"an independent online kurdish website

نووسەر: سەید ئەمیر ئەرجومەند، پرۆفیسۆر و بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوە جیهانیەکانی زانکۆی ستۆنی برووک.

سیاسەتوانانی ئێران لە شکست هێنانی هەوڵەکانیان ئەڕا هەناردەکردنی شۆرش تێگەیشتوون و ڕێگایەکی کردەییتریان بۆ هێژمۆنی لە ڕێگای ژیۆپۆلتیکەوە گرتووەتە بەر.

مانگی ژانویەی 2016، ئەنستیتیۆی واشنگتن کارگەیەکی یەک ڕۆژەی لەمەڕ ئەو کۆسپگەلەی کەوا بە هۆی ڕەوتەیلی نوێی ئایدیۆلۆژیی سیاسیەوە کە لە بەردەم سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین سەریان هەڵداوە، بەڕێوەبرد کە ئەم بابەتە لەوێ پێشکەش کریاگە.

چەمکی ئایدیۆلۆژی کە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەربڕدراوە، کاتێک بە ڕوونی شی دەکرێتەوە کە لە بەستێن و ڕوانگەی مێژووییەوە بخرێتە بەر باس.

پێشبەستێنی ناوچەیی

  ئەم سەردەمە زەمەنیە کە لێرە باسی لێوە دەکرێت، دوای شەڕی جیهانیی دووهەمە، ئەو سەردەمە کە وەک دەگوترێت، لەم سەردەمەدا، ئایدیۆلۆژیی عەرەبی جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ئایدیۆلۆژیی عەرەبی تا ئەو کات لە تێکەڵبوون لەتەک ڕۆژاوای جیهاندا، کەمڕەنگ ببۆوە. بەتایبەتی لە میسری جەماڵ عەبدولناسرـدا کە پاڵپشتی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوو کە ئەم ناسیۆنالیزمی عەڕەبیە بە سازبوونی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی لە نێوان ساڵانی 958-1961 گەیشتە لوتکە کە هەڵبەت تەمەنی کۆمارەکە کەم بوو. دوای ئەوە، حیزبی بەعس هەم لە عێراق و هەم لە سووریە، بوو بە ئاڵاهەڵگری ناسیۆنالیزمی عەرەبی.

تۆوی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی سیاسی، پێشتر لە ناو کارەکانی ئەبو ئەلعەلا مەودوودی، بیرمەندی هیندی-پاکستانی (1903-1979) چێندرابوو کە هەموو هەوڵەکەی ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامیی پاکستان  بکات بە دەوڵەتێکی ئایدیۆلۆژیک و هەوڵێکی زۆری بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەکانی خۆی دا. لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا، ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی لەلایەن سەید قوتبەوە (1906-1966) ڕادیکاڵ یان بێژین توندئاژۆ کرا کە ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیستی عەڕەبیی جەماڵ عەدولناسری بە درۆ دەزانی و دەیگوت تەنیا لاساییەکی ناسیۆنالیزمی کافرەکانە. بەڵام لە ئەنجامدا، ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی کە لەلایەن مەودوودی و سەید قوتبەوە لە چوارچێوەی “برایەتیی مسوڵمانان” (ئیخوانولومسلین) سەریهەڵدابوو، لە میسر خۆی نەرم و نیان دەکات و دێتە ناو هەڵبژاردن و بزووتنەوەی نەهزە لە تونس ـیش هەر ئەم ڕەوتە دەگرێتە بەر. لە هەمبەر گەشەسەندنێکی ئاوەهادا، دەکرێ ئەو مشتومڕە بکرێ کە دەوڵەتی ئیسلامی، بەشداری کردن لە هەڵبژاردن وەک لاسایی کردنەوەیەک بەکار دەهێنێت و ئەرکی خۆی بە گەڕانەوە بۆ نەریتی دژە ئایدیۆلۆژیی سەلەفی دەزانێت (واتا ئیسلامی سەرەتایی و سەرەتای ئیسلام: وەرگێڕ) کە لە فیرقەگەرایی یان ئەو ئایدیۆلۆژیایانەوە کە لە ڕۆژئاوای جیهانەوە وەرگیراون نەگلاوە.

ڕێگا و شێوازی ئێران The Iranian Path

ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی لە ئێران، ڕێڕەوێکی جیاوازی لەتەک کۆی ڕۆژهەڵاتی ناڤین هەس. ناسیۆنالیزمی ئێرانی، بەتایبەتی لە شۆرش لە یاسای بنەڕەتی لە ساڵانی 1906 تا 1911 لە دژایەتی لەتەک دوایین دەسەڵاتی پاشایەتیی قاجار سەریهەڵدا و بە گشتی لە دەوڵەتی هاوچەرخی ڕەزا شا پەهلەوی ـدا (1925 تا 1941) خۆی خستە ڕوو و دەرکەوت. هەروەها ناسیۆنالیزمی موسەدیقی سەرۆک وەزیران  (1951-1952) کە ڕۆژئاوای جیهانی تووشی کێشە کردبوو. موسەدیق و هاوڕایانی و بەرەی هاوپەیمانی ئەو ئیدیۆلۆگ (کەسانێک کە ئایدیۆلۆژیەک دادەڕێژن و هەوڵی گەشەپێدانی دەدەن. پەی نموونە سەید قوتب یان عەلی شەریعەتی دوو کەسی ئیدئۆلۆگ بوون: وەرگێڕ)، (محەمەد موسەدیق، لەدایکبووی 1258ی هەتاویە و ساڵی 1345ی هەتاوی مردووە. بڕوانامەی دوکتورای مافی لە زانکۆی نۆشاتێلی سویس وەرگرتووە. یەکێک لە ڕەخنەگرانی سەرەکیی دەسەڵاتی پەهلەوی و گۆڕینی دەسەڵات لە قاجار بۆ پەهلەوی بوو. ساڵی 1330ی هەتاوی بوو بە سرۆکوەزیرانی ئێران و نەوتی ئێرانی کرد بە نەتەوەیی. ئەم هەنگاوە ڕاقی بریتانیای لێکەوتەوە. موسەدیق وەک لە نامەکەی بۆ عەبدولکەریم قاسم دەردەکەوێ، دژایەتیی چڕی لەتەک کۆمونیستەکان هەبووگە و هاوکات ناسیۆنالیستێکی سەرڕەقی ئێرانی بووە و بڕیاری سەرکوتی بزاڤەکانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە و بەپێی کتێبی ٢٣ ساڵی عەلی دەشتی، فەرمانێکی هاوشێوەی فەرمانی جیهادی خومەینی لەسەر کوردستانی ئەو کات دەرکردووە: وەرگێڕ)، ڕێبەری ئێرانیش بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە پشتیوانی لە حیزبی توودە و ڕوانگە جیهانیە کۆمونیستیەکەی دەکرد. هەروەها حیزبی فاشیستیی سومکا SUMKA زۆر لاواز ببوو. (سومکا کورتکراوەی حیزبی ناسیۆنالیستی کرێکارانی ئێران بوو کە هەڵگری ئایدیۆلۆژیی نازیسم بوو و لە سەردەمی شەڕی جیهانیی دووهەم دامەزرا. ڕێبەری ئەم حیزبە کەسێک بوو بە ناو داوود مونشی زادە: وەرگێڕ) (ڕاستە سومکا لاواز ببوو و دەکرێ بێژین لەناو چوو: وەرگێڕ-ئەم ڕستەیە بۆ تێگەیشتنی باشی خوێنەر زێدە کریاگە) بەڵام لەوانەیە دامەزرێنەران و کەسانی باوەڕمەند بەم حیزبە، ئەمڕۆ چێژی تایبەتی لە گەڵاڵە و نەخشەی ئێرانی گەورەی فەرماندەی پێشووی سپای پاسداڕانی شۆرشی ئیسلامیی ئێران و کەڵک وەرگرتنی ئەگەریی ژنراڵەکانی سپای پاسداران (لە ڕوانگەی وەرگێڕەوە، سپای تیرۆریستیی پاسداران دروستە، لێ دەقەکە وەک خۆی وەرگێڕدراوەتەوە: وەرگێڕ) لە ڕوانگە و هزری ئەوان وەربگرن. لە هەر حاڵدا، ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی مەودوودی و قوتب لە ڕێگای وەرگێڕانی پەرتووک و نامیلکەکانیانەوە، لە سەرەتای ساڵی 1970 ـیەوە گەیشتە ئێران، لێ لە هەمبەر شۆرشی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی عەلی شەریعەتی (1933 –1977) کە هاوچەرخ و تێکهەڵکێشانە بوو ڕەنگدانەوەیەکی لاوازی بوو. (سەردەمی چالاکیی شەریعەتی لە نێوان ساڵانی 1952–1975 بوو، واتا دوو ساڵ بەر لەوەی کە لە ماڵەکەی خۆی لە باشووری ساوت هێمپتۆنی بریتانا مرد. لەسەر مەرگی شەریعەتی تا ئێستاش هاوڕایی نیە. نەخۆشخانەی شارەکە دەڵێ بە مەرگی ئاسایی بووگە، لێ لایەنگرانی ئێژن تیرۆر کراوە: وەرگێڕ). لەتەک ئەوەشدا، شوێنکەوتوانی ڕوحوڵا خومەینی، لایان شێوەدەنگی دژە ئایینیی شەریعەتی نەکردەوە، تەنیا لە سەردەمی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و ڕاستەوخۆ دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا محەمەد بێهێشتی و حەسەن ئایەت، هاتن بە خێرایی ئایدیۆلۆژیەکی ئایینی مەلایانەی جێگرەوەیان بۆ شەریعەتی ساز کرد و دابەزاند.

چەمکی مۆدیرنیزمی ئیسلامی یان ئیسلامی هاوچەرخی شەریعەتی، دماتر لەلایەن مەهدی بازرگانەوە هێرشی کرایە بان. بازرگان سەرۆک وەزیرانی کاتیی پێشووی ئێران بوو. (مەهدی بازرگان، لەدایک بووی 1286ی هەتاویە و ساڵی 1373ی هەتاوی مردووە. سیاسەتوانی ئێرانیە کە ساڵی 1357 تا 1358، وەک چل و یەکەمین سەرکوەزیرانی ئێران لەسەر کار بووگە. ئەندامی جیبهەی میللی ئێران و لە دامەزرێنەرانی نیهزەتی ئازادیی ئێران و مامۆستای زانکۆ بووە و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا لە ساڵی 1359ی هەتاویەوە تا 1363ی هەتاوی، نوێنەری مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران بووە و هاوکات مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی تاران و ماوەی شەش ساڵیش سەرۆکی کۆلێژی تەکنیکیی زانکۆی تاران بووگە.: وەرگێڕ).بازرگان، لە بابەتێکی ناسراوی خۆیدا کە ساڵی 1993ی زایینی بە ناوی “قەڵەوتر لە ئیدئۆلۆژی” (فارسیەکەی: فربەتر از ایدئولوژی) کە لە بلاڤۆکی کەیهان ـدا بڵاوی کردەوە، چەمکی ئایدیۆلۆژی بۆ ئیسلام ڕەت کردەوە و گوتی: “ئایدیۆلۆژی بۆ ئیسلام بەکارهێنان گاڵتەجاڕە.)

هەرچەند بۆ قسەکەی بازرگان زۆر درەنگ ببوو و ئایدیۆلۆژیی سەرچاوەگرتوو لە ڕوانگەکانی خومەینی بە ناوی ویلایەتی فەقیهـ، بوو بە بنەمای یاسای نوێی ئێران و لە یاسای بنەڕەتیدا گونجا. لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیەوە، ڕاگەیاندنی سەرکەوتوویی شۆرشی ئێران وەک یەکەمین ئایدیۆلۆژیی نوێی جیهان، ئەم بەڵێنەی لە بەدیهێنەران و بڕوامەندانیدا ساز کرد کە گەرەکە ئەم شۆرشە ئیسلامیە بۆ هوندری ئێران هەناردە بکەن. دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین کە زودی ئەم بەڵێنە لە بنەڕەت و ناخی خۆیدا، ئامانجێکی توندئاژۆی بەهێزی پان ئیسلامیە.

پێشەکیی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێداگری لەسەر ئەم بەڵێنە بۆ پەرە پێ ئەستاندنی شۆرش لە هوندری (دەرەوەی) ئێران و ژ بۆ سازکردنی “کۆمەڵگایەکی یەکپارچە و جیهانیی بڕوامەندان” کردووە کە پێی دەگوترێ “ئومەت”. (لە ڕاستیدا، ئومەت لە دژی نەتەوە یان میلەتە و نەتەوە ڕەت دەکاتەوە، هەر بۆیەش بوو کە خومەینی لە دانوستان لەتەک هەیئەتەکانی کوردستان بەردەوام پێداگری لەسەر مسوڵمان بوونی هەموو لایەک و یەک ئومەت بوون دەکرد و هیچ کات خۆی لە قەرەی چەمکی نەتەوە نەدا و کە فەرمانی جیهاد لە دژی کوردستان دا، چەمکی جیهاد لە دژی کوفری بەکار هێنا: وەرگێڕ). بەم حاڵەشەوە، هەوڵدان پەی وەدیهێنانی بەڵێنیی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی تەنیا لە لوبنان و بە سازکردنی حیزبوڵای لوبنان چووە واری جێ بە جێ کردنەوە. ئەم هەوڵە لە شوێنگەلی ترەگی وەک عێراق، بەحرەین، ئەفغانستان و بەخاسمانی لە پاکستانی شکستی هانی و لە درێژخایەندا بەرەوڕووی بەرهەڵستکاریی فیرقەکانی ترەگی مسوڵمانان لە ئی وڵاتگەلەدا بووەوە.

دژکردەوەی توندتر لە هەمبەر هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامیی ئێران لە سەرهەڵدانی جیهادی جیهانیی سوننە لە ئالیی ئەلقاعیدە لە ساڵی 1990ی زایینی ـدا بوو و دواتر بە سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامیی داعش، هەوڵگەلی ئێران و دەوری ئێران پەی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامیان شکست پێ هێنا و بەریان بە گەشەی گرت. درێژەپێدەرانی سیاسەتی هەندەرانی ئێران، بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی جیاوازیان لە بابەتگەلی ترەگدا، هیچ چەشنە دژڕایی و تەوەهومێکیان لەمەڕ قەبووڵکران و وەرگیرانی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینی ئێستا، لەتەک یەکتریدا نیە. ئەوان دەزانن کە ئەم بیرۆکەیە، لەمێژە ڕێکەوتی بەسەر چووگە.

بە سەرنجدان بەم ئاگاییە (لەمەڕ شکست خواردنی ئێران پەی هەناردەکردنی شۆش: وەرگێڕ)، مرۆڤ دەتوانێت هەڵسەنگاندن ژ بۆ قورساییە ڕێژەییەکانی پێمل بوونی ئایدیۆلۆژیکی لە هەمبەر هێژمونیی ناوچەیی لە سیاسەتی هوندوری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات. بەم شێوەیە چیرۆکەکە دەچێتە سەر ڕێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران واتا ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی کە لە هەڵمەتەکەیدا کە محەممەد خاتەمی، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی کردە ئامانج و تیشکی خستە سەر چەمکی “داگیرکاریی کولتووری” لەلایەن ڕۆژئاوای جیهان و بەم شێوەیە جەختی لەبان دەوری سەرەکیی  خۆی لە ئایدۆلۆژیای فەرمیی ئێراندا کردەوە. (محەمەد خاتەمی، لەدایک بووی 1322ی هەتاویە و لە نێوان ساڵانی 1376 بۆ 1384ی هەتاوی، سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران بووگە و لە ماوەی سەرۆککۆماریی خۆی، پەی ئاشت کردنەوەی ئێران وەگەرد کۆمەڵگای جیهانی، چەمکی وتووێژ لە ناو شارستانیەتەکانی هێنایە ئاراوە کە بۆ ماوەیەک بوو بە جێگەی باسی جیهان. ئەم چەمکەی خاتەمی لە هەمبەر ڕوانگەی شەڕی شارستانیەتەکان یان بەریەک کەوتنی شارستانیەتەکانی سامویێل هانتینگتۆن هاتە ئاراوە کە بەپێی ئەم ڕوانگەیە، لە دوای شەڕی سارد، کەلتوور و شوناسی ئایینی و ئایینزایی دەبێت بە سەرچاوەی سەرجەم پێکناکۆکی و پێکدادانەکان کە ئەمیش خۆی وەک دژکردەوەیەک بۆ پەرتووکی “کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ”ـی فرانسیس فۆکۆیاما لە ساڵی 1992ی هەتاوی خرایە ڕوو: وەرگێڕ). لەم دواییانەدا و لە کاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٤، عەلی خامنەیی، خۆی لە پشتگیری کردنی ئاشکرا لە دانوستانە ناوکیەکان بەدوور گرت، نەیارانی توندئاژۆی ڕێککەوتنی ناوکی، بە سەرۆکایەتیی ڕۆژنامەی کەیهان، بێ هودە چاوەڕێی ئەوە بوون کەخامنەیی ئاماژە بە گەڕانەوە بۆ هەڵوێستی پێشووی خۆی بکات، واتا بگەڕێتەوە سەر هەمان هەڵوێستی پێشووی خۆی. لە ئەنجامدا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015، سیگناڵەکە درا کە شێوەیەکی نەرمتر بوو بۆ ڕێگری کردن لە “خۆتێخزاندنی کەلتووری بە ناوی نفوزی فەرهەنگی کە هاوڕایی کردنێک بوو لەتەک گەمارۆ ئابووریە هەڵگیراوەکان لەبان ئێران. هەرچەند پێدەچێ کە هێنانە ئارای وەها چەمکێک، پەی ئارامکردنەوەی ڕەوشی ناوخۆیی و توندئاژۆکان لەدوای ڕێکەوتنی ناوکی بووبێ کە بە بەرجام ناسراوە تا توندئاژۆیەکانی ناوخۆی ئێران و گوتاریان، کارتێکەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران نەبێ. (ڕێکەوتنی ناوکی،١٤ ـی ژوئیەی 2015 لە ڤیەنای ئوتریش لە نێوان ئێران و پێنج وڵاتی ترەگ بەسترا کە بریتین ژ: چین، فەرانسە، ڕووسیە، ئەمریکا، بریتانیا و هەروەها ئاڵمان، واژۆ کرا و لە ڕەوتی دانوستانەکەدا، بڕەپارەی 100 میلیارد دۆلاری ئەمریکی پارە درا بە ئێران. ئەم ڕێکەوتننامەیە دواتر لەلایەن دانۆڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران دڕێندرا: وەرگێڕ). کەواتە، پێدەچێ ئامانجی سەرکیی توندئاژۆکان زۆرتر لەوەی کە ئایدیۆلۆژیکی بێ، جیۆپۆلتیکیە واتا جوگرافیای سیاسی. هەر هەمان گرنگیە بۆ حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران هەبووە، هەرچەند ئەوان مەیلیان لەسەر جەخت کردنەوە لە هەژموونیی درێژخایەنی ناوچەیی و کۆتایی هێنانی کورتخایەن بە گەمارۆ ئابووریەکان و سڕینەوەی ڕق لەسەر کۆماری ئیسلامی وەک وڵاتێکی بێزراو هەبووە. (واتا ئامانجیان ئەوە بووە کە لە درێژخایەندا، دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەکە پەرپێ بدەن بەڵام پێشتر ڕق و بێزاری لە ئێران لە کۆمەڵگای جیهانیدا بسڕنەوە: وەرگێڕ)

نەخشە کۆنەکان، تەماح و زێدەخوازیە نەبڕاوەکان

ئەم نەخشەگەلە کە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خستوویانەتە ڕوو و شوێنی دەکەون، سنوورەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکاریەکانی مسوڵمانەکان لە سەدەی حەوتەم ـدا. پێتەختی ئەم وڵاتە، تیسفون ـە کە لە نزیک بەغدا هەڵکەوتووە و تا کەناراوەکانی کەنداو و هەروەها یەمەن لە خۆی دەگرێت. هەڵبەت بە دڵنیاییەوە، خستنە ڕووی ئەم نەخشەگەلە بە واتای زیندووکردنەوەی ئایدیۆلۆژیی سوماک نیە، بەڵكوو دەرخەری حەزی ئێران بۆ گەڕاندنەوەی هێژموونیی ناوچەییە. لە مانگی ئاوریلی 2015، یەک ڕۆژ بەر لەوەی کە پارامیترەکانی ڕێکەوتنی ناوکی لە لۆزانی سوئیس ڕابگەیێندرێت. حەیدەر حەلعەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق، سەردانی باژێری تکریت ـی کرد کە ماوەیەکی کورت بوو لەژێر دەستی داعش ئازاد کرابوو. باژێرێک کە سەرەڕای وەدرۆ خستنەوەی شێلگیرانەی گشت لایەنەکان، سەرجەم یاریکەرە سیاسیەکان دەیانزانی کە حەوتوویەک بەر لەو ڕێکەوتە، ئەوە فڕۆکەکانی ئەمریکا بوون کە دەوری سەرەکیان لە تێکشکاندنی گەمارۆی سەر ئەم باژێرە و تێکشکاندنی داعش هەبووگە. هەر کەمێک بچینە پێشتر، دەبینی کە دەست داگرتنی داعش بەسەر ئەو بەشەدا کە بە سێ گۆشەی سوننە ناسراوە، دەبێت بە هۆکار کە دەوڵەتی ئێرانی، مانگی ژوئەنی 2104، ژنێراڵ قاسم سلۆیمانی، سەرکردەی سپای قودسی سەر بە سپای پاسداڕانی ئێرانی ناردە بەغدا. پێویستە بە وەبیرهێنانەوەیە کە ساڵی 2008، قاسم سلۆیمانی ( لەدایکبووی ١٩٥٧ لە پارێزگای کرمانی ئێرانە –و ساڵی ٢٠٢٠ێ زایینی لە بەغدا لە فرۆکەخانەی ناودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە کرا بە ئامانج و لەگەڵ چوار ئەندامی حەشدی شەعبی، لەنێوانیاندا ئەبوو مەھدی موھەندیس، فەرماندەی سەربازیی عێراقی-ئێرانی کە سەرکرادایەتیی حەشدی شەعبی  دەکرد کوژرا. قاسم سلۆیمانی، ساڵی ٢٠٠٧ کەوتە بەر گەمارۆکانی ئەمریکا و ناوی چووە لیستی تیرۆرەوە: وەرگێڕ). مانگی سێپتامبری 2014 کە لەم ڕۆژەدا، حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئێران گەیشتە نیۆیۆرک، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکەمین هێرشی ئاسمانیی خۆی بۆ سەر سوریا ، واتا هێرش بۆ سەر کەمپی ڕاهێنانی بەکۆمەڵی گرووپی خوراسان، کە لقێکی ئەلقاعیدە بوو و لەلایەن بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکاوە بە مەترسییەکی گەورەتر لە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە دەزاندرا. سەرۆکی ئەم گروپە، ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە وەک فەرمانبەر و بەڕێوەبەرێکی ئەلقاعیدە دەستنیشان کرابوو کە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان و بەڕێوەبەریی ئۆپەراسیۆنەکانی، لە تاران لە ئێران مافی پەنابەری پێدرابوو. لێرە ئەم گومانە ساز دەبێت کە هێزەکانی قودس، زانیاریی تەواو و پێویستیان لەسەر گرووپی خوراسان بۆ هێرش کردنە سەر ئەم گرووپە لە سووریە بە فەرماندەکانی ئەمریکا لە عێراق دابێت.

درک پێکردن و گرتنەبەری واقعیەت

لە وێنە گشتگیرترەکەدا، داڕێژەرانی سیاسەتی ئێران کە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئایەتوڵڵا خامنەیی، بە ڕوونی لە شکستی هەوڵەکانیان ئەڕا هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی تێدەگەن، لە هەمووی بەرچاوتر لە عێراق کە شەڕەکەیان بە سەدام حوسێن دۆڕاند و لە پاکستانیش کە توندوتیژیی خێڵەکی بەتایبەتی لەوێندەر هەبوو، زیانی بە کۆمەڵگەی شیعە گەیاند. ئەوان خۆیان باش ددان بەوە دادەنێن کە دەستکەوتگەلی ئێران لە ناوچەکەدا، بەهۆی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی و ئەم سیاسەتەوە نیە و زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ ڕووخانی دوژمنە دراوسێکانیان وەک سەدام لە عێراق و تالیبان لە ئەفغانستان. (تێبینی: ئەم بابەتە، ساڵی 2016 بڵاو کراوەتەوە و گۆڕانکاریەکانی نهای ناوچە وەک هاتنە سەر کاری تالیبان لە ئەفغانستان لە دوای چوونە دەری ئەمریکا لە ئەم وڵاتە لەخۆ ناگرێ و بەوپێیە دەکرێ بابەتی هەناردەکردنی شۆرش و سیاسەتی ناوچەیی ئێران لە ئەمبارەوە گۆڕانی بەسەردا هاتبێت بەڵام هیچ لە بایەخی ناوەرۆکی بەهێزی بابەتەکە لەسەر سیاسەتی ئێران و هەناردەکردنی شۆرش و ڕیشەکەی کەم ناکاتەوە: وەرگێڕ.)

ئەوان هەروەها دەزانن کە پشتگیریی هەمەلایەنەی ئیسلامی شۆرشگێڕانەیان هەر لە سەرەتای ئەلقاعیدەوە و دواتر بە خەلافەتی ئیسلامیی عێراق و شام واتا داعش داوە. بە پێچەوانەوە، ئەوە بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان و ڕیاڵپۆلیتیکن کە بە شێوەیەکی گونجاو، سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی دوای شۆڕشی ئیسلامی هەر لە هەوڵی کۆتایی هێنان بە گۆشەگیریی دیپلۆماسی وڵاتەکە تا پشتیوانی کردن لە ڕژێمی ئەسەد لە دژی ئیسلامیە سوننەکان و بۆ حوسیە زەیدیەکان لە دژی قاعیدە لە یەمەن ڕوون دەکەنەوە.

وەرگێڕان لە ئینگلیسیەوە: هەڵمەت مەعرووفی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی