"an independent online kurdish website

ڕۆمانی “کچە گووارە مرواری لە گوێکە”، ڕۆمانێکی خۆش و سەرەنجڕاکێشە کە خوێنەر دەکێشێتە نێو مێژووی کۆن و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی هۆڵەند. ئەم کتێبە لە نووسینی) ترەیسی شوالیە TracyChevalier) کە نووسەرێکی فەرانسی ـ سویسییە و ئەم کتێبەی لە ئامریکا و دووهەمین بەرهەمی ناوبراوە کە بەڵاوی کردووەتەوە.keshi_guware_le_guwe

لەم ڕۆمانەدا ترەیسی تێدەکۆشێ بە پشت بەستن بە وێنەکانی (یوهانێس ڤێرمیر Johannes Vermeer) وێنەکێشی هۆڵەندی( ١٦٧٥ ـ ١٦٣٢) و کۆکردنەوەی بەڵگەی مێژوویی لە سەر هەلومەرجی ژیانی کۆمەڵایەتی هوڵەند لە سەدەی هەڤدەهەم و هەروەها پێداچوونەوەیەک لە سەر ژیانی ڤێرمیری وێنەکێش بخاتە بەرباس و لێکدانەوە. خاڵی سەرەکی ئەم ڕۆمانە تابڵۆی کچێکە بە گوێشوارەی مرواریەوە، کە “شوالییە” ئەم کچەی تابڵۆکەی کردووەتە هەوێنی ڕۆمانەکەی و لەگەڵ ” کچە گوێوارە مرواری لە گوێکەGirl with pearl Earring, Flickan med pärlörhänge) ) دەچێتە نێو ژیانی تاکەکەسی و کارەکەی ڤێرمیرەوە. لێرەدا هەم لە بواری زمانناسی و هەم لە بواری ڕاستی و سرووشتی کۆمەڵگای ئەو کاتەدا و بە وەسف کردنی دەنگی پیاو و ژن بە گوێی خوێنەریدا دەچپێنێ وەکوو ئەم نموونەیە: “دەنگی ژن وەک برنج ساف و دەنگی پیاو بەرز و نەگونجاو هەر وەکوو ئەو مێزەی کە لەسەری کارم دەکرد… دەنگێکی وەهامان جاروبار لە ماڵەکەدا کە باسی فەرشی بەنرخ، کتێبی بەنرخ، مرواری و پۆشاکێک کە لە پێستی حەیوان بەدەست دێ، دەبیست”. Flickan med pärlörhänge,2004:7)) ئەم وێنەی سەر بەرگی کتێبە بە ناوی ” کچە بە گوێوارە مرواریەکەیەوە” کە لە نێوان ساڵەکانی١٦٧٥ ـ ١٦٦٥ بەراورد دەکرێ وێنەی کێشابێ لە لایەن وێنەکێش ڤێرمیر بە تکنیکێکی باش و بە ڕەنگی ڕۆن کێشراوە بە جل و بەرگێکی سەردەمیانە و تا ئەو جێگایە مرۆڤ دەخاتە شک و گومانەوە و خوێنەر کە ئەم وێنەیە دەبێنی شکی بۆ سێ کەس دەچێ. بۆ نموونە ئەم کەسانە واتە ماریا ڤێرمیر، کچی گەورەی یوهانێس (وێنەکێش)، مادلێنا ونڕۆی ون(کچی دۆست و لایەنگری یوهانێس ڤێرمیر) و ئەو کچە مۆدە بێ ناونیشانەی کە لە ماڵی ڤێرمیر وەکو نۆکەر کاری دەکرد. لەم ڕۆمانەدا شوالییە بە پێی ئاڵترناتیڤی سێهەم درێژە بە نووسینەکەی دەدا.  زۆربەی تابڵۆکانی ڤێرمیر لە چین و توێژێ ئاسایی کۆمەڵگا و تەنانەت چینی دەوڵەمەند و یان بە وشە لاتینەکەی “بورژوایی”یە لە کاتی کاری رۆژانەیاندا.

شوالییە لە گێڕانەوەی خۆی لەسەر ئەم تابڵۆیە، ناوی ئەم کچەی ناوە گرییتGriet)). باوکی گرییت کاشی کار بووە و لە سەر کاشیەکان وێنەی جۆراوجۆری کێشاوە و فرۆشتوویەتی و بەو کارەی ژیانی ڕۆژانەی خۆی مسۆگەر کردووە. ئەم کچە لە سەر باوکی وەها دەڵێ:” باوکم کاشیکار بوو و لەسەر کاشییەکان وێنەی کێشاوە و هێشتا سەری پەنجەکانی دوای ئەو هەموو ساڵە ڕەنگی شینیان پێوەیە کە وێنەی” (Amoriner خوای عشق کە بە شێوەی منداڵی ڕووت لەسەری کاشی و چینی و شتی دیکە دەیکێشنەوە)، وێنەی کچی جوان، سەرباز، کەشتی، منداڵ، ماسی جۆراوجۆر، گوڵی هەمە ڕەنگ، وێنەی ئاژەڵ لەسەر کاشی و گۆزە، دەساویی و وەکو شوشەی لێ دەکرد، لە تینی ئاگری دەدان و پاشان دەی فرۆشتن. ڕۆژێکیان کورەی ئاگرەکەی پێدا تەقیەوە و چاوەکانی لە دەست دان، دوو لە هاوکارەکانی مردن، بەڵام ئەم شانسی هەبوو لە مردن رزگاری بوو”.

Flickan med pärlörhänge,2004:13)). ئەم کچەش لە بەر هەژاری و دەست کورتی بنەماڵەکەی وەکو نۆکەر لە ماڵی ڤێرمیری شێوەکار، دەست بە کار دەکا. کاری ئەم کچە جگە لە کاری ڕۆژانەی نێوماڵ، شۆردنی جلوبەرگ، ئۆتوکردن جلەکان، کڕینی خواردن بۆ ماڵ و پاک و خاوێن کردنی ژووری وێنەکێشانی ڤێرمیرە. گرییت لە تەمەنی ١٦ تاکو ١٨ ساڵاندا لە ماڵی ڤێرمیر کار دەکا و هەر لە یەکەم نیگای خۆیدا حەز لە ڤێرمیر دەکا و لە بیری تازەپێگەیشتوویدا ڤێرمیر بە دوای خۆیا دەکێشێ و ئەمیش عاشقی دەبێ. ئالێرەدایە ڤێرمیر بڕیار دەدا وێنەی گرییت بکێشێ و لە کاتێکدا دەزانێ چ هەرایەک لە ماڵەوە دەنێتەوە، لە بەر ئەوەی هیچ کات ڤێرمیر کارەکەی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا تێکڵاو نەکردووە هەرگیز وێنەی بنەماڵەکەی یان هاوسەرەکەی نەکێشاوەتەوە. بەم جۆرە بڕیار دەدا کە ئەم نهێنی وێنەکێشانە لە نێوان خۆی و گرییت بمێنێتەوە. دوو کوتە پارچەی شین و زەرد بە گرییت دەدا و ئەویش لە سەری دەپێچێ و خۆی ئامادە دەکا بۆ ئەوەی ڤێرمیر وێنەی بکێشێتەوە. ڤێرمیر گوێوارە مرواریەکەی “کاترین”ی ژنی دەدا بە گرییت بۆ ئەوەی لە گوێی بکا، چوونکە بەو گوێوارەوە جوانتر دەردەکەوێ، بەڵام گرییت دەڵیێ ئەمە دوایی کاترینی هاوسەرت هەرایەک دەنێتەوە و لەسەر ئەم تابڵۆیە دەبێتە کێشەتان. بەڵام ڤێرمیر دەڵی ناهێڵم کاترین بەم نهێنیە بزانێ و لەم چەند ڕۆژەشدا ئەم گوێشوارە مرواریانەی لە بیر نیە تاکو بیکاتە گوێی. لەم کاتەدا گرییت دەڵێ گەورەم من گوێم کون نیە و ناتوانم ئەم گوێوارانە لە گوێم بکەم. ڤێرمیریش دەڵێ دەی بۆ خۆت چۆنی لێ دەکەی چارەسەری بکە و بیانکە گوێت. پاشان ڤێرمیر دەڵێ دەست پێی دەکەین، ئامادە بە.

 “کەمێک چەنەت بێرە خوارەوە. گرییت بە زمانت لێوەکانت تەڕ کە. منیش زمانم لێسا بە لێوەکانمدا و تەڕم کرد. کەمێک دەمت بەکەرەوە. لەم کاتەدا سەرم سووڕ ماو دەمم لە خۆیەوە کراوە بوو. ڕووم وەرچەرخاند و فرمێسکەکانی چاوەکانم پاک کردەوە. ژنە گەورەکان دەمیان لە تابلٶکاندا ناکەنەوە”.(Flickan med pärlörhänge. 2004:209)

“تابڵۆکانی هیچیان لە یەک نەدەچوون. تەنیا وێنەی من بوو، سەرم و شانەکانم، بە بێ هیچ مێز یان پەردەیەک، پەنجەرە یان پۆدرێک کە لە بەر چاوەکانی ون کا یان ئارامی کا. بە نیگاکانی تەنیا وێنەی منی کێشابوو، و نوورێک کە لە سەر ڕوومەتم شەوقی دەدایەوە، بەڵام لای چەپی ڕوومەتم لە تاریکیدا بوو، ڕووپۆشی شین و زەرد و قاوەییم پۆشی بوو. ئەو پاڕچەی کە بە دەوری سەرمدا پێچابووم شێوازمی گۆڕابوو، نە وەکوو خۆم بەڵکو وەک “گرییت”ی شارێکی تر، بەڵێ، بە کورتی لە وڵاتێکی تردا، تەختی وێنەکە ڕەش بوو، وای پیشان دەدا کە من زۆر بێ کەسم، سەرەڕای ئەمانەش وام نیشان دەدا کە سەیری شتێک یان کەسێک دەکەم. وای نیشان دەدام کە چاوەڕانی کەسێک دەکەم و بیرم دەکردەوە کە هەرگیز ڕووداوێکی وەها ڕوو نادا”.(Flickan med pärlörnhänge. 2004: 202)

دیارە شوالییە لە سەر تابڵۆکانی تری ڤێرمیر دەڕوا و بە جوانی وەسفیان دەکا. من نامەوێ بچمە سەر بەشەکانی تری ڕۆمانەکە و تەنیا ئەم تابڵۆیەم پێی جوان و بە کورتی لە سەری دوام. دیارە ئەم کتێبە لە هەموو جێگایەک دەست دەکەوێ. ئەو کەسانەش کە تاقەتی خوێندنیان نیە یان سویدییەکەیان بەشی ئەوە ناکا ڕۆمانێکی وەهای پێی بخوێنێتەوە ئەوا ئەم ڕۆمانە کراوە بە فیلم و بە DVD لە کتێبخانە گشتیەکان دا دەست دەکەوێ. هەڵبەتە من باسی سوید دەکەم و نازانم وڵاتانی تر چۆنە… هەرچەند بۆ پێداچوونەوەی ئەم ڕۆمانە کەڵکم لە وتاری بەڕێز فکوهی و ابطحی وەرگرتووە کە ناوبراوان بە دوور و درێژی لەسەر ئەم ڕۆمانە قسەیان کردووە. منیش بە کورتی لەسەر ئەم تابڵۆیە واتە” كچە گوێشوارەی مرواری لە گوێکە”یە، بۆ خوێنەران باس کردووە.

حەمید تەیموری

٢٨ ـ ٢ ـ ٢٠١٢

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی