"an independent online kurdish website

6- سەرپێلی زەهاو 

پێکهاتە، زاراوە، ئایینali_qenberi1

سەرپێلی زەهاویش شارستانێکی تری پاریزگای کرماشانە کە لە ڕۆژئاوای ئەم پارێزگایە هەڵکەوتووە. لە ڕۆژئاواوە هاو سنوورە لە گەڵ ناوچەی خانەقین و کەلار، لە باکوورەوە لە گەڵ سەلاسی باوەجانی، لە ڕۆژئاواوە لە گەڵ شارستانی داڵاهۆ و لە باشوورەوە لە گەڵ قەسری شیرین و گێڵانی ڕۆژئاوا. ژمارەی دانیشتوانی (١٣٨٥ هەتاوی) ٨٤٩٤٥ کەس وە ئێستە دەبێ نزیک بە ١٠٠ هەزار کەس بێت.

شارستانی سەرپێڵی زەهاو لە یەک بەخش وپێنج دێهستان پێکدێت و ناوەندەکەشی شاری سەرپێلە.                          نیوی دێهستانەکان بریتین لە:                                                                                                       ١- دێهستانی دەوروبەری سەرپێل (حومە) کە زیاترلە ٥٠  ئاوایی لە خۆ دەگرێت و زۆرینەی خەڵکەکەی بە زاراوی گۆرانی (کەڵهووڕی یان کوردی خوارین) دەپەیڤن و بە زۆریش سەر بە ئایینی یارین. ئەو بەشە لە خەڵکی کوردی یارسان کە لە ئەم دێهستانە دەژین و زیاتر لە ٣٠ ئاوایی لە ئەو ٥٠ ئاواییە پێکدێنن بە زۆری سەر بە تیرە و تایفەکانی دارا ڕەشید، قووچی باشی، بازگر، کەواڵی و چەند عەشرەتێکیترن، کە هەموویان سەر بە هۆزی (ایل) گۆرانن.     هەر وەها دانیشتوانی ئاواییەکانی سەراو گەرمی سەر ، سەراو گەرمی خوار، شارەکی )شهرک) بانگر و ١٠ تا ١٢ ئاوایی دیکەی دەوروبەری  ئەم ناوچەیە لە خەڵکی کەڵهووڕ پێکدێن کە بە زاراوەی کەڵهووڕی دەپەیڤن و لە باری ئائینیشەوە شیعە مەزهەبن. هەر لە ئەم دێهستانە ٥ تا ٦ گوندێکی دیکە هەن کە خەڵکەکەی سۆنی مەزهەبن و بە زاراوی جافی سۆرانی قسە دەکەن (دەپەیڤن). لە وانە ئاواییەکانی کڵاشی، پیران، گلۆم کەوەی سەر            (عەشرەتی قەڵخاچەک) ،گڵۆم کەوەی خوار (عەشرەتی نەیلکی)، کۆییکی شوکر و یەک دوو گوندی دیک.

عەشرەتی قووچی باشی لە دێهستانی بێوەنیژیش کە لە سەر شارستانی کرند دەژیان یان هێشتاکە بۆ کشتوکاڵی زەویەکانیان هاتووچۆی ئەو ناوچەیە ئەکەن. خەڵکی ئەم تایفە لە مانگی پووشپەڕی ١٣٥٩ هەتاوی دوای ئەوەی کە گوندەکەیان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمی ئیسلامییەوە گەمارۆ ئەدرێت، بۆ دیفاع لە خۆیان و ماڵ و منداڵیان  تووشی تێکهەڵچوونێک لە گەڵ هێزەکانی ڕژیم دەبن ودوای کوشتنی ٧٠- ٨٠ کەس لە هێزەکانی ڕژیم بە ناچاری زێدی خۆیان بە جێ دەهێڵن و دەچنە عێراق. چوونکە ڕووداوەکە پێوەندی هەیە بە ناوچەی کرندەوە، ئەو کاتە کە دەچمە سەر کرند زیاتر باسی لێوە دەکەم.

تا ئاخر و ئۆخری دەسلاتی بەگزادە و خانەکان لە ئێران و لە کوردستانیش (١٣٤٢ هەتاوی، سالی کۆتایی نیزامی دەرەبەگایەتی بوو لە ئێران) خانەوادەی ڕەشید سەلتەنە حوکمی بە سەر ئاواییە گۆران نشیینەکانی ئەم دەڤەرەدا کردووە.

لە زۆر جێگای دیکە باسم لە ئەوە کردووە کە کوردی یارسان لە پارێزگای کرماشان (بێجگە لە  لەکی یارسان)، بە گشتی سەر بە سێ هۆزی بە ناوبانگی پارێزگاکەن کە بریتین لە سنجاوی، گۆران و قەلخانی. تایفەیەکی تریش هەن کە پێیان دەوترێ تفەنگچی. ئەم تایفە زۆر جار بە هۆزێک یان تایفەیەکی سەر بەخۆ لە ئەو سێ هۆزەکەی تر ناوی لێ دەبرێت، بەڵام بە پێی هیندێک بۆ چوون تفەنگچییەکان بەشێکن لە هۆزی گۆران. لە ڕووی زۆری ژمارەی دانیشتوانەوە گۆرانەکان کە لە سەرپێل و دوەروبەر، کرند و دەوروبەر و گاوارە ودەیان گوندی دەوروبەری نیشتەجێن گەورەترین هۆزی خەڵکی یارسانن لە بەشی ڕۆژئاوای پاریزگای کرماشان. هەروەها بەشێک لە هۆزی سنجاویش لە ڕووی مەزهەبییەوە شیعە و سونین.

٢- دێهستانی دەشتی زەهاو  لە ٣٠ بۆ ٣٥ ئاوایی پێکهاتووە. زۆرینەی دانیشتوانی ئەم دێهساتانە بە زاراوەی جافی سورانی دەپەیڤن و لە باری مەزهەبیشەوە سونیمەزهەبن کە بریتین لە ئەم عەشرەتانە: کوییک لە ٤  گوند، تایشەیی ٥ بۆ ٦ گوند، کلاشی٢ ئاوایی (کڵاشییەکان لە دێهستانی جگیرانیش لە دوو، سێ گوند نیشتەجێن)، قادری لە سەراو زەواو، تەپانی لە گوندی تەپانی، ئەلیاسی٢ گوند (زۆرینەی گوندەکانی سەر بە عەشرەتی ئەلیاسی کەوتوەتە سەر دێهستانی پشتەنگ کە دواتر باسیان ئەکەین)، بێویانی٥ بۆ ٦ گوند، خێڵی سۆفی لە ئاوایی ملەدزگە، جاوری لە ئاوایی جاوری (دەلەشێر)، یەک دوو گوندی سەر بەعەشرەتی نێرژی، یەک دوو   گوندی سەر بە عەشرەتەکانی قەلخانچەک .( لە گەل داوای لێبوردن لە خوێنەر بەشیک لە عەشرەتی قەڵخانچەک لە دەروەن زەردی سەرقڵاش دەژین کە سەر بە شارستانی سەلاسی باوەجانییە کە لە بەشی چوارەمدا نێویانم نەهێنابوو). هەر وەها گوندەکانی سەر بە عەشرەتی قڵاواڕی کە لە سێ گوند پێکهاتووە، دانیشتوانەکەی سەر بە هۆزی قەڵخانین و بە زاراوەی کەڵهووڕی دەپەیڤن و لە باری ئایینیشەوە سەر بە ئایینی یارین.  بێجگە لە ئەم تیرە و تایفانە کە باسکران، یەک گوندی دیکە لە ناقۆپی زەهاو هەبوو کە دانیشتوانەکەی خەڵکی کوڵکوڵ بوون لە هۆزی سنجاوی کە ئەگەر هەلە نەبم شیعەمەزهەب بوون. هەر بۆ ئاگاداری ئێوە لە گوندی هوانیش کە دەکەوێتە سەر دێهستانی سەرقڵا١٠ تا ١٥ ماڵێکی دیکەی سنجاوی هەبوون کە بە زۆری گەرمیان و کوێستانیان دەکرد. دەشتی زەهاو سروشتێکی زۆر جوانی هەیە، بە تایبەت لە بەهاراندا بۆ گەشت و سەیرانی نەورۆزی. دەڤەری سەرپێڵی زەهاو بە گشتی و دەشتی زەهاو بە تایبەتی دەڤەرێکی گرنگە بۆ کشت وکاڵ و زەراعت.

٣- دێهستانی پشتتەنگی زەهاو یەکێکیترە لە دێهستانەکانی سەر بە شارستانی سەرپێلی زەهاو کە لە نزیکی ٣٥ بۆ ٤٠ گوندێک پێکهاتووە.  بێجگە لە ٤ بۆ ٥ گوندی نەبێ کە دانیشتوانەکەی جافی سۆرانین و بە زۆری سەر بە عەشرەتی ئەلیاسین، باقی دانیشتوانی ئەم دێهستانە لە خەڵکی یارسانن کە ئەوانیش سەر بە هۆزی قەڵخانین و بە زاراوەی کوردی خوارین یان کەڵهووڕی دەپەیڤن. تا پێش لە شەڕی ئێران و عێراق گەورەترین گوند (ئاوایی) لە گوندەکانی ئەم دێهستانە بزمیرئاوا و پشتتەنگی ئەلیاسی (ئاوایی کوێخا بارام) بوون. پشتتەنگ ناوچەیەکی تا ڕادەیەک شاخاوییە و هەڵکەوتووە لە نێوان دەشتی زەهاو لە لایەک و کێوی داڵاهۆ لە لایەکیترەوە. هەر وەها هاوسنووریشە لە گەل سەلاسی باوەجانی.       لە بەگزادەکانی ئەم ناوچەشە تا کاتی نەمانی نیزامی خان خانی لە ئێراندا، بنەماڵەی قەنبەر سوڵتان بووە.            هۆزی قەڵخانی لە ئەم دەڤەرە (پشتتەنگ) بە زۆری پێکدێت لە عەشرەتەکانی پشت ماڵە، ڕەمەکی، ڕۆستەم، جوانمیری، قورێ وچەند تیرە و تایفەی تر.

٤- دێهستانی قڵاشایەن. ئەم دێهستانەش کە لە ٣٠  تا ٣٥ گوند پێکدێت، یەکێکی ترە لە دێهستانەکانی سەر بە ناوچەی  سەر پێڵی زەهاو. خەڵکی ئەم دێهستانە سەر بە هۆزی کەڵهووڕن، بە زاراوەی کەڵهووڕی دەپەیڤن و سەر بە مەزهەبی شیعەن. تا لە بەین چوونی نیزامی دەربەگایەتی لە ئێران خەڵکی ئەم ناوچەیە لە ژێر دەسڵاتی بەگزادەکانی خانەوادەی کشتمەندەکان بوون. یەکێک لە گەورەترین پادگانە سەربازییەکانی کرماشان (پادگانی ئەبووزەڕ) لە ئەم دەڤەرەیە.  سەراو قڵاشایەن کە دیمەنێکی جوانی هەیە هەر لە ئەم ناوچەیە هەڵکەوتووە. ئەم دەڤەرەش کە هاو سنوورە لە گەڵ گێڵانی ڕۆژئاوا (گیلان غرب) و شاری سەرپێڵ، ناوچەیەکی زۆر خۆش و بە پیتە بۆ کشتو کاڵ و ئاژەڵداری.          

 ئاوائی ئەنزەڵ دەکەوێتە سەر ئەم ناوچەیە. لە کاتی داڕمانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٧٥ ئۆردووگایەک بۆ هەزاران بنەمالەی کوردی باشوور لە نزیک ئەم گوندە  دروست کرا و نێوی  ئۆردووگای ئەنزەڵی لێنرا. ئەو ئۆردووگایە پاش یەک سال (دوای ئەوەی کە خەڵکەکەی بەشێکیان گەڕانەوە بۆ عێراق و باقییەکەشیان بەرەو ناوەوەی ئێران دوور خرانەوە) داخرا. 

٥- دێهستانی بشێوەی پاتاق کە لە نزیکی ٢٥ ئاوایی پێکهاتووە، دەکەوێتە نێوان شاری سەرپێڵ و ملەی پاتاق لە سەر ڕێگای نێودەڵەتی تاران و بەغدا. ئەم دەڤەرە نزیکە لە  کرند و ڕێژاو کە  ئاو و هەوایەکی سارد و فێنک، باخ و باخاتێکی زۆر و سروشتێکی یەکجار جوانیان هەیە.  تا ئەو جێگایە کە من ئاگادار بم زۆرینەی خەڵکی ئەم دێهستانەش سەر بە هۆزی کەڵهووڕن و سەر بە مەزهەبی شیعەن. کۆنترین ئاسەوارە مێژووییەکانی سەر دەمی لۆلۆییەکان و ساسانییەکان لە ئەم دەڤەرە دەبینرێت. بێجگە لە کشتووکاڵ و ئاژەڵداری، ئەم ناوچەیە بە دەڤەرێکی باش ناسراوە بۆ سەوزی کاری و زەراعەت.     

بە گشتی  شارستانی سەرپێڵی زەهاو  نزیکی ١٨٠  گوندی هەیە کە دانیشتوانەکەی بەم شێوەیەن. خەڵکی سەر بە هۆزی کەڵهووڕ ٦٥ بۆ ٧٠ گوند،  هۆزی قەڵخانی ٣٠ بۆ ٣٥ گوند، هۆزی گۆران ٣٠ بۆ ٣٥ گوند، جافەکان ٤٠ بۆ٤٥ گوند و سنجاوی یەک دوو گوند.  جێگای خۆیەتی کە ئیشارە بکەین بە هۆزی گەورەی زنگنەش کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە و لە زۆر جێگای کرماشان، باشووری کوردستان و زۆر جێگای ئێران دەژین. زەنگنەییەکان بە دڵنیاییەوە لە شاری سەرپێڵیش بوونیان هەیە. ئەم هۆزە بە زۆری لە کرماشان. ماهیدەشت و سنقووری کولیایی دەژین. خەڵکی ئەم ناوچانە و شاری سەرپێڵیش هەر هەموو کورد زمانن کە بە دوو زاراوەی کەڵهووڕی و سۆرانی دەپەیڤن.  لە باری ئائینیشەوە خەڵکی ئەم ناوچەیە شێعە، سونی و یارسانین.
 هۆنەر و مۆسیقا

لە ئەم ناوچەیە زۆر جار بۆ شای و گۆڤەند لە جیاتی گۆرانی و گۆرانیبێژ ساز و دەهۆڵ (دەهۆڵ و زوڕنا)  بە کار دەگیرێ. ساز و دەهۆڵ ئەگەر چی لە هەموو جێگایەکی کوردەواری بە کاردەهێنرێت، بەڵام لە ئەم دەڤەرە زۆر جیاوازترە. تەنانەت لە کاتی پرسە و مردنی کەسێکی ناوداری ناوچەکە و بە تایبەت لە نێو هۆزی کەڵهووڕ لە ئامێری ساز و دەهۆڵ ئیستفادە ئەکەن کە پێی ئەڵێن چەمەری (مەبەست شیوەی ژەندنەکەیە)٠. هۆرەش یەکێکی ترە لە ئاوازەکانی ناوچەکە. دەڵێن هۆرە لە دەورانێک (پێش لە ئیسلام) کە ئائینی زەردەشت دینی کوردەکان بووە وەک زکر وئاوازی مەزهەبی خوێندراوە. ئاهوورا ناوی خوداوەندە لە لای زەردەشتییەکان. هۆرەش هەر لە وانەیە بە مانای زکر، ستایش و پاڕانەوە لە خوداوەند بوو بێت.

سەرەڕای جیاوازییە مەزهەبی، زاراوەئی وعەشیرەتییەکان، خەڵکی ئەم دەڤەرە زۆر تێکەڵ بەیەکن و ژیانیان زۆر بە یەکەوە گرێدراوە. بۆ نموونە لە شاری سەرپێڵ کە  هەر سێ پێکهاتەکەی تێدا ئەژین لە بازاڕدا هاو دووکاندارن. لە گەڕەکەکاندا هاوماڵن و لە شوێنی کار و خوێندنگاکاندا پێکەوەن. بە گشتی ئەگەر ناحەز و دوژمن لە ئەم خەڵکە واز بهێنێ، وەک کەس و کاری یەک پێکەوە دەژین، ئەگەر چی لە ئێرە و ئەوی هەم ڕژیمەکان وهەم خەڵکی تێکدەر، دڵڕەش و ناحاڵیش لە ڕابردوودا ڕۆڵیی خرابیان بینیوە.

 لە شاری سەرپێڵ بە پێی زانیارییەکان ئێستە هەر سێ پێکهاتەکە لە ڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە تەقریبەن وەک یەک ئەبن. زۆرینەی خەڵکی ئەم ناوچەیە سەر بە هۆز و تایفەکانی کەڵهووڕ، جاف، قەڵخانی و گۆرانن. کۆمەڵە خەڵکێکێش لە شاری سەرپێڵ دەژین کە پێیان دەگووتری خەڕات. خەڕاتەکان کە ئەوانیش هەر کوردن، بەداخەوە زۆر جار بە چاوی خوار چاویان لێ ئەکرێت. ئەوان خەڵکانیکی زەحمەتکێشن کە لە ڕابردوودا لە ڕیگای ئیشی خەڕاتی، واتە دارتاشیەوە خۆیان و خانەوادەکانیان ژیاندووە. خەڵکێکی زۆری سەر بە ناوچەی سەلاسی باوەجانی، بە تایبەت خەڵکی سەرقڵا، جەگیران و ئەزگڵە ئیستە بە زۆری لە شاری سەرپێڵ دەژین. زۆربەیان تەنیا بۆ کشت وکال سەردانی گوندەکانیان دەکەن ئەگینە لە شاردەژین.هەر ئێستەش پتر لە ١٥٠٠  بنەماڵە و بگرە زیاتریش کە سەر بە گوندەکانی سەرپێڵی زەهاون و پێش لە شەڕی عیراق – ئێران و لە کاتی شەڕی ئەم دوو دەوڵەتە ئاوارەی عێراق بوون، نەگەڕاونەتەوە جێگا و شوێنی خۆیان و لە هەندەران و باشووری کوردستان دەژین.

مێژووی سەرپێڵی زەهاو

بە بۆچوونی مێژووناس و ڕۆژهەڵاتناس ڕاولینسۆن، شاری سەرپێل لە ڕووی ئاسەوارەوە بە هەشتەمین شاری دونیا دادەنرێت. بە بۆچوونی ناوبراو ئاسەوارەکانی ئەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە بۆ ٤٨٠٠ ساڵ پێش ئێستە. ئانوبانیین کە پادشای لۆلۆییەکان بووە ناوەندی دەسڵاتداری لە ئەم دەڤەرە بووە.

 ڕێکەوتننامەی زەهاو

ن. لازاریف لە کتێبی مێژووی کوردستان لە سەر ڕێکەوتننامەی مێژوویی زەهاو ئاوەها دەنووسێ:                         ئەم ڕیکەوتننامەیە لە ساڵی ١٦٣٩ زایینی لە نێوان دەوڵەتانی عوسمانی و سەفەوی هاتە مۆر کردن. لە ئەم ڕێکەوتننامەیەدا هەموو ئەو ناوچانەی کە دەکەوتنە پشت زەنجیرە چیاکانی زاگرۆس، کەوتنە ژێر دەسلاتی عوسمانییەکان. واتە بەشی ڕۆژئاوای ئەو زەنجیرە چیایانە (زیاد کردنی خۆمە) کە بەشیکی زۆری عێراقی ئەوڕۆ لە خۆ دەگرێت. لە ئەو ناوچە و شارانەی کە بە پێی نەو ڕێکەوتننامەیە کەوتنە ژیر دەسڵاتی ئیمپراتووری عوسمانی دەکریت نێوی ئەم شوێنانە بێنین: بەغدا، کووفە، نەجەف، بەسرە  تا دەگاتە کەناری ئاوە قووڵەکانی نێوان ئەو دوو ولاتە و چەند شوێنێکی تر. ئەگەر چی ئێران لە ئەو ڕێکەوتننامەیەدا زەرەرمەندی ئەسڵی بوو بەڵام ناوچەی زەها هەر لە سەر وڵاتی ئێران مایەوە.

ئا بەئەم شێوەیە دوای ڕێکەوتننامەی چاڵدران (١٥١٤ زایینی)  کە بوو بە هۆی دابەشکردنی کوردستان لە نێوان عوسمانی و سەفەوی، جارێکی تر بەشێکی گرنگی ناوچەکە کە کوردیشی تێدا بووە دابەشبوون بە خۆوە دەبینێت.   (زیاد کردنی خۆمە). بۆ ئاگاداری خوێنەری بەڕێز تا پێش لە ڕێکەوتننامەی زەهاو، هەموو ناوچە کورد نشینەکانی ناوچەکانی خانەقین و مەندەلی تا بەغدا بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژێر دەسڵاتی خۆماڵی بەگزادەکانی کەڵهووڕ بوون.        بۆ نموونە شاری بەغدا بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ژێر دەسڵاتی کەڵهوورەکان و یەک لە وان حکوومەتی ذوڵفەقارخانی کەڵهوور بووە. سنووری ئەم دەسڵاتە لە دەڤەری کرماشانەوە دەستی پێکردووە. کەڵهووڕەکان  بە گەورەترین هۆزی کوردی لە ناوچەکەدا دێنە ئەژماردن. ئەم هۆزە خاوەن مێژوویەکی  زۆر دوور و درێژن.       بێجگە لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام، لە باشووری کوردستانیش لەناوچەکانی خانەقین، کفری، کەلار و تا سنووری شارەزۆر دەژین. بێجگە لە زۆر جێگای تری ئێران، لە ناوچەکانی تری کوردستانی ڕۆژهەلات وەک سەقز، بۆکان، مهاباد. میاندووئاو و تەنانەت ورمی و سەڵماسیش کەڵهووڕەکان بە پرژ و بڵاوی دەژین. لە زۆر جێگا خەڵکی ئەم هۆزە بوون بە سونی و لە زۆر جێگاش وەک بۆ نموونە ناوچەی کرماشان و ئیلام بە شیعەمەزهەبی ماونەتەوە. یان لە وانەیە ئەم بەشە پێشتر سونی بووبن و دواتر مەزهەبیان گۆڕابێت. بەڵام ئەوەی کە ڕوونە ئەو بەشەی کە کەوتووەتە ژێر دەسلاتی عوسمانی بوون بە سونی و ئەو بەشەش کە کەوتووتە بن دەست سەفەوی بوونەتە شیعەمەزهەب.

سروشتی ناوچەکە

ناوچەی سەرپێڵی زەهاو ناوچەیەکی بە هاوینان زۆر گەرم و لە زستاناندا هەوایەکی مامناوەندی (معتدل) هەیە. لە بەهاراندا دەکرێت بە بەهەشتی ناوچەکە وەسف بکرێت. کەلی داوود، قڵاشایەن، دەشتی زەهاو تا ملەدزگە، قەرەبڵاغ تا سەراوگەرم، پاتاق و چەندها شووێنی تری ئەم دەڤەرە پڕ پڕە، لێواو لێوە لە خەڵکی دەڤەرەکە و شوێنەکانیتری کرماشان. گەشتیاران لە هەموو ئێران دێنە ئەم شوێنانە بۆ بە سەر بردنی کاتی پشووی نەورۆزی. جگە لە ئەمانە لە بەهاراندا چەندها ڕەۆوەک و گیای سروشتی کە بە زۆری لە کێوی داڵاهۆ و بنارەکانی و زۆر جێگای دیکە دەڕوێن، شاری سەرپێڵ پڕ دەکەن لە بەرهەمی سروشتی خۆماڵی. لە وانە ئەنواعی قارچکی کێوی بەنرخ، گونۆڕ، پیچک، سوورۆنە، کەنگەر و زۆر شتی تر کە هەم سەرچاوەیەکی باشە بۆ داهات (دەرامەد) و هەم بۆ خواردنی بە سوود و هەرزان کە بۆ ماوەی یەک، دوو مانگێک لە بازاڕ بوونیان هەیە. جگە لە ئەمانە بوونی ڕووباری ئەڵوۆن و ئاوی دەلەشێر و چەند سەراوێک، وەک سەراوی قڵاشایەن، سەراوی ماراو لە لای پاتاق، شەلاڵی (آبشار) پیران و چەندین ئاو و کانی و سەراوی تر، سروشتی ئەم ناوچەیە زۆر زیاتر دەڕازێنێتەوە. ئەگەر لە ئەم دەڤەرە دەڕوانی کە لە هەر چواردەورەوە بە کۆمەڵە کێو و شاخێکەوە ڕازاوەتەوە. لە وانە کێوی داڵاهۆ، ئاسنگەران، چرمکسوار و گامێشان و چەند شاخ و گردی دیکە.                           

ڕووباری ئەڵون

ئاوی ڕووباری ئەڵوەن کە پێم وایە لە داڵاهۆوە سەرچاوە دەگرێت، شارئەکات بە دوو کەرتەوە و ئارام ئارام دەڕوات بەرەو شاری قەسری شیرین و لە ئەوێشەوە بەرە خانەقین لە باشووری کوردستان. سەرچاوەی ناولێنانی ئەم شارە بە سەرپێڵ،  لە بەرهە بوونی ئەو پێڵە (جسر) گەورەدایە کە لە سەر ڕووباری ئەڵوەن  درووستکراوە و شار دەکات بە دوو بەشەوە. لە رابردوودا زۆر جار باپیرانمان وەک مەسەل و نوکتە دەیانگووت، سەرپێڵ ئەگەر پێڵەکەی نەمێنێ جا لە سەرەکەی زیاتر چی ئەمێنێ. کە باسی ئاوی ئەڵوەنم کرد، و بیری خوێنەری دێنمەوە کە رژیم بۆ زەخت خستنە سەر حکوومەتی هەرێـمی کوردستان و خەڵکی خانەقین، تاکوو ئێستە چەند جارێک ئاوی ئەم ڕووبارەی بەر بەست کردووە ونەیهێشتووە بڕوات بۆ خانەقین. شتێک کە بە پێچەوانەی بڕیارە نێونەتەوەییەکانە. لە ڕوانگەی رژیمەوە خەڵکی خانەقین لە بەر ئەوەی بە زۆرینە شیعەن دەبوایە دەنگیان بە عەرەبە شیعەکانی عێراق بدابایەت، بەڵام خانەقینیەکان کورد بوون و کوردستانی بوونیان خستە پێش دینەکەیانەوە و دەنگیان بە کوردەکان دا و داواش دەکەن کە خانەقین بکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە رژیمی ئیسلامیش وەک تۆڵە کردنەوەیەک ئاوەکەی لێ دەگرتنەوە.

شەڕی عێراق و ئێران و کاریگەری لە سەر ناوچەکە

لە کاتی هێرشی حکوومەتی سەدام بۆ سەر ئێران دوای داگیرکردن و وێران کردنی شاری قەسری شیرین کە دواتر دێمە سەری، شاری سەرپێڵیش تەقریبەن وێران کرا و خەڵکەکەی ناچار بە چۆڵ کردنی شارەکە بوون. ئەمە جگە لە چۆڵکردن و وێران بوونی نزیک بە تەواوی گوندەکانی سەر بە ئەم شارستانە. هەر وەک پێشتریش باسم کردوە دانیشتوانی نزیک بە ١٠٠ گوندی ئەم ناوچەیە ئاوارەی عێراق بوون، کە بە زۆری لە خەڵکی یارسان و سۆنی مەزهەب و سەر بە هۆزەکانی جاف، گۆران و ‌قەڵخانی بوون. باقی خەڵکی ناوچەکە کە ئەوانیش بە زۆری سەر بە هۆزی کەڵهووڕ و شیعەمەزهەب بوون ئاوارەی شارەکانی تر وەک کرماشان و شائاباد و ئەم لا و ئەولا بوون. دیارە بەشێکیش لە خەڵکی جاف ، گۆران و قەڵخانیش ڕێگای مانەوە لە ئێرانیان هەڵبژارد و ئاوارەی کرماشان و شارەکانی تری ئەو دەڤەرە بوون. هەر وەک لە سەر شوێنەکانی تر باسم کردووە ئاوارە بوونی ئەو خەڵکە بۆ عێراق لە دوو کاتی جیاوازدا و لە بەر دوو هۆکاری سەرەکی جیاواز بووە. یەکەم ترس لە ڕژیمی تازە بە دەسلات گەیشتووی توندڕەوی شیعە مەزهەبی کۆماری ئیسلامی و دووهەم شەڕی نێوان عێراق و ئێران. کاتی ئاوارە بوونەکەش:                   یەکەم هاوکاتە لە گەڵ فتوای ئایەتوڵا خۆمەینی لە دژی گەلی کورد (گەلاوێژی ١٣٥٨ هەتاوی) و هاتنی حاکم شەعی ڕژیمی ئیسلامی (خەڵخاڵی جەلاد و پیاو کوژ) بۆ کوردستان و بۆ ناوچەی کرماشانیش، کە دەستی دایە ئعیدام کردنی چەندها خەڵکی بێتاوان لە ناوچە کوردنشینەکان.                                                                                  دووهەم دەسپێکردنی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە بوو (هاوینی ١٣٥٩هەتاوی). شتێک کە زۆر سرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە بێجگە لە یەک دوو خێزانی شیعە مەزهەب نەبێ لە ئەم دەڤەرە، کسی تری شیعەمەزهەب نەبوو کە بەرەو عێراق بچێت. ئەگەر هەڵە نەبم پادگانی ئەبووزەڕیش کە لە لای قڵاشایەن دامەزرابوو لە لایەن جێشی عێراقەوە دەستی بە سەردا گیرا.

ئەوەی کە  جێگای باسە چەند گرووپێک لە ئەو خەڵکە کە پێشتر چووبوونە عێراق و چەکی ئەو حکوومەتەیان هەڵگرتبوو، هاو کات و هاو شان لە گەڵ جێشی عێراق ئەوانیش بەشداری ئەو هێرشە بوون. بۆ ئاگاداری خوێنەرانی بەڕێز ئەو کاتەی کە شەڕ دەستی پێکرد من و خانەوادەم لە دزڵی مەریوان بووین و بە تەمای گەرانەوە بووین بۆ نەوسوود. هەر بۆیە زۆر لە چەند و چۆنی ڕووداوەکان، بێجگە لە ئەوەی کە دواتر بۆمیان گێڕابێتەوە، ئاگادار نەبووم.

 گوایە لە ئەم هێرشانەدا لە لایەن جەماعەتێک لە  چەکدارانی سەر بە سەرداری جافەوە نزیکی ٢٤ کەس لە عەشرەتی کۆئیک، ٥ کەس لە عەشرەتی نەیلکی و دوو سێ کەسێکی تر لە ئەم لاو و ئەو لای تر کە گوایە  پاسداری ئێران بوون، بە دیل ئەگیرێن و تا ئێستەش  بێ سەر و شوێنن. هاوکات لە گەڵ دەست پێکردنی شەڕەکەدا، یان لە ئەو کات و ساتەدا ١٢ کەس لە خەڵکی قەڵخانچەک کە لە ترسی گولەی تۆپ و تەیارە لە ژیر زەمینێكدا خۆیان حەشار دابوو دەکوژرێن.

   ئابووری ناوچەی سەرپێڵی زەهاو  

سەرپێل لە ڕابردووی نە چەندان کۆندا تەنیا شارە دێیەک بووە (٧٠ بۆ ٨٠ ساڵ پێش). بەڵام لە بەر ئەوەی کە هەڵکەوتووە لە سەر ڕیگای کرماشان- قەسری شیرین، بۆ کار و کاسبی جێگایەکی گرنگ بووە، بەم شیوەیە گەورە دەبێت و دەبێتە شارێک کە سەرە ڕای کاول بوون (وێران بوون) لە شەڕدا، ئێستە نزیکەی ٦٠ بۆ ٧٠ هەزار کەس دانیشتووی هەیە. بۆیە ناوی زەهاویش وەک پاشکۆ بە شوێنیەوەیە لە بەر گرنگی ناوچەی زەهاوە. ئاخر ئەم ناوچەیە هەم لە باری ژمارەی دانیشتوانەوە و هەم داهات لە ڕێی کشتووکاڵ و ئاژەڵدارییەوە بۆ شاری سەرپێل زۆر گرنگە.    لە مێژووشدا ئەم ناوچەیە زۆرتر بە زەهاو ناسراوە.    بە گشتی خەڵکی ئێرەش هەر وەک دانیشتوانی تری پارێزگاکە لە ڕێگای کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، کەسابەت و کرێکاری گوزەران دەکەن. هەبوونی دەروازەی پرویزخان- قۆرەتوو تا ڕادەک بە بووژانەوەی ئابووری ناوچەکە بە سوودە.  رۆژانە قەرەباڵخییەکی زۆر لە ئەو سنوورە هەیە بۆ کڕین و فرۆشتنی کاڵا، بە تایبەتی کاڵا ی ئێران کە دێتە باشووری کوردستانەوە. زۆربەی خەڵکی سەلاسی باوەجانیش بۆ کڕینی پێداویستی ژیانیان ڕوو لە شاری سەرپێڵ دەکەن. لە ڕاستییدا خەڵکی ئەو ناوچانە زۆر لە یەک نزیک و تێکەلاون. ئێستە دەروازەی پەروێزخان بووەتە دەروازەیەکی نێودەوڵەتی و هاتووچۆیەکی زۆری لە سەرە.  بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم دەڤەرەش، بە تایبەت کەڵهووڕەکان لە دام و دزگای حکوومەتی و خزمەتگوزاری کار ئەکەن.

مێژووی سیاسی و بەشداری خەڵکی ئەم ناوچەیە لە شۆڕشی کوردیدا

هەر وەک چۆن لە سەر سەلاس باسم کرد خەڵکی ناوچەی سەرپێڵی زەهاو، بە تایبەت ئەوانەی کە ئاوارەی عێراق بوون (بە زۆری سۆرانی و یارسانی) ئاشنایەتییەکی باشیان لە گەڵ حیزبە کوردییەکاندا پەیدا کرد و هەر ئیستە سەدان کەس لە خەڵکی ئەم ناوچەیە کە لە هەندەران و یان لە باشووری کوردستان دەژین، هەڵسووڕاو، ئەندام و لایەنگری ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.

جێگای خۆیەتی بە زەمانێک ئیشارە بکەم لە نێوان ڕۆژەکانی دوای ڕاپەڕێن تا کاتی هێرشی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان (٢٢ ڕێبەندانی ١٣٥٧ تا ٢٨ گەلاوێژی ١٣٥٨ هەتاوی). پاش ئەوەی کە هیندێک ئاڵۆزی و بارگرژی لە جەرگەی خۆپیشاندانەکانی دژی ڕژیمی پاشایەتی ڕوویاندا کە دواتر باسی لێوە ئەکەم، تا ماوەیەکی زۆر لە شاری سەرپێڵ دڵەڕاوکە و بێ بڕوایی لە نێوان پێکهاتەکان بە دی دەکرا. بە پێچەوانەی شاری قەسری شیرین کە شارێکی سیاسی و تا ڕادەیەکی زۆر چەپ و لیبراڵ بوو، شاری سەرپێڵ (بەداخەوە) زۆرتر ڕۆخسارێکی عەشایەری و بێ سەرەو بەرەیی پێوە دیار بوو. لە جیاتی مەقەڕات و بارەگا و بنکەی ڕێکخراوی سیاسی، سەدان کەس لە شوێنێک کە پێیان ئەوت مەیدانچەکە کۆ دەبوونەوە و خەریکی کڕین و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بوون. تەنانەت لە زۆر شوین دوای هەوا تاریک بوون، کەم کەس دەی وێرا بە ماشین هاتوو چۆ بکات. جەماعەتێکی جەردە و پیاو ڕووتۆکەر (چەند کەسێک) پەیدا ببوون کە شەوانە لە سەر ڕێگا و جادەکانی نێوان سەرپێڵ و قەسری شیرین ماشین یان ڕائەوەستان و سەرنشینەکانیان ڕووت ئەکردەوە. لە ئەو کەسانە کە ئەم کارە نامرۆڤانەیان ئەکرد پاشەن کە ئاوارەی عێراق بووین بۆ خەڵک ئاشکرا بوون کە چی کەسانێک بوون. بە داخەوە بە لانی کەمەوە من تا ئاوارەی عێراقیش بووین لە شاری سەرپێل نە هەر حیزبی کوردی، تەنانەت هیچ حیزبێکی ئێرانیشم نەبینی، بێجگە لە جەماعەتێک  خەڵکی دەمارگرژ نەبێت کە بوون بە حیزبووڵایی و لە کۆمیتەی بە ناو شۆڕش (کۆمیتەی ئینقلاب) چەکیان هەڵگرت و دواتر بوون بە پاسدار و پیاوکوژی ڕژیم. ئەو شارە وای لێهاتبوو خەڵکی پشتی شاعەباسی کە یارسانی بوون بە زەحمەت هاتوو چۆی میرئەحمەدیان ئەکرد (کە شیعەمەزهەب بوون).  یان خەڵکی میرئەحمەد و سەروەی پردەکە کە  زۆرینە شێعە بوون بە ترسەوە دەهاتنە خوارەوەی پردەکە کە زۆرینەی یارسان و سۆنی مەزهەب بوون. ئەم وەزعە ئاڵۆزە لە نێوان مانگەکانی بەفرانباری ١٣٥٧ تا خاکەلێوەی ١٣٥٨ هەتاوی درێژەی هەبوو.  بەڵام پیاو بۆ مێژوو بڵێ دواتر لە لایەن قسە ڕۆیشتوانی هر سێ لایەنەکە هەوڵ درا بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە و تا ڕادەیەکیش وەزعەکە باش بوو، تا کاتی فتواکەی ئائەتوڵا خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستان لە ٢٨- ٥- ١٣٥٨ هەتاوی. دوایی کێشەکان هەم سەریان هەڵدایەوە .            

هەر وەک لە بەشی چوارەمی ئەم باسەدا کە لە سەر سەلاس بوو باسم کردووە، ئێمە کۆمەڵێک لە گەنجانی سەرقڵا لە مانگی بانەمەڕی (اردیبهشت) ١٣٥٨ هەتاوی دەستمان دایە چالاکی حێزبی و سیاسی لە ناوچەکە و لە وانەش لە شاری سەرپێڵی زەهاو. لە ئەو سێ چوار مانگەدا کە دەرفتمان هەبوو هەر لە   بڵاو کردنی ڕۆژنامە، پۆستەر،  وێنەی شهید و نووسینی درووشم تا پڕوپاگاندەی هەڵبژاردن و ڕیکلام کردن بۆ کاندیدی حیزبی تودە (رەزا شەلتووکی کە لە سەر پێشنیاری حدکا لە ئەو کاتەدا بوو)، کۆتائیمان نەکرد. بێجگە لە ئێمە کە گروپێکی چەند کەسی بووین، دەبیسرا کەسانێکیتری خەڵکی سەرپێڵ هاتووچۆی مهاباد و سنەیان کردبێت و چاویان بە مامۆستا شێخ عێزەدین (یادی بە خێر) و کەسی حیزبە سیاسییەکان کەوتبێت. بەم شێوەیە چالاکیەکانی ئێمە تا فتوای ئایەتوڵا خۆمەینی لە دژی خەڵکی کوردستان (٢٨ گەلاوێژی ١٣٥٨) دریژەی کێشا. دواتر من و چەند کەسێکی ترمان چوینە عێراق و ئەوانیتر لە ئێران مانەوە. لە سەرەتای  ساڵی  ١٣٦٠ هەتاوی کە لە هەورامان گەرامەوە بۆناوچەی سەلاسی باوەجانی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی حێزبی، لە ئەو گەنجانەی زەهاو کە هاتنە نێو حیزب و بوون بە پێشمەرگە و لایەنگری حیزب، لە وانە کاک قادر ئەلیاسی، ئاسۆ موحەمەدی و فەرامەرز ئەڵماسی بیستمەوە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامی بە ناو ئاشتیخوازانەی خۆمەینی بۆ خەڵکی کورد (دوای شەڕی سێ مانگە) گەنجەکانی سەپێڵ، بە تایبەتی سۆرانییەکان بۆ خۆشی دەربڕین هاتونەتە سەر شەقامەکان،  ڕێپێوان و شایی و خۆشیان کردووە. کاک قادر ئەلیاسی لەم بارەوە ئاوا باسی بۆ کردم                          ” دوای ئەوەی پەیامەکەی ئیمام خومەینی (پەیامی بە ناو ئاشتی لە گەڵ گەلی کورد) و لەبەیک وتنی حیزبی دیموکرات و شەخسی دوکتور قاسملوی زیندە یاد لە ڕۆژنامەکانی کەیهان و ئیتڵاعات بڵاو بووە، ئێمە کۆمەڵێک لە گەنجانی بە تایبەت خوێندکار لە گەل چەند کەسیتری شارەکە دەستمان دایە نووسینی دروشم و بڵاو کردنەوەی نووسراوە. ئێمە لە ڕێگای ئەو ماشینە جیپانەی کە مسافرکێشییان ئەکرد نووسراەمان نارد بۆ ئاواییەکان، و داوامان لێ کردن کە لە ڕۆژی دیاریکراودا بێنە شار بۆ ڕێپێوان بۆ پشتیوانی لە ئاشتی و پێداگری لە سەر مافەکانی خەڵکی کورد. دوای چەند ڕۆژ لە ئامادەکاری، ئێمە خۆپیشاندانێکی تەقریبەن هەزار کەسیمان پێکهێنا. دروشمەکان ئاوەها بوون: دیموکراسی بۆ ئێران و خودختاری بۆ کوردستان، ڕێبەری ئێمە شێخ عێزەدینە و چەندها دروشمی تر. من خۆم سرودی ئەی ڕەقیبم خوێندەوە. جیگای خۆیەتی بڵێم کە بیجگە لە من (قادر)، موحەمەدی ئێناخ (یادی بەخیر)، غ.ش.ح، ئاسۆ موحەمەدی و ئ.م لە پێکهێنەرانی ئەو ڕێپێوانە بووین. بەشداربووان بە زۆری لە کوردانی سۆرانی و تا ڕادەیەکیش لە یارسانییەکان بوون”. 

 شتیکی تریش لە سەر ڕووداەکانی شاری سەرپێڵ هەیە کە جێگای خۆیەتی کە باسی لێ بکرێت. هەر وەک چۆن لە سەر ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە هەورامانەوە باسی لێکرا، لە ئێرەش هەر بە هەمان شێوە و درووست لە گەڵ خۆپیشاندانەکانی دژی ڕژیمی پاشایەتی ( چەند مانگ پێش لە ڕووخانی ڕژیم)، کوردە شێعەکان کە زۆرتر لە قەسری شیرینەوە ڕێک دەخران، لە دژی ڕژیمی شاه خۆپیشاندانیان دەکرد. لە ئەم لایشەوە کۆنە ساواکییەکان و پیاوانی رژیم خەڵکانێکیان لە دێهاتەوە ئەهێنا بۆ شار بۆ پشتیوانی لە رژیمی شاه. پیاوانی سەر بە رژیم  بە خەڵکی سونی مەزهەب و یارسانیان دەگووت ئەگەر خومەینی دەسڵات بە دەستەوە بگرێت، شیعەکان ئێوە لە ناو ئەبەن و بەم شێوەیە هەوڵیان ئەدا هەست و سۆزی ئەو خەڵکە هەڵخڕێنن. بەداخەوە لە ئەم دوو بەرەی دژ بە یەکەدا چەند بشێوی هاتە ئاراوە.             لە ئەم نێوەدا چەند دووکانێکی شیعە مەزهەبەکان لە لایەن کۆمەڵە خەڵکێکەوە تاڵان کران. شیعە بەرهەڵەستکارەکانی ڕژیمی شایش ڕۆژێک یان چەند ڕۆژ دواتر هاوکات کە خۆپیشاندانێکی گەورەیان ڕێکخستبووە و خەڵکێکی زۆری شاری قەسریش تێدا بەشدار بوون، چەند دوکانیکی یارسانیەکانیان سووتاند. ئەم ڕووداوانە لە بەینی مانگەکانی بەفرانبار و ڕیبەندانی ١٣٥٧ هەتاوی ڕوویاندا. من خۆم ئەو کات بە زۆری لە سەرپێڵ دەژیام.

لە ئەو دوکانانە کە سووتێنران تا ئەو جێگایەی کە من لە بیرم بێت چەند دووکان و گاراجی خێڵی زوڵفەقاری و دوکانێکی پێڵاو فرۆشی سەلیمی حاتەمی بوون. لە ئەو دوکانانەش کە تاڵان کران و هی شێعەکان بوون، دەرمانخانەیەکی گەورە و دوکانێکی حاجی کەیایی، دوکانێکێ زۆر گەورەی پێداویستی نێوماڵ (یەخچاڵ، فریزەر و زۆر شتیتر) لە گەڵ یەک دوو دوکانیتر کە هی حاجی مەقسوودی و کەسێک تر بوون کە ئێستە لە بیرم نەماوە، پێموابێ هی حاجی عەلیزەمان  بوو. دواتر کوڕێکی حاجی عەلیزەمان هاتە نێو حیزبی دیموکرات و بوو بە پێشمەرگە.

هەر وەک پێشتریش باسی لێوە کرا یەکێک لە ئەو هۆکارانە کە بەشێک لە ئەو خەڵکە ئاوارەی عێراق بوون، ترس لە تۆڵە سندنەوە  لە لایەن ئاخوندە تازە بەدەسڵات گەیشتووەکان و دەست و پێوەندەکانیانەوە بوو. لە وانە حیزبووڵائیەکان و ئاخۆندەکانی ناوچەکەش.

ئەمانە بۆیە باس ئەکەم با جارێکیتر لە لایەن خەڵکانی خرابەوە تووشی هەمان بەزم نەبینەوە. بە دڵنیاییەو  دەڵێم هەر ئێستە خەڵکانێک هەن چاوەڕوانن کە هەمان ڕۆژان سەر هەڵداتەوە بۆ تۆڵە ئەستاندن و ڕاو ڕووت کردن.           ئەوەی کە من پێی گەشبینم ئەوەیە کە ئێستە ٣٣ ساڵ پێش نییە. خەڵک گۆڕاوە و خەڵکانی ئاگاە، دڵسۆز و بە ویژدان یەکجار زۆرترلە جارن دەبینرێن. ئێستە لە نێو هەموو پێکهاتەکان هەستی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی لە ئاستێکی باشتردایە. ئەگەر چی بوونی جمووجوڵی ئیسلامی توندڕەوی لە جۆری قاعیدە و تاڵیبانیش لە ناوچەکە  مەترسییەکی گەورەیە بۆ دواڕۆژی ئەم دەڤەرە. بە داخەوە تا ئێستە چەندها گەنجی ئەم دەڤەرە و باقی ناوچە سونی مەزهەب نشینەکانی پارێزگای کرماشان، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ڕۆمادیە بوون یان لە ڕۆمادیەوە گەراونەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناوی بیری توندڕەوی ئیسلامیدا خۆیان لە عێراق و ئەفغانستان بە کوشتن داوە. ئەم گەنجانە دەکرا لە پێناوی بیری ڕزگاری کوردستان، ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا خەباتیان بکردایەت.

ڕووداوەکانی دواتر لە ناوچەکە

گوندی تەپانی کە یەکیکە لە گوندەکانی دەشتی زەهاو تا ساڵی ١٩٧٩ نزیکی ١٠٠ ماڵێک دەبوون. خەڵکەکەی جافی سۆرانی و سونی مەزهەبن. لە یەکێک لە ڕۆژەکانی مانگی نۆڤەمبری ١٩٧٩ زایینی (دەڵێن ١١-١١-١٩٧٩) لە ئەم گوندە تێکهەڵچوونێک لە نێوان خەڵکی گوندەکە لە لایەک و پاسداران و کۆمیتەییەکانی سەر بە ڕژیم لە شاری سەرپێڵ لە لایەکی ترەوە ڕوو ئەدات کە بە وتەی خەڵکی تەپانی، لە خەڵکی گوندەکە ٥ کەس و لە هیزەکانی ڕژیم یەک کەس دەکوژرێن، جگە لە بریندار بوونی چەند کەسی دیکە. هۆکاری ئەم تێکهەڵچوونە دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە گوایە گرووپێک چەکداری ناوچەکە کە سەر بە عێراق و سەرداری جاف بوون، چەند ڕۆژ پێشتر لە سەر ڕێگای سەرپێڵ – کرماشان، لە نزیک پاتاق، پێش بە چەند ماشینێک دەگرن و لە ئەو نێوەدا چەند کەسێک  بە دیل دەگرن بۆ ئەوەی کە بیانبەرن بۆ عێراق و تەسلیمی حکوومەتی بەعسیان بکەن. ئەو هێزەی ڕژیم کە دەکەونە شوێن ئەو گرووپە چەکدارە بە وتەی خەڵکی تەپانی (بە هەڵکەوت دەکەونە شوین ماشینێک کە کەسێکی چەکداری خەڵکی گوندەکەی تێدا بووە)،     دێن و دەوری گوندەی تەپانی ئەگرن، بە ئەو مەبەستەی کە گوایە ئەو چەکدارانە لە ئەوێ خۆیان حەشار دابێت.         لە ئەو پرس و جۆیانەی کە من لە سەر ئەو ڕووداوە کردم بێجگە لە خەڵکی گوندەکە نەبێت کە بۆ خۆیان چەکیان هەبووە، و چەند چەکێکی سەردار جافیش لە لای یەک دوو کەسی گوندەکە بوو بێت، هیچ چەکدارێتر لە کاتی ئەو ڕووداوە لە گوندەکەیان نەبووە. بە تایبەت ئەو گرووپە چەکدارانە کە مەبەستی هێزەکەی ڕژیم بووە.

ئاوارە بوونی خەڵکی ئەم دەڤەرە بۆ عێراق

لە دوو کاتی جیاوازدا کە پێشتر باسم لێوە کردووە نزیک بە ٩ هەزار بنەماڵەی کوردی ڕۆژهەڵات لە دەڤەری سەلاسی باوەجانی تا جوانڕۆ و ئێناخی، سەرپێلی زەهاو، قەسری شێرین و داڵاهۆ ئاوارەی عێراق بوون کە پاش دوو بۆ سێ ساڵ مانەوەیان لە باشووری کوردستان و لە ئەو ئۆردووگایانە کە پێشتر نێوم هێناون، لە هاوینی ساڵی ١٩٨٢ زایینی حکوومەتی ئەو کاتی عێراق دەستی کرد بە گواستنەوەیان بۆ ئۆردووگای ڕۆمادیە، هەڵکەوتوو لە ١٣٠ کیلۆمیتری ڕۆژئاوای بەغداد. لە بەشی چوارەم، بەشی سەلاسی باوەجانیدا، باسم لە ئەوە کرد کە پتر لە ٤ هەزار ماڵ لە ئەو       ٩ هەزار ماڵە خەڵکانی سەر بە شارستانی سەلاس بوون.  باقی ئەو خەڵکە بێجگە لە کەمتر لە هەزار ماڵێکی نەبێت کە خەڵکانی سەر بە چەند گوندی  سۆرانی و سونی مەزهەبی دەور و بەری قەسری شیرین، چەندین گوندی یارسان نشینی سەر بە شارستانی داڵاهۆ و چەندین شوێنی تر بوون، ئەوانیتری خەڵکی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاو بوون. کە بە کورتی بەم شیوەیە دەهاتنە ئەژماردن: هەموو عەشیرەتەکانی سەر بە گۆران و قەڵخانی لە بەینی ١٥٠٠ تا ٢٠٠٠ ماڵ.  باقی عەشرەتەکانیتر تەقرێبەن ئاوەها بوون: تایشەیی نزیکی ٧٠٠ ماڵ، بێویانی ٣٠٠  ماڵ، ئەلیاسی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ ماڵ، تەپانی ١٠٠ ماڵ، لەیلکی و قەڵخانچەک ٢٠٠ ماڵ، سۆفی ٥٠ تا ٦٠ ماڵ، قادری (زەهاو) ٧٠ بۆ ٨٠ ماڵ، کڵاشی (زەهاو) ١٠٠ ماڵ، کۆئیک ٢٠٠ ماڵ و ١٠٠ ماڵێکیتری خێڵی دارا و ئەم لاو ئەولایتر. یارسانەکان بەشێکی بەرچاویان لە ئێران مانەوە، بەڵام جافەکانی زەهاو بە زۆری لە سەدا نەوەدی (٨٠%) ئاوارەی عیراق بوون. ئەم خەڵکە هەر وەک لە بەشی چوارەمدا باسم کردووە، پاش دوو، سێ ساڵ مانەوەیان لە باشووری کوردستان و بەدی نەهێنانی مەرامەکانی حکوومەتی عراق، بەرەو ئۆردووگای ڕۆمادیە ڕاگوێزران. لە ئەو خەڵکەی زەهاو کە هاتنە عێراق ١٥ تا ٢٠ گرووپی چەکدار پێکهات کە  بەشێکیان سەر بە جەماعەتی سەردار بەگی جاف و بەشێکی تریشیان سەر بە مخابراتی عێراقی بوون. هەر وەک پێشتر باسم کردووە،  کارێكی باش کە ئەو گرووپە چەکدارانە کردیان ئەوە بوو کە حازر نەبوون  شەڕی کوردی باشوور بکەن. لە ناو گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەم ناوچەیە بەشێکیان لە باری ماڵی، چەک و تەقەمەنییەوە زۆر  یارمەتی  حیزبی دیموکراتیان لە ناوچەکە ئەدا. بە گشتی بێجگە لە چەند گرووپێکی ناسراو لە نێو جەماعەتەکەی سەردار بەگی جاف نەبێت کە خۆشیان لە بوونی حیزبی دیمووکرات لە ناوچەکە نەدەهات زۆربەی ئەوانی تر یارمەتی باشیان بە حدکا ئەکرد. هاوکات نابێت لە بیریشمان بچێت کە لە لایەن کەسانێک یان دەستە و تاقمگەلێک لە ئەو چەکدارانە زۆر کاری نامرۆڤانە لە ناوچەکە کراوە کە نابێت مێژوو لە بیریان بکات. ئەگەر تەمەن مەجاڵ بدات  هەموو ڕووداوەکانی ناوچەکە هەر لە ئاوارە بوونی ئەو خەڵکەوە بگرە تا چەکداری کردنیان، تا هۆی ناردنیان بۆ ئۆردووگای ڕۆمادیە و ژیانی ٢٧ – ٢٨ ساڵەیان لە ئەو ئۆردووگایە، ڕووکردنیان لە سیاسەت و حیزبایەتی وزۆر شتی تر دەنووسم و دەیکەم بە بەڵگە و دیکوومەنەت. با ئەم مێژووە پڕ لە ئێش و ئازارە  بە ئاسانی لە بیر نەچێتەوە. با منداڵەکانمان بزانن بۆ لە ئاوارەییدا لە دایک بوون. با مێژوو چاکە و خرابە، خزمەت و خەیانەتی کەس لە بیر نەکات.

ڕووکردن لە سیاسەت و حیزبایەتی لە ڕۆمادیە

 

هەر وەک زۆر جار باسم کردووە، لە ٢٠-٧-١٩٨٢ زایینی یەکەم کاروانی کوردی ڕۆژهەڵات، کە بە زۆری خەڵکی ناوچە سەر سنووریەکانی سەلاسی باوەجانی، سەرپێڵی زەهاو، قەسری شیرین و چەند شوێنێکی تری پارێزگای کرماشان  بوون لە ئۆردووگای سەنگەرەوە بۆ ڕۆمادیە دەستی پێکرد. بۆ ماوەی کەمتر لە یەکسال تەقریبەن هەموو ئەو خەڵکە کە لە ئۆردووگاکانی سەنگەر، دەورە، ناحیەی قۆرەتوو، سەر بە شارستانی خانەقین، ئۆردووگاکانی دسکەرە، عەربەت، باریکە و چوارقوڕنە کە لە سەر بە پارێزگای سلێمانی بوون، کۆکرانەوە و ڕاگوێزران بۆ ئۆردووگای ڕۆمادیە کە بە ئەلتاش کەمپ نێوی دەرکرد. ئەو خەڵکە لە ڕۆمادیە تووشی زۆر نەهامەتی هاتن کە هیوادارم بتوانم بە یارمەتی خەڵکی دڵسۆز لە داهاتوودا شتێک لە سەر ژیان و مەینەت و ئازارەکانیان بنووسم.

حیزبە کوردیەکان پاش یەک، دوو ساڵ لە دروست بوونی ئۆردووگای ڕۆمادیە دەستیان کرد بە گرتنی پێوەندی لە گەڵ دانیشتوانەکەی کە ٨ بۆ ٩ هەزار ماڵێک دەبوون. هەر وەک لە سەرەوە باسم کرد ئەو خەڵکە بە زۆری خەڵکی سەلاسی باوەجانی، سەرپێڵی زەهاو، قەسری شیرین، داڵاهۆ و چەند جێگایەکی تری پارێزگای کرماشان بوون. من  تا ئەو کاتەی کە لە گەڵ خانەوادەم لە ٢١- ٧-١٩٨٢ زایینی لە ئۆردووگای سەنگەرەوە (لە گەڵ عەشرەتی قادرمروەیسی) ڕاگویزراین بۆ ئۆردووگای ڕۆمادیە، هەر کەم تا زۆر پێوەندیم بە  حیزبی دیمووکراتەوە مابوو. بەڵام کە چوومە ڕۆمادیە ئەو پێوەندییانە کۆتاییان پێ هات. لە ساڵی یەکەمی ژیانم لە ڕۆمادیە زۆرتر بیرم لە ئەوە ئەکردەوە کە چی بکەم کە منداڵەکانم لە برسیەتی ڕزگار بکەم. حکوومەتی ئەو کاتی عێراق بۆ ماوەی ٧ – ٨ مانگێک هیچ  یارمەتییەکی بە ئەو خەڵکە نەکرد. ئێمەش هەر وەک سەدان و هەزاران بنەماڵەی تر تووشی هەژاری و نەداری بووین. بە تایبەت من کە لە ژیانی پێشمەرگایەتییەوە گەڕابوومەوە. لە گەڵ چەند کەسێکی تر لە خزمانم دەستمان کرد بە کاسبی کردن، و بە ئەو شێوەیە توانیمان بە گژ هەژاریدا بچینەوە. ساڵێک بە ئەم شێوەیە گوزەرا. لە ئەو سەردەمەدا بوو کە کۆمەڵەش گوردانێک پێشمەرگەی نارد بۆ ناوچەی بەمۆی سەر بە سەلاسی باوەجانی. من  لە زستانی ساڵی ١٣٦٣ هەتاوی بوو یان بەهاری ١٩٨٤ لە ڕۆمادیەوە لە ڕێگای نووسینی نامەیەک کە بە خ. پ.دا ناردم، پێوەندیم کرد بە کۆمەڵەوە. دواتر هەر وەک لە بەشی ٤ دا باسم کردووە حیزبەکان کەوتنە پێوەندی گرتن لە گەڵ ئەو خەڵكە. خەڵکێکی زۆر و بە تایبەت لاوەکان ڕوویان لە حیزبایەتی و سیاسەت کردن کرد. لە خەڵکانی سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاویش کە لە ڕۆمادیە گیرسابوونەوە، سەدان کەس ڕوویان کردە پێشمەرگایەتی و حیزبایەتی. حیزبی دیمووکرات کە پێشتر لە ناوچەکە بە هیمەتی ئێمەمانان مێژووی خەبات تێکۆشانی هەبوو و ناسراوتر بوو، توانی زۆربەی خەڵکەکە بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. لە بەینی ساڵەکانی ١٣٦٢ تا ئەم ئاخرانە دەیان و بگرە سەدان گەنجی ناوچەی زەهاو ودالاهۆ ڕوویان لە پێشمەرگایەتی کرد و چەندین کەسیشیان لێ شەهید بوو.

هەر وەها بەشێکی بەرچاو لە ئەو کەسانەش کە لە نێوان سالەکانی ١٣٦٢ و ١٣٦٣ بە ناوی  جنبش مقاومت مردم اهل حق کە لە  بەمۆ مەقەڕیان هەبوو، دوای ئەوەی (بە پێی بەڵگەنامەکانی ئەو بزووتنەوەیە) کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ درووست بوو، کۆتاییان  بە چالاکییان هێنا. دواتر چەندین کەس لە ئەندامەکانیان چوونە نێو هێزی دالاهۆی حدکا و گوردانی داڵاهۆی کۆمەڵە. یەک، دوو کەسێشیان چوونە نێو ڕێکخراوی ڕەنجبەران، کە ڕێکخراوێکی چەپی بەر هەلەستکاری ئێرانی بوو. باقییەکەشیان گەڕانەوە بۆ ئۆردووگای ڕۆمادیە. 

لە ڕۆمادیەش کار و تێکۆشانی حیزبەکان، بە تایبەی دیموکرات و کۆمەلە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشە کردندا بوو،  هەر بۆیە هەر دوو لایەن، هەر یەکە و کۆمیتەی حیزبی خۆی پێکهێنا. دیارە ڕێکخراوی موجاهدینی گەلی ئێرانیش هەر لە ڕۆمادیە کۆمیتەیان هەبوو، بەڵام سەرەڕای ئیمکاناتێکی زۆر کە هەیان بوو بە پێی پێویست خەڵک بە لایاندا         نەدەچوو. جار و باریش سازمانی خەبات و ڕێکخراوی ڕەنجبەران هاتووچۆی ئۆردووگایان ئەکرد، بەڵام تا ئەو جێگەی من لە بیرم بێت کەسێکی ئەوتۆیان لە گەل نەکەوت. بێجگە لە یەک دوو خانەوادە نەبێت کە بوون بە لایەنگری ڕەنجبەران و یەک دوو کەسیش چوونە نێو خەبات. دیارە لە کاتی جیا بوونەوە لە ڕیزەکانی حدکا لە ١٣٦٧ هەتاوی، لایەنگرانی ناسراو بە حدکا ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕیش کار و چالاکی خۆیان دەست پێکرد کە لە گەڵ کۆمەڵێک کێشە و ناخۆشی لە گەڵ لایەنی بەرانبەردا ڕووبە ڕوو بوونەوە. واتە لە گەل لایەنگرانی حدکای پەێڕەوی کۆنگرەی هەشتەم.

 بۆ ئەوی خۆێنەری بەڕێز لە ئەوە زیاتر بە ئەم باسەوە ماندوو نەکەم، بەڵێن ئەدەم لە دەرفەتێکی گونجاودا لە سەر ئۆردووگای ڕۆمادیە بابەتێکی تێر و تەسەل بنووسم.  بە ئەم شێوەیە ئەم بەشەی نووسراوەکەم بە ئەو چەند دێرەی خوارەوە کۆتایی پێدێنم.          

بە گشتی ئێستە دەیان و بگرە سەدان کەسی هەڵسووڕاوی ئەم دەڤەرە هەن کە لە بواری کاری سیاسی، مەدەنی وکۆمەڵایەتیدا چالاکن. لە نێو ڕێکخراوەکاندا ڕۆڵی گرنگیان هەیە. هەر وەها کۆمەڵێک لە کوردانی یارسانی کە خەڵکی  ئەم دەڤەرەن و لە دەرەوەی ولات ئەژین چەند ساڵ پێش دوو ڕێکخراویان پێکهێناوە کە بریتین لە ڕێکخراوی یاریکورد و بزوتنەوەی دیموکراتی یارسان. ئیستە باس لە ئەوە دەکرێت کە ئەم دوو لایەنە بە تەمان ببن بە یەک ڕێکخراو.

سپاس و پێزانین!

جێگەی خۆیەتی کە سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئەم بەڕێزانە بکەم کە بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەم بەشە لە باسەکەم یارمەتییان داوم. بەرێز کاک ڕەحیم موحەمەدی لە سەر ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە دەشتی زەهاوە و ناساندنی خەڵکی چەند گوندێک بە خۆێنەر. مامۆ سەڵمان سەیفووری و کاک کاخانی نیکبەخت لە سەر ئاواییە یارسان نشینەکانی دەور و بەری سەرپێڵ و ڕوونکردنەوەی ڕووداوی گوندی قوچی باشی لە ناوچەی بێونیژی سەر بە کرند لە لایەن کاک کاخانی بەڕێزەوە. کاک مەنسووری یاری لە سەر گوندەکانی قڵاواڕی. کاک حەمیدی تەیمووری لە سەر ڕێکەوتننامەی زەهاو کە زانیاری  پێ بەخشیم. کاک مەحموودی تالیب کە لە سەر ڕووداوی گوندی تەپانی زانیاری پێداوم. سپاس بۆ بەڕێز کاک م. علیمرادی  کە لە ڕێگای ئێ مەیلەوە لە مێژووی بزووتنەوەی بەرگری خەڵکی ئەهلی هەق (یارسان) لە سالەکانی ١٣٦٢ بۆ ١٣٦٣  زانیاری پێ بەخشیوم. سپاس بۆ کاک قادر ئەلیاسی کە لە سەر دەوری خەڵکی سەرپێڵ لە کاتی پەیامەکەی ئایەتووڵا خومەینی بۆ بە ناو ئاشتی کردن لە گەڵ خەڵکی کورد زانیاری پێدام. سپاس بۆ کاک بەرزوی ئەحمەدیش کە چەند جار بە پرسیار لێ کردن لە کاتیانم گرتووە و یارمەتی داوم.

سەرچاوە:
نەقشەی ئێران لە چاپ دراوی ١٣٨٥ هەتاوی. سایتی ویکی پێدیا کە ئەویش لە زۆر سەرچاوە کەڵک وەردەگرێت. زانیارییەکانی نوسەر و هاوکات کۆ کردنەوەی زانیاری لە لایەن ئەو کەسانەی ناوچەکە کە لە سەرەوە نێویانم هێناوە.     بەشی شەشەم لە سەر شارستانی قەسری شیرین و گێڵانی ڕۆژئاوایە. چاوەروان بن!     

عەلی قەنبەری ١٠- ٤- ٢٠١٢ زایینی

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی