هەموومان دەزانین ئەو ھێزە گەنجەی بکەری سەرەکی “بەهاری عەرەبی”بوو ھێزی ئیسلامییەکان نەبوو. ئەو دروشمانەی هەڵیانگرتبوو و ئەو داواکارییانەشی بەرزیانکردبووەوە دروشمو داواکاری ئیسلامی نەبوون. لەڕاستیدا ئەوەی بەهاری عەرەبی ئاشکرایکرد مردنی سەرجەمی ئایدیۆلۆژیاکان بوو، بە ئیسلامی سیاسی خۆشییەوە.
بکەری ڕووداوەکانیش ئەو نەوە گەنجەبوو کە تەمەنیان لەنێوان ٢٠ تا ٣٥ ساڵدابوو. شارەزایانی ئەو بوارە ئەو ڕاستییە ئەسەلمێنن کە زۆربەی ئەمانە گەنجی دیندارن، بەڵام دیندارێکی ئایدیۆلۆژی نین، دینەکەیان دینێکی سیاسی ڕێکخراو نییە، لای ئەمان دین باوەڕە بە خوداو بە کتێبە پیرۆزەکان، نەک باوەڕ بە ھێزێکی ئیسلامی ڕێکخراو بەناوی خوداو بەناوی کتێبە پیرۆزەکانەوە قسەبکات.
میسر وەک نموونە وەربگرین، ئیخوانی موسلیمین بەدرێژایی ٤٠ ساڵی ڕابردوو بەبەردەوامی لەپاڵ دەسەڵاتدارانی میسردا بوون. تا سادات مابوو لەگەڵ ساداتدا بوونو لەسەردەمی موبارەکیشدا لەپاڵ موبارەکدا بوون. کاتێک موبارەک لە ساڵی ٢٠٠٨ ویستی بۆ جاری شەشەم خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێرێتەوە، زۆربەی ھێزە سیاسیو مەدەنییەکانی میسرو زۆربەی نووسەرانو ڕۆشنبیرانو پارێزەرانو ئەوانیتریش ناڕەزایی خۆیان دەربڕی، کەچی ئیخوانەکان، لەسەر زاری “مەھدی عاکیف”ی سەرۆکی ئیخوانەوە، پاڵپشتی خۆیان بۆ ئارەزووەکەی موبارەک دەربڕی. تەنانەت لە سیاسەتی گواستنەوەی دەسەڵات لە موبارەکەوە بۆ جەمالی کوڕی، ئیخوانەکان ڕایەکی ئاشکراو بەھێزیان دژ بەو سیاسەتە نەبوو. لەکاتێکدا هەم درێژی تەمەنی حوکمڕانی موبارەک خۆیو هەم تەماحی ئەوەش کە دوای خۆی کوڕەکەی ببێت بە سەرۆک، لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی بەهاری عەرەبین. هەروەها کاتێک گەنجانی سەر ئینتەرنێتو فەیسبووک بڕیاریاندا ڕۆژی ٢٥ کانونی دووهەم بکەن بە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەکەیان، ئیخوان بێ ھیچ پێچو پەنایەکو بەئاشکرایی وتیان کە ئەوان بەشداری لەو ڕاپەڕینەدا ناکەن. تەنها کاتێک شۆڕشەکە لەسەرکەوتن نزیکبووبووەوەو ئەوە ئەزانرا کە موبارەک ھیچ ئایندەیەکی لە وڵاتەکەدا نەماوە، ئیخوانەکانی میسر بڕیاریاندا بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن. یەکەم دەرکەوتنی ڕێکخراوو بەرچاوی سەلەفییەکانیش لە میسر لە مانگی تەموازدا بوو، واتە زیاد لە چوار مانگ دوای تەواوبوونی شۆڕشەکە بوو. لە ڕۆژێکی وەک ئەو ڕۆژەدا گروپێک لە سەلەفییەکان بە جادەکانی قاھیرەدا سوڕانەوە، قورئانیان بەدەستەوە گرتبوو وە بەدەنگی بەرز هاوریان دەکرد “لا الە الا اللە”.
سەرباری ئەم ڕاستییانە بردنەوەی ئیسلامییەکان لە هەڵبژاردندا شتێکی چاوەڕوانکراوە، نە لەبەر ئەوەی ئیسلامییەکان وەک خۆیان دەڵێن ھێزی ڕەسەننو نامۆنین بە کۆمەڵگاکانیان، نە لەبەرئەوەش ئیسلام لەگەڵ “سروشتی!!!” گریمانکراوی خەڵکو کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەدا دەگونجێت، هەروەها نە لەبەرئەوەش گوایە “ئیسلام” وەڵامی بۆ هەموو کێشەو مەسەلەو تەحەدایەکی کۆنو نوێ پێییە، یان وەک ئیسلامییەکان خۆیان دەڵێن “ئیسلام چارەسەرە”، هەموو ئەم جۆرە قسەو باسانە بۆچوونی ئایدیۆلۆژی دروستکراون. ئەوەی وادەکات ھێزە ئیسلامییەکان ئەمڕۆ براوەی یەکەمبن پەیوەندی بەو شتانەی سەرەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بەو گۆڕانانەوە کە لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتی لەدوای شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩، هاتەکایەوە. زیاد لە نیوسەدەیە بەدەیان شێوازی جیاوازو لەلایەن چەندان ھێزی جیاوازەوە ئەم ناوچەیە پڕدەکرێت لە دینێکی بە ئایدیۆلۆژیاکراو، لە کتێبو کاسێتو فیلمو پۆستەرو ریکلامو پروپاگەندەی دینی، لە سێنتەرو ناوەندی دینی جیاوازو دروستکردنی هەزاران هەزار مزگەوت، لەزیادکردنی بڕو ڕادەی دین لە سیستمی خوێندنو فێربوونو لەناو میدیاو ڕاگەیاندنە نەتەوەییو نانەتەوەییەکاندا، لەبەھێزکردنی بڕو ڕادەی سانسۆری دینیو پڕکردنی فەزای گشتی لە رەمزو ھێماو مانای دینی. ئەمە جگە لەتەرخانکردنی بڕێکی گەورەی میدیای هاوچەرخ، لە تەلەفیزۆنو ساتالایتو ڕادیۆە بیگرە بۆ لاپەڕە بێشومارەکانی ئینتەرنێت، بۆ بەرهەمھێنانو بڵاوکردنەوەی گوتاری دینی جیاواز. هەندێک لە ئیمامە دینییەکان ئەستێرەی سەرەکی ناو کەناڵەکانی میدیان لە دونیای عەرەبیدا. هاوکات وەک راپۆرتی “گەشەکردنی مرۆیی لە دونیای عەرەبدا” لە ساڵی ٢٠٠٢ باسیدەکات، بەشی هەرە گەورەی بازاڕی کتێبفرۆشی لە دونیای عەرەبدا بە کتێبی دینی پڕکراوەتەوە، زۆرینەی ئەو کتێبانەش ئەوانە کە پڕن نەک تەنها لە غەیبانیەتو خورافاتی دینیو نەک تەنها گاڵتەکردنێکی تەواون بە عەقڵی ئینسان، بەڵکو هاوکات ئامرازێکی سەرەکی گێلکردنو تەزاندنی وشیاریو ترساندنی ئینسانن. هەموو ئەم شتانەش سیاسەتی نەخشە بۆکێشراوو حیساب بۆکراویان لە پشتەوەبووە، نەک تەعبیرێکی خۆڕسک بن لە “جەوهەر”ی کولتور یان لە “سروشتی” کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیە.
هەموو چاودێرێکی ناوچەکە ئەزانێت تاقە ھێزێک دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی ناوچەکە مۆڵەتیاندابن بە رەسمی هەبن، یان لانیکەم چاویان لەئاستی بوونیاندا نووقاندبێت، ھێزە ئیسلامییەکان بوون. دۆخی ئیخوانەکان لەسەردەمی ساداتو دواتر لەسەردەمی موبارەکدا نموونەی ئەمجۆرە سیاسەتەبوو بەرامبەر بە ھێزە ئیسلامییەکان. هاوکات سیستمە دیکاتۆرییەکانی ناوچەکە، خۆشیان بوونە هەڵگری گوتارێکی دینی کۆنەپارێزو داخراو، سەدام حوسەینو اللە ئەکبەرەکەی سەری ئاڵای عێراقو قورئانەکەی دەستی نموونەیەکی دیاری ئەم سیاسەتەبوو. ئەمە جگە لە دامەزراندنی دەیان ئۆرگانی مەدەنیو خێرخوازیی، کە ڕۆژانە لەڕێگای دۆلاری نەوەتەوە پرۆسەی بە ئیسلامیکردنی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەییان قووڵترو هەمەلایەنتر دەکردەوە. ڕۆڵی ئەو دۆلارە زۆرەی نەوتی سعودییەو خەلیج کە لە ناوچەکەدا خرایە خزمەتی پرۆژەی ئیسلامی سیاسییەوە، ڕۆڵێکی بێوێنە گەورەیە. بەھۆی ئەم پارە زۆرەوە ئیسلامییەکان لەزۆر وڵاتی ئەم ناوچەیەدا توانیان قوتابخانە، نەخۆشخانەو کارخانەی تایبەت بەخۆیان دروستبکەنو وەک دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا کاربکەن. لەبیریشمان نەچێت لە هەلومەرجی جەنگی ساردی نێوان ھێزە زلەکانی دونیادا، کەمپی ئیسلامییەکان لەلایەن ئەمەریکاو هەندێک لە وڵاتە رۆژئاواییەکانی دیکەوە هاریکارییەکی گەورەو بەرفراوان کران. ئیدی لە هاریکاری بن لادنو گروپە موجاھیدە شەڕکەرەکانی ئەفگانستانەوە بیگرە، بۆ هاریکاری دەوڵەتانی وەک سعودییەو پاکستان.
ئەم هەلومەرجە تایبەتەیە وایکرد ئیسلامییەکان بەھێزببن، نەک ئەوەی ئەوان ھێزی “ڕەسەنن”و هەڵگری فیکرو دیدێکی “خۆماڵی” ن کە “نامۆ” نییە بە “سروشتی” کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە. هەموو ئەو قسانەی لەوەئەدوێن کە ئیسلامی سیاسی تەعبیرێکی ڕاستەقینەیە لە “جەوهەر”و “کولتور”ی ئەو کۆمەڵگایانە، قسەی ئایدیۆلۆژی ناڕاستو دروستکراون. ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژیا، بەوشێوەیەی ئەمڕۆکە دەیبینین، ئیسلامێکە بەبەشداریی ئەمەریکاو بەشداریی دۆلارەکانی نەوتی خەلیجو بەشداریی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە دروستو بڵاوبۆتەوە. پرسیار ئەوەیە ئیسلامییەکان چی لەم ھێزو فەزا دینییەی ئەمڕۆکەی ناوچەکە دەکەن؟
سهرچاوه : ئاوێنه{jcomments off}