتی ئێرانێ دا مافەکانی خۆمان بە دەست بێنین بە باوەڕی من سیاسەتەکە دەبێ سیاسەتێکی زۆر بەرفرەوانتر لە ئێتنیک بێ. چون سیاسەتێکی وا دوو حاڵەتی هەیە یا دەبێ دەوڵەتێکی، حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک لە تارانێ هەبێ کە ئیمکانی زۆر کەمە چ ئەلئان، چ پاش گۆڕانکاری یا دەبێ لە ئێرانێ کارێکی بکەن کە دەگەڵ حیزبەکانی دیکە، لەگەڵ هێزەکانی دیکەی دێمۆکڕاتیکی دژ بە جمهووری ئیسلامی ئیتیلاف بکەن. ئیمکانی ئەو ئیتیلافەی لە سەر مەساییل و بەرنامەی ئێتنیکی کە هێزە کوردەکانی ئێرانێ هەیانە زۆر کەمە. زۆر زۆر کەمترە لە پێش شۆڕشی ١٩٧٩. پاش شۆڕشی ١٩٧٩ ئەو شتەی کە ئێمە لە ئێرانێ دەیبینین جوورێک گەشە کردنی ناسیۆنالیزمی فارس بە نێوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی یە. ئەو ناسیۆنالیزمی ئێرانی یە ئیمکانی فەعالییەتی موشتەرەک و یەکگرتووی لەگەڵ کوردەکان زۆر زۆر کەم کردووەتەوە. بۆیە بۆ ئەوەی ئێمە واقعەن بتوانین نفووزمان هەبێ، ئێمە بتوانین بە جوورێکی لە ئاجێندای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ دا. ئەگەر ڕۆژێکی دامەزرێ و بەرەو ئەوە دەچێ کە دامەزرێ نفووزمان هەبێ، دەبێ، لازمە لە سیاسەتەکەماندا لە عەینی ئەوەی دا کە هوییەتی نەتەوەیی خۆمان بپارێزین دەبێ سیاسەتەکەمان دیوارەکانی ئێتنیک بشکێنێ، لە چوارچێوەی ئێتنیک بچێتە دەرێ واریدی مەساییل و بەحسێکی بێ کە لە تارانێ، لە شیرازێ، لە ئیسەهانێ، لە مەشەدێ خەڵک حیسی دەکا. ئێمە دەبێ لەو حیس کردنەی دا، لەو شتەی دا بەشدار ببین. ئەگەر بە نێوی کورد، مەسەلەن ئەتۆ لە خانەوادێکی لە ئیسفەهانێ، لە شیرازێ بڵێ کە بۆ تۆ وەزعێکی خۆش چییە، چت دەوێ؟ باسی تەعلیم و تەربییەت دەکا، باسی بێهداشت دەکا، باسی فڵان و بێهمان دەکا باشە بۆچی کوردەکانی سنە و مەهاباد و مەریوان و سەردەشت و ئەوانە ناتوانن لەو مەسائیلەی دا بەشدار بن؟ ئەگەر حیزبەکانی ئێرانێ دەیانەوێ دەچوارچێوەی ئێرانێ دا ڕێگا حەللی بۆ مەسەلەی کوردی بدۆزنەوە دەبێ ڕێگایەک ببیندرێتەوە کە ئێمە دیوارەکانی ئێتنیکی بشکێنین. ئێمە خۆمان دە دیواری ئێتنیکی خۆمان دا زیندانی کردووە. ئەو سیاسەتە هەتا ئێستا نەتیجەی نەداوە. حیزبە کوردییەکان لە تارانێ بێ تەئسیرن. حیزبە کوردییەکان لە ئیسفەهانێ نە ناسراون تەئسیریان نییە. مومکینە بڵێن باشە نەبێ. بەڵام سبەینێ ئەگەر هاتن بڕیاریان دا، سبەینێ ئەگەر ئەتۆ دەتەوێ وە دوای حقووقی خۆت، هوییەی خۆت، مافی خۆت بکەوی کاتێک کە گۆڕانکاری کراوە دەبێ لەگەڵ ئەوان کار بکەی. دەبێ ئەوان بتناسن. دەبێ لەگەڵ وان ئیشتیراکی زەمینەت هەبێ. ئیشتیڕاکی مەنافیعت هەبێ، ئەوەیە. ئێمە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆمان دە چوارچێوەی ئێتنیکی کوردی تەنانەت نەتەوەیی کوردی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی دا زیندانی کردووە و تەواوی سیاسەتەکانمان لە پاراستن و بە دەست هێنانی مافەکانمان دەو چوارچێوەی دایە ئیمکانی ئەوەی کە ئێمە لە دەرەوەی ئەو چوار چێوەی هیچ تەئسیرێکمان هەبێ لە سەر سیاسەتێ زۆر زۆر کەمە.

ئێران وەکوو عێڕاق نییە. ئێران تایبەتمەندییەکانی خۆی هەیە. عێڕاق جێگایەکی چکۆڵەتر، وەزنی کوردان زۆرتر و تاریخی  خەباتی کوردی زۆر لەگەڵ ئی ئێرانێ فەرقی هەبووە. ئێران خەباتێکی شاریانەی هەبووە، سەرکردایەتییەکی شاریانەی هەبووە لەگەڵ وێ زۆری فەرق هەبووە. لە ئێرانێ نەخشی لادێی لە سیاسەتی کوردی دا کەمتر لە شاران بووە، بە پێچەوانەی باشووری. ئەمن ئەوەی بۆیە دەڵێم دەبێ ئێمە لە ئێرانێ وە دوای تایبەتمەندی خۆمان بکەوین. وەختێکیش باسی ئۆپۆزیسیۆنی دەکەین هەرچەندی بەهێزیش بێ، با سەد هەزار پێشمەرگەی هەبێ، بەڵام ئەگەر نەتوانێ لە ئەجێندای سیاسەتی ڕۆژ دا تەئسیری هەبێ بە باوەڕی من هێندە سەرکەوتوو نییە. ئێمە دەبێ کارێکی بکەین دە سیاسەتی ئەجێندای ڕۆژ دا تەئسیرمان هەبێ. ئەمن بەو شتانەی کە لە سەر پاندێمی کۆرۆنا کرا، ئەو کارەی کە خەڵک کردیان، ئەلئانیش دەیکەن هەم لە شارە کوردەکان هەم لە لای موکریانی بەڵام بەشی زۆرتر لە جنووبی کوردستانێ ئەمن ئەوەی دەبینم لەوێ فەعالییەت زۆرترە. فەعالییەتی ژنان لە جنووبی کوردستانێ یەکجار زۆرتر بووە چ بە نووسین، چ بە کردەوە بۆیە ئەو مەسەلەی دێنمە پێشێ دەمەوێ بڵێم لەوێ کە فەعالییەت زۆرتر بووە چر بوونەوەی حکوومەتیش لە سەر وێ زۆرتر بووە.

بەڕێوەبەریی کۆنفڕانس: داوای لێ بوردن دەکەم ئەگەر بکرێ لە بەر کەمی کات قسەکانتان کورت کەنەوە. دیارە بابەتەکەتان زۆر زەنگینە، بە خۆشحالییەوە بەڵام لە بەر کەمی و سنووربەندی کاتەکە ئەگەر بکرێ زۆر بە کورتی قسەکان تەواو بکەی مەمنوون دەبم.

وەلی: ئەمن ئەوەی کە لازم بوو بە شێوەیەکی گشتی باسم کرد، هیوادارم پاشان بەحسی لە سەر بکرێ. هەڵێنجاوەکەی ئەوەیە فۆرمی سیاسەت، ئەو بابەت و تەوەرانەی کە سیاسەت دەبێ لە سەریان چڕ بێتەوە و تەرکیزیان لە سەر بکا، کاریان لە سەر بکا، ستڕاتێژیان بۆ دانێ ئەوانە گۆڕاوە. نوختەی دووەمیش ئەوەیە لەبەر ئەوەی ئەوانە گۆڕاون بە باوەڕی من وەختی وەی هاتووە کە تێفکرینێکی تازە لە سیاسەتی کوردی دە چوارچێوەیەکی دەرەوەی ئێتنیکی دا بکرێتەوە. ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە دەبێ هوییەی خۆمان وەلا نێین نا. هوییەی کوردی هەر ئەو جۆرەی کە گوتم ئەو دیوارەیە کە حکوومەت نەیتوانیوە لێی تێپەڕێ و ناشتوانێ لێی تێپەڕێ، ئەوە دەبێ بمێنێ بەڵام ئەوەمان کە پاراست دەبێ پانتایی سیاسەتەکەمان زۆر زیاتر بەرفرەوانتر بکەین، دەبێ ستڕاتێژی تازە دابنێین کە بتوانین لە دیواری ئێتنیکی کە بەدەوری خۆمان دا، بە دەوری سیاسەتی خۆمان دا کێشاوە. لەوەی بچینە دەرێ زۆر  سپاس.

پرسیاری زارەکی

ئەحمەد شەریفی: ئەمن زۆر بە کورتی لە سەر فەرمایشەکانی بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی سەبارەت بەوەی کە ئێمە دەبێ مەودای ئێتنیکی فراوانتر بکەین یان هەر لایبەین و زیاتر پرسەکانی سەرتاسەی ببێتە پرسی خەبات و تێکۆشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات. ئەمن بەرداشتی خۆم ئەوەیە لە واقع دا هیوادارم وا نەبێت کە ئەو قسانەی بەڕێز وەلی بە مەعنای هەڵبژاردنی ئازادانەی ئاسیمیلاسیۆن یا لە واقع دا توانەوە لە ناو جووڵانەوەی سەرتاسەری دایە و لە واقعدا لە پێناو دێمۆکڕاتیزە کردنی یا تەئسیر لە سەر دێمۆکراتیزە کردنی جووڵانەوەی سەرتاسەری ئێرانە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ڕاستیدا تەواوی ‌هەوڵی ئەو چەند ساڵەی ئەوە بووە کە  ئەو جووڵانەوە سەقەتەی کە لە ڕاستیدا بە سەقەتی لە دایک بووە، سەقەتییەکەشی لەوە دایە کە لە چەند بواری جۆراوجۆر دا کە من فەقەت دوو بواری باس دەکەم یەکەم وەختێک لە جووڵانەوەی عەشیرەیی و شێخەکان دەگوازێتەوە بۆ جووڵانەوەی حیزبی ، ئەو چووڵانەوەیە لە ڕاستیدا هەر بەو ماهییەتە دێتە ناو جووڵانەوەکە و مەسەلەی نەتەوەیی لە ژێر سێبەری کاری حیزبی و حیزبایەتی دا دە واقعدا دەشاردرێتەوە و مەسەلە نەتەوەییەکە فەرامۆش دەکرێت. وە هەر ئەو پاشاگەردانییەش کە بە ئیستیلاح ئێستا دەیبینین لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردی دا هۆکارەکەی هەر ئەوەیە کە ئێمە حیزبایەتی دەکەین تا کاری نەتەوەیی و دووەم موشکیل ئەوە بووە بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جووڵانەوەی کوردستان لە نێو جووڵانەوەی دێمۆکڕاسیخوازی سەرتاسەری ئێرانی دا تواوەتەوە و هەر بۆیەش دەنگو ڕەنگی لە دەرەوەی خۆی بە ئیستیلاح لە ئەفکاری عموومی دنیا دا نییە. بۆ؟ چون وەختێک جووڵانەوەی نەتەوەیەکی بندەست دەکەوێتە ژێر سێبەری جووڵانەوەی دێمۆکڕاتی خوازی دەقیقەن فەرامۆش دەکرێ یانی تۆ ناتوانی جووڵانەوەیەکی بەرچاو بی و بەو ماهییەتەوە لە واقعدا  لە دنیا دا بناسرێی. و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەتۆ پشت گوێ بخرێی . من پێم وایە کە بەڕێز وەلی بۆخۆشی گوتی کە حەتا ئەگەر ئەو حکوومەتەی ئێستاش بڕووخێت، مەسەلەی دێمۆکڕاتیزە بوون یا مەسەلەی هاتنە سەر کاری حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک لە ئێران مەسەلەیەکی تەقریبەن ئەگەر غەیری محاڵ نەبێت لە ڕاستیدا زۆر دژوار و سەختە جا هەر بۆیەش من پرسیارەکەم لە ڕاستیدا ئەوەیە کە جووڵانەوەیەکی کە ئێستا خەریکە وردە وردە بە هۆی گۆڕانی سیمای سیاسەتی هەموو دنیا و لەواقع مەسەلەی ئیتیلاعات و ئیرتیباتات لە دنیا دا، مەسەلەی نەتەوەییش ئێستا لە کوردستان زۆر گەشەی کردووە دەکرێ ئەوە قوربانی دێمۆکڕاتیزە کردنی ئێران بکەین؟ من ئیدی قسەیەکم نییە.

مێهری ڕەزایی: من سوئالەکەم لە هەڤاڵ عەبباس وەلی ئەوەیە کە چونکوو ئیشارەی بەوە کرد کە موبارەزەی گەلی کورد فاسیلە کراوە بە تیورییەکی سیاسی یا بۆچوونێکی سیاسی کە ئێمە بۆخۆمان تێکەڵی نەوعەکانی تر لە ئێرانا ناکەین بەڵام من ئەوە بۆ ئەوە ئەگەڕێنمەوە ئەو تێئۆرییە کە مارکس وتوویەتی سوئالەکەی من ئەوەیە کاک عەبباس ڕۆشنی کاتەوە چونکە مارکس لە تیورییەکیا هەیە ئەڵی ناسیۆنالیزم پڕۆداکتی کاپیتالیستە مادام کە چەپەکان وەکوو پڕۆداکتی کاپیتالیزم چاوی لێ ئەکەن خۆیان فاسیلە ئەگرن لە کوردەکان ئەوە خەتای کوردەکان نییە کە خۆیان ئایزۆلە ئەکەن خەتای چەپەکانە چونکوو ئەگەر ئێمە بمانەوێ شۆڕشی کورد و دەردی کورد بە نژادەکانی تر بناسێنین لە تەریق ناسیۆنالیستە فارسەکانەوە نییە لە تەریق چەپەکانەوەیە. چونکە بەو بۆچوونەی مارکس موبارەزەی ناسیۆنالیستی یان ماینۆرەتییەکان بە پرۆداکتێکی کاپیتالیستی ئەزانیت خۆیان بە بەشدار بەوە نازانن.

حەمەدەمین چیرە: زۆر سپاس، هەم دوکتور وەلی ، هەم ئاغای سۆهرابی و هەم خانم گولڕوخ قوبادی زۆر نوختەی پێویست و گرینگیان هێنا گۆڕێ بەس پرسیارەکەی من زیاتر، تێبینییەکەی من زیاتر لە سەر قسەکانی دوکتور عەبباسی وەلی یە. بە بڕوای من هاوکاری کردن یا ئەوەی کە وەک دوکتور عەبباسی وەلی دەڵێ هاتنە دەر لە زیندانی ئێتنیک بە مەعنای شۆردنەوە و تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و تێکۆشانی نەتەوەیی کوردان نییە، بەڵکوو بە ڕاستی دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە بتوانین تێکۆشانەکەمان زیاتر بەرفرەوان بکەین. من داوا دەکەم هەم لە دوکتور عەبباسی وەلی و هەم لەو بەڕێزانەی کە چالاکی سیاسین ئەو مەسەلەیەی کە دوکتور وەلی باسی دەکا دەبێ زیاتر قسەی لە سەر بکرێ و بێتە بەر باس بەداخەوە ئەو کاتی نەبوو کە زۆر باش ئاواڵەی بکا، من پێشنیار دەکەم کە دوکتور عەبباسی وەلی زیاتر لە چەند بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی و هەر ڕێگایەک کە خۆیان بە پێویست دەزانن ئەو مەسەلە زیاتر بێنێتە بەر باس چونکە شتێکی زۆر زۆر گرینگە، بەڵێ ڕاستە ئێمە هەم دەبێ پشتگیری ناسنامەی خۆمان بکەین، موبارەزەی سەربەخۆمان هەبێ، تێکۆشانێکی سەربەخۆی کوردان هەبێ، هەم ئەوەی کە دەبێ ئێمە بە هەموو ڕێگایەک لەگەڵ خەڵکی تر، گەلی تر، دراوسێکانمان هاوکاری بکەین.

هادی سۆفیزادە: سڵاو و ڕێز من پرسیارم نییە تەوزیحێکی جیدیم لە سەر قسەکانی کاک عەبباسی وەلی هەیە سەبارەت بەوەی خەباتی فەرا ئێتنیکی. خەباتی فەرا ئێتنیکی ئەگەر قەرار بێ بەو مێتۆدەی کە بەڕێزیان گوتی شتێکمان لێ دێ وەکوو کوردەکانی تورکیا کە هۆییەتمان ئەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، دووەم قسەکانی کاک عەبباسی وەلی تەک بوعدی بوو لە سەر مەساییلی ناوخۆیی بوو ئاماژەیەکی دروستی تیا نەبوو لە سەر تەئسیراتی مەنتەقەیی و بەینولمیلەلی لە سەر سەرنیویشتی ئێران، لە سەر داهاتووی ئێران. لێرە دایە فکر ئەکەمەوە کێشەیەکی جیدی هەبوو لەو بەحسانەی کاک عەبباسی وەلی یا کە بۆ دوو نموونە دوو ساڵ پێش ئیستا عیسا کەڵانتەری سەرۆکی سازمانی حیفازەتی موحیتی زیست لە ئێران، سادقی خەڕازی بەرپرسی دەزگای دیپڵۆماسی ئێران بە ئاشکرا لە دابیشگاکانا ئەڵێن ئێران بەرەو تەجزییە ئەڕوات بە مۆدێلی هەر وەکوو هەڵوەشانی سۆڤیەتی پێشوو یا وەکوو سوورییەی لێ دێ بەڵام ئەم شتانە لە بەحسەکانی کاک عەبباسی وەلی یا وجوودی نەبوو تەئسیراتی ناونەتەوەیی و مەنتەقەیی تەنها وەکوو کۆتایی ئەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم  شەڕی قەرەباغ توانیویەتی زۆرترین تەئسیری لە سەر ئازەرییەکانی ئێران هەبێ، چەند مەوجی وا لە مەنتەقەیا دروست ببێ ئەو معادەلە ئەگۆڕێ کە ئێمە بە زێهنییەتی سەردەمئ ئینقیلاب بۆ ئایەندەی ئێران بڕوانین. هەر بژین.

حەسەن قازی: قسەکەی من ئەوەیە ئەوەی کە بەڕێز مامۆستا عەبباس دەڵێ کە مەسەلەی کورد لە ئێتنیک بکرێتەوە تەواو لە جێی خۆی دایە. بەڵام شتێکیش هەیە ئەویش ئەوەیە مەسەلەی کورد لەم بەر ئەو بەری سنووران تێک ئاڵقاوە یانی چووە دەباڵ یەکەوە، یانی زۆر زۆر زەحمەتە بۆ نموونە ئەتۆ بتوانی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان جیا بکەیەوە بە ڕاستی چونکە لە باری فەرهەنگییەوە، لە باری تاریخییەوە، لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر چووە دە باڵ یەکەوە. دەنا ئەو بەشەی قسەکانی کە دەڵێ لە کوردستانی ئێرانیش مەسەلەی کورد دەبێ لە ڕەهەندی ئێتنیکی بکرێتەوە  تەواو ڕاستە. بە بۆچوونی من هوییەت خوازی، داوای هوییەتی خۆ کردن زۆر جیاوازە لەگەڵ ناسیۆنالیزم. چونکە ناسیۆنالیزم ئاخرەکەی دەگاتە ئەوە یان ئەمن یان ئەتۆ یانی لایەنەکەی دیکە ڕەد دەکەیەوە. ئەوە ڕاستییەکە پێویستە بۆ هەموان ئاشکرا بێ. بەڵام ئەمن پێشنیار دەکەم لە وڵامی پرسیارەکاندا بەڕێز کاک عەبباس ئەو لایەنی پێوەندییە ناوکۆییە کوردییەکەش هێندێک زیاتر شی بکاتەوە و زۆر سپاس.

ڕزگار بەهاری: سڵاو و ڕێزم هەیە، من پرسیارم نییە هێندێک بۆچوون و تێبینیم هەیە لە سەر ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە پرۆفێسۆر وەلی ئاماژەیان پێ دا لە ئێستە دا زۆر بە چڕی خەریکە گەشە ئەستێنێت بە بۆنەی ئەوەی کۆماری ئیسلامی کە هاتە سەر کار پێخۆری دەسەڵاتەکەی ئایین و مەزەب و ئیدەئۆلۆژی بوو، بەڵام ڕێژیمی داهاتوو کە دێتە سەر کار پێویستی بە پێخۆرێکە  کە ئەویش ئەبێتە فاشیزم و نەتەوە پەرستی و ئێرانچێتی کە ئەوەش زۆر مەترسی یە بۆ سەر گەلی کورد. کورد ئەبێ چی بکا، کورد ئەبێ بە چ شێوازێک بڕواتە پێيشەوانێ کە نەبێتە قوربانی دەستی ڕەگەزپەرستی، ئەوەی کە ئەبینین ئێمە لە خۆپیشاندانەکانا هەموو دروشمی ” ڕەزا شا ڕوحت شاد” ئەو دروشمانە ئەدەنەوە لە کاتێکا کە ڕەزا شا ئەتوانین بڵێین باوکی ڕەگەز پەرەستی یە لە ئێرانا و سیمبولی ئێرانچێتییە لە ئێرانا. ئەوە مەترسییەکی یەکجار زۆرە بۆ سەر کورد و گەلانی دیکەی ناو ئێران. بۆیە ئەمە باسێکی زۆر هەڵئەگرت. پێویستە کورد چی بکا لە ئێستایا نەبێتە قوربانی لە کاتێکا کە ئێستە کورد بەو شێوە کە دەبێ یەکگرتوو نییە خۆی ئامادە نەکردووە، لە ئێستە دا حیزبەکان کێ بەرکێی یەکتری ئەکەن لە بری ئەوەی کە خۆیان یەک بگرن. لە بری ئەوەی کە ببنە هێزێکی یەک دەنگ و یەک دەست. زۆر سپاس کاتتان لەوە زیاتر ناگرم.

حوسێن شەبە‌ق: منیش تۆزێک قسەم هەیە  لە سەر قسەکانی کاک عەبباسی وەلی. وەکوو پرۆفێسۆر من ئینتیزارم هەبوو کە لە بەحسەکەی ئەو دا ئێمە شاهیدی فاکت و ئامار و نموونە بین وەکوو ئەو بەحسەی کە دوکتور مەنسوور سۆهرابی ئیڕائەی دا، بە داخەوە ئەوە غاییب بوو. لێکۆڵینەوەکەی باش بوو بەڵام ئیتیلاعاتەکەی وەکوو ئێمە ئیتیلاعاتێکی گشتی و کۆنکرێتە بەڵام نەتیجەگیرییەکەی من لەگەڵی نیم . کاک عەبباسی وەلی پێی وایە ئەگەر ئێمە خۆمان لەگەڵ خاستەهایی  عموومی خەڵکی ئێران گونجاند، ئەگەر ئێمە خۆمان دەگەڵ ئەوە مونتەبیق کرد، تەڕەحومی خەڵکی فارسمان بۆ لای خۆمان ڕاکێشا ئەوە ئیتر ئێمە کارێکی سەرکەوتووانەمان کردووە و ئێمە چووینە نێو ئەو دائیرە و نیهایەتەن  نەتیجەگیری کاک عەبباسی وەلی ئەوەیە کە، سفاریشەکەی ئەوەیە کە ئێمە ئیتیلاف پێک بێنین دەگەڵ هێزە ئێرانییەکان چەپ و ڕاستیان فەرق ناکا. من دروست بە پێچەوانەی ئەو بیر دەکەمەوە، دروست بە پێچەوانەی ئەو نەتیجەگیری دەکەم. من پێم وایە ئیشتیباهەکە، بونبەستی ئێمە بونبەستێکی ئێتنیکی نییە بە پێچەوانەوە، بونبەستی ئێمە سەرلێشێواوی حیزبەکانە کە نەیانتوانیوە خۆیان ببیننەوە. حیزبە کوردستانییەکان چەپ و ڕاستیان پێویستیان بە ئیتلافە نەک ئەوەی کە چەپ و ڕاستی حیزبە کوردستانییەکان پێویستیان بە چەپ و ڕاستی ئێران هەبێ. کێشەکە لەوە دایە. کوردستان ئەوەی کە دەیهەوێ، ئەوەی کە پێویستێتی کار کردن لە سەر پڕۆژەیەکی گشتی یە بە نێوی دەوڵەت ئەمە غاییبە و ئەمە مەسەلەی سەرەکی یە. تەڕەحوم بزواندنی خەڵکی فارس بۆ ئێمە نابێتە نان و ئاو. نموونەی هەرە باریز من بۆتان دێنمەوە حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە کە ئێمە تێیدا بەشدار بووین ساڵەهای ساڵ ئێمە نموونە و فاکتی زۆر، کاری زۆرمان لە سەر ئەخباری ئێران کرد، هەژاران، فەقیران،کرێکاران کاری باشیشمان کرد خراپ نەبوو بەڵام نەتیجەکەی بوو بە لەت لەت بوونی هێزی سیاسی کۆمەڵەی کوردستان بە داخەوە. لێرە دا دیاری دەدا کە ئێمە بە ڕێگایەکی ئیشتیبا دا ڕۆیشتووین، ڕێگا دروستەکە ئەوەیە کە ئەتۆ ماڵەکەی خۆت ئاوەدان کەیەوە، ئەتۆ پڕۆژەیەکت بۆ ماڵەکەی خۆت هەبێ کە ئێمە بە داخەوە نیمانە. من پێم وایە موشکیلی پەیوەندی هەیە بەڵام نەک پەیوەندی لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان، بە پێچەوانەوە هەتا ئەو پەیوەندییە کەمتر بێ باشترە، بەڵکوو هەتا پەیوەندی دە ناو هێزە کوردستانییەکاندا زیاتر بێ، دیالۆگ زیاتر بی، گوزەشت زیاتر بێ، دیواری حیزبەکان چکۆلەتر بێ یەکتر زیاتر ببینن، کاری هاوبەش بکەن ئەمە ڕێگا دروستەکەیە. بە سپاسەوە قسەی زیاترم نییە.

هێمن سەییدی: زۆر سپاس. منیش  سپاس دەکەم لە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆنفڕانسە. دەستخۆشی لە کاک عەبباس دەکەم بە خاتری ئەو باسە گرینگەی کە ورووژاندی و تەئییدی بۆچوونی کاک حەسەن قازی دەکەم. بەڵام دەمهەوێ لە زاوییەکی ترەوە لە دوو دەقیقە کەمەی کە گوتتان ئێشارە بەوە بکەم کە کاک عەبباس پێویست بوو ئیشاڕە بەوە بکا کە ئێمە دەبێ خۆمانیان پێ بناسێنین بە باقی نەتەوەکانی دیکە نەک بەو شێوەیەی کە کاک حوسێنی شەبەق بە دروستی ڕەخنەی گرت بە حاڵەتی کڕووزانەوە و پاڕانەوە و مەزلووم نمایی، بەڵکوو لە مەوزەعی قودرەتەوە. لە مەوزەعی بەرتەری سیاسییەوە و لە مەوزەعی ئەوەی کە ئێمە پێشەنگی دێمۆکڕاسی  و پێشەنگی سکولاریزم، پێشەنگی یەکسانیخوازی بووین لە ئێران. من ئەو بۆشاییەم بینیوە کە ئێمە  نەمانتوانیوە خۆمان بە گەلانی دیکەی ئێران بناسێنین.، بە پێچەوانە تەئسیری ئەوەشم بینیوە کە ئەمن وەکوو تاکێک کە دەچم لە میدیاکان باس لە حەقانییەتی کورد دەکەم، بە ڕاستی تەئسیرە موسبەتەکەی دەبینم. دەبینم بەشێکی زۆر لە فارسەکان نازانن کە ئێمە ڕێفراندۆمی ساڵی ١٩٧٩مان بایکۆت کردووە و نازانن کە ئێمە بەرتەریمان هەبووە بە سەر ئەواندا. ئەمن دەڵێم تەنانەت بۆ سەربەخۆیی خوازیش  ئێمە پێویستیمان هەیە کە حەقانییەتی خۆمان بە لایەنەکانی تر بناسێنین. ئەگەر لە داهاتوو دا تەنانەت بمانەوێ جیا بینەوە پێویستمان بەوە هەیە کە لە نێو گەلانی دیکە دا دۆست و هاوپەیمان بۆ خۆمان ساز کەین. پشتیوان بۆ خۆمان ساز کەین. بەڵام کاتێک ئەتۆ یەکەم قسەت سەربەخۆیی وجیابوونەوە بێ ئەوان گوێیان کیپ دەبێ و گوێیان لە باقی قسەکان نابێ. ئاخر قسەشم ئەوەیە زۆربەی سەربەخۆیی خوازەکانی کاتالۆنیا، زۆربەی سەربەخۆیی خوازەکانی سکاتلەند کەسانێک بوون کە ماوەیەک لە مادرید و لە لەندەن لە ئاستێکی سەرتاسەری دا سیاسەتیان کردووە. خۆیان بە گەلانی خۆیان و گەلانی ئەو وڵاتانە ناساندووە ئینجا بوونەتە سەربەخۆیی خواز. من دەڵێم  دەبێ هەر دووک ئالترناتیڤمان هەبێت. هەم ڕێگامان هەبێ ئەگەر لە داهاتوو دا  وەکوو گەلێکی پێشەنگ و قارەمانی دێمۆکڕاسی  لە ئێرانی داهاتوو دا ناسراین بە پاراستنی بەرتەری سیاسی خۆمانەوە لە ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک دا بین ئەگەر ڕێز نەگیرا ئەو کاتی بە دەلیل و بە مەنتق نەک لە بەر ئەوەی کە زمانمان جیاوازە، یا نژادمان جیاوازە بەڵکوو بەو دەلیلەی کە ئێمە  سیستێمی سیاسیمان لە ئێوە جیاوازە، ئێمە  دێمۆکڕاتین و ئێوە دێمۆکڕات نین، ئێمە سێکولارین و ئێوە سێکولار نین لێتان جیا دەبینەوە. زۆر سپاس.

شێرزاد چیا: ڕێز و حورمەت بۆ هەموو هەڤاڵان و بیسەران. من یەک تێبینییەکم بۆ هەڤاڵ عەبباس وەلی هەیە  ئەویش ئەوەیە کە بە ڕاستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا  حیزب و لایەنی سیاسی یا ئەوەتا کۆمەڵێ شۆڕشگێڕی ئازاد هەن کە وا بناغەی ئێتنیکی یان شکاندووە کە وا لە ناو گەلان دا دەنگیان هەیە کار دەکەن. تێبینی من ئەوە بوو بۆ پرۆفێسۆر بۆچی ئەو بەشەی پشت گوێ خستووە و باسی نەکرد. ڕاستی ئەوەیە کە ئێمە  لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دا ناوخۆی خۆمان وەکوو حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ئەدیب، نووسەر هەموو  بە یەک دەنگ، بە یەک ڕیزی نتوانین مژاری ئێتنیک وە لاوە نێین کە ئێمە چەندێ هێزمان هەبێ لە بواری سیاسی، لە بواری هێز دەتوانین کە وەکوو هەڤاڵ باسی کرد هێزمان هەبێ……

جەمیل ئەحمەدی: سڵاو هاوڕێیان ئەم کاتەتان باش! من تێبینیم هەبوو لە سەر قسەکانی کاک دوکتور عەبباسی وەلی. دیارە باسی ناسیۆنالیزمی کرد. ناسیۆنالیزمی کوردی پشت ئەستوورە بە زمان بەڵام لە حەقیقەتا ناسیۆنالیزمی کوردی چون پشت ئەستوورە بە زمان ناسیۆنالیزمێکی لاوازە و ئەتوانین بێژین جێگای مەترسیشە. ئەگەر ئێمە زمانەکەمان لە بەین بچێت بێگومان ناسیۆنالیزمەکەشمان لە بەین ئەچێت، بەڵام ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییە کە پشت ئەستوورە بە زمانەکەی  لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیارە کاک عەبباسی وەلی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تاوەکوو شاری پاوە باس کرد بەڵام باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حەقیقەتا زۆر زۆر لە خوارووترە ئیلام و لوڕستان و زۆر شوێنی تریش ئەگرێتەوە. بەڵام ئەم ناسیۆنالیزمی کوردییە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا وەکوو ناسیۆنالیزمێکی مەزهەبی چاو لێ دەکرێت، ئەمە واقعییەتێکە لە باشووری ڕۆژهەڵات دا هەیە و حیزبە کوردییەکانیش زیاتر حیزبی موعتەریزی سیاسی بوون نەک ئەوەی کە هێزێکی ڕزگاریخواز بن و هەمێشە دروشمەکانیان لە چوارچێوەی ئێرانێکی فێدڕاڵ یا ئەوەی کە خودموختارا بووە هەرگیز ئەوەی کە تاکێکی کورد یا هەستی نیشتمانی تاکێکی کورد چۆنە نەیانتوانی یە بتوانن ئەو خواستە و ئەو ویستە بەیان بکەن. بۆیە نەیان توانییە نوێبەرایەتی واقعییەتی خەڵکی کوردستان بکەن و باوەڕم وایە ئەگەر ناسیۆنالیزمی کوردی بتوانێت هەموو جوغرافیا و پانتایی خاکی کوردستان بگرێتەوە ئەمە ئەتوانێ کوردستان لە مەترسی ڕزگار بکات. من باوەڕم  وایە ئەگەر بەم شێوە کورد بەردەوام بێت ڕەنگە کورد لە ٥٠ ساڵی داهاتوو دا لە ناو بچێت.

پەرویز: بەڕێزان سپاس من ئەو تایمرە دادەنێم بەر لەوەی سێ دەقیقە تەواو بێ خۆم چاوم لێیە و کۆتایی پێ دێنم. بەڵام ئەبێ بڵێم من چاوەڕێم ئەکرد کە ئەو باسەی دوکتور عەبباسی وەلی پێشکەشی کرد باسێکی پێچەوانە بایە، یانی لەو سەری باسەکەوە گەڕابایاتەوە. لە بەرچی، لە بەر ئەوەی ئەو مۆدێلە، ئەو تێڕوانینەی کە  ئەو ئاماژەی پێ دەکا لە ڕاستیدا ئێمە هەر لە سەرەتای شۆڕش لە ئێراندا چ کۆمەڵە، چ حیزبی دێمۆکڕات ئەو دوو مۆدێلەیان تاقی کردەوە یانی واتە تەبدیل بوون و بوون بە بەشێک لە بزووتنەوەی سەرتاسەری لە ئێراندا، چ ئەوەی کە بە هاتن و بە  تەشکیلی ڕۆیشتن لەگەڵ چەپەکانی ئێران چ ئەوەی حیزبی دێمۆکڕات چووە ناو شوورای میللی موقاوەمەت. بۆیە بە بڕوای من ئەو باسەی عەبباسی وەلی لە واقیعا باسێکە کە تەحتی تەئسیری رێئال پۆلیتیک قەراری گرتووە. ئەوە واقعییەتەکە ئەوەیە، ئەگینا مەسئەلەی کورد لە ئێستا دا ئەڵبەتە لە کۆنیش دا مەسئەلەیەکی نە سیرفەن حقووقی یە، مەسئەلەیەکی ئەخلاقی یە، نە مەسئەلەی کۆمەڵێک خەڵکی ئاوارەیە و ئەڵبەتە ئەمە بابەتێکی ئابووریش نییە، بەڵکوو مەسئەلەی کورد بە ڕاستی مەسئەلەی فەلسەفەی بوونی میللەتێکە. بۆیە پێویستە کە و ئەو چاوەڕوانییە دەکرێ لە کەسانی وەک دوکتور عەبباسی وەلی کە پێم وا بێ – نازانم مەجالی ئەوەی ببێ کە قووڵتر بچێتە ناوبابەتەکەوە- بەڵام ئێمە ئەگەر هەر پشت نەک ئەوەی کە کوردستان مەجال و زەرفییەت و پۆتانسییەلی زۆری تێدایە بۆ  بوون بە وڵاتێکیش بە بڕوای من  ئەگەر ئەو باسەی دوکتور مەنسووری سۆهرابی بێتە پشتی  غەیرەز ئەوەی کاک هێمن ئاماژەی بەوەی کرد ئێمە  پێشەنگی دێمۆکڕاسی و پێشەنگی پێشکەوتنخوازی بووین لە ئێراندا ئەو باسەی دوکتور مەنسووری سۆهرابیش ئاماژەی پێ کرد دەتوانێ پشتیوانییەکی قەوی بێ کە ئێمە لە فازێکی قودرەتەوە بچینە نێو مەسەلەی کوردەوە. بۆیە بە بڕوای منیش وەک کۆتا شت ئەوە بڵێم سنووری، یانی ئێمە لە نێو کوردستاندا حەوڵ دان بۆ دروست کردنی میللەتێک و دەوڵەتێک بۆ ئەم خەڵکە سنووری ئێمە ئەو کاتە لەگەڵ تێڕاونینی بەرتەسک و ناسیۆنالیزمی ئیفڕاتی جیا دەبێتەوە کە ئێمە گرایشی چەپ و پێشکەوتنخواز لە کۆمەڵگا دا بەهێز و تەقوییەت بکەین و زۆر سپاس.

جەماڵ عەلیاڵی: سپاس بۆ دوکتور عەبباسی وەلی بۆ قسە خۆشەکانی. دیارە لە چارەگێک بیست دەقیقەی دا ناکرێ باسی هەموو کەلین کولێنەکانی باسێکی عیلمی بکەین. ئەگەر بیسەران و بینەران دەبینن و پییان وایە کەمووکووڕییەکی هەیە دەلیلەکەی فەقەت ئەوەیە لەوە زیاتر نییە. ئەتۆ ناتوانێ بەحسێکی یەکجار زۆر زەلام بە بیست دەقیقان قسان بکەی ئەوە یەکەم. دووهەم یەک پرسیارم هەیە ئەو شتانەی کە کاک عەبباس باسی کرد شتێکی زۆر زۆر دروستی تیدا بوو، هەرچی خوێندوومانەتەوە، هەرچی دیتوومانە حەتتا ئەوەی کە دیتووشمانە لە چاوی خەڵکانی ترمان دیتووە، لە قەڵەمی خەڵکانی ترمان دیووە.لە قەڵەمی خەڵکانی ترمان خوێندووەتەوە، لە زاری خەڵکانی ترمان بیستووە. کورد دەبێ خوێندنەوەی خۆی هەبێ لە سەر قەزییەکەی خۆی دەنا ناتوانێ ببێ بە ساحێبی خۆی. بۆ ئەوەش حەوجێ بە حیزب وسازەی سیاسی هەیە کە توانایی لە تێگەێشتن لە بارو دۆخی ئەوڕۆی هەیە. ئایا کاک عەبباسی وەلی پێی وایە حیزبە سیاسییەکانی کە ئێمە هەمانە دەتوانن توانایی ئەوەی پەیدا بکەن کە بارودۆخی ئەوڕۆیی تێ بگەن، وڵامدەر بن؟ چون فەرق هەیە بەینی حیزبی سیاسی و پێشەنگی سیاسی. حیزبەکانی ئێمە پێشەنگ نین. وڵات لەلایەن داگیرکەرەوە داگیر نەکراوە.

ئەحمەد مورادی: سپاس ئەڕا وەڕێوەبردنی وی کۆنفڕانسە و ڕێز و حورمەت ئەڕا بەشداران.. من سەرنجێکم هەس ئاراستەیی کاک عەبباس وەلی بکەم وە ئیجازەتان. هەر ئەو جۆرە کە هاوڕێیان ئێشارە وە زوڵم و ستەم جوراجۆرێ کردن لە میللەت کورد لە ڕۆژهەڵات کوردستان چوو، لە زیندانی بگرە و تەبعیزگەلی ئیقتیسادی گشت یانە گشتی دروستە و ئی موشکیلاتە شامیل حاڵ مەردمی یارسان بوود بەر ئەوا. بە ئیزافێ ئی زوڵمگەلە زولمەک ترەک شامیل حاڵی مەردمی یارسان بوو ئەویش تەبعیزگەلی دینی یە کە لەئی مەردمە چێت کە تێعدادیانیش شاید بویشم بیست لە سەد لە کوردەیلێ ڕۆژهەڵات مەردمی یارسان ە. ئی زولمگەلە شامیلی زوڵمگەل ئیقتیسادیە، تەوهین و تەحقیر لە زیندانەکانا. مەحرووم بین لە تەحسیل ، ئەنواعێ زولمەیل  موزاعەف لە ئی مەدرمی یارسان چوو کە وەلی بە داخەوە ئێمە گلەییمان هەس لە ک.ن.ک فرە تەوجوه وە ئی زوڵمێ موزاعەف ناکەن. سوئال لە کاک عەبباس وەلی ئەوەسە مەنزوور لە دەرچوون لە چوارچیوەی ئێتنیکی کورد وە تەبدیل بوون  بە عونسوری سیاسی چەس، مەنزوور تەقسیمی قودرەتی سیاسی بەر ئەساسی شار و شارۆچکەس و ئەوە وەزعە ئێتنیکیەش کە بووەتە باعیس بەدبینی جامعەی فارس؟ مەمنوون

جەهانگیر عەبدوڵاهی: من پرسیارەکەم بۆ بەڕێز عەبباس وەلی یە. بە پێی ئەوەی کە جیاوازییەکی جەوهەری لە ناوبزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە چۆن  دەتوانن ئەو دوانە بەیەکەوە پەیوەند دەنەوە؟ ئێمە ئەگەر چاو لێ بکەین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێمە بزووتنەوەیەکی ئازادیبەخشی نەتەوەییمان هەیە بەڵام لە ئێران دا دەتوانین بڵێین بزووتنەوەیەکە زۆرتر بۆ زیاتر بوونی ئازادیی مەدەنی یە یا دێمۆکڕاسییە کە بتوانن لەو سیستیمەی کە ئێستا هەیانە دەرباز ببن چون  ئەوان بەحسی هوییەت و بەحسی ناسنامە و ئەوانەیان مەتڕەح نییە.  ئەو دوانە چۆن بەیەکەوە گرێیان دەدەن. دوو، بۆچی لە سەر ئەو ڕایەن کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی ئەوەی کە هەتا ئێستا مووەفەق نەبووە ئەوەیە کە خۆی لە چوارچێوەی ئێراندا نەبینیوەتەوە. ئێمە ئەگەر لە ساڵی ١٣٥٧وە چاوی لێ بکەین بزووتنەوە کوردییەکان بە دێمۆکڕات و کۆمەڵەوە خۆیان عەمەلەن  خۆیان شوعاری دێمۆکڕاسی بۆ ئێرانیان هەڵبژارد. لە ئەساس دا ئەگەر بێینەوە سەر مەبحەسی ئازادیی نەتەوەیی، ئەسڵی بابەتی خۆیان دا نابا ئایا موەفەقتر نەدەبوون. گەلێک سپاس

نەجیبە مەحموود: عەزیزان ئەم کاتەتان باش، هێندێک تێبینی لەسەر قسەکانی بەڕێز عەبباس وەلی

نەبوونی سیاسەتی ڕۆژ لە لایەن هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پەیوەستە بە نەبوونی پلانی  ستڕاتێژی و دیار نەبوونی مێکانیزمی  کار و خەبات کە کاریگەری لە سەر سیاسەتی ڕۆژ هەبێت. لایەنی تیوری (فکری)  گرینگە وەک بناغەیەکی ئەساسی بۆ خەباتی سیاسی بە گونجاندن لەگەڵ کاری مەیدانی کە کاریگەری هەبێت  لە سەر سیاسەتی ڕۆژانە و تاکتیکی خەبات، لە ڕێگەی کار کردن لە سەر کێشە و هۆکارەکانی پشتی کێشەکان  کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی جدی هەیە تا بتوانن کاریگەریەکان لەگەڵ ئەو سەردەمە بگونجێ. بۆ نموونە کێشەکانی ژنان لە ڕێگەی دراسە کردنی قانوون و قانوونی ئەساسی ئێران.

پرسیاری نووسراو

حەسەن قازی: مامۆستا وەلی لە یەکێک لە نووسراوە بە ناوبانگەکاتاندا دا باسی پچر پچر بوون و کوت کوت بوونی ناسیۆنالیزمی کورد دەکەن و لێرەش بوونی باشوور بە تەبعید دا دەنێین ئەو دوو لایەنە چۆن شی دەکرێتەوە، ئایا  هەر ناسیۆنالیزمێکی کورد هەیە یان چوار ناسیۆنالیزم؟ پرسیاری دووەم: ئایا کورد لە ڕۆژهەڵات ناتوانێ هەم لەگەڵ بەشەکانی کوردستان و هەم خەباتی سەرتاسەری لە ئێران  هاوکات تێ بکۆشێ؟

یۆنس بلووری: پرسیار: پێگەی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سیاسەتی نێونەتەویی چۆن دەبینن؟ ئایا لە ناوەندەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی چ حیسابێک بۆ کوردی رۆژهەڵات دەکرێ؟

ئەسعەد ئەعزەمی: سلاو وڕێز بۆ پرۆفسۆر عەباسی وەلی وسپاس بۆ خۆ ماندوکردنت.پرسیارەکە ئەوەیەکە بەشداری بەرچاوی خەڵکی کوردوستان لەهەڵبژاردنەکانی پارڵمانی ئیسلامی وهەروەها ریاسەتی جەمهوری لەساڵی ٧٦ بەم لاوە ،تەنانەت دەنگدانێکی بەرچاو بەئەحمەدی نیژادیش چۆن دەبینین؟ دوای بەشداری لەشۆراکانی شار ودێ چۆن دەبینێت جەنابت ،بەشذاری کردن باشە یان یان بایکۆت کردن؟

کاوە کرماشانی: سپاس له  قسه‌کان و تیبینیه‌کانی دوکتور وه‌لی، دو پرسیاریم بوو. دوکتور وه‌لی کاتێک باس له جوغرافیای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌کات، سنه و مه‌ریوان و پاوه وه‌کوو باشووری روژهەڵاتی کوردستان ناو ئه‌بات. ویستم بزانم دوکتور وه‌لی جوغرافیا و کۆمه‌ڵگای کرماشان و ئیلام و له‌کستان له کوێی جوغرافیا و بزووتنه‌وه‌ی کوردستانی ئیمرو ده‌بینن؟

پرسیاری دوهەمم ئه‌وه‌یه که دوکتو وه‌لی باسی ئه‌وه‌ی کرد که کوردی ڕۆژهه‌لات ده‌بێ به دیسکۆرسێکی فه‌رائتنیکی لایەنگری بۆ دیسکۆرسه‌کانی خوی درووس کات له ده‌ره‌وه‌ی سنووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران وه‌ک تاران و ئیسفه‌هان. منیش زور هاوڕام له سه‌ر ئه‌م تێبینیه. به‌ڵام پرسیاره که‌م ئه‌وه‌یه که بزوونته‌وه‌ی کورد به هوییه‌تی سورانی/سوننه تا ئیسه نەیتوانیوه ئەو دیسکۆرسەی خۆی لە کرماشان و ئێلام بەرفرە بکات، باشتر نییە دەستپێک بزوونتەوەی کورد بە جێگای ئێسفەهان و تاران لە فکر ئەوە بێت لە ناوچەکانی کرماشان و ئێلام دیسکۆرس خۆی پێش ببات و له‌م ریگه جوغرافیای نفوذ خوی گه‌وراتر و وه‌زنی سیاسی خوی له ئيران قورستر کاد؟ سپاس

کاوە قوڕەیشی: سڵاو ورێز و دەستخۆشی بۆ بەڕێوەبەرانی گونگرەی نەتەوەیی كوردستان . بەڕێز دكتور وەلی باسیان لەوە كرد كە لە رۆژهەڵاتی ئەم ساڵانەی دواییدا جۆرێك لە دێمۆكراسی موشاركەتی هاتۆتە ئاراوە كە جیاوازی هەیە لە تەك دیمۆكراسی نوێنەرایەتی یان ریپریزێنتاتیڤ. ئەگەر قایل بین بەم دوو جۆرە لە سیاسەتكردن، ئەزموونی یەك دوو ساڵی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕۆژهەڵات ئایا بەشداری بوو یان نوێنەرایەتی؟ ڕێز و سوپاس

ئەهوەن چیاکۆ: بە ئالترناتیوی کۆنفێدرالیسمی ـ دێمٶکراتیک، هەم لە مافی نەتەوەیی و شۆناسی ئێتنیکی پاشەکشە ناکەین، هەم لەگەڵ گەلانی تر و موتاڵباتی سەراسەری هەماهەنگ و هاوڕا دەبین. واتە هەم داخوازیەکەی کاک عباس هەم رەخنەگرانیش پێکدێ، بە جێگەی تاک رەهەندی فرە رەهەندی مژارەکە دەگرێتە دەست. ئالترناتیوی کونفێدرالیسم و نەتەوەی ـ دیموکراتیک، لە چوارچێوەی پارادایم و جەهانبینی کۆمەڵگای دیموکراتیک، ئێکۆلۆژیک و بەرابەری جنسیەتی، ئەم دەرفەت وڕێگەیەمان پێدەدات و لەو بوارەش نووسراو و شرۆڤەی پێویست لەبەر دەست دایە.

 عەزیز ڕەزایی: مه‌سئەلەی  جیا کردنه‌وه‌ی ئێتنیکی بزاوی کوردی که [ بەڕێز]  عه‌باس وه لی باسی ده‌کا ، تاکوو ئێستا له لایه‌ن حیزبه کوردیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتەوه به چه‌پ و ڕاسته‌وه  زۆر زێتر له‌وه‌ی که ئه‌و باسی ده کا بزاوی سه‌ربه‌ستی گه‌لی کوردیان وه‌لا ناوه.  به‌ڵام به‌رهه‌مه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ئێستا ده‌یبینین. بزاوی سه‌ربه‌ستی کوردی پڕۆژه‌یه‌کی مافی دێمۆکڕاتیکه له‌م کاته‌دا که ته‌نیا ته‌رازووی هێزه ده‌توانێ ئامانجه‌که‌ی به‌دی بێنێ .ئه من به هۆی باری ته‌کنیکیوه ناتوانم بێمه سه‌ر شاشه‌ی تی ڤی.  عه‌زیز  ڕه‌زایی

کاوە قوڕەیشی: لەگەڵ رێزی دووبارە و داوای لیبووردن، كاوەی قوڕەیشی م، كێشەی تەكنیكیم هەیە. بۆیە ناتوانم بە دەنگ بدوێم. رێز و داوای لێبوردن.سەبارەت بە كاكڵی باسەكەی دكتور وەلی ویستم ئاماژە بەوە بكەم كە بە پێی ئەسڵێكی تیۆلۆژیای رزگاریدەر، “یان پێكەوە رزگار دەبین، یان هیچمان رزگار نابین.” لەسەر ئەساسی ئەم بنەڕەتە سیاسییە رزگاریدەرە، كورد بیەوێت سەربەخۆ بێت یان نا، پێویستی بە هەوڵدان بۆ رزگاریی گشتیی هەیە. كورد ناتوانێ لە دڵی جیهانێكی نادیمۆكراتیك، دوورگەیەكی دێمۆكراتیك درووست بكات. كە واتە كورد بۆ ئەوەی رزگار بێت، دەبێت پرسی رزگاری كەسانی دیكەش بكاتە پرسی خۆی. وەك پشتگیرییەك بۆ بۆچوونەكەی بەڕێز كاك عەباس وەلی

وتەی دووەمی پڕۆفێسۆر وەلی و وڵامی هێندێک لە پرسیارەکان

عەبباس وەلی: پرسیار زۆر بوو، بەڵام زۆربەی پرسیارەکان هەر وەکوو یەک بوون یانی تەوەرەکەیان ئاستی بەحسەکە ئەوانە زۆرتر وەکوو یەک بوون بۆیە ئەمن ئەوانە تێک دەکەمەوە بە غەیری ئەو پرسیاری ماییدە خانمی کە لە سەر شەڕی براکوژی و ئەوانە پرسی ئەمن ئەوەی جواب بدەمەوە لە پێشدا ئەمن بە داخەوە جوابێکم بۆ وەی نییە. ئەوە مەسەلەیەکە  کەدەبێ لەگەڵ حیزبەکان ڕوونی بکەیەوە. ئەوان دەبێ جوابیان بۆ وەی هەبێ. ئەمن جوابێکم بەوشێوەی بۆ وەی نییە گەرچی حازرم لە کاتێکی تایبەتی دا زۆر لە سەری بەحس بکەم. ئەوە مەسەلەیەکی زۆر گرینگە. بەڵام ئەو پرسیارەی ئەنگۆ کردووتانە ئەو پرسیارە بە من جواب نادرێتەوە بەو شێوەیەی.

بچینە سەر ئەسڵی بەحسەکەی. ئەمن چەند ڕۆژ لەوەی پێش باسێکم هەبوو لەگەڵ ماد مێدیا لەوێدا ئەمن لە سەر کۆمەڵەی دوام لەوێدا ئەمن ئیرادم لە حیزبی  کۆمۆنیست – کۆمەڵە گرت کە مەسەلەی ئێتنیکی لە بەر چاو ناگرێ، مەسەلەی میللی لە بەرچاو ناگرێ و ئەوەی تێکەڵ کردووە و لە زۆر ئاستانیش دا وەبەر شتی کەوتووە. یانی دە حاڵەتێکی دەرەجەی دووەم دا نیسبەت بە مەسەلەی چینایەتی و ئەوانە. ئەمن لەو بەرنامەیە دا گوتم کە دەبێ بۆچوونی کۆمەڵەی لەو بارەیەوە  ئیسلاح بکرێ.

ئەوڕۆکانە ئەمن باسی بەحسێکی دیکەم کرد لێرە دا کوتم کە سیاسەتی کوردی دەبێ لە دیوار و چوارچێوەی ئێتنیکی بچێتە دەرێ . لێرە دا شایەد کەسێک بڵێ ئەوە ناکۆکییەکی گەورە لەو قسانە دا هەیە و ئەو قسانە لەگەڵ یەک ناخوێننەوە. بە نەزەری من وا نییە. ئەو بەحسەی کە ئەمن دەیکەم بەحسێکە بنەمایەکی تێئۆریکی زۆر ڕوونی هەیە. بنەمایەکی تێئۆریکی زۆر گەورەی هەیە. لە پێشدا با عەرزتان بکەم وەختێکی کە ئێمە باسی ناسیۆنالیزم دەکەین، باسی نەتەوە و نەتەوایەتی دەکەین، نەتەوە و نەتەوایەتی  لە ئەسڵ دا پێوەندی هەیە لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوەیی و سەربەخۆیی. وەختێک ئێمە سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەتەوەیی دە بەرنامەکەماندا وەلا  دەنێین  بە باوەڕی من موشکیلەیەکی زۆر گەورە دێتە پێشێ کە ئەگەر ئیدیعای ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیستی بکەین. ئەگەر ئینسانێکی سادق بین دەبێ بڵێین ئێمە ئەو بەرنامەیەی ناسیۆنالیستیمان  وەلا ناوە. وەختێک وەلامان ناوە چ دە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی دا، چ دە چوارچێوەی فێدرالیزم دا ئێمە دەمانەوێ واریدی ڕێگایەکی دێمۆکڕاتیک بین و بەشێوەیەکی دێمۆکڕاتیک مافەکانمان بە دەست بێنین و خەباتی بۆ بکەین. لێرەش دا کە دەڵێم خەباتی بۆ بکەین یا بەرگری بکەین ئەمن دەگەڵ ئەو مەسەلەی بە شیدەت جیاوازیم هەیە و نە خەبات و نە بەرگری هیچیان واکونیش ( بەرتەک نیشان دان) نین، ئەوە بە نەزەری من زۆر هەڵەیە. خەبات بۆ خۆی خەباتێکە، یانی بەرگری، بەرخوەدان  بۆ خۆی خەباتێکە بۆ دەسەڵات. خەبات بۆ دەسەڵات هیچ وەخت واکونێشی نابێ هەمیشە کونێشی یە. با ئێمە ئەوەمان لە بیر بێ، بەڵام مەسەلەی دیکە ئێمە وەختێکی دەڵێین بەرنامەیەکی خودموختاریمان هەیە، ئۆتۆنۆمیمان هەیە یا فێدرالیزممان دە چوارچێوەی حاکمییەتی ئێرانێ دا دەوێ یانی ئێمە ئەو ئەسڵەی ناسیۆنالیستیمان لە نەزەر تێئۆریک و سیاسییەوە وەلا ناوە. بە قەولی فارسان دەڵێن

” شتر سواری دولا دولا نمیشە”، بە کوردییەکەی  ” کار بە دزە دزە ناکرێ ”  کاتێک مەسەلەکە ئەوەیە ئێمە دەبێ بڵێین ڕێگایەکی دێمۆکڕاتیکمان لە پێشە، دەو ڕێگا دێمۆکڕاتیکە دا دەبێ چ بکەین؟ ئایا دەبێ لە چوارچێوەی ئێتنیکی خۆمان دا بمێنینەوە، خۆمان بەردەاوم بناسێنین، هوییەتی خۆمان بەردەوام بناسێنین کە بتوانین ڕێگایەکی ببینینەوە یا  دەبێ بتوانین لە هەمان کات دا کە کۆمەڵگای خۆمان، هوییەی خۆمان دەپارێزین خاڵ و ئوسوول و مەیدانی موشتەڕەکیش پەیدا بکەین لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دیالۆگی سیاسی یا خەباتی سیاسی یا تەنانەت شەری سیاسیمان لەگەڵیان هەیە. ئەوەیە کە ئەمن دەڵێم دەبێ لە دیواری ئێتنیک بچنە دەرێ. ئەوەش بنەمای تێئۆریکی هەیە. دەسەڵات شێکی یەکگرتوو نییە، دەسەڵاتی سیاسی شتێکی یەکگرتوو نییە. هەر کەسێکی کە وەدەزانێ دەسەڵات شتێکی یەکگرتووە بە نەزەری من ئەلفوبێی سیاسەت نازانێ. دەسەڵات جیاوازی هەیە، دەسەڵات ئوسوولی هەیە، دەسەڵات شوعەب و برانچ و لق و پۆپی هەیە. ئەوانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە و هەلومەرجی ئیمکانی وەدیهاتنی ئەوانە فەرق دەکا. ئەمن ئاماژە بە دوو دەسەڵاتان دەکەم، دەسەڵاتی حاکم، ئەوەی کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن sovereign power ئەوەی قودرەتی قانون دانان و بەڕێوەبەری قانوونی بە دەستەوەیە، ئەوەی کە تەواوی دەسگاکانی سەرکوت و سەرکووب و ئیختیناق و کوشتار و زیندان و ئەوانەی بە دەستەوە. یەکێکیش دەسەڵاتێکە کە ئەمن باسم کرد. ئەوەی کە بە فارسی پێی دەڵێن زیست سیاسەت، ژین سیاسەت ئەوە مەیدانێکە کە ئەو دەسەڵاتە دەوێدا دەبێ کار بکا کە بە جەماوەری خۆی وڵام بداتەوە. کورد بێ، تورک بێ، عەڕەب بێ، بەلووچ بێ فەرق ناکا. دیارە وڵامدانەوەی ئەوەی بە کورد، عەڕەب، تورک، بەلووچ لەگەڵ جواب دانەوەی بە فارس فەرقی هەیە چونکە بە فیلتێری دیکە دا تێ دەپەڕێ. ئەو فیلتێرە گرینگە. ئەو فیلتێرە دەبێ ئێمە بزانین چییە و بی ناسین. کاتێک کە ئەو فیلتێرەمان ناسی ئێمە دەزانین کە چۆن تەعامول بکەین. بە پێچەوانەی ئەوەی، و بەداخەوە دەڵێم کاک هێمنی سەییدی کوتی ئەمن لە ترسان دەپاڕێمەوە، ئەمن ناپاڕێمەوە ئەمن باسی بایۆ پاڵیتیکس دەکەم برای من. ئەمن باسی مەیدانێکی دەکەم کە لەوێدا سیاسەتی زیست لەوێدا هاوبەشی هەیە لەگەڵ تۆ. ژنی کورد ٧٠ لە سەدی موشکیلەکانی لەگەڵ ژنی بەلووچ، لەگەڵ ژنی ئیسفەهان و شیراز و ئەوانە مومکینە یەک بێ. مومکینە سی لە سەد، چل لەسەد جیاوازی ئێتنیکی هەبێ. ئێستا دەزانم فێمینیستە کوردەکان دەیانەوێ بڵێن بە دژی حکوومەتێکی کە دەڵێ ژن کوشتن شتێکتی ئێتنیکە کوردان دەیکەن دەڵێن نا وا نییە. لە هەموو جێگایەکی ئێرانێ، لە تورکیای، لە عێڕاقێ هەیە، ئەوە مەسەلەیەکی تایبەتی کوردان نییە. ئەوە شتێکە ئەمن دەیخوێنمەوە و زۆرم پێ باشە ئەوەی کە دەڵێن  ژن کوشتن شتێکی ئێسێنشیالی کوردی نییە، پیاوی فارسیش ژن دەکووژی، ئازەریش ژن دەکووژێ، عەڕەبیش ژن دەکووژێ، بەلووچیش ژن دەکووژی، ئەرمەنی و ئاسۆڕیش ژن دەکووژن. ئەوە لێرە مەسەلەی جێندر لە ئوسوولی ئێتنی و چینایەتی لای داوە بووە بە شتێکی گشتی و هەموانی. ئەوە دەبێتە هۆیەک. ئەوە دەبێتە سەبەبێک، ئەوە  دەبێتە نوختەیەک لە مەیدانی بایۆ پالیتیکس دا لەگەڵ ئەوانە بتوانی ئیتیلاف بکەی. خانوادەی شیرازی، وەکوو خانەوادەی ئیسفەهانی، وەکوو خانەوادەی کرماشانی، وەکوو خانەوادەی مەهابادی موشکیلی خوێندنی منداڵیان هەیە، با ئی کوردی بیست لە سەد، سی لە سەد فەرقی هەبێ بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە ئەم پانتاییە زەمینەیەکە بۆ هاوکاری. ئەمن دەڵێم ئەوە هیچ ڕەبتی بەوەی نییە هەڵسوکەوتی من لە سەر هوییەتی من، لە سەر مافی نەتەوەیی من ئەگەر مافی نەتەوەییم بێ، یان مافی ئێتنتکیم بێ، چون ئەمن فکر دەکەم لە چوارچێوەی سیاسی ئۆتۆنۆمی یان فێدرالیزم دا زەحمەتە واقیعەن لە نەزەر تێئۆریک باسی مافی نەتەوەیی بکرێ ئەگەر ئینسان سادق بێ ئەگەر وەکوو ئەو ڕۆشەنبیرە کوردانە نەبێ کە هەمیشە باسی سەربەخۆیی دەکەن بەڵام هەمیشە لەگەڵ حیزبە سیاسییەکانیش کار دەکەن کە هیچ پڕۆگرامی سەربەخۆییان نییە. بەڵام بەردەوامیش تەعریفی شەڕی چەکداری دەکەن، بەردەوامیش تەعریفی سەربەخۆیی دەکەن و بەردەوامیش بە هوییەی نەتەوەیی کورد هەڵ دەڵێن بەڵام لە ژێر چەتری حیزبێکی دا کە بەرنامەکەی موشەخەسەن ئۆتۆنۆمی یە. ئەمن بەوە دەڵێم ئەو کابرایە  سەداقەتی سیاسی نییە، سەداقەتی تێئۆریکی نییە، ئەگەر سەداقەتی سیاسی و تێئۆریکی هەیە وەرە بڵێ ئەمن دەو چوارچێوەی دا ڕێگایەکی دیکە وەبەر بگرم. ئەمن ئەوەی دەڵێم کە مەیدانی سیاسەتی زیست، سیاسەتی ژیان زۆر بەرفرەوانە. ئێمە لە کێشەی پەتای کۆرۆنا دا دیتمان. حکوومەت فاشێل بوو، ئەگەر حکوومەت  فاشێل نەبووبایە لەو مەیدانەی دا ئەو  سازمانانە، ئەو ڕێکخراوانە، ئەو شتانە دروست نەدەبوو. ئەوانە هاتنە ژوورێ شارەکانیان ئیدارە کرد. ئەمن لە سەر ئەوە بابەتەی کە لێکۆڵینەوەیەکم کردووە لەگەڵ ڕەفیقێکم. لەگەڵ سی چل کەسان بە سەعاتان بە تەلەیفوون قسەی کردووە پێیان کوتووین کە ئەلئان حکوومەت لێرە نەماوە ئێمە دەیکەین، ئێمە ڕێگای ئیدارە دەکەین، ئێمە شتی دەکڕین، ئێمە دابەشی دەکەین. سازمانێک هاتووەتە ژوورێ سازمانێکی بەشدارانەیە، participatory یە، نوێنەرایەتی و representative  نییە. ئەوە زۆر شتێکی گرینگە، ئەوە بنەمایەکی تازە  بۆ سیاسەت دەکاتەوە، ئەوە نیشان دەدا کە خەڵکی کوردستانێ بە قووڵی سیاسین، فەزای سیاسی ئەوانە نیشان دەدا بەڵام ئێمە کەلک لەوە وەرناگرین چون ئێمە دەڵێین بەرنامەیەکی حیزبیمان هەیە ئەگەر ئەو بەرنامەیە بخوا ئەوە دە خوا ئەگەر نەخوا ناخوا. نا! بەرنامەکەت  بۆ خۆت ڕاگرە بەڵام شتێکی دیکەش بکە. ستڕاتێژی تەنێ هەر ڕەهەندێکی نییە، ئەگەر دەسەڵات یەک ڕەهەندیی نەبێ بەربەرەکانی و موبارەزە لەگەڵ دەسەڵاتیش ڕەهەندگەلی جیاوازی هەیە. ئەو شتەی کە ئەمن دەیڵێم موتڵەقەن ئەوە نییە کە ئەتۆ بچی هوییەتی خۆت لەوێ بتوێنییەوە. ئەمن ئەسیمیلەیشینیست نیم، بەڵام ئەمن بۆ وێنە ئەوەی دەڵێم دەڵێم تەجروبەی هەدەپەی لە تورکیای نیشانی دا کاتێک کە هەدەپە لە ئاستی سەدی چاردە دەرچوو، خەتەری هەدەبەی وەختێک سەدی ١٤-ی لە هەڵبژاردن هێناوە بۆ دەوڵەتی تورکی سەدجار لە پ.ک.ک ی زۆرتر بوو.

بەڕێوەبەریی پانێل: زۆر سپاس بەڕێز عەبباس وەلی

عەبباس وەلی: ڕاوەستە کاکە ئەتۆ ئەو هەموو پرسیارت لە من کردووە دەڵێی تەواوی کە. ئەمن دەڵێم خەتەری کوردێکی کە لە پڕۆسەی دێمۆکڕاتیک دا خەبات دەکا لە کوردێکی کە چەکی بەدەستەوەیە لە شاخی یە  کەمتر نییە، زۆرترە. ئەو سیاسەتە سەلماوە. کاتالۆنیا ئەوەی نیشان دەدا، ئیرلەند ئەوەی نیشان دەدا، باسک ئەوەی نیشان دەدا، ئەوانە ئەو جوورە مەسەلانەن کە ئێمە دەبێ دەرسی لێ وەربگرین. ئەمن ناڵێم وەرە هوییەی خۆت بتوێنەوە. ئەمن دەڵێم هوییەی خۆت ڕاگرە ئەوە دیوارێکە هەتا ئێستا دەسەڵاتی سیاسی نەیتوانیوە ئەو دیوارەی بشکێنێ بەڵام  ئەتۆ ئەو دیوارەی ڕاگرە بەڵام لە پشت ئەو دیوارەی سەنگەرێ مەگرە وەرە ژوورێ، وەرە ژوورە لە دنیایەکی بەرفڕەوانتر دا سیاسەت بکە، دیوارەکەشت ڕاگرە، هوییەکەشت لەوێ بێ، زمانەکەشت لەوێ بێ. ئەگەر ئەتۆ نەتوانی لە دوو مەیدانان دا، لە دوو ڕەهەندان دا لە عەینی حاڵ دا دوو سیاسەت بکەی کە بە نەزەر مومکینە ئامانجەکانی ئەوانە ناکۆک بن بەڵام لە ئەسڵ دا دوو ڕێگای جیاوان کە لە کانییەک، لە سەرچاوەیەک ڕا ئاو دەخۆنەوە. ئەوە سیاسەتێکی دروستە بە باوەڕی من. ئەوە سیاسەتێکی دروستە ئەمن لە سەر وەی دەڕۆم بەڵام ئەوە دەبێ پێناسە بکرێ، ئەوە دەبێ شی بکرێتەوە. ئەمن ئەو شتانە کە دەڵێم بەحسی تێئۆریکی زۆر بەهێزی لە پشتە. زۆری فەرق هەیە لەگەڵ وەی ئەمن دانیشم لە کوردستانێ ئیدیعای نوێنەرایەتی چینی کرێکار لە خووزستانی بکەم. ئەوە سەد لە سەد لەگەڵ ئەوە فەرقی هەیە. ئەمن بۆخۆم لە هەڵوێستی خۆم دا، هەڵوێستی ئێتنیکی و نەتەوەیی خۆم دام بەڵام ئەوەندەم قودرەت هەیە دێم لە تارانێ لە سەر مەسەلەی ژنان قسەم هەیە بیکەم، ئێتیلافی دروست دەکەم. لە سەر مەسەلەی مەدرەسەی منداڵان، لە سەر شەهرییەی زانکۆیە، لە سەر مەسەلەی دەرمانی، لە سەر مەسەلەی ئینسانی پیر، لەسەر مەسەلەی کوودەکستان ئەوانە مەسەلەی ڕۆژی ئێرانێن کە هەموو خەڵک و خانەوادەی ئێرانی کە دەیەوێ ژیانێکی باشتری هەبێ لەگەڵ ئەو مەسەلانە دەرگیرە. تێوەگلان لەو مەسەلانە لە سیاسەتی ئێتنیکی و ناسیۆنالیستی تۆ کەم ناکاتەوە. کاک هێمن ئەلئانەکە بە من دەڵێ هیچکەس لە ئێرانێ نەیاندەزانی کە کوردان لە ڕێفراندۆمێ ڕەئیان نەداوە بە جمهووری ئیسلامی. دەی زۆر باشە کوردان دەنگیان نەداوە ئایا ئەوە خەتای ئێرانییەکانە نازانن یا خەتای کوردەکانە کە پێیان نەکوتوون. ئایا ئەوە خەتای حیزبەکانی ئێمە نییە کە تا ئێستا هیچیان نەنووسیوە؟ لە نەزەر فەرهەنگییەوە ئەمن سی ساڵە دەیبینم کە ، سی چل ساڵە واقیعەن دەیبینم کە بەرهەمی سیاسی و تئۆریک و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ئەوانە یەکجار کەم بووە، یەکجار کەم بووە ئایا ئێمە نەدەبا بە ئەوانمان کوتبا. ئایا ئێمە نابێ بۆخۆمان دانیشین بە دەستی خۆمان تاریخی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی بنووسین؟ هەتا ئێستا کێهە ڕەوشەنبری کورد ئەوەی کردووە، کوتوویە تاریخی کوردی بەلانی کەمەوە لە ١٩٠٥وە لە شۆڕشی مەشڕووتییەتەوە هەتا ئەورۆ بۆ وڵاتی خۆم ، هاو وەتەنانی خۆم بنووسم. نایکەین ئێمە، ئیدیعاشمان هەیە و لە پشت ئەو شتە ئێتنیکییەی سەنگەرمان گرتووە. بەرحەقین، مافمان دەوێ خەڵک بێ، خەڵک نایە، لزوومیشی نییە بێن. خەڵک نایەن ئەتۆ  چونکە هیچ کارت بۆ وەی نەکردووە. مەسەلەی ژینگە بەو برادەری عەرز بکەم.

بەڕێوەبەریی  کۆنفڕانس: تکایە کورتی کەرەوە

عەبباس وەلی: مەسەلەی ژینگەی یەکێک لە مەسەلە ئەساسییەکانی بایۆ پاڵیتیکس ە. ئەو مەسەلەی ژینگە ئەگەر ئێمە نەتوانین لە سیاسەتەکانمان دا، لە ستڕاتێژییەکانمان دا دایبەمەزرێنین و تێکەڵی بکەین لەگەڵ مافەکانی کوردی، ئەوەی جوورێک بتوانین دابمەزرێنین کە بە هیچ جوور لە ڕووی تێئۆریکەوە ڕەخنەی لێ نەگیرێ، نەکەوێتە بەر پەلاماری ناسیۆنالیستی فارس و تورک، ئێمە زۆر سەرکەوتووین. بەڵام ئەو کارەمان نەکردووە، هیچ کارمان نەکردووە، هەر ئاخ و داخمان هەڵکێشاوە کە کێوەکان وا لێ دەکەن و ڕووبارەکان وا لێ دەکەن. ئێمە هیچ کارێکمان لە سەر ئابووری کوردستان نەکردووە.

بەڕێوەبەریی کۆنفرانس: بەڕێز عەبباس وەلی کات زۆر کەمە ئەگەر دەکرێ بە کورتی ئەگەر قسەیەکتان ماوە، با بڕۆینە سەر بابەتی تر.

عەبباس وەلی: چەند ئابووری زانی کوردمان هەیە؟ مەسەلەکە ئەوەیە یانی ئێمە مەسەلە ئەساسییەکان تێ ناگەین فەقەت و فەقەت لە پشت ئێتنیسیتی سەنگەر دەگرین. ئەو سەنگەر گرتن لە پشت ئێنیسیتی کوردی بووەتە شتێکی  موحافەزەکارانە. بووەتە هۆیەک بۆ کار نەکردن، بووەتە شتێکی نەجووڵانەوە، بووەتە شتێکی نەخوێندنەوە و فێر نەبوون. زۆر سپاس.

بەداخەوە وتەی بەشی دوایی قسەکانی بەڕێز وەلی و هێندێک تێبینی و قسەی کەسانی تر لەم ڤیدێئۆیەی وا لە لایەن ” ماد-مێدیا ” وە بڵاو کراوەتەوە دەنگی نییە. بەڕێز وەلی  لە دوا وتەی دا گوتی: ”  لە وڵامی ڕەخنەی من لە بۆچوونەکانی کاک هێمن سەییدی لە قسەکانم دا بەڕێزیان دەڵێن وڵامەکەی منیان پێ سەیرە چونکو ئەو لەگەڵ قسەکانی منە و پشتیوانی دەکا لە ئارگومێنتەکانم، ئەگەر وابێ من خراپ لە قسەکانی کاک هێمن تێگەیشتووم و داوای لێ بوردنی لێ دەکەم  بۆ ئەو خراپ لێ تێگەیشتنە و بەهەڵە وڵام دانەوەی……  ”  

ئێدیت: حەسەن قازی

وێبنووسی ڕوانگە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی