"an independent online kurdish website

بەپێی ئەو هەواڵانەی لەپێوەندی لەگەڵ ناکۆکییەکانی ئەم دواییانەی نێو ڕێزەکانی کۆمەڵە پشتڕاست کراونەتەوە،

بەداخ و نیگەرانییەکی زۆرەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی (٢٢ی جولای ٢٠٢٣ی زایینی) ڕەوتی گرژییەکان کێشاویەتە هێرشبردن و تەقەکردن کە لە ئاکامدا دوو هاوڕیی کۆمەڵە گیانیان لەدەست داوە و برینداریشی لێ کەوتۆتەوە.

لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی ناڕەحەتی و نیگەرانیی خۆی لەو ڕووداوە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا هاتۆتە گۆڕێ، داوا لە لایەنە ناکۆکەکان دەکا دان بە خۆیاندا بگرن و ڕێگا نەدەن دۆخەکە لەوە تاڵتر و ئاڵۆزتر بێ. چونکی ئەوەی ڕووی دا نە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵە و نە لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کورددایە و نە ڕێگاچارەیەکی شیاو بۆ چارەسەری مەسەلەکانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناو هێورکردنەوەی وەزعەکە و پێشگرتن لە هەر جۆرە ئاڵۆزێیەکی دیکە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێ.

بە هیوای هەستکردن بە بەرپرسایەتیی زیاتر و دڵسۆزانەی هەموو لایەک.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

١ی پووشپەڕی ١٤٠٢

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

****

بابەتەکانی پەیوەندی دار، وەرگیراو لە روداو و وێستگه‌نیوز

لە زڕگوێزی سلێمانی شەڕ لەنێوان هەردوو لایەنی کۆمەڵە روویدا؛ کوژراو و بریندار هەن.

رووداو دیجیتاڵ

شەڕ لەنێوان پێشمەرگەی دوو لایەنی حیزبی کۆمەڵە روویدا و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوژران و دوو دیکەش بریندار بوون. دوو لایەنی کۆمەڵە یەکتر بە هۆکاری ئەو شەڕە تۆمەتبار دەکەن.

شەڕەکە لە شەوی رابردووەوە لە کەمپی زڕگوێز لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا دەستیپێکردووە و کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا گوتی “لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێر هێرشی کردووەتە سەر فێرگە و کەمپی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و بە قەنناس تەقەیان لە پێشمەرگەکانمان کردووە”.

سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە رووداوی گوت لایەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێش بە چەند پێشمەرگەیەکەوە هەوڵیانداوە بچنە سەر بنکەکانیان و ئەوانیش بەرگرییان لە خۆیان کردووە و شەڕ دروستبووە.

هاوکات کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ “چەند کەسێکیان لە شاخ هێناوەتە خوارەوە و لەنێو کەمپی بانە گەورە دەستیان بە تەقە کردووە”.

کۆمەڵەی شۆڕشگێر لایەنی دیکەیان تۆمەتبار دەکات، کە رۆژی 21-06-2023 چوونەتە سەر ماڵی عومەر ئێلخانیزادە و ماڵەکەیان گەمارۆ داوە و بە نێوبژیوانیی هێزەکانی ئاسایش بارودۆخەکە ئارام بووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ دیسان لەو شوێنەی ماڵی عومەر ئێلخانیزادەی لێیە، بووەتە شەڕە تەقە.

عومەر ئێلخانیزادە، تاوەکو پێش یەکگرتنەوەی ئەو دوو لایەنەی کۆمەڵە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو، بەڵام دوای یەکگرتنەوەیان بووە جێگری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ.

رۆژی 21-06-2023 کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ لایەنی دیکەی کۆمەڵە (کۆمەڵەی شۆڕشگێر) تووشی شکست بووە و ئەوان وەک لایەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێش درێژە بە چالاکی خۆیان دەدەن.

کۆمیتەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە راگەیێندراوی ئەمڕۆیدا دەڵێت “لە دوێنێوە دوای راگەیاندنی کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکگرتنەوە لەلایەن ئێمەوە، (لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ) دەستیان داوەتە هەموو جۆرە ئاژاوەیەک”.

رۆژی 21-06-2023 دوای راگەیێندراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، گرژی لەنێوان ئەو دوو لایەنەی کۆمەڵەدا دروستبوو و کۆمەڵەی شۆڕشگێر لایەنی بەرامبەری تۆمەتبار کرد چوونەتە سەر ماڵی عومەر ئێلخانیزادە، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێر و داوایان لێکردووە کەمپی بانە گەورە بەجێبهێڵێت. دواتر کۆمەڵەی زەحمەتکێشان ئەوەی رەتکردەوە.

نێوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی 2022، هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکیان گرتەوە، لە راگەیێندراوی یەکگرتنەوەشیاندا کە رۆژی 27-11 بڵاویان کردەوە، ئاماژەیان بەوە کردبوو، جیایی زیانی پێگەیاندوون و لەمەودوا لەژێر ناوی “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران”ـدا کار و چالاکی دەکەن.

***

راگەیێندراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەبارەی شەڕەکەی زڕگوێز

رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەبارەی شەڕەکەی زڕگوێزی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بۆ ماوەی یەک کاژێر “لەناو ئوردوگای بانەگەورە تەقەیەکی زۆر کراوە.”

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، “لەدوای ئەوەی دوێنێ 21ی حوزەیرانی 2023ی زاینیی هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە لەلایەن دەستەیەک دژی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە، لە ئوردوگای بانەگەورە گەمارۆ درابوو و بە نێوانگیریی هێزەکانی ئاسایش بارودۆخەکە ئارام بوویەوە، بەڵام بەداخەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 22ی حوزەیران، سەرلە نوێ چەند کەسێکیان لە شاخ هێناوەتەوە و لەنێو ئوردوگای بانە گەورە و دەستیان کردووەتەوە بە تەقە لەو شوێنەی ماڵی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەی لێ بووە.”

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ ماوەی یەک کاژێر لەناو ئوردوگای بانەگەورە تەقەیەکی زۆر کراوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەرپرسیارێتیی گیانی عومەر ئێلخانیزادە و سەرجەم پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دەخاتە ئەستۆی، حیزبی بەرامبەر و دەڵێت، “ئەم گرووپە نابەرپرسانە هەڵسوکەوت دەکەن.”

فەرماندەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ رووداو: دوو شەهیدمان داوە و تکایە خەڵکی کوردستان بەهانامانەوە بێن | 🔴بەپەلە؛ فەرماندەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ رووداو: دوو شەهیدمان داوە و تکایە خەڵکی کوردستان بەهانامانەوە بێن | By Rudaw | Facebook

****

گرژیەکانی ناو کۆمەڵە خەریک بوو بگاتە پێکدادان و بەرپرسێکیان دەڵێت: نەمانهێشت خوێن لە لووتی کەس بێت

وێستگه‌نیوزـ

ناکۆکیەکانی ناوخۆی کۆمەڵە قۆناغێکی نوێیان تێپەڕاند دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە ئۆردوگای بانە گەورەی زڕگوێز، دوو بەرەی ناوحزبەکە رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و بەرپرسێکی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیش دەڵێت بە بەشداری سکرتێری حزبەکەیان هەوڵی کودەتا دراوە.

نەوید میهرئاوەر، بەرپرسی کۆمسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند “لە سێ چوار رۆژی رابردودا کۆبوونەوەی بەرەی کۆمیتەی ناوەندی هەردوولامان بەڕێوە چوو. لەوێ من و هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەڵوێستی خۆمان بە ڕوونی دەربڕی، داوامان کرد ئەو سیاسەتە هەڵپەسێردرێت کە کاک عەبدوڵا (عەبدوڵای موهتەدی) کردویەتی، بڕیارەکانی پێشوو وەک خۆی جێ بەجێ بکرێن ئەگەرنا ئێمە جۆرێکی تر بڕیار دەدەین”.

باسی له‌وه‌شكرد: “هەر پاش ئەمە كاک عومەری ئێلخانیزادە بە هاوکاری کاک عەبدوڵای موهتەدی و هاوڕێیانی کەوتنە پیلانگێڕان و کودەتا کردن بەشێوەیەک بیانەوێت ئەو ئۆردوگایەی بە بانە گەورە ناسراوە لە دەستمانی دەربهێنن و ئێمە دەرکەن لە حزبەکە. ئێمە پلانەکەیمان خوێندەوە و دوێنێ شەو پلانەکەیانمان پوچەڵکردەوە و ئەو رێگەیەی ناو ئۆردوگاکەیان کە دەیانەویست لەوێوە هێزی زیاترمان بهێننەسەر داخست و لە چەند لاوە دانیشتین. هێزیان ناردە سەرمان و بەرپەرچمان دانەوە. ئەڵبەتە نەمانهێشت، تەقە بکرێت و خوێن لە لووتی کەسێک بێت. تەنانەت فێرگەی عەسکەریشیان گرت، بەڵام لێمان سەندنەوە و پاشەکشەیان کرد”.

دەنگی ئەمەریکا چەند جارێك پەیوەندی کرد بە عومەری ئیلخانیزادە، سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ عومەری ئێلخانیزادە لە ماڵەکەی خۆیدا لە بانە گەورە گەمارۆ دراوە دەڵێت ئەم کارە دوورە لە “پرەنسیپی حزبی و ئەخلاقی” و داوا دەکات “ئەنجامدەرانی ئەم کردەوە نابەرپرسانەیە دەبێت وڵامدەرەوەی دۆست و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بن”.

بەڵام نەوید میهرئاوەر، ئەو هەواڵە بە “چەواشەکاری و درۆ” ناودەبات و رەتی دەکاتەوە سکرتێری حزبەکەیان گەمارۆدابێت و دەڵێت، “نە قسەکەی کاک عومەر راستە نە راگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێران، بە تایبەت بەیانامەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان درۆ و چەواشەکارییە”.

نەوید میهرئاوەر دەشڵێت، “کاک عومەری ئێلخانیزادە هەرکاتێک بیەوێت لە لای ئێمە بڕوات دەرگای بۆ کراوەیە. لەلاشمان دانیشێت خزمەتی دەکەین، بەڵام ئەو، نە لەگەڵ ئێمە دائەنیشێت و رەتیشی دەکاتەوە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانە، دەشڵێت ، “من سەر بە کۆمەڵەی شۆڕشگێرانم”.

بەڕێز میهرئاوەر دەڵێت، “ئێمەش رێنماییمان کردووە ئەو بارەگایە هی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانە. ئەو دەیەوێت بارەگاکە لەدەست ئێمە دەرکا و ئێمەش دەربکات ئێمەش لەبەرامبەر ئەو پلانە وەستاینەوە، کاک عومەر ئازادە، هەر کاتێک بیەوێت بڕوات یان دابنیشێت پێشمەرگە لە خزمەتیایە و خزمەتیشی ئەکەین بەڵام ئەو خۆی نایەوێت بڕوات”.

نەوید میهرئاوەر، بەرپرسی باڵی سەربازی حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کورستان، رایگەیاند، “عومەری ئێلخانیزادە بە هێزێکی 25 بۆ 30 کەسی لەگەڵ بەشێک لە خەڵکی تری رۆژهەڵات کە دانیشتووی سلێمانین لەژێر ناوی ئاشناو رۆشنا وەک میوان هێنابوونی بۆ ناو ئۆردوگا، ئەوانیشمان ئیزندا و پێمان وتن بچنە لای کاک عومەر هیچ جوڵەیەک نەکەن و حەقی هیچیان نەبێت”.

لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەو بارەگانی حزبە کوردیەکانی ئێران، هەردوو حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کورستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی ئێران بڕیاریاندا یەکبگرنەوە و لە فۆڕمێکی نوێدا خۆیان رابگەیەنن. بەڵام ئەمڕۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند”بەهۆی بەڕێوەنەچوونی رێکەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناکۆکی سیاسی ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام نەگەشت”.

لە ئێستادا باڵی سەربازی و هەندێ لە ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کورستان دژی بڕیارەکانی عومەری ئیلخانیزادە، سکرتێری پارتەکەیانن و دەڵێن پشتیوانیەکانی ناوبراو بۆ عەبدوڵا موهتەدی لای ئەوان جێگای قەبووڵ کردن نییە و ئەمەش بووەتە هۆی ناکۆکی لە ناو ئەو حزبەدا.

نەوید میهرئاوەر دەڵێت، “کاک عەبدوڵای موهتەدی لەگەڵ کوڕی شای دیکتاتۆری ئێران دانیشت، هەموو ئەو رێبازە بە پێچەوانەی خواستی ئێمەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بوو، و ئەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان سیاسەتی ناوەندگەرێتی و ئێرانچێتی بوو کە حاشای لە پرسی کورد دەکرد. ئێمە لە دژی هەموو ئەوانە وەستاینەوە. بەڵام بەداخەوە سیاسەتی تاک ره‌هەندی عەبدوڵای موهتەدی و چەپڵەی باقی دۆستانی کۆمیتەی ناوەندی وای کرد کاک عەبدوڵایان بەو ئاقارەدا بڕوات. کاک عومەریش بوو بە پشتیوانێکی گەورە بۆ ئەو سیاسەتە خراپ، دوور لە بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان”.

دەشڵێت بەڵام “گوێیان لە ئێمە نەگرت دوای موناقەشە و کێشمەکێشمێکی زۆر سەر ئەنجام گەشتین بەوەی کە بڕیار بدەین، مادام قەرار و تەوافوقاتی نێوانیشمان بە پەیوەند لەگەڵ یەکگرتنەوە بەڕێوەناچێت، و سیاسەتی ئاوا چەوتیشیان گرتووەتەبەر، بەو پرۆسەیە درێژە نەدەین و لەناو کۆمەڵەی زەحمەتکێشان خەباتی خۆمان درێژە پێبدەین”.

راشیگەیاند: “ئێمە لەسەدا سەد بە وتارێکی تازەی کوردستانی تر و ئەمڕۆیی تر هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی ژینا و دروشمی ژن ژیان ئازادی، خۆمان رێک دەخەینەوە هەم لە رووی پێکهاتەی حزبیەوە ئاڵوگۆڕێکی جدی پێکبهێنین هەم لە بواری روانگەوە لە پێشتر زیاتر کوردستانی هەوڵ بدەین سیاسەت و هەڵسوکەوت و ئاکارمان بۆ بەرژەندیەکانی خەڵکی کوردستان و دروشمی ژن ژیان ئازادی بێت”.

چەککردنی حزبەکانی کوردستانی ئێران

پێشتر یەکگرتنەوەی هەردوو کۆمەڵە لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید راگەیەندرا.

عەبدوڵڵا موهتەدی، لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاندبوو کە یەکگرتنەوەکە دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک هەوڵی بەردەوام بووە لەنێوان هەردوو بەرەدا.

چەند رۆژێک دوای یەکگرتنەوەکە، لە 27ی 11ی 2022،  لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی نێوانیاندا هاتبوو، “هەموومان دەزانین کە جیابوونەوە زیانی پێگەیاندین و ئەمەش دەناسین. بە خۆشییەوە جیاوازیی سیاسی و ڕوانگە، هۆکاری سەرەکیی دابڕانەکە نەبوو، دابڕان لە خەت و گوتاری سیاسیی کۆمەڵە قەت نەبووە بە کەلێن لەنێوانماندا و لەو بارەیەوە لێک دانەبڕاین”.

دووبارە جیابوونەوەی هەردوو کۆمەڵە و گرژیەکانی نێوانیان لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دەنگی ئەمریکایان راگەیاند دوای فشارە بەردەوامەکانی ئێران بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چەک کردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم دەیەوێت پلانەکە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەندامانی ئەو هێزانە لە چەند کەمپێک کۆ بکاتەوە.

سەبارەت بەم هەوڵە، نەوید میهرئاوەر بەدەنگی ئەمریکای وت، “قەت مل نادەین بۆ ئەو بڕیارە. ئێمە دەگەڕێینەوە ناو جەماوەری راستەقینەی خۆمان لە کوردستان و بە هیچ جۆرێک چەک دانانێین”.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی