له به‌شی یه‌که‌مدا به‌پێی توانا باسی ژیانی (تایبه‌تی) به‌ڕێز (مه‌له‌که مسته‌فاسوڵتانی)م کرد. لێره‌دا ئه‌ڕۆمه سه‌ر باسه سیاسییه‌کانی کتێبی(سێبه‌ری قه‌له‌به‌رد)
ئه‌و کتێبه (523) لاپه‌ڕه‌یه، له لاپه‌ڕه (14)ی‌دا به‌و جۆره نووسراوه:
(له ڕه‌وتی کاره‌که‌دا بۆم ده‌رکه‌وت پێویستم به یارمه‌تی و هاوڕێیه‌تی ژماره‌یه‌ک له ئازیزانێکه که لێمه‌وه نزیک بوون و ئه‌زموونی نووسین و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتیان هه‌یه. هه‌ر بۆیه سپاس و پێزانینێکی زۆرم هه‌یه بۆ خۆشه‌ویستان تاهیر بۆکانی، ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری، ناسر حیسامی، براکانم ڕه‌شاد، ڕه‌زا و حیشمه‌ت که زۆر به دڵسۆزی، لێبوردن و وردبینییه‌وه زه‌حمه‌تێکی له ڕاده‌به‌ده‌ریان کێشا و به تێبینی و سه‌رنجه به‌نرخه‌کانیان و هه‌روه‌ها یارمه‌تییان دام له ئێدیت کردن، پێداچوونه‌وه و ڕێکوپێک کردنی ده‌قی نووسراوه‌کانمدا).
تێبینی: ئه‌و په‌راگرافانه‌ی که له کتێبه ده‌سنیشانی ئه‌که‌م، راسته‌وخۆ باسیان لێوه ئه‌که‌م.
{به‌رێز مه‌له‌که مسته‌فاسوڵتانی :
له ناو شادی و خۆشیی خه‌ڵکدا په‌یکه‌ری حه‌مه ڕه‌زا شایان هێنایه خواره‌وه. پاسه‌وانه‌کان ته‌سلیم نه‌ده‌بوون کاک فوئاد یه‌که‌مین که‌س بوو که له‌سه‌ر دیواره‌که‌وه خۆی خسته ناو حه‌وشی شاره‌بانی. خه‌ڵکیش هێرشیان هێنا و شاره‌بانییان گرت. هه‌ر ئه‌و رۆژه کاک فوئاد پێشنیاری کرد بۆ نیشاندانی هێز و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک، هه‌موو به‌ڕیوه‌به‌رانی ئیداره‌کانی ڕژیم، بۆ ماوه‌یه‌کی کورتیش بوو بێت ده‌سبه‌سه‌ر و زیندانی بکرێن. کۆبوونه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه له ماڵی حوسین ی برام به‌ڕیوه چوو. هه‌موو چالاکانی سیاسی بانگهێشت کرابوون بۆ باس و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. گروپێکی ڕۆشنبیر و تێکۆشه‌ری مه‌ریوان – فاتیح شێخولیسلامیو هاوڕێیانی – له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشنیاره نه‌بوون و پێیان وابوو ئه‌و کاره ماجه‌راجووییه و له‌وانه‌یه ئه‌نجامی باشی نه‌بێت. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بووه هۆی قسه و باسێکی زۆر. کاک فوئاد له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌و کاره پێداگریی کرد. قسه‌کانی کاک فوئاد کاریگه‌ری بوو و چه‌ن که‌س له هاوبیرانی فاتێح ڕایان گۆڕی و پشتیوانی‌یان له پێشنیاره‌که کرد. به‌ڕێوه‌به‌رانی حکوومه‌ت گیران و رۆژی دواتر له‌سه‌ر داوای شۆرای شار ئازاد کران. لاپه‌ڕه (95)}.
*
ئه‌و په‌راگرافه دوو باسی گرنگی تێدایه:
1 - (حه‌مه ڕه‌زا)
2 – (ده‌سه‌ڵاتی شۆرا)
حه‌مه ڕه‌زا
شای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێران ناوی (محه‌ممه‌دڕه‌زا – محمدرضا) بووه. ئه‌و که‌سه واته (محه‌مه‌دڕه‌زا) مناڵ بووه، مناڵێک که هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌بووه له دیاریکردنی ئه‌و ناوه بۆ خۆی. ناو زۆر گرنگ نییه و ناتوانێ پله و پایه‌ی (باش) یا (به‌د) بۆ که‌س دیاری کات، ناو بۆ ناساندنی تاکه و به‌س! ژیاننامه‌ی {(محه‌ممه‌دڕه‌زا شای په‌هه‌له‌وی) و (ره‌زا شای) باوکی} له کوردستان ئه‌ونده نگریس و پیسه ئه‌کرێ چه‌ن کتێب ده‌رباره‌یان بنووسرێت بێئه‌وه‌ی ده‌سکاری ناوه‌که‌یان بکرێت.
من خۆم ناوم (محه‌ممه‌د سه‌عید)ه، باوک و دایک و خۆشک و برا، دۆست و ئاشنا و هاوڕێ له رووی گه‌وره و مێره‌بانی خۆیانه‌وه به (سه‌عی یا حه‌مه سه‌عی) بانگیان کردوم و ئه‌که‌ن. بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناوه هیچ ده‌ور و رۆڵێکم نه‌بووه، زۆریشم پێجوانه. ئه‌وه‌ی که له کوردستان ناوی (محه‌ممه‌د) کراوه به (حه‌مه) ئه‌وه بۆ خۆشه‌ویستییه. به‌ڵام به‌داخه‌وه داده مه‌له‌که بیری له‌وه نه‌کرده‌تۆ که به‌کاربردنی ناوی (حه‌مه) بۆ دیکتاتۆره‌که‌ی ئێران نادروسته و ناشیرینه !
*
ده‌سه‌ڵاتی شۆرا
پاش رمانی سیستمی (شای) له ئێران، رێکخراوه سیاسییه‌کان بیریان له‌وه ئه‌کردۆ کام سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ری بۆ ئێران باشه، تا ئه‌و جێگه‌ی له یادمه زۆربه‌یان لایه‌نگری سیستمی شۆرای بوون. هه‌ر به‌و هۆیه له زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستان (شۆرا) دامه‌زرا.
ده‌سه‌ڵاتی شۆرای شاری مه‌ریوان
کاک فوئاد پێشنیاری کرد بۆ نیشاندانی هێز و ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک، هه‌موو به‌ڕیوه‌به‌رانی ئیداره‌کانی ڕژیم، بۆ ماوه‌یه‌کی کورتیش بوو بێت ده‌سبه‌سه‌ر و زیندانی بکرێن. …
من وه‌ک خوێنه‌ری کتێبی (سێبه‌ری قه‌له‌به‌رد) بیر له‌و کاره‌ی کاک فوئاد ئه‌که‌مه‌وه. ئه‌گه‌ر خودی کاک فوئاد یا که‌سێکیتر سکاڵا و شکایه‌تی ده‌رباره‌ی یه‌کێ له به‌ڕێوه‌به‌رانی ئێداره‌یه‌ک ببواێت، ئه‌بوو سکاڵاکه‌ی بدراێت به {(شۆرای شار)، شۆرایش بیداێت به (دادگا)}. یان خۆیان راسته‌خۆ بیانداێت به دادگا تا دادگا به پێی ده‌ستوور (قانوون) بڕیاری بداێت. به‌داخه‌وه له‌و کاره‌دا بێڕێزی به ده‌سه‌ڵاتی شۆرای مه‌ریوان و ده‌سه‌ڵاتی دادگایش کراوه، هه‌روه‌ک داده مه‌له‌که نووسیویانه: (به‌ڕێوه‌به‌رانی حکوومه‌ت گیران و رۆژی دواتر له‌سه‌ر داوای شۆرای شار ئازاد کران.) !
**
(کۆمه‌ڵه)
له کتێبی (سێبه‌ری قه‌له‌به‌رد)دا) گه‌لێ جار ئاماژه به ناوی (کۆمه‌ڵه) کراوه، به‌ڵام بێئه‌وه‌ی له‌و کتێبه‌دا سه‌ردێڕێ بۆ ناساندنی (کۆمه‌ڵه) له‌گه‌ڵ بابه‌تێک سه‌باره‌ت کۆمه‌ڵه نووسرابێت تا خوێنه‌ر بزانێت کۆمه‌ڵه چییه، هه‌ر ناوی کۆمه‌ڵه‌یه دووباره ئه‌بێته‌وه. با له‌و سێ نموونه بڕوانین.
1 – ئه‌و خه‌باتکارانه دوای شؤڕشی 1357ی هه‌تاوی (1979ی زایینی)، له یه‌کیه‌تی کرێکارانی بێ‌کاری مه‌ریوان، یه‌کیه‌تی جووتیاران، یه‌کیه‌تی ژنان، ناوه‌ندی خوێندکاران و جه‌معییه‌ته‌کان و کۆڕ و ڕێکخراوه‌کانی دیکه له ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌وه. له که‌ش و هه‌وایه‌کی وادا ده‌رسم ده‌خوێند و له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و خه‌باتی سیاسی و رێبازی کۆمه‌ڵه ئاشنا ده‌بووم. ل (59)
2 – له ته‌ورێز له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه که یه‌کیان ماجید ده‌بێ، ئاشنایه‌تی په‌یدا ده‌کا و ئیتر هه‌ڵسوڕانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌وان گرێ ده‌دا. ل (71)
*
3 – {ئه‌م هه‌وڵانه ده‌سکه‌وتیان نه‌بوو. شۆرای شار و به‌ره‌ی چه‌پ و رادیکاڵ دڵنیا بوون که حکوومه‌ت به شه‌ڕ ده‌یهه‌وێ کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکا. کاک فوئاد وه‌ک رێبه‌ری کۆمه‌ڵه و ئه‌ندامی شوڕای مه‌ریوان، پێی وابوو بۆ پێش‌گرتن به‌و شه‌ڕه‌ی وا حکومه‌ت پلانی بۆ داڕشتبوو، خه‌ڵکی مه‌ریوان له شار بچنه ده‌ر و شار چۆڵ بکه‌ن. ل (115و116)}.
**
کاک فوئاد وه‌ک رێبه‌ری کۆمه‌ڵه و ئه‌ندامی شۆڕای مه‌ریوان
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که پێناسه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به (کۆمه‌ڵه) نه‌نووسراوه، ئه‌و باسه‌یش که ئێژێت:
(کاک فوئاد وه‌ک رێبه‌ری کۆمه‌ڵه)
هه‌ڵه‌یه، کۆمه‌ڵه رابه‌ری (تاکه که‌سی) نه‌بوو، کاک فوئاد یه‌کێ له ئه‌ندامانی کۆمیته ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه بوو، به‌ڵگه بۆ ئه‌و باسه:
{ده‌قی نامه‌که‌ی کاک فوئاد بۆ کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه. ل(105)}.
5/2/2024
سه‌عی سه‌قزی
Sai.saqzi@gmail.com