لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، ئێران و هەموو میلیشیاکانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەریکن بە شێوەی هەماهەنگ هەموو ناوچەکە بەرەو ئاراستەیەک دەبەن
و ئەو باوەڕە ساز دەکەن کە ئەمە واتە شەڕێکی بەرین لە داهاتوویەکی نێزیکدا. هەڵوێستی هێزەکانی دیکەش لە ناوچە، چ هێزی ناوچەیی و چ هێزی نێونەتەوەیی، بەرانبەر بەم کردەوانە جێی تێڕامانن.
ئەوەی دەگەڕێتەوە بە خەباتی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتتر هەڵوێستی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەکوو گرینگترین فاکتەر لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردستان و بگرە ئێران، ڕوانینێکی دروست بەرانبەر بەم ڕووداوانە و گرتنە بەر سیاسەتێکی دروست لە تیۆری و کردەوە دایە، هەم کورت خایەن و هەمیش درێژخایەن. خوێندنەوەی هەڵە لەو ڕووداوانە کە ئەمڕۆ خەریکن لە ناوچە ڕوو دەدەن، دەتوانێ بڕیاری هەڵەی بەدواوە بێت و خەبات بەرەو ئاقارێکی نادیار ببات.
ئەم وتارە لەو دەگمەن وتارانەن کە لەم ماوەدا سەبارەت بەم خاڵە گرینگە نووسراون و ڕوانینێکی رێئالیستی و خوێندنەوەیەک لە سەر ئەساسی ڕاستی ڕووداوەکانی هەیە. نووسەر لە کۆتایی دا دەنووسێ: “ئێران هەوڵ دەدات تا ئەو جێگایە دەکرێ، شەڕ و ئاژاوە ساز بکات و ئەو باوەڕە بەهێز بکات کە خۆی هەم “کێشە”یە و هەمیش “چارەسەری”، و وتووێژ لەگەڵ تاران تەنیا رێگەی گەیشتن بە سەقامگیری و ئەمنیەت (ئاسایش) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە بەر ئەم هۆکارانە، ئێران ڕیسکی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات”. واتە نووسەر شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بە دوور دەزانێ و ئەمەش خاڵێکی گرینگە کە پێویستە لە بەرچاوی بگرین.
ئەم دەقە لە لایەن سالم الکتبی، شرۆڤەکاری عەرەب نووسراوە و لە رۆژنامەی ئورشەلیم پۆست بڵاو کراوەتەوە. دەقەتی وەرگێراوی لە رۆژنامەی کوردستان بڵاو کراوە.
ئایا ئێران خوازیاری شەڕیکە لە ناوچە؟!
هەرکەسێک لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوو بەدواداچوونی بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردبێت، ئەو تێڕوانینە لای دروست بووە کە ئێران بەشێوەیەکی خۆکوژئاسا، هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوانی لە ناوچە داوە.
بەڵگە بۆ ئەم بۆچوونەش هەڵسوکەوتی بێ بەزەییانەی پرۆکسیەکانی ئێران لە ناوچەیە، لە کەرتی غەززە تا باشووری لوبنان، خاکی عێراق تا دەگاتە دەریای سوور و باب ئەلمەندێب کە خەریکن شەڕ و ئاژاوە دروست دەکەن.
سەرەڕای ئەوەش، تاران، خۆی، هێرشی مووشەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر بنکەیەکی گوماناوی هەواڵگری لە هەولێر ئەنجامداوە و هەروەها دامەزراوەکانی جەیش ئەلعەدلی لە خاکی پاکستاندا کردووەتە ئامانج.
بە کورتی، ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستێکی لە هەموو ناوچە قەیراناوییەکان لە ڕۆژهەڵآتی ناوەڕاست هەیە. پەرەسەندنی قەیرانەکان و بەرزبوونەوەیان بە هەڵکەوت نییە، ئەمەش هەندێ پرسیار سەبارەت بە هەڵوێست و ئامانجی کۆماری ئیسلامی دەخولقێنێ.
ئایا ئێران بە ڕاستی بەتەمایە تا ئاگرێکی بەربڵاوی ناوچەیی بۆ سەلماندی کاریگەری و توانایی خۆیی بەرپا بکات؟ هەندێ قسە و باس سەبارەت بە خواستی جیددی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بۆ هەڵوێستی توند بەرانبەر ئێران و پرۆکسیەکانی (لە ناوچە) پاش شەڕی غەززە، لە ئارادایە.
بەڕای نووسەر ئێران دەرکی بەوە کردووە کە کاتی لێپرسینەوە گەیشتووە.
ئایا کاتی لێپرسینەوە لە ئێران بۆ ئەو ئاژاوەگێریانە سازی کردوون، هاتووە؟!
(ئێران) یان پاداشتی بەرهەمهێنانی دەیان ساڵەی خۆی لە پێکهێنان، دابین کردنی ئابووری، ڕاهێنان و پڕچەککردنی میلیشیا وەفادارەکانی دەگرێت، یان مەترسی لەدەستدانی بەشێک یان هەموو ئەم میلیشیایانە لە یەک کاتدا هەیە.
بەم پێیە، هەڵکێشانی ئاژاوەکان هەنگاوێکی ستراتێژیکی ڕێژیمی ئێرانە بۆ نیشان دانی ئەوە کە توانای دروستکردنی گرژی و بڵاوکردنەوەی ئاژاوەی لە دەوروبەری ئیسرائیل، واتە گرنگترین هاوپەیمانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەیە.
پەیامەکە ئەمەیە: ئەم هەڕەشانە بە ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکان ڕاناگیردرێن، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ ئێران، بۆ هاوبەش کردنی “بەرژەوەندییەکان” و “کاریگەرییە ناوچەییەکان”، ئیمکانی هەیە. ئێران لەوە تێگەیشتووە کە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە چارەسەری گشتگیرە، نەک سازشی ناتەواو و کاتی.
هەموو لایەنەکان درکیان بەوە کردووە کە کاتی هێورکردنەوەی قەیرانەکان کۆتایی هاتووە و دەبێت چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی بۆ پرسی فەلەستین و تا ڕادەیەکی کەمتر بۆ پرۆکسیە تیرۆریستەکانی ئێران وەک حیزبوڵڵا. حزبوڵڵا بووەتە کێشەیەکی گەورەی ستراتێژیک بۆ ئاسایشی ئیسرائیل.
لەم چوارچێوەیەدا، دەخالەتی زۆری ئێران لە کارووباری ناوچە وەکوو کردەوەیەکی ستراتێژیک و بە ڕواڵەت بۆ بەرگری خەڵکی فەلەستین سەیر دەکرێت. لەگەڵ ئەمەش، ئێران بە وردی حەسابی بۆ رۆڵی خۆی لەم کۆنتێکستە کردووە. تاران نایهەوێ ڕاستەوخۆ لە شەڕ چ دژی ئیسرائیل و چ دژی ئامریکا بەشدار بێت.
بۆیە چاوەڕوان دەکرێ پابەند بێ بەوەی کە پێی دەگوترێ “سەبری ستراتێژیک”. باسی شەر نییە، بەڵکوو دابەش کردنی بەرژەوەندییەکان و کاریگەرییەکانە. هەر بۆیە هەر کارێک ئێران دەیکات، دەسپێک و کۆتاییەکەی بە بەهێزبوونی پێگەی و هەڵوێستی لە دانووستانەکان دەبێت. لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات لە وروژاندنی (تەحریک کردنی) لایەنەکان تا ئاستی شەڕی سەرتاسەری و هەمەلایەنە، خۆی دوور بگرێ.
ئێران ئاگادارە کە دوژمنە ستراتێژیکەکانی، بە تایبەت ئیسرائیل و ئامریکا، بە لە بەرچاو گرتنی کاتی نالەبار بۆ هەر دوولا (ئیسرائیل لە بواری سیاسی و نیزامی سەرقاڵی شەڕی غەززەیە، و ئامریکاش خوازیاری شەڕێکی نیزامی گەورە لە ساڵی هەڵبژاردن نییە)، لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ، خۆیان دەپارێزن.
لەم ڕۆوە تاران بە پارێزنەکردن (واتە دروست کردنی گرژی زۆرتر) ڕیسکێکی زۆر گەورە دەکات. لەگەڵ ئەوەش، ئێران دەزانێ کە دەتوانێ دژکردەوەکان لە بەرانبەر ئەو کردەوانە کە لە لایەن ئیسرائیل و ئامریکا ئەنجام دەدرێن، مەهار بکات، هەرچەندیش گەورە و بەربڵاو بن.
ئەمە لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ کوشتنی چەندکەس لە فەرماندەکانی سپای پاسداران بە ڕوونی دیار بوو. ئەو کات ئێران بە دەربڕینی “تووڕەیی” و وتنی “تۆڵە لە کاتی خۆی”، ڕازی بوو.
هەڵوێستی ئێران لەم بابەتە لە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بەو شەڕە ناڕەستەوخۆوە کە خەریکیەتی. تاران باوەڕی وایە کە دەتوانێ سەرکەوتنی ستراتژیک لە بەرانبەر ئامریکا و ئیسرائیل بە دەست بێنێ، بە بێ ئەوەی لە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵیان بەشدار بێت. بە لەربەرچاو گرتنی ئەوەی ڕژیم لە ناوخۆ تووشی ناڕەزایەتی خەڵک و قەیرانی ڕەوایی بووە، ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆ مەترسی لەناوچوونی بە تەواوەتی (ڕێژیمی) بەدواوەیە.
لەگەڵ ئەوەش، جیددیترین سێناریۆ بۆ بڕیاردەرانی ئێرانی، جێبەجێکردنی رێگەچارەیەکی سیاسی نێونەتەوەییە کە ئەنجامەکەی دەبێتە ئەوە کە حەماس لە کەرتی غەززە پەراوێز بخرێت. لە حاڵێکدا ئەم سێناریۆ پێوەندی بە ئەنجامی شەڕی ئێستا لە ناوچە هەیە، بەڵام تاران باش دەزانێ کە لە لێواری وەدیهاتندایە.
ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا پێویستە سرنجی خۆیان بخەنە سەر بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ میلیشیاکانی ناوچە، بە تایبەت حیزبۆڵلای لۆبنان، حوسیەکانی یەمەن و کوتلە شیعەکان لە عێراق. ئەمەش واتە ئەگەری پێکهێنانی ئێتێلافێک لە بەرانبەر ئێران تا ئەگەر تێکەڵی شەریش نەبێت، بەڵام لانیکەم لە ناوچە پەراوێز بخرێت و لە کۆتایی دا وردە وردە پاشگەز بێتەوە.
لە سەر ئەم ئەساسە، ئێران هەوڵ دەدات تا ئەو جێگا دەکرێ شەڕ و ئاژاوە ساز بکات و ئەو باوەڕە بەهێز بکات کە خۆی هەم “کێشە”یە و هەمیش “چارەسەری”، و وتووێژ لەگەڵ تاران تەنیا رێگەی گەیشتن بە سەقامگیری و ئەمنیەت (ئاسایش) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە بەر ئەم هۆکارانە، ئێران ڕیسکی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات.
تاران دەزانێ کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە سەبرێکی ستراتێژیک و سنووردار کردنی هەرجۆرە ریسکێکە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەیە کە ساڵەهایە بەدوایایندا بووە.
سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبوکی ئاسۆ ساڵح