بەرگی یەکەم ژمارەکانی ١-١٦ چاپی٢٠٢٢
(پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، دەبێ کورد بین)
(ئاڵای سووری کوردایەتی)
(چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە)
ژمارە -٩- تشرینی یەکەمی١٩٨١ ف ڕەزبەری٢٥٩٢ ک
ئەم ژمارە ٩ بابەتی چڕوپڕی لەخۆ گرتووە.. بەداخەوە دەبێت لەسەرەتاوە بڵێم خوێندنەوەی ئەم ژمارە بەتایبەت بۆ چەند بابەتێکی ناکەم، چونکە نووسینەکان سەبارەت بە شەڕی ناوخۆ و بەتایبەت شەڕی نێوان پاسۆک و یەکێتییە کە لە ھاوینی ئەو ساڵەدا ڕوویدا…. بۆ ئەم قۆناغە سوودێک نابینم لە وەبیرھێنانەوەی ئەو ڕۆژگارە.. ھەرکەس ئارەزووی تێگەیشتنی رووداوەکان بکات، دەتوانێ باسەکانی خودی گۆڤارەکە بخوێنێتەوە .
[سەروتار] بریتییە لە باسێک لەژێر ناونیشانی[[ ئەم کاسەیە بێ ژێر کاسە نییە!]].. شیکردنەوەیەکی ھەلومەرجی کوردستان و گەراکانی ئیمپریالیزمی جیھانی لەناوچەکەدا و ھۆکارەکانی تری پشت شەڕی براکوژی…
پەشێو دەڵێ:
تێناگەم ! گەر تفەنگێک
ھەزار گوللەی تێدا بێ
بەدەست کوردێکەوە بێ و
ڕوی لە کوردێک کرا بێ
چۆن دڵێ دێ بیپێکێ
با ئاگریش درا بێ
ئای براکوژی و کوردکوژی چ تاوانێکی گەورەی!!!!
ئەوەی گرنگ دەبینم لە چرکەسارەی زمانی گووللە زاڵە بەسەر زمانەکانی تردا و خوێن ڕژاوە، پاسۆک لەرێی ئاڵاوە داوای تەبایی و وەلاخستنی کێشەکان دەکات… داوا لە ڕۆڵە بەشەرەفەکانی گشت لایەک دەکات” دەنگی ناڕەزایی س روڕەبوونتان بە ڕووی شەڕفرۆشان و کوردکوژان و خۆفرۆشانی ناوخۆدا بەرز بکەنەوە”… تا دەگاتە ئەوەی پێش کۆتایی وتارەکە ئەم ڕستەیە نووسراوە” دەبا گەنە قین و تەماع و ملھوڕی بکرێتە ژیر تەلاری دڵسۆزی و نیشتمان پەروەرییەوە”..
[[ ڕازێکی کوردانە]] بەناونیشانی جاش کێویکەکان.. نانی کام کونەماسی دەخۆن و پاسی کام جرتاوە دەکەن؟!..
بەدرێژی باسی ئەم شەڕی براکوژییە دەکات..
ناونیشانێکی تر بریتییە لە [[ قوتابخانەی پاسۆک — وانەی نۆیەم]] دەنگێ بۆ ئافاداری کورد کوشتن… دیسان لەسەر شەڕی براکوژی نووسراوە… ئەوسا بابەتێکی تر کەژێر ناونیشانی[[ بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]]
بابەتێکی زۆر جوانی ڕەخنەئامێزە لە جیھان و ھەموو ئەوانەی باسی مافی مرۆڤ و خۆشەویستی مرۆڤایەتی دەکەن.. من لێرەدا پەرەگرافێکی ئەو نووسینەتان پێشکەش دەکەم:” دە “مافی مرۆڤ” و “ھەق “و “برایەتی نێو گەلان” لەخەونی غەفڵەت و خۆ گێل کردن و سەقەت بوون ڕاست ببنەوە تا فشە فەڕێکتان تێدا ماوە ئەو قەرزەی کورد بدەنەوە.. ئەگینا پاشەڕۆژ ڕوو زەرد لەبەر قاپی خوا و کوردا دەوەستن! “
پارچە شیعرێک بێ ناوی خاوەنەکەی
ھەر تیرەیەکن
گۆڕھەڵکەن و کفنفرۆش لە مەیخانە ھەرتک سەرخۆش
دەیان گووت بەدەم پێکەنین بەیانیش گۆڕ ھەڵدەکەنین
جاویش بۆ کفن دادەدڕین مەزە و بادەی تریش دەکڕین
ژنی خاوەنی مەتخانە دەیگووت: چەند باشن ئەمانە
یاخوا بازاڕیان گەرم بێ گۆڕستان ھەرپش تەرم بێ
میوانی وام زۆر بێتە لاکوڕیژگەم دەکەم بە مەلا
ھەر یەکن کا و حەوت و کلۆش بێ جیاوازین بۆ خاوەن ھۆش
[شادەمارە سەرەتاکانمان] مافی ھەموو کەمە نەتەوایەتییەکانی نێو کوردستان دەپارێزین….
کوردستان کە موڵکی کوردە، وەک ھەر نیشتمانێکی تر پێکھاتە و کەمەنەتەوەیی تری تێدایە ..ڕێزگرتن لە مافەکانی کەمە نەتەوەییەکان ئەرکێکی چەسپاو و پرنسیپێکی نەگۆڕی بیری نەتەوایەتییە.. ھەر ڕۆژگارێ کورد دەسەڵاتی ھەبووبێ پارێزگاری لەھەموو ئەوانە کردووە کە خۆیان بە کوردستانی زانیوە و ھاوچارەنووسی کوردن ..
ھەڵکەوتی کوردستان وایە، کەمەنەتەوەیشی تێدایە دەبنە بوونێکی سوودبەخش بەداگیرکەرانی کوردستان…
لە ئەم شادەمارە دا ھاتووە” مافەکانی ئەو کۆمەڵانەش ئەو مافە مرۆڤایەتییانە و مافە نەتەوایەتیەکانیش دەگرێتەوە.. ھەر لەوەوە کە لە ھیچ ڕوویەکەوە لە مافەکانی ( سیاسی و کۆمەڵاتەتی و ئابووری) یەوە لەگەڵ تاکە کوردەکاندا جیا نەکرێنەوە و ھیچ بەربەستێکی ڕەگەزپەرستانە و دەمارگیرانە لەبەردەم ئەو تاکانەدا ڕاست نەکرێتەوە.. چ لەڕووی ماددی و چ لە ڕووی مەعنەویەوە..
ئەم مافانە مرۆڤانەی کە لەدەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لەسەری دراوە و دانیان پێدا نراوە- بێ کەل کردن- مافیبێ دەمەتەقێی ئەو تاکانەی کەمە نەتەوەییەکانە”…
پاسۆک بە دیدێکی گەشە و لە باوەڕێکی قوڵەوە بە خۆشەویستی مرۆڤ لەگەڵ تەواوی مافەسیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و فەرھەنگییەکانی ئەم کەمە نەتەوایەتیانەدایە!…
دواتر لە [ کەلەپووری شۆڕشگێڕیمان دا] شیعرێکی ترمان بەرچاو دەکەوی ژە بەداخەوە ناوی خاوەنەکەی لەسەر نییە… لەبەرئەوەی ناوەڕۆکێکی بەرزی ھەیە، کتومت لەگەڵ دۆخی کورددا لە فۆڕم و ناوەڕکدا جووت دەبێت، ئەویش ڕادەگوێزم.
کەوە شەلە
سەرداری بۆکان عەزیزخانی سەربەرز و بەڕێز
دیتی کەوێک دەفرۆشن کڕیاری زۆر لە جۆشن
پرست: چۆنە ئەو کەوە؟! وا لەدەوری ئەو ھەوە؟!
گوتیان: کەوێکی ڕاوە کەوی بڕی لەم ناوە
کەوەشەلەی بەناوبانگ نرخی بۆکانە شەش دانگ
ھەرگیز بینی تەنگ نابێ لە قاسپە بێ دەنگ نابێ
وتی: نامە بە پەلە بۆم بکڕن کەوە شەلە
لە زێڕیان لەسەربژارد کەویان بەسەردار سپارد
خان ھەڵی پساند سەری ڕووی کردە دەوروبەری
گوتی: کێ ھاوڕەگەزی بداتە دسست ناحەزی
پاداشتی سەربڕینە نەک وا بە زێڕ کڕینە
ھۆشت بێ: کوردی ھەژار گەلت مەدە دەست نەیار
[[ ماڵاوا]].. توژەڵەی سۆزانی وەجاخی گۆبڵز ڕوون دەکاتەوە!
دیسان لەسەر رووداوە دڵتەزێنەکەی شەڕی براکوژی نووسراوە.. بەداخەوە لێرەدا ناچمە نێو ئەو باسەوە، با بۆ مێژوونووسان بەجێی بھێڵین.. بەھیوای ئەوەی چ جارێکی تر ئەو ڕۆژگارانە نەبینینەوە..
تا خوێندنەوە بۆ ژمارەیەکی تر، ئێوە شاد و کوردستان ئاوەدان و سەرکەوتوو بێت..