"an independent online kurdish website

سەید محەمەدئەمین شێخەلئیسلامی موکری کوڕی سەید حەسەن شێخەلئیسلامی موکری ناسراو بە هێمن، دایکی ناوی زەینەب و کچی شێخی بورهان، بەهاری ساڵی ۱۳۰۰ – ۱۹۲۱ی زایینی لە گوندی لاچین سەر بە شاری مەهاباد لە دایک بووە.


مامۆستا هێمن کە بە شاعیری ئەڤین و ئازادی ناسراوە، لە پێنج ڕوەوە جێگای تێڕامان و سەرنجە و ئەم تایبەتمەندیگەلە، هێمنیان کردووە بە شاعیرێکی نەتەوەیی ناسراوە. ئەم پێنج تایبەتمەندیە بریتین لە:

یەک: هێمن لە چینی خۆی کە چینی بورژوایە (ئاغاوەت) هەڵسووڕاوەتەوە و لە گژیان ڕاچووە. بۆ نموونە لە شێعری ” ئەمن دەیڵێم و بێ باکم” و شێعری “ژوانی ئاغا”.

بەشێک لە شێعری “ئەمن دەیڵێم و بێ باکم”:

هەچێکی بێتە سەر زارم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەگەرچی بێکەس و زارم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوی ئاغایە بێ بێکارە، جەبوون و قەڵس و لاسارە

دزی و ڕێ گرتنی کارە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

گەلێ بێ فیکر و ئیدراکن، گەلێ بێ خێر و ناپاکن

توخواکەی کامەیان چاکن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوەندە گێژ و بێ هۆشن، حەیا و نامووسێ دەفرۆشن

لەبۆ ئازادی ناکۆشن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

خودای ئاغاوەتان قەندە، لەبۆ قەندن هەموو بەندە

بەحاڵی وان دەکەن خەندە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

بەشێک لە شێعری “ژوانی ئاغا”

ئیحتیاج ده‌یكا وه‌ها نه‌رم و ته‌با

بۆت نه‌رم نابێ ئه‌گه‌ر موحتاج نه‌با

ئیحتیاج داوێنی ئالووده‌ ده‌كا

گه‌ر ته‌سه‌ل بووبایه‌ حه‌تمه‌ن نه‌تده‌گا

گه‌ر نه‌بووبایه‌ وه‌ها ڕووت و شڕۆڵ

خۆی ده‌كرد ته‌سلیمی تۆ، چرچی گڕۆڵ؟

ئیحتیاج مه‌جبووری كرد و خۆی فرۆت

چی له‌ ده‌ست نایه‌ ده‌نا ‘پووره‌ مرۆت’

ئیحتیاج دۆخینی پێ شل كرده‌وه‌

شه‌رم و نامووسی له‌ بیر ئه‌و برده‌وه‌

ئیحتیاج كردی به‌ ده‌ست ئاغا ئه‌سیر

كیژی لادێیی ڕه‌ش و ڕووت و فه‌قیر

ئیحتیاجه‌ جه‌رگی كردۆته‌ كه‌باب

هێنده‌ جوانچاک نی ده‌نا عالیجه‌ناب

دوو: هێمن موکریانی، ئەم وشەگەلە کوردیە کە یان هەروا بەردەوام لەسەر زمانی خەڵکی شەقام هەن یان ئەو وشەگەلە کە کەمێک لە یادان چوونەوە، بە واتای نوێ بەکر دەهێنێ.

زمانەوانان دەزانن کە وشە دەکرێ دوو واتای دوور و نزیکی هەبێ کە زۆربەی خەڵک، وشەکە بە واتا نزیکەکەی بەکار دەهێنن، لێ مام هێمن، وشەکە بە واتا دوورەکە بەکار دەهێنێ و واتا نزیکەکەی پێ دەدات. ئەم کارە ئەوەندە وەستایانە دەکات کە خوێنەر و بیسەری شێعرەکانی هێمن ڕێک دەچتە سەر واتا دوورەکە و بە واتای نزیک وەریدەگرێ.

پەی نموونە:

وشەی تاو بە واتای توانایی نەک خۆرەتاو لە شێعری ناڵەی جودایی ـدا.

هەیبێ هێز و گورد و تین و تاو و گۆڕ

ڕۆژگاری ڕەش نەبێ، بەختی مگوڕ

وشەی “بابردەڵە” لە ناڵەی جودایی ـدا:

بۆ منی بابردەڵەی گردەنشین

بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین

بابردەڵە بە واتای شتێکی کەم کێش و سووک بەڵام هێمن بە واتای لاوازبوونی خۆی بەکاری دەهێنێ.

هەر لە درێژەی ئەم تایبەتمەندیەدا، مام هێمن، دەستێکی باڵای لە ڕیزکردنی بێ گرێ و گۆڵی ئاوەڵانوەکان لەلای یەکتری هەیە و ئەوەندە وەستایانە بەکاریان دەهێنێ کە زمان لە خوێندنەوەیدا تەتەڵە ناکات و گرێ و گۆڵی ناکەوێتە سەر.

پەی نموونە لە “ناڵەی جودایی” ـدا:

داتەپیوی، بێ پەسیوی، بێ قەرار

بێ کەسی، دەستەشکاوی، کۆڵەوار

لێو بە باری، دەردەداری، ڕەنجەڕۆ

شاعیری جوانی پەرستی دڵ بە سۆ

یان پەی نموونە لە شێعری “بەرەو ئاسۆ”ـدا:

ئاسمانی ساو و دەریای مەند و تارمایی چیا

سێوی لاسوور و بەهێی زەرد و هەناری گوڵ بەدەم

سێ: هێمن هەر شاعیری ئەڤین و ئازادی و پێشمەرگە نیە، بەڵکوو شاعیری ژن ـە، ژنێک بە پێوەری ئەمڕۆ هاوچەرخ و پێشکەوتوو. هێمن لە دەیان شێعری خۆیدا بە دژ دابەستەیی ژن ـدا دەچێتەوە و وەک لافاو ڕایدەماڵێ و بە شوێن پەروەردەی ژنێکدایە کە تەشی ڕێس نەبێ و چاوکراوە بێت.

پەی نموونە لە شێعری “فرمێسکی ڕنوو”ـدا:

خۆشەویستی من کچە کوردێکە پاک و نازەنین

باخەوانە پیرەم و باخی بە پەرژینم دەوێ

نامەوێ ڕوو بگرێ تا دەمرێ بە فێڵبازی و درۆ

یاری، نازداری، لەباری، دیاری شەرمینم دەوێ

من تەشی ڕێسێکی وەک شیرنی (وەفایی)م بۆ چییە؟

کیژی وریای چاوکراوەی فێرە زانینم دەوێ

یان لە تاک دێرێکدا (تەک بەیتی) ـدا دەڵێ:

کچی کورد باسکی هەڵمەتی هەڵکرد

ئاسکی ناسک، ڕقەی لەگەڵ کەڵ کرد

یان وەک نموونەیەکی ترەگ لە شێعری “یادگاری شیرین”ـدا:

“رۆژی بەختی هەر لە ژێر هەورێکی رەشدا لاوی کورد

تاکوو روخساری کچی شاری لە پێش چاوان ونە

نایەڵێ گۆشەی برۆکەت دەرکەوێ چارشێوەکەت

ئەی لەدەس ئەو چڵکە هەورە مانعی مانگ گرتنە

چۆن دەبێ سەربەست گەلی ژێردەست کەکچ دابەستەبێ؟

بەس نەبێ ئەو کوێلەتی و ئەو کچ لە ژۆر دابەستنە

دەرکی داخستۆوە لە تۆ بابت کەچی دەرکی نییە

درەکە داخستن لە تۆ دەرکی هۆمید داخستنە

داڕزینە مردنە ئاخر هەتاکەی پێت بڵێن

نابێ بێتەدەر لەماڵ ماڤی ژیانی کوا؟ ژنە

لادە چارشێوی ڕەشت با دەر کەوێ کوڵمەی گەشت

چۆن لە قڕنی بیستەما زۆر عەیبە ئەو ڕۆگرتنە

کیژی خەڵکی بۆمی ئاتۆمی درووست کرد و ئەتۆش

هەردەزانی ناوی (ئەستێوڵک)و (دەرخۆنە) و( پنە)

فێری زانست و هونەر بوو ئەو لەسایەی خوێندنی

تۆش تەشیمان بۆ دەڕێسی یادگاری شیرنە

هەڵبەت ئەم شێعرە، جیا لەم بابەتە، دەیان سەنعەتی هونەری تێدایە، وەک نموونەی مەبەست، بەرپەرچدانەوەی شێعری بەناوبانگی “شیرین”ـی وەفایی ـە.

چوار: هێمن، زۆر بە سانایی و ڕەوانی و بێ چوونە ناو قوتابخانە فکری و هزریەکانی سیاسی و بێ هەر پێچ و پەنایەک، “مانیفێستی کوردستانی بوون و کوردبوون” دادەڕێژێ. وەک لە “ناڵەی جودایی ـدا دەڵێ:

شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە

بانگی ئازادی و گوڕەی یەکسانییە

شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە

ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە

تێبینی: لە زۆر نوسخە و نووسراوەدا، بە هەڵە وشەی “گوڕە” بە واتای هاوار کە لەگەڵ بانگ بە واتای هاوار کردن یەک دەگرێتەوە، کراوە بە گوڕوو کە ئەمە واتای شێعرەکە بەتەواوی دەگۆڕێ.

پێنج: هێمن، شاعیرێکە کە لە زۆر شوێن لە شیعرەکانیدا توڕەیە و باس لە ڕەشی و ناخۆشێ و دزێوی و مەینەتەکانی کورد و کۆمەڵگای کوردستان دەکات. باس لە لاوازیی خەبات دەکات وەک لە شێعری “بەهاری لادێ”ـدا دەڵێ:

لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی قەڕنی بیستەمدا

سەرم سووڕما کە ئەسپی سووکەسواری کوردی بۆ وەستان

وەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جهاندیدە:

خەتای سواران نەبوو پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان

کەچی لە کۆتایی ئەم شێعرگەلەیدا، بەردەوام دڵنەوایی کورد دەداتەوە و هومێدی پێ دەدات و دەڵێ ئاسۆ و پێشەڕۆژ ڕوونە:

وەک هەر لە درێژەی ئەم شێعرەدا دەڵێ:

هومێدێ بەرمەدەن ڕێگەی خەبات بگرن بڕۆنە پێش

تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بەدیکتاتۆری چۆن وەستان

یان پەی نموونە لە شێعری: “ئێوارەی پاییز”ـدا دەڵێ:

گوتم: «کەوابوو، ئاشنا!

بەشی ئێمە لەنێو چوونە»

گوتی: «نا، نا، دوور بنواڕە…

دوور بنواڕە… ئاسۆ ڕوونە…»

کۆتا قسە:

هێمن، لایەنی ئەدەبیی تری زۆرن وەک وەرگێڕان کە کتێبگەلێکی بەنرخن و لە پەرتووکخانەی کوردیدا کێشێکی زۆر و فرەیان هەس. جیا لەوە هێمن، شاعیرێکی قسەخۆش و نوکتەبێژە کە تەنز لە شێعرەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. هاوکات، هێمن موکریانی فەرهەنگ یان وشەدانێکی بەنرخی زمانی کوردیە کە زمانی کوردی لە نەمان پاراستووە، لێ لە ئەم نووسراوە خێرایەدا، هەوڵ درا تا ئەم پێنج لایەنە سەرەکیە بخرێنە بەر باس کە مخابن هەندێکیان یان هەتا هەنووکە کەس باسی لێوە نەکردوون یان بە لاوازی و لاوەکی باسیان لێوە کراوە. بۆ نموونە “لە گژ چینی خۆ ڕاچوونەوەی هێمن” یان “بەکارهێنانی وشەکان بە واتای دووریان بۆ واتای نزیک”. هیواخوازم ئەم بابەتە کرچ و کاڵە، توانیبێتی، بەشێک لە ئارەقی ناوچاوانی مام هێمن بسڕێتەوە و فێنکایی بخاتە بەر ڕۆحی ناسکی و خوێنەریش شتێکی بەکەڵکی لێ هەڵکڕاندبێ.

یادی هێمن بەرز

هەڵمەت مەعرووفی

16.04.2023

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی