شا ئه‌و زه‌مانه‌ی تێی که‌وتووین؟! شا ئه‌و به‌زم و باوان شێواوییه!؟ شا ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵاته؟! بووه تا به ئێستا به “هیچ” پێبکه‌نی، نا .. نا ویژدانی خۆت بخه مه‌ترسییه‌وه، به‌ڕاست بوه “هیچ” تۆ بهێنێته پێکه‌نین،
یان بوه به‌ش به حاڵی خۆت و هه‌رچی هه‌یه بهدهوروبهرتا تێر بگری. به هه‌ردووده‌ست خۆت بڕنی و به چه‌پۆک بده‌ی به‌ده‌موو چاوی خۆتا. له‌وانه بووبێت، له‌وانه‌شه قه‌ت له ژیاندا بیرت له خۆت نه‌کردبێته‌وه. چۆن ئه‌بێ ئینسان بیر له خۆی نه‌کاته‌وه و ئه‌ژنۆی توند نه‌کا له چه‌ناکه‌ی و وه‌ک کووتهکۆڵه له‌سه‌ر جاده‌ی نزیک شارا ته‌ماشای رۆژئاوا بکات. بێگومان به‌شێکی زۆر، له‌وانه‌ی زۆرتر که بیر له خۆیان ناکه‌نه‌وه، به “هیچ” بێ هیچ و خۆڕایی قا قا پێکه‌نیون و یان کوڵی گریانیان به‌رز بۆته‌وه، سه‌دا سه‌د و بێ هیچ ته‌پ و تۆز کردنێک و خۆ گرژ کردنه‌وه ئه‌چنه ریزی … با نه‌ڵێم. ره‌نگه ئه‌م نووسینه‌ی منیش، به “شا” وه ده‌ستی پێکردبێ، جۆرێک ره‌هایی به‌ده‌ست ئه‌و ختووکهیهوه بێت که رۆژانه به‌ش به حاڵی خۆم ئه‌مگریه‌نێت. که مناڵ بووم خه‌ونم به سه‌گه‌ڕاو و ده‌ڵه‌که‌ی ره‌حمان و که‌ره‌که‌ی ماڵ باوه‌گه‌وره‌م و ئه‌سپه کوێته‌که‌ی خۆمانه‌وه ئه‌بینی. ئه‌وکاتانه مامۆستا له‌به‌ر ته‌خته‌ڕه‌ش، برۆی ئه‌تگوت دڕکه گۆیژه و بۆ په‌رژینی باخه‌که‌ی ماڵ مامه‌م ئه‌بوو، بانگی ئه‌کردی و پرسیاری لێ ئه‌کردی و نه‌ت ئه‌زانی. خودکاره شینه‌که‌ی له گیرفان ده‌ر ئه‌هێنا و ئه‌یخسته به‌ین په‌نجه‌ت…! وه‌ی مامۆستا گیان، تۆ خوا! به‌خوا دایکم نه‌خۆش بوو، باوکم له مه‌رز بوو، خوشکم هه‌ویری ئه‌شێلا، کاکه‌م و … هه‌موو ئه‌مانه ئه‌هاتن به هاوارته‌وه و په‌نجه‌ت وه‌ک هێلکه‌گون پشیله ده‌ئاوسا!؟ پێم بڵێ: تۆ ئه‌ته‌وێ له داهاتوودا ببی به چی؟ ــ ئم م م مامۆستا حه‌ز ئه‌که‌م ببم به “کارتا باز”. به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو ئه‌م خه‌ونه وه‌ک سه‌تڵه ماسه‌که‌ی نه‌نکم که پشیله سه‌لکی تێده‌خست و به که‌وچکه دارینه‌که ده‌یدا به‌سه‌ریا و له پڕێکدا ده‌ڕژا، خواره‌وه بوو و هیچ مان له هیچ.
ته‌مه‌ن وه‌ک داڵیتی مێوه‌که‌مان به باڵای منا هه‌ڵده‌زنا. ئێستا ئیتر خه‌ونم به پاشایه‌تییه‌وه ئه‌بینی. پاشایه‌ک که به سه‌دان و هه‌زاران پیاو و که‌نیزه‌کی هه‌یه و شه‌و و رۆژ باوه‌شێنی ئه‌که‌ن، نان ئه‌که‌ن به ده‌میه‌وه و که‌س ناوێرێ قسه له‌سه‌ر قسه‌ی بکات. قسه‌ت یاسایه‌کی نه‌بڕاوه‌یه. هه‌مووشتێ به‌کیفی “…” خۆت به‌ڕێوه ئه‌برد. سه‌ری هه‌زارانت ده‌په‌ڕاند هه‌ر ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌نجه‌یان بۆ کێشاوی. ره‌نگه بیرم ئه‌بوه داڵێکی بێ ئامان و خه‌یاڵی داگیرکردنی ده‌یان سه‌رزه‌وینی جۆراوجۆرم ئه‌کرد. بڕیارم ئه‌دا به‌سه‌ر دیواری ئه‌شکه‌وته‌کانه‌وه وێنه‌ی خۆم و شاژن و کۆشک و سه‌راکه‌م هه‌ڵبکه‌نن و بۆ هه‌موو مێژوو بڵێن: ئه‌م جیهانه ته‌نیا تۆ خاوه‌نی ئه‌وی و هیچ که‌سێکیش به پیاو نازانی و حه‌سابی تڕێکیشیان بۆ ناکه‌ی. چه‌ند ساڵێکی دیکه‌ش تێپه‌ڕی، زۆر زوو له‌و خه‌ونه دوور که‌وتمه‌وه و ئه‌وه بۆ من زۆر زه‌حمه‌ت بوو. په‌رژینێک قاییم بێ هه‌موو بای زک بوو . ئیتر خه‌یاڵم گلی خوارد و وام ئه‌زانی له کوڕێکی ئاسنگه‌ری گوندنشین و دوور له شار، ئه‌بمه جه‌نگاوه‌رێک و ئهچـمهوه به‌گژ پاشای زۆردارا و کۆشک و ته‌لاری به‌سه‌ردا ئه‌ڕووخێنم و هه‌وساری ئه‌که‌م. په‌تی ئه‌که‌م و له ناوه‌ڕاستی شه‌قاما، به به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵکه‌وه، له‌سه‌ر سه‌کۆیه‌کی به‌رز، په‌تی سێداره‌ی بۆ هه‌ڵئه‌خه‌م و ناوم ئه‌که‌وێته مێژووی قاره‌مانانی مێژوو. ئه‌وکاته کیژێکی جوانکه‌ڵه و ته‌لارنشین له کۆشکێکی لووتبه‌رزی ناو چیا سه‌رکه‌شه‌کانه‌وه و عه‌شقی ده‌بووی و حه‌کایه‌تت ئه‌بوه فه‌رهاد و شیرینێکی تر. ده‌م به ده‌م، سنووری مێژووت ئه‌په‌ڕاند. راسته ئه‌ڵێن قسه که‌وته ده‌م زارێ ئه‌که‌وێته شارێ. ئه‌م خه‌یاڵانه به‌رده‌وام به دواته‌وه بوون. کلێکی پان بوون زوو زوو ده‌جووڵا. شا ئه‌و شا و گه‌دایه!
له ناکاو له‌م خه‌یاڵانه په‌رت ده‌بووی خۆت ئه‌کرد به دیناوه‌ر و پێغه‌مبه‌رێک و ده‌تهه‌ویست ئاینێک یان فیرقه‌یه‌کی دینی دابمه‌زرێنی و مورید و په‌یڕه‌وانی خۆت له ئه‌شکه‌وتێکی نسرمی قه‌دپاڵی کێوه‌کان دا په‌روه‌رده ئه‌کرد. ریشێکی بڵیندت ئه‌هێشته‌وه و یاسا و شه‌رعی نوێت له زار وه‌ک ریشۆڵه ئه‌هاتنه ده‌ره‌وه و به‌ره به‌ره هه‌موو جیهانی ئه‌گرته‌وه و هه‌موو دینه‌کانی دیکه‌شت یاساغ ئه‌کرد و له پێناو ئایین و فیرقه‌ی درووسکراوی خۆتدا سه‌ری خه‌ڵکیت وه‌ک خه‌یار پاک کردن، له لاشه ئهکهندهوه. به‌ده‌یان و بگره سه‌دان یاسای خوداوهندیت ئه‌کرده پاساوی ئه‌م کۆمه‌ڵکوژیه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵک باوه‌ریان بکردایه ئه‌بوویته خودا و به نه‌مریی ئه‌مایته‌وه. یان کهشکۆڵت هه‌ڵده‌گرت و ئه‌چوویته کوختێک و ئه‌یانگوت ئاخر زه‌مان، له پڕێکا دێته‌وه و مژده‌ی دنیا و قیامه‌تی پێیه. شا ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه!
که فامم کرده‌وه و سمێڵم گووگره بوو. شارم بینی. شار و کۆڵانی درێژ و نه‌بڕاوه، خه‌ڵکی جۆراو جۆر. له کرێکار و بازاڕی، دوکاندار، بهتاڵچی و ماتۆڕسوار و ده‌لاک و سه‌وزی فرۆش، شاتر و عه‌ره‌بانه‌چی، عه‌تر و بۆیاخی ژنانه، کراس و پارچه فرۆش. وه‌ک شانه مێرووله به‌یانیان دهئاڵۆزا و ئێواران له پڕێکا شه‌قامێکی چۆڵ و هۆڵ بووزی پیوه ئه‌کردی. خه‌ونێکی خۆش بوو، ئه‌وکاته‌ی پاتۆقت ئه‌بوه بلواری قوتابخانه‌ی ده‌بیرستانی کچان. کۆڵان به کۆڵان شوێنی کچێکی گۆشتن ئه‌که‌وتی و له پڕێکا هه‌رچی کوڕێ هاوگه‌ڕه‌کی بوو، به بۆکسێکی زه‌رد و ده‌سماڵ یهزدییهکهوه لێت ده‌هاتنه ده‌نگ و هه‌تا هیلاک ئه‌بوون پڕشهقیان ئه‌کردی. بۆ مانگێ له حه‌یبه‌تی ئێشی دهرقنت نه‌ت ئه‌توانی له‌سه‌ر کورسییه‌ک دابنیشی. که به شار ئاشنا بووم، حه‌زم ئه‌کرد ببم به پۆلیسێکی ناو بازاڕ و جا ئه‌و کاته سه‌رت وه‌ک گای شێت رائه‌وه‌شاند و له نیوه‌شه‌وا هه‌رچی گه‌نجی ئه‌و شاره بوو کۆت ئه‌کرده‌وه و به شه‌ق ئهتههناردنهوه بۆ ماڵه‌وه. هه‌رکه‌س قسه‌یه‌کی بکردایه، فزه‌ت لێ ئه‌بڕێ. دوور نه‌ڕۆین ئه‌بوویته شاره‌دار یان فه‌رماندار و شارت به که‌یفی خۆت ئه‌گێڕا. بڕیات ئه‌دا جادهت هه‌ڵ ده‌که‌ن و لووله‌ی ئاوت تێدا ئه‌کرده ئه‌وبه‌ره‌وه. دوا مانگێ، ئاده‌ی ئه‌ندازیاران، کابلی کاره‌بامان بیر چوه ده‌بێ دیسان هه‌ڵگێڕنه‌وه. شارت ئه‌کرد به کونه مشک و هه‌مووت هه‌ڵده‌گێڕایه‌وه. شا ئه‌و شاره به‌سه‌ر “….” وه‌ستاوه. شا ئه‌و شاره هه‌موو شتێ گرانه، جیا له خوێنی زیندوه‌کان!
ژیان تلاوتل ئه‌تکاته هه‌ڵاتوویه‌کی ده‌ست هه‌موو ئه‌و خه‌ونانه که هیچیان نه‌هاته دی. حه‌زت ئه‌کرد نه‌فه‌سێکی ئازاد بکێشی، حه‌زت ده‌کرد ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ی ساڵانێ له‌مه‌وبه‌ر له گیانتا ده‌گه‌ڕا زیندو بێته‌وه. هه‌رچی ده‌قی مارکسیستی و سیاسی و سیستمه جۆراوجۆره‌کانی دێموکراسی و شۆڕش و خه‌بات و مێژوو ده‌خوێنیته‌وه. خه‌ریته‌یه‌ک بۆ سه‌رهه‌ڵدان ئه‌کێشیت. تێکه‌ڵ به ره‌وته جۆراوجۆره‌کان ئه‌بیت. پاش ساڵانێ ته‌ڕاتێن و هه‌ڵاتن، خۆت ئه‌خه‌یته ریزی گرۆی ئازادیخوازه‌کان و خه‌ون به جیهانی ئازاده ده‌بینی. له دۆڵێکی وشک و برینا خه‌ون به ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ده‌بینی. ده‌وڵه‌تێک له نێو چڕی ته‌پ و تۆزێکا ده‌خوڵقێت و هه‌موو بنه‌ماکانی شۆڕش و خه‌بات ئه‌بن به ژێر ته‌پ و تۆزه‌وه. چاوی تهماحاوی کورسیی هه‌ڵبژاردنی گرتوه. زۆرینه و که‌مینه بیانوویه‌کی گه‌وره‌ن. حه‌زت ئه‌کرد ببیته سه‌رۆک جه‌ناحێک. ئێواران هه‌موو لایه‌نگرانت به عاره‌ق ده‌عوه‌ت ده‌کرد و حازری خۆت له خواره‌وه‌ی هه‌موویان داده‌نیشتی. ده‌تگووت وا ده‌یگۆڕم، هیچ شتێ له شوێن خۆ‌یا نه‌مێنێ. راسته به‌رد ههڵکنا، جێی خۆی ناگرێته‌وه. ده‌ی وه‌ڵا وا نیه، بڕۆن به‌ردێ هه‌ڵگرن و باش له جێگای خۆ دابنێنێتهوه بزانن راست ئه‌که‌م یان نه؟! مه‌ترسن تاقیم کردوه‌ته‌وه. شا ئه‌و خه‌ونه سه‌رلێشێواوه! شا ئه‌و ئازادییه، له دۆڵێکی ته‌پ و تۆزاوییا!
هیچ ئه‌بێته که‌وه مارێک و به‌گیانتا ئه‌گه‌ڕێ. هه‌موو رۆژنامه‌کان ده‌که‌یته ته‌نگه‌تاو و مه‌یدانی خۆت. کاتت بۆ وه‌ڵامی هیچ که‌س نیه. لافی رووناکبیری لێ ئه‌ده‌ی. ده‌روازه‌ی “باستیل” ئه‌شکێنی به‌سه‌ر هه‌رچی هه‌بوه له رابردوو و ئێستا و داهاتوودا. باوهڕشت به خۆت نه‌ماوه، هه‌ست ده‌که‌ی ته‌نیا تۆ ئه‌زانی و که‌س نیه وه‌ک تۆ خاوه‌نڕا بێت. تیۆری نا بۆ توندوتیژی و فێمینیستی و لیبراڵی و حازری خۆت له خواره‌وه‌ی هه‌موویان داده‌نیشتی. ده‌که‌ی له “مارکس” و “پووپهر”یش ئه‌په‌ڕیته‌وه. شا ئه‌و گوتاره، به‌ناوی مۆدێڕنیته و ئازادییه‌وه لێ ده‌خوڕێ و که‌س له گۆڕه‌پانه‌که‌دا نیه بڵێ: کاکه دانیشه، قه‌پ مه‌گره”.
که ئه‌م دێڕانه‌م نووسی. خه‌ونم به چاڵاوێکی مه‌نگ و بێ ئاوه‌وه ده‌بینی. وه‌ک بڵێی تا ئه‌ژنۆت له “هیچ” چه‌قاوی. ئیستا خه‌ون به‌و هیچه‌وه ده‌بینی که سه‌ره‌تا باسم کرد. ئه‌مه ژیانی “شا”یه. شا ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه، له ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ وه‌ختا! شا ئه‌و خه‌ونه تووشبوو به “….”ه‌وه.
{jcomments off}