"an independent online kurdish website

و. لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمەساڵح تۆفیق چاپی مەکتەبی گەشەپێدانی بیر و ھوشیاری سلێمانی- ٢٠٢١ بەرگی- ١ – ٥٤٤ لاپەڕە

٣شێخ مەحموود.. سەرھەڵدان و شکستی سەربەخۆیی باشووری کوردی لە کوردستانی عێراقدا، پاش جەنگی جیھانی یەکەم

 

 وەدیع جوەیدە

ھەڵبژاردنی ئەم باسە و بەدواچوونی لەو سەردەمە ئاڵۆزەی داڕمان و ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی کۆتایی یەکەم جەنگی جیھانی و ھاتنی گەورەترین ھێزی کۆلۆنیالیستی ئینگلیز بۆ ناوچەکە و لە ئاستێکی باڵاتریشدا سەردەمی بزاڤی نەتەوەیی و گەرمەی ناسیۆنالیزم و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر شانۆی جیھان و بڵاوبوونەوەی بەندەکانی ولسۆن و زۆر گەشە و پێشکەوتنی تریش بایەخ و سەنگی ئەم لێکۆڵینەوە مێژووییە بەپێزە زیاتر دەکات!…

لە ڕاستی ئەم لێکۆڵینەوەیە زۆر بابەتی و زانستییە و نووسەر بە دەستپاکانە و تەواو بەدیقەت و بەوردی پانۆڕامایەکی ئەو رۆژگارە ئاڵۆز و تژی لەباس و رووداوی ھەڵبەز و دابەزی ناوخۆیی و ھەرێمی و جیھانییەمان پێشکەش دەکات ..

باسەکە لە دووتوێی 71 لاپەڕەدا خراوەتە روو کە نووسەر پشتی بە 136 سەرچاوە و پەراوێز بەستووە…وەرگێڕ ھەموو پەراوێزەکانی کردۆتە کوردی و بیۆگرافیایەکیشی بۆ نووسەر ئامادە کردووە.

دەبێ پێشەکی ئەوە لای خوێنەر روون بێت ، ئینگلیز پێش ئەوەی بێتە ناوچەکەی ئێمەوە ساڵی 1916 لەگەڵ فەرەنسییەکاندا ڕێکەوتننامەی (سایکس – پیکۆ)یان لە نێوان خۆیاندا مۆرکردووە بۆ دابەشکردنی سەرزەمینی دەوڵەتی عوسمانی وەک میراتێک بەپێی بەرژەوەندی خۆیان و کێشانی سنوورێکی سیاسی بۆ ناوچەکە کە بەرژەوەندی کوردی تێدا ڕەچاو نەکرا!… لە دەستگەیەکی گرنگی وەک دەوڵەت بێبەش کرا و بەزۆر کرایە چوار بەشەوە و بەخشرایەوە بەسەر دەوڵەتە تازە دروستکراوەکان دا! بەواتایەکی تر جانتای دیبلۆماسی و نەخشەی ناو ھەگبەکەی ئینگلیز و فەرەنسا ھیچی بۆ کورد تێدا نەبووە!..

باسەکان باسی پێشڕەوی ئینگلیز بۆ ناوچەکە ھەر لەسەرەتاوە پەیوەندییان بەسەر ھۆزەکانەوە کردووە و سۆزیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و کاریان بۆ بکەن… دیارە ئینگلیز خاوەنی زیاتر لە 200 ساڵە مێژووی داگیرکاری بووە و وڵاتێکی پانوبەرین و فرە گرووپ و ئێتنیکی وەک ھیندستانی لەژێر دەست دابووە.. کە ھاتۆتە ناوچەکەوە ھێشتا تورک ھێز بووە و کاریگەریی لەسەر دەڤەرەکە ھەبووە و پرسی ھاوئایینی ئیسلام فاکتێک بووە بە سوودی تورک لەمەیداندا کاری کردووە!..

لەمەودای باسی پەیوەندی ئینگلیز بە ھۆزەکانەوە ناوی ھۆزەکانی باجەلان و تاڵەبانی سنجابی دێ .ئینگلیز وەک ھێزێکی نوێ و براوە لە شەڕ و ھەڵگری پەیامی ئاوەدانی و بونیاتنانەوە و پشتیوانی گەلان، سۆز و ھەستی زۆری خەڵکەکەی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە..

شێخ مەحموود وەک نوێنەری سەرەکی کوردی باشوور و رۆژھەڵاتی نیشتمانەکەی ، ئەم بیرکدنەوەی کە ڕەھەندێکی نەتەوەیی ھەیە گرنگە و دواتریش داوای ئەوە دەکات کوردی ئەوبەر سنوور بەشداری حوکمدارییەکەی بن، لێ ئینگلیز زۆر دژ دەبێت . شێخ ھەوڵی داوە لەسەر زەمینەیەکی تۆکمە و تەندروست کار لەگەڵ ئینگلیزدا بکات .. ئینگلیز سەرەتا دڵخۆش بوون، دواتر ویستوویانە ملکەچی مەرامەکانی خۆیانی بکەن، شێخیش ئامادە نەبووە.. بەم پێیە کێشمەکێشی سیاسی و شەڕ دروست بووە و جارێ شێخ سەردەکەوێ و دواجار ئینگلیز .

نووسەدر ئاماژە بەوە دەدات سیستەمێکی خێڵەکی لە کوردستاندا کارا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا شێخ وەک نوێنەری دۆزێکی نەتەوەیی لە خۆی دەڕوانی و لە نامەکانیدا بۆ دەسەڵاتدارانی ئینگلیز « داوای دەکرد کوردستان لە لیستی گەلانی رزگارکراو دەرنەکرێت»!!

مێجەر نۆئێڵ کە بەوە ناسراوە دۆستی کوردبووە، دێتە سلێمانی ئەرکی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی پێسپێردراوە..

جوەیدە باس لە سیستەم دەکات ساندیمان و برووس یان مەلیکی کە دوو ئەزموون بوون ئینگلیز لە ھندستان پێڕەوی کردوون و ڕایگوێزابوون بۆ کوردستان، لێرە شکست دەخۆن.

لە 1.12.1918 سێرئەرنۆڵد ویڵسنی دەچێتە سلێمانی و لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە ئامادەبوونی سەرۆکی 60 سەرۆک ھۆز کە بەشێکیان لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھاتبوون لە ناوچەکانی سننە و سەقز و ھەورامانی تەختەوە ھاتبوون گفتوگۆ دەکەن و شێخ بەسەرۆک ھەڵدەبژێرن. دیسان ئامادەبوونی ھۆزەکانی رۆژھەڵات لەسەر پێداگری شێخ بووە و ھاوکات ئاماژەی ڕەگەزێکی نەتەوەییە لە بیرکردنەوەی شێخ دا و ئەو دەسەڵات و حوکمدارییە ھەیبووە.

لە کۆبوونەوەی ناوبراودا وەک نووسەر جەختی لەسەر دەکاتەوە دوو بۆچوون ھەبووە:

١- ھەندێ ھۆز وا خۆیان نیسان دەدا کەوا دەسەڵاتی بەریتانیایان لا پەسەندە

٢- ھەندێکی تریان داوایان دەکرد کوردستان ڕاستەوخۆ لەلایەن لەندەنەوە بەڕێوە ببرێ

ویڵسن دەڵێ: ھەندی لەسەرەک هۆزەکان بە دزی پێیان وتووە دەسەڵاتی شێخیان پەسەند نییە.. بەڵام دواجار ڕێکەوتنامەکە لەلایەن 40 سەرۆکەوە مۆرکراوە…

دەمودەست شێخ و سەرۆکە ھاوڕێیکانی وەک نوێنەری کوردستان بەڵگەنامەیەک دەدەنە حکومەتی بەریتانیا.. دواتر چەند نامەیەک لەنێوان شێخی حوکمداری کوردستان و ویڵسن دا ئاڵوگۆڕ دەکرێ!.. لەیەکێ لەنامەکانی شێخدا ھاتووە:“داوا دەکات ئەفسەرە بەریتانییەکان بکرێنە بەرپرسی ھەموو دامودەزگاکانی حکوومەت بن و وەکوو مەرجیش داوای کردووە لە خوار ئەوانە کاربەدەستی کورد نەک عەرەب دابنرێ“ !..

نووسەر باس لەوە دەکات کەوا نوێنەری ھۆزەکانی رۆژھەڵای کوردستان بەفەرمی داوایان کردووە ببنە بەشێک لە حکوومەتە سەربەخۆکەی کوردستان، بەڵام بەریتانیا دژ بووە.. گەر بھاتایە ئەم داوایە قبوڵ بکرایە ئەگەری بەھێزبوونی حکومەتەکە زۆر دەبوو. رەنگە لە دوارۆژدا ھۆزەکانی تریش داوای ئەوەیان بکردایە ببنە بەشێک لەدەسەڵاتی کوردی! ئەمەش بۆخۆی دەستکەوتێکی گەورەیی نەتەوەیی دەبوو، ئەرکی ئازادیخوازی کوردی ئاسانتر دەکرد!…

دوای ئەم پێکھێنانە، ھەتا دەھات دەسەڵاتی شێخ و حکوومەتەکەی بەھێز دەبێ و ھۆزەکان لەدەوری کۆدەبنەوە! شێخ وردە وردە گوێی بە ھەموو فەرمانێکی بەریتانیا نادات!.. کاروبار بەم شێوە بەڕێوە دەچوو.. ئەم دەسەڵاتە کوردییە ڕەخنەی توندی لەسەر ئەوە لێ دەگیرێ ، لەم میانەی دابەشکردنی پۆست و پلەو پایەکان بەشێکی زۆری دەداتە خزموکەسوکاری خۆی! .. دیاردەی گەندەڵی سەری ھەڵدابوو! بەم جۆرە نیگەرانی خەڵکی لێ کەوتەوە و لەولاشەوە ئینگلیز نیگەران بوو لەوەی شێخ لەخۆی گۆڕاوە و بۆتە جێی مەترسی! بەدوای بیانوودا دەگەڕان سزای شێخ بدەن و وەک نووسەر ئاماژەی پێداوە مێجەر سۆن حاکمی شار زۆر ڕقی لەشێخ بووە..

ھەبێ و نەبێ لەھەوڵە کوردستانی و فراوانخوازی و بەھێزکردنە خودییەکانی شێخ ناڕەحەت بوون و شێخ ھەموو شتی بەدڵی ئەوان نەکردووە!! وەک لە باسەکەدا ھاتووە گوایە شێخ پرسی دیموکراسی کردۆتە قوربانی پرسی نەتەوەیی، ئەمەش بەڵگەیەکی بەھێزە کەوا شێخ لەخەمی دۆزە نەتەوەییەکەیدا بووە و ئینگلیزیش خۆشییان بەم ھەوڵ و تێکۆشانە نەھاتووە!. و دوور نییە شێخ ھەواوخەیاڵی ترشی لە مێشکدا نەبووبێ، بەقازانجی بەھێزبوونی دەسەڵاتەکەی . لەم بارودۆخەدا پەیوەندی حکومەتەکەی شێخ و بەریتانییەکان تێک دەچێ .

ئینگلیزەکان ھێندە ناڕەحەت دەبن و شێخ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە شێتە یان منداڵە!.. ھەوڵ دەدەن لەکەداری بکەن و ناوبانگی بزڕێنن .

کرۆکی بیرکردنەوە و ئامانجی شێخ ئەوەبووە کوردیش وەک گەلانی ناوچەکە بێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی! ئەمەش ڕاستەوخۆ دژی پلان و نەخشەی ئینگلیز بووە! ئیدی گرژی و ئاڵۆزی و لێکتر حاڵی نەبوون سەری ھەڵداوە..

نووسەر دەڵێ : شێخ لەسەر بنەمای ناووناوبگی بنەماڵەکەی پێگەی بەھێز بوو! باپیری گەورەی شێخ مارفی نۆدێ زانایەکی گەورەبووە! حاجی کاک ئەحمەدی شێخی باپیری شێخێکی گەورە بووە! باوکی شێخ سەعید لە ھەرای موسڵ گیانبەخت دەبێ! ھەڵبەتە خۆیشی ڕێچکەگری ئەوان و گیانی کوردایەتی تێدا زۆر بەھیز بووە بەدوای خەونی

ھێنانەدی ئاواتی نەتەوەکەیەوە بووە.. شێخ ئاگاداری گۆڕانەکانی جیھان بووە، دڵی بە 14 خاڵەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ویڵسن و مافی چارەنووسی گەلان خۆش بوو.. ئاگاداری شۆڕشی ئۆکتۆبەر بووە و ھاوکات بەچاوی خۆی بزاڤی پان ئیسلامی عەرەبی و تورکی دەبینی! ئەمانە ھەموو کاری تێدەکەن و ئەویش دەیەوێ لە خزمەتی کوردایەتی دوانەکەوێ!!

ئینگلیز ھەوڵ دەدەن دەسەڵاتی کەمکەنەوە .. گرژی ڕووداوەکان بە ئاستێک دەگات شێخ ڕازی نابێ و پەلاماری ئینگلیزەکان دەدات و شاریان لێ پاک دەکاتەوە!.. لە یەک قۆناغی گرژییەکاندا ئینگلیز دەشکێ و شکۆی ئیمپراتۆرێتی بەریتانی دەرووشێ، بەڵام لە دووەم گەڕدا بەھێز و سوپایەکی گەورە دێنەوە شێخ دەبەزێنن و 48 لە سوپاکەی گیان بەخت دەکەن و لەدەربەندی بازیان بەبرینداری لەگەڵ 100 کەسی تردا دیلی دەکەن!..

سزاکەی سەرەتا بە لە سێدارەدان دەدەن و پاشان بۆی دەکرێتە زیندانی ھەتاھەتایی و دواجار بڕیاری دوورخستنەوەی بۆ ھیندستان دەدەن..

نووسەر ھۆکاری شکستەکەی شێخ دەگێڕێتەوە بۆ: لاوازی ڕێکخستن و ناتەواوی سەرچاوە و دەرامەتی ژیان! کەمی و سادەیی چەک و تەقەمەنی و نزمی ورەی سوپاکەی بەھۆی نادڵسۆزی بەشێکی زۆری ئەوانەی لەگەڵی بوون!..لەھەقەتیشدا بۆ دەسەڵاتێکی بچووکی وەک حکومداری شێخ سەخت بووە، شەڕی شکۆی ئینگلیزی گەورە ھێزی کۆلۆنیالیستی جیھان بکات!..

نووسەر دەنووسێ: “ھەڵبەت کاتی زۆر دەوێ بۆ کورد لەتەواوی ناوچەکەیاندا کە جیاوازییان بخەنە لاوە و کینە و ناحەزییان بەرانبەر بەیەکتر لەبیر بچێتەوە بۆئەوەی لەدژی نەیاری دەرەکی یەکگرن”..

ئەوەش ھەقیقەتێکی بەھێزی تێدایە، چونکە دواتر زۆر سەرەک ھۆز لەلایەن ئینگلیزەوە بە پارە لە شێخ ھەڵگەڕانەوە وازیان لە پشتیوانیکردنی ھێنا! دەبێ ئاماژە بەرۆڵی( مەحمودخانی دزڵی مەحموود خانی کانی سانان و کەریمی فەتا ح بەگ) و چەند سەرەک ھۆزێکی بدەین کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پشتیوانی دەسەڵاتی کوردبوون .. تەنانەت مەحمود خانی دزڵیش وەک شێخ بۆ ھندستان دوورخاوەتەوە!..

لەم خوێندنەوەیەدا تێدەگەین دڵسۆزانی شێخ جگە لە موریدەکانی خۆی کەم بوون لەچاو تەواوی میللەتدا لە باشوور. ئینگلیزەکان ھەموویان ئاماژە بەم خاڵە دەکەن!..ڕەنگە شێخیش توانای پێویستی نەبووبێ بۆ مامەڵە لەگەڵ ئینگلیزدا و تورکیش لەولاوە بەردەوام ھەوڵی ئاژاوە نانەوە و ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی داوە! با لەبیرمان نەچگێ دۆخی گەلانی تری ناوچەکە لە ھی کورد باشتر نەبووە، بەڵام ئەوان (لۆڕانس)یان بۆدروست کردن و کوردیش (بێل و کۆکس) تاسەر ئیسک کەوتنە دژایەتی !.. بۆنموونە کاتێ فرۆکەکانی ئینگلیز سلێمانی بۆمباران دەکەن بێل لە خۆشیدا بۆ مەرگی شێخ شایی گێڕاوە و بروسکەی ناردووە وەک هەواڵێکی خۆش بۆ دایک و باوکی !..

باسەکەی وەدیع جوەیدە لە چوارچێوەی مێژوودا ماوەتەوە و دوورە لە ھەموس باسە تیۆرییەکانی نەتەوە و ناسیۆنالیزم و شرۆڤە و پێناسەی ئەم دیاردانە و ڕاڤەکردن و ھەڵسەنگاندنی ناسیۆنالیزمی کوردی .. لەگەڵ ئەوەدا باسێکی بەپێز و چڕ و بەسوودە و مادبوونێکی زۆری نووسەری پێوە دیارە..

٤- پێنج قۆناغ بۆ بنیاتنانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە تورکیادا…. م. ھاکان یاڤوز

نووسەر توێژەرێکی تورکە لە زانکۆی یوتای ئەمەریکا وانەبێژە…

پرسی کوردی بەتایبەت لە باکوور- ئەو تورکیای نووسیووە- لەڕووی مێژووییەوە لەنێو کایەی سیاسی و یاسایی رۆشنبیریی تورکیا و کوردا باس دەکات.. شارەزاشە لە پرسی ئیسلام دا… دەیەوێ باس لەناسنامەی کولتووری کورد بکات لە پرۆسەی بە سیاسیبوون و ھەنگاو نان بەرەو مۆدێرنە.. لەم رووەوە 4 قۆناخی بۆ بەسەرکردنەوەی لە مێژووی کوردی ئەو بەشە دیاریکردووە بۆ نووسینەکەی و شەنوکەویان دەکات . قۆناغەکانیش بریتین لە ساڵەکانی:

1878-1924,1925-1961,1962-1983,1983-1998

دواقۆناخیش لە گرتنی ئەبدوڵا ئۆجەلانەوە تا ئەو کاتەی نووسینەکەی تێدا نووسیووە.. واتە دوایی 1999… وە دەبینین سەرەتاوە لەدەوڵەتی عوسمانی تا روخانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە دەگرێتەوە.. قۆناخەکانی تریش ھەموو سیمای خۆیان ھەیە و تژین لە ڕووداوی مێژوویی و سیاسی گرنگ. ئەم کارەیشی ماندووبوونی زۆری پێوە دیارە و دەیەوێ لەم رێگایەوە بچێتە ناو باسی گەڵاڵەبوون و فراژبوونی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە..

نووسەر باس لە پارچەپارچەیی ناسنامەی کوردی دەکات و لە ڕووی زمان و ئاین و ئەلفوبێ و ناوچەییەوە.. ئەم بۆچوونانە چەند ڕاست و ئازاراوین بەڵام وەک دەبینین بەتەنیا کورد لە دۆخەکی وادا ناژی! ئەوەی ئەم دیاردەی لای کورد قوڵ و گرێیاوی کردووە بێ دەوڵەتییە.

لە میانەی ئاماژەدان بە سیاسەتی دەوڵەتی تورک و پلانی بەرەنگاربوونەی کورددا 3 پلان دەخاتە ڕوو:

١- سیاسەتێکی تێکەڵکردن بە تێکشکاندنی پەیکەربەندی و سترۆکتووی خێڵەکی کە باعادەت یاخیبوونی چەکداریی لێکەوتۆتەوە.

٢- سیاسەتی بەشداریپێکردنی سەرۆک عەشیرەتەکان بە مەبەستی کۆنتڕڵکردنی ئەو ناوچە لاسار و ناجێگیرانە.

٣- سیاسەتی پەرت بکەوزاڵ بە ڵە ڕێگەی بەکارھێنانی عەشیرەتێکەوە دژ بەوی تر.

ئەم سێ میتۆدە سیاسییە زۆرێکی تری داگیرکەرانی کوردستان بەکاریان ھێناوە! ئینگلیز لە ئیرلەندە و لە ھیندستانیش بەکاری ھێناوە!… تورک بە دڕندانەترین شێوە پێڕەوی کردوەە.. چ تورک و چ ئەوانی تریش ھێشتا نەیان توانی کورد لەناو بەرن!..

پاشان دێتە سەر ڕۆڵی ھێزە ئایینی و سێکۆلارەکان دەکات چ ڕۆڵێکیان لەداڕشتنی شوناسی مۆدێرنی کوردیدا گێڕاوە.. ئیسلام پەیوەست بە پرسی بە ھێزێکی دولایەنە دادەنێ واتە یەکخەر و دابەشکار! دادەنێ .. وەک کوردی ئیسلامی سووننە و لەولاشەوە کوردی عەلەوی یەکەی دژ بە سیاسەتی ئەتاتورک و دووەم لایەنگری ڕیفۆرمەکانی ئەتاتورک لەسەر ئایین!… عەلەوییەکان ھەنگاوێکی تریش لە کوردایەتی دوور کەوتوونەتەوە و بوونەتە پاڵپشت و قەڵای ڕێبازی چەپ لە تورکیادا!..

ئەم دابەشکارییە لە رووی ئاین و ئایدۆلۆژیاوە گەورەترین کۆسپی بەردەم ناسیۆنالیزمی کوردییە .. دەسەڵاتی ناوەندی نەتەوەی باڵادەستیش بە ئارەزووی خۆی دندەی داوە و بەنزینی کردووە بە ئاگرەکەدا و برینەکەی قوڵتر کردۆتەوە!.. دەنا بە حوکمی چی کوردێکی عەلەوی دوای کۆمەڵکوژی دێرسیم و لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و قارەمانەکاتر لەسەردەستی ئەتاتورکدا دەچنە سەر ڕێبازی ئەم بکوژە؟!… وەک چۆن ھیچ جوویەک نییە چووبێتە سەر ڕێبازی ھیتلەر!..

لە بەشێکی تری نوسینەکە باس لەشۆڕشی شێخ عوبەیدوڵا دەکات لێرەشدا پەیوەندی توندی ئیسلام و ناسیۆنالیزمی کوردی بەدەردەخا.. نووسەد دەیەوێ بەزۆر ئەوە بسەلمێنێ ناسیۆنالیزمی کوردی ئاوێتەیەک ئیسلامییی پێوەیە، ڕاستە بەشێکی زۆری رابەرانی کلاسیکی کورد سەر بەئاینی ئیسلام بوون، بەڵام ئەوانەی بوونەتە قوربانی ئامانجە نەتەوایەتییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشاون نەک بۆ دامەزراندنی خەلافەت و دەوڵەتێکی ئیسلامی!

تورکیا کە لەسەر داروپەردووی دەوڵەتی عوسمانی دامەزرێندرا، نەیدەتوانی پێڕەوی سیاسەتی فرەنەتەوەیی لەو وڵاتەدا درێژە پێ بدات! بەڵکوو نکۆڵی بوونی ھەر نەتەوە و کەمەنەتەوەکی لەدەرەوەی تورک لە تورکیادا کرد. دروشمی یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە و یەک زمانی گرتە بەر!..

باس لەھەوڵەکانی شەریف پاشا بۆ کورد دەکات و دێتە سەر ئاماژەدان بەشۆڕشەکەی شێخ سەعید و دامەزراندنی کۆمەڵە سیاسی و کولتوورییە کوردییەکان.. ئەوەی جێی سەرنجە نووسەر دەنووسێ” کۆمار نکۆڵیی لە بوونی کورد نەدەکرد ، بەڵکوو گوتارێکی نوێی پەرەپێدابوو بۆ قسە و باسکردن لە بارەیانەوە بێئەوەی وشەی – کورد- بدرکێنن بەواتا ئیتنۆ- نەتەوایەتییەکەی”. ھۆکارەکەشی بۆ ئەو تێڕوانینە دەگێڕێتەوە کەوا کورد کۆنەپەرست و دواکەوتوو و مەترسیداربوون بۆ دەوڵەتی تازە تروکاوی مۆدێرن و سێکۆلاریتێتی!!!

خۆ گەر لەڕووی مێژووییەوە تەماشای ئەم دەربڕینە بکەین رابەرانی کۆمەڵە و گرووپە مۆدێرنەکان بەشێکی زۆریان کوردبوون! کوردێکی زۆریش دۆستی ئەتاتورک و دۆست و ھاوکاری بوەن! کەواتە کوردیش گۆڕانکارییە جیھانییەکانی بە ئەندازەی خۆی وەرگرتووە پێ خۆشبووە!..

ئەتاتورک دەیویست ھەموو جیاوازییەکانی سەردەمی عوسمانی تێکھەڵشێلێ و بیکاتە تاقە ناسنامەیەک بۆ تورک و کردیشی!

تا سەرەتای ساڵانی 1961 پرسی ناسیۆنالیزم لە کۆنتێکسێکی ئیسلامیدا دەخارە ڕوو، لەدوای ئەم مێژووەوە ئیدی نۆرەی سۆسیالیزم و چەپایەتی دێتە ناو رەوتی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە!.. رۆڵی کوردە عەلەوییەکان لەم بوارەدا زۆر کاریگەربووە و لەناو پارت و کۆمەڵەکانی تورکیا گەورەترین ھێز و گرووپ بوون و دەستیان بەدەرکردنی گۆڤار بە زمانی تورکی و کوردی و باس لەو ستەمەکراوە کە لەسەر کوردە..

ئەم ھەڵمەتە وا دەکات پارتی کاری تورک لە کۆنگرەی چواری خۆیدا ددان بنێ بە بوونی گەلی کورد لە رۆژگەڵاتی تورکیادا، واتە نەک لە کوردستان دا؟! ھەڵبەت ئەمە ھەنگاوێکی ئەرێنی باش بووە. کۆمەڵەی تریش دادەمەزرێن و نووسەر دەڵێ ” بزووتنەوەی چەپڕەوی لەتورکیا ھەمیشە دەیویست پێگە و بنکەی خۆی فراوان بکات لە ڕێگەی جەختکردنەوە و پێداگرتن لەسەر مەسەلەی کورد و عەلەوییەکان” .. باسی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی شۆڕشگێڕی ڕۆژھەڵات DDKO دەکات کە چەند لەگەڵ چەپی تورکدا ئاوێتە بوون!..

ئەوجا باس لەوە دەکات کە (شەرەفەدین ئاڵچی) وەک وەزیرێکی حکومەتی ساڵی1979 ی تورکیا کاتی رایگەیاند کوردە ئابڕووی حکومەتی تورک چوو، کە بانگاشەی دەکرد جگە لە تورک کەسی تر لە تورکیا نییە!..

نووسەر باس لە قۆناخی دوای کودەتای 1980 و دامەزراندنی پ ک ک دەکات پێی وایە:” ھیچ رێکخراوێکی کوردی بەئەندازەی پکک کۆنتڕۆڵی ئەقڵ و توانای کوردی نەکردووە”. ئەمەش ڕاستە و ھەروەھا ئاماژە بە خاڵێکی یەکلاکەرەوە لەسەر دەستفی رێکخراوی ناوبراودا دەدات ئەویش کۆتایی پێھێنانی پەیوەندییەکانی ئیسلام و خێڵ و ناسیۆنالیزم بە قازانجی ناسیۆنالیزم. ھەر لەدرێژەی ئەم باسەدا روونی دەکاتەوە کەوا پکک زیاتر ڕەخنەی لە ناسیۆنالیزمی تورکی گرتووە تا سیاسەتی دەسەڵات!.. واتە لەبری شەڕی دەوڵەت کەوتە پەلاماردانی ناسیۆنالیزمی تورکی و ئەم وەرچەرخانە بووە ھۆی لە سەرھەڵدانی جیاوازیان لەگەڵ بزووتنەوەی چەپڕەوی تورکیادا.

بەخێرایی بیوگرافیای ژیانی ئۆجەلان و مێژووی دامەزراندنی پکک دەخاتە ڕوو. پێی وایە ئامانجی سەرەکی بریتیی بووە لە تێکشکاندنی ستارکتوور و پێکھاتەی کۆمەڵگەی کوردی و دروستکردنی دەوڵەتێکی سۆسیالیستی کوردی !.. ئەوە باسی سەرەتاکانی ئەو پارتە دەکات! ھەروەھا پانۆڕامایەکی شەرو ھەرا و کوژراوی نێوان کورد و تورکیا دەخاتەر بەرچاوی خوێنەر .. ئەوجا کە خەباتی چەکداری پکک گەشە شەکات و ئۆجەلان لە سووریاولوبنانەوە سەرکردایەتی ئەم شۆڕشە دەکات، تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ و پەیوەندیی باشی بە ئیسرائیل و ئەمەریکاوە و دەوڵەتێکی بەھێز لە ناوچەکەدا ھەڕەشە لەسووریا دەکات و ئۆجەلان دەردەکرێ و ئۆجەلان دەچێتە مۆسکۆ و لەو داڵدەی نادەن و دێتە رۆما و لەوێش ڕاناگیرێ یان خۆی دەڕوات و دواتر لە16.2.1999 لە نایرۆبی دەگیرێ و لە زینشدنی ئیمڕاڵی زیندانی دەکرێ!

ئۆجەلان لە دادگا باسی خزمەتی دەوڵەتی تورک دەکات و پێشاگری لەسەر دیموکراتی دەکات بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئیدی بەدواتی ئەوەدا شتی سەیروسەمەرەمان دی کە بەناوی ئۆجەلانەوە بڵاوکراوەتەوە..

دیارە ناوبراو زیندانییە و کەس ناتوانێ جارێ ڕاستینەی قسە و بۆچوونەکانی بسەلمێنێ! چونکە لەخۆیەوە نەیان بیستووە.

نووسەر بەوردی باسی گۆرانکارییەکانی بیروبۆچوونی ئۆجەلان و سیاسەتی پکک دەکات بەرانبەر بە تورکیا..

بە هەموو پێوەرێک پکک و ئۆجەلان لە پێش و پاشی گرتنەکەش کێشەی گەورەیان بۆ تورکیا لەسەر ئاستی ناوچە و جیھان دروست کرد..پرسی کوردیشی بردە قۆناخێکی گەورەترەوە.. و پرسی دیموکراسی لە تورکیا خستە ژێر پرسیارەوە!.. ھەر بۆیەش نووسەر دەڵێ:” پرسی کورد شرینقەتەکی کوشندە و لەناکاوە لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەوروپادا”.

تورکیا بە شەفەندەفەرەوە بەڕێ کەوتبوو بێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ئەم دۆخە و ھەندێ پرسی تریش بۆی بووە کۆسپ و تا ئیستا وەرنەگیراوە! لەناو ھێزە سیاسییەکانی تورکیا بە دەسەڵات و ئۆپۆزتنیسیۆنەوە ململانێ و گرژییەکانی قوڵتر و زیاتر کرد!.. ئەو ھەوڵ و تەقەلایانەی لەلایەن دەوڵەت و گووشاری ئەوروپا بۆسەر دەوڵەت و ھەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن و تەرحەکانی چارەسەرکردنی پرسی کورد بووە باسی رۆژ!!

لەدوا بەشی توێژینەوەکەیدا بە ناوی ئەنجام، نووسەر وەک زۆری تر لە زانستکار و ئاکادیمستە تورکەکان تەنگ پوختە ی بیروڕاکانی خۆی دەخاتە ڕوو:

١- کاتێ ئیمپراتۆری فرە ئێتنیکی عوسامنی دەروخێ و ڕژێم باشتر وابوو بنووسێ دەوڵەت! لەسەر بناخەی ئێتنیکی دادەمەزرێ، شوناسی کوردی بەم ھۆیەوە ڕادیکالانە بەسیاسی دەبێ .

٢- ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییە ڕادیکالە خۆی ھۆکارە کە ناسیۆنالیزمی تورکی بە سیاسی و میللی کردووە.

٣- ئیمڕۆ ھۆشیاری کوردی لە ھەڵکشاندایە، لەبەرانبەردا یەکگرتن کەمە بەخۆی ڕکابەری و نادڵسۆزییەوە.

٤- پێویستە کورد تێبگەن دەرفەتێکی ھەرێمی و یان سیاسی لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا نییە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان.

٤- پێویستە لەسەر تورکیا دان بە مافە کولتوورییەکانی کورددا بنێ، ئاخر کێشەی کورد تەگەرەی دروست کردووە بۆ مافی دیموکراتی و گەشەکردن و بەرەوپێشچوونەکانی تورکیا بەرەو ئاراستەی ئەوروپا!..

دەکرێ یەک بەیەکی ئەم دەربڕین و بۆچوونانە شیتەڵ بکەینەوە، بەڵام بابەتەکە زۆر درێژ دەبێتەوە.. بەکورتی و کرمانجی نابراو کێشەی کورد لە پرسێکی کولتووریدا دەبینێ نەک دۆزێکی نەتەوەیی سیاسی دا!.. کورد نائومێد دەکات کەوا دەرفەتی بەدەوڵەتبوونی نییە! و لەپەرۆشی ئەوەدا بەو مێتۆدە سیاسیە تورکیا ناگاتە ئەوروپا.

خوێنەر ئاگادارە کەوا زانای گەورەی تورک د. ئیسماعیل بێکشچی بە تێزەکانی لەمێژە وەڵامی زۆری ئەم جۆرە بۆچوونانەی ئەم نووسەرە و دامودەزگا فەرمییەکانی تورکیا داوەتەوە!..

زۆر رۆیشتنی بەندە لەسەر ئەم بابەتە پەیوەستە بە ھەڵکەوتی پرسی کورد لەم بەشەدا، بەھۆی ئەوەوەیە مێژووی نزیکەی چەند سەدەیەک دەوڵەتی عوسمانی و سەدەیەکیش تۆڕانێتی ئەتاتورک و ئەوانی دوای ھاتوون تا سوڵتانەکەی موسڵمان ئەردۆغانی ستەمکاری ئێستا و و رەنگە ھی پاش ئەمیشی بگرێتەوە!.

بە پەراوێزەکانەوە ئەم توژیێنەوە چڕەی پرۆفیسۆر م. ھاکان یاڤوز نزیکەی٦٠ لاپەڕەی گرتۆتەوە.

Alle Reaktionen:

42Du, Kamaran Jamal, Omed Osman und 39 weitere Personen

هەڵۆ بەرزنجەیی. 18,1,2024

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی