"an independent online kurdish website

٨- گێەلانی ڕۆژئاوا (گیلان غرب)

جوگرافیا، ژمارەی دانیشتوان و پێکهاتەali_qenberi1

ئەم شارستانەش یەکێکی ترە لە ئەو ١٤ شارستانانەی پارێزگای کرماشان کە هەڵکەوتووە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکەوە. گێەڵان لە باکوورەوە هاوسنوورە لە گەڵ شارستانەکانی سەرپێڵی زەهاو، لە باشوورەوە هاو سنوورە لە گەڵ ئەیوانی ڕۆژئاوا (ایوان غرب) کە کەوتووەتە پارێزگای ئیلام، لە ڕۆژهەڵاتەوە لە گەڵ شارستانەکانی داڵاهۆ و ئیسلام ئابادی ڕۆژئاوا (شائابادی قەدیم)، لە ڕۆژئاواوە لە گەڵ ناوچەی قەسری شیرین. ناوەندی ئەم شارستانە کە شاری گێەڵانە لە مەودای ١٤٠ کیلۆمتری شاری کرماشان، ١٢٠ کیلۆمتری شاری ئیلام، ٩٠ کیلۆمتری شاری شاەئاباد، ٥٢ کیلۆمتری شاری قەسری شیرین و ٥٠ کیلۆمتری شاری سەرپێڵی زەهاە هەلکەوتووە.

ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارستانە بە پێی سەرژمێری ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، ٦٢٩٤٥ کەس و ئێستە پاش شەش ساڵ دەبێ ئەم ژمارەیە نزیکی٧٥ هەزار کەس بێت.

ئەم شارستانە لە دوو کەرت یان ناوچە (بخش) پێکهاتووە کە بریتین لە:

یەکەم: کەرتی ناوەند (بخش مرکزی) کە ناوەندەکەی شاری گێەڵانە و لە ٤ کۆمەڵە گوند، یان میرەدێ (دهستان) پێکهاتووە کە ئەمانەن ١- کۆمەڵە دێی (دهستان) چلە کە لە نزیکی ٥٠ ئاوایی پێکهاتووە و خەڵکەکەی بە گشتی سەر بە هۆزی کەڵهوڕن. ئەم کۆمەڵە گوندە لە نێوان شارەکانی گێەڵان و ئەیوانی ڕۆژئاوا هەڵکەوتووە.
٢- کۆمەڵە دێێ (دهستان) دەوروبەری شار (حومە) کە لە نزیکی ٤٥ گوند پێکهاتووە و خەڵکەکەی ئێرەش هەر سەر بە هۆزی کەڵهوڕن.
٣- میرەدێێ (دهستان) دیرە کە نزیکی ٢٥ گوندە و خەڵکەکەی ئێرەش هەر هەموو کەڵهوڕن.
٤- میرەدێێ وێژەنان ئەم کۆمەڵە گوندانەش لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٣ گوند پێکهاتووە کە لە هۆزی (ایل) کەڵهوڕن.

دووهەم: بەخشی گەوار (لە وانەیە گەوەریش بێت) کە ناوەندەکەی شارەدێی (شارۆچکەی) سەرمەستە و لە دوو کۆمەڵە گوند ( دهستان) پێکدێت کە بریتین لە:
١- حەیدەریە کە لە ٢٥ ئاوایی پێکهاتووە و خەڵکەکەی سەر بە هۆزی قەلخانی و گۆرانن و لە باری ئایینیشەوە سەر بە ئایینی یارین کە بە زاراوەی کەڵهوڕی دەپەیڤن. (لە گەڵ داوای لێبوردن لە خوێنەر، زۆر ئاگاەدار نیم کە خەڵکی ئەم گوندانە بە زۆری سەر بە هۆزی قەلخانین یان گۆران)
٢- گەواوەر کە لە نزیک ٤٥ ئاوایی پێکهاتووە کە بە گشتی یان بە زۆری سەر بە هۆزی کەلهوڕن. ناوەندی ئەم کەرتە (بخش) شارۆچکەی سەرمەستە. دانیشتوانی شارۆچکەی سەرمەست بە گشتی یان بە زۆری سەر بە هۆزی کەڵهوڕن. تایفەی مەسیوری (منصوری) کە خان مەسیوری کەڵهوڕ لە ئەم تایفەیە بووە هاوکات لە گەڵ تایفە و هۆزەکانی تری وەک قۆچمی، باسکەلەیی و قەلخانی لە ئەم ناوچەیە پێکەوە دەژین.

مێژوو

شاری گێەڵان لە ڕابردوودا نێوی ئەملە بووە، بەڵام دواترلە دەورانی قاجاردا لە لایەن خەڵکی ناوچەکە نێوەکە گۆڕدراوە بە گیەلان. دەڵین لە زەمانی دەسلاتداری ناسرەدین شاهدا کاتێک کە ناوبراو لە ئەم ناوچەیە تێپەڕبووە ئەم ناوەی (گیەلان) لای خۆی نووسیوە. لە دەورانی رەزا شاه دا نێوەکە گۆڕدراوە بە گیلانغرب. دەڵێن لە بەر هاو شێوەیی ئەم ناوچەیە (لە ڕووی دەوڵەمەند بوون بە دارستان و سەوزەلانی و کانی و ئاوی زۆر) لە گەڵ پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران بووە کە ئەم نێوە لە لایەن ڕەزا شاوە دانراوە بۆ ئەم دەڤەرە. ئەم ناوچەیە هەر لە دوور زەمانەوە جێگای ژیانی هۆزی کەڵهوڕ بووە. بە هۆی هەبوونی داری (بنچکی) مۆرت لە ئەم دەڤەرە کە دارێکی پیرۆز بووە لە لای خەڵکی ئێرانی کۆن، جا هەر بۆیە لە زەمانە کۆنەکانەوە ناوچەکە شوێنێکی پیرۆز بووە بە تایبەت لە لای زەردەشتییەکان. هەر بۆیە ئەم دەڤەرە وەک شوێنی بەڕێوەبردنی مەراسمە ئایینیەکان چاو لێکراوە لە لای زەردەشتییەکان. هەر لە ئەم پێوەندییەدا لە ئەم ساڵانەی ئاخردا، لە ئەم ناوچەیە شارێک (لە ژێر خاک) دۆزراوەتەوە کە پی دەچێت هی دەورانی ساسانییەکان بووبێت. لە ئەم شارە کۆنەدا کۆشکێکی گەورە و پەرەستشگایەک دەبینرێت کە هەر وەک باس کرا دەگەڕیتەوە بۆ دەورانی ساسانییەکان.

کەلتوور

خەڵکی ئەم ناوچەیە بە زۆری سەر بە هۆزی (ئێلی) کەڵهوورن. زاراوەی ڕەسەنی کەڵهووڕی بەگشتی لە ئەم دەڤەرە و لە ئەیوانی ڕۆژئاوا پارێزراوە و بە ئەمانەت ماەوتەوە. لە هەر دوو پارێزگاکە (کرماشان و ئیلام) گێەڵان و ئەیوان هەم لە باری زمان و هەم لە باری کەلتوور بە ئەسیلی (ڕەسەنی) و پارێزراوی ماونەتەوە، ئەگینە ئەم زاراوەیە لە شوێنەکانیتر بە توندی کەوتووەتە بەر هێرشی زمانی فارسی و زۆر تێکەڵ و پێکەڵ بووە . شاری گێەلان یەکێ لەشارە هەرە گرنگەکانی پارێزگای کرماشانە کە لە ئەوێدا زۆر بایەخ و گرنگی ئەدرێت بە ئەدەبیات و زمانی کوردی و بە تایبەت بە زمانی کوردی کەڵهوری. لە ئەم ساڵانەی دواییەدا کاری نووسین و کاری کەلتووری و فەرهەنگی لە ئەم ناوچەیە بە جۆرێک پەرەی سەندووە کە زۆر جێگای هیوا و ئۆمیدە!

پێوەندییە کۆمەڵایەتیەکان
خەڵکی ئەم دەڤەرە سەرەڕای جیاوازی ئایینی، بەڵام وەک کورد و هاونەتەوە بوون، وەک کەسی یەک پێکەوە ئەژین. لە گەل یەکدا ژن و ژنخوازییان هەیە و بە گشتی ژیانیان بە یەکەوە گرێدراوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەر ئەم دەڤەرەوە هەیە، لە ناو خەڵکی ناوچەکە بە گشتی و ڕووناکبیران بە تایبەتی هەستی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی لە ئاستێکی باشدایە. خەڵک ئایین و مەزهەب بە بڕوای تاکەکان ئەزانن و بە ئەوە گەیشتوون کە هەمووی ئەو خەڵکە لە یەک نەتەوەن و پێش لە ئیسلام و زەردەشتیش ئەم خەڵکە کەسی یەک بوون و بە یەک زمان قسە ئەکەن. ئەمانە لە کاتێکدایە کە ناحەزان و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش زۆر هەوڵیان داوە کە لە نێوان ئەو خەڵکەدا بە بیانووی جورا جۆرەوە دووبەرەکێ درووست بکەن.

ئابووری

خەڵکی ئەم ناوچەیەش هەر وەک شوێنەکانی تر بە زۆری لە ڕێگای کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، کرێکاری و کەساباتەوە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و خانەوادەکانیان دابین ئەکەن. لە بیرم نەچێت لە هەموو ئەو شوێنانە کە باسم لێوە کرد و دواتریش کە باسی شوێنی دیکە دەکەم، هەن خەڵکی خوێندەوار و پسپۆڕ کە لە ئیدارات، نەخۆشخانەکان، خوێندنگاکان و زۆر جێگای دیکە وەک کارمەند، مامۆستا، پزیشک، پەرەستار و تەنانەت پۆلیس و دەرەجەداری ئەرتەش و هێزی ئینتزامی کار دەکەن. گەورەترین سەرچاوەی سروشتیی بەرهەم هێنانی قیری وڵاتی ئێران لە ئەم ناوچەدایە

سروشتی گیەلان
له‌ شاری گیه‌ڵان که‌ به‌ شاری گوڵ و گوڵان ،شاری شکاری شه‌وانه‌ی که‌ڵهوڕ ،شاری لیه‌وان و شاری ئه‌مڵه‌ و بنه‌وای که‌ڵهوڕه‌کان ناسراوه‌ ،سەراوی مورد، ناسراو به‌ سراوی گیه‌ڵان هه‌یه‌. ئاوی ئەم سەراوە بۆ کشت و کاڵ هەر له‌ ده‌وروبه‌ری شار هه‌تا ده‌شتی گیه‌ڵان که‌ ده‌گاته‌ لاێ چه‌می ئێمام حه‌سه‌ن سوودی لێ دەبینرێت. شاخی سەره‌یوان له‌ پشتێ ئه‌م سراوه‌، واته‌ له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی شاردایە که‌ لەوانەیە لە ڕابردوودا به‌ سراوان ناسراو بوو بیت. لە بەر ئەوەی ئاوی سراوی مورد له‌ بن ئه‌م شاخه‌وە دێته‌ ده‌ر. سەیر لە ئەوەدایە هەتا کوو ئێستە نەبیسراوە کە ئەم ئاوە ساڵێک بووبێت کە که‌می کرد بێت.
قه‌ڵاێ گیه‌ڵان یه‌کێک له‌ ئاسه‌واره‌ کۆنه‌کانی شاری گیەڵانە که‌ مێژووەکەی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دەورانی ساسانیه‌کان. ئەوەی کە دەیسەلمێنێ کە ئەم قڵا کۆنەیە هی ئەو زەمانەیە، بوونی زه‌نجیره‌ شاخیکی نزم به‌ ناو ئه‌مله‌ قویتە (قوتە) کە‌ 
له‌ سه‌ر ئه‌م شاخه‌ ئاسه‌واریکی کۆن به‌ ناوی ‘ مێره‌ نگار ‘ هه‌یه.‌
ده‌ڵێن کچی یه‌زگردی سێهەم که‌ له‌ کاتی شه‌ڕی عه‌ره‌ب و ئێران، هه‌ڵهاتووه‌ و لە ئه‌م جێگایە خوی پەناه داوە. لە ئەم جێگایەوە هه‌تا قه‌ڵای گیه‌ڵان مەودایەکی نزیک به‌ دوو کیلومتری ده‌بیت. له‌ ئه‌م ما به‌ینەشدا‌ ئاش خانه‌یه‌ک (لەوانەیە مەبەست ئاسیاوە کۆنێک بووبێت) هه‌بوه‌ که‌ له‌ ده‌وروو به‌ری تاقه‌کانی (گۆڕستانێک له‌ باشووری شار ) ئاسه‌واری ماوه‌ته‌وه‌. شاخی سەره‌ێوان هه‌تا چوار ملەکه‌ ده‌بیته‌ مەودای جاده‌ی ئه‌ێوان و رێگای شاخی قه‌لاجه‌ ئیدامه‌ی هه‌یه‌ که‌ به‌ دیوی ئه‌یوان دا به‌ بانکۆڵ ناسراوە.
له‌ باکووری شاری گیه‌ڵان شاخی سه‌رکه‌ش هه‌یه‌ که‌ له‌ بەرزاییەکانی (جاده‌ی کفراوڕ- گیه‌ڵان ) ده‌س پی ده‌کات و هه‌تا ناو ته‌نگی دێره‌ (ناو که‌لی دێره‌ ) دریژه‌ی هه‌یه‌ .له‌ بەرانبه‌ری شاری گیه‌ڵان به‌ره‌و سه‌رکه‌ش که‌ له‌ رێگاێ ‘دێاره‌’دا ده‌ڕوات ،له‌ ناو دڵی تاشه‌کانی سه‌رکه‌ش قه‌لایه‌ک هه‌بوه‌ که‌ ده‌ڵێن به‌ قه‌ڵاێ خه‌سره‌و په‌رویز ناسراوە.‌ له‌ به‌ر ده‌رگاێ ئه‌م قه‌ڵایه‌ حه‌وزێک و له‌ ناو ئه‌م قه‌ڵایه‌ چه‌ن هۆده‌ هه‌بووه‌ که‌ ئیستاش پاشماوەی ئەو ئاسه‌وارانە ماونەتەوە. شاخی سه‌رکه‌ش که‌ له‌ ملیه‌نه‌ی دەست پێ ئەکات وهه‌تا ناو که‌لی دێره‌ دریژه‌ی هه‌یه.
له‌ جۆغرافیای گیه‌ڵان شاخه‌کانی بان سه‌ێران، چه‌قاڵه‌ه‌وه‌ن، بازی دراز و هه‌ر وه‌ها رێگای هه‌نارێ که‌ خۆی له‌ شاخی هه‌نارێ ،شاخی نزم له‌ باشووری گیه‌ڵان که‌ به‌ره‌و وێژنان و نیان و قیلان ده‌ڕوات بوونیان هه‌یه‌ .ته‌نگه‌ی حاجیان دیاریه‌ له ده‌شتی گیه‌ڵان له‌ خواری دێهستانی گوورسفید که‌ له‌ مه‌سیری گیه‌ڵان – دێره‌یه‌. حاجیان ناو هه‌فت حاجی برای یه‌ک بوونه‌ که‌ ئه‌م ناو ته‌نگه‌ گویا جی ژیان و ده‌سڵات داریان بووه‌.

لە گەڵ ڕێز و پێزانینم بۆ بەڕێز کاک دوکتۆر ئاوات کەڵهوڕی (خەڵکی گیەڵانی ڕۆژئاوا) بۆ نووسینی زانیارییەکانی ئەم بەشە (بەشی سروشت) کە بە کەمێک دەست کاری کردنەوە بە کارم هێناوە بۆ ئەم بەشەی نووسراوەکەم کە لە سەر شارستانی گیەڵانی ڕۆژئاوایە. دیارە کاک ئاوات لە سەر بوونی خەڵکی کوردی یارسان لە دەڤەری گیەڵان و چەند بابەتی تری ئەم بەشە هیندێکی تر زانیاری پێ بەخشیوم کە دیسان سوپاسی ئەکەم.

سەبارەت بە شارستانی گیەڵانی ڕۆژئاوا و هۆزی کەڵهوڕ بە دڵنیاییەوە زۆر بابەتی زیاتر و گرنگتر هەیە کە شرۆڤە بکرێت، بەڵام لە گەڵ داوای لێبوردن لە خەڵکی گیەڵان و خوێنەری بەڕێز، من هەر ئەوەندەم بۆ کرا کە لە سەر ئەم ناوچە خۆشەویستە کوردنشین و کوردستانییە زانیاری بەدەست بخەم. هیوادارم کە ئەمە تەنیا بە ناساندنێکی کورت قەبووڵ بفەرموون. هەر لە ئێرەوە داوا لە تێکۆشەران و نووسەرانی ئەو ناوچەیە ئەکەم کە لە ڕێگای نووسینەوە ئەم شارستانە خۆشەویستە بە خەڵکی کوردستان بناسێنن.

بەشی هەشتەمی نووسراوەکەم کورتەیەک لە سەر شارستانی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوایە. تکایە چاوەڕوان بن!

عەلی قەنبەری ٣١-٥-٢٠١٢ زایینی

سەرچاوەکان:

١نەقشەی ئێران لە چاپدراوی ١٣٨٥ هەتاوی

٢-پێگەی ئینتەرنەتی ناوەندی سەرژمێری (مرکز آمار) ئێران، وەرگیراو لە ماڵپەڕی ویکی پیدیا

٣-سەعید بەختیاری (ئەتلەسی گیتی ناسین، پارێزگاکانی ئێران)، ١٣٨٣ هەتاوی کە لە ویکی پیدیاوە وەرگیراوە.

٤- عەلیرەزا گودرەزی، هۆزی کەڵهوڕ، ١٣٨١ هەتاوی، وەگیراو لە ویکی پیدیا

٥- سام چابکسوار بەرپرسی ماڵپەڕی گیەڵانی رۆژئاو، وەرگیراو لە ویکی پیدیا

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی