ڕۆژی ١٧/ ٤/ ٢٠١٢ ز. بۆ یەکەمجار دوای ١٦ساڵ لە هەندەرانەوە بە سەردانێک گەڕاینەوە بۆ کوردستانی باشور و لە فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی هەولێر دابەزین. ٤ کەس لە بنەماڵەکەمان لەم سەردانەدا بەشدار بووین.
سەرەڕای ١٠کاتژمێر ڕێگای ” دانمارک- قاهیرە- هەولێر”، دڵخۆش و شادمان بووین و بە تایبەتی کاتێک کە گەیشتینە هەولێر و ناو هۆڵی فرۆکەخانەکە، زۆرتر بەختەوەرو خۆشحاڵ بووین بە دیتنی ئەو بەر پرس و کارگێڕانەی کە بە وریاییەوە چاوەدێری و کاری گەشتیارانیان بەڕێ ئەکرد.
یەکەمین جار لە ژیانمدا لە بازگەی فڕۆکەخانە بە کوردی قسەمان کرد و پێشوازییان لێکردین. کچێکی شیرینی زاراوە کرمانجی پاسپۆرتەکەی بشکنی و بە سەر سوڕمانەوە وتی: ” بیزەحمەت خەڵکی کوێی؟” منیش وتم کوردستانی ڕۆژهەڵات. وتی: ” بەڕێز تۆ موڵەتی ١٠ رۆژت هەیە بۆ مانەوەت لێرە و دەبێ دوای ئەو ماوەیە ئەگەر ویستت زیاتر بمێنیتەوە بچیتە نشینگەی نزیک شوێنی دانیشتنت و مانەوەت زیاتر بکەیت” منیش بە سەرسوڕمانەوە وتم: بۆ چی و چ پێویست ئەکات وا بکەم؟ کچە پێی وابوو باش لێی حاڵی نابم و وتی: ” فارسی بلدی؟” وتم ئێمە کوردین و دەتوانین لە یەک حاڵی بین بۆ بە فارسی قسە بکەین؟” وتی باشە بەڕێزم دەبێ ئەوەی کە پێم وتی ئەنجامی بدەیت لە بەر خۆتان ئەڵێم بۆوەی دواتر لە کاتی گەڕانەوە کێشەتان بۆ پێش نەیەت. بە هەر حاڵ سوپاسمان کرد و هاتینە دەرەوە.
سوپاس بۆ خوای گەورە، و هەروەها بەرپرسانی خەمخۆری وڵات کە ئاستی خزمەتگوزاری فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی هەولێریان تا ڕادەیەکی باش گەیاندووەتە پلەی باشی ستانداردی فرۆکەخانەیی، و جێگای دەسخۆشی و شانازیە بۆ گەل و وڵات و نەتەوەکەمان. هیوادارم ئەو پێشکەوتنە کە بە هەولێر و فڕۆکەخانەی و گشت شارە گەورەکانی کوردستانەوە بەرچاو دەکەون زۆرتر بۆ پێشەوە بچێت و کوردستان هەر ئاوەدانتر بێتەوە، بەڵام دەبێ بی ئاگا نەبن لە هەستی نەتەوەیی و گەل و نیشتمان پارێزی و هەر تەنیا بۆ ئاوەدان کردنەوە و گیرفان و قات و بینا نەبیت.
دواتر بۆ لای دایک و باوک و خزم و کەس و کارانی خۆشەویست کە دوای بڕینی ڕێگایەکی دوور و ناهەمواری نێوان سلێمانی هەولێر کە لە کلکە سماقەوە هاتبوون چاوەڕوانمان بوون کە پێشوازیمان لێ بکەن و لە ئامێزمان بگرن. بەڵێ سەرەتا هندێک ناشارەزا بووین بەرەو کوێ بچین، بەڵام دوای کەمێک پرسیار و هاوکاری گەشتیارانی شارەزا، گەیشتینە کەس و کاران. لە باوەشیان گرتین و بە تامەزرۆیی یەکتریەوە بەڕێ کەوتینەوە بۆ باریکە؛ ئەو شوێنەی کە مەبەستمان بوو بۆ ناو ئەو خۆشەویستانەی کە دەیان ساڵ بوو لە نزیکەوە نەماندیبوون.
پاش چەندین کاتژمێر ڕێگای سەخت و دژوار و هەڵبەز و دابەزی جادە و تاسە و بەرتەسکی و ناهەمواری ڕێگا، دوای پشوویەک لە نزیک دووکان لە کەبابخانەی سێ ڕیانی سلێمانی، هەولێر، ڕانیە، کە ٤٠ کاس دەبووین، شەکەتیمان دەرچووە دیسان ماشینەکان ملی ڕیگایان گرتەوە بەر بەرە و باریکە.
* باریکە ناچەیەکە لە خواری عەربەتەوە لە نزیک قەرەگۆل و قەراخ لە پشتیەوە هەڵکەوتووە. کەمپی باریکە؛ ئەو چەند ڕیزە خانوو بەرەیە کە بۆ کۆمەڵێکی چەند سەد کەسی لە بنەماڵە کوردە ئاوارەکانی دەیانساڵەی کەمپی التاش ڕۆمادی، کە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ڕۆژئاوای باشورەوە پەنایان هێنا بۆ هەرێمی کوردستان و لە چەندین شار و شرۆچکە و دێ و جێگا خۆیان گرتەوە و دواتر بە هاوکاری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و خێرخوازان چەند کەمپێکیان بۆ ئەو ئاوارانە ساز کرد و ئیستا بەشێک لەو پەنابەرانە لە کەمپ و خانەقای باریکە نیشتەجێن، لە خوا بە زیاد و سوپاس بۆ خێرخوازان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وا هاوکاریان کردووەن تا ڕادەیەک ژیانیان پارێزراو بێت و بتوانن بژێوی خۆیان دابین بکەن، و مناڵانیان بچنە قوتابخانە. ئاو و کارەبایان زۆر باشتر بووە. خانووەکانیان کە سەرەتا بچوک بوون و کەم و کۆری زۆریان هەبوو، دواتر بۆ خۆیان کەم کەم بەو داهاتەی کە رۆژانە دەسیان ئەکەوت، خەرجێکی زۆرتریان کردووە و ئیستا تا ڕادەیەک لە ڕووی گوزەرانەوە باشترن.
بەشێکی خەڵک سەرگەرمی کار و کاسبی خۆیانن و بۆ بەشیکی زۆری کەم تا کورت ژیانیان دەگوزەرێنن، ڕۆژانە بەشیکی زۆریان لە پیرو گەنج لاوان ڕوو دەکەنە شاری سلیمانی بۆ کار و دابین کردنی بژیوی رۆژانەیان.
بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ئیتر کێشەیان نیە و ژیانیان دابین بووە، نەخیر زۆرن ئەوانەی کە هێشتا ناتوانن بۆ خۆیان داهاتیک دابین بکەن و ژیانیان بچەرخێنن، چونکی بەشێکیان پەککەوتەن، یان بێکەس و کارن، و کەسێک نیە بتوانێت کرێکاری یان ژیانیان بۆدابین بکات و بیانژینێت، وە یان بۆ خۆیان بێوەن و هیچ داهات و پارەیەکیان نیە، بێجگە لە کەرەمی خوای گەورە و ئەو خێرخوازانە نەبێ کە دەبەخشن پێیان.
– هیوادارین کە حکومەتی هەرێم بە تایبەتی لایەک بکاتەوە لە هەژارانی ئەو خەڵکە و ژیانیکی باشتریان بۆ دابین بکات پارەیەکیان بۆ ببڕێتەوە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی سەرووی ٥٠ ساڵن تا بەشکو بتوانن ژیانیان پێ بپارێزن. هەروەها حکومەت بتوانێ هاوکارییان بکات بۆ پێناسە، و بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە لە خوێندنگاکان پلەی باش بە دەست دەهێنن، یان خاوەن پیشەن، ڕێگایان بۆ هەموار بکات بۆوەی بتاونن با ئاسانی دامەزرێن و بێ جیاوازای کاریان پێ بدرێت.
– بە هەر حاڵ من لێرە نامەوێ لە سەر چۆنیەتی ژیانی ئەو ئاوارانە بە تیرو تەسەلی باس بکەم و گشت کەم و کۆڕیەکان بخەمە بەر لێکۆڵینەوە کە ئەرکێکی گرانترە، ئەوە هەڵ دەگرین بۆ کاتیتر و ئەوانەی کە دەتوانن باشتر لەو بارەوە بنوسن.
بەڵێ؛ پێش نیوەڕۆ لە ناو ئاپورای باقی خەڵکی دڵگەرم و خۆشەویست، و خزم کەس و کاران شاد بووینەوە و حەساینەوە. بۆ تازە کردنەوەی زیاتر مانەوەمان لە ١٠ رۆژ، پێشوەخت کەوتینە فکریەوە و پلانمان بۆ داڕشت کە چۆنین و بۆ کوێ بچین و چی بکەین تا بە ئاسانی ئەو ماوەیە زیاتر بکەینەوە؛.
لە هەشتەمین رۆژی مانەوەمان لە باریکە، ئەوانەی کە پێشتر لەو بارەوە شارەزا بوون ڕێنوێنیان کردین، بە هاوکاری کاک ” ع ” و کاک ” ح ” ڕۆیشتین بۆ شاری سلێمانی بۆ شوینی نشینگە. ئێمە ٤ کەس لە تەک باوک و دایک و خۆشکێکم، ببووین بە ٧ کهس. کاتژمێر ٧ی بەیانی لە باریکەوە کە مەودایەکی ٤٠کم بوو گەیشتینە شوێنی مەبەست. دیتمان کە خەڵک هەر بە شەو هاتوون و لەوێ بە دوو ڕیز قەتاریان بەستووە!!. ڕیزێک هی بازرگان و خاوەن پیشەکان بوو و ڕیزی دووەم ئی، گوایا خەڵکی ئاسایی بوو. ئەو شوێنە هیچ خزمەتگوزاری وەک: پێشاو ” ئاودەس”، یان شوێنی حەسانەوە، وە یاخۆ ژێر پەنایەک بۆ پاراستن لە باو بۆران یان تیشیکی گەرمای خۆر، بە تایبەت بۆ پیر و پەککەوتە، ژن و منداڵان، یان جێگایەکەی نزیک بۆ دەست ئاو چوونی ئەو هەموو خەڵکە کە لەوێ بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە ڕیزی درێژی ماندوویی هێنەر و بەر هەتاو، یان باران و سەرما دەمێننەوە نەبوو و نەدەبینرا؛. بە هەمە حاڵ، کاتژمێر: ٨:٣٠ نۆرەی چوونە ژوورەوە درا و ڕیزی بازرگانان و پلەداران ڕۆیشتە ناو و ئێمەش دوا بە دوای ئەوان نۆبەمان هات. ناو هۆڵەکە زۆر قەرەبالخ بوو بە دەیان کەس بە مناڵەوە ڕژابوونە ئەو ناوە و زۆری ناشارەزا بوو لە چۆنیەتی دۆزینەوەی ژوورەکان بۆ بەڕێ کردنی کارەکانیان.
– لە ژوورەوە دەبوو ژمارە وەرگرین و بچینە ژووری یەکەم بۆ لێپرسینەوە. لەوێش بە سەرە بوو، لە ناکاو ”ع” ڕۆیشت بلیتی بڕی و هاتەوە و وتی وەرن با بچینە ژوورەوە. وتم ئەی کەی نۆبەمان هات؛ وتی: ” کورە تا نۆرەمان بێت کاژمێرێکیتر دەبا، ڕۆیشتم لای ئەو ناسیاوەم بلیتم هێنا”. منیش ئەوەم بە باش نەزانی و وتم با بچینەوە ڕیزی خەڵک و نۆبەی ئەوان نەبەین، ئەوانیش وەک ئێمە چاوەڕوانن و پێیان ناخۆشە خەڵکیان وە پێش کەوێت. وتی: کاکە زۆر کەس وا دەکات؛ دیتم ڕاستە، و تەنیا هەژارو بێکەسەکان نەبێت هەرکە پەلەقاژەی خێرا کردنی کارەکانی و دەربازبوونی خۆیەتی؛ تازە کار لە کار ترازابوو و من هیچم پێنەکرا، نۆبڕمان گرت و ڕۆیشتین بۆ ژووری یەکەم. هۆڵێکی گەورە بوو بە چەد وێستگەیەکەوە بە ژمارە و ڕیز و هەر بەشێك کەسێکی لێ دانیشتبوو. ئەو ناوە ژاوەی دەهات. لە بەر هەر دەرگایەک یەک یان دوو پۆلیس هەبوون بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک و بە ژمارە و بلیت ئیزنی هەرکەسیان ئەدا کە بچێتە ژووری مەبەست. پاش کەمێک نۆرەمان هات. ئێمەش ٧ کەس بووین. هەرکام بە نۆبەیەکی تێکەڵ پێکەڵ پاسپۆرت و بەڵگەکانمان پیشان دا.
– چونکی ئێمە ڕەگەزنامەی عێراقیمان نەبوو داوای کەفیل و کەفالەتیان لێکردین. پێشتر ئاگادار کرا بووین کە دەبێ وەکیلێک کە هەم خزم بێت و هەم ڕەگەزنامەی عێراقی هەبێت لە تەک خۆمان بهێنین بۆ ئەوەی ئیزنی مانەوەی زیاترمان بۆ نوێ بکەنەوە. کەفیلمان کە کەسێکی خزمی خۆمان و خاوەن ڕەگەزنامەی عێراقی بوو لەوێ ئامادە ببوو بە بەڵگە و پێناسە و کۆدی تایبەتی بۆ کەفیلیەکەی. دوای ئەوەی وێنەی قامک و ڕوومەتیان گرتین، و لێیان پرسین کە: ” لە کوێ هاتوون؛ لە هەرێمی کوردستان لە کوێ دادەنیشن؛ و چەندە دەمێننەوە؟” دواتر ٤ کەسیان ناردین بۆ ژووری تاقیگەی خوێن و لەوێ خوێنی باڵیان گرتین و هەرکام، ٣١٥٠٠دیناری عێراقییان لێوەرگرتین.
– ئەوانەی کە پەرستار و گوایا لێزانی خوێنگرتن و کاروباری موختەبەری خوێنگرتن بوون لەوێ دانیشتبوون بە کۆمەڵ لە تەنیشت یەکتر باسی چیرۆکی خۆیان و چێشت لێنان و ژیانی ڕۆژانەیان بوون و بە دەم کارەکانیانەوە بۆ یەکتریان ئەگێڕایەوە و پێدەکەنین و هەرکام باسی لێزانی یان لێنەزانینی چێشت لێنانی خۆی ئەکرد…. و جیجیلەو بیبیلەیان بۆیەکتری ئەوتەوە!. بێ سەرنجدان بە داوا لێکراوانی خوێنگر کە بزانن ڕەنگ ڕەواڵتیان چۆنە، باری تەندروستیان لە چ ئاستێدایە و گەورە و گچکەیان چۆنە، دەیانوت کە دەستان هەڵماڵن و گورج سرنجێکیان بە ڕەگێکێکی ڕاستبووەی باڵی داوالێکراوا دەکرد و لولەیەکی بچوکیان خوێن دەردەهێنا و هندێکیان بێ لۆکە و پانسمان چەسپ بەرەڵا ئەکرد و ئەیانوت کە باڵت دوو لۆ کەرەوە تا چەند خولەکێک بۆوەی خوێنی بەر نەبێتەوە. بۆ نموونە باڵی من پاش ئەوەی کە شوێنێکی خراوی بەر کەوت جێگایەکەی هەم خوێنی لێهات و باڵی کراسکەی خوێناوی کرد و هەمیش شوێنەکەی مۆر و بۆر بووە و تا ٣ حەفتە ئاساری دەرزیەکە مابووەوە.؛! ئەمە ئەوە دەر دەخات کە یان ئەوانە لەوێ کار دەکەن لێزان نین یان گرنگی با کارەکانیان نادەن، یان لێیان ناپرسێرێتەوە و ترسیان لە لێپرسینەوە نیە و ئەرکەکانیان بە گرنگ نازانن.
– بە هەر حاڵ لە خوێنگرتن دەرباز بووین بێ ئەوەی جوابێک وەرگرینەوە کە ئاخۆ ئەو خوێنانە بۆ دەگرن و جوابەکانیان چی لێدیت. لەوێشەوە دیسان بۆ ژووری یەکەم. دواتر پاش چاوەڕوانی زۆر، بانگیان کردین و هەرکام بۆلای ئەو بەش و کەسەی کە پێشتر بۆ ژووری تاقیگەی خوێنگرتن ناردووینیان بەڵگەی خوێن و ڕەسیدی پارەکەمان پیشاندان و داوای ئەو وەکیلەیان کرد کە هێنابوومان بۆ کەفالەتکردنمان. دواتر یەکێک لەو ئافرەتانەی کە لەوێ دانیشتبوو وتی: ” دەبێ بڕۆن لە ژووری نازانم چەند.. کەفالەتنامەیەکیش دروست بکەن و بیهێننەوە”. یەکیتریان هەر لە تەنیشت ئەو وتی: ” کەفالەتنامەی ناوێ، ئەوە نیە کەفیلەکە بە ژمارەی تایبەتی خۆی لێرەیە.” ئەوەی کە پێشتر داوای کەفالەتنامەی کرد بوو وتی: ” کاک ” سین ” وتوویە دەیەوێ، و ئەویتریان وتی: نەخێر؛ ” کاک ” ڕم” وتوویە نایەوێ.! منیش وتم تکایە ئێوە بە یاسا کار دەکەن یان بە کاک سین و کاک ” ڕم”!؟ ئیستا دەیەوێ یان نایەوەێ؟. ئەوانیش لە سەر قسەی خۆیان سوور بوون. بانگیان کردە لێپرسراوێکی پۆلیسی و ئەویش وتی باش نازانم. و دوای کەمێک هاتەوە وتی باوەڕناکام بیەوێ، کاک فڵان دەڵێ نایەوێ، بەڵام فڵان دەڵێ ببێ باشە.” لەو ئەبێ و نابێیەدا منیش هندێک بێتاقەت بووم وتم؛ ئێوە بۆ بە یاسا کار ناکەن و بۆ بە کاک فڵان فیسار و مەیل و ئارەزوو ئەرکەکانتان ئەنجام ئەدەن؟!. لە سەرتان دەنوسم و ئەو کەم وکۆڕیانە دەخەمە ڕووپەڕی قاقەز و مالپەڕەکان. خانمێک کە یەکەم جار بەڵگەکانی منی وەرگرت و لێی پرسیم کە لە چ ئاستێکی خویندن و کار و ئەرکی ڕۆژانەم چیە؛ وتی: ” بێنە ئەو بەڵگانە و مۆری کرد و ئەوانیتریشی ناچار کرد کە مۆریان بکەن، و وتیان بیانبەن بۆ ژووری ١٧ کە لەوێ دەبێ پێناسەی مانەوەمان وەرگرین. پاسپۆرت و بەڵگەکانمان هەموو پێکەوە دا بەدەستی یەکێک لە پۆلیسەکانی دەرگای ژووری ١٧ و ئەویش دای بە سەرەوەی خۆی و لەوێ وتیان دانیشن چاوەڕوان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرت و ئیقامەکان. وتیشی هەر یەک کەس بەسە بۆ وەرگرتنەوەیان و ئەوانیتر دەتوانن لە دەرەوە چاوەڕوانی بکەن. بۆیە من مامەوە بۆ وەرگرتنەوەیان. زۆرم چاوەڕوان کرد. تازە بە تاق و ترا ئەهاتنەوە؛ و لەوێش داوای ٨٠٠٠ دیناریان دەکرد بۆ هەر ئیقامەیەک. هەر٧ پاسپۆرتەکانمان پێکەوە دابوونێ، کە چی هەرکام چەندین خولەک و بگرە ٣٠ خولەکی دەبرد تا دەهاتنەوە و بانگیان دەکرد. یەک دوانێکیان وتیان کە پیتەکانی لە بەشی یەکەم باش نەنوسراون و هەڵەی تێدایە و دەبێ بچنەوە لەوێ دیسان ڕاستیان بکەنەوە. بۆیە ناچار دیسان چوومەوە ژووری یەکەم و لەوێ دیسان داوای کەفیلەکەیان کردەوە. منیش وتم ڕۆیشتوونەتە دەرەوە مەگەر پێشتر لای خۆتان نەبوون دیسان کەفیلی بۆچیە؟ وتیان وایە و دەبێ ببێ. بە پەلە ڕۆیشتم و دیتم دەرگەکانی دەرەوە زۆر شلوقە و لە خوارو ژوورەوە پۆلیس ڕاوەستاون و خەڵک لە ناو و دەرەوە جمەی دێت و هەر کەس هاواری خۆی ئەکات. وتم بە پۆلیسەکانی دەرگەی یەکەم کە ئەوە بەڵگەکانە و دیسان کەفیلەکەیان دەوێ و لە دەرەوەیە دەتوانم بانگی بکەم؟ بێ ئەوەی سەیرم بکات، وتی لێرەوە نابێ و بچووەرە دەرگای خوارەوە. ڕۆیشتمە دەرەگەی خوارەوە بە هەمان شێوە چەند پۆلیسیک لەوێ بوون و هەمان داواکاریم دووبارە کردەوە، وتیان بچوورەوە دەرگای سەرەوە. وتم ئیستا لەوێ هاتم ناردمیان بۆ ئێرە. بێ ئەوەی سەیری ناوچاوانم بکەن وتیان ئێرە نیە و لێرەوە نابێ بچیتە دەرەوە. دیسان بۆ یەکەم و هەمان داواکاری و ناردمیانەوە بۆ دووەم و هەمان داواکاری.. و ئیزنیان نەدام. زۆر ماندوو بووم و بێتاقەت و هاوارم کرد ئەو چ جۆرە هەڵس و کەوت و ڕەفتارێکە!. من ئیستا لێرە چی بکەم و تا کەی چاوەڕوانی بکەم؟ نە موبیل شەبەکەی هەیە زەنگ لێ بدەم نە دەستم پێیان دەگا، لێرە چیبکەم و تاکەی ڕاوەستم؟ وتیان نازانین و هاوار بەسەر ئێمەدا مەکە. بڕۆ دەنا خۆمان دەزانین چی دەکەین!. بە هەر حاڵ چوومەوە بۆ ژوورەکە و وتم ئیزنم نادەن کەفیلەکە بانگ بکەمەوە لە دەرەوەیە. یەکێک لەو ئافرەتانە کە لە هەموویان باشتر و شارەزاتر بوو وتی پاسپۆرتەکە بهێنە و ژمارەی کەفیلەکە کە لە بەرگەی پشتی پاسپۆرتەکان نوسرا بوون وەرگرت و دیسان هەڵەکانی ڕاست کردەوە و ڕۆیشتمەوە بۆ ژووری ١٧ بۆ وەرگرتنەوەی دیسانەوەی ئەمان وئەوانیتریش کە پێشتر مابوونەوە. بە هەرحاڵ زۆری برد و زۆریش بیتاقەت بووین لەو هەڵس و کەوت و بێسەرو بەرەییەی کە لەوێ زاڵ بوو بە سەر بارودۆخەکەدا.
– هەر لەو شوێنە چەند هاوڕێ و خزم لە سویدی و ئێرانەوە هاتبوون و ئەوانیش هەمان گێرە و کێشەیان تێبەربوو. نموونە؛ خزم و هاوڕێیەکم بە ناوی ” س م”. کە لە سویدەوە هاتبوو، لە نۆبەی خۆی ڕۆیشتە پێشەوە، و وتیان کە نۆبەکەت سوتاوە و دەبێ بچیتە دواوە بۆ پشتی ٥٠کاس!. ئەویش زۆر توڕە بوو و هاواری کرد وتی: ” من ئاشقی چڕو چاوی تۆ نەبووم لێرە وەستاوم؛! نۆرەی خۆمە بۆ دەبێ بچمە پاشی ٥٠ کەسیتر؟!. ئەوەش دوای گێرە و کێشەو هاتنە ناوەوەی بەرپرسی سەرەوەتر، کێشەکەی کۆتایی هات و نۆبەکەی ڕاست کرایەوە.
لە کۆتاییدا کارەکانمان تەواو بوو پاش ماندوو بوونێکی باش، هاتینە دەرەوە بۆ ناو شار و لەوێوە بۆ میوانخانە و حەسانەوە. دواتر بۆ ماڵەوە بۆ باریکەی کانگای خەبات و شۆڕش و بەرخۆدانی کاسە خوسدان.!
( لە نوێکردنەوەی مانەوەمان بوو کە کۆمەڵێک پرسیار لە ناخمدا سەریان هەڵدا )
– یەکەم جار لە فڕۆکەخانەی هەولێر وتیان ئیزنی ١٠ ڕۆژ مانەوەمان هەیە لە کوردستان و بۆ مانەوەی زیاتر لەو ماوە دەبێ بچینە نشینگەی نزیک لە شوێنی مانەوەمان و ئیزنی مانەوەی زیاتر وەرگرین!
یەکەم؛ بۆ ١٠ رۆژ و دواتر دەبێ بە کەفیلێکی ناسراوی عێراقی کە دەبێ خزمیش بێت نوێ بکرێتەوە؟
– خۆ ئەگەر مەبەست لە ترس و کاری نەشیاو بێت؛ ئەوەڵەن ئەم کەسە بە یاسایی هاتووەتە ناو وڵات و خاوەن ناسنامەیەکی تەواوە، دووەم؛ ئەگەر مەبەست لە خراوکاری بێت لە ماوەی ئەو ١٠ رۆژەدا ئەنجامی ئەدا.
دووەم؛ کەفیل و کەفالەتی بۆچی؟
– کەفیل و کەفالەت کردن بە باوەڕی من بۆ کەسێکە کە: نەناسراو بێت، ڕابردووی جێ گومان بێت، داوا و سکاڵای لە سەر بێت، خاوە پاسپۆرتی نێودەوڵەتی نەبێت، قەرزی حکومەتی بەلاوە بێت….هتد.
ئاخۆ ئەمە بۆ کەسێکی ئوروپی کە بێتە ناو ولاتەوە بە مەبەستی سەردان و گەشت و گوزار چۆنین مامەڵەی لە گەڵ دەکەن ئەگەر لە ١٠ رۆژ زۆرتر مایەوە؟ ئەویش خزم و کەفیلی عێراقی دەوێت؟ یان ڕێگاچارەیتری هەیە؟ ئەی بۆ منێکی خاوەن ڕەگەزنامەی ئوروپی چۆن ئەو مافەم نیە کە ئەو هاووڵاتە ئوروپیە هەیەتی؟ خۆ دەبێ بۆ منێکی کوردی ئاوارەی دەیانساڵ دەربەدەر و برای ڕۆژی تەنگانەی خۆی باشتر هەلمان بۆ برەخسێنێت و کارئاسانیمان بۆ دابین بکات.
خوێنگرتن و وەرگرتنی ئەو پارە زۆرە بۆچی؟
– ئەگەر بۆ نەخۆشین و بەڵاو بوونەوە بێت، خۆ لە ماوەی ١٠ ڕۆژی یەکەم بڵاو دەبێتەوە و کۆمەڵیک خەڵک توش دەبن. یا خۆ بۆ جوابێکی ئەنجامی تاقیکاریەکە نادەنەوە؟
– ئەگەر تەنیا بۆ پارەکەیە و بەس؛ چ پێویست ئەکات بەو هەموو گێرەو کێشەو خۆ سەرقاڵکردن و خەڵک ماندوو کردنە؟ لە یەک جیگا هەموو کارەکانی بە ئاسانی بۆ تەواو بکەن؛ نموونە: ئەو شوێنەی کە یەکەمجار بۆی دەڕوات هەموو پێناسەیەکی بۆ بکات، و پارەکەی وەرگرێت و ئیقامەی مانەوەی بداتێ بێ وەکیل و کەفیل و کەفالەت.
– یاسای ستانداردی زۆربەی هەرەزۆری وڵاتان مانەوەی کەسێکی خاوەن پاسپۆرت لانی کەم ٣ مانگە. کە چی لە کوردستان ١٠ ڕۆژە. با بێژین یاسای خۆیەتی و لە سەرەوە دانراوە و بۆ ئەوەیە کە حکومەت پارەیەکی لەو ڕێگانەوە وەچنگ کەویت. خۆ ئەوەندە کارگێڕ و پۆلیس ترنجێندراونەتە ئەو شوینانە و ئەو هەموو بیناو جێگایانەی گرتووە کە زۆرتر زیانیان پێدەگا تاکو وەچنگ کەوتینی پارەیەک.
– بۆیە باشترین ڕێگا چارە ئەوەیە کە کار ئاسانی زۆرتر بکرێت بۆ گەشتیاران تاکو بتوانن زۆرتر بێنە ئەو ولاتەوە بۆوەی بواری ئابووری و شارستانیەت و کراوایی کوردستان و کورد بگاتە قۆناخی پیا هەڵوتن و باسی ڕۆژانەی میدیاکان.
بە هەر حاڵ هیوادارم کە ئەم گلەییانەمان ببێتە هۆکاری باشترکردنی یاساکان و ئال و گۆڕێکی بنەڕەتی لە ناو ئیدارەی ئەو بەشە و خزمەتگوزاری زۆرتر بۆ هاووڵاتیانی دەرەوە و ناوەوە پێک بێت، و لە هەموویی گرنگتر کەفیل کەفاڵەتنامە لەو بوارانەوە هەڵگیرین و هەرکەس بۆ خۆی سەر بەخۆ بڕوات و کاری مانەوەی درێژتر بکاتەوە.
کوردستان هەر سەربەرز و ئاوەدانتر بێتەوە.
مەجید. کاکاوەیسی
دانمارک. ٥/٢٠١٢ز
{jcomments off}