هەر چەند بیری تێئۆری تێکۆشانی سیاسی لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ یەم گەشەی کرد
وجیهانی دووجەمسەری چەپ وڕاست، سەری هەڵدا بەڵام بەگشتی سەدەی ١٩سەرەتای سەرهەڵدانی ناکۆکییە ئیدەئۆلۆژییەکان بوو. خەبات بۆ یەکگرتنەوە وپێکهێنانی دەوڵەتی بەهێز هەموو جەستەی ئوروپای گرتبۆوە(وەک: فەرانسا، ئاڵمان وئیتالیا)١. لەگەڵ ئەوەدا جەوهەری ئەم خەباتە یەکگرتنخوازییە پێکهێنانی نەتەوەی گەورەو بەهێز بوو، بەڵام لە بەر ئەوە ئەم سەدەیە سەدەی بە سەنعەتیبوونیش بوو، زۆر ئیدەئۆلۆژی جیا لە یەکیش سەریان هەڵدا. ئەم ئیدەلۆژییانە بە دایم لە گەڵ یەکتر لە شەڕەدندووکە و تەنانەت خەباتی خوێناویش دابوون.
لەم دەورەیەدا بە هۆی بەکارهێنان وپەرەپێدانی بەردی رەژی؛ رستن، چنین وبەگشتی کاری بەرهەمی ماڵان کە تا ئەو کات تەنیا شوێنی بەرهەمهێنان بوون وگەورەو بچووکی پێوە کەوتبووەکار؛ کۆکرانەوە و کرێکاران لە شوێنی دیاریکرای بەرهەمهێنان نیشتەجێکران و،خرانە ژێر بەهرەکێشییەوە ( وێنەی هەرە بەرچاو(ئینگلستان).
لە ژێر کاریگەری ئەم گۆڕانە سەنعتییە (مۆنۆفاکتۆڕی) دا ئەم بیرانە گەشەیان سەند:
بیری(ئیدەئۆلۆژی) گۆرانکاری هەنگاو بەهەنگاودژ بە توندوتیژی (کۆنسێرواتیزم، بە رێبەری ئێدمۆند بارک ی بریتانیایی)، ئەم بیرە لە لایەن ئێلیتەکان، خاوەندەسەڵاتەکان وقەشەکانەوە پشتیوانی لێدەکرا. بیری(ئیدەئۆلۆژی) لیبیرالیزمی ئابووری لە ژێرکاریگەری ئادام سمیت. ئادام سمیت کە تاکۆتاییەکانی سەدەی ١٨ یەم ژیا؛ باوەری بە ئازادی ئابووری، کێبەرکێی ئابووری ئازادو چاوەدێریی نرخ لە سەر بنەمای ناردن وداوای کەل وپەل لە بازارداهەبوو. ئەم بیرۆکەیە لە لایەن فرۆشیار وچەرچی، وردەبازرگان وئاکادێمییەکانەوە پێشوازی لێدەکرا.
هەر وەها بیرێکی سۆسیالیستی پێش دەستبەکاربوونی مارکس وئینگێلس هاتە ئاراوە کە بە بیری سۆسیالیزمی پێشوەخت دەناسرێ. ئەم بیرە ڕایگەیاند کە هەموو مرۆڤەکان خاوەنی یەک ئاست لە بایەخن وکەس لە کەسی تر بە بایەختر نییە. هەڵگرانی ئەم بیرە خەباتیان دەکرد بۆ یەکسانی، مافی خوێندن بۆ هەموان وکۆمەڵێک بۆچوونی ئینسانی تر. ئەم بیرە هەر لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ یەمەوە دابەش بوو، بوو بە چەند خەتی جیاواز. بۆیە لە گەڵ ئەوەش دا کە چەند کەسایەتێکی دیار وەک برەو پێدەری ئەم بیرە لە میژوودا باسیان لێکراوە بەڵام رێبەرێکی تاکەکەسی دیاری نییە کە بۆچوونەکە بەناوی ئەوەوە بناسرێتەوە.
لە ژێر کاریگەری وگۆڕانکارییەکانی بە سەنعەتیبوونی ئورووپادا؛ لە لایەک چینێکی بەژمارە زۆری کریکار پێکهات ولەلایەکی دیکەوە کۆمەڵە رووناکبیرێکیش بۆ پاراستنی خەباتی کرێکاران بیری سۆسیالیستیان پەیدا کرد. لە ئاکامی ئەم گۆڕانکارییە سەنعەتییە دا یەکەمین نشست (قەیران) ی ئابووری ئوروپا سەری هەڵدا. ئەم نشستە ئابووریە لە ساڵی ١٨٤٨ مانگی دوودا، بوو بە دەستە چیلەی شۆڕشێکی گەورە لەم بەشە لە جیهاندا.
سۆسیالیستەکانی فەرانسا نیزامی پادشاییان تێکروخاندومافی دەنگدانیان بۆ پیاوان دەستەبەر کرد، بەڵام هیچ کۆمەڵێکی ژنان لە ئورووپادا لە سەدەی ١٩ یەم مافی دەنگدانیان وەدەست نەهێنا ، تەنیا ئەوە نەبێ کە جار وبار لە دادگاکاندا پارێزگاری لە مافەکانیان دەکرا(هەر چەند مافی رێکخراوەییان بۆ دابینکرابوو). هەر لەم کاتە دا کە بەشێکی زۆر لەئوروپا لەژێر تەوژمی گۆڕانی شۆرشکردندابوو واتە ساڵی ١٨٤٨، کارڵ مارکس وفرێدریک ئێنگێلس بەرنامەیەکی کۆموونیستیان نووسی(مانیفیست)، مەبەستی ئەم مانیفیستە، گەیشتن بەکۆمەڵێکی بێ چین و یەکسان بوو. مارکس وئینگێلس بە پێچەوانەی بیری نەتەوەیی ئوروپاییەکان کە سەرگەرمی شۆڕش بوون؛ باوەڕیان وابوو کە چینەکان کۆمەڵ لە یەک جیادەکەنەوە نەک نەتەوەو و جیاوازی نەتەوەیی. ئەم بیرە مارکسیستییە بەپێچەوانەی وەدواکەوتوانیان زۆر بەرهەڵستیی لە دژی ئانارشیزم وتێکەڵ پێکەڵی دەکرد. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا زۆر پێداگربوو لە سەر ئەنجامدانی شۆڕش بۆ سەرکەوتنی مارکسیزم.
زۆری پێنەچووئەم مارکسیزمە لە ژێر کاریگەری نەتەوەپەرستیی ئورووپاییەکان گۆڕانی قووڵی بۆ خۆوە دیت و ڕێفۆڕمی هەڵگرت. ئێدوارد بيرنستاین وەک بەرهەڵستکاری گەورەی دژی بیری مارکس وئێنگێلس، باوەری وابوو کە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێکی یەکسان لە لایەک نیاز نییە بە شۆڕش ولەلایەکی دیکەوە ئەو بیرە مارکسیستییە دەبێ خۆماڵی و بەئوروپایی (نەتەوەیی) بکرێ. لە چوارچێوەی ئەم بیرەدابوو کە ئینتێرناسیۆنالی دوویەم دامەزراوبوو بە بناخەی داڕشتنی سۆسیالدێمۆکڕاسی ئورووپایی لە ساڵی ١٨٨٩.
بەو حاڵەشەوە زۆربەی خەڵکی ئوروپا بە ئومێدی دابینبوونی ژیانێکی باشتر بوون بە سۆسیالیستی ئازادیخواز. واتە لە لایەک بوون بە سۆسایلیست ولە لایەکی دیکەشەوە بە مشووریش بوون بۆ ئازادی نەتەوەیی. هەر لە ساڵی ١٨٨٩ ش دابوو کە ١ ی ئایار بوو بە رۆژی نێونەتەوەیی کرێکاران.وەک دەزانین ساڵی ١٨٨٦ لە شاری شیکاگۆ کۆمەڵێک کرێکاری خۆبەختکەر دژی یاسای پڕ لە زوڵمی ١٦ کاتژمێر کار لە رۆژێکدا شۆڕشێکی گەورەیان بەرپاکرد وزۆربەیان زیندانی کران یالە نێوبران. سێ ساڵ پاشان لە کۆبوونەوەی ئێنتێڕناسیۆنالی لە پاریس، رۆژی ١ ی ئایاری ١٨٨٩ کرا بە رۆژی نێونەتەوەیی کرێکاران.
هەر چەند بەربەرەکانی و فیداکاری کرێکارانی شیکاگۆی ئەمریکا بوو بە خوڵقێنەری ئەم رۆژە واتە ١ ی ئایار بەڵام ئەمریکاییەکان قەت ئەو رۆژەیان نەکردۆتە رۆژی خەباتی کرێکاری. ئەوان لە جیاتی ئەم رۆژە رۆژی ١ ی مانگی ٩ ی هەر ساڵێک دەکەن بە رۆژی پشووی گشتی. ئەم بریارەش دەست بەجێ لەگەڵ بڕیاری ئینتێرناسیۆناڵی پاریس نەگیرا بەڵکە ٧٠ ساڵ دواتر واتە لە ساڵی ١٩٥٩ وە ئەم رۆژە بووەتە رۆژی پشووی گشتی!
ئیدەئۆلۆژی مارکس وئێنگێلس پاش سەرنەکەوتنی لە ئورووپا بە گۆڕانێکەوە کە لێنین تێیدا پێکهێنا، لە ژێر ناوی مارکسیزم – لێنینیزم دا لە رووسییەی تیزاری سەرکەوت، لە سەرەتای کار دا بە ئومێدی کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری چینی کرێکاری زۆر زۆر لاوازی رووسییدا پشتی سۆسیالرۆڤیسیۆنەرەکان، چەپی لایەنگری جوتیارانیی گرت( بە قسە نەک بەکردەوە) بەڵام دواتر لەدژیان راسان وپشتاویان کردن. ئەوەبوو هەر لەو سەرەتای کارەوە بوون بە دەسەڵاتی کەمایەتی کۆمەڵی کرێکار، لە نێوئەوانیش دا دیاگڕامێکی پێپلیکان ئاسایان دروست کرد(نەردیوان دیاگڕام) وسەرئەنجامەکەی بوو بە دەسەڵاتی تاکەکەسی وکوشتنی بیری نەتەوەیی ودێمۆکراسی.
ئەوە لە حاڵێکدا رووی دا کە لێنین بۆ خۆی رووسیی بوودەنا رەنگ بوو شۆڕشی مارکسیست- لێنینیستی لە وێش رووی نەدابا. هەر وەک دیتمان ئەم ترەکەڵەکە سەرینەگرت و پاش ٧٠ ساڵ بە تەخت وبەختەوە تێکڕمان ونەتەوەگەراییش پێشی پێنەگیرا ودیسان سەری هەڵدایەوە. لە ئوروپای ئێستاش دا پاش ٢٠٠ ساڵ تێپەرینی رۆژگار بە سەر شۆڕشی سەنعەتی و هەڵگرتنی بیری مارکسیستی، نەتەوەگەرایی وپاراستنی ئەمنیەتی نەتەوەیی وبرەوپێدانی داب ونەریت وخووخدەکلتووری مێژوویی وزمانەوانیەکان لەو پەڕی گەشەدایە. ئەرێ گەلۆ داخوا وەڵامی ئێمەی تاکی کورد بۆ ویستی نەتەوەکەمان پاش ئەزموون وەرگرتن لە شۆڕشەکانی ئورووپا وئیدەئۆلۆژییە دژ بە یەکەکانی دەبێ چ بێ؟
پیرۆز بێ ١ ی ئایار لە هەموو کرێکاران وزەحمەتکێشانی کوردستان وسەراسەری جیهان!
١- لە فەڕانسا هەموو ئەو کەسانەی پرێنسیپە نەتەوەییەکانیان دەپاراست دەیان توانی ببنە هاووڵاتی فەرانسا، بەبێ لەبەر چاوگرتنی زمان، کلتوور یان ڕەنگی پێست. بە هاووڵاتی بوون لە ئاڵمان جۆرێکی دیکەبوو. ئەویش ئەوەبوو کە تەنیا خەڵک بە زمان وکلتووری وەک یەک دەیانتوانی ببنە ئەندامی نەتەوەی ئاڵمان. تۆرەمە وئیرسی کلتووری و مێژووی هاوبەش لە بوون بە ئەندامی نەتەوە زۆر کاریگەر بوو. ئەم بیرۆکەیە لە دەورانی نازییەکاندا گەیشتە چڵەپۆپە و قتڵیعامی جوولەکەکانی لێکەوتەوە.
سەرچاوەکان:
١- کوردستان وکورد د. قاسملو
٢- کورتەیەک لە سەر یەکیەتی ئوروپا جەعفەر حامیدی
٣- د. قاسملو ڕێبەر ومامۆستای ئەخلاق جەعفەر حامیدی ( بەزمانی نۆڕوێژی)
1. politisk psykologi ,Nils Johan og Nora Sveaass
2. hva er nasjonalisme, Richard Times
3. statsvitenskap, Øyvind Østerud
4. war and peaceLeo Tolstoy
5. {jcomments off}A modern history of Kurdistan, David Mcdowall